ئەوە چەندین ساڵە من و خەڵکانی تریش، هاوار دەکەین: بۆ
خاتری خوا ئەو عارەبانەی دەیانهێننە حەسار، ئامانیان نییە و ئەمڕۆ بێ یا سبەی
پێمانەوە دەدەن. ئەوانە، زۆربەیان کۆنەبەعسین و شارەزای دەڤەرەکەن. بەڵام هەر یەکە
و بە پێی بەرژەوەندی خۆی بۆ عارەب دەبوو بە کەفیل و وەک شووتی هەڵیاندەبژاردن: نا،
ئەمەیان پیاوی چاکە و فەقیری ماڵی خۆیەتی! ئەوی تریان ئەفسەری سوپای عیراقە و لێی
قەوماوە! ئا ئەوەیان، کاتی خۆی لە سەردەمی بەعسدا پیاوەتی لەگەڵدا کردووم.
ئەوانەی هاتنە حەسار، هەر ڕۆژە و خزمێک و دۆستێکیان بۆ
سەردانیان دەهات. لەگەڵ ڕۆژگاردا، شارەزای کۆڵان بە کۆڵان و ماڵبەماڵی حەسار بوون
و زانییان بارەگای پارتی کامەیە و هی یەکێتی کامەیە و خاڵی لاوازییان کوێیە و کوێی حەسار قەرەباڵغە و چۆن
زۆرترین زەرەر بە حەسار بگەیەنن. لە بارەگای پارتی و یەکێتی تەقینەوەیان کرد، کەچی
هەر خۆیان، لە بری ئەوەی وریا ببنەوە و ئەو عارەبانە دوور بخەنەوە، عارەبی تریان
هێنا: ئەوەیان کاتی خۆی لە فەللوجە هاوکارمان بووە. ئەوی تریان، هەتا بڵێی کوردی
خۆش دەوێ!
بە من دەڵێن ڕەگزپەرست. کاکە مەردی خوا بن من ڕەگەزپەرست
نیم و دەستم ناچێتە مریشکێک سەری بڕم، بەڵام لەو هەموو عارەبەی حەسار یەک کەسیان سەر
بە بەعس یا داعش بێ بۆ ماڵوێرانکردنمان بەسە! ئێستا چی بە دایک و باوکی ئەو منداڵە دەڵێن؟!
منداڵێک، تازە پۆلی پێنجەمی سەرەتاییە، لە خوێنی خۆیدا گەوزا!! چەندین ژن و پیاو و
منداڵ بریندار بوون! ڕەگەزپەرستییەکەی من باشترە یا بێخەمی و ساویلکەیی و تەماحی ئێوە؟! هەر
بە خۆمان فێرن و دەوێرن هەر دەستڕێژ لە من بکەن؟!...
ئەو حیزبانە چییان بەو خەڵکە کردووە؟! ئەو حیزبانە
کوردیان لە ڕێڕەوی کوردپەروەری و نیشتیمانویستی لاداوە و حیزبیان لێ کردوون بە
نەتەوە و نیشتیمان و دین، سەرکردەش بت! کاری حیزبیش هەر ئەوەیە ئەو خەڵکە لە خشتە بەرێ و
داعش و بەعسی لە ناوماندا بچێنێ...
ئەمڕۆ، یەکی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤، عارەبێک بە ماتۆڕێکەوە
تەقینەوەیەکی لە حەسار ئەنجام داوە. منداڵێک شەهید بووە و باوکی و هەشت – نۆ کەسی
تریش بریندار بوونە. ئەو منداڵە شەهیدە، هاوپۆل و هاوڕێیەکی خۆشەویست و نزیکی
(زەروان)ی کوڕمە... هەر وا بۆی دەگری.
بە داخەوە لە زەروانەوە دوورم و ناتوانم دەست بە سەریدا
بێنم و دڵی بدەمەوە... نا، ئەی چۆن دڵی خۆم بدەمەوە؟!
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar