هەواڵەکانی تەلەڤزیۆنی
سویدی (Stv nyheter):
ڕێکخراوی لێبوردنی
نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ)، بەرپرسە کوردەکان بەوە تۆمەتبار دەکا کە سەدان
خێزانی عارەبە سوننەکان لە کەرکووک دەردەکەن.
لین مەعلوف (Lynn Malouf) کە جێگری
چاودێری ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییە لە بەیرووت، لە ڕاگەیاندراوێکدا دەنووسێ: بە
زۆر هەڵکەندن و دەرکردنی عارەبی سوننە لە ماڵی خۆیان، نایاساییەکی توندە. پێویستە بەرپرسە
کوردەکان یەکسەر لە دەرکردن و وێرانکردنی ماڵی عارەبە سوننەکان بوەستن.
باشە؟!. لە لایەکەوە،
ئەو ڕێکخراوە بۆ هەڵکەندنی کورد و قڕکردن و ئاوەرەکردنیان، لە ماوەی دەیان ساڵدا
فززەی لێوە نەهاتووە، بەڵام بۆ دەرکردنی ئەو عارەبانەی کە پەنا دراوون، (ئەگەر
دەرکرابن!!) هاواری لێ هەستاوە. لە لایەکی ترەوە، ئەوە هەڵەی کوشندەی بەرپرسە
کوردەکانە کە هەر لە سەرەتاوە ڕێیان بەو عارەبانە دا بچنە ناو شاری کەرکووکەوە و کامپێکیان بۆ تەرخان نەکردن.
ئاشکرایە ئەو ژنە عارەبە
(لین مەعلوف) ئەو کەسایەتییە نییە گوێی لێ بگیرێ، بەڵام بارودۆخی کورد ئەوەندە
ناسکە، زۆر ڕێی تێدەچێ ئەو ڕاپۆرتەی لێ ببێتە بەڵاو و هۆکاری کارەسات، دەنا
هەواڵەکانی دنیا بۆچوونەکەیان بە گرنگییەوە بڵاو نەدەکردەوە.
دە فەرموون، ئەوا عارەبی
ئاوارە، وەک قولابی ماسی لە قوڕگی کورد گیر بوون و بوون بە سەرباری هەموو ئەو
بەڵایانەی بە سەر کورددا هاتوون. لە کاتی ڕووخانی بەعسەوە، چەندین دەرفەت بۆ
وەدەرنانی عارەب ڕەخسان، کەچی بەرپرسەکان، وەک کۆیلەی عاقڵ و گوێڕایەڵی
مەولاکانیان، بوون بە بەربەست لە بەردەم پاكکردنەوەی کەرکووکدا و نە خۆیان هیچیان کرد، نە ڕێیان دا خەڵکی کەرکووک خەمی شارەکەیان بخۆن!.
من نازانم ئەم بەرپرسانە
دۆستی کوردن یا ترسناکترین و سەرسەختترین دوژمنی کوردن!... ئایە ئەمانە، هەر لە
بنەڕەتەوە لقێک نەبوونە لە (حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی)؟. ئاخر لەوە دەرچووە
حیسابی کاڵفامی و بێعەقڵی و نەزانی بۆ بەرپرسە کوردەکان بکرێ، بە تایبەتی ئەوانەی
کەرکووک!.
مام جەلالی بەڕێز، کە
ماوەیەک بوو بە سەرۆکی عیراق، چی دەست کەوت و چ سەروەرییەکی بەو پۆستە بۆ کورد و
تەنانەت بۆ خۆشی بەدەست هێنا، کاک مەسعوودی بەڕێزیش لە سەرۆکایەتیکردنی
"هەرێم"، بەم شێوەیە کە کەرکووک لە دەست بدا، هەر ئەوەندەی دەست
دەکەوێ!!.
ئایە ئەمانە لە مێژوو سڵ
ناکەنەوە؟!. ئەمانە بیر لەوە ناکەنەوە بە کام دەرگادا دەچنە ناو مێژووەوە؟!.
ئەو هەرایەی ئەمنستی بەرپای
دەکا، نیشانەیەکی زەقە بۆ بەقوڕدابردنی چارەنووسی کەرکووک... ئەگەر بۆ هیچ شتێ گوێ
لەو ڕێکخراوە نەگیرێ، بۆ مەسەلەی کورد، بە چارەنووسی ڕەش و سەرکردەی خەمساردەوە،
دەبێتە کارەسات!!.
سەرکردەی کور!!..
لێخوڕن، دەشتە!! ببن بە ملیاردێر و دوایی لە کون و کەلەبەری ئەم جیهانەدا، خۆتان
لە چاوی هەموو منداڵێکی کورد بشارنەوە تا ڕۆژێکی گلۆر دەبنە ناو گۆڕەوە و ئەوەی بۆ
نەوەکانی خۆتانی جێدەهێڵن، تەنها شەرمەزارییە!.
سەرنج: ئەم وێنەیەش
لەگەڵ ڕاپۆرتەکەدا بڵاو کراوەتەوە
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar