söndag 3 september 2017

سڵاو لە سلێمانی و خەڵک و خاکی


بەرانبەر حیزبەکان و شێوازی حیزبایەتی لە باشووری کوردستاندا، کە بووە بە مافیاگەرایی، منیش وەک زۆرینەی کورد، دڵم پڕە لە زوخاو و خەم و پەژارە و بێزاری... منیش لە ڕەفتاری ئاودیوکردن و شەڕی ناوخۆ و لووشدانی نەوت و فڕکان فڕکان و تەراتێنی لەشکری داگیرکەران، لە ناخەوە بێزارم و خۆم بە دەستخەڕۆ دەزانم. منیش خاوەنی شەهیدی غەدرلێکراو و قوربانیی بیابان و بەندیخانەم. منیش ماندووی سەفەری پێشمەرگایەتی و تەسلیمبوونەوەی هەرەس و ڕێکخستنی نهێنی و فیراری و ئاوارەییم و لە بەرانبەردا، هەر چاوەچاوی بەرهەمێک بووم و نەبوو. بەڵام کە دەرفەتی ئەوە هاتە پێشەوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان بڵێم "بەڵێ"، چۆن بڵێم "نەخێر"؟. نەخێر واتە چی؟!. نەخێر بۆ سەربەخۆیی، واتە "بەڵێ" بۆ بندەستی و کوردیش باجی زۆری بندەستەیی داوە. ئەگەر "بەڵێ" ڕادەستکردنی نیشتمانەکەمان بێ بە خەڵکی بێکەڵک و دەستپیس، "نەخێر" ڕادەستکردنێتی بە قەساب و ئەنفالچی و فەرهوودچی، کە لە سێبەریاندا، هەمیشە ملی ئێمە و چەقۆی ئەوان بووە. ئەی لەگەڵ بێشکچیدا نەماندەگوت: "خراپترین دەسەڵاتی خۆماڵی لە باشترین دەسەڵاتی بێگانە باشترە"؟!. کەواتە ئەم "نەخێر"ە لە کوێوە سەری هەڵداوە؟!.
سلێمانی، کە هەمیشە پێشڕەوی تێکۆشان و خەبات بووە، دەشێ ئێستا پێشڕەوایەتی "نەخێر" بکات؟!. کێ باوەڕ دەکا لە سلێمانی، لە شارەکەی مەلیک مەحموود و پیرەمێرد و بێکەس و خولە پیزە وعەولە سیسە و شێرکۆ بێکەس و لە جیێزرگەی حیزبی هیوا و کاژیک و پاسۆکی نەتەوەیی و هەزاران و هەزاران شەهیدی شۆڕش و ڕاپەڕین و یاخیبوون و بەگژدداچوونەوەدا، نەک هەر دەنگ هەبێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بڵێ "نەخێر"، بەڵکو پێشڕەوایەتی بەرەی "نەخێر"یش بکا و گۆرانیشی بۆ بڵێ؟!. کێ باوەڕ دەکا دیسانەوە سلێمانی شیعر بۆ "وەفدی کوردستان میللەتفرۆشان" بڵێتەوە؟!. ئەو کوڕ و کچانەی سلێمانی کە بە گژ بەعس و قەنارەی بەعسدا دەچوونەوە، بۆ "نەخێر"ی ئەمڕۆ کەرامەتیان کەوتە بەر دەستی داگیرکەر؟!.
جێی سەرسوڕمانە ئەو شارە جوانەی کە تیایدا "سنگی کچان قەڵغان بوو لە هەڵمەتا"، بۆ سەربەخۆیی بڵێ "نەخێر"!... ئەو شارەی هەمیشە یەک "بەڵێ" بووە بۆ سەربەخۆیی، نابێ بە هیچ هۆیەکەوە "بەڵێ" بۆ دەسەڵاتی بێگانەیەک بکا کە سەت ساڵە تاقی دەکاتەوە و سەت ساڵە زوخاو بە گەرووماندا دەکا.
ئەگەر دەروونی مرۆ تووشی نەخۆشی نەبووبێ، بەخۆداچوونەوە زەحمەت نییە بە تایبەتی لە هەڵوێستی چارەنووسسازدا. هیوادارم نەخۆشییەکان، کە هۆکار و سەرچاوەیان شیرپەنجەی نێر و مێی دووبەرەکییە، بە هەتوانی سەرفرازی ساڕێژ بێتەوە!.
"نەخێر"ی سلێمانی، قوڕپێوانی هەموو کوردستانە و ناکرێ سلێمانی ئەو قوڕە بگرێتەوە!. سڵاو لە سلێمانی و خەڵک و خاکی... 

2 kommentarer:

  1. سڵاو لە تۆش لە بیریی کوردستانی هەمیشەیت، من هەرگیز باوەڕ ناکەم کەسێک هەبێت بڵێ نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان، تەنانەت من پرسیارەکە بە سەرزەنشت دەزانم، تا ئەو رادەیە، بەڵام، دڵنیاشم، کە هەموو کەس وەک بەڕێزتان، رەهەندە نەتەوەییەکەی دەرک ناکات، گرفتەکە لەوێدایە، ئەو روخسار و عەقڵانە، کە لە دوای هەرەسی یەکەمەوە، واتە دوای شکستی دووەمی گەورە کە توشی نەتەوەکەمان بوو، دوای ئەوەی کە پارتی ژیانەوەی کورد، دابەشکرالە دوای لەسێدارەدانی قازی و بەجێهێستنی و بە دنەدانی دودەییەکانی ناو پارتی ژیانەوە و دسخەڕۆکردنی کورد بە دیمۆکراتییەت و دابەش بوونی مێژووی نەتەوەکە بە دابەشبوونی ئەو پارتە و دەستبەسەراگرتنی کەسێک، کە تا سەر
    ئێسقانەکانی دژایەتی مامۆستا رەفیق حیلمی دەکرد و چاوی حیزبی هیوای نەدەبینی

    SvaraRadera
  2. ئەم قیرانە سیاسیە دەستی پێکرد، دەیان جار وەک شەڕی براکوژی، سەدان جار، وەک گفتوگۆی شکستخوارد و هێنانی سوپای دوژمن و......هتد، جا گرفتەکە لە وێدایە کە میللەتەکە، بەتایبەت ئەم بەشە لە نەتەوی کورد لە باشووری ووڵاتەکەیدا، سەڕای ئەو هەموو شکست و نەهامەتی و کارەساتانەی بەسەر ئەم بەشە و بەشەکانی تریاندا هێنا، بەڵام ئەم بەشە لە نەتەوەکە، بە شاراوەیش بێت، لێان خۆش بوون و ووتیان بەڵێبۆ دەسەڵاتەکەتان، بەڵام دوای ٢٦ ساڵ، ئەوەیان بینی کە رەنگە بەرێزتان ئازار و ژانەکەیت لە زۆرینەی دانیشتاونەکە قوڵتر چەشتبێ و دڵنیام کە وایە،، زۆر جێگای داخە، کە ئەو خەڵکانەی بانگەشەی ئەم حەقە ئەکەن، کە لەگەڵ هەر تاکێکی کورددا لەدایک بووە، ئێستا هەمان عقڵ و هەمان دەم و چاو وهەمان کەسانی بودەڵە دیسان و بۆ جارێکی تر دەبنەوە، ئاڵا هەڵگری ئەم حەقە رەوایە کە ئەوان خۆیان، هەموویان، پشکێکی گەورە و بەژانترینی وا لە ئەستۆیاندا، حەقێک کە خەڵک وا بیردەکەنەوە، دیسان لێیان دەدزرێ، زایە دەکرێ، دەفرۆشرێت، وون دەبێت و دیسان دەسخەڕۆ دەبن، پاشەڵی فرە فرە بۆگەنی ئەم کەسانە و دەستە و تاقمانە ، خەڵکی بێزار کردووە، دەنا لە دوای کوژرانی ئەژدەهاکەوە واتە لە نەورۆزی دووهەزار و ئەوەندەساڵەوە، نەتەوەکە هەر ئەوە خەونی بووە،، شۆڕسەکان، فرۆشران، خوێنەکان بەهەر دران، حەسرەتەکەن، ئاودیوکران، ژانەکان قوڵکرانەوە، ئاهەکان تاسێنران، پشتکانیان شکان و جەرگەکانیان سووتان و برەویاندا بە فەساد و درۆ و خۆپەرستی و تەنبەرستی و منیش نەیکەم ئەو دیکا، کرایە فەرهەنگی باوی ناو خەڵک، دەنا خۆ ئەو بەشە لە نەتەوەکە هەر ئەو بەشە لە نەتەوەکەیە، کە وەک خۆتان دەڵێن، سەنەیان کردە سپەری باڵاکان و وتیان نا بۆ دەسەڵاتی داگیرکەر، دەزانم ئەوە پاساوی ئەو نای ئێستا ناکاتەوە بۆ بەدیی هێنانی ئەم خەونە و دوای ئەژدەهاک و لەرزینی قاجەکانی قازی کە لەسەر دوژمنەکانی بەرزتربوون، بە پەتی سێدارەوە، بەڵام، ترس و بیم و دڵەراوکە کە دروسکەرەیان هەر ئەم کەسایەتیە بودەلانە بوون، ئاوان لەخەڵک کردووە، کە بوگزەکان لە گەردوا ئاهەکان لە سینەدا و مەراقەکان لە دڵیاندا پەنگ بخواتەوە و بترسن، لە درێژەدان بە ئازارەکان و نەمامی خەمەکان دیسان بەجاوی خۆیان ببینن، کە گەشەدەکات ئەمە ترسی ئەم قۆناغە چارەنووس سازەیە، کە دیسان نەتەوەکەیان کردوەوە بە هەزارکەرتەوە، ئەوان دەبینن، ئەوا سەرۆکی ئیستایان، لە پایتەختێکی ئەورپیەوە، باسی شەڕەگەڕەک دەکات، لە حاڵیکدا، کە ئەو نەتەوەیەی ئەو باسی دەکات، هەڵگری بارێکی قورسی برک و ژانە و بە ملیۆنزام لە رۆحیدا هەتا ئێستا باژن و بە سوێن، زامێک سارێژ نابێت، دەیان زامی تر بەرۆکی دەگرێت، خەمێک داوێنی جێدێلێ دەیانی تر یەخەی دەگرێ، نەخۆشیئەکە تەنانەت، بیریاران و رابەرانی ئەم بەشەشی گرتۆتەوە، یادی بەخێر، خوسرەوی گول سرخی، لە دوا ساتەکانی مەرگی هەتمیدا، یستیان، چۆک بە ئیرادە و رۆحی سەرکەشی بێنن، پێیان ووت : دەمانەوێ دامن، کوڕە چوارساڵکەی، بێنن تا بۆ دوار ماڵ ئاوای لێبکات، هاواری کرد، لە کاتێکدا رۆحی پڕ پڕ بوون لە دامون، هاواری کرد ووتی نا، رەنگە بینینی داممون، خەونی ئێوە بێنیتە دی کە چەمانەوی ئەژنۆکانی من، نامەوێت داموون، شکستی باوکی ببینێت، توخوای گەورە، ئەم هەڵویستەی ئەو شاعیر، ئەو رابەرە، چەندین جار لە هەموو پارچەکانی کوردستان دایەگەورەیک و باوەگەورەیەک و خوشکێک و برایەک و هاوسەرێک، نەیان نواند، بەرامبەر، بە داگیرکرانی کوردستان؟ ئێستا لەو بڕوایەدای کە ئەوانە بڵین نا بۆ سەربەخۆیی؟!!!
    مەحاڵە، بەڵام بۆتە حاڵی ئێستا، تەنها و تەنها لەبەر سەدبارەبوونەوەی ئەو عەقڵ و روخسار و باڵایانە، کە ئەوەتەی خوێن لە کورد دەچۆڕێ، درەختی خۆشگوزەرانی ئەوان، سەوزتر و گەشاوەتر دەبێت.
    گرفت گرفتی سەرەکانە، نەک بێغیرەتی و هەست نەکردنی ئەم بەشە لە نەتەوە، ترسی من لە نەتەوەکە نیە، لە درێژدان بە رابەربوونی ئەم کەسانەدایە، کە بارەکەیان خستوە و ئێستا دەیانەوێ بە خەڵکی هەڵگرنەوە، هەرد و بەرەکە، خەریکن بە خراپ سوود لە مافێکی مادرزادی تاکە تاکەی ئەم نەتەوەیە وەردەگرن، بەڵام هیچ شتێک پاساوی بەڵی و نا ناداتەوە، ئەوەی لە ئازادی دەترسێ، لە هەڵگرتنی لێپرسینەوە دەترسێ، چونکە ئازادی مانای هەڵگرتنی باری لێپرسراویەتیە، ئێستا رەفتاری ئەمان، وای کردووە خەڵک سان لەبەر ئەو بارە دا خاڵی بکەن، کە ناسنامەی ئینسان بوونیشیان پێ دەدات.

    SvaraRadera