söndag 21 januari 2018

یا نار کونی بردا وسلاما


حەکیم کاکەوەیس
زۆرمان لە سەر چەنگی نێوان وڵاتان خوێندۆتەوە و زۆریشمان بە چاوی خۆمان دیتووە. لە شەڕە هەشت ساڵییەکەی نێوان عیراق و ئێراندا، هیچ یەکێ لە لەشکرە بەشەڕهاتووەکان، لە بەر خاتری برایەتی گەلان و برایەتی دینی یا چینی یا مەزەبی یا هەر هۆکارێکی تر، نەچوو مل بە ملی لەشکرەکەی ترەوە بنێ و دەست بۆ بەرژەوەندی و ئابووری و ئاسایشی ناو وڵاتی دوژمنەکەی نەبا... ناوەوەی سنووری هەموو عیراق، بۆ ئێران مەیدانی شەڕ بوو و ناوەوەی سنووری ئێرانیش بۆ عیراق مەیدانی شەر بوو و وەک عەبدولستار تاهیر شەریف باسی کردووە، سەددام پرسیاری ئەوەی لێ کردووە کە ئەگەر کەشتییەک لە تەنگەی هورمز نقوم بکرێ، ئەو ڕێیە لە ئێران دەگیرێ یا ناگیرێ؟!.
لە دووەم جەنگی جیهانیدا، ڕووسەکان بەوەوە نەوەستان ئەڵمان لە وڵاتی خۆیان بەدەر بنێن، بەڵکو هەتا بەرلین دوایان کەوتن و دوای تێکشکاندنیشیان هەر دەربازیان نەبوون و دەستدرێژییان کردە سەر پتر لە یەک ملیۆن ژنێ بێتاوانی ئەڵمان.
من ناڵێم کوردیش بە جارێ خۆی لە مرۆڤایەتی دابڕێ... بەڵام کە تورکەکان لەم شەڕەدا فەرمانیان پێ کراوە لەمسەرەوە تا ئەوسەری وڵات، لە مزگەوتەکانەوە تا داگیرکردنی عیفرین – بە دڵنیاییەوە تا داگیرکردنی هەموو ڕۆژاوا - سوورەتی "فەتح" بخوێنن، خۆ دەبێ مەلاکانی ئێمەش لە بری بانگی تەسلیمبوون بدەن، "يا نار کوني بردا وسلاما" بخوێنن دین و ئیمانی موسوڵمانان لە دژی تورک ببزوێنن!. کە تورکیا هەموو ڕۆژاوای کردۆتە مەیدانی شەڕ، کورد ناتوانێ هەموو تورکیا بکاتە مەیدانی شەڕ؟. ناتوانێ لە بەرژەوەندییەکانی تورکیا بدات، ئەگەر لە دەردەنیل بێ یا لە تەنەگەی هورموز یا ناوجەرگەی ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ؟!
پێ دەچێ شۆڕش لای کورد یەک واتای هەبێ: دێیەکەت و شارەکەت بسووتێن و خۆت و ماڵ و منداڵت تێیتەقێنن و بەوە دڵی خۆت بدەنەوە: "سەر سەلامەت بێ!". لەولاشەوە دوژمنەکەت، تەنانەت یەک جاریش خەو لە چاوی نەزڕێ!!. ئەگەر شۆڕش و شەڕ وابێ، داگیرکەرانی کوردستان بەختیان هەیە کە دوژمنێکی ئەوەندە گێل و دڵنەرمیان هەیە!. من ڕقم لە شەڕە و پێم باشە شەڕ ڕوو نەدات، بەڵام کە ڕووی دا، هەموو جێ و بەرژەوەندی و کەس و کەسایەتییەکی دوژمن، لە هەموو وڵاتەکەدا ئامانجی شەڕە و دەبێ تێکبشکێندرێ دەنا شەڕی خۆتڕێنییە و نەکرردنی و تەسلیمبوون و قەبووڵکردنی کۆیلایەتی بۆ دەرفەتێکی تری مێژوویی باشترین چارەسەرە!.
جێی سەرسوڕمانە ئێستا عەفرین ئاگر بگرێ یەک بەشەرت لە ملیۆنان بەشەری ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ و ئەزمیردا نەبێ دەنکە شقارتەیەک داگیرسێنێ!!. ئەگەر خەڵاتی جیهانیی بۆ گێلی وا هەبوایە، تا ئێستا دەیان جار کورد وەریدەگرت!.
ماوەیەک پێم وابوو دوو (دیموقراط)ەکەی ڕۆژهەڵات و باشوور هۆکاری ئەبوونی شەڕی لەو بابەتەن، بەڵام پێ دەچێ کورد هەر خۆی لە ئوممەت نەچێ و کەسیش زات ناکا ئەو هەڵە کوشندەیە ڕاست بکاتەوە!. لە دوای ڕووخانی بەعس، کورد تۆڵەی لە یەک ئەفسەری عیراقی نەکردەوە، بەڵام شیعەکان کەوتنە ناویان و قڕیان کردن... دەبینی ئەمڕۆ کامیان، کورد یا شیعە بە سەر ئەوی تردا زاڵە!!
هیوادارم لە هەموو مزگەوتەکانی کوردستانەوە و لە سەر مینبەرەوە "یا نار کونی بردا وسلاما" بخوێندرێ و لە هەمان کاتیشدا چەند کوردێکی شەرەفمەند وەخۆ بکەوون و چۆن خەڵکی عیفرین خەو لە چاویان زڕاوە، خەو لە چاوی ئەنقەرە بزڕێنن!.
٢١-١-٢٠١٨
سەرنج: هیوادارم کەسێک ئەم بابەتە بکاتە کرمانجی...

tisdag 16 januari 2018

بەر لەوەی هەر شتێ بین، کۆیلەین


حەکیم کاکەوەیس
سەرنج بدەن!... تورکەکان گوتوویانە: "کورد لە شایدەیماندا نەبێ، لە هیچ شتێکدا یەکڕا نین". ئێستا کورد لەوەشدا یەکڕا نین. هەندێکمان لە دین هەڵگەڕاوینەتەوە و هەندێکمان سەلەفین و هەندێکمان ئیسلامییەکی سەر بە دەوڵەتە داگیرکەرەکانین و هەندێکمان هەموو شتێک دەکەینە قوربانی پێڵاوی خەلیفەیەک. ڕۆشنبیرانیش، لە بری ئەوەی هەوڵ بدەن ئەو میللەتە یەکبخەن، لەتوپەتی دەکەن و بە سەر سەردەمی فەلسەفەکاندا دابەشی دەکەن و فەلسەفەش، نەک هەر بە تەماوی دەهێڵنەوە، بەڵکو ئاڵۆزتریشی دەکەن. ئایندارەکانمان، بە هۆی باسی قیامەت و قەبر و حۆرییەوە، دنیامان لەبیر دەبەنەوە و کارێ دەکەن، دەستبەرداری دنیا بین. حیزبییەکان، حیزبمان لێ دەکەنە دین و ئەم سەرکردەمان لێ دەکەنە پەیامبەر و ئەوی ترمان لێ دەکەنە ئیبلیس. هەموو ئەوانە، کوردیان لێکدابڕیوە و وایان کردووە شۆڕشیش لە پێناوی چەسپاندنی کۆیلایەتی خۆماندا بکەین.
تۆ موسوڵمان بە و با ئەوی تر فەیلەسووف بێ و ئەوی ئەولاتر دیموکراتخواز بێ بەڵام با شتێکی هاوبەش لە نێواندا هەبێ. هیچ شتێ نییە؟!. بە دڵنیاییەوە لە ئاوارەبووندا هاوبەشین... لە کۆیلایەتیدا هاوبەشین... لە ئاشبەتاڵ و سووکایەتی پێکردندا هاوبەشین... لە چەوساندنەوەشدا هاوبەشین و لە ئەنجامدا، لە کوردبووندا هاوبەشین... من پێشنیاز دەکەم هەرکەسەمان، ئاینی خۆی و حیزبی خۆی و باوەڕ و فەلسەفەی خۆی با بۆ خۆی بێ، بەڵام لە بن چەتری "بەر لەوەی هەر شتێ بین، کوردین"دا یەک بگرن. پێویستیش ناکا ئەو دروشمە بخرێتە بەر پێوانەی فەلسەفییەوە و بڵێین: "بەر لەوەی کورد بم زندەوەرم یا مرۆڤم"، چونکە مەبەست لێی "بەر لەوەی سەر بە فڵان حیزب و فیسارە ڕێباز و فەلسەفە بین، کوردین". من چ نوێژ بکەم چ نەیکەم، ئەهلی مزگەوت بم یا مەیخانە، دەچەوسێمەوە و خاكم داگیر ککراوە و زوڵمم لە سەرە. تۆش هەر وا، ئەگەر سەر بە فەلسەفەی مارکس بیت یا هەر فەلسەفەیەکی تر، کوردبوون و کۆیلایەتی دەمانگەیەنێتە یەکتر. ئەگەر ئەوەش بە بەری زەینی هەندێکمان ناکا، خۆ لە کۆیلایەتیدا هاوبەشین. دە با "بەر لەوەی هەر شتێ بین، کۆیلە بین" و بۆ ئازادبوونی خۆمان یەک بگرین.
کورد پێویستی بەوەیە یەک ڕابێ و یەک ئامانجی هەبێ. چ ئامانجێ یەکمان دەخا و وەک هەر میللەتێکی تر دەمانکا بە خاوەنی خۆمان و لە کۆیلایەتی دەربازمان دەکا؟!. هەر کەسێ، ئەگەر باری کەوتبێ لە دین و بۆچوونی کەسێ ناپرسێ دەستباری بدا. کێشەی ئێمە ئەوەیە نیشتیمانمان داگیر کراوە. قەبووڵمانە یا قەبووڵمان نییە؟!. بە پێی ئەو هەموو شەڕ و شۆڕشە بێ کە تا ئێستا بەرپا کراوون، قەبووڵمان نییە و ئەو واقیعە ڕەت دەکەینەوە. بە هەموو پێوەرێک، ئێمەی کورد، بە دیندار و بێدینەوە، بە چەپ و بە ڕاستەوە، بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە، دوو خەسڵەتی هاوبەشمان هەیە: هەموومان کوردین و هەموومان کۆیلەین. جا یا دەبێ دروشمی "بەر لەوەی هەر شتێ بین کوردین" هەڵبژێرین، یا "بەر لەوەی هەر شتێ بی کۆیلەین" بەرز بکەینەوە!. هیوادارم کەس نەڵێ کۆردستان عارەبیشی لێ هەن... ئەوانە سەرپەرشتیی کۆیلەکان دەکەن و کۆیلە نین و لە کۆیلایەتی ئێمە سوودمەندن!!.
١٦-١-٢٠١٨

söndag 7 januari 2018

شەهید پەردەیە و خیانەت لە پشتیەوە ئەنجام دەدرێ


من و تۆ، لە ناو ورگی سەربازێکی شەترەنجدا دانیشتووین و لە سەر بابەتێکی سیاسی، یا لە سەر گەورەیی ئەم شەهید و ئەم پاڵەوان و ئەو قارەمان، یا لە سەر ئەم حیزب و ئەو حیزب شەڕمانە و کەسێکی سیاسەتمەداریش، کە هیچمان ڕوخساری نابینین و نازانین کێیە و خەڵکی کوێیە، بە دوو پەنجە سەربازەکە بەرەو چارەنووسێک دەبزوێنێ کە ئێمە نازانین چییە و ئاگامان لە ئەنجامەکەی نییە. ئەو سەربازە بە ئێمەوە بەکوشت دەدا بۆ ئەوەی ئەسپێکی یارییەکە ببزوێنێ کە دە کەسی تری وەکو من و تۆ لە هەناویدا، لە سەر حیزبەکان و شەهیدان و قارەمانێتییان داستان دەگێڕنەوە و لە سەر بەهای نەوت و دۆلار شەڕ و هەرایانە و ئاگایان نە لە چارەنووسی خۆیانە نە ئەسپەکە و نە هیچ زانیارییەکیان لە بارەی یارییەکەوە هەیە و نە دەشزانن یاریکەرەکە کێیە.
ئەوە هونەر نییە لە ناو ورگی ئەسپێکی یاریی شەترەنجەوە قارەمانێتی مامەڕیشە و هاوشێوەکانی پشتگوێ نەخەین و هەمیشە لە بیرمان بن و یادیان بکەینەوە، بەڵکو هونەر ئەوەیە بزانین ئەو قارەمانانە چۆن کراوون بە پەردەیەکی ڕەشی بەر چاومان و سەد خیانەت و هەزار دزی و گەندەڵی و بەدکاری لە پشتیانەوە ئەنجام دەدرێن و ئێمە بێئاگاین. ئەوەش هەموو حیزبەکان دەگرێتەوە نەک یەک و دوو. هەر دوێنێ و پێرێش ناگرێتەوە بەڵکو ماوەی پتر لە حەفتا ساڵ دەگرێتەوە و نەوە دوای نەوەمان بەو پەردەیە چاوبەستەکییان پێ کراوە.

ئەرێ ئەرپە و قەرە محەمەد و مستەفا فەرەج بۆ ئەوە شەهید بوون ئەمڕۆ سەرکردەکانمان، دوای دۆڕاندنی نیوەی باشووری کوردستان، بۆ فیرعەونە شێتەکانی بەغدا بێنە سەر چۆک و دەست لە کەرکووک هەڵگرن و لە ئێمەش ببن بە فیرعەون؟. مامە ڕیشەش بۆ ئەوە شەهید بوو سووک و باریک، کەرکووکەکەی بفرۆشرێ و ڕادەستی حەشدی شەعبی بکرێ؟!. چ فشەکەرێکی بێڕوون ئەم سەرکردانە!. ئەو شەهیدە قارەمانانە، بۆ ئەوە بوون بە سەرقافڵەی دەیان هەزار شەهیدی ئەنفالکراو و خنکاوی کیمیاوی تا سەرکردەکان، بەغدا دروست بکەنەوە و بەهێزی بکەن، ئەوجا بە دەستەجەمعی بۆی بکەونە سەر چۆک و کڕنۆشی بۆ بەرن؟!
بەڵێ سەرجەمی شەهیدان کراوون بە پەردەیەکی ڕەشی بەر چاومان و خیانەت لە پشتیانەوە ئەنجام دەدرێ و ئێمەش بە هۆی ئەو پەردانەوە، خیانەتەکان نابینین یا دەیانبینین و لێیان بێدەنگ دەبین تا بەردەوام شیعر بۆ باڵای قارەمانان بنووسین و ئاوازیان بۆ دانێین. کاتێکیش بە خۆمان دەزانین... کەرکووک لە دەست دەرچووە و کورد تیایدا کەمینەیەکی بێکاریگەرە!!
ئێستا سەرانی کورد دەرفەتی فرۆشتنی داهاتی بن زەوییان کەم بۆتەوە و خەریکی فرۆشتنی زەوی و سەر زەوین... دەڵێی بۆ هەڵفڕین و ڕاکردن بای باڵیان دەدەن و نیازیان نییە جارێکی تر چاویان بە چاوی خەڵکی کوردستان بکەوێ!.
کڵۆڵ خۆمان!...
سەرنج: لە گووگل، بە دوای وێنەی عەزەدین قەرەمحەمەد و ئەرپە و مستەفا فەرەجدا گەڕام، بە داخەوە دەستم نەکەوتن. ئەوەش بەڵگەیە بۆ دڵسۆزی حیزبەکەیان بۆ خوێنی پاکیان.

tisdag 2 januari 2018

گەمەی دیموکراسی بەسە


چەند جێی سەرسوڕمانە حیزبێک لە شاخەکانی کوردستانەوە، بە هەموو باوەڕێکەوە کار بۆ ئەوە بکا ئەسفەهان و تاران بکات بە دیموکراسی و جەماوەرێکی زۆریش لە خۆی گرد بکاتەوە و هەزاران کەسیش خۆیان بۆ ئەو خەیاڵە خۆشکەڵەیە، کە نەختێ لەملای حۆرییەکانی بەهەشتەوەیە، بەکوشت بدەن!. ئەوە خەبات و تێکۆشانە یا گەمەی بتپەرستییە!. پارتی دیموکرات و حیزبی دیموکرات و هەرچییەکی وەک ڕێکخراو لێیان دابڕاوە، حەفتا ساڵە ئەو یارییە بە خەڵکی کوردستان دەکەن و دەیشارنەوە بۆچی ژێکاف و (هیوا)یان لەناو برد!. لەو حەفتا ساڵە خەباتەدا، بەسرا و ئەسفەهان، لە بری ئەوەی ببن بە دیموکراسی و مافی کورد بسەلمێنن، بوونەتە کارگەی بەرهەمهێنانی مرۆڤگەلێک، کە ئەرکیان کوردکوشتنە و ڕزقیان لە سەر تاڵانکردنی کوردستناە. مافی ئەوەم هەیە بپرسم دوای حەفتا ساڵ لە خەباتی دیموکرات و ئەو لق و بەچکانەی کە لێیان کەوتوونەتەوە، لە سەتا چاندی کوردیان هێناوەتە سەر خەتی بڕیاردانی چارەنووسی نەتەوەیی؟. ئەگەر پانئێرانست و کۆمۆنست  وکۆمۆنستی کرێکاری و چەپەکان لە حیساب دەربێنین، نیوەی کورد لایەنگری سەربەخۆیی نابێ. جا هەر ئەوەندە کاریگەرییان لە سەر کورد بووبێ، دەبێ لە سەتا چەندی فارسەکانیان وا لێ کردبێ دان بەو مافەی کورددا بێنن؟!
پێم وابێ ئیتر ئەو گێرەیە بەسە و ئەو حیزبانە کاری تریان هەیە نەک ئەوەی بۆ من و تۆی باس دەکەن و ئەگەر کورد بە هەمان نەفەسی دیموکراسییەوە کار بکات، لە ڕووخانی شای ئێراندا چەندی دەست کەوت، لە ڕووخانی مەلاکانیشدا هەر ئەوەندە بەدەست دێنێ.. هیوادارم ئەنجامی ئەم هەرایەی ئیڕان، چارەنووسی ڕۆژهەڵاتیش بە دەردی باشوور نەبا. وریا بن کوردینە، هەر خۆتانن و کەسی تر نا!. هەرچی دەسەڵاتی تارانی بکەوێتە دەست، بەرانبەر کورد هەمان هەڵوێستی شا و مەلاکانی دەبێ!. ئەوە دەڵێم، بەڵام ترسی ئەوەشم هەیە دوای ڕووخانی ئێران و لەشکرەکەی، هەر وەک برا باشوورییەکان، چۆن عیراق و لەشکرەکەی عیراقیان بۆ گیانی کورد دروست کردەوە، ئەوانیش هەر وا بکەن ئەوجا داوای فشەمافێکی کوردی لێ بکەن!. ناشبێ ئەوەشمان لەبیر بچێ کە کورد نەک ئێستای، بەڵکو مێژووەکەشی دزراوە.