با کەس بە هۆی ئاستی ڕۆشنبیری تەمەن و تاقیکارییەکانی خۆیەوە، لە خۆی بایی نەبێ.
چەند بزانین، هەر کەم دەزانین، یا هیچ نازانین. ئەوەی دەرچووی قوتابخانەی
حیزبەکانی باشووریش بێ، بۆ سەرفرازی کورد گۆچانی پێ دەوێ تا ڕێی خۆی پێ بدۆزێتەوە.
هەزاران جار لە دەست ویژدانی مردووی جیهان بەرانبەر بەو
غەدرانەی کە لە کورد کراوون، هاوارمان کردووە و ناڕەزاییمان دەربڕیوە و سەرسوڕمانی
خۆمان دەربڕیوە. دنیا لە ئاستی ئەنفالکردنی کورد کەڕوکاس بوو. لە ئاستی شەهیدکردنی
شارێکدا بێدەنگ بوو. کۆڕەوی ١٩٩١ کارێکی وای نەکرد جیهان بشڵەژێ. ئەوەی کۆڕەو کردی،
دانانی پەرژینێک بوو لە بەردەم سوپا هارەکەی بەعس بۆ پارێزگاریکردن لە هەبوونمان
وەک کۆمەڵێ مرۆڤ. ئێمە لێقەوماو بووین چونکە گیانی بەرگریمان سفر بوو. شەنگالیش یەکێ بوو لەو بابەتە کارەساتانەی بە سەر کورددا هات... تەنانەت
بازرگانیش بە کچی کوردەوە کرا، بەڵام هەژانی جیهان بایی ئەوە نەبوو کە پێویست بێ. دیسان کۆمەڵێ خەڵکی بەستەزمان بووین و نەمانتوانی بەرگری بکەین.
کەچی کوبانێ، بێ ئەوەی داگیر بکرێ یا وەک شەنگالی بە سەر
بێ یا وەک هەڵەبجە بخنکێ، دنیای هەژاند. بەرانبەر کوبانێ، جیهان نە کەڕە و نە
کاسە و نە ویژدانیشی مردووە. بۆ بەرگریکردن لە کوبانێ هەموو جیهان هاتۆتە دەنگ و (ئەفرۆدیتە)[1]کانی
کوبانێ، چاوی جیهانیان کردەوە... هەتا ئێستا و لە هەموو ئاستەکاندا هەر هاوارمان
کردووە: فریامان بکەون خوراین!! هاوارە لە برساندا مردین!! بەڵام لە کوبانێ کەس ئەو هاوارەی نەکرد.. خەڵکی قارەمانی
ئەو شارە بوون بە دیواری بەرد و داعش سەری خۆی پێیدا دەکێشا. داعش خۆشیان بە
قارەمانێتی کوبانێ سەرسام بوون و گوتیان: ئێوە چین؟! ئێوە نە بە کەڵکی دۆستایەتی
دێن نە دوژمنایەتی! کابوول، کە نەمبیستووە ڕۆژێ لە ڕۆژان، لە سەر کورد بەدەنگ هاتبێ،
بۆ کوبانێ بەدەنگ هات و ئاڵای کوردستانیان بەرز کردەوە و هەزاران کەس هاواریان کرد:
کوبانێ تەنها نییە! کوبانێ وای لێ هاتووە ئۆبامای ئەمەریکاش ناتوانێ لێی بێدەنگ
بێ.
ئەمازۆنەکانی یۆنان
دیارە ئەوەی خەڵک دەکا بە دۆستمان ئەوەیە بۆ خۆمان
هەبین. شێرە ژن و کوڕە ئازاکانی کوبانێ بەرگری دەکەن و سەرنجی جیهان ڕادەکێشن. هاوسەری
ساڵح موسلیمی سەرکردە، خەریکی خشڵ و باقوبریق نییە و نازناوی دایکی شەهیدی بە دەست
هێناوە و لەگەڵ ژنانی هاوتەمەنی خۆیدا پێداویستی شەڕوانان ئامادە دەکا... ئەو
(ئافرۆدیتە) کوردانە، بە خاک خۆیان ئارایشت دەکەن و بە دەم ئازاری برینکارییەوە
گۆرانی بۆ کوبانێ و کورد دەڵێن! سەرنجی جیهانی سەرمایەداری، بە ڕووتبوونەوە و
خۆبادانی ژنان ڕاناکێشرێ و خۆیان لەوەیان کەم نییە، بەڵام ژنی کورد داستانی (مەمکبڕاو)[2]ەکانی
یۆنانی کۆن زندوو دەکەنەوە و سەرنجی دنیا ڕادەکێشن... سۆزی خەڵکی دنیا بۆ
قارەمانان دەبزوێ نەک بۆ ڕاکردوو و هاواربەدەمێک، لە لایەکەوە داوای چەک بکا و لە
لایەکەوە لەگەڵ داعشدا خەریکی بازرگانی بێ... بازرگانی نەوت و ئۆتۆمبیل... تەنانەت
بازرگانی ئەو چەک و کەرەسانەش کە بۆ هاوکاری کورد دێن!!
با دانی پێدا بنێین، ئێمە نزیکەی حەفتا ساڵە لە خشتە دەبرێین
و بەخۆمان نەزانیوە... نازانین بۆچی (هیوا) و (ژێ کاف)، کە ئامانجیان سەربەخۆیی کوردستان
بوو، لە گۆڕ نران و (حیزب و پارت)ی دیموکرات، بە ڕێنوێنی دەسەڵاتی ستالین لە
جێیاندا هکەڵتۆقین و بۆ یەکەم جار دانمان بە دەسەڵاتی داگیرکەردا نا و هەرچییەکیش
لەو دووە کەوتەوە، بۆ یەکپارچەیی عیراق و ئێران، کوچک لە ئاگر گەرمتر بوو. ڕۆژاوا و
باکوور نەکەوتنە ژێر کاریگەری ئەو جادووەوە و ئێستا جیاوازییەکان ئاشکران.
ئەگەر خۆمان گیانی بەرگریمان نەبێ و هەر خەریکی ڕاکردن و
هاوارکردن بین، کەس نامانبیستێ، بەڵام ئەگەر کوبانێ ڕێبەرمان بێ، هەموو جیهان
دۆستمانە... تەنانەت دانیشتوانی کابوولیش...
[1] ئافرۆدیتە: لە داستانە یۆنانییەکاندا ئەو
بوونەوەرە بووە کە هەم نێر بووە هەم مێ. بە خواوەندی زاوزێ ناسراوە و ڕەنگە وشەی
ئافرەت لەو ناوەوە هاتبێ یا ئەو وشەیە لە ئافرتەوە سەرچاوەی گرتبێ.
[2] مەمکبڕاوەکان یا ئامازۆنەکانی یۆنان، ئەو ژنانە بوون کە مەمکی ڕاستی خۆیان
دەبڕی یا دەیانسووتاند بۆ ئەوەی لە تیرەندازیدا لێیان نەبێتە بەربەست. زۆرترین
شەڕی ئەمانە لە دژی فارسەکان بوو.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar