کاک
دکتۆر هێمن خورشید، نووسینێکی لە سەر بەکارهێنای (ی)ی نیسبەت لە
دیواری فەیسبووکی خۆیدا بڵاو کردۆتەوە، بە ڕاستی هی خوێندنەوەیە، ئەگەرچی مەرجیش نییە
باوەڕی تەواو بە بۆچوونەکانی بهێنیت و قسە لە قسەیدا نەکەیت، چونکە ئەو بوارە،
ئەگەر ئەمسەری دیار بێ، ئەوسەری دیار نییە و بە هۆی بێ (مەرجەعی)یەوە، بووە بە
کاری سەلیقەی تاکەکەسی و ناوچەیی. ئازیزێکیش بە ناوی (محەمەد سۆزلەر)ەوە وەڵامێکی
بۆ نووسیوە، بەڵام بە شێوازێکی نەختێ توندی ناپێویست.
ئاسان
نییە یەک کەس ئەو ئەرکە قورسە بخاتە ئەستۆی خۆی و بە هەموو کەسیشی بسەلمێنێ کە
بۆچوونەکانی ڕاستن. هەموو میللەتێک کۆمیتەی تایبەتی بۆ زمان هەیە و دەبێ بە
سەرچاوە. کۆڕی زانیاری کورد لە حەفتاکانی سەدەی پێشوودا، بە مەسعوود محەمەد و
هەژار و هێمن و عەلائەددین سەججادی و ئەوڕەحمانی حاجی مارف و زۆر لێهاتووی ترەوە،
خەریک بوو ئەو ڕۆڵە ببینێ بەڵام لە سەرتای ڕێگادا لێی ناهومێد کراین. دەبێ
سەرچاوەی زمان کۆمەڵێ خەڵکی شارەزای وابن، کە کەسێکی وەک من، بۆ لێحاڵیبوون نەبێ،
نەتوانێ قسە لە قسەیاندا بکا. ئەگەر ئێستا خەڵکانێکی وەک، بۆ نموونە، عەزیز گەردی
و فەرهاد شاکەلی و فەهمی کاکەیی و ئەمجەد شاکەلی و جەلیل کاکەوەیس و حەمەکەریم
عارف و خەڵکی تری بەئەزموون، دوور لە حیزبایەتی و کەشوفشی دەسەڵات، سەرشار، یا کۆڕی
زمانیان بەڕێوە ببردایە و لە هەموو بوارێکدا دەستیان کراوە بوایە، ئەم وردەکێشانەش
بۆ خۆیان چارەسەر دەبوون. بەڵام کەسانێک کە نەتوانن دوو ڕستەی ڕەوانی کوردی داڕێژن
و ببن بە سەرقافڵە، دەبێ جارێ هەر لە ململانێدابین و ئەم وردە دەمەتەقێ و
سەرگەرمییە بەردەوام دەبن.
جارێ
با بڵێین لە جێی پێویستدا، (ی)ی نەسەب بۆ هەموو وشەیەک دادەنێین، ئیدی کۆتایی
وشەکە بە هەرچییەک دێ، با بێ: چۆن دەڵێین کوندەی پینەکراو و مامری سەربڕاو، ئاوهاش
دەڵێین (دەرزی)ی دوورمان و (نالی)ی کورد و (با)ی پایز و (قەتێ)ی گەرمیان و (ترۆزی)ی
خاسە... ڕەنگە ئەو بۆچوونەم لە نووسیندا کردبێ بە بنەما و لە سەری بەردەوام بووبم
و کەسێکی تریش، شێوازێکی تری کردبێ بە بنەما. لە گەرمیان، ئەوەندەی کرابێ (ی)ی نەسەب
وەلا نراوە، بەڵام وەک کە دەڵێین: بەرد زل، عەرد تەخت و ماڵ باوکم... و بە قەولی
عەزیز گەردی سکوونەکە سکوونی نەسەبە، ناتوانین لە بای پایز و هەوای گەرم و شنەی
شەماڵ و... لەو (ی)ی نەسەبە بخەلەسێین. ئەمەش بۆچوونێکی جوانی فەرهاد شاکەلییە، کە
خۆی گەرمیانییە و خەریکی زمانە.
بەڵام
گەلۆ! لەولاوە مامۆستا مەسعوود محەمەد، بە پشتبەستن بە زمانی پەهلەوی، دەست دەخاتە
ئەو بۆچوونەی منەوە و ڕێک پێچەوانە، یا پشتەوشاری دەکاتەوە و هەر دەقاودەق دەڵێ: [هەموو
ئەو وشانەی کۆتاییان بە (ی) دێت، وەک ماسی، سپی، ترۆزی... لە نیسبەتدا
"ی" بە خۆیانەوە ناگرن. ئنجا ئەگەر بڵێین "ماسیەکی، سپیەکی، ترۆزیەکی..."،
ڕێژەیەکی ڕەسەنی کوردیمان بەکار هێناوە. ئەو وشانەش کە (وصف)یان تێدایە ئەگەر
"ی"یان بە دوادا هات، بۆ لای تەجرید (Abstract)یان دەباتەوە وەک جوانی، ئازایی، لەسەرخۆیی...
لێرەشدا کە گوتمان: "جوانەکی، ئازایەکی، لەسەرخۆیەکی..."، لە گرفتی
تێکەڵبوونی نسبەت و تەجرید ڕزگار دەبین].
جا
یا دەبێ بۆچوونەکەی مامۆستا مەسعوود محەمەد پشتگوێ بخەین (کە ناکرێ پشتگوێ بخرێ) و
لەسەر بۆچوون و شەڕی خۆمان سوور و بەردەوام بین، یا نەختێ بە دیار بۆچوونی ئەو
زاتەوە بوەستین و بیکەینە پێوەر، نەک بۆ بۆچوونی بەرانبەر و نەیار، بەڵکو پێش
ئەوان، بۆ بۆچوونی خۆمان، وەک من لێرەدا هەوڵم داوە بۆ بۆچوونی خۆمی بکەمە پێوەر و
بە دیار شێوازی بەکارهێنانی نیسبەتەوە بوەستم.
ساڵەهای
ساڵە بژێووم لە سەر بیری مامۆستا مەسعوود محەمەدە، کەچی دەبینم لە ڕوووی زمانەوە، کەرەسەکانی
هێند قورسن، پێم ناکرێ پێڕەوییان لێ بکەم. ئەی دەبێ کاکە دکتۆر هێمن و کاکە
محەمەد، بە ئاسانی پەیڕەوی لێ بکەن یا ئەوەندەیان توانا هەبێ بۆچوونەکانی ڕەت بکەنەوە.
بۆ
قسەکردن لە سەر هەندێ بابەتی سەر بە ڕێزمان، سەلیقەی ناوچەیی خۆمان بەش ناکات،
بەڵکو پێویستیمان بە شارەزایی هەیە لە ڕەگ و ڕیشاڵی زمانەکەمان و زاراوەکانی تریش،
کە نووسەرانی ئەم سەردەمە، مەگەر بە دەگمەن، دەنا خۆیانی پێیانەوە خەریک ناکەن. جارێ
کێشەی زاراوە (مصطلح) کە لە وەرگێرانی دەقێکی ئەدەبیدا یەخەمان دەگرێ، بۆتە کۆسپی
سەرەڕێی وەرگێڕان کەچی وەرگێڕ هەیە، بێ ئەوەی بیری لێ بکاتەوە، دایدەپاچێ و هیچ
کوێشی ناهێشێ!!. لە یەکێ لە کارەکانمدا ڕێژنەی بارانم بە "کوندەی
سەروخوار" داناوە، خوێنەرێک لێی پرسیم: "دۆستیڤسکی کوندەی بەکار
هێناوە؟!". زاراوە، هەر لە کوردیدا کێشە نییە، بەڵکو لە زمانەکانی تریشدا
کێشەیە و هەندێ جار هەمان ئەو زاراوەیە بەکار دێنن کە لە دەقەکەدا هەیە، چونکە
شتێکی بەرانبەر لە زمانی خۆیاندا نابیننەوە. لە بواری پیشەسازیدا، هەر لە کۆنەوە
سوید لە دوای ئەڵمانیا و بەریتانیاوە بووە. لەبەر ئەوەی کەرەسەی پیشەسازی لەو دوو
جێیەوە هاتوون، زاراوەی بواری پیشەسازیش لەگەڵ کەرەسەکاندا، لەو دوو جێیەوە بۆ ناو
بواری پیشەسازی سوید هاتووە و لێیان نابنەوە. کەچی لە بواری سەهۆڵشکاندن و
بەفرماڵین و ڕاودا، سوید لە دوایانەوە نییە.
من
بەشبەحاڵی خۆم، کە دەبینم زمانی کوردی هێشتا بە زندوویی ماوەتەوە، خۆم بە قەرزاری
ئەو شاخانە دەزانم کە زمانەکەشمان وەک خەڵکەکەمان، پەنایان بۆ برووە و بۆ مانەوە،
خۆیان تێیاندا شاردۆتەوە، دەنا دەبوو کوردی، دوای ئەو سەدان ساڵە ژێردەستەییە،
نەمابا.
من
پێم چاکە ئەم بابەتە، پێش هەموو کەسێک، لە لایەن منەوە، یا دابخرێ یا هەر وەک
پرسوڕا قسەی لەسەر بکرێ، نەک وەک بڕیاری گردەبڕ، تا ڕۆژێکی لەو بۆچوونانەی مامۆستا
مەسعوود محەمەد تێدەگەین و توانستی ئەوەمان دەبێ لەسەری بدوێین، ئەوەش شارەزایی لە
ئاڤێستا و پەهلەوی دەوێ. ئەدی دکتۆر هێمن و کاک محەمەد و ئەوانەی لایک و کۆمێنت لە
سەر بۆچوونەکان دەکەن و دەنووسن، بۆچوونێکی تریان هەیە؟!
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar