لە داهاتوودا،
چۆن باسی "مەسعوود بارزانی" دەکرێ؟
ڕێی تێدەچێ لە
داهاتوویەکی دوور یا نزیکدا، وەک یەکێ لە دەوڵەمەندەکانی جیهان باسی "مەسعوود
بارزانی" بکرێ و باسی ئەو پشکانە بکرێ کە لە بانک و کۆمپانیاکانی جیهاندا
هەیەتی. ڕێی تێدەچێ شکست بێنێ و دەست بە سەر سەرمایەکەیدا بگیرێ. ڕێی تێدەچێ وەک
شۆڕشگێڕێکی ئازادیخواز، بەڵام شکستخواردووی وەک سپارتاکۆس ببێ بە وانەیەک بۆ
شۆڕشگێڕان... ڕێی تێدەچێ وەک وایزمەن دەست لە بەرژەوەندی خۆی هەڵگرێ و هەرچی هەیە،
بیخاتە خزمەتی نەتەوە و نیشتیمانەکەیەوە... ئیدی ئەو بڕیارە لای خۆیەتی.
ئێستا کاک
مەسعوود بارزانی باسی دەوڵەت و سەربەخۆیی کوردستان دەکا و هەر دەبێ دەنگم لەگەڵ
دەنگیدابێ... بەڵام چ ئامادەکارییەکی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ کردووە؟!. دڵە شکاوەکانی
ئاشت کردوونەتەوە؟. دەرگای قومارخانەی لە بەرپرسەکان داخستووە؟. قافڵەی دوور و
درێژ و شەڕفرۆشی ئۆتۆمبیلی سەیروسەمەرەی دووی مەوکیبی منداڵی بەرپرسانی قەدەغە
کردووە؟. نانی دەمی خۆی داوە بە منداڵی شەهیدان؟. بەرهەمی خۆماڵی ئەو گرنگییەی پێ
دراوە بەشی دانیشتوانی کوردستان بکات؟!. بازرگانی و هاوردەکردن لە دەستی بەرپرسان
دەرکراوە تا پێوانەی یاسایی بۆ هەموو
کەرەسەیەک بکرێ؟. ئاگای لێیە دەوامی قوتابخانە لە بری ئەوەی بۆ ئامادەکاری، لە
حەفتەیەکدا بکرێ بە حەوت ڕۆژ، کراوە بە چوار ڕۆژ؟! ئەی دەزانێ زانکۆکان کادری
نەخوێندەوار بەرهەم دێنن؟. من دەزانم ڕاوێژکارەکانی، ئەو هەواڵەی پێ دەگەیەنن کە
دڵی خۆش بکا و ئەوەش ئەرکی (وەعزدەرانی دەسەڵاتداران)ە. ئەی بۆچی کەسێکیشی
دانەناوە ڕاستییەکانی پێ ڕابگەیەنێ؟! ئەی کەس پێی نەگوتووە مرۆ بەرگەی هەرچییەک
بگرێ بەرگەی برسێتی ناگرێ؟!... ئەی نەیبیستووە گەنجی کورد هەن بە هۆی نەبوونییەوە
خۆیان کوشتووە؟!. ئەی نازانێ چەندین خێزان بە هۆی نەبوونییەوە هەڵوەشاونەتەوە؟!.
کەسێ بیر لە خۆکوشتن و وێرانبوونی خێزان بکاتەوە، کەی مەودای ئەوەی هەیە بیر لە
سەربەخۆیی کوردستان بکاتەوە؟!.
ئەوەی ماندێلای
کرد بە ماندێلا، نەوت و سەرمایە نەبوو، بەڵکو خۆنەویستی و نیشتیمانپەروەری کردیان
بەو پیاوەی لە جیهاندا خۆشەویست بێ و ببێ بە ڕەمز. گاندی، بە بزنێک و پەشتەماڵێکی
دەوری کەمەریەوە بوو بە قارەمانی نیوە کیشوەرێک و هەموو جیهان ڕێزی لێ دەگرێ. ئەی
کاک مەسعوود بە چی ناو دەردەکا و چۆن باس دەکرێ؟!. دەڵێن: مەسعوود بارزانی لە سەر
سفرەی هەژاران نانەڕەقی بە دۆی ترشەوە خوارد؟!. دەڵێن: بۆپێشکەوتنی نیشتیمان،
حەفتەی حەوت ڕۆژ دەرگای خوێندنگاکانی کردەوە؟!. دەڵێن: بە زنجیرەی بێبڕانەوەی
تورکی زمانی میللەتەکەی پێشخست؟!. دەڵێن: منداڵانی بەرپرسەکان و هەژاران، هاوپۆلی
یەکترن و ئاشنایەتییان پێکەوە هەیە؟!. دەڵێن لە سەر هاوردەکردنی دەرمانی ئێکسپایەر
و خۆراکی ژەهراوی، ئەوەندە بەرپرسی ڕەوانەی "مەحەتە" کرد؟!. دەڵێن لە
سەردەمی ئەودا، بە هۆی باشی نەخۆشخانەکانەوە، درگای عیادەی تایبەتی داخرا؟!.
ئەو دەرفەتەی
ئەمڕۆ بۆ کاک مەسعوود ڕەخساوە، بۆ هیچ کەسێ لە مێژووی کورددا نەڕەخساوە. ئەمڕۆ، بە
ڕەهایی بێ ڕکابەرە: ئۆج ئالان، لە بەندیخانەیە. مام جەلال ڕۆڵی نەماوە و نەخۆشە.
نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کرد. قاسملۆ لە ژیاندا نییە. لایەنە سیاسییەکان، هەر
یەکە و گیرۆدەی جۆرە دەردێکی ناتەباییە. بەرهەڵستکاران، بێ ئیمامن. دەوڵەتان،
ئەگەر لایەنگری دەوڵەتی کوردستانیش نەبن، دژی نین. تورکیا کە بە ناوهێنانی کورد
چاوی دەپەڕێتە تەوقی سەری، نەرم بووە. ئیسرائیل بە ئاشکرا لایەنگری ڕاگەیاندنی
دەوڵەتی کوردستانە و "مقاومەی عارەبی" بنی کون بووە و عارەبەکان بەرانبەر
بە ئیسرائیل موو ناپسێنن. کاک مەسعوود، نەک هەر دەرفەتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی
کوردستانی هەیە، بگرە دەتوانێ ببێ بە خاوەنی هێزێکی وا، دەوڵەتانی ناوچەکە سڵی لێ
بکەنەوە. ئەمەش دەرفەتە و هەموو ڕۆژێ هەڵناکەوێ!.
هیوادارم کاک
مەسعوود بتوانێ هەموو شتێک بکات بە قوربانی چارەنووسی نەتەوەکەی نەک چارەنووسی
نەتەوەکەی بکاتە قوربانی مێزی ڕازاوەی دەوروبەرەکەی خۆی. ئاخر دەوروبەرەکەی، کەی
پڕ دەبن و کەی تێر دەبن و کەی دەڵێن خوا بەزیادی بکات؟!. دەمەوێ شتێک بە بیری کاک
مەسعوود بێنمەوە: لە دوای بەیانی ١١ی ئازارەوە، سێ یا چوار پیلان بۆ کوشتنی مەلا
مستەفا دانران، کەچی لە ماوەی یەک ساڵی بۆردومانی ناوچەکەدا، یەک پروشک بەر
مەکتەبی سیاسی نەکەوت!!. بۆیە وەک کاتی خۆی گوتوومە، ئێستاش دەیڵێم: کاک مەسعوود
بارزانی پێویستی بەوەیە ئینقیلابێک بە سەر ئێستای خۆی و حیزبەکەی خۆیدا بکا تا
دەستی کراوە بێ و لاپەڕەکەی سپی بێ. کاک مەسعوود چەند ساڵی تر دەژێ؟. ئەگەر نەمریش
بێ، دوای بیست ساڵی تر لەزەت لە هیچ شتێک نابینێ... بیست ساڵ ماوەیەکی زۆر نییە و
کفنیش چ گیرفانی نییە تا شتێ لەگەڵ خۆیدا بپەڕێنێتەوە!.
بە هیوای
بەگاهاتنەوە و هەنگاونان...
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar