١. سەرۆکی داهاتووی هەرێم، هەر کەسێ بێ، هەر
دەبێ گوێڕایەڵی حیزبەکان و ڕێکەوتننامە و دەستووری حیزبەکان بێ، چونکە نە دارایی
وڵاتی لە بەر دەستدا دەبێ، نە لەشکری حیزبەکانیشی لە پشت دەبێ. ئیدی یا دەبێ خۆی
عیبرەت بکات و وەک قەرەقۆز هەڵسوڕێ تا دوای ماوەیەک، ئەویش دەبێ بە ملیاردێرێکی تر
و کڕ دەبێ، یا ئەوەی خۆی دەپاڵێوێ سەر بە دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە بێ کە بەوەش هیچ
ناگۆڕێ!. کەواتە چارەسەر ئەوە نییە کەسێ خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەریم، یا بۆ
سەرۆکایەتی حکوومەت هەڵبژێرێ، بەڵکو ئەوەیە بە یاسای گردەبڕ داهاتی وڵات (بە
نەوتیشەوە) بخرێتە بەر دەستی پەرلەمانێکی شەرعییەوە تا بە پێی پلانی نیشتیمانپەروەرانە
ڕەفتاری پێوە بکات و لەشکریش بە فلتەری پەرلەماندا بخرێتە ژێر فەرمانی سەرۆکی
هەرێم، یا سەرۆکی حکوومەت، جا ئەو دووە، هەر کەس دەبن با ببن. بەوەش سامان و لەشکر
لە بن دەستی سەرۆک و سکرتێر و مەکتەبی سیاسی حیزبەکان دەردەچن. دەی جا کام حیزبی
سەر بە دەسەڵاتی ئەمڕۆی کوردستان بەوە ڕازی دەبێ؟. بە دڵنیاییەوە، نە پارتی بەوە
ڕازی دەبێ نە یەکێتی و تەنانەت جێگری سکرتێری یەکێتیش، کە لەشکری تایبەت بە خۆی
هەیە و خاوەنی نیمچە حکوومەتێکە، بەوە ڕازی نابێ. ئیتر کێ دەیەوێ ڕیشی بتاشرێ و
ئاوێنە بدرێتە دەستییەوە، با بفەرموێ و خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم یا سەرۆکایەتی
حکوومەت بپاڵێوێ!.
٢- کێشەی پاڵێوراوی تازە بۆ سەرۆکایەتی
هەرێم و سەرۆکایەتی حکوومەت، لە سەرەتادایە، دوێنێ (٢٢/١١/٢٠١٦) لە هەولێر مەلایەک
کە ناوی (د. وشیار ئیسماعیل) بوو، تیرۆر کرا. کێ ناحەزی ئەو پیاوە بوو و
بۆچوونەکانی دژی کێ بوون، ئەوە کاری من نییە، بەڵام کاری منە داوا بکەم هەر
تاوانێک کە ئەنجام دەدرێ، بە یاسا یەکلایی بکرێتەوە نەک بە دەمداخستن و کوشتن، جا
ئەو تیرۆرە، دەستی لایەنێکی دەسەڵاتی تێدابێ یا لایەنی نەیاری دەسەڵات یا نەیاری
حیزبەکەی خۆی، جیاوازیی نییە!. ئامانجی من ئەوەیە ماتریالست و پیاوی ئاینی و
نەتەوەیی و هی تریش، لە دەربڕینی ڕای خۆیاندا مافی وەک یەکیان هەبێ و ئازاد بن.
گوێم لە هەندێ گوتاری د. وشیار ئیسماعیل گرت،
بۆم دەرکەوت بە قەدەر دڵسۆزییەکەی بۆ دینی خۆی، دڵسۆزی نەتەوە و نیشتیمانەکەشێتی.
کەواتە ئەو فیشەکەی ئەوی کوشت، ئامانجی منیشی بریندار کرد. ڕەنگە ئەوە هۆکاری
سەرەکیی کوشتنی ئەو مرۆڤە بووبێ... دیارە نابێ کەس دڵسۆزی نیشتیمان و نەتەوە بێ!...
ڕۆژ ڕۆژی شتی ترە!.
لەگەڵ تیرۆرکردنی ئەو مەلایەدا، بیرم بۆ
ئەوە چوو بڵێم: "چاکی مەکەن با خراپ نەبێ!". مادام لە هەولێر پارتی
دیموکرات باڵادەستە، خوێنی ئەو مرۆڤە لە ئەستۆی دەزگاکانی ئەواندایە و پێویستە زوو،
بێ ئەوەی کۆمیتەی دۆزینەوە یا بزرکردنی تاوانی بۆ دابندرێ و کەسێکی باڵادەستی
حکوومەت خەڵکانی تر ڕاسپێرێ، پۆلیس و ئاسایش ئەرکی خۆیان ئەنجام بدەن و بکوژەکەی
بدۆزنەوە، ئەگەر بکوژەکە هەر کەس و لایەنێ بێ!. کە دەبینین لە سنووری دەسەڵاتی پارتیدا
سەر و برۆ دەتاشرێن و لە سەر فوول لایتێک گەنجی کورد دەکوژرێ، بمانەوێ یا
نەمانەوێ، گومان دەچێتە سەر دەزگاکانی دەسەڵاتدارانی هەولێر. خۆ ئەگەر ئەو
دەزگایانەیش بێ منەتن، ئەوە هەر ئەوەمان بۆ دەمێنێتەوە کڕ بین و بۆ هەر مردنێک و
کوشتنێک و تیرۆرکردنێک و سەر و برۆتاشینێک، لە بەر خۆمانەوە بڵێین: "إنا للە
وإنا اليە راجعون... حسبي اللە ونعم الوکيل!". واتە بە کورتییەکەی: هەواڵەی
خوا بن!.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar