fredag 28 juli 2017

ڕیبا (سوودخۆری)... لە جوولەکەش حەرامە


لەبەر ئەوەی قورعان بە ڕوونی ڕیبای وەک سوودی قەرز حەرام کردووە، موسوڵمان لە بانقداری و (گۆڕینەوەی دراو) و سوودخۆری دوور کەوتوونەتەوە و ئەو کارانەیان بۆ خەڵکی تر جێهێشتووە. خۆ کتێب و دینی جووەکانیش ڕیبایان حەرام کردووە، بەڵام ئەوان بە چڕی کاریان تێدا کردووە و پێی بوونەتە خاوەنی سامان. جووەکان لە ناو خۆیاندا ڕیبایان حەرام کردووە بەڵام بەرانبەر غەیری خۆیان ئەوپەڕی سوودیان لێ بینیوە. واتە: جوولەکە، نەک هەر ڕیبا و سوودیان لە جوولەکە وەرنەگرتووە، بەڵکو هەمیشە بۆ دەوڵەمەندبوون هاوکاریشیان کردوون. دینی ئەوان دەڵێ: "قەرز، بە ڕیبا و سوود بە بێگانە بدە، بەڵام ڕیبا لە براکەت وەرمەگرە تا خوا بەرەکەت بخاتە هەرچییەکی دەستی بۆ دەبەیت".
بێگومان ڕیبا ڕۆڵێکی مەزنی لە کۆکردنەوەی سەرمایەی بازرگان و ئەوانەدا هەبووە، کە خەریکی قەرزدان و گۆڕینەوەی دراو بوون. لە کاتێکدا زۆر لە موڵکدارە موسوڵمانەکان پارەیان بە بێ قازانج لای جووەکان دادەنا، ئەوانیش کە هەمان پارەیان بە قەرز دەدایە خەڵکی تر، سوودێکی یەکجار زۆریان دەخستە سەری. لە هەشتاکانی سەدەی هەژدەدا، وەرزێرەکانی ویلایەتی موسڵ لە سەدا ٣٠ تا ٤٠ قازانجی قەرز و سەلەمیان لە شێوەی بەرهەم دەدا. لە ساڵی ١٩١٩دا، قازانجی قەرزیان کرد بە ٥٨% و هەندێ جار دەگەیشتە ١٠٠% کە لە وەرزێرانی تووتن، لە سلێمانی وەریاندەگرت. واتە بۆ هەر دینارێک کە بە قەرز دەیاندایە تووتنەوان، دوایی بایی دوو دینار تووتنیان وەردەگرت و لە نرخی تووتنکەش شتێکیان دادەشکاند.
ئەوانەی ساڵی ١٩٣٦ لە بەغدا دراویان دەگۆڕییەوە یان بانکیان هەبوو و بە قازانج قەرزیان دەدا، ٣٩ کەس بوون: ٣٥یان جوولەکە و ١ کەسیان مەسیحی و ٢ کەسیان موسوڵمانی شیعە بوون. ئیدی جوولەکە، دەستیان بە سەر ئابووری و بازرگانی وڵاتدا گرتبوو و سەڕافباشییەکانیان، دەستیان لە دامەزراندنی هەندێ لە (پاشا)کانی سەردەمی عوسمانیشدا هەبوو بەڵام بۆ سەرسووکی، دەستیان لە سیاسەت وەرنەدەدا.
گرنگیی پەیوەندیی جووەکانی عیراق بە جوولەکەی دەرەوە، لە بانک و گۆڕینەوەی دراو و سوودخۆری کەمتر نەبوو. هەندێ لە بازرگانە جووەکانی بەغدا چوونە دەلهی و کەلکەتا، تا لەوێوە کەرەسەی ئینگلیزی بۆ خزمەکانی بەغدایان بنێرن و تەنانەت هەیانبوو لە سکۆتلەنداوە ئەو کارەی لەگەڵدا دەکردن.
لە ئیسلامدا، ڕیبا بە هەموو جۆرێ حەرامە و لە غەیری موسوڵمانیش وەرناگیرێ، کەچی تاڵانکردنی خەڵکی ناموسوڵمان و کوشتنیان و بە سەبییەکردنی ژنیان حەرام نییە. من بە پێویستی دەزانم لەم دنیای سەرمایەدارییەدا، موسوڵمانان بە لێکدانەو و شیکردنەوەی ئەو مەسەلەیەدا بچنەوە و لەو ڕێیەوە شیکردنەوەی سیاسی بکەن... یا، با بە چارەنووسی خۆیان ڕازی بن و بوونی ئیسرائیل و ژێردەستەیی خۆیان قەبووڵ بکەن.
ئەو هاوکارییەی لە نێوان جووەکاندا هەیە و لە کۆندا هەبووە، یەکێکە لەو هۆکارانەی کە لە بواری زانست و تەکنیک و سەرمایەگوزاریدا، لە هەموو جیهاندا دیار و لە پێشەوە بن. هەر بۆ نموونە، ئیسرائیل نزیکەی لە سەتا پێنجی داهاتی خۆی بۆ بواری زانست و داهێنان تەرخان کردووە، کەچی لە مەغریبەوە تا خەلیج، کە بە حیساب عارەبن، ١%ی داهاتیان بۆ ئەو بوارە تەرخان کردووە. ئیدی جێی سەرسوڕمان نییە جووەکان بەو ژمارە کەمەوە، گەمە بەو زەریا موسوڵمان و عارەبە بکەن!. ئەوەی لای عارەب جێی شانازییە، مزگەوتیان زۆر و گەورە و نەخشدارن و داوە موویەکی ڕدێنی پەیامبەریان لە لا ماوە... بەڵام بە قەولی شەریعەتی: لە کاتێکدا ماڵێک ئاگری گرتووە، کەسێک داوات لێ بکا نوێژ و عیبادەت بکەیت، دڵنیابە ئەوە مونافیقە!.
بنەماڵەی زەڵخە، کە لە بواری ئاڵووێری دراودا بە لێهاتوویی کاریان دەکرد، ساڵی ١٨٩٩ خاوەنی سەد جونێ بوون. ئەمانە لە ساڵی ١٩٤٨دا بوون بە خاوەنی دە ملیۆن جونێ و لقی بنکە و بانکیان لە قاهیرە و ئەسکەندەرییە و بێرووت و دیمەشق هەبوو و پارەیان بە نووری سەعید و بنەماڵەی مەلیکییش دەدا. ئیدی جێی سەرسوڕمان نییە عارەب خۆیان بۆ دروستبوونی ئیسرائیل هاوکار بووبن!.

سەرنج: سوودم لە بەشی یەکەمی (العراق)ی – حنا بطاطو وەرگرتووە

söndag 16 juli 2017

پاژنەی پێی ئەخیل (Achilles)

موسلیم و بوخاری،  ئەو تیرە بوون پاژنەی (ئەخیل)ی عارەبیان پێکا
ئەو هەموو کاتەی کە زانا موسوڵمانەکان بۆ خوێندنەوە و شیکردنەوەی بوخاری و موسلیم خەرجیان کردووە، ئەگەر شانبەشانی لێکدانەوەی قورئان، بۆ خوێندن و فێربوونی فیزیا و کیمیا و بیرکاری سەرفیان کردابا، ئێستا لە سەر مەڕیخ مزگەوت و تاقیگەی زانستییان دەبوو... ڕەنگە هەر لە کۆتایی سەردەمی عەبباسییەکاندا بگەیشتنایەتە سەر مانگ!. بەڵام موسلیم و بوخاری و مستەر هێمفەر، پاژنەی ئەخیلی عارەبیان پێکا و پشتیان شکاندن!. کەچی شانازی بەو پشتشکاندنەی خۆیانەوە دەکەن و بەردەوامن!. لە دواکەوتندا ئەوەندە پێشکەوتوون، گەیشتوونەتە هەزار ساڵ پێش ئێستا و گەڕانەوەیان مەحاڵە. تەکنەلۆژیای ئەمڕۆیان لە بەردەستدایە و لە بەر دەستیاندایە، بەڵام هەزار ساڵ پێش ئەمڕۆی پێ زندوو دەکەنەوە: بە تەکنیکی ئەمڕۆ، پەرە بە موسلیم و بوخاری دەدەن!. تەکنیکی سەردەمیشیان کردۆتە کەرەسەی دواکەوتن!. تەکنیکی پێشکەوتوو بە دەستی موسوڵمانەکانی ئەمڕۆوە، بەو چەکە دەچێ کە بە دەستی منداڵێکی کەمهۆشەوە بێ: باوکی خۆی پێ دەکوژێ!.
بە باوەڕی من ئیسلام خۆی هۆکار نییە بۆ دواکەوتن، چونکە مانگاپەرست و بۆقپەرستیش وەک موسوڵمانەکان بەرەو دواوە پێش ناکەوون. مادام سەرچۆپی بە دەستی بیابانەوەیە، هەر دەبێ بەرەو دواوەی ببا.
ئەگەر کورد لەگەڵ کۆیلایەتی و ژێردەستەییدا ڕاهاتبێ و نەزانێ سەرفراز بێ، عارەبیش لەگەڵ دواکەوتندا ڕاهاتووە و ناتوانێ پێشکەوێ. کورد، لە دوو سەرەوە بە کۆیلایەتی و دواکەوتوویی خۆیەوە شانازی دەکات. شانازی دەکا کە عیراقی و تورکیاییە... شانازی دەکا کە بە ڕێی بوخاریدا بەرەو دواوە پێشدەکەوێ.
بۆ ئەوەی، ئەوانەی بە بوخارییەوە سەرسامن تووڕە نەبن، دەڵێم: چەندین زانای موسوڵمان دەڵێن: کەسێ لە مێژووی موسوڵماناندا بە ناوی بوخارییەوە نەبووە. یەکێ لەوانە (مستەفا ڕاشد – مصطفی راشد )ە. (محمد ابن الازرق)یش دەڵێ: "پلەوپایەی بەشەر بدەنەوە بە بوخاری!". جگە لەوەش، هەر ئەوەندە بەسە بڵێین: کەس دەتوانێ سێسەد هەزار قسەی دەقاودوقی پێشتری خۆی کۆ بکاتەوە، تا ئەو توانیبێتی دەقی ئەوەندە حەدیسە کۆ بکاتەوە؟.
مام هێمنی شاعیر قسەیەکی خۆشی هەیە، دەڵێ: "ئەوەی لە نالی تێناگا، حەیفە تێیبگا... لێیگەڕێ با تێینەگا". منیش دەڵێم: ئەوەی گیرۆدەی بوخارییە، حەیفە گیرۆدەی نەبێ... لێی گەڕێ با هەر گیرۆدەی بێ!. (مجنوون ليلی)ش کە پێیان گوت: دەی بڵێ خوایە لە ئەوینی لەیلا نەجاتم بدە!. کەچی گوتی: خوایە ئەوینم بۆ لەیلا زیاد بکە!.
(محمد عصيد)یش دەڵێ: بە داخەوە ڕێی پێشکەوتنمان لێ بزر بووە!.

lördag 8 juli 2017

کفنی هیچ کەسێک گیرفانی نییە


لە داهاتوودا، چۆن باسی "مەسعوود بارزانی" دەکرێ؟
ڕێی تێدەچێ لە داهاتوویەکی دوور یا نزیکدا، وەک یەکێ لە دەوڵەمەندەکانی جیهان باسی "مەسعوود بارزانی" بکرێ و باسی ئەو پشکانە بکرێ کە لە بانک و کۆمپانیاکانی جیهاندا هەیەتی. ڕێی تێدەچێ شکست بێنێ و دەست بە سەر سەرمایەکەیدا بگیرێ. ڕێی تێدەچێ وەک شۆڕشگێڕێکی ئازادیخواز، بەڵام شکستخواردووی وەک سپارتاکۆس ببێ بە وانەیەک بۆ شۆڕشگێڕان... ڕێی تێدەچێ وەک وایزمەن دەست لە بەرژەوەندی خۆی هەڵگرێ و هەرچی هەیە، بیخاتە خزمەتی نەتەوە و نیشتیمانەکەیەوە... ئیدی ئەو بڕیارە لای خۆیەتی.
ئێستا کاک مەسعوود بارزانی باسی دەوڵەت و سەربەخۆیی کوردستان دەکا و هەر دەبێ دەنگم لەگەڵ دەنگیدابێ... بەڵام چ ئامادەکارییەکی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ کردووە؟!. دڵە شکاوەکانی ئاشت کردوونەتەوە؟. دەرگای قومارخانەی لە بەرپرسەکان داخستووە؟. قافڵەی دوور و درێژ و شەڕفرۆشی ئۆتۆمبیلی سەیروسەمەرەی دووی مەوکیبی منداڵی بەرپرسانی قەدەغە کردووە؟. نانی دەمی خۆی داوە بە منداڵی شەهیدان؟. بەرهەمی خۆماڵی ئەو گرنگییەی پێ دراوە بەشی دانیشتوانی کوردستان بکات؟!. بازرگانی و هاوردەکردن لە دەستی بەرپرسان دەرکراوە تا پێوانەی یاسایی بۆ  هەموو کەرەسەیەک بکرێ؟. ئاگای لێیە دەوامی قوتابخانە لە بری ئەوەی بۆ ئامادەکاری، لە حەفتەیەکدا بکرێ بە حەوت ڕۆژ، کراوە بە چوار ڕۆژ؟! ئەی دەزانێ زانکۆکان کادری نەخوێندەوار بەرهەم دێنن؟. من دەزانم ڕاوێژکارەکانی، ئەو هەواڵەی پێ دەگەیەنن کە دڵی خۆش بکا و ئەوەش ئەرکی (وەعزدەرانی دەسەڵاتداران)ە. ئەی بۆچی کەسێکیشی دانەناوە ڕاستییەکانی پێ ڕابگەیەنێ؟! ئەی کەس پێی نەگوتووە مرۆ بەرگەی هەرچییەک بگرێ بەرگەی برسێتی ناگرێ؟!... ئەی نەیبیستووە گەنجی کورد هەن بە هۆی نەبوونییەوە خۆیان کوشتووە؟!. ئەی نازانێ چەندین خێزان بە هۆی نەبوونییەوە هەڵوەشاونەتەوە؟!. کەسێ بیر لە خۆکوشتن و وێرانبوونی خێزان بکاتەوە، کەی مەودای ئەوەی هەیە بیر لە سەربەخۆیی کوردستان بکاتەوە؟!.
ئەوەی ماندێلای کرد بە ماندێلا، نەوت و سەرمایە نەبوو، بەڵکو خۆنەویستی و نیشتیمانپەروەری کردیان بەو پیاوەی لە جیهاندا خۆشەویست بێ و ببێ بە ڕەمز. گاندی، بە بزنێک و پەشتەماڵێکی دەوری کەمەریەوە بوو بە قارەمانی نیوە کیشوەرێک و هەموو جیهان ڕێزی لێ دەگرێ. ئەی کاک مەسعوود بە چی ناو دەردەکا و چۆن باس دەکرێ؟!. دەڵێن: مەسعوود بارزانی لە سەر سفرەی هەژاران نانەڕەقی بە دۆی ترشەوە خوارد؟!. دەڵێن: بۆپێشکەوتنی نیشتیمان، حەفتەی حەوت ڕۆژ دەرگای خوێندنگاکانی کردەوە؟!. دەڵێن: بە زنجیرەی بێبڕانەوەی تورکی زمانی میللەتەکەی پێشخست؟!. دەڵێن: منداڵانی بەرپرسەکان و هەژاران، هاوپۆلی یەکترن و ئاشنایەتییان پێکەوە هەیە؟!. دەڵێن لە سەر هاوردەکردنی دەرمانی ئێکسپایەر و خۆراکی ژەهراوی، ئەوەندە بەرپرسی ڕەوانەی "مەحەتە" کرد؟!. دەڵێن لە سەردەمی ئەودا، بە هۆی باشی نەخۆشخانەکانەوە، درگای عیادەی تایبەتی داخرا؟!. 
ئەو دەرفەتەی ئەمڕۆ بۆ کاک مەسعوود ڕەخساوە، بۆ هیچ کەسێ لە مێژووی کورددا نەڕەخساوە. ئەمڕۆ، بە ڕەهایی بێ ڕکابەرە: ئۆج ئالان، لە بەندیخانەیە. مام جەلال ڕۆڵی نەماوە و نەخۆشە. نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کرد. قاسملۆ لە ژیاندا نییە. لایەنە سیاسییەکان، هەر یەکە و گیرۆدەی جۆرە دەردێکی ناتەباییە. بەرهەڵستکاران، بێ ئیمامن. دەوڵەتان، ئەگەر لایەنگری دەوڵەتی کوردستانیش نەبن، دژی نین. تورکیا کە بە ناوهێنانی کورد چاوی دەپەڕێتە تەوقی سەری، نەرم بووە. ئیسرائیل بە ئاشکرا لایەنگری ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانە و "مقاومەی عارەبی" بنی کون بووە و عارەبەکان بەرانبەر بە ئیسرائیل موو ناپسێنن. کاک مەسعوود، نەک هەر دەرفەتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانی هەیە، بگرە دەتوانێ ببێ بە خاوەنی هێزێکی وا، دەوڵەتانی ناوچەکە سڵی لێ بکەنەوە. ئەمەش دەرفەتە و هەموو ڕۆژێ هەڵناکەوێ!.
هیوادارم کاک مەسعوود بتوانێ هەموو شتێک بکات بە قوربانی چارەنووسی نەتەوەکەی نەک چارەنووسی نەتەوەکەی بکاتە قوربانی مێزی ڕازاوەی دەوروبەرەکەی خۆی. ئاخر دەوروبەرەکەی، کەی پڕ دەبن و کەی تێر دەبن و کەی دەڵێن خوا بەزیادی بکات؟!. دەمەوێ شتێک بە بیری کاک مەسعوود بێنمەوە: لە دوای بەیانی ١١ی ئازارەوە، سێ یا چوار پیلان بۆ کوشتنی مەلا مستەفا دانران، کەچی لە ماوەی یەک ساڵی بۆردومانی ناوچەکەدا، یەک پروشک بەر مەکتەبی سیاسی نەکەوت!!. بۆیە وەک کاتی خۆی گوتوومە، ئێستاش دەیڵێم: کاک مەسعوود بارزانی پێویستی بەوەیە ئینقیلابێک بە سەر ئێستای خۆی و حیزبەکەی خۆیدا بکا تا دەستی کراوە بێ و لاپەڕەکەی سپی بێ. کاک مەسعوود چەند ساڵی تر دەژێ؟. ئەگەر نەمریش بێ، دوای بیست ساڵی تر لەزەت لە هیچ شتێک نابینێ... بیست ساڵ ماوەیەکی زۆر نییە و کفنیش چ گیرفانی نییە تا شتێ لەگەڵ خۆیدا بپەڕێنێتەوە!.
بە هیوای بەگاهاتنەوە و هەنگاونان...