onsdag 23 november 2016

... سەرۆکایەتی هەرێم و


١. سەرۆکی داهاتووی هەرێم، هەر کەسێ بێ، هەر دەبێ گوێڕایەڵی حیزبەکان و ڕێکەوتننامە و دەستووری حیزبەکان بێ، چونکە نە دارایی وڵاتی لە بەر دەستدا دەبێ، نە لەشکری حیزبەکانیشی لە پشت دەبێ. ئیدی یا دەبێ خۆی عیبرەت بکات و وەک قەرەقۆز هەڵسوڕێ تا دوای ماوەیەک، ئەویش دەبێ بە ملیاردێرێکی تر و کڕ دەبێ، یا ئەوەی خۆی دەپاڵێوێ سەر بە دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە بێ کە بەوەش هیچ ناگۆڕێ!. کەواتە چارەسەر ئەوە نییە کەسێ خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەریم، یا بۆ سەرۆکایەتی حکوومەت هەڵبژێرێ، بەڵکو ئەوەیە بە یاسای گردەبڕ داهاتی وڵات (بە نەوتیشەوە) بخرێتە بەر دەستی پەرلەمانێکی شەرعییەوە تا بە پێی پلانی نیشتیمانپەروەرانە ڕەفتاری پێوە بکات و لەشکریش بە فلتەری پەرلەماندا بخرێتە ژێر فەرمانی سەرۆکی هەرێم، یا سەرۆکی حکوومەت، جا ئەو دووە، هەر کەس دەبن با ببن. بەوەش سامان و لەشکر لە بن دەستی سەرۆک و سکرتێر و مەکتەبی سیاسی حیزبەکان دەردەچن. دەی جا کام حیزبی سەر بە دەسەڵاتی ئەمڕۆی کوردستان بەوە ڕازی دەبێ؟. بە دڵنیاییەوە، نە پارتی بەوە ڕازی دەبێ نە یەکێتی و تەنانەت جێگری سکرتێری یەکێتیش، کە لەشکری تایبەت بە خۆی هەیە و خاوەنی نیمچە حکوومەتێکە، بەوە ڕازی نابێ. ئیتر کێ دەیەوێ ڕیشی بتاشرێ و ئاوێنە بدرێتە دەستییەوە، با بفەرموێ و خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم یا سەرۆکایەتی حکوومەت بپاڵێوێ!.
٢- کێشەی پاڵێوراوی تازە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکوومەت، لە سەرەتادایە، دوێنێ (٢٢/١١/٢٠١٦) لە هەولێر مەلایەک کە ناوی (د. وشیار ئیسماعیل) بوو، تیرۆر کرا. کێ ناحەزی ئەو پیاوە بوو و بۆچوونەکانی دژی کێ بوون، ئەوە کاری من نییە، بەڵام کاری منە داوا بکەم هەر تاوانێک کە ئەنجام دەدرێ، بە یاسا یەکلایی بکرێتەوە نەک بە دەمداخستن و کوشتن، جا ئەو تیرۆرە، دەستی لایەنێکی دەسەڵاتی تێدابێ یا لایەنی نەیاری دەسەڵات یا نەیاری حیزبەکەی خۆی، جیاوازیی نییە!. ئامانجی من ئەوەیە ماتریالست و پیاوی ئاینی و نەتەوەیی و هی تریش، لە دەربڕینی ڕای خۆیاندا مافی وەک یەکیان هەبێ و ئازاد بن.
گوێم لە هەندێ گوتاری د. وشیار ئیسماعیل گرت، بۆم دەرکەوت بە قەدەر دڵسۆزییەکەی بۆ دینی خۆی، دڵسۆزی نەتەوە و نیشتیمانەکەشێتی. کەواتە ئەو فیشەکەی ئەوی کوشت، ئامانجی منیشی بریندار کرد. ڕەنگە ئەوە هۆکاری سەرەکیی کوشتنی ئەو مرۆڤە بووبێ... دیارە نابێ کەس دڵسۆزی نیشتیمان و نەتەوە بێ!... ڕۆژ ڕۆژی شتی ترە!.
لەگەڵ تیرۆرکردنی ئەو مەلایەدا، بیرم بۆ ئەوە چوو بڵێم: "چاکی مەکەن با خراپ نەبێ!". مادام لە هەولێر پارتی دیموکرات باڵادەستە، خوێنی ئەو مرۆڤە لە ئەستۆی دەزگاکانی ئەواندایە و پێویستە زوو، بێ ئەوەی کۆمیتەی دۆزینەوە یا بزرکردنی تاوانی بۆ دابندرێ و کەسێکی باڵادەستی حکوومەت خەڵکانی تر ڕاسپێرێ، پۆلیس و ئاسایش ئەرکی خۆیان ئەنجام بدەن و بکوژەکەی بدۆزنەوە، ئەگەر بکوژەکە هەر کەس و لایەنێ بێ!. کە دەبینین لە سنووری دەسەڵاتی پارتیدا سەر و برۆ دەتاشرێن و لە سەر فوول لایتێک گەنجی کورد دەکوژرێ، بمانەوێ یا نەمانەوێ، گومان دەچێتە سەر دەزگاکانی دەسەڵاتدارانی هەولێر. خۆ ئەگەر ئەو دەزگایانەیش بێ منەتن، ئەوە هەر ئەوەمان بۆ دەمێنێتەوە کڕ بین و بۆ هەر مردنێک و کوشتنێک و تیرۆرکردنێک و سەر و برۆتاشینێک، لە بەر خۆمانەوە بڵێین: "إنا للە وإنا اليە راجعون... حسبي اللە ونعم الوکيل!". واتە بە کورتییەکەی: هەواڵەی خوا بن!.

lördag 12 november 2016

بایکۆتی کەرەسەی تورک: با کەرەسەی تورکی حەرام بکەین


هەر کەرەسەیەکی تورک کە دەیکڕین، ئەگەر یەک پاکەتە ماستیش بێ، لە ئەنجامدا دەبێتە فیشەکێک و بە دڵی کوردێکەوە دەنرێ... دەبێتە دەنکە شقارتەیەک و ماڵە کوردێک دەسووتێنێ، جا لە باشوور بێ یا ڕۆژاوا یا باکووری کوردستان. ئەمڕۆ لە ڕواڵەتدا، تورکیا دۆستی بەشێکی باشوورە، بەڵام تورکەکان بە ئاشکرا شەڕی ڕەگەز دەکەن و قەبووڵ ناکەن لە مەڕیخیش کورد دەوڵەتی هەبێ و جگە لەوەی ئاینیش لە دژی کورد بەکار دێنن، دەڵێن: ئەگەر خودا پشتی کورد بگرێ، تورک لێی هەڵدەگەڕێتەوە. ئەوان ئاوها دوژمنایەتی کورد دەکەن!
ئەو دەمەی "ئۆجەلان" لە ئیتالیا گیری خواردبوو و دادگا ڕەتی کردەوە ڕادەستی تورکیای بکاتەوە، تورکەکان نەک هەر بایکۆتی کەرەسەی ئیتالییان کرد، بگرە دوکاندارەکانیشیان، هەر یەکە و لە ئاستی خۆیەوە، چی کەرەسەی ئیتالییان هەبوو، تووڕیان دەدایە سەر شەقامەکان. جگە لەوەش، تورکیا هەڕەشەی کرد بایکۆتی کەرەسەی هەموو ئەوروپا بکا.
ئەی بۆچی کورد بەرانابەر ڕەفتاری تورکیا هەڵوێستی نەبێ؟. بەرهەمی خۆماڵی، ئەگەر دوو هەندەی کەرەسەی تورکیش گران بێ، ئەرکە بە سەر شانمانەوە خۆماڵییەکە هەڵبژێرین چونکە لە لایەکەوە پشتگیری بەرهەمی نیشتیمانی دەکەین و لە لایەکی ترەوە ناڕەزایی خۆمان بەرانبەر ڕەفتارەکانی تورکیا دەردەبڕین.
تورکیا، بەر لەوەی هەڕەشە بێ بۆ باکوور و ڕۆژاوای کوردستان، هەڕەشەیە بۆ باشوور... ئەوە تورکیایە و لە مێژووی نزیکدا ئەوەی بۆ کوردی لایەنگری خۆشی سەلماندووە.
با نەبینە هۆکاری کوشتن و ماڵوێرانی کورد... نا بۆ بەرهەمی تورکی!
کوردینە هیممەتێک!.

سەرنج: تکایە هەر کەسە و لە لای خۆیەوە شەیری بکا و بە پێی توانا وێنەی گونجاو بۆ بابەتەکە دابنێ. 

tisdag 8 november 2016

ئەمنستی: سەدان ماڵە عارەب لە کەرکووک دەردەکرێن


هەواڵەکانی تەلەڤزیۆنی سویدی (Stv nyheter):
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ)، بەرپرسە کوردەکان بەوە تۆمەتبار دەکا کە سەدان خێزانی عارەبە سوننەکان لە کەرکووک دەردەکەن.
لین مەعلوف (Lynn Malouf) کە جێگری چاودێری ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییە لە بەیرووت، لە ڕاگەیاندراوێکدا دەنووسێ: بە زۆر هەڵکەندن و دەرکردنی عارەبی سوننە لە ماڵی خۆیان، نایاساییەکی توندە. پێویستە بەرپرسە کوردەکان یەکسەر لە دەرکردن و وێرانکردنی ماڵی عارەبە سوننەکان بوەستن.
باشە؟!. لە لایەکەوە، ئەو ڕێکخراوە بۆ هەڵکەندنی کورد و قڕکردن و ئاوەرەکردنیان، لە ماوەی دەیان ساڵدا فززەی لێوە نەهاتووە، بەڵام بۆ دەرکردنی ئەو عارەبانەی کە پەنا دراوون، (ئەگەر دەرکرابن!!) هاواری لێ هەستاوە. لە لایەکی ترەوە، ئەوە هەڵەی کوشندەی بەرپرسە کوردەکانە کە هەر لە سەرەتاوە ڕێیان بەو عارەبانە دا بچنە ناو شاری کەرکووکەوە و کامپێکیان بۆ تەرخان نەکردن.
ئاشکرایە ئەو ژنە عارەبە (لین مەعلوف) ئەو کەسایەتییە نییە گوێی لێ بگیرێ، بەڵام بارودۆخی کورد ئەوەندە ناسکە، زۆر ڕێی تێدەچێ ئەو ڕاپۆرتەی لێ ببێتە بەڵاو و هۆکاری کارەسات، دەنا هەواڵەکانی دنیا بۆچوونەکەیان بە گرنگییەوە بڵاو نەدەکردەوە.
دە فەرموون، ئەوا عارەبی ئاوارە، وەک قولابی ماسی لە قوڕگی کورد گیر بوون و بوون بە سەرباری هەموو ئەو بەڵایانەی بە سەر کورددا هاتوون. لە کاتی ڕووخانی بەعسەوە، چەندین دەرفەت بۆ وەدەرنانی عارەب ڕەخسان، کەچی بەرپرسەکان، وەک کۆیلەی عاقڵ و گوێڕایەڵی مەولاکانیان، بوون بە بەربەست لە بەردەم پاكکردنەوەی کەرکووکدا و نە خۆیان هیچیان کرد، نە ڕێیان دا خەڵکی کەرکووک خەمی شارەکەیان بخۆن!.
من نازانم ئەم بەرپرسانە دۆستی کوردن یا ترسناکترین و سەرسەختترین دوژمنی کوردن!... ئایە ئەمانە، هەر لە بنەڕەتەوە لقێک نەبوونە لە (حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی)؟. ئاخر لەوە دەرچووە حیسابی کاڵفامی و بێعەقڵی و نەزانی بۆ بەرپرسە کوردەکان بکرێ، بە تایبەتی ئەوانەی کەرکووک!.
مام جەلالی بەڕێز، کە ماوەیەک بوو بە سەرۆکی عیراق، چی دەست کەوت و چ سەروەرییەکی بەو پۆستە بۆ کورد و تەنانەت بۆ خۆشی بەدەست هێنا، کاک مەسعوودی بەڕێزیش لە سەرۆکایەتیکردنی "هەرێم"، بەم شێوەیە کە کەرکووک لە دەست بدا، هەر ئەوەندەی دەست دەکەوێ!!.
ئایە ئەمانە لە مێژوو سڵ ناکەنەوە؟!. ئەمانە بیر لەوە ناکەنەوە بە کام دەرگادا دەچنە ناو مێژووەوە؟!.
ئەو هەرایەی ئەمنستی بەرپای دەکا، نیشانەیەکی زەقە بۆ بەقوڕدابردنی چارەنووسی کەرکووک... ئەگەر بۆ هیچ شتێ گوێ لەو ڕێکخراوە نەگیرێ، بۆ مەسەلەی کورد، بە چارەنووسی ڕەش و سەرکردەی خەمساردەوە، دەبێتە کارەسات!!.
سەرکردەی کور!!.. لێخوڕن، دەشتە!! ببن بە ملیاردێر و دوایی لە کون و کەلەبەری ئەم جیهانەدا، خۆتان لە چاوی هەموو منداڵێکی کورد بشارنەوە تا ڕۆژێکی گلۆر دەبنە ناو گۆڕەوە و ئەوەی بۆ نەوەکانی خۆتانی جێدەهێڵن، تەنها شەرمەزارییە!.

سەرنج: ئەم وێنەیەش لەگەڵ ڕاپۆرتەکەدا بڵاو کراوەتەوە

lördag 5 november 2016

گرێکوێرەی دڵگەورەیی کورد


گرێکوێرەیەک، کە نەک هەر لەوە دەرچووبوو بە دەست بکرێتەوە، بە ددانیش بۆم نەدەکرایەوە، ئێستا بە گوتەیەکی مامۆستا مەسعوو محەمەد، کە کاک بێستوون جەلیزادە (Bestoon Jalyzada) لە کتێبی ژیان و جیهانبینی وەریگرتووە و بە دیوارەکەی خۆیەوە هەڵیواسیوە، خۆی بە دەستەوە دا و بە ئاسانی کرایەوە. ئەو خەسڵەتی دڵنەرمی و مێواننەوازی و لێبوردەییەی کورد بەرانبەر بێگانە و تەنانەت بەرانبەر دوژمنی خۆشی هەیەتی، جێی سەرسوڕمانم بوو و لێم ببوو بە مەتەڵ و هۆکارەکەیم نەدەدۆزییەوە. جارێ بۆ هۆی جوگرافی و کەشوهەوام دەگێڕایەوە و جارێ دەمخستە ئەستۆی ئاینی کۆنی کورد و هەندێ جاریش دڵگەورەیی و بەرچاوتێری. ئەگەر بەوانەش دڵم دانەکەوتبا، دەمگوت بە هۆی پەروەردەی حیزبەکانەوە، هەستی برایەتیی کورد بەرانبەر بە دوژمنیش سەری کردووە!. لەوە گەڕێ کە بینیمان لە ڕاپەڕینی ١٩٩١دا، دەیان هەزار سەربازی کوردکوژ و ئەنفالچی کەوتنە بەر دەستی کورد، کەچی ئەوپەڕی خزمەت کران و برایانە بەڕێ کران. بۆچی؟! خۆ قەرزاریان نەبووین و چاکەشیان بە سەرمانەوە نەبوو!. پێم وا نییە تەنها بە چاکەخوازی و خێرخوازیی کورد ئەم مەتەڵە هەڵبێنن بەڵکو شارەزای چەندین بواری دەروونی و مێژوویی و کۆمەڵایەتی و شتی تری دەوێ.. ئاخر من کە لە جێیەکدا گوتوومە مەسعوود محەمەد زەریایەکە و ئێمە بە دیاریەوە وەستاوین و تا چۆکمان تەڕ بووە، بە هۆی ئەم جۆرە بۆچوونە وردانەوە ئەوەم گوتووە.
مامۆستا مەسعوود محەمەد نووسیویەتی: "لە ناو عەرەب، بە زۆری هەرە زۆر لە موقارەنەدا چاکەی خزمەتگوزاریی کورد دەڵێنەوە. ئەم مێرخاسییەی کوردی نێوان بێگانە هی پەروەردەی سۆربۆن و ئۆکسفۆرد نییە، بەڵکو میراتە هەرە مەلعوونەکەی بێدەسەڵاتییە کە ترسی ناوزڕان و سزادان دەیکاتە شەهادەی (حسن سلوک). دەزانم و دیتوومە، لە هەندێ ساڵی ئاشتیی نێوان کورد و حکومەتی بەغدا هەزاران عەرەبی بەغدا و بەسرە دەڕژانە شار و ئاوەدانییەکانی کورد و بێ مزە و بێ مەمنوونییەت لە لایەن خەڵکەوە، نەک لە لایەن خاوەن ئوتێل، دادەکران. ماڵم حەقە عەرەبەکەش لێی بەزیاد بێ دوای کەیف و سەفای خۆی باسێکی ئەو میواننەوازییەی بە چاکە دەگێڕایەوە، بەڵام قەت و قەت دانیشتویەکی بەغدا و بەسرەی عەرەب کوردێکی ئاوارەیان دانەکردووە".
بەڵێ بۆ وەدەستهێنانی (حوسنی سلووک)، کورد نەک هەر دەرگای لێ کردوونەتەوە و لە کاتی دەستڕۆیشتندا چاوپۆشی لە بکوژی میللەتەکەی و سووتێنەری خاکەکەی کردووە، بەڵکو بەرگری لە ئەنفالچییەکی وەک خەزرەجی و سوڵتان هاشمیش دەکا و تەنانەت بۆ ئیعدامکردنی سەددامیش ئیمزا ناخاتە سەر کاغەز.. ئەوانە هەوڵدان نین بۆ بەدەستهێنانی شەهادەی (حسن السلوک) تا بیسەلمێنین منداڵگەلێکی عاقڵین؟!. ئەدی عارەب بۆچی قەت ئەوانەیان لە چاو نییە و حیسابیان بۆ ئەو (حووسنی سلووکە)ی کورد نەکردووە و نایکەن؟!. پێم وابێ بە هۆی هەمان دڵگەورەیی و مێواندۆستی و چاوپۆشییەوە حەویجەشمان لە قەبێڵیان کرد و دواتر، نەک هەر پێیان نەزانی، بەڵکو بوون بە هۆی تەعریبکردن و وێرانکردن و فەرهوودکردنی هەموو دەڤەرەکە، بە بان و بنی کەرکووکیشەوە. ئاخر ئەوان کورد بە موالیی خۆیان دەزانن و هەر چاکە، ئەگەر بە زارەکیش بێ، جاروبارێ باسی مێواننەوازیی کورد بکەن.
بەڵێ مامۆستا مەسعوود محەمەد گرێکوێرەکەی بە ئاسانی کردەوە و دەریشیخست بۆ چی کورد لە کاتی دەستڕۆیشتندا، تۆڵەیەکی یاسایی لە سەددام نەکردەوە و بۆ ئیعدامکردنی ئێمزای نەکرد. بەرگریکردن لە سوڵتان هاشم و خەزرەجی و ئەنفالچییەکانی تریش، پلەی شادی (حسن السلوک)ی کوردیان بەرز کردەوە. ئەگەر دەشڵێن بۆچی لە جاشە ئەنفالچییەکان خۆش بووین، جاش لە سەر ئاغاکانی کورد حیسابن و دەخرێنە سەر چاو!... جاش، منداڵی بەنازی ئاغاکانمان بوون!.

onsdag 2 november 2016

بۆچوونێک لە سەر (ی)ی نیسبەت



کاک دکتۆر هێمن خورشید، نووسینێکی لە سەر بەکارهێنای (ی)ی نیسبەت لە دیواری فەیسبووکی خۆیدا بڵاو کردۆتەوە، بە ڕاستی هی خوێندنەوەیە، ئەگەرچی مەرجیش نییە باوەڕی تەواو بە بۆچوونەکانی بهێنیت و قسە لە قسەیدا نەکەیت، چونکە ئەو بوارە، ئەگەر ئەمسەری دیار بێ، ئەوسەری دیار نییە و بە هۆی بێ (مەرجەعی)یەوە، بووە بە کاری سەلیقەی تاکەکەسی و ناوچەیی. ئازیزێکیش بە ناوی (محەمەد سۆزلەر)ەوە وەڵامێکی بۆ نووسیوە، بەڵام بە شێوازێکی نەختێ توندی ناپێویست.
ئاسان نییە یەک کەس ئەو ئەرکە قورسە بخاتە ئەستۆی خۆی و بە هەموو کەسیشی بسەلمێنێ کە بۆچوونەکانی ڕاستن. هەموو میللەتێک کۆمیتەی تایبەتی بۆ زمان هەیە و دەبێ بە سەرچاوە. کۆڕی زانیاری کورد لە حەفتاکانی سەدەی پێشوودا، بە مەسعوود محەمەد و هەژار و هێمن و عەلائەددین سەججادی و ئەوڕەحمانی حاجی مارف و زۆر لێهاتووی ترەوە، خەریک بوو ئەو ڕۆڵە ببینێ بەڵام لە سەرتای ڕێگادا لێی ناهومێد کراین. دەبێ سەرچاوەی زمان کۆمەڵێ خەڵکی شارەزای وابن، کە کەسێکی وەک من، بۆ لێحاڵیبوون نەبێ، نەتوانێ قسە لە قسەیاندا بکا. ئەگەر ئێستا خەڵکانێکی وەک، بۆ نموونە، عەزیز گەردی و فەرهاد شاکەلی و فەهمی کاکەیی و ئەمجەد شاکەلی و جەلیل کاکەوەیس و حەمەکەریم عارف و خەڵکی تری بەئەزموون، دوور لە حیزبایەتی و کەشوفشی دەسەڵات، سەرشار، یا کۆڕی زمانیان بەڕێوە ببردایە و لە هەموو بوارێکدا دەستیان کراوە بوایە، ئەم وردەکێشانەش بۆ خۆیان چارەسەر دەبوون. بەڵام کەسانێک کە نەتوانن دوو ڕستەی ڕەوانی کوردی داڕێژن و ببن بە سەرقافڵە، دەبێ جارێ هەر لە ململانێدابین و ئەم وردە دەمەتەقێ و سەرگەرمییە بەردەوام دەبن.
جارێ با بڵێین لە جێی پێویستدا، (ی)ی نەسەب بۆ هەموو وشەیەک دادەنێین، ئیدی کۆتایی وشەکە بە هەرچییەک دێ، با بێ: چۆن دەڵێین کوندەی پینەکراو و مامری سەربڕاو، ئاوهاش دەڵێین (دەرزی)ی دوورمان و (نالی)ی کورد و (با)ی پایز و (قەتێ)ی گەرمیان و (ترۆزی)ی خاسە... ڕەنگە ئەو بۆچوونەم لە نووسیندا کردبێ بە بنەما و لە سەری بەردەوام بووبم و کەسێکی تریش، شێوازێکی تری کردبێ بە بنەما. لە گەرمیان، ئەوەندەی کرابێ (ی)ی نەسەب وەلا نراوە، بەڵام وەک کە دەڵێین: بەرد زل، عەرد تەخت و ماڵ باوکم... و بە قەولی عەزیز گەردی سکوونەکە سکوونی نەسەبە، ناتوانین لە بای پایز و هەوای گەرم و شنەی شەماڵ و... لەو (ی)ی نەسەبە بخەلەسێین. ئەمەش بۆچوونێکی جوانی فەرهاد شاکەلییە، کە خۆی گەرمیانییە و خەریکی زمانە.
بەڵام گەلۆ! لەولاوە مامۆستا مەسعوود محەمەد، بە پشتبەستن بە زمانی پەهلەوی، دەست دەخاتە ئەو بۆچوونەی منەوە و ڕێک پێچەوانە، یا پشتەوشاری دەکاتەوە و هەر دەقاودەق دەڵێ: [هەموو ئەو وشانەی کۆتاییان بە (ی) دێت، وەک ماسی، سپی، ترۆزی... لە نیسبەتدا "ی" بە خۆیانەوە ناگرن. ئنجا ئەگەر بڵێین "ماسیەکی، سپیەکی، ترۆزیەکی..."، ڕێژەیەکی ڕەسەنی کوردیمان بەکار هێناوە. ئەو وشانەش کە (وصف)یان تێدایە ئەگەر "ی"یان بە دوادا هات، بۆ لای تەجرید (Abstract)یان دەباتەوە وەک جوانی، ئازایی، لەسەرخۆیی... لێرەشدا کە گوتمان: "جوانەکی، ئازایەکی، لەسەرخۆیەکی..."، لە گرفتی تێکەڵبوونی نسبەت و تەجرید ڕزگار دەبین].
جا یا دەبێ بۆچوونەکەی مامۆستا مەسعوود محەمەد پشتگوێ بخەین (کە ناکرێ پشتگوێ بخرێ) و لەسەر بۆچوون و شەڕی خۆمان سوور و بەردەوام بین، یا نەختێ بە دیار بۆچوونی ئەو زاتەوە بوەستین و بیکەینە پێوەر، نەک بۆ بۆچوونی بەرانبەر و نەیار، بەڵکو پێش ئەوان، بۆ بۆچوونی خۆمان، وەک من لێرەدا هەوڵم داوە بۆ بۆچوونی خۆمی بکەمە پێوەر و بە دیار شێوازی بەکارهێنانی نیسبەتەوە بوەستم.
ساڵەهای ساڵە بژێووم لە سەر بیری مامۆستا مەسعوود محەمەدە، کەچی دەبینم لە ڕوووی زمانەوە، کەرەسەکانی هێند قورسن، پێم ناکرێ پێڕەوییان لێ بکەم. ئەی دەبێ کاکە دکتۆر هێمن و کاکە محەمەد، بە ئاسانی پەیڕەوی لێ بکەن یا ئەوەندەیان توانا هەبێ بۆچوونەکانی ڕەت بکەنەوە.
بۆ قسەکردن لە سەر هەندێ بابەتی سەر بە ڕێزمان، سەلیقەی ناوچەیی خۆمان بەش ناکات، بەڵکو پێویستیمان بە شارەزایی هەیە لە ڕەگ و ڕیشاڵی زمانەکەمان و زاراوەکانی تریش، کە نووسەرانی ئەم سەردەمە، مەگەر بە دەگمەن، دەنا خۆیانی پێیانەوە خەریک ناکەن. جارێ کێشەی زاراوە (مصطلح) کە لە وەرگێرانی دەقێکی ئەدەبیدا یەخەمان دەگرێ، بۆتە کۆسپی سەرەڕێی وەرگێڕان کەچی وەرگێڕ هەیە، بێ ئەوەی بیری لێ بکاتەوە، دایدەپاچێ و هیچ کوێشی ناهێشێ!!. لە یەکێ لە کارەکانمدا ڕێژنەی بارانم بە "کوندەی سەروخوار" داناوە، خوێنەرێک لێی پرسیم: "دۆستیڤسکی کوندەی بەکار هێناوە؟!". زاراوە، هەر لە کوردیدا کێشە نییە، بەڵکو لە زمانەکانی تریشدا کێشەیە و هەندێ جار هەمان ئەو زاراوەیە بەکار دێنن کە لە دەقەکەدا هەیە، چونکە شتێکی بەرانبەر لە زمانی خۆیاندا نابیننەوە. لە بواری پیشەسازیدا، هەر لە کۆنەوە سوید لە دوای ئەڵمانیا و بەریتانیاوە بووە. لەبەر ئەوەی کەرەسەی پیشەسازی لەو دوو جێیەوە هاتوون، زاراوەی بواری پیشەسازیش لەگەڵ کەرەسەکاندا، لەو دوو جێیەوە بۆ ناو بواری پیشەسازی سوید هاتووە و لێیان نابنەوە. کەچی لە بواری سەهۆڵشکاندن و بەفرماڵین و ڕاودا، سوید لە دوایانەوە نییە.
من بەشبەحاڵی خۆم، کە دەبینم زمانی کوردی هێشتا بە زندوویی ماوەتەوە، خۆم بە قەرزاری ئەو شاخانە دەزانم کە زمانەکەشمان وەک خەڵکەکەمان، پەنایان بۆ برووە و بۆ مانەوە، خۆیان تێیاندا شاردۆتەوە، دەنا دەبوو کوردی، دوای ئەو سەدان ساڵە ژێردەستەییە، نەمابا.
من پێم چاکە ئەم بابەتە، پێش هەموو کەسێک، لە لایەن منەوە، یا دابخرێ یا هەر وەک پرسوڕا قسەی لەسەر بکرێ، نەک وەک بڕیاری گردەبڕ، تا ڕۆژێکی لەو بۆچوونانەی مامۆستا مەسعوود محەمەد تێدەگەین و توانستی ئەوەمان دەبێ لەسەری بدوێین، ئەوەش شارەزایی لە ئاڤێستا و پەهلەوی دەوێ. ئەدی دکتۆر هێمن و کاک محەمەد و ئەوانەی لایک و کۆمێنت لە سەر بۆچوونەکان دەکەن و دەنووسن، بۆچوونێکی تریان هەیە؟!