کێ لە کورد بەڵایە؟!... سەرکردەکان یا ڕۆشنبران؟!... ئەی
چی لە کورد بەڵایە؟! ئاین یا ئایدۆلۆژیا یا شەڕەشەقی عەشایەر؟! من وای دەبینم لە
هەموو سەردەمەکاندا، پێش سەرۆکی عەشرەت و سەرۆکی حیزب، قەڵەمبەدەست، جا لە
مزگەوتەوە سەریان هەڵدابێ یا لە مەکتەبەوە، بەڵای سەری کوردن!... دیارە مەبەستم
زۆرینەیانە نەک هەموویان... هەتا کەسێکی وەک مەلای گەورە پەیدا بووە،
هەزاران قۆڵبڕ لە مزگەوتەوە هاتوونەتە دەرێ و هەتا یەکێکی وەک ڕەفیق حیلمی دروست
بووە، هەزاران خۆفرۆش لە هەناوی مەکتەب کەوتوونەتەوە. شین و شەپۆڕمان دنیای بەوە
پڕ کردبوو کە میللەتەکەمان نەخوێندەوار و دواکەوتووە، کەچی ئێستا من خوێندەوار بە
بەڵا دەبینم!. لێم قەبووڵ دەکرێ؟!... دەی با بزانین:
کاکم، بە شادەی باڵا و چەندین کتێبەوە کە داروبەردی
تێیاندا شی کردۆتەوە و قەسیدەی درێژ درێژ دەنووسێ، کاتێ پارەی پیشان دەدەن، لە بری
کلک، کتێبەکانی دەلەقێنێ و لە ئەوروپا دادەنیشێ و مەعاشی پێشمەرگە یا خانەنشینی
پەرلەمان وەردگەرێ!. ئەوی تریان، دەستی دابووە قەڵەم و وەکو قامچی بە هەموو
لایەکیدا دەوەشاند، کەچی کە پارەیان پیشان دا، قەڵەمەکەی کردە کلک و کەوتە
ڕاوەشاندنی!. یەکیکی تر، بەو حیسابەی شادەی هەیە و لە شاخ بووە، لە هەر وڵاتە و
کۆشکێکی هەیە... چییە؟!... وەڵا پێشمەرگایەتی کردووە و ماندوو بووە!. تۆ حیسابێکی
سەرپێیی بکە و بزانە هەر ڕۆژێکی پێشمەرگایەتی ئەو سەگسارە چەند لە سەر کورد
کەوتووە؟!... هەزار دۆلار؟!... دە هەزار؟!... هەرچەندێکە، با وەری بگرێ و
واز بێنێ!. کەچی نا، تا تۆپێن هەر دەیمژێ و دەیمژێ!.
هەر ئەوانە خۆیان، دەیان ساڵ خەڵکیان بە خەباتی
چینایەتییەوە سەرقاڵ کرد و هەزاران گەنجیان بەکوشت دا، کەچی لە یەکەم دەرفەتی
ڕاوڕووتدا، بوون بە ملیۆنێر و ملیاردێر!. سەیر ئەوەیە ئێستاش دەمیان داناخەن و نایبڕنەوە و
هەر باسی کرێکار و هەژار دەکەن!. ئەوانە، چەپایەتییان دەکردە چێژی سەر تەڵە و کوڕی
کوردیان پێ بە کوشتن دەدا... ئەوانە، هی وایان هەیە ئوتێلی نەخۆشانی کردۆتەوە و بۆ
هەژاران، هەر شەوەی تەنگا ٤٠٠ یا ٥٠٠ دۆلارە و دەوڵەمەندیش، دەچنە ئەو جێیانەی دەرمانی
ساختەیان نییە.
کاتێ مارکسیزم باوی نەما و مارکس لە هیچ خوێندنگەیەکی
ئابووریی ئەم سەردەمەدا لە سفر پتر ناهێنێ، ئەو قەڵەم بەدەستە تەقڵەبازانە،
تەقڵەیەکیان دا و بۆ گەنجەکان، باسێکی تریان کردە چێژی تەڵە. ئەمجارە، فەلسەفە بوو
بە بابەت: کورد هیچی نییە و کورد دواکەوتووە و کورد وەها و وەها... کەچی بۆشی
دەنووسن و باسی دەکەن و زمانەکەی ئەتک دەکەن و تەرکی ناکە!...
چین ئەم بەڵایانە؟!. کەی بەرۆکی کورد بەردەدەن تا زۆردارەکان زۆر بڕ نەکەن؟!.
میللەتێکی تریان چنگ ناکەوێ ئەو قوڕەی بۆ بگرنەوە، کە بۆ کوردیان گرتۆتەوە؟.
ئەو قەڵەمفرۆشانە، نەیاندەزانی ئەحمەدی خانی لە پێش شۆڕشی
فەرەنسادا هاواری بۆ نەتەوایەتی کردووە، وا هەر باسێکی کوردایەتی بکرێ، گورج
سەرەتای قەومایەتی بۆ شۆڕشی فەرەنسا دەبەنەوە؟!. نەیاندەزانی کوردستان کارگە و
سەرمایەداری نییە و بە زەروورەتیش پرۆلیتاری نییە، کەچی کوردیان بۆ خەباتی
چینایەتی هان دەدا؟!. ئەی ئێستا کورد، کە سەرمایەداری دز و دڕاوی هەیە و کوردستانیش
بۆتە کۆیلەستان، ئەو قەڵەمشۆڕانە بۆ قوڕوقەپیان لی کردووە؟!.
قەڵەم شۆڕەکان دەڵێن: شێخ مەحموود دەستی نەدایە دەستی
ئینگلیز بۆیە کوردیان نەکرد بە هیچ... دەڵێن: هەمەوەند پیاوی ئینگلیز بوون...
دەڵێن فڵانە کەس و لایەن جلخوار بوون. ئێ؟!... ئەی ئەمڕۆ بۆ باسی جلخوار و پیاوی
تورک و فارس و داروبەرد ناکەن کە مەسەلەی کوردیان کردە بن بەڕەی دۆلارەوە؟!. ئەی
ئێستا، گیرفانەکانیان ڕێ نادەن دەم بکەنەوە؟!
ئەوەی جارێ خۆفرۆش بێ، هەموو دەمێ خۆفرۆشە... ئەوەی جارێ
قەڵەمفرۆش بێ، هەموو دەمێ قەڵەمفرۆشە... ئەوەی جارێ کوردکوژ بێ هەمیشە کوردکوژە...
من دڵنیام ڕۆژێ دێ ئەو قەڵەمفرۆشانە، ئەگەر لە گۆڕیشدا
بن دەریان دەهێننەوە و سزایان دەدن، بەڵام داخەکەم تا ڕۆژی گۆڕبەگۆڕبوونیان،
میللەتێک بە فەتارەت دەدەن بۆیە دەرهێنانەوەشیان دەبێتە ئەرکێکی زیادە بە سەر شانی
کوردەوە!... نموونەی ئەوانە زۆر زۆرە نموونەیان ببڕێ!.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar