söndag 26 mars 2017

کورد هەر زمانی مابوو، ئەوەش دەبڕن


لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولەوە تا ڕاپەڕین، ماوەیەک شەڕ بوو و تاوێ گفتوگۆ و جاروبارێکیش هەرەس!. کورد، سەدان هەزار شەهیدی دا و هەزاران گوندی کوردستان وێران کران و نیوەی کوردستانیش بە دەم شۆڕش و گفتوگۆوە، تەعریب کرا. دەرد نەما بە سەر کورددا نەیێی و ژەهر نەما دەرخواردی نەدرێ... بەڵام هەمیشە یەکێ لە داوا سەرەکییەکانی کورد ئەوە بووە کورد بە زمانی خۆی بخوێنێ.
ئێستا، بە خێرێ حکوومەتمان هەیە. دوو سێ ئەفەندی دانیشتن و بڕیاریان بۆ داین:
با نومرەی زمانی کوردی حیساب نەکرێ!!. 

هەر دەڵێی لە هەڵکەندنی بیرێکدا عومرێک دەوانمان داوە و دوای ماندووبوونێکی زۆر و بەسەرچوونی تەمەن، لە بری ئەوەی بە ئاوی زوڵاڵ بگەین، سەرمان لە بیرێکی ئاودەستەوە دەرهێناوە!!.
یاخوا ئەندازیارەکەمان کوێر بێ!. 

ڕۆژەڕەشی هەرەسی ١٩٧٥

söndag 19 mars 2017

بەعس... بەعس!... کفندز دەرچوو


ئەگەر ئێستاش مۆتەکەی بەعس سواری سەرم بێ و ناخم خەفە بکا، سەیر نییە. (بەعس)، بوونەوەرێکی هاری عارەبی بوو بە هەموو خەسڵەتەکانی مێژوو و هەموو کەرەسەیەکی مەرگەوە!. هەر خۆی لێی دەوەشایەوە قەومێک قڕ بکا و میللەتێک ئەنفال بکا و ژەهر بە سەر شار و گونددا دابارێنێ!. بەعس، ڕووی نازییەکانی سپی کرد...
بەعس دڕندەیەکی هێند ترسناک بوو، لە هیچ داستان و فیلم و چیرۆکێکدا، لە وێنەی بەرجەستە نەکراوە و ئەگەر ئەلفرێد هیشکۆک دوو تەمەنی تر ژیابا، خەیاڵی ئەوەی نەدەبوو شتێکی وا بکاتە بابەت..
بەعس، واتە لە شیرینی خەودا پۆستاڵێک بەر قەبرغەت بکەوێ: گوووم!.
بەعس، واتە ناچارکردنت بۆ شایەدیدان لە سەر جگەرگۆشەی خۆت و ناردنی بۆ قەنارە!. بەعس، واتا ناچارکردنت بە سپی بڵێی ڕەش و بە ڕەش بڵێی سپی... بەعس واتا، بە قەولی جۆرج ئۆروێل، دوو کۆی دوو دەکاتە هەر شتێ، چوار نەبێ... واتە، لە کاتێکدا ژان لوولت دەدا و خەم دەتسووتێنێ، تۆش لە حەوتی نیساندا ئاهەنگ بگێڕیت!.
بەعس... شەیتان بە قوتابی وەرناگرێ و هیتلەر و ستالین و پۆڵپۆت لە وانەکانی بەعسدا سفر دێنن!.
بمبوورن ئەگەر بڵێم: هەزار ساڵ عارەب و بیابان بە دەم ژانەوە تلانەوە و لە ئەنجامدا، بەعسیان لێ کەوتەوە! بەعس واتە مێژووی سەربڕینی قەومێکی هەمەج!.
بەڵام... بەڵام درەنگ... زۆر درەنگ، دوای ئەوەی تەمەن و ژیانمان کرد بە گەرووی خەیاڵ و ئاواتی مەستییەوە، بۆمان دەرکەوت بەعس کفندزێکی بەستەزمان بوو!.
ئێمەی کورد، نەک هەر چارەنووسی سیاسیمان، بوونیشمان وەک میللەت لە مەترسیدایە و لە زمانەکەمانەوە دەست بە توانەوەمان کراوە...

torsdag 16 mars 2017

لە یادی هەڵەبجەدا


هەموو ساڵێ بە خەم و پەژارە و ڕەشپۆشی و فرمێسکەوە یادی هەڵەبجەمان کردۆتەوە و تروسکایی هیوامان بەوە بووە بەرپرسەکان ڕاچەنن و شتێکیان بیربێتەوە. بەڵام لە بری بەئاگاهاتنەوە، ئەمانیش بە خۆراکی ژەهراوی و دەرمانی کارگەی دوژمن، نەک هەر هەڵەبجە، بگرە هەموو کوردستانیان ژەهراوی کرد... ئەوانەیش کە شین بۆ هەڵەبجە دەگێڕن، ژەهراوی کراوون!. با ئەمساڵ بە جۆرێکی دی یادی هەڵەبجە بکەینەوە... با بێ ئەشک و شیوەنگێڕان، ڕقی خۆمان لە بەعسەوە بگوازینەوە سەر سەرکردەکانی خۆمان... خەریکی چین ئەمانە؟!. کڵاشیان دڕیوە؟! لە بری هەر تاکە کڵاشێک سەری چەند کورد دەخۆن؟!. لە بری هەر تاکە پێڵاوێ چەند تانکەرە نەوتیان گەرەکە و چەند لۆری دەرمانی ژەهر دێنن؟!. بەعس، هەڵەبجەی ژەهرباران کرد، بەڵام ئەمانە، سەرجەمی کوردستانیان ژەهراوی کرد و داهاتووی کوردستانیشیان ئەنفال کرد... خەمی هەڵەبجە، بە خەمخۆرانی نیشتیمان و نەتەوەیەک هەڵدەگیرێ نەک بە بازرگانی خوێنی شەهید و فرمێسکی دایکی شەهید.
بۆ ئەوەی (١٦ی ٣)ی هەڵەبجە لە هیچ کوێی کوردستان دووبارە نەبێتەوە و ورچی خەوتووی سەرکردەکان بەخەبەر نەیێن و غەزەبمان لێ نەگرن، با:
·       هەر یەکە لە بەرپرسەکان، بە لای کەمەوە بیرەنەوتێکی هەبێ!.
·       هەر یەکە لە پیاوانی بەرپرسەکان، بە لای کەمەوە تانکەرێکی هەبێ!.
·  هەر یەکە لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکان، نەخۆشخانەیەک و کارگەیەکی دەرمانی هەبێ!.
· بۆ دابینکردنی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەکانیان، هەر بەرماوەخۆرێکی بەرپرسەکان، کۆمپانیایەکی هاوردەکردنی خۆراکی ژەهراوی و دەرمانی ساختەی هەبێ!.
·  ئەو ساختەکارەی ڕۆژێ لە ڕۆژان بەرگری لە پرۆلیتار کردووە، ببێ بە ملیۆنێر و ملیاردێر!.
·    ئەوەی ڕۆژێ لە ڕۆژان تەقەیەکی بەرەو ڕووی شۆڕش کردووە، تا نەفخی سوور ببێ بە ڕێنیشاندەری هەموومان!.
·       باوک و دایکی شەهید، لە سێبەری ماڵی بەرپرسەکاندا بکەون و بەرماوە بخۆن!.
·      ئەوەی ڕۆژێ لە ڕۆژان لە دەزگاکانی بەعسدا کاسەلێس بووە، کاسەکەی بلێسینەوە!.
· پەیکەرێک بۆ (تاریق ڕەمەزان) و فڕۆکەکەی، لە هەڵەبجە ساز بکرێ و لە جێی ئەستێرەکەی ئاڵای تورکیادا، کە لە هەڵبجە دروست کراوە، دابندرێ!.
·     ئەوەی ڕۆژێ لە ڕۆژان لایەنگری کاک یا مام بووە، با کۆشکێکی لە سوید و یەکێکی لە ئەزمیری تورکیا هەبێ و چاوێکیشی لە ئیسپانیا بێ!.
·   سەفتە دۆلار بکەن بە قوڕگی ئەو (شاعیر)انەوە کە جاران (قصيد‌ە)یان بۆ هەڵەبجە دەنووسی تا زمانیان نەگەڕێ و ئەو زمانەیان، بۆ هەمیشە لە گۆ بکەوێ!
·    لە کۆتاییدا: جێگری مام بکەن بە جێگری کاک و جێگری کاک بکەن بە وەکیلی مام، بەڵام دەستوپێکان وا تێکبەردەن، تا دنیا دنیایە ڕێکنەکەوون و ناوچەی یەکتر بە خۆراک و دەرمان، ژەهراوی بکەن!.
ڕۆحی قوربانیانی هەڵەبجە، بە بەختەوەریی سەرکردەکانمان بەختەوەرن!.




måndag 13 mars 2017

نە زمانی کورد پیس بکەن، نە دەستکاری "بەردە سپییەکە"ی کورد بکەن!


حەکیم کاکەوەیس

لە دوای لکاندنی باشووری کوردستان بە عیراقەوە، کورد چەکدارە و یەکێ لە داوا هەرە سەرەکی و بەردەوام و ڕەواکانی "شۆڕش" ئەوە بووە زمانی کوردی ڕەسمی بێ و بخوێندرێ. بۆ ئەو داوایە، هەزاران شەهید دران و هەزاران ماڵ کاوول کران و هەزاران دایک جەرگیان سووتا. کەچی کە کورد خۆی دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا گرتە دەست، سووکوباریک زمانەکەی خۆی ڕسوا کرد. ئێستا بەرپرسانی کورد داوا دەکەن حیساب بۆ نومرەی زمانی کوردی نەکرێ!. ئەوەی دەسەڵاتی خۆماڵی بە کوردی دەکا، هەرگیز بەعس پێی نەکردووە. لە سەردەمی بەعسدا و بە دەم بەیانی ١١ی ئازارەوە، زمانی کوردی لە ڕێی کۆڕی زانیاری کوردەوە وەها پەرەی سەند و جێگیر بوو، بە ٢٥ ساڵی حوکمڕانی نەخوێندەوارانە و هەرزەکارانە و دزی خۆماڵی، ئەوجا تێکچوو!. ئەرێ ئەگەر زمانەکەمان ئەوەندە بێبایەخە، ئەو هەموو شەهیدەمان بۆ دا؟! ئەوجا: چ میللەتێکی ئەم جیهانە ئەوەندە زمانی خۆی بە لاوە سووکە؟!. ئەگەر "کوردی" ئەوەندە بێبایەخە، ئیدی "مەجمعی زمان" و یەکێتیی نووسەران و کۆڕی شاعیران و ڕۆژنامە و گۆڤار کەناڵی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆی کوردی و کۆلێژ و ئەدەب و بەزم و سەرهێشەکانی تر چین و بە کەڵکی چی دێن؟. ئەرێ گوتم: "ئەوەی دەسەڵاتی خۆماڵی بە کوردی کرد، بەعس پێی نەکردووە"؟!. با بزانین وایە:
بەعس، هەڵەبجەی ژەهرباران کرد... دەسەڵاتی خۆماڵیش، بە خۆراکی ژەهراوی و دەرمانی ساختە، شار بە شار و دێ بە دێ و ماڵ بە ماڵ و تاک بە تاکی کوردی ژەهراوی کردووە. نەخۆشیی شیرپەنجە و جەڵتەی دڵ و مێشک، وەک پەتا بە ناو خەڵکی کوردستاندا بڵاو بوونەتەوە، بەڵام دوای ژەهربارانی هەڵەبجە، شتی وا، یا نەبوو یا دەگمەن بوو. سەرانی کورد کوردستانیان ژەهراوی کرد یا بەعس؟!.
هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نەبووم سەرانی کورد بە بەعس بەراورد بکرێن، بەڵام ئێستا وایان لێ هاتووە بڵێم: بەعس پژمیوە و ئەمانەی لێ کەوتنەوە!. ئەمانە، کارێکیان کرد، لە هیچ لاوە ئاسۆی ڕووناکی دیار نەبێ، بەڵام لە سێبەری بەعسدا، هەمیشە چاومان لە ئاسۆ بوو خۆری سەرفرازی لێوە هەڵبێ...
ئێستا، لە ناو قەسابخانەی زمانی دایکدا باسی دەوڵەتی کوردستان دەکرێ و دەترسم کە بووین بە دەوڵەت، دوای ماوەیەک ئەو میللەتە بەس بزانێ بباڕێنێ و بنەڕێنێ و هیچی بۆ دەربڕین نەمێنێ. ئەوجا بڵێین: "خۆزگە دەوڵەتمان نەدەبوو!".
بەڵام: ئەگەر ڕەفتاری دەسەڵاتی خۆماڵی هەمان ڕەفتاری بەعس بێ، دیارە چارەنووسیشیان هەر هەمان چارەنووس دەبێ... نایانبینی چۆن هەستی ئەو خەڵکە دەپێوون تا بزانن بۆ هەر کارێ چ کاردانەوەیەکیان هەیە؟!. دوا پێوانەکارییان، سووکایەتی بوو بە "پەشێو"ی لووتکە، لە زێدی خۆی و لە سەر گۆڕی بابی خۆی!.
عارەب "بەردە ڕەشەکە"یان هەیە و کوردیش "پیاوە سپییەکە"... پەشێو، ڕابەری نیشتیمانپەروەری و هەڵوێستە و نابێ لەگەڵ کۆنە بەعسی و کۆنەجاەش و هەمیشە خیانەتکاردا باس بکرێ. پەشێو هاودەمی حاجی قادر و ئەحمەدی خانییە و لە هەمان سەرچاوە گۆش کراوە و پاراو بووە...
دەست لە "بەردە سپییەکە"ی کورد هەڵگرن دەنا ژێر و ژوور دەبن!.

måndag 6 mars 2017

بەڵای سەری کورد...


کێ لە کورد بەڵایە؟!... سەرکردەکان یا ڕۆشنبران؟!... ئەی چی لە کورد بەڵایە؟! ئاین یا ئایدۆلۆژیا یا شەڕەشەقی عەشایەر؟! من وای دەبینم لە هەموو سەردەمەکاندا، پێش سەرۆکی عەشرەت و سەرۆکی حیزب، قەڵەمبەدەست، جا لە مزگەوتەوە سەریان هەڵدابێ یا لە مەکتەبەوە، بەڵای سەری کوردن!... دیارە مەبەستم زۆرینەیانە نەک هەموویان... هەتا کەسێکی وەک مەلای گەورە پەیدا بووە، هەزاران قۆڵبڕ لە مزگەوتەوە هاتوونەتە دەرێ و هەتا یەکێکی وەک ڕەفیق حیلمی دروست بووە، هەزاران خۆفرۆش لە هەناوی مەکتەب کەوتوونەتەوە. شین و شەپۆڕمان دنیای بەوە پڕ کردبوو کە میللەتەکەمان نەخوێندەوار و دواکەوتووە، کەچی ئێستا من خوێندەوار بە بەڵا دەبینم!. لێم قەبووڵ دەکرێ؟!... دەی با بزانین:
کاکم، بە شادەی باڵا و چەندین کتێبەوە کە داروبەردی تێیاندا شی کردۆتەوە و قەسیدەی درێژ درێژ دەنووسێ، کاتێ پارەی پیشان دەدەن، لە بری کلک، کتێبەکانی دەلەقێنێ و لە ئەوروپا دادەنیشێ و مەعاشی پێشمەرگە یا خانەنشینی پەرلەمان وەردگەرێ!. ئەوی تریان، دەستی دابووە قەڵەم و وەکو قامچی بە هەموو لایەکیدا دەوەشاند، کەچی کە پارەیان پیشان دا، قەڵەمەکەی کردە کلک و کەوتە ڕاوەشاندنی!. یەکیکی تر، بەو حیسابەی شادەی هەیە و لە شاخ بووە، لە هەر وڵاتە و کۆشکێکی هەیە... چییە؟!... وەڵا پێشمەرگایەتی کردووە و ماندوو بووە!. تۆ حیسابێکی سەرپێیی بکە و بزانە هەر ڕۆژێکی پێشمەرگایەتی ئەو سەگسارە چەند لە سەر کورد کەوتووە؟!... هەزار دۆلار؟!... دە هەزار؟!... هەرچەندێکە، با وەری بگرێ و واز بێنێ!. کەچی نا، تا تۆپێن هەر دەیمژێ و دەیمژێ!.
هەر ئەوانە خۆیان، دەیان ساڵ خەڵکیان بە خەباتی چینایەتییەوە سەرقاڵ کرد و هەزاران گەنجیان بەکوشت دا، کەچی لە یەکەم دەرفەتی ڕاوڕووتدا، بوون بە ملیۆنێر و ملیاردێر!. سەیر ئەوەیە ئێستاش دەمیان داناخەن و نایبڕنەوە و هەر باسی کرێکار و هەژار دەکەن!. ئەوانە، چەپایەتییان دەکردە چێژی سەر تەڵە و کوڕی کوردیان پێ بە کوشتن دەدا... ئەوانە، هی وایان هەیە ئوتێلی نەخۆشانی کردۆتەوە و بۆ هەژاران، هەر شەوەی تەنگا ٤٠٠ یا ٥٠٠ دۆلارە و دەوڵەمەندیش، دەچنە ئەو جێیانەی دەرمانی ساختەیان نییە.
کاتێ مارکسیزم باوی نەما و مارکس لە هیچ خوێندنگەیەکی ئابووریی ئەم سەردەمەدا لە سفر پتر ناهێنێ، ئەو قەڵەم بەدەستە تەقڵەبازانە، تەقڵەیەکیان دا و بۆ گەنجەکان، باسێکی تریان کردە چێژی تەڵە. ئەمجارە، فەلسەفە بوو بە بابەت: کورد هیچی نییە و کورد دواکەوتووە و کورد وەها و وەها... کەچی بۆشی دەنووسن و باسی دەکەن و زمانەکەی ئەتک دەکەن و تەرکی ناکە!...
چین ئەم بەڵایانە؟!. کەی بەرۆکی کورد بەردەدەن تا زۆردارەکان زۆر بڕ نەکەن؟!. میللەتێکی تریان چنگ ناکەوێ ئەو قوڕەی بۆ بگرنەوە، کە بۆ کوردیان گرتۆتەوە؟.
ئەو قەڵەمفرۆشانە، نەیاندەزانی ئەحمەدی خانی لە پێش شۆڕشی فەرەنسادا هاواری بۆ نەتەوایەتی کردووە، وا هەر باسێکی کوردایەتی بکرێ، گورج سەرەتای قەومایەتی بۆ شۆڕشی فەرەنسا دەبەنەوە؟!. نەیاندەزانی کوردستان کارگە و سەرمایەداری نییە و بە زەروورەتیش پرۆلیتاری نییە، کەچی کوردیان بۆ خەباتی چینایەتی هان دەدا؟!. ئەی ئێستا کورد، کە سەرمایەداری دز و دڕاوی هەیە و کوردستانیش بۆتە کۆیلەستان، ئەو قەڵەمشۆڕانە بۆ قوڕوقەپیان لی کردووە؟!.
قەڵەم شۆڕەکان دەڵێن: شێخ مەحموود دەستی نەدایە دەستی ئینگلیز بۆیە کوردیان نەکرد بە هیچ... دەڵێن: هەمەوەند پیاوی ئینگلیز بوون... دەڵێن فڵانە کەس و لایەن جلخوار بوون. ئێ؟!... ئەی ئەمڕۆ بۆ باسی جلخوار و پیاوی تورک و فارس و داروبەرد ناکەن کە مەسەلەی کوردیان کردە بن بەڕەی دۆلارەوە؟!. ئەی ئێستا، گیرفانەکانیان ڕێ نادەن دەم بکەنەوە؟!
ئەوەی جارێ خۆفرۆش بێ، هەموو دەمێ خۆفرۆشە... ئەوەی جارێ قەڵەمفرۆش بێ، هەموو دەمێ قەڵەمفرۆشە... ئەوەی جارێ کوردکوژ بێ هەمیشە کوردکوژە...
من دڵنیام ڕۆژێ دێ ئەو قەڵەمفرۆشانە، ئەگەر لە گۆڕیشدا بن دەریان دەهێننەوە و سزایان دەدن، بەڵام داخەکەم تا ڕۆژی گۆڕبەگۆڕبوونیان، میللەتێک بە فەتارەت دەدەن بۆیە دەرهێنانەوەشیان دەبێتە ئەرکێکی زیادە بە سەر شانی کوردەوە!... نموونەی ئەوانە زۆر زۆرە نموونەیان ببڕێ!.

بەڵای سەری کورد...


کێ لە کورد بەڵایە؟!... سەرکردەکان یا ڕۆشنبران؟!... ئەی چی لە کورد بەڵایە؟! ئاین یا ئایدۆلۆژیا یا شەڕەشەقی عەشایەر؟! من وای دەبینم لە هەموو سەردەمەکاندا، پێش سەرۆکی عەشرەت و سەرۆکی حیزب، قەڵەمبەدەست، جا لە مزگەوتەوە سەریان هەڵدابێ یا لە مەکتەبەوە، بەڵای سەری کوردن!... دیارە مەبەستم زۆرینەیانە نەک هەموویان. شین و شەپۆڕمان دنیای بەوە پڕ کردبوو کە میللەتەکەمان نەخوێندەوار و دواکەوتووە، کەچی ئێستا من خوێندەوار بە بەڵا دەبینم!. لێم قەبووڵ دەکرێ؟!... دەی با بزانین:
کاکم، بە شادەی دکتۆرا و چەندین کتێبەوە کە داروبەردی تێیاندا شی کردۆتەوە و قەسیدەی درێژ درێژ دەنووسێ، کاتێ پارەی پیشان دەدەن، لە بری کلکی، کتێبەکانی دەلەقێنێ و لە ئەوروپا دادەنیشێ و مەعاشی پێشمەرگە یا خانەنشینی پەرلەمان وەردگەرێ!. ئەوی تریان، دەستی دابووە قەڵەم و وەکو قامچی بە هەموو لایەکیدا دەوەشاند، کەچی کە پارەیان پیشان دا، قەڵەمەکەی کردە کلک و کەوتە ڕاوەشاندنی!. یەکیکی تر، بەو حیسابەی شادەی هەیە و لە شاخ بووە، لە هەر وڵاتە و کۆشکێکی هەیە... چییە؟!... وەڵا پێشمەرگایەتی کردووە و ماندوو بووە!. تۆ حیسابێکی سەرپێیی بکە و بزانە هەر ڕۆژێکی پێشمەرگایەتی ئەو سەگسارە چەند لە سەر کورد کەوتووە؟!... هەزار دۆلار؟!... دە هەزار دۆلار؟!... هەرچەندێکە، با وەری بگرێ و واز بێنێ!. کەچی نا، تا تۆپێن هەر دەیمژێ و دەیمژێ!.
هەر ئەوانە، دەیان ساڵ خەڵکیان بە خەباتی چینایەتییەوە سەرقاڵ کرد و هەزاران گەنجیان بەکوشت دا، کەچی لە یەکەم دەرفەتی ڕاوڕووتدا، بوون بە ملیاردێر!. سەیر ئەوەیە ئێستاش دەمیان داناخەن و نایبڕنەوە و هەر باسی کرێکار و هەژار دەکەن!. ئەوانە، چەپایەتییان دەکردە چێژی سەر تەڵە و کوڕی کوردیان پێ بە کوشتن دەدا... ئەوانە، هی وایان هەیە ئوتێلی نەخۆشانی کردۆتەوە و بۆ هەژاران، هەر شەوەی ٤٠٠ یا ٥٠٠ دۆلارە و دەوڵەمەندیش، دەچنە ئەو جێیانەی دەرمانی ساختەیان نییە.
کاتێ مارکسیزم باوی نەما و مارکس لە هیچ خوێندنگەیەکی ئابووریدا جێی نابێتەوە و لە پەیمانگەی ئابووریی ئەمڕۆ سفر دێنێ، ئەو قەڵەم بەدەستە تەقڵەبازانە، تەقڵەیەکیان دا و بۆ گەنجەکان، باسێکی تریان کردە چێژی تەڵە. ئەمجارە، فەلسەفە بوو بە بابەت: کورد هیچی نییە و کورد دواکەوتووە و کورد وەها و وەها... کەچی بۆشی دەنووسن و باسی دەکەن و زمانەکەی ئەتک دەکەن تەرکی ناکە!...
چین ئەم بەڵایانە؟!. کەی بەرۆکی کورد بەردەدەن؟!. میللەتێکی تریان دەست ناکەوێ ئەو قوڕە سەختەی بۆ بگرنەوە، کە بۆ کوردیان گرتۆتەوە؟.
ئەو قەڵەمفرۆشانە، نەیاندەزانی ئەحمەدی خانی لە پێش شۆڕشی فەرەنسادا هاواری بۆ نەتەوایەتی کردووە، وا هەر باسێکی کوردایەتی بکرێ، گورج سەرەتای قەومایەتی بۆ شۆڕشی فەرەنسا دەبەنەوە؟!. نەیاندەزانی کوردستان کارگە و سەرمایەداری نییە و بە زەروورەتیش پرۆلیتاری نییە، کەچی کوردیان بۆ خەباتی چینایەتی هان دەدا؟!... ئەی ئێستا کورد، کە سەرمایەداری دز و دڕاوی هەیە و کوردستانیش بۆتە کۆیلەستان، ئەو قەڵەمشۆڕانە بۆ قوڕوقەپیان لی کردووە؟!.
قەڵەم شۆڕەکان دەڵێن: شێخ مەحموود دەستی نەدایە دەستی ئینگلیز بۆیە کوردیان بە هیچ نەکرد... دەڵێن: هەمەوەند پیاوی ئینگلیز بوون... دەڵێن فڵانە کەس و لایەن جلخوار بوون. ئێ؟!... ئەی ئەمڕۆ بۆ باسی جلخوار و پیاوی تورک و فارس و داروبەرد ناکەن کە مەسەلەی کوردیان کردە بن بەڕەی دۆلارەوە؟!. ئەی ئێستا، گیرفانەکانیان ڕێ نادەن دەم بکەنەوە؟!
ئەوەی جارێ خۆفرۆش بێ، هەموو دەمێ خۆفرۆشە... ئەوەی جارێ قەڵەمفرۆش بێ، هەموو دەمێ قەڵەمفرۆشە... ئەوەی جارێ کوردکوژ بێ هەمیشە کوردکوژە...
من دڵنیام ڕۆژێ دێ ئەو قەڵەمفرۆشانە، ئەگەر لە گۆڕیشدا بن دەریان دەهێننەوە و سزایان دەدن، بەڵام داخەکەم تا ڕۆژی گۆڕبەگۆڕبوونیان، میللەتێک بە فەتارەت دەدەن بۆیە دەرهێنانەوەشیان دەبێتە ئەرکێکی زیادە بە سەر شانی کوردەوە!.