"مامۆستا، لە پلەی
پێغەمبەرایەتییەوە نزیکە". ئەمە ئەو باتە بوو، کە دەبوو لە خوێندنگە وەک
پەخشان، بە عارەبی بینووسین. پێم وایە دەقاودەق وایە... مامۆستا، مەیلەو پێغەمبەرە
و شایستەی ئەو پلە بەرزەیە. بەڵام دەکرێ مامۆستا پشت لە ئوممەتی خۆی بکا؟.
مامۆستاکانیش، وەک توێژەکانی
تری کۆمەڵگە، نەک هەر غەدر، بەڵکو خیانەتیشیان لێ دەکرێ. ئەی ئەو پێشمەرگەیەی لە
بەرەکانی شەڕدایە و پارەی کرێی ئۆتۆمبیلی نییە پێی بگەڕێتەوە ناو ماڵ و منداڵی
خۆی، غەدری لێ نەکراوە؟. دایکی شەهید و کەمئەندامان، غەدریان لێ نەکراوە؟!
فەرمانبەر و کاسبکار غەدریان لێ نەکراوە؟!. ئەی نەخۆشەکان؟. ئەی کەسوکاری ئەو
فێرخوازانەی لە خوێندن بێبەش دەکرێن، لە دوو لاوە غەدریان لێ ناکرێ؟. پێشمەرگەی
دێرین، کە هەر یەکە و بە قەدەر چیایەک هیوا لە دڵیدا بوو دەستخەڕۆ دران، خیانەتیان
لێ نەکرا؟!. ئاخر جگە لە بازنەیەکی تەنگی دەوروبەری بەرپرسەکان، کێ لە باشووری
کوردستاندا غەدری لێ نەکراوە؟. ئەم بەرپرسانە چییان هێشت وێرانی نەکەن؟!. خواردن؟!
دەرمان؟!. ئاین؟! نەریت؟! ئاواتی سەرفرازی؟! تاقیگە و نەخۆشخانە؟!. چییان هێشت؟!.
کورد پێویستە بە جۆرێکی تر بیر
بکاتەوە: هەموومان، بە مامۆستا و خوێندکار و فەرمانبەر و کاسبکار و پێشمەرگە و بێکارەوە،
بە بەردەوامی خیانەتمان لێ دەکرێ و لە هەمان کاتدا، ڕۆژ بە ڕۆژ دزی ملیاردێر و
ملیۆنێری زیاتر لە وڵاتەکەماندا ئاشکرا دەبن و باڵەخانە و بازاڕی برپرسانیش، وەک
قەبارەی فایلە ڕەشەکانیان، بەرزتر و فرەوانتر دەبن!.
مامۆستایان پێیان وایە ئیدی
دایکان و باوکانی ئەو منداڵانەی کە لە خوێندن بێبەش دەکرێن، تەختوبەختی دەسەڵاتداران
دەهەژێنن و ناچاریان دەکەن بێنە سەر خەت؟!. نا، بەوە نایەنە سەر خەت!. خۆپیشاندان و
مانگرتنی مامۆستایان، ئامانجی بەرپرسانن. خۆ داخستنی دەرگای خوێندنگە، منداڵە
نازدارەکانی خۆیان لە خوێندن بێ بەش ناکا و خۆپیشاندان، مادام زەرەری بۆ ملیۆنە
دۆلارەکانیان و تەلارەکانیان و بازرگانییە "نەخۆشکەر" و نەخۆشخانە
دەرماندەرەکانیان نییە، با هەر بۆ خۆی بەردەوام بێ!. منداڵی ئەوان، هەم خوێندنگەی
تایبەتییان هەیە، هەم مامۆستای تایبەتی!. ئەوەی بێبەش دەبێ، منداڵانی خۆمانن، بە
مامۆستا و پێشمەرگە و فەرمانبەر و کرێکار و کاسبکارەوە. ئەوەشی ئێستا دەکرێ، بە
لای بەرژەوەندیی دەسەڵاتداراندا دەشکێتەوە، چونکە هەر ئەو منداڵانەی کە لە خوێندن
بێبەش دەبن، سبەینێ بۆیان دەبنە حیمایە و بەرگرییان لێ دەکەن. دەبنە
"ئەمن" و باوکە برسییەکانی خۆیان بە گرت دەدەن و خۆپیشاندەران دارکاری
دەکەن!. ئەوەی دەبێ مان بگرێ و خۆپیشاندان بکا، هەموو توێژەکانی ترە تەنها
مامۆستاکان نەبێ.
پێویستە مامۆستا بەڕێزەکان بە
جۆرێکی تر بیر بکەنەوە: ئەوە خوێندنگە نییە مەعاشی ئەوانی بڕیوە!. ئەوە کەسوکاری
ئەو منداڵە بەشخوراوانە نییە کە مەعاشی بڕیوون. ئەوەی مەعاشی بڕیوون، لە جێیەکی ترە.
لە جێیەکن، مامۆستایان ناچن بەرانبەریان خۆپیشاندان بکەن یا بەردێ لە
پەنجەرەکانیان بگرن!. ئەوەی مەعاش دەبڕێ، گرێبەندی نەوت ئیمزا دەکا و بە تانکەر و
بۆڕی، بە لای خۆپیشاندەراندا تێیدەپەڕێنێ. منداڵی کورد چ تاوانێکیان هەیە، لە سەر
نانبڕینەوە، کۆڵەواریش بکرێن؟!.
منداڵی کورد، لە بنەڕەتدا
غەدرلێکراوون. با بامۆستایانیش غەدری تریان لێ نەکەن... ئاخر منداڵان، ئەگەر ئوممەتیشیان
نەبن، جگەرگۆشەی خۆیانن.
پێویستە بۆ دابینکردنی بژێوی
مامۆستایان، دایک و باوکان لە خەمدا بن و خۆپیشاندان بکەن، نەک مامۆستایان!.
لەگەڵ ڕێز و پشتگیری و هاوخەمیمدا
بۆ مامۆستایان.
The History of the Casino - One of the Most Popular Casinos
SvaraRaderaA relative newcomer to the world of online gambling, Wynn หาเงินออนไลน์ Las Vegas opened its doors gri-go.com to a 1xbet login new audience of over casinosites.one 600,000 in 2017. This was the first gri-go.com casino