سەرمایەکەتان، چونکە دزێتییە، سووکتان دەکا
لەو وێنەیە ڕامێنە، کە بە بێ ئیزن، لە دیوارەکەی کاک حەمەڕەشید هەرەسم
کردۆتەوە. منداڵێک لە تەمەنی گوڵدا، بە جووتێ نەعلەوە، لە سەنگەردایە... دەستم
بڕوا، پارەی هەرچی سەرکردە و وەزیر و گزیر و دەهۆڵژەنەکان و ئەندامانی پەرلەمان
هەیە، دەیدەم بە جووتێ کاڵەی گورجوگۆڵ و دەیکەمە پێی ئەو منداڵە کە تازە لە لانەی
شێرانەوە سەری دەرهێناوە و بەرگری لە کەرامەتێک دەکا کە هێشتا نازانێ چییە!
ئەمڕۆ پارەی سەرمایەدارە دزەکان و سیاسییە قاچاخچییەکان، بۆتە باڵۆنێک و
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خاوەنی خۆی سووک دەکا تا وای لێ دەکا پێی لە زەوی دەبڕێ.
پارە بۆ پێڵاوی ئەو منداڵە نەبێ بە کەڵکی چی دێ؟! کە بیر لە پارەی دزەکان
دەکەمەوە، خەنجەری ئەو کابرایەم بیر دەکەوێتەوە کە بۆ ڕۆژی تەنگانە هەڵیگرتبوو... لەوەش
تەنگانەتر!!
سەرمایەکەتان باڵۆنە و ڕۆژ بە ڕۆژ سووکتان دەکا.. ئەوەتا وای لێ کردن لە
ئاستی کچە تاڵانکراوەکاندا چاو داخەن و هەڕەشەش بکەن کە نابێ کەس باسی
کچەفرۆشراوەکانی سەردەمی بەعس بکا! ئەوەتا پارە وای لێ کردوون بازرگانی نەوت لەگەڵ داعشیشدا بکەن! ڕسوایی لەوەش
زیاتر؟! ئەو منداڵە بە جووتێ نەعلەوە بەرەنگاری داعش دەبێتەوە کەچی ئێوە بە پێڵاوی
هەزار دۆلارییەوە بازرگانی لەگەڵ هەمان داعشدا دەکەن!! ئەرێ کاتی ئەوە نەهاتووە
سەنگەری خۆتان لە سەنگەری ئەوانە جیا بکەنەوە کە بە پێخواسی و چەکی سووکەوە
بەرەنگاری تانکە ئەمەریکییەکانی دەستی داعش دەبنەوە؟ ئێوە و ئەوان کوا لە یەک خوێن
و ڕەگ و ڕەگەز و بنەچەن؟! منداڵی ئەو خەڵکە بە پێخواسی بەرەنگاری داعش دەبنەوە و
منداڵی ئێوە لەگەڵ ئەستێرە نازدارە باڵدارەکانی ڕۆژاوادا دەیگوزەرێنن!! کاتی ئەوە
هاتووە گۆڕتان گومکەن و لە کۆڵی ئەو میللەتە ببنەوە! بڕۆن تا چیتان دزیوە بیخۆن!! کورد بە پێخواسیش کۆڵ نادات..
بیل گەیتس، کە خاوەنی مایکۆرۆسفتە و یەکێکە لە دەوڵيمەندە هەرە گەورەکانی دنیا، پتر لە نیوەی سەرمایەکەی لە کاری خێرخوازی سەرف دەکا و منداڵەکانی لە قوتابخانەی ئاسایی دەخوێنن و تەنانەت مۆبایلەکانیشیان لە بابەتە هەرزانەکانە، شێت نەبووە. ئەو دەیەوێ منداڵەکانی مرۆڤی ئاسایی بن. کەچی ئێوە منداڵەکانیشتان لە میللەتەکەیان دابڕیوە و سبەنێ داری زۆرداریتان لە دەست دەرچێ، نازانن وەک بەشەر بژێن. ئێوە دڵسۆزی منداڵی خۆشتان نین چجای ئەو منداڵە چەکدارە جەنگاوەرە پێخاوسە! سەیرە... هیچ کارێک ناکەن لە بەرژەوەندی ئەم خاک و میللەتەدا بێ!... دەزانم ڕۆژێ دێ کاڵەک بە ئەژنۆ دەشکێنن بەڵام داخەکەم (باج)ی ئەوەش دەبێ کورد بیدا.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar