پێ ناچێ پێچەوانەی ڕەگەزپەرستی (بە واتای قەومایەتی)ی میللەتێکی ژێردەستە، مرۆدۆستی بێ.
ئەگەر وا بێ، دەبوو کوردی ناڕەگەزپەرست، نە شارپەرست بوایە نە عەشرەتپەرست و نە
حیزبپەرست، کە هەرسێکان پەتای ناوخۆن و لە ڕەگەزپەرستی ترسناکترن. مادام لەو ڕووەوە لە کورد
مرۆدۆستتریش نییە، خۆ دەبوو دوو دۆستیشی هەبا!. ئەوەندە مرۆدۆست بووین، لە ناخەوە دژی
"کورد و کوردستان" هیتافمان دەدا و بانگەشەی برایەتیمان لەگەڵ ئینس و
جندا دەکرد. بانگەشەی برایەتیی چینایەتی و دینایەتیمان دەکرد، بەڵام کە بە ئاگا
هاتینەوە، خاکی ژێرمان فرۆشرابوو و هەر یەکەشمان کرابوو بە دوژمنی ئەوی تر. من پێم
وایە ڕەگەزپەرستی – بە واتای قەومایەتی - پێچەوانەی ئامادەبوون بێ بۆ کرێگرتەیی و
خاکفرۆشی، یا بڵێین: ئامادەبوونە بۆ دۆڕاندن و لەدەستدانی ئەوەی مرۆ پێی پیرۆزە!!
ببوورن! بۆچوونەکەم، بۆ خۆشم توندە، بەڵام ئەگەر ئەوێ هەواری بێ، من بڵێم چی؟. دە
تۆ وەک من بیر مەکەرەو و دەستی سۆز بە سەر عارەبە لێقەوماوەکانی کەرکووکدا بێنە،
بزانە ئەنجامەکەی چۆن دەبێ!.
لە تۆ باشتر دەزانم کە مرۆڤی زۆر باش لە ناو عارەبدا
هەن و بە ڕاستی شەیدای زمان و بەلاغەتیانم، بەڵام ڕێیەکم پێ بڵێ بۆ
دەستنیشانکردنیان! چ کۆد و ڕەقەمێک لە سەر باش یا خراپیان دانێین و چۆنی دانێین؟!
کورد (باج)ی قورسی لە ڕێی ئەو دووبەختییەوە داوە: ئەم عارەبە وەک ئەوانی تر نییە!.
کاتێ بەخۆمان زانیوە، ئەو هەرە باشە، خەریکی فەرهوود و کوردکوشتنە!. ئەوەی لە
گەرمیان نەژیابێ و دراوسێی عارەب نەبووبێ، ئاسان نییە سەر لەو ئاڵۆزکارییە
دەربکا!. لەو ڕووەوە، گلەیی لە عارەب ناکەم چونکە ئەوە نەریتیانە و ئاینیش هانیان
دەدا، بەڵام کورد هەتا ئێستاش خۆپارێزی بە ڕەگەزپەرستی بزانێ، هەر ئەوە حاڵی دەبێ. ئیدی چۆن سەرفراز بێ؟.
لەو بەینەدا، نازانم لە دیواری چ هاوڕێیەک بوو
بەرچاووم کەوت، لە (چەرچڵ)یان پرسیوە: چۆنە ئێوە هندستانتان، بەو گەورەییە و لەو
دوورە داگیر کردووە، کەچی ئێرلەندای تەنیشت خۆتان داگیر نەکردووە؟.
ئەویش لە وەڵامدا گوتوویەتی: بۆ داگیرکردنی هەر
وڵاتێک، پێویستمان بە دوو شت هەیە: زۆرینەیەکی نەفام و دەبەنگ، لەگەڵ کەمینەیەکی
دەسەڵاتداری خۆفرۆش!. ئەو دووەش لە (ئێرلەندا) دەست نەدەکەوتن.
ئەوجا بیرم بۆ ئەوە چوو، بۆچی وڵاتانی ئەوروپا،
بە گشتی، یەکتر داگیر ناکەن و دەچن وڵاتانی بەرفرەوانی ئەفریقیا و باشووری
ئەمەریکا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا داگیر دەکەن؟. نەدەکرا فەرەنسا، ئەو بەلجێکا
بچکۆلەیەی تەنیشتی قووت بدا و بۆ داگیرکاری نەچێتە ئەو شوێنە دووارەنە؟!.
ئەو وڵاتانە، بۆچی وا بۆ داگیرکاری، هەمیشە
ڕوویان لەو جیهانە دواکەوتووە فرەدین و فرەقەوم و فرەمەزەب و فرەخوایانە کردووە؟
ئەگەر دەوڵەتۆکەیەکی وەک کوێت لە لایەن وڵاتە پێشکەوتووەکانەوە، بە هۆی نەوتەوە بەرگری
لێ نەکرێ، بە یەک ڕۆژ داگیر دەکرێ و ڕێی مانەوەی نادەن.
هۆڵەندا، کە لایەکی ئەفریقیای خوارووی داگیر کردبوو،
هیچ نەبوایە دانیمارکی داگیر کردبا کە نزیکتر بوو.
بەڵام نا. دەبێ عیراقێک بکەوێتە ژێر دەستیانەوە، کە دەم
و قوڕگی زۆرینەی دانیشتوانەکەی دەستاڕێکی دەبەنگی هاڕینی دروشمی هەمەجۆرە و کەمینە
حاکمەکەشی خۆفرۆشە. دەبێ کوردستانێک داگیر بکرێ کە زۆرینەکەی غەرقی عەشقی سەرکردە
بێ و نیشتیمان و نەتەوە بخاتە پەراوێزی پەراوێزەوە. کەمینەیەکیش، خۆیان بە سەد
دەزگا فرۆشتووە، دەسەڵاتی بە سەریانەوە هەبێ. دانیمارک بە کەس داگیر ناکرێ.
فەرەنسا، بە کەس داگیر ناکرێ. سوید و گرینلاند و ئایسلاند بە کەس داگیر ناکرێن. فینلەندەیەکی بچکۆلە، ڕووسیایەکی زەبەلاحی هێنایە سەر چۆک و دەستی لێ بەردا.
ئایسلاند، ساڵی ١٦١٥ لە لایەن ئەو باسکانەوە کە
بۆ ڕاوە نەهەنگ چووبوون، لێیان بوو بە شەڕ. هەر ئەو ساڵە یاسایەکیان دەرکرد:
"تووشی هەر باسکێک بوون، بیکوژن!".
ئەو یاسایە، تا پار، واتە تا ساڵی ٢٠١٥ هەڵنەوەشایەوە. بەڵێ، ماوەی ٤٠٠ ساڵ لە یاسای ئایسلاند جێگیر کرابوو. وڵاتی وا چۆن داگیر دەکرێ؟!
ئەوانەی یاسای وایان دەرکرد، ڕەگەزپەرست بوون؟. نا، ئەوانە دەڵێن: ئایسلاند بە
قوڕگی کەسدا ناچێ! ئێمەی کورد، بە تایبەتی کەرکووکییەکان کە تاڵاوی بەردەواممان بە
دەست عارەبەوە چەشتووە، دەڵێین: "با عارەب لە کەرکووک دەربکرێن، چونکە
داعشن". پێمان دەڵێن: "ئەوە بانگەشەی ڕەگەزپەرستییە!" تۆی
داگیرکراو، ڕەگەزپەرست نیت و مرۆدۆستیت. ئایسلاندیی سەربەخۆ و ئازاد ڕەگەزپەرستن! دەبوو
ئایسلەندییەکان دوو وانەی مرۆدۆستی لە کوردەوە فێر بن!! خۆزگەیان بە خۆت کە
ڕەگەزپەرست نیت!!.