onsdag 31 augusti 2016

هەموو ڕۆژێ سیویەکی ئابە



من ٣١ی ئابم بە قورسی نەگرتووە و تا ڕادەیەک، بە لامەوە ئاساییە. پێم وایە، ئەوەی هەیە، هەر بۆ ئەو بابەتە کارانە هەیە، جا چ پارتی بێ یا یەکێتی یا حیزبە ئیسلامییەکان، تا دەگاتە عەلی قەرەداخی. حیزبەکانمان، بەر لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ هەمیشە خەریکی پلاندانان بوونە بۆ کاری لەو بابەتە. لە بیرتان نییە؟ تاڵانکردنی کوردستان و ئاودیوکردنی هەرچی یەک فلسی دەکرد، چییان لە ٣١ی ئاب کەمتر بوو؟ کە بە کۆمەڵ بە هانای سەددامەوە چوون، چی لە ٣١ی ئاب کەمتر بوو؟! گفتوگۆی ناوەختی حیزبەکانمان لەگەڵ سەددامدا، لە ٣١ی ئاب کەمتر بوو؟ پەنادانی ئەنفالچی یا دەربازکردنیان، چی لە ٣١ی ئاب کەمترە؟
ئەمڕۆش، کە ٣١ ئابە، ٣١ی ئاب دووپات دەبێتەوە. هیچ بەرگرییەکم نییە لە وشیار زێباری، وەزیری دارایی عیراقی بکەم، بەڵام کە کورد لە بەغدا پشتی یەکتر بەربدەن، ٣١ی ئابێکی ترە. من، جگە لە پشتبەردان، چاوەڕوانی هیچی ترم لێیان نییە، بەڵام ئەوە ٣١ی ئابێکی ترە.
با پارتی بە لایەوە سەیر نەبێ لە پەرلەمانی عیراقدا، لایەنەکانی تر پشتیان بەردا. ئیدی دەرفەتە و بۆیان ڕەخساوە... ئاوها دەستی خۆیان وەشاند، وەک پارتی لە چەندین ٣١ی ئابدا دەستی خۆی وەشاندووە. شتێ لای ئەو حیزبانە نییە پێی بڵێن کورد. لای ئەوان حیزب و سەرکردە هەن... بەرژەوەندی حیزبی و کورسی و ملیاردە دۆلار هەن! ئێمە، تەنها لە لێقەومان و برسیبوون و کۆڕەو و جەنگدا بەشدار دەبین. ئەگەر بەتەمای شتی تر بین، نەفامین.
ئەگەر هەموو لایەنەکان، "بەر لەوەی هەر شتێ بن کورد بن"، هەموو کێشەکان بنەبڕ دەبن. بەڵام ئەوە دروشمی مەردانە!! دروشمی دوانزە سوارەی مەریوانە، نەک تاڵانچی و ئاودیوکەر!
کێشەی گەورەی ٣١ی ئاب ئەوەیە کە پارتی بە تەنها کردی. دەیان ٣١ی ئاب، کە پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی تر پێکەوە ئەنجامیان داوە، بابەتی باس نین و کاتێ بۆ نەتەوەکەمان هەموو ئەو ٣١ی ئابانە دەبنە بابەتی باس، دەبێ فاتیحا بۆ دەسەڵاتی خۆیان بخوێنن. جا کامە لایەنیان ئەوەی دەوێ؟!

tisdag 23 augusti 2016

کورد لە سەر دووڕێیاندا


حەکیم کاکەوەیس

کوردی باشوور، لە ڕێی حیزبە سەرکییەکان و کۆمۆنستەکانەوە، وەها خۆی بە عیراقەوە شەتەک دابوو و ئەوەندە خۆی بە عیراقی دەزانی، سەرفرازی و دەوڵەتی کوردستان و تەنانەت هەندێ جار وشەی کوردستانیشی بە لاوە گاڵتەجاڕی بوو. کورد، شانبەشانی عارەب لە دژی ئینگلیز شەڕی کرد و دژی ئیسرائیل خەباتی کرد و شین و واوەیلای بۆ زاڕۆکی فەلەستین کرد... کورد، وەها ڕیخەڵۆکی لە ڕیخەڵۆکی عارەب ئاڵابوو، زەحمەت بوو لێکیان دابڕیت.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، تۆمەت بۆ کورد هەڵبەسترا و کرا بە جنۆکە و پیاوی ئیسرائیل و هەرچییەکی خوا پێی خۆش نییە، ئەوجا دەست کرا بە ئەنفالکردن و کیمیابارانکردن و ڕاگواستنەوەی و دیتمان چی بە ئێزیدییەکانیش کرا.
ئێستا، عارەب لێیان قەوماوە و هانا بۆ کورد دێنن. هەمان ئەوانەی کوردیان دەکوشت و تاڵان دەکرد، لای کورد پەنابەرن: کورد بوو بەو پیاوەی عارەب پەنای بۆ بێنێ!! دیتمان چۆن داعش پێشمەرگەی خستبووە قەفەزەوە و بە ناو حەویجەدا دەیانسووڕاندنەوە و سووکایەتییان پێ دەکردن، کەچی ئێستا هەر ئەوانە، بە زەلیلی کەوتوونەتە بەر دەستی کورد.
نەفسی عارەب ئەوەی قەبووڵە؟! نەفسی عارەب بەوە ڕازییە کۆیلە و موالییەکانی دوێنێ خۆی بڕیار بدەن ئەو "سەیید"انە چۆن بژین و لە کوێ بژێن؟!
من دڵنیام ئەگەر ئەمجارە باری کورد خوار بێ و بکەوێتە لێژی، لە ڕەگەوە قڕ دەکرێ... ئەگەر ئەمجارە کورد بکەوێتەوە بن خێمەی دەوڵەتی عیراقەوە، بە کۆیلایەتیش لێمان خۆش نابن. پرسیاری من ئەوەیە: سەرانی چاوچنۆکی کورد بیر لەوە دەکەنەوە چۆن کورد بخەنەوە بەر دەستی عارەب؟!
لە ڕاستیدا، کورد بە کەڵکی ئەوە نەماوە بکەوێتەوە بەر دەستی عارەب، چونکە هەرگیز عارەب بە قەرز نەترساوە. لە کاتێکدا خۆیان زەلیل بوون، پێشمەرگەی دیلیان زەلیل دەکرد و بیریان لەوە نەدەکردەوە باریان خوار دەبێ و حەشدی شیعەیان لێ پەیدا دەبێ!! ئێستاش لە سبەینێ ناترسن... دەستیان بڕوا، بە پەنابەریش خاکمان داگیر دەکەن!!
لە ڕۆژاوای کوردستانیش، بارودۆخ ترسناکترە. کورد لە ڕۆژاوا، وەک هاوڵاتی تەماشا نەدەکرا و هەندێ جار سەربازی کوردیان تەنها لەبەر کوردبوون دەکوشت و لە بیریان چووبوو کە کورد شەڕی فەرەنسای کردبوو و دەستی لە دروستکردنی دەوڵەتی سووریادا هەبوو. ئەی ئەگەر بە لووتی شکاو و پاشەڵی هەڵدڕاوەوە خۆیان ببیننەوە دەبێ چۆن بن!! هەر هەنگاوێک بۆ پێکەوەژیان لە سووریا بندرێ، هەنگاوە بۆ قڕکردنی کورد. دەکرا کورد لە ڕۆژاوادا بە کۆیلایەتی، وەک دەیان ساڵ لەمەبەر بژێ، بەڵام ئێستا دەرفەتی کۆیلایەتیش نەماوە و کەوتۆتە سەر دووڕێیان: یا سەرکەوتن و سەربەخۆیی، یا قڕبوون و نەمان!
ئەگەر ئەمەریکا و ڕووسیا لەم شەڕانەدا دەستی کورد بە زاخدا بکەن (وەک پێشتر کردوویانە)، ڕێک دەکاتە ئەوەی بڕیاری قڕکردنی کوردیان دابێ. دەوڵەتی تورک و ئێران و عیراق و سووریا، گرەو لە سەر ئەو گەمەیە دەکەن. ئەی تۆ بڵێی سەرانی تێرنەخۆرەی کورد بیریان لەو ڕاستییانە کردبێتەوە؟!
گومانم هەیە!!

lördag 13 augusti 2016

ململانێ، لە ڕووی دەروونییەوە


گڕوگاڵێکی تری کوڕەکەم

ئومێدی کوڕەگەورەم، لە کۆلێژی پۆلیسی سوید مامۆستایە. من نازانم چ بابەتە وانەیەک دەڵێتەوە، بەڵام دەزانم ئەو بابەتانەی باسیان دەکات، لە ئاستێکی باڵادان. سایتێکی بە ناوی (kakaways.se)ەوە کردۆتەوە بۆ ئەوەی خولی تایبەتی بۆ ئەوانە بکاتەوە کە پێویستیان پێی هەیە. ئەم بابەتەم لە پەیجەکەیدا، بە دەم بزەوە خوێندەوە.. ئەگەر بابەتەکە ئەوە نەبێ سەرنجتان ڕابکێشێ، گلەییم لێ مەکەن چونکە هەندێ جار قۆڕییاتی منداڵ بە لای باوکەوە شاکارە ئەگەرچی ئەم منداڵەش، پلەی دەرچوون و دەرنەچوون بۆ خوێندکارە پۆلیسەکانیشی دادەنێ. ئەمەش بابەتەکەیە:


- حەکیم کاکەوەیس -

 

ململانێ، لە ڕووی دەروونییەوە

مێشکم بەتاڵ بوو. لەگەڵ ئەوەشدا پڕ بوو لە خەیاڵی بێ سەروبەر. یەکەم بیرۆکە، کە بۆم هات ئەمە بوو: "بۆ خاتری خوا من خەریکی چیم!". چۆکم دەلەرزین و دڵم بە توندی لێیدەدا و هەستم بە لاوازی دەکرد. دەمم وشک ببوو و دەنگەکانی دەوروبەرم گممەیان دەهات و چاووم لە بۆشایی بڕیبوو... بۆشایی، بێ ئەوەی هیچ ببینم. لە سەر بیرکردنەوە بەردەوام بووم "هەرگیز دووبارەی ناکەمەوە... هەرگیز!". هەستم کرد دەوروبەرم دەسووڕا و هێڵنجم دەهات. بیرۆکە نەرێنییەکان بەردەوام بوون و وەک منداڵێکی جینگز، دەیانقیژاند و بە مێشکمیاندا دەکێشا: "نەگبەت! بە یەک لێدانی خپکردن (ضربة قاضية)، لە ناو چەپڵەڕێزانی بینەراندا دەڕمێیت!. چۆنت بیر دەکردەوە؟! تۆ بۆ ئەوە نابیت بەشداری لە پاڵەوانێتی سویددا بکەیەت!". لە شوێنێکی دووری ناخەوە، دەنگێکی تر هەبوو کە دەیچرپاند: "دەزانی چی! تۆ ڕاهێنانی زۆرت کردووە و ئەگەر تەنها  ڕێ بە جەستەت بدەیت کاری خۆی بکا، ئەمەش بەسەر دەچێ".

ئارماند کراجینک (Armand Krajnc)، ئەو کوڕەی کە دوای چەند ساڵێک، لە بۆکسێندا بوو بە قارەمانی جیهان، لە گۆشەی بەرانبەرمەوە، سەرکەوتە سەر سەکۆکە. هەموو شتێکی دەوروبەر، وەک فیلمی لەسەرخۆ دەبزوا. ئەوجا زەنگ لێدرا.

ماوەی هەشت حەفتە، پێکەوە، تیۆری دەخوێنین و ڕۆژی دە دەقیقەش ڕاهێنان دەکەین تا بزانین لە کاتی تەنگانەدا، خەیاڵمان چی بەسەر دێ. کاریگەریمان لە سەری دەبێ و بەوەش لە بارودۆخی گرنگدا توانای ڕەفتارمان دەبێ. بەڵام با جارێکی تر لەگەڵ ئارمەنددا  بگەڕێینەوە سەر بۆکسێنەکە، تا گرنگی ڕاهێنانی دەروونی بزانین.

چوومە ناو بازنەکەوە و ئیدی بەشێکی بیرکردنەوەم لەکار کەوت و بەشێکیش بە ڕوونی کاری دەکرد. یەکێ لە بیرە هەرە بەهێزەکەم لە خولی دووەمدا بوو کاتێ ئارماند ویستی بە دەستە چەپی لێم بدا. هەنگاوێکی خێرام بە لای چەپدا هاویشت و بە دەستە ڕاست، لێدانێکی ستوونیم لیی دا. هەموو شتێک فیلمی خاو بوو و هەستم کرد چۆن گرێکانی سەر دەستم بە دەسکێشەکەدا گەیشتنە پێستی. زانیم توندم لێی دا و لەبەر هەر هۆیەک بووبێ دەنگی ڕاهێنەرەکەم، (ئۆکە)م بیر کەوتەوە کە هەموو جارێ دەیگوت: "تۆ چ دەستە ڕاستەیەکی باشت هەیە! لێدانی ڕاستت لە هەموو سویددا لە وێنەی نییە". ئارمان ڕما و لە بوورانەوەدا بوو. نەمزانی چ قەوما و لە دەنگ و هاواری هاوڕێکانم و ڕاهێنەرەکەم بەئاگا هاتمەوە کە دەیانگوت: تەڕەماش بچۆرە گۆشەی بێلایەنییەوە! لە هەمان کاتدا، دادوەرەکە ئاماژەی بۆ گۆشەکە بۆ دەکردم و هاواری دەکرد بچمە ئەوێ. (من تەواو بەنج ببووم و ڕەق لە جێی خۆمدا وەستابووم). بەئاگا هاتمەوە، چوومە گۆشەکە و لەوێوە دەمدیت چۆن ئارماند خۆی بە پەتەکەوە دەگرت و بەکاوەخۆ دەکەوێتە سەر چۆک. دادوەر، بەرەو لای چوو و بە پێی گێڕانەوەی بینەران، زۆر لەسەر خۆی دەیژمارد. من گوێم لە دەنگی نەدەبوو بەڵام  چاووم لە لێوی بوو کە دەبزوان و پەنجەشی پیشان دەدا تا دەریبخا گەیشتۆتە کام ژمارە. چوار، پێنج، شەش. ئارماند کەوتەوە سەر پێ. کە دەستمان بە بۆکسێن کردەوە. هێرشی بۆ هێنام و دوای ئەوەی یەک دوو جار لە یەکترمان دا، دیسان زەنگ لێی دا.
لە خولی سێیەمدا هاوسان بووین و پێ دەچوو ئارماند هاتبێتەوە سەرخۆ، ئەوەش شتێ بوو، هەتا ئێستاش لێی سەرسامم. کاتێ دادوەران بڕیان دا، ٧ بە ٧ دەرچووین. ئەوەش وا دەگەیەنێ کە ژمارەی لێدانەکان بژمێردرێن. بە واتایەکی تر، دادوەرەکان، چەند لێدانیان لە هەموو گەمەکەدا تۆمار کردووە، ئەوە بژمێرن.  من بە یەک لێدان دۆڕاندم. ئەو لێدانەش پێش چەند چرکەیەکی زەنگەکەی خولی سێیەم بوو. ئەگەر بەنج نەبوومایە هەموو خولەکانم دەبردەوە و زۆریش ڕێی تێدەچوو بە لێدانی خپکردن براوە بوومایە یا بە لای کەمەوە لە گەمەکەدا بە ڕێژەی زۆر براوە بوایەم.
ئەوە ساڵی ١٩٩٦ بوو و حەفتەی ٩ تا ١١ یاریم دەکرد و ساڵ لە دوای ساڵ بەشداری بۆکسێنم دەکرد.  منێک کە ئەوەندە تاقیکردنەوەم هەبوو، چی وای کرد نەتوانم بە سەر مێشکی خۆمدا زاڵ بم؟ بۆچی لە کاتی گەمەی جددیدا بە باشی یاریم نەکرد؟ هۆی سەرەکی ئەوە بوو کە ڕاهێنانی دەروونیم نەکردبوو. حەفتەی ٢٢ سەعاتم بۆ ڕاهێنانی جەستەیی تەرخان کردبوو بەڵام حەفتەی سفر سەعاتم بۆ ڕاهێنانی دەروونی تەرخان دەکرد. ئەوە گاڵتەجاڕی نییە، لایەنی دەروونی ئەو هەموو گرنگییەی هەبێ، هیچی بۆ تەرخان نەکرێ؟
چەندین حەفتە بەر لە یارییەکە، کە قارەمانێتی سوید بوو، من بەردەوام شڵەژابووم. گەلێ وزەم لە شتێکدا بەخەرج دەدا و خۆم بۆی شڵەژاندبوو، کە مەحاڵ بوو کاریگەریم لە سەری هەبێ. جگە لەوەی ڕاهێنانی بۆ بکەم هیچی تر نەدەکرا. مێشکم داستانی لە سەر داهاتوو دادەڕشت و بناغەی لە سەر ئەو ساتانە بوو کە تیایدا دەژیام. زۆر جار بیرکردنەوەی کارەساتئامێز بوو و هەندێ جاریش بێمبالاتی. باوەڕم بە خۆم دەهێنا کە ئەنجام هەرچییەک بێ گرنگ نییە. ئەو وزەیەی کە لە ترس و دڵەڕاوکێ بۆ خراپڕەفتارکردنی داهاتوو بە خەسارم دەدا، دەبوو لە ڕاهێناندا، بۆ ئەو کاتەی کە تێیدەکەوتم ، خەرجی بکەم. پێش هەموو شتێک، دەبوو بۆ کاتی بۆکسێنەکە پاشەکەوتی بکەم.

ئامانجی ئەم بەرنامەیە ئەوەیە، ئەوەت پێ ببەخشم کە خۆم پێم نەبەخشرا. کەرەسەی دەرکەوتن، لەگەڵ هەبوونی شڵەژانی ناخ و ڕواڵەت. ئەوەش بەوە بەدەست دێ ڕاهێنان لە سەر قەبووڵکردنی بیر و هەستەکاندا بکەیت و لە هەمان کاتدا بزانی بیر و هەستت چ کاریگەرییەکیان لە سەرت هەیە. ڕاهێنان وا دەکا بتوانی بە تەواوی تواناوە، ئەگەرچی ترس و شڵەژان وەک جنۆکە لە پشت پەردەشەوە هەبن، لەسەر پێی خۆت بوەستیت.
بیری لێ بکەوە کە بە گوێرەی بیرکردنەوە و هەستەکانت، کە بەرهەمی مێشکتن و لە پشت پەردەوەن و کاریان بە ڕەفتارتەوە نییە، ڕەفتار بکەیت. بیری لێ بکەوە ئەگەر بتوانیت فشاری قورس بخەیتە سەر جەستەت و بەرگەی ئازاری ڕاهێنان بگریت و ئەنجامدانی کارەکە تەنها بە ئازار تێبگەیت، ئازار و هیچی تر،  چ دەبێ!. ئەگەر بتوانیت تا ئەوپەڕی توانا فشار بخەیتە سەر جەستەت و لە کاتی جددیدا، هەوڵت بۆ ئەوە بێ خۆت لە ئازار بپارێزیت. ئەگەر بتوانیت لە سەدا سەد خۆت بۆ (ئێستا) و بۆ (ئەم شوێنە) تەرخان بکەیت. ئەگەر بڵێم دەتوانیت هەموو ئەوانە بکەیت، ئایە دەتەوێ ئەوە ئەنجام بدەیت کە بۆ سەرکەوتن پێویستە؟

بەرنامەکە بۆ هەموو کەس بەکەڵکە، بە تایبەتی بۆ ئەمانە:
-         وەرزشێک، کە بەربەرەکانێ و ململانێی تێدا بێ.
-    ئەو پۆلیس و سەربازانەی کارەکانیان مەترسی و بەرەنگاربوونەویان تووش دەبێ و دەکەونە بارودۆخێکەوە، لە کاتی شڵەژاندا، پێویستی بە بڕیار و گۆڕانکاری هەیە.
-         ئەو ڕاهێنەرانەی کە دەیانەوێ تێگەیشتن و زانیارییان زیاد بکا و بەوانەی بگەیەنن کە ڕاهێنانیان پێ دەکەن.
ئەم بەرنامەیە، کە بەم شێوەیەی خوارەوە داندراوە، بۆ هەموو کەس دەگونجێ بە تایبەتی بۆ ئەوانەی سەرەوە:
حەفتەی ١-٢: چڕکردنەوەی بیرکردنەوە، لە ڕێی ژماردنی هەناسەوە.
حەفتەی ٣-٥: ئەو بیرکردنەوە و هەستانە بناسیتەوە کە لە مێشکتدا سەر دەردێنن.
حەفتەی ٦:   چڕبوونەوە لە سەر دوو وشە.
حەفتەی ٧: ڕاهێنان بۆ ڕێچکەبەستنی شڵەژان بەرەو دەرەوە.
حەفتەی ٨: ڕاهێنانی تێكەڵ بە خەیاڵکاری.
ڕەنگە بێزار بیت و هەستیت و کۆتایی بە ڕاهێنانەکەکە بێنیت. بە دڵنیاییەوە، پێش ئەوەی دە دەقیقە تێپەڕێت، چەند جارێک بە هۆی بێدەنگییەوە بیر لەوە دەکەیتەوە کە دەبێ تەلەفۆنەکەت تێکچووبێ. ئەوەش ئاساییە ئەگەر لە سەر ڕاهێنانەکان سوور بیت. ئەگەر دەتەوێ دڵنیا بیت کە تەلەفۆنەکەت عەیبی نییە، دەکرێ سەعات، بۆ یانزە دەقیقە بنێیتەوە. هۆکاری ئەوەی کە من قسە ناکەم ئەوەیە، قسەنەکردن بەشێکە لە ڕاهێنانەکە و دەبێ تۆ خۆت سەفەرەکە بکەیت نەک تەنها گوێ لە من بگریت. ئاوها زۆر ئاسانتر دەبێ.

هەر سەرکەوتوو بیت!

torsdag 4 augusti 2016

عەبدوڵا پەشێو



کەرکووک
 
ئەوەی لەملا (قودس)تان بوو، لەولاش (دڵ)تان
وا لە سایەی تەخت و تاجی ناو زبڵتان
بۆتە مانگای هەمیشە گوان پڕ نەوت و خوێن،
بژێوە بۆ قەوچەقەوچ و کەفوکوڵتان!
 *  *  *
چما کەرکووک چۆتە سەر مانگ  تا بێتەوە،
یا سڕگومە وەکو مێشکی قانگ و بڵتان
کەرکووک ڕەگە و دانەبڕاوە.
خۆتان لە ڕەگ دابڕاوون،
لک بە لک و چڵ بە چڵتان
    *  *  *
گڕکانی ڕق هاتۆتە جۆش،
ڕق لە خۆتان،
لە کاژەڵە و کەللەی کلۆر، لە فایلتان
لە پردی سیراتی دێگەڵە[1]
لە بارەگا و
بنکە و منکەی سەرمەڕمەڕی بنکاولتان
لە پەرژینی باخ و مەزرا،
لە دیواری
حەرەمسەرای بێژماری قل بە قلتان
لە پۆزلێدان،
لە زمانی لووشکەوەشێن
لە گفتاری بێ هەوساری کاڵ و کولتان
    *  *  *
کەی بەربینگمان بەردەدەن کەی:
حیلکەحیلک و
موسەلسەلی کۆبوونەوە و گەردوخلتان؟
کەی دوایی دێ زرمەزلێی تۆم و جێری،
پایدۆست دەکا گرمەی ئاشی چەنەی شلتان؟
کەی شاشەکان دەسێنەوە
لە دەستگێڕ و
دەڵااڵانی دەرپێی مێژووی گەڕوگولتان؟
دوای چارەتان
بە سەد ساڵیش
دەرباز نابن ئاو و هەوا
لە دووکەڵ و تەپکە و سلتان
شیعر ناڵێم، زاربەند بۆ دەم دەهۆنمەوە،
شیش بۆ قەفەز دادەڕێژم، تۆق بۆ ملتان
ڕەگی حەمرین وا جۆش دەدەم، بقریشکێنێ:
"گوو بە خۆتان، گوو بە ماددەی سەدوچلتان"

هێلسنکی کانوونی دووەمی ٢٠١٣




[1]  ئەم دێڕە دەبێ بە سووکی بخوێندرێتەوە، بۆ ئەوەی لەنگ دەرنەچێ.