torsdag 20 oktober 2016

خوا سەر لەکەس نەشێوێنێ



لەم کاتەدا کە کورد دەوری بە مرگ تەندراوە و گیرۆدەی شەڕ بووە و لە ناویشەوە، خۆرەی تاڵان و خیانەت و نانبڕین و داخستنی دەرگای خوێندنگە لێی داوە، بۆ سەرقاڵکردنی خەڵکە ناڕازییەکە بێ یا هەر مەبەستێکی تر کە خوا دەزانێ چی لە پشتەوەیە، هەندێ لە شیعرەکانی (ئیمروئلقەیس - امرٶ القيس) دەستاودەست و دەماودەم دەکەن، چونکە ڕێک لە ئایەتی قورئان دەچن و بۆ ئەوانەی دژەدینن، کوورەهەنگی کلۆرەدارن و بۆ ئەوانەش کە لە ئیسلامەتیدا خۆیان لێ بووە بە ئەسەحابە، مایەی ڕق و کێنەن و ئەوانەش کە کەم یا زۆر شارەزان، بەشی ئەوە سەبریان نییە بەرگرییەکی عاقڵانە لە ئیسلام بکەن چونکە بیریان، تەنها لە سۆز و توندوتیژی و بڕیاری گردەبڕ و (سمعنا واطعنا) پێکهاتووە.
مامۆستا کرێکار، کە نموونەی ئەو دەستەیەی دواییە، لە خیتابێکدا داوای ملپەڕاندنی هەر کەسێ دەکا کە دژی ئیسلام ڕەفتار بکا و پێی وایە ئەوەش فەتوای ناوێ. ئەم فەتوا دژەفەتوایەی کرێکار لەوە ترسناکترە کە بە ساکاری بە سەریدا تێپەڕین. مامۆستا کرێکار بەو قسەیە دەیەوێ "تۆ" سەری هەرکەسێکت بوێ بیپەڕێنی و هەر ئەو بوختانەشت پێ دەوێ بڵێی کوفری کردووە!. ئیدی نە شایەد و نە دادگا و نە بەرگریلەخۆکردن و نە هیچ. لە لاکۆڵانێکدا بیگرە و بیکوژە و بڕایەوە!.
لەبەر ئەوەی ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئەدەبیشەوە هەیە، حەزم تێی چوو. ئیمروئلقەیس دەڵێ:
"يتمنی المرء في الصيف الشتاء حتی إذا جاء الشتاء انكرە
فهو لا يرضی بحال واحد قتل الانسان ما اکفرە"
واتاکەی ئەمەیە: مرۆ بە هاوینان، ئاوات بۆ زستانان دەخوازێ، کە زستانیش دێ لێی بێزار دەبێ. سندانم لە مرۆ دا خۆ بە هیچ ڕازی نییە!.
لە قورئانیش، لە سوورەتی " عبس "دا دەفەرموێ:
"قتل الانسان ما اکفرە". لە تەفسیری ئایەتەکەدا "ما اکفرە" وەک پرسیار لێکدراوەتەوە.
(ئیمروئلقەیس)، هەر لەو شیعرەدا گوتوویەتی:
"اقتربت الساعة وانشق الاقمر من غزال صاد قالبي و نفر".
لە هەندێ سەرچاوەدا باسی ئەوە هەیە کە لەم شیعرەدا، (دنت الساعة) یە نەک (اقتربت الساعة)، بەڵام یەک واتایان هەیە.
لە سوورەتی (القمر)ی قورئانیشدا هاتووە: "اقتربت الساعة وانشق القمر("، کە لە دەقی شیعرەکەدا هەیە.
لێکچوونی تر زۆرن بەڵام پێم وایە هەر ئەوەندە بەسە و دیارە شیعرەکانی ئیمروئلقەیس و ئایەتەکان، چەند بە یەک دەچن، ئەوەش جێی سەرسوڕمانە ئەگەر ئەوە بخەینە حیسابەوە کە ئیمروئلقەیس پێش ئیسلام ژیابێ.
ئەگەر بهاتبا ئیمروئلقەیس دوای پەیدابوونی ئیسلام ژیابا، دەگوترا وەک زۆر نووسەری ئەم سەردەمە و پێشتریش، کە جاروبار ئایەتێکیان تێکهەڵکێشی نووسینیان کردووە، ئەویش کارێکی وای کردووە و مامۆستا مەسعوود محەمەدیش هەمان (قتل الإنسان ما أكفره)ی لە نووسیندا هەیە. بەڵێ دەگوترا ئەوانەی لە قورئان وەرگرتووە و کارەکە ئاسان دەبوو، بەڵام کە پێش ئیسلام ژیابێ، مەسەلە لە سوعبەت دەردەچێ و دەبێ لە باسەکە ورد بینەوە. ئایە قورئان سوودی لە شیعری ئیمرٶلقەیس وەرگرتووە؟. ئەگەر وایە، نە جبریل لە ئارادا دەمێنێ و نە پەیامێک بۆ پەیامبەر هاتووە و قسەکەی (یەزید)یش، لەوەدا ڕاست دەردەچێ کە دەڵێ:
"لعبت هاشم بالملك فلا  خبر جاء ولا وحي نزل"!.
لە لایەکی ترەوە، ئەگەر ئیمروئلقەیس پێش ئیسلام وای گوتبێ و لێکچوونەکان ڕاست بن، دەبێ لەو کاتە بکەوینە گومانەوە کە قورئان کۆکراوەتەوە، کە دەکاتە سەردەمی عوسمان و دەشێ شتی دەرەوەی قورئان چووبێتە ناو ئایەتەکانەوە. بەوەش هەرچی ئایەت هەیە، نیشانەی پرسیاری لە سەر دادەندرێ و چی ڕیس هەیە، بە تەفسیر و لێکدانەوەوە، دەبنەوە بە خوری و بە سەر زاناکانەوە دەبێتە ئەرک کە سەرلەنوێ بە کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوە و لێکدانەوەی قورئاندا بچنەوە.
سەیر لەوەدایە خەڵکانێک هەن، بۆ بەرگریکردن لە قورئان یا بۆ مەبەستێک کە من پەی پێ نابەم، گوتوویانە: بەر لەوەی قورئان دابەزێ، ئیمرٶلقەیس، بە زمانی قورئان دواوە. ئەوەش دەکاتەوە "سووچ لە قەباحەت خراپتر" و پلەی پێغەمبەرایەتی بە ئیمرٶلقەیس دەدا. خوێنەوارانی سەر بە ئیسلامیش، لە بری ئەوەی بە شێوەی عاقڵانە بەرگری بکەن، هێرش دەبەن و بەوەش قوڕەکە خەستتر دەکەن و کارەکەشیان دەبێتە لاملی و هیچی دی. دەڵێن: ئەوانەی ئەو درۆیانە دەکەن، سەر بە جوو و "نصاری" و شتی لەو بابەتانەن. خودا دەزانێ کە من نە جووم و نە نەسارا و نە جەبهەم لە خواو قورئان و ئیسلام گرتووە و بە بێ خوداش، یەک دەقیقە هەڵناکەم، بەڵام شتێ عەقڵ نەیبڕێ ناتوانم لەبەر خاتری کەس، تەنانەت باوەڕی خۆشم، دەستی بۆ بە گەردندا بدەم، ئیدی لێکچوون لە نێوان شیعرەکان و ئایەتەکاندا هەبێ یا نەبێ.

بەڵام گەلۆ!... تاها حوسێن شایەدێکی باشی ئەو بابەتەیە، ئەویش ئەگەر توندڕەوەکان قەبووڵیان بێ زەندیقێکی وا بە شایەد بگرن!. ئاخر (تاها حوسێن)ێک کە خاوەنی شیعری (هل كنت اعبد الشيطان) بێ، چۆن بە شایەد قەبووڵی دەکەن؟. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کەس ناتوانێ هاشا لە شارەزایی تاها حوسێن بکا لە بواری مێژوو و ئەدەبیی عارەبی و زمانەوانیدا و کەسیش ناتوانێ وەک سەرچاوەیەک فەرامۆشی بکا یا ئاماژەی پێ نەکا.
با ئەو بەڕێزانەی بە لێکچوونی شیعری ئیمروئلقەیس و ئایەتەکان ناڕەحەتن، بە دەم ئیستیغفارەوە گوێ لە تاها حوسێن بگرن یا بە هەندێ لە نووسینە مێژوویی و ئەدەبییەکانیدا بچنەوە. ئەو دەڵێ: 
"زۆرینەی هەرە زۆری ئەوەی پێی دەڵێین شیعری جاهیلی، پەیوەندییان بە جاهلییەوە نییە، بەڵکو دوای سەرهەڵدانی ئیسلام داهێندراو و خولقێندراوون و ئەوەندەی تەعبیر لە ژیانی موسوڵمان دەکەن، تەعبیر لە جاهیلی ناکەن. خەریکە لەوە بێگومان بم ئەوەی لە شیعری جاهیلی ماوەتەوە، نە چ بەهایەکی هەیە نە دەلالەت لە هیچ دەکا و بۆ لێکدانەوەی ئەدەبی سەردەمی جاهیلی پشتی پێ نابەسترێ. من دەزانم ئەم ئەنجامگیرییەم چەند مەترسیدارە، بەڵام لە سەلماندنی دوودڵ نیم. لەوەشدا هەست بە لاوازی ناکام پێت بڵێم: ئەوانەی لە بارەی شیعری ئیمروئلقەیس یا تورفەی کوڕی کەلسووم یا عەنتەرەوە دەیخوێنیت، فڕیان بە سەر ئەو کەسانەوە نییە، بەڵکو لە داهێنانی ئەعراب یا داستانچییەکان یا تەفسیرکەرانن. دەزانم سەردەمی جاهیلی بزر نییە بەڵام بە مەرجێ پشت بە قورئان ببەستین نەک بە شیعرەکان".
لە سەردەمی ئەمەوییەکاندا، کە خەڵکی سەیروسەمەرە دەسەڵاتدار بوون، عارەب لە نەزانیدا نقووم ببوون و هەر خەریکی تاڵان و کوشتن بوون، کەچی فارسەکان، کە خاوەنی شارستانەتیی ڕەگداکوتاو بوون، لە چاو عارەبەوە، مێژویەکی پڕ شانازییان هەبوو. جا چۆن دەبوو ژێردەسەتە لە دەسەڵاتدار لەپێشتر بێ؟!. عارەبە شارەزاکانی ئەو دەمە، حەکایەتبێژان و تەفسیرکەران و ڕەوانبێژان، وەخۆ کەوتن و هەندێ شیعریان داهێنا و تەنانەت ناوی شاعیرەکانیش هەر لە داهێنانی خۆیان بووە، یا ناوی بزریان زەق کردۆتەوە: ئەوەش ئەدەبی بەرزی جاهیلی!!.
خۆ عەشرەتە عارەبەکان لە ناو خۆیاندا ئەو بابەتە ململانێیەیان هەبوو... ئیتر کە ململانێ بوو بەوەی خۆیان لەگەڵ عەجەم و ڕوومدا بەراورد بکەن، زۆر لە دواوە بوون، بۆیە وەخۆکەوتن و ئەو بوختانانەیان بە خۆیانەوە کرد.

لەبەر ئەوە، من باوەڕی تەواووم بە بۆچوونەکەی تاها حوسێن هەیە و دەڵێم (اقتربت الساعة وانشق القمر) و (اذا زلزلت الارض زلزالها) و (قتل الانسان ما اکفرە)ی شعرەکان، لە قورئان وەرگیراوون و لە سەر (ئیمرٶالقەیس) تاپۆ کراوون و کراوون بە موڵکی عارەبی جاهیلی و ئێستاش ئەو شتە هەڵبەستراوانەی خۆیان، وەک زۆر شتی تری هەڵبەستراو، خراپ بە سەر خۆیاندا شکاونەتەوە.

Inga kommentarer:

Skicka en kommentar