بە قەدەر عارەبێکی عاشقی
ئەدەبی جاهیلی و بە قەدەر سویدییەکی شەیدای زانینی شێوەژیانی سەردەمی ڤایکینگ،
عاشقی نەریتی کۆنی کوردم. لە سەر ئاینی زەردەشتیم خوێندۆتەوە و هەوڵم داوە
نزیکایەتی نێوان زمانی کوردی و زمانی ئاڤێستا بزانم و لە نەریتی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە ورد ببمەوە. سەرچاوەکانمان فارسین و
فارسەکانیش بە دڵی خۆیان دایانتاشیوە. واتە: پەردەیەکیان بە نێوان ئێستای کورد و
ڕابردوویدا داداوەتەوە. پەلەقاژێ دەکەین و خۆمان بە سەرچاوە عارەبییەکاندا دەکەین.
لەوێش خۆمان لە ناو مەعشەری جنۆکاندا دەبینینەوە. دەستودامانی مەلاکان دەکەوین وەک
حاجی قادر و نالی و خانی و مەلای جزیری و مەلای گەورە و مەلا کەریمی مودەڕیس و شێخ مەعشووق،
هەڵپەیەک بۆ کوردی مافخوراو بکەن، بەڵام تەققەی سەریان دێ. ئەوان، هەر لە هەوڵی
بچووککردنەوەی کورددان چونکە لە هەموو مێژووماندا سووکایەتیمان پێ کراوە،
سووکایەتیمان پێ دەکەن: "گەورەترین عیبادەت لە دینی زەردەشتیدا ئەوەیە لەگەڵ
دایکی خۆتدا جووت بیت!". چت پێ بڵێم مەلا؟! ئاخر چت پێ بڵێم کە خۆت کوردیت و ئەو سووکایەتییەش بە کورد دەکەیت؟!
ئاگام لەوە هەیە کە دەکرێ
وەک ئەو مەلا مەزنانەی لە سەرەوە ناووم هێنان، لە ڕێی ئیسلامەوە کار بۆ سەرفرازی
کورد بکرێ، بەڵام کە نایکەن، ئیدی گومانی ئەوەم لە لا دروست دەبێ کە ئەوانە خۆفرۆش
بن. بە چەند و بە کێ خۆیان فرۆشتووە؟. نرخیان چەند سەفتە پارە و ئۆتۆمبیلی درع و تانکەرە نەوتە؟!
کاکم بە خۆی و
حیزبەکەیەوە بە دەمیدا نایێ بە خراپە باسی داعش بکا و بە بەر چاویشییەوە کوڕانی
کورد گۆشاوگۆش سەردەبڕدرێن و کچانی کورد، وەک نەنکە گورەی خۆی و من، دەکرێن بە
سەبایا و جارییە و باسی نیکاحکردنیان دەکەن. دەزانی نیکاح چییە، مەلا؟...
هەموومان دەزانین کە لە
وڵاتی مەدا ئەو قوتابییانەی دەبن بە پزیشک، لە هەرە زیرەک و لێهاتووەکانن و خەڵکی
ئاسایی وەکو من ناتوانن ببن بە پزیشک، کەچی پزیشکە و چۆتە سەر مینبەر و دەڵێ: خوا
نەبێ کەس نازانێ سبەی باران دەبارێ یان نا. من لەو قسەیەوە گومانم چووە سەر ئەو
مەلا پزیشکە. خەریکی زانستە بەڵام هەر کە گەیشتە سەر مینەر، شەقێ لە زانست دەدا. ئەگەر
ئاستی ئەوەندە نزم بێ وەک باپیریشم، کە هەستی لە پەلەوەر و مەڕەکانی و هەوا
ڕادەگرت، دەیگوت: "بەخوا سبەینێ بارانە" و هەمیشەش ڕاستی دەکرد، نەزانێ
کەرەسەی زانستی گەیشتۆتە شوێنێک دەزانن کەشوهەوا بۆ ماوەی دە ڕۆژی تریش چۆن دەبێ و
بە پێی هەواڵی کەشوهەوا پلان بۆ سبەینێی خۆیان دادەنێن، چۆن بوو بە پزیشک و چۆن
سەری لە کیمیا دەرکرد؟! مەلای گەورە، کە پزیشکیش نەبوو دەڵێ:
"عیلمی
کیمیات گەر نەخوێندووە بە خوا
نازانی خوا چی کردووە". ئەگەر دەشڵێی لەوەیە تا سبەینێ دنیا ژێروژوور بێ، زانست لە
ئاستێکدایە دەزاندرێ چەند ساڵی تر فڵان ئەستێرە لە زەوی نزیک دەبێتەوە و کاریگەریی لە سەر زەوی چۆن
دەبێ. حیکمەتی خوا لە تەختبوونی زەویدا نییە بەڵکو لە بووبی دوو جەمسەری ماگنەتیک و جوگرافیدایە. حیکمەتی خوا لە خەسڵەتی ئاودایە کە دەیبەستێ، لە بری ئەوەی لە قەبارەدا بچووک بێ، گەورە دبێ و سەرئاو دەکەوێ، دەنا زندەوەری ئاوی نامێنێ. حیکمەتی خوا لە خەسڵەتەکانی بادایە.
ڕەفتاری ئەم مەلایانەش
دەچێتە پاڵ هەوڵەکانی ئەتاتورک و ئۆردوغان بۆ بەکارهێنانی ئاین بۆ دەستەمۆ کردنی
کورد و ئەوەش وای کردووە خەڵکی کوردستان کاردانەوەیان هەبێ و بیر لە چارەسەر بکەنەوە. هەندێ لە
ڕۆشنبیران، چارەسەریان لەوەدا دیوەتەوە، بگەڕێنەوە بۆ ئاینی زەردەشت. بەڵام ئایە
ئەمە چارەسەرە یا دووبەرەکییەکی لە جەلالی و مەلایی خوێناویترە؟!
وەک ئەوەی بە ڕەهایی بڵێم دوو کەڕەت دوو دەکاتە چوار، نە لە گۆشەنیگای ئیسلامەوە
تەماشای چارەشی و بەدبەختی کورد دەکەم نە لە گۆشەنیگای زەردەشتییەوە و نە لە
گۆشەنیگای فەلسەفییەوە کە ئەوەش بووە بە ئاینێکی تر. من لە چارەڕەشی کورد و واقعی
خۆیەوە، کە واقعی تایبەتی منیشە، لە مەسەلەی کورد دەڕوانم. کوردیان کردووە بە
نەخۆشێک و هر کەسە و دەرمانێكی بۆ دادەنێ: ڕیخنەی مریشکی ڕەشی بێخاڵ، میزی حوشتری
حایج، شیری کەر، ئایەتولکورسی، خدری زندە، فەلسەفەی نیتشە، ئاینی ئیسلام، نا،
زەردەشتی، دزینی نەوت، لەبنهێنانی کشتوکاڵ... و هەزار و یەک دەردی تر لە بری
دەرمان.
کە باسی سەردەمی جاهیلی
عارەب دەکرێ، یەک مەلای سەلەفی فززەی لێوە نایێ، بەڵام کە باس دێتە سەر کەونەرانی
کورد، هاروشێت دەبن. بە بەر چاویشمانەوە، هیچ میللەتێک لە دنیادا نییە سەردەمێکی
دیاریکراوی خۆی بسڕێتەوە و شەرمی پێی بێ. ئێستاش سویدییەکان ناوی شارۆچکە و
شەقامیان بە ناوی خوایەکانی پێش مەسیحەوە هەیە. ئێستاش یۆنان، شانازی بە فەلسەفە
کۆنەکانی خۆیەوە دەکا، کە زیادەڕۆیی نەبێ، زۆری لە ئاینی مەترایی و زەردەشتییەوە
خواستۆتەوە. ئێستاش فارسەکان بەقەدەر اللە اکبر (کۆرش بزرگ) لە سەر زاریانە و
قەبووڵیان نەکرد (خلیج فارس) بکەن بە (خلیج اسلامی) و ڕازی نەبوون هەمان مەزەبی عارەبیان هەبێ. ئێستاش ئەگەر سەر لە جەریر و
فەرەزدەقی جاهیلی دەرنەکەیت، شادەی ئەزهەر وەرناگریت. ئەی قوڕبەسەر، بۆ هەر ئێمە شەرممان
بە ڕابردووی خۆماندا بێ و شانازی بەو ڕۆژەوە بکەین کە کچەکانمانیان تاڵان کرد؟! نەمدەویست ئەم بابەتە بورووژێنم بەڵام ئیمامە تازە بابەتەکان، کە دەڵێی کەڵۆشیان
تێکەوتووە و هەر خەریکی باسی حۆرییەکانن (ئەوان پەنچەریان بکەن و خوا بۆیانی پینە بکاتەوە) و ڕاستەوخۆ خزمەتی سیاسەتی بەرپرسە دز و تاڵانچییەکانی باشووری کوردستان
دەکەن، کاردانەوەیان بووە هۆی زندووکردنەوەی دینی زەردەشتی و لایەنگریشی زۆر بێ. ئەگەر
هەڵبژاردن لە نێوان ئەو زەردەشتییانە و ئەو ئیمامە حایجانەدا بە ناچاری بکەم، خۆم
بە ئاگردا بدەم لایەنگری ئەوانە نیم کە چارەکیان دەوێ بۆ داعشی دژە هەموو شتێکی
بەرز و پیرۆز و ئەگەر پاشەڕۆکانی بەعس نەبن، خوا دەزانێ دەستکردی کێن!
دەستودامانی مەلاکان
دەکەووم بەر لەوەی وەک حاجی قادر و قازی محەمەد و مەلیک مەحموود هاوارێک بۆ کورد
بکەن، فریای ئەو ئیسلامە بکەوون کە کەوتۆتە بەر کەڵبەی گورگ و سیمای شێواوە و بووە
بە بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکا. پاڵێوراوێکی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بۆ ئەوەی
دەنگ بەدەست بێنێ دەڵێ: ئەگەر دەرچم ڕێ نادەم موسوڵان بێنە ئەم وڵاتە!
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar