lördag 12 mars 2016

مرۆکوژی ئابووری



جۆن پێرکینز (john perkins) کە کەسێکی سەر بە موخابەراتی ئەمەریکا بووە و کاری زۆر هەستیاری ئەنجام داوە، لە دیدارێکدا باسی پیلانەکانی ئەمەریکا دەکا بۆ نەهێشتنی بەربەست لە بەردەم بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکادا, لە هەر شوێنێکی جیهاندا، ئیتر لە ڕووخاندنی موسەددەقی ئێراندا بووبێ یا لە ڕووخاندنی شا بووبێ... لە پەنەما بووبێ یا لە ئێران یا لە عیراق یا لە هەر جێیەکی تر و ئەو کەسەی ویستوویانە بیڕووخێنن، کۆنە پیاوی خۆیان بووبێ وەک شای ئێران و سەددام (وەک کە خۆی باسی دەکا)، یا هەو نەبووبێ. جۆن پێرکینس، خۆی ئەو پیاوانە بە چەقەڵ ناو دەبا کە ئەو کارانەیان بۆ (سی ئای ئەی) ئەنجام داوە و ڕەنگە ئەو زاراوەیە بۆ ئەو جۆرە پیاوانەی ئەو دەزگایە، ئاسایی و باو بووبێ.
هیوادارم ئەم بابەتەی کە وەرمگێڕاوە، بۆ ئەوانەی کوردی ئەمڕۆ و نەوەکانی داهاتوو دەخەنە بن قەرزەوە و بە داویانەوە دەکەن، وانەیەک بێ و بەئاگایان بێنێتەوە. بەڵام بەرپرسان گوێ دەگرن؟! ئەی دەبێ هیچ حیسابێک بۆ چارەنووسی نەوەکانی داهاتوو بکەن کە بەر لەوەی بێنە دنیاوە دەیانکوژن؟!
جۆن دەڵێ: ئێمەی مرۆکوژی ئابووری، لە خولقاندنی ئەم یەکەم ئیمپراتۆرە جیهانییە بەرپرسیارین و لە زۆر ڕێگەی جیاوازەوە کاری تێدا دەکەین. بەڵام ڕەنگە باوترین ڕێگا ئەوە بێ کە وڵاتێکی بەپیتی وا دەستنیشان دەکەین کە ئاو بە زاری کۆمپانیاکانماندا دێنێتە خوارەوە، وەک نەوت. ئەوجا کارێ دەکەین قەرزێکی زۆری لە ڕێگای بانکی نێودەوڵەتییەوە یا هەر ڕێکخراوێکی هاوپەیمانەوە بدەینێ، بەڵام ئەو پارەیە ڕاستەوخۆ ناگاتە دەستی ئەو وڵاتە، بەڵکو دەدرێتە کۆمپانیا گەورەکانمان تا پرۆژەی بنخان لەو وڵاتەدا دامەزرێنن.. وەک بەرهەمهێنانی وزە و بیناکاری پیشەسازی و بەندەر... کە جگە لە کۆمپانیەکانمان، سوود بە ژمارەیەکی کەم لە دەوڵەمەندانی ئەو وڵاتە دەگەیەنن بەڵا لە ڕاستیدا، بە هیچ شێوەیەک هاوکاری زۆرینەی خەڵکی ئەو وڵاتەی تێدا نییە. زۆرینەی خەڵکەکە و هەموو وڵاتەکە دەکەونە ژێر ئەرکی دانەوەی قەرزێکی گەورەوە. ئەوەش قەرزێکی هێند گەورەیە مەحاڵە پێیان بدرێتەوە بۆیە پاش ماوەیەک ئێمەی مرۆکوژی ئابووری دەچینەوە سەریان و پێیان دەڵێین: گوێ بگرن. قەرزێکی زۆر کەوتۆتە سەرتان و ئەگەر ناتوانن بیدەنەوە، ئەو نەوتە بە نرخێکی هەرزان بە کۆمپانیەکانمان بفرۆشن کە تایبەتە بە خۆتانەوە. ڕێمان بدەن با بنکەیەکی سەربازی لە وڵاتەکەتاندا دابنێین و بۆ شوێنێکی دیاریکراوی جیهانیش، وەک عیراق، هێزیشمان بۆ بنێرن یا لە دەنگدانی داهاتوویی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەنگتان لەگەڵ دەنگی ئێمەدا بێ. کارکردن لە کۆمپانیای تایبەت بە کارەباکەیان، ئاو و ئاوڕۆگەی تایبەتییان و فرۆشتنیان بە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان یا دەوڵەتانی تر. هەموو ئەوانەش بۆ دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی بە شێوەی ئاسایی، وەک خۆرە زیاد دەکەن و گەشە دەکەن. دەست لە وڵاتەکە هەڵدەگیرێ بە قەرزەکەی سەریەوە. قەرزەکەش ئەوەندە زۆرە پێی نادرێتەوە. ئەوجا قەرزی تری پێ دەدرێ و سوودی زیاتری لێ وەردەگیرێ و بەوەش دەگوترێ "مەرجدار" و لە بنەڕەتیشدا فرۆشتنی زۆر لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانیان و کۆمپانیەکانیان دەگەیەنێ. هەندێ جار سستەمی خوێندنی قوتابخانە و سستەمی سزادان و تەئمینیان دەدرێنە کۆمپانیای بێگانە. ئەنجامیش جووت لێدان و سێ لێدان و چوار لێدان دەبێ.
دەستپێکردنی کوشتنی ئابووری لە ڕاستیدا لە سەرەتای پەنجاکانەوە بوو و بە ئێران دەستی پێ کرد. کیرمنت رۆزفڵت بە چەند ملیۆن دۆلارێکەوە ڕۆیشت و زۆر کاریگەری هەبوو. توانی موسەددەق بڕووخێنێ و شا بهێنێتەوە. کاتێ موسەددەق ڕووخا گوتیان زۆر باشە، هەرزانمان لە سەر کەوت.
کاتێ گوانتیمالا زەوی بە سەر جووتیاراندا دابەش کرد، کۆمپانیای میوە خەڵک و ئەنجوومەنی پیران و حکوومەتیان هان دا گوایە گوانتیمالا بنکەی سۆڤیەتە و ئەگەر هەر وا بمێنێ سۆڤیەت نیوەی گۆی زەوی داگیر دەکا. ئەو سەردەمە خەڵک لە ئیرهابی سوور دەترسان بۆیە موخابەرات و سوپا بڕیاریان دا ئەو سەرۆکە لەناو بەرن. فڕۆکەی سەرباز و جاسووسیان نارد تا بیڕووخێنن و ڕووخاندمان. کاتێ ڕووخا، سەرۆکی نوێ هەموو شتێکی وەک جاران لێ کردەوە و وای کرد بە دڵی کۆمپانیای میوە بێ.
ئێران – ١٩٥٣
لە سەرەتای پەنجاکاندا، موسەددەق بە شێوەی دیموکراتیانە لە ئێران هەڵبژێردرا و بوو بە هیوای دیموکراتخوازانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان و گۆڤاری تایم بە (پیاوی ساڵ) داینا. بەڵام یەکێ لەو کارانەی بەرەوڕووی بووەوە و دەستی بە جێبەجێکردنی کرد، ئەو بیرۆکەیە بوو کە دەبوو کۆمپانیا بێگانەکانی نەوت لە وڵاتەکەدا بەرانبەر نەوتی ئێرانی نرخێکی زیاتر بە گەلی ئێران بدەن و
پێویستە گەلی ئێران سوود لە نەوتی تایبەت بە خۆی ببینێ. دیارە ئەوەمان بە دڵ نەبوو، بەڵام دەترساین شتێ بکەین. واتە سوپا بنێرین. لە بری ئەوە، پیاوێکی موخابەراتی ناوەندیمان نارد، کە کۆرمیت ڕۆزفڵتی زاوای تێدی ڕۆسفڵتی سەرۆکی پێشتری ئەمەریکا بوو. کۆرمیت بە چەند ملیۆن دۆلارێکەوە ڕۆیشت و کارەکەی زۆر زۆر کاریگەر بوو. توانی لە ماوەیەکی کورتدا موسەددەق بڕووخێنێ و ئەو شایە بهێنێتەوە و لە جێی ئەو دایبنێ، کە هەمیشە لە مەسەلەی نەوتدا گونجاو بوو. ئەوە زۆر کاریگەر بوو.
شۆڕشی ئێران
ئاژاوە لە هەموو وڵاتدا دەستی پێ کرد. ئەفسەرانی سوپا هاواریان دەکرد موسەددەق تەسلیم بووە و دەسەڵاتە دکتاتۆرەکەی کۆتایی هات. وێنەکانی شا لە شەقامەکاندا بەرز کرانەوە و هەستیان دەبزواند. شا بەخێر بێتەوە بۆ وڵاتی خۆی.
لە واشنتۆنیش، خەڵکەکە تەماشای بارودۆخەکەیان دەکرد و دەیانگوت: بە ڕاستی ئاسان و هەرزان کەوت.
ئەمە بۆ دەستوەردان لە کاری وڵاتان و دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەت ڕێگەیەکی نوێ بوو. تاکە کێشەی ڕۆزفڵت ئەوە بوو کە پێناسەی پیاوی موخابەراتی پێ بوو و ئەگەر دەستگیر بکرابا چارەنووسی خراپ دەبوو. لەبەر ئەوە، خێرا بڕیاری دا و خەسڵەتی ڕاوێژکاری بازرگانی وەرگرت بۆ گەیاندنی پارە لە ڕێی بانکی نێودەوڵەتی و سندووقی نێودەوڵەتییەوە، یا لە لایەنی ترەوە کە لەوان بچێ، تا خەڵکی وەکو خۆی ببا و کار لە کۆمپانیا تایبەتییەکاندا بکا، چونکە گرتنی ئێمە ئەنجامی خراپی نەدەبوو.
گواتیمالا ١٩٥٤ (کارلۆس کاستیلۆ(
کاتێ ئاربەنز بووە سەرۆکی گوانتیمالا، وڵات بازیچەیەک بوو بە دەستی کۆمپانیای یەکگرتووی میوە و کۆمپانیا هاوشێوەکانیەوە. سیاسەتی ئاربێنز دەیگوت: تۆ دەزانی ئێمە دەمانەوێ زەوییەکان بۆ خاوەنی خۆیان بگێڕینەوە. هەر کە دەسەڵاتی کەوتە دەست، کاری بۆ جێبەجێکردنی دەقاودەقی ئەو سیاسەتە کرد. زەویوزار بکاتە موڵکی گەل. ئەوەش بە دڵی "کۆمپانیای میوە" نەبوو. لەبەر ئەوە، کۆمپانیایەکی پەیوەندییە جیهانییەکانی بە کرێ گرت تا باوەڕ بە خەڵکی وڵاتە یەکگرتووەکان و ڕۆژنامەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان و کۆنگرەی پیرانی وڵاتە یەکگرتووەکان بێنێ کە ئاربەنز جگە لە یاریچەیەکی دەستی سۆڤیەت هیچ شتێکی تر نییە و ئەگەر ڕێ بدەین لە سەر دەسەڵات بمێنێتەوە جێپێیەک لەم نیوەیەی گۆی زەویدا بۆ سۆڤیەت دەبێتەوە. لەو دەمەدا ترسێکی زۆر گەورە لە دڵی هەموو کەسێکدا لە تیرۆری سوور، یا تیرۆری کۆمۆنیزم هەبوو. بە کورتییەکەی، لە ڕێی هەڵمەتی پەیوەندییە گشتییەکانەوە موخابەراتی ناوەندی و سوپا مەسەلەکەیان لە ئەستۆ گرت تا ئەو پیاوە لە سەر دەسەڵات لابەرن. لە ڕاستیشدا، هەر وامان کرد.
فڕۆکە و سەرباز و مەفرەزەی لەناوبردنمان نارد. هەموو پێداویستییەکیشمان نارد تا وەلای بنێین و وەلامان نا.
هەر کە دەسەڵاتەکەیمان لەناوبرد، سەرۆکی تازە هەموو شتێکی بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان گەڕاندەوە، لە ناو ئەوانەشدا کۆمپانیای یەکگرتووی میوە.
ئیکوادۆر ١٩٨١
چەندین ساڵ بوو ئیکوادۆر لە لایەن دکتاتۆرەکانەوە بەڕێوە دەچوو. تا ڕادەیەک دڕندە بوون و سەر بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوون. ئەوجا بڕیاریان دا هەڵبژاردنی ڕاستەقینەی دیموکراتیانە بکەن. خایمی ڕۆڵدۆس خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەڵبژارد و خۆی گوتەنی، ئامانجی سەرەکی ئەمە بوو: ئەگەر لە هەڵبژاردندا دەرچم دەبم بە دڵنیایی بۆ ئەوەی لە داهاتی ئیکوادۆر یارمەتی ئیکوادۆرییەکان بدەم. سەرکەوتنێکی گەورەی وای بەدەست هێنا لە مێژووی ئیکوادۆردا ڕووی نەدابوو. دەستی کرد بە جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە و دڵنیابوو ئەو قازانجەی لە نەوت بەدەست دێ خەڵکی ئیکوادۆر تێر دەکا. لە ئەمەریکا، ئەوەمان بە دڵ نەبوو. من و چەند بکوژێکی ئابوورییان نارد بۆ ئەوەی ڕۆڵدۆس بگۆڕین و گەندەڵی بکەین، یا وای لێ بکەین تێبگات.
پێمان گوت: دەکرێ زۆر دەوڵەمەند بیت. خۆت و خێزانەکەت، ئەگەر گوێمان لێ ڕاگری، زۆر دەوڵەمەند دەبیت. بەڵام ئەگەر لە سەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بیت، لادەچیت. بەڵام گوێی لێ نەگرتین. لەناوماندا. هەر کە فڕۆکەکەی تێکشکا، هەموو ناوچەکە گەمارۆ درا. تەنها ڕێ بە سوپای ئەمەریکی درا بێتە پێش، کە بنکەیان لەو نزیکانە بوو، لەگەڵ هەندێ لە کەسانی سەر بە سوپای ئیکوادۆر. بەر لەوەی لێکۆڵینەوە بکرێ، دوو لە شایەدەکان، بەر لەوەی شایەدی خۆیان بدەن، بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەست دا. گەلێ ڕووداوی سەیر لە دوای لەناوبردنی ڕۆڵدۆسدا ڕوویان دا. من و هەموو ئەوانەی بە ڕاستی لێکۆڵینەوەمان لە مەسەلەکە کرد، گومانمان نەبوو کە ئەوە لەناوبردن بوو. دیارە لەبەر ئەوەی بکوژی ئابووریم، هەمیشە چاوەڕوانی ڕووداوێکی وا بووم کە بە سەر ڕۆڵدسدا بێ. دەقاودەق نەمدەزانی چی بە سەردا دێ، کوودەتا یا لەناوبردن، بەڵام دڵنیا بووم کە لادەبرێ چونکە گەندەڵ نەبوو و قەبووڵیشی نەبوو وەک ئێمە دەمانویست، گەندەڵ بێ.
پەنەما ١٩٨١
ئومار تۆتیخۆس، سەرۆکی پەنەما، بۆ ئاگاداریت یەکێ بوو لەو کەسانەی کە پێم باش بوون و بە ڕاستی خۆشم دەویست. کەسایەتییەکی کاریزمایی هەبوو و بە ڕاستی دەیویست خزمەتی وڵاتی خۆی بکا. کە هەوڵم دەدا بەرتیلی بدەمێ یا گەندەڵی بکەم، دەیگوت: جۆن! تەماشام کە. من پێویستیم بە پارە نییە. ئەوەی دەمەوێ ئەوەیە بە ئینسافانە ڕەفتار لەگەڵ وڵاتەکەمدا بکرێ. گەرەکمە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەموو ئەو وێرانکارییانە ببژێرێ کە بە سەر وڵاتی ئێمەتاندا هێناوە. دەمەوێ لە بارێکدا بین بتوانین هاوکاری وڵاتە هەژارەکانی ئەمەریکای لاتین بکەین تا ئازادی خۆیان بە دەست بێنن و لە دەست بوونی کارەساتئامێزی ئەمەریکا لە وڵاتیاندا ڕزگاریان بێ. ئێوە بە شێوەیەکی زۆر خراپ بەکارمان دێنن. دەمەوێ کەناڵی پەنەما بگەڕێتەوە بۆ گەلی پەنەما. من ئەوەم دەوێ. لەبەر ئەوە بە دەردی خۆمەوە لێمگەڕێ و هەوڵ مەدە بەرتیلم پێ بدەیت.
ئەوە ساڵی ١٩٨١ بوو و لە مانگی مایسدا خایمی ڕۆڵدۆس لەناو برا. ئومار هەستی بەوە کردبوو و خێزانەکەی کۆکردبوونەوە و پێی گوتبوون: ئەوجارە نۆرەی منە بەڵام ئەوە کێشە نییە چونکە ئەوەی بۆی هاتووم هەر ئەوەیە کە ئەنجامی دەدەم. گفتوگۆم بۆ مەسەلەی کەناڵەکە زندوو کردەوە و ئێستا بە دەستی خۆمانەوەیە. تازەش لەگەڵ جیمی کارتەردا لە گفتوگۆ بووینەتەوە. دوای دوو مانگ لە هەمان ساڵدا، ئەمیش بە ڕووداوی فڕۆکە کوژرا. ئەوەی ئەو کارەشی ئەنجام دا، بە بێ هیچ گومانێک مەفرەزەی چەقەڵ بوو کە موخابەراتی ناوەندی پشتگیری دەکرد. بەڵگەیەکی زۆر هەیە کە کاتێ سواری فڕۆکە بووە، لە دوا چرکەدا یەکێ لە حیمایەکانی خۆی، ئامێرێکی تۆمارکردنی داوەتێ کە بۆمبی تێدابووە.
ڤەنزویللا ٢٠٠٢
زۆرم بە لاوە گرنگە چۆن ئەو سستەمە، ساڵ لە دوای ساڵ بە هەمان شێواز بەڕێوە چوو و جگە لەوەی کە پیاوکوژە ئابوورییەکان تا دەهات لێهاتووتر دەبوون، هیچی لێ نەگۆڕا. ئەوجا ڕەفتارمان لەگەڵ ڤەنزوێلادا بوو. دوای زنجیرەیەک لە سەرۆکی گەندەڵکار، کە لە ڕاستیدا ئابووری وڵاتیان وێران کرد، ساڵی ١٩٩٨ هۆگو شافیز بوو بە سەرۆکی ڤەنزویللا. شافیز بەرەوڕووی وڵاتە یەکگرتووەکان وەستایەوە و ئامانجە سەرەکییەکەی ئەوە بوو کە چەکی نەوتی ڤەنزویللا بخاتە خزمەتی خەڵکی ڤەنزویللاوە. ئێمەش لە ئەمەریکا ئەوەمان پێ خۆش نەبوو. لەبەر ئەوە، ساڵی ٢٠٠٢ کوودەتایەکمان ڕێک خست و منیش وەک زۆر کەسی تر گومانم نییە کە ئەو کوودەتایە موخابەراتی ناوەندی ئەمەریکا ڕێکی خست.
شێوەی کوودەتاکە هەمان ئەو شێوەیە بوو کە کیریت ڕۆزفڵت لە ئێران ڕێکی خست، ئەوەش پارەدان بوو بە خەڵک بۆ ئەوەی هەڵڕژێنە سەر شەقامەکان و کاری گێرەشێوێنی ئەنجام بدەن و ناڕەزایی دەربڕن و بڵێن شافیز خەڵکی لەگەڵدا نییە. خۆت دەزانی ئەگەر بتوانیت چەند هەزار کەسێک بخەیتە سەر ئەو خەتە، دەزگای ڕاگەیاندن وای لێ دەکا وەک ئەوەی هەموو گەل ناڕازی بن. ئەوجا ژیان ناخۆش دەبێ. بەڵام شافیز زۆر زیرەک بوو و خەڵکی زۆر لایەنگری بوون و بە سەر مەسەلەکەدا تێپەڕین و ئەو چرکە ساتە لە مێژووی ئەمەریکای لاتینی دەگمەن بوو،
عیراق ٢٠٠٣
لە ڕاستیدا عیراق بۆ کارکردنی ئەو سستەمە بابەتێکی نموونەییە چونکە ئێمە (بکوژی ئابووری) یەکەم هێڵی بەرگری پێکدەهێنین. ئێمە خۆمانی پێدا دەکەین و هەوڵ دەدەین حکوومەتەکە گەندەڵ بکەین و وایان لێ بکەین ئەو قەرزە گەورەیە قەبووڵ بکەن و ئێمەش بۆ خاوەندارێتییان بەکاری بهێنین. ئەگەر ئەوەش سەرکەوتوو نەبێ، وەک من لەگەڵ ئومار تۆریخۆسی پەنەما و ڕۆڵدۆسی ئیکوادۆر و ئەو پیاوانەدا کە ڕازی نابن گەندەڵ بن، سەرکەوتوو نەبووم، هێڵی بەرگری دووەم دێ کە ناردنی مەفرەزەی لەناوبردنە و ئەمەشیان یا کوودەتا سازی دەکا یا بە گوێرەی پیلانێک لەناوی دەبا. ئەگەر ئەوەش ڕوو بدا و حکوومەتی نوێ دابمەزرێ ئەوا گوێڕایەڵ دەبێ چونکە سەرۆکە تازەکە دەزانێ گوێڕایەڵنەبوون چ دەگەیەنێ. لە عیراقدا هەردوو پیلانەکە شکستیان هێنا. مرۆکوژە ئابوورییەکان نەیانتوانی بگەنە سەددام حوسێن. هەوڵمان دا و زۆریش هەوڵمان دا ڕێکەوتنێکی وەک ئەوەی لەگەڵدا مۆر بکەین کە لەگەڵ بنەماڵەی سعوود مۆرمان کردبوو. بەڵام پێی ڕازی نەبوو. لەبەر ئەوە، مەفرەزەی مردن (چەقەڵ) بۆ لەناوبردنی دەستبەکار بوو. ئەوانیش پێیان ئەنجام نەدرا چونکە چاودێرییە تایبەتییەکەی زۆر بەهێز بوو. هەرچۆنێ بێ، (سەددام) لە ڕابردوودا کاری بۆ موخابەراتی ناوەندی کردبوو و داوای لێ کرابوو سەرۆکێکی پێشتری عیراق لەناوبەرێ بەڵام شکستی هێنابوو. بەڵام ئەو لە سستەمەکە تێگەیشتبوو. لەبەر ئەوە، ساڵی ١٩٩١ سوپامان نارد و سوپای عیراقمان هەڵتەکاند و پێمان وابوو سەددام حوسێن ئەوجا بەرەو لامان دێت. دیارە لەو کاتەدا دەمانتوانی لەناوی بەرین بەڵام ئەوەمان نەویست چونکە پیاوێکی بەهێز بوو و ئەوەمان بە دڵ بوو. ئەو دەیتوانی چنگ لە گەلەکەی خۆی گیر بکا و دەیتوانی دەست بە سەر کوردەکاندا بگرێ و ئێرانییەکان لە ناو سنووری خۆیان ڕاگرێ و بە بەردوامیش نەوتمان بۆ بنێرێت.
کە سوپاکەیمان لەناو برد بە خۆیدا دەچێتەوە. مرۆکوژە ئابوورییەکان بە بێ هیچ سەرکەوتنێک گەڕانەوە. ئەگەر سەرکەوتوو بوایەن، ئێستاش سەددام لە دەسەڵاتدا دەمایەوە و وڵاتی بەڕێوەدەبرد و فڕۆکەی شەڕکەر و هەرچییەکی بویستبا پێمان دەفرۆشت، بەڵام نەمانتوانی و تیمی لەناوبردنیش سەرکەوتوو نەبوو. جارێکی تریش سوپامان ناردەوە. ئەمجارەیان کارەکەمان تەواو کرد و ڕووخاندمان و لە هەمان کاتدا هەندێ ڕێکەوتننامەی پڕقازانجمان ئەنجام دا بۆ دروستکردنەوەی هەرچییەکی لە شەڕەکەدا ڕووخاندبوومان و سووتاندبوومان. ئەگەر کۆمپانیای گەورەی بیناسازیت هەبێ، ڕێکەوتنی نایابت بۆ دەبێ.
لەبەر ئەوە، عیراق نموونەی پلەی سێیەمە. لەوێ مرۆکوژە ئابوورییەکان سەرکەوتوو نەبوون و تیمی لەناوبردنیش سەرکەوتوو نەوو. لە ئەنجامدا سوپامان نارد. لەو ڕێگایەشەوە ئیمپراتۆریەتەکەمان خولقاند و ئەوەشمان بە خێرایی و لێهاتووییەکی زۆرەوە کرد. هەموو ئیمپراتۆرە کۆنەکان لە سەر هێزی سەربازی هەڵچندرابوون و هەموو کەس دەیزانی ئاوها دروست دەکرێ. بەریتانیەکان دەیانزانی ئیمپراتۆر بنیات دەنێن. فەرەنسییەکان دەیانزانی و ئەڵمانەکانیش دەیانزانی. یۆنانییەکانیش ئەوەیان دەزانی. هەمووشیان شانازییان دەکرد و بیانووشیان بڵاوکردنەوەی شارستانەتی و ئاین و شتی وا بوو. بەڵام دەیانزانی چی دەکەن. بەڵام ئێمە نازانین و زۆربەی خەڵکی وڵاتە یەکگرتووەکان کەمترین زانیارییان لە سەر ئەوە نییە کە ئێمە لە سەر دەستکەوتی ئیمپراتۆرییەتێکی نهێنی دەژین و نازانن دزی ئەمڕۆ لە هەموو سەردەمەکان زیاترە. دوای ئەوە لە خۆتان بپرسن ئاخۆ ئەگەر ئەوە ئیمپراتیۆریەتە، ئەی ئیمپراتۆر خۆی کێیە. بە دڵنیاییەوە سەرۆکەکانی ئەمەریکا ئیمپراتۆر نین. سەرۆکەکان کەسانێکن هەڵدەبژێردرێن و ماوەیەک سەرۆکایەتی دەکەن. ڕاپۆرت بۆ کەس نانووسن. لەبەر ئەوە، ناتوانیت سەرۆکەکانمان بخەیتە ڕیزی ئیمپراتۆرەوە. ئیمپراتۆر چینە ئابوورییە دەسەڵات بەدەستەکەیە، ئەو کەسانەیە کە کۆمپانیا گەورەکان بەڕێوە دەبەن. ئەوانە بە ڕاستی وەک ئیمپراتۆر ڕەفتار دەکەن و لە ڕێی خاوەندارێتییەوە بێ یا ڕیکلامکردن، دەست بە سەر دامودەزگای ڕاگەیاندندا دەگرن. دەست بە سەر زۆرینەی سیاسەتمەدارانماندا دەگرن چونکە هەڵمەتی هەڵبژاردنیان بە پارەی ئەوانە، جا چ لە ڕێی کۆمپانیاکانیانەوە بێ یا لە ڕێی کۆکردنەوەی پیتاکەوە بێ کە لە کۆمپاکانەوە دێن. ئەوانەی دەنگیان پێ دەدرێ لە کۆمپانیاکاندا کار ناکەن تا ڕاپۆرتیان بدەنێ. ئەوەی لە لوتکەی چینە ئابوورییە دەسەڵاتدارەکەدایە، نازانیت ئاخۆ کار بۆ خۆی دەکا یا بۆ حکوومەت، چونکە هەمیشە ڕایەڵەیەتی لەمبەرەوە بۆ ئەوبەر.
فێڵە بنەڕەتییەکە ئاسانە. وڵاتێک لە قەرزدا نقوم بکە، جا لە ڕێی بێعەقڵی خۆیانەوە بێ یا لە ڕێی گەندەڵکردنی سەرکردەکانەوە بێ. ئەوجا خواستی سیاسی خۆتی بە سەردا بدە، کە زۆربەی کات ئەمانەی خوارەوەن: داگرتنی بەهای دراو. کاتێ بەهای دراو دادەبەزێ، بەهای هەموو شتێک دادەبەزێ. ئەمەش وا دەکا داهاتی نیشتمانی بۆ وڵاتە دڕندەکان وەها دابەزێت، نرخەکەی هیچ نەبێ. کەمکردنەوەی خەرجی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان ئەمەش بە عادەت پەروەردە و تەندروستی دەگرێتەوە و سەلامەتی و خاوێنی کۆمەڵگا دەخاتە مەترسییەوە و گەلیش پشتی تێ دەکرێ بۆ ئەوەی بەکار بهێندرێ. بەشداربوون لەو کۆمپانیایانەی کە لە وڵاتەکەدا هەن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە سستەمە کۆمەڵایەتییە گرنگەکان، دەکرێ بکڕدرێن و لە لایەن کۆمپانیای بێگانەوە بەڕێوە ببرێن. بۆ نموونە، ساڵی ١٩٩٩ بانکی نێودەوڵەتی بڕیاری دا کۆمپانیای تەئمین بفرۆشێتە بۆلیڤیا تا ئاوی خواردنەوە بۆ سێیەم شار لە گەورەییدا دابین بکا و ئەوەش بیکیتلی ئەمەریکی ئەنجامی بدا. کە ئەوەش ئەنجام درا، کتوپڕ بڕی پارەی ئاوی خەڵکەکە کە لە بنەڕەتدا هەژار بوون، وەک ڕاکێت بەرز بووەوە. تا خۆپیشاندانێکی گەورە ساز نەکرا بەڵێندانی بیکتێل هەڵنەوەشایەوە 

.

torsdag 3 mars 2016

ئەدەبی جاهیلی حەرام بکەن


بە قەدەر عارەبێکی عاشقی ئەدەبی جاهیلی و بە قەدەر سویدییەکی شەیدای زانینی شێوەژیانی سەردەمی ڤایکینگ، عاشقی نەریتی کۆنی کوردم. لە سەر ئاینی زەردەشتیم خوێندۆتەوە و هەوڵم داوە نزیکایەتی نێوان زمانی کوردی و زمانی ئاڤێستا بزانم و لە نەریتی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە ورد ببمەوە. سەرچاوەکانمان فارسین و فارسەکانیش بە دڵی خۆیان دایانتاشیوە. واتە: پەردەیەکیان بە نێوان ئێستای کورد و ڕابردوویدا داداوەتەوە. پەلەقاژێ دەکەین و خۆمان بە سەرچاوە عارەبییەکاندا دەکەین. لەوێش خۆمان لە ناو مەعشەری جنۆکاندا دەبینینەوە. دەستودامانی مەلاکان دەکەوین وەک حاجی قادر و نالی و خانی و مەلای جزیری و مەلای گەورە و مەلا کەریمی مودەڕیس و شێخ مەعشووق، هەڵپەیەک بۆ کوردی مافخوراو بکەن، بەڵام تەققەی سەریان دێ. ئەوان، هەر لە هەوڵی بچووککردنەوەی کورددان چونکە لە هەموو مێژووماندا سووکایەتیمان پێ کراوە، سووکایەتیمان پێ دەکەن: "گەورەترین عیبادەت لە دینی زەردەشتیدا ئەوەیە لەگەڵ دایکی خۆتدا جووت بیت!". چت پێ بڵێم مەلا؟! ئاخر چت پێ بڵێم کە خۆت کوردیت و ئەو سووکایەتییەش بە کورد دەکەیت؟! 
ئاگام لەوە هەیە کە دەکرێ وەک ئەو مەلا مەزنانەی لە سەرەوە ناووم هێنان، لە ڕێی ئیسلامەوە کار بۆ سەرفرازی کورد بکرێ، بەڵام کە نایکەن، ئیدی گومانی ئەوەم لە لا دروست دەبێ کە ئەوانە خۆفرۆش بن. بە چەند و بە کێ خۆیان فرۆشتووە؟. نرخیان چەند سەفتە پارە و ئۆتۆمبیلی درع و تانکەرە نەوتە؟!
کاکم بە خۆی و حیزبەکەیەوە بە دەمیدا نایێ بە خراپە باسی داعش بکا و بە بەر چاویشییەوە کوڕانی کورد گۆشاوگۆش سەردەبڕدرێن و کچانی کورد، وەک نەنکە گورەی خۆی و من، دەکرێن بە سەبایا و جارییە و باسی نیکاحکردنیان دەکەن. دەزانی نیکاح چییە، مەلا؟...
هەموومان دەزانین کە لە وڵاتی مەدا ئەو قوتابییانەی دەبن بە پزیشک، لە هەرە زیرەک و لێهاتووەکانن و خەڵکی ئاسایی وەکو من ناتوانن ببن بە پزیشک، کەچی پزیشکە و چۆتە سەر مینبەر و دەڵێ: خوا نەبێ کەس نازانێ سبەی باران دەبارێ یان نا. من لەو قسەیەوە گومانم چووە سەر ئەو مەلا پزیشکە. خەریکی زانستە بەڵام هەر کە گەیشتە سەر مینەر، شەقێ لە زانست دەدا. ئەگەر ئاستی ئەوەندە نزم بێ وەک باپیریشم، کە هەستی لە پەلەوەر و مەڕەکانی و هەوا ڕادەگرت، دەیگوت: "بەخوا سبەینێ بارانە" و هەمیشەش ڕاستی دەکرد، نەزانێ کەرەسەی زانستی گەیشتۆتە شوێنێک دەزانن کەشوهەوا بۆ ماوەی دە ڕۆژی تریش چۆن دەبێ و بە پێی هەواڵی کەشوهەوا پلان بۆ سبەینێی خۆیان دادەنێن، چۆن بوو بە پزیشک و چۆن سەری لە کیمیا دەرکرد؟! مەلای گەورە، کە پزیشکیش نەبوو دەڵێ:
"عیلمی کیمیات گەر نەخوێندووە    بە خوا نازانی خوا چی کردووە".  ئەگەر دەشڵێی لەوەیە تا سبەینێ دنیا ژێروژوور بێ، زانست لە ئاستێکدایە دەزاندرێ چەند ساڵی تر فڵان ئەستێرە لە زەوی نزیک دەبێتەوە و کاریگەریی لە سەر زەوی چۆن دەبێ. حیکمەتی خوا لە تەختبوونی زەویدا نییە بەڵکو لە بووبی دوو جەمسەری ماگنەتیک و جوگرافیدایە. حیکمەتی خوا لە خەسڵەتی ئاودایە کە دەیبەستێ، لە بری ئەوەی لە قەبارەدا بچووک بێ، گەورە دبێ و سەرئاو دەکەوێ، دەنا زندەوەری ئاوی نامێنێ. حیکمەتی خوا لە خەسڵەتەکانی بادایە.
ڕەفتاری ئەم مەلایانەش دەچێتە پاڵ هەوڵەکانی ئەتاتورک و ئۆردوغان بۆ بەکارهێنانی ئاین بۆ دەستەمۆ کردنی کورد و ئەوەش وای کردووە خەڵکی کوردستان کاردانەوەیان هەبێ و بیر لە چارەسەر بکەنەوە. هەندێ لە ڕۆشنبیران، چارەسەریان لەوەدا دیوەتەوە، بگەڕێنەوە بۆ ئاینی زەردەشت. بەڵام ئایە ئەمە چارەسەرە یا دووبەرەکییەکی لە جەلالی و مەلایی خوێناویترە؟!
وەک ئەوەی بە ڕەهایی بڵێم دوو کەڕەت دوو دەکاتە چوار، نە لە گۆشەنیگای ئیسلامەوە تەماشای چارەشی و بەدبەختی کورد دەکەم نە لە گۆشەنیگای زەردەشتییەوە و نە لە گۆشەنیگای فەلسەفییەوە کە ئەوەش بووە بە ئاینێکی تر. من لە چارەڕەشی کورد و واقعی خۆیەوە، کە واقعی تایبەتی منیشە، لە مەسەلەی کورد دەڕوانم. کوردیان کردووە بە نەخۆشێک و هر کەسە و دەرمانێكی بۆ دادەنێ: ڕیخنەی مریشکی ڕەشی بێخاڵ، میزی حوشتری حایج، شیری کەر، ئایەتولکورسی، خدری زندە، فەلسەفەی نیتشە، ئاینی ئیسلام، نا، زەردەشتی، دزینی نەوت، لەبنهێنانی کشتوکاڵ... و هەزار و یەک دەردی تر لە بری دەرمان.
کە باسی سەردەمی جاهیلی عارەب دەکرێ، یەک مەلای سەلەفی فززەی لێوە نایێ، بەڵام کە باس دێتە سەر کەونەرانی کورد، هاروشێت دەبن. بە بەر چاویشمانەوە، هیچ میللەتێک لە دنیادا نییە سەردەمێکی دیاریکراوی خۆی بسڕێتەوە و شەرمی پێی بێ. ئێستاش سویدییەکان ناوی شارۆچکە و شەقامیان بە ناوی خوایەکانی پێش مەسیحەوە هەیە. ئێستاش یۆنان، شانازی بە فەلسەفە کۆنەکانی خۆیەوە دەکا، کە زیادەڕۆیی نەبێ، زۆری لە ئاینی مەترایی و زەردەشتییەوە خواستۆتەوە. ئێستاش فارسەکان بەقەدەر اللە اکبر (کۆرش بزرگ) لە سەر زاریانە و قەبووڵیان نەکرد (خلیج فارس) بکەن بە (خلیج اسلامی) و ڕازی نەبوون هەمان مەزەبی عارەبیان هەبێ. ئێستاش ئەگەر سەر لە جەریر و فەرەزدەقی جاهیلی دەرنەکەیت، شادەی ئەزهەر وەرناگریت. ئەی قوڕبەسەر، بۆ هەر ئێمە شەرممان بە ڕابردووی خۆماندا بێ و شانازی بەو ڕۆژەوە بکەین کە کچەکانمانیان تاڵان کرد؟! نەمدەویست ئەم بابەتە بورووژێنم بەڵام ئیمامە تازە بابەتەکان، کە دەڵێی کەڵۆشیان تێکەوتووە و هەر خەریکی باسی حۆرییەکانن (ئەوان پەنچەریان بکەن و خوا بۆیانی پینە بکاتەوە) و ڕاستەوخۆ خزمەتی سیاسەتی بەرپرسە دز و تاڵانچییەکانی باشووری کوردستان دەکەن، کاردانەوەیان بووە هۆی زندووکردنەوەی دینی زەردەشتی و لایەنگریشی زۆر بێ. ئەگەر هەڵبژاردن لە نێوان ئەو زەردەشتییانە و ئەو ئیمامە حایجانەدا بە ناچاری بکەم، خۆم بە ئاگردا بدەم لایەنگری ئەوانە نیم کە چارەکیان دەوێ بۆ داعشی دژە هەموو شتێکی بەرز و پیرۆز و ئەگەر پاشەڕۆکانی بەعس نەبن، خوا دەزانێ دەستکردی کێن!

دەستودامانی مەلاکان دەکەووم بەر لەوەی وەک حاجی قادر و قازی محەمەد و مەلیک مەحموود هاوارێک بۆ کورد بکەن، فریای ئەو ئیسلامە بکەوون کە کەوتۆتە بەر کەڵبەی گورگ و سیمای شێواوە و بووە بە بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکا. پاڵێوراوێکی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بۆ ئەوەی دەنگ بەدەست بێنێ دەڵێ: ئەگەر دەرچم ڕێ نادەم موسوڵان بێنە ئەم وڵاتە!

onsdag 2 mars 2016

داستانی دیاردە سروشتییەکان




لە شەوانی زستانی جەمسەری باکووری زەویدا تیشکێکی ڕەنگاوڕەنگ لە ئاسمانەوە پەیدا دەبێ، سویدییەکان (norrsken)ی پێ دەڵێن و بە ئینگلیزیش (Northern Lights)ە. لەبەر ئەوەی پێشتر نەیانزانیوە ئەو تیشکە چۆن پەیدا دەبێ و چۆن لێکدانەوەی بۆ بکەن، دانیشتوانی ناوچەکە بە پێی لێکدانەوەی سەرەتایی خۆیان لێکدانەوەیان بۆ کردووە. ئەوان، وەک هەندێ لە مەلاکانی ئێستای ئێمە، پێیان وابووە زەوی تەختە و بە ئۆقیانووس و زەریا دەوری گیراوە و دەوری ئۆقیانووسەکانیش بە ئاگرێکی زەبەلاح، لە هەموو لاوە گیراوە و ئەو ئاگرە، بەردەوام هێڵەهێڵ دەسووتێ و ئەو تیشکەی لێ بەرز دەبێتەوە. بە پێی بۆچوونی دانیشتوانی ناوچەکە، جۆری تیشکەکان نیشانە بوونە بۆ سەرما و گەرما و بەفربارین و ڕادەی گەشەکردنی ڕووەک. ئەگەر مرۆ تاقەتی بەدواداچوونی هەبێ، داستانیشیان لە بارەی ئەو تیشکانەوە هەیە... من لە وەرگێڕانێکدا بۆ ئەو تیشکە کۆڵگەزێڕینەم داناوە بەڵام ئەگەر ئێستا بوایە، دەمکردە تیشکی جەمسەری زەوی.
بە پێی بۆچوونی زانستی، ئەو تیشکە لە دەوری جەمسەری ماگنەتیکی زەوی پەیدا دەبێ نەک جەمسەری جوگرافی. لە کاتێکیشدا پەیدا دەبێ خۆر لە هیچ کوێوە دیار نییە بەڵام تیشکەکەی بە بۆشایی ئاسماندا دەڕوا و لەو ناوچانەدا، بە هۆی هێزی موگناتیکەوە تێکدەشکێ و بە شێوەی ڕەنگاورەنگ دەردەکەوێ: شین و سەوز و زەرد..
خەڵکی ئەو ناوچانە لێکدانەوەی خۆیان بۆ ئەو دیاردەیە بووە چۆن ئێمە و خەڵکانی تری ناوچەکە لێکدانەوەی خۆمان بۆ مانگیران و هەندێ دیاردەی سروشتی تری وەک گەردەلوول لە گەرمیاندا هەبووە. پیرەکانی ئەوانیش، لە باوباپیرانی خۆیانیان بیستووە کە لە کاتی دەرکەوتنی ئەو تیشکەدا نەدەبوو ڕابکەن یا فیکە (فیتوو) لێبدەن یا پێبکەنن دەنا شتی خراپیان بە سەردا دەهات. بۆ نموونە، دەمردن یا نەخۆش دەکەوتن. دەیانگوت: بەردێک لە ئاسمانەوە دێت و بەر سەرتان دەکەوێ. یەکێ لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەگێڕێتەوە: "منداڵ بووم، شەوێکیان بۆ ماڵەوە دەهاتینەوە و تیشکی باکوور پەیدا بوو و من بە گوێی خۆم گوێم لە قرچەی شەقبرنی بوو". دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە "ڕێویی ئاگرین"یش ناوی دەبەن. دوور نییە ئەو (Firefox)ەی ئینتەرنێتیش هەر بۆ ئەوە بگەڕێتەوە. سامەکانی باکوور باوەڕیان وا بووە ئەو تیشکە بە شەوان دەیبینن ڕۆحی مردووەکانیانە و خەڵکی هەندێ ناوچەیان بە ڕووحی ئەو منداڵانەیان زانیوە کە لەگەڵ لەدایکبووندا مردوونە و هندییە سوورەکانی کەنەدا و هەندێ شوێنی تر پێیان وا بووە ڕووحی جەنگاوەری کوژراوون و لە ئاسمان سەما دەکەن.
ئێمەی کورد، زۆربەی داستان و باوەڕ و نەریتی کۆنمان کە هەبووە، یا دزراوون یا کەوتوونەتە بن چەکمەی داگیرکەرانەوە و تەنانەت بیرکردنەوەش لێیان بە "گوناح" داندراوە. خۆ عارەب بتپەرست بوونە و کورد باوەڕیان بە خوای تاک و تەنها بووە، کەچی ئەوان شانازی بە سەردەمی پێش ئیسلامەوە دەکەن و ئێمەش ئەوەندەی دەکرێ سووکایەتی بە ڕابردووی خۆمان دەکەین. ئەو خۆزەلیلکردنەمان گەیشتۆتە ئەوەی ئیمامێکی مزگەوت بڵێ: لە ئاینی زەردەشتیدا، جووتبوون لەگەڵ دایکدا گەورەترین خێر بووە!! تۆ بڵێی بە پێی شەرع خۆسووککردن ئەوەندە خێرێکی گەورە بێ بمانباتە بەهەشت و لە دۆزەخمان بپارێزێ؟! ئەی دەبێ ئەو خۆسووککردنە هەر بۆ کورد خێر بێ یا تورک و فارسیش ئەو سووکایەتییە بە خۆیان دەکەن؟!
سەرنج: دەکرێ لە (youtube.com) بە دوای (norrsken) یا (Northern Lights)دا بگەڕێین تا بە شێوەی وێنە و فیلم ئەو دیاردە سەرنجڕاکێشە ببینین.

lördag 23 januari 2016

بژی دزی دەڤەری مە



حەکیم کاکەوەیس
  
ئەرێ ئەو خەڵکە بۆ ئەوەندە بیریان کۆڵە؟! 
هەر ئەوەیان لەبیر ماوە کە دزی دەڤەری خۆیان لە دزی دەڤەری بەرانبەر باشترن!

لە بیرتان چوو کوڕی کورد لە شاخ بە یەکتر بە کوشت دەدران؟! لە بیرتان چوو هەتا تەقەیەک لە سوپای بەعس دەکرا، یەک حەفتاوپینجی بە کوڕی کوردەوە دەنرا؟! بیرەوەرییەکانی نەوشیروان مستەفاتان نەخوێندۆتەوە و نەتانزانیوە لای ئەم دوژمنی سەرەکی کورد ئەو بوو و لای ئەویش ئەم؟! ئەی بۆ هەر بە دوایانەوە بوون؟!
لە بیرتان چوو کە سەددامی ئەنفالچی لێی قەوما، چۆن سەرانی کورد، هەر لە دوای کۆڕەوە ملیۆنییەکەدا یەکسەر چوونە بەغدا و بۆ ماچکردنی ڕیزیان بەست؟ ئەی نازانن ئەوەی ئەو کارەی پێ بکرێ، هەموو شتێکی لە دەست دێ؟! ئەی بۆ هەر بە دوایانەوە بوون؟ دە بیخۆن عافێتتان بێ!
لە بیرتان چوو هەر کە لە شاخ داگەڕان و گەیشتنە شار، کەوتنە تاڵانکردن و ئاودیوکردنی هەرچی تاڵان و ئاودیو دەکرا؟! نە لۆری ما نە گەڵابە و شۆڤڵ و نە کەرەسەی نەخۆشخانە و قوتابخانە، نە کارگە و نە بەربەستی بێخمە ما و نە هیچ! ئەی بۆ هەر بە دوایانەوە بوون؟! دە بیخۆن لە گیانتان خۆش بێ!
لە بیرتان چوو عیراق و سوپاکەی تەفروتونا بوون و ئەم قارەمانانەی کە ئێستا لێیان بێزارن، هەم عیراقیان دروست کردەوە و هەم لەشکرەکەی و لە تاو کورسیی بەغدا کوردستانیان کرد بە کیسە تووتن و بە بەر پشتیاندا کرد؟! لە بیرتان چوو بەڵا لەو ئاسمانەوە بۆ عیراق بهاتبا، ئەمان بۆی دەبوون بە چەتر و پارێزگارییان لێ دەکرد؟! ئەی بۆ هەر بە دوایانەوە مان؟! دە بیخۆن لە گیانتان خۆش!
لە بیرتان چوو کە گەیشتنە شار، هەر بەرپرسێک کەوتە دروستکردنی باغ و کۆشک و تەلار و قومارخانە و بەڕێکردنی شەوی سوور و ئێوەش لە بەر دەرگاکان دەست لە سەر پەلەپیتکە هەڵدەلەرزین نەک خوانەکردە بەردێ بێتە بەر پێیان؟ ئەوەی پێتان دەبڕا هەر ئەوە بوو جاروبار و بە جوملە دەیانخستنە ڕستەیەکی بێناوەڕۆکەوە و دڵتان خۆش دەکرا... ئەی بۆچی پشتتان بەر نەدان؟! دەی لە گیانتان خۆش!
لە بیرتان چوو وەک جامبازی شارەزا، ئەو خۆفرۆش و ماینە سمتپانانەی ئەوروپایان، هەر یەکە بە قەڵەمێکی چاوشۆڕەوە کۆ کردەوە و پارەیان بۆ هەڵڕشتن و هەر یەکەیان دوامۆدێلی ئۆتۆمبیل و باشترین کۆشک و زەوی و مووچەیان بۆ بڕایەوە و ئێوەش بە دەمجایەک بنێشتی دەمتانەوە لە بەر دەرگاکانیان بەخێرهاتنی مێوانی مەست و بەدمەستتان دەکرد و گڵۆپی بنێشتتان دەتەقاند؟! ئەی بۆ پشتتان بەر نەدەدان؟
لە بیرتان چوو بە بەر چاوتانەوە هەر هەتیوچەیەکی کۆنە هەموو شتێک دوو سێ مەعاشی بندیوار و بنپردی هەبوو و نە بە قومار تەواو دەبوو نە بە مەی و نە بە دیاری و نە بە مەساج و بنزگشێلان، ئێوەش زەققەی چاوتان دەهات و بە پاسکێلێکی کۆنەوە، کە جاروبار زنجیری دەترازا، یا بە ئۆتۆمبیلێکی شڕەوە، کە جارجار شریقە لە ئەگزۆزی هەڵدەستا، هەڵتەکهەڵتەک دەچوونە "واجب" و بە دیار خانمەکەی جەنابی بەرپرسەوە شەونخوونیتان دەکێشا؟! دە بیخۆن دەردتان بێ! باشە؟!
خۆ بە بەر چاوتانەوە بەرپرسەکان لە بەغدا دەبوون بە وەزیر و گزیر و پارەیان لوول دەدا و لووش دەدا و بە دڵسۆزی کاریان بۆ بەغدا دەکرد و خیانەتیش لە کورد، بۆدیگاردەکانیشیان، لە عوزێم سەردەبڕدران! لە بیرتان چوو؟
کاتێ گوتیان نابێ کەس باسی ١٨ ژنە گەرمیانییە ئەنفالکراوە فرۆشراوەکان بکا و کەس ورتەی لێوە نەهات، ئەوە پێشەکی بوو بۆ لغاوکردن... لغاوکراو چی بڵێ؟!
ئەی بە ڕاست! نەتاندیت چۆن بەرپرسەکان، هەر یەکە و گاگەلێ جاش و ئەنفالچیی کوردی لە خۆ گرت و گوتی: ئەمانە لە ڕێکخسنەکانی ناو شار بوون، تا وای لێ هات هەریەکە لەو خۆفرۆشانە دوو پێناسەی هەڵگرت و دوو مەعاشی زەرد و سەوزی وەردەگرت؟! بەوەشەوە نەوەستان، پێشمەرگەیان ناردە ئەو ماڵە عارەبانەی لە سەردەمی سەددامدا دەستدرێژییان کردبوو و خەڵکیان کوشتبوو تا ئاگاداریان بن؟ لە بیرتان چوو، ها؟
ئەو کاتەش بە ئاگا نەهاتنەوە کە بەغدا داوای ئەنفالچییەکانی دەکرد تا دادگایی بکرێن و بەرپرسەکانتان ڕێیان نەدەدا بیانبەنە دادگا و پەنایان دەدان و ڕەوانەی ئەوروپایان دەکردن!! کار گیشتە ئەوەی ئەنفالچییەکان لە پەنای حیزبەکانەوە هەڕەشەی کوشتن لەوانە بکەن کە ناویان دەبردن!! ئەرێ هەر بە ئاگا نەهاتنەوە؟!
ئێستا گلەیی چی دەکەن؟! کاتێ بەئاگا هاتنەوە مەعاشیان بڕین؟! کاکە گێ مەدێ! مەعاشی تۆ بڕاوە نەک هی خۆفرۆش و قەڵەمفرۆش و وڵاتفرۆش و کۆنەجاش و بەعسی!! مەعاشی تۆی بنیشت لەدەم بڕاوە... بیجووە و گڵۆپەکەی بتەقێنە و ئەوەی ناوی سەرکردەکەت دێنێ، لێی ببە بە داعش و سەری بپەڕێنە!
وا بۆڕییە نەوتەکان بە بن عەرددا دەڕۆن و نابیندرێن، ئەی ئاگات لەو هەموو تەنکەرە نەوتە نییە کە بە بەر چاوتەوە دەدزرێن؟! ئەی نازانی هەر بۆن و دووکەڵە پیسەکەی بۆ تۆیە؟ ئەگەر ئاگات لێی نەبێ، چاویلکەش دادت نادا! ئەگەر ئاگات لێی نەبێ، حەوت ڕووحت هەبێ هیچیت نەماوە! دەریای ئیجەش بە ئاگات ناهێنێ! کە مەعاشت دەبڕێ، لە بری هەموو کاردانەوەیەک دەچی خۆت دەکوژی! وەی خەم!! دە بڕۆ هەر خۆت بکوژە! کە تۆ خۆت کوشت، بەرپرسەکەت شەو لە داخاندا ناخەوێ! بەستەزمانە ویژدانی ئازاری دەدا!! کوڕە کاکە ئەو نیشتیمانی خۆی و نامووسی خۆی دەخاتە سەر مێزی قومار چ گوێی بەوە داوە تۆ دەمری یا نامری! نا، پشتی بەرمەدە! دەڵێن گوایە نیوەمەعاش خەڵکی سەغڵەت کردووە. خۆ خۆت باش دەزانی کە بە دەیەکی مەعاشیش کڕە دەکەیت!! کاکە کڵاووت دەناسن، کڵاو!.
کابرایەکی عارەب لە گۆرانییەکدا دەڵێ: "خذوا المناصب والمکاسب، بس خللولي الوطن!". ئەو گازلە ناکەی!! وەتەنی چی؟! وەڵا ئەمانەی ئێمە نە نرخیان بۆ وەتەن هێشتەوە نە بۆ نەتەوە و نە بۆ ئاڵا و نە بۆ هیچ! بەعس بەو دڕندەیی خۆیەوە، توانی تەنها حوکمی زاتی لە بەر چاومان ڕەش بکا، بەڵام ئەمانە ئازادیشیان لەبەر چاومان خست! من ناڵێم لێیان قەبووڵ مەکەن، چونکە هەر قەبووڵی دەکەن. بەڵام لەوەدا پشتیان مەگرن  بۆیان ببنە کیسە خۆڵی سەنگەر!
من دەزانم ئێستاش پشتیان بەرنادەن!! ئیتر ئێوە نەڕەنەڕی چیتانە و منیش خەریکی چ منجەمنجێکم؟!
کە هەموو ئەوانەتان قەبووڵ بوو، تازە هەموو شتێکی تریش قەبووڵ دەکەن! قەبووڵی کەن! من هەڵەم! من شۆڤیەنی و ڕەگەزپەرست و دژەئارامیم! ژنی کورد، وەک کچە گەرمیانییە فرۆشراوەکان و وەک کچە ئێزیدییە تاڵانکراوەکان، هەر بۆ فرۆشتن باشن!! ئا، هەر بۆ ئەوە باشن نرخیان لە سەر دابندرێ: ئەمەیان دوو وەرەقە و ئەویان یەک وەرەقە و ئەوەی ئەولاتر پەنجا دۆلار! هەر کەسێ ئەوەی قەبووڵ نەبێ ڕەگەزپەرستە! کە دەستمان لە هەموو شت بەر بوو، با هیچ نەبێ دانی پێدا بنێین کە ڕانەمەڕین!! با بباڕێنین!! خۆ باڕاندن، بە پێی یاسای یەئجووج و مەئجووجەکەی لای خۆمان قەدەغە نییە؟! نا، جارێ باڕاندن قەدەغە نەکراوە و با تا دەتوانین بباڕێنن!

lördag 16 januari 2016

ئەم بابەتە بزەیەکی شیرینی کوڕەکەمە




(ئومێد)ی کوڕە گەورەم (Omed Kakaways) کە وەک پیشە، مامۆستای کۆلێژی پۆلیسە لە سوید، سەروسەودای لەگەڵ خوێندنەوەدا هەیە و هەمیشە، وەک دوو هاوڕێ، بابەت هەن دەمەتەقێیان لە سەر بکەین. ئومێد ئەم بابەتەی بە سویدی وەک پێشەکییەکی کتێبێک نووسیوە و بۆ منی ناردووە تا ڕای خۆمی لەسەر بڵێم. بابەتەکە، ئەگەرچی گرنگە و منیش نەختێ سەروسەودام لەگەڵ بابەتی دەروونیدا هەیە، بەڵام لەوە قورسترە کەسێک ئەوە بواری ئەکادیمی و پیشەیی نەبێ، بە باشی سەری لێ دەربکا. ئەم بابەتەش وەک بزە و جوانییەکەی سەردەمی منداڵیی خۆی، دڵم خۆش دەکا. ئەویش هەر وەک سەردەمی کۆرپەیی خۆی من بە پەنایەک دەزانێ کە ناڕووخێ. هیوادارم، ئەگەر بۆ ژمارەیەکی کەمی خوێنەرانیش بێ کەڵکی هەبێ و ئەگەر هەڵەشی تێدا هەبن، هۆیەکە منم کە شارەزاییم لەو بوارەدا کەمە. من نازانم (nerv) کە عارەب (عصب)ی پێ دەڵێن، کورد چی پێ دەڵێن. ناشزانم ئەو عەسەبانە چۆنچۆنی بە یەکەوە دەبەسترینەوە. نەشارەزاییش لە بابەتێکدا کە کوڕی خۆم نووسیویەتی، جۆرێ شانازی تێدایە!
بەڵێ ئەم بابەتەی (ئومێد)ی ٣٨ ساڵی بۆ من، هەمان بزەی (ئومێد)ی شەش مانگانەیە! دە ئێوەش لە چاوی منەوە تەماشای ئەو بزەیە بکەن. خوا هەموو لا و منداڵی هەموو لایەک بپارێزێ.

ئەمەش بابەتەکە:

"مرۆ، تەندروستیی خۆی لە سەر پەیداکردنی پارە دادەنێ و دوایی، پارەکە لە پێناوی گێڕانەوەی تەندروستیدا سەرف دەکا. مرۆ، ئەوەندە بە پاشەڕۆژەوە سەرقاڵە، لەزەت لە ئێستای خۆی نابینێ. ئەنجامیش وا دەکەوێتەوە کە نە لە ئێستادا بژێ نە لە پاشەڕۆژدا. بە جۆرێک دەژێ وەک ئەوەی هەرگیز نەمرێ بۆیە کاتێ دەمرێ وەک ئەوەیە هەرگیز نەژیابێ".
- دەلای لامە -

لەبەر ئەوەی دەکرێ بە هۆی ئامێری نوێی تیشکەوە تەماشای مێشکێکی زندوو بکەین، ئێستا سەردەمێکی لەبارە بۆ ئەوانەی دەیانەوێ لە مێشکی مرۆ ورد ببنەوە. دەبینین لە نێوان ئەوەی لە مێشکدا دەیبینین و ئەوەی دەیپێوین، پەیوەندییەکی بەهێز هەیە. بۆ نموونە، لەم سەردەمەدا دەزانین کە مێشک، بە درێژایی تەمەن لەوە زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە کە پێشتر بۆی دەچووین. ماوەیەکی زۆر پێمان وا بوو کە بۆماوەیی، ڕۆڵێکی باڵای لە بەرزبوونەوەی ڕادەی توانست و نەخۆشی و تەندروستیدا هەیە. بە واتایەکی تر، ناکرێ بۆماوەیی و دەوروبەر لە یەکتر دابڕێن بێ ئەوەی تاک وەک ئاڕاستەیەکی ئامادە بۆ شیکردنەوەی ڕەفتار و نەخۆشی ببینین. دەرکەوتووە تاقیکردنەوەی ژیان لە جەستەدا دەمێنێ و بەوەش پەرە بە لایەنی زندەوەرانەی جەستە دەدا. واتە، زیاتر ڕوون بۆتەوە کە بۆماوەیی و ژینگە لە ژیانی مرۆڤدا لێکدانابڕێن، بەڵکو بەردەوام تێکەڵی یەکتر دەبن و تێکدەئاڵێن.
لەگەڵ تاقیکردنەوەکانی ڕۆژانەماندا، مێشکمان گۆڕانکاری بەسەردا دێ. گۆڕانکاری لە تێکئاڵانەکان (وابەستەیی نێوان شانە عەسەبییەکان)دا ڕوو دەدا. کاتێ خانە عەسەبییەکان دەکەونە بەردەم هەڕەشەوە، بە دەم تێپەڕبوونی کاتەوە چالاک دەبن. دەکرێ بە وردی ئەو شوێنەی مێشک بپێورێ، کە تێکئاڵانی نێوانیان شانە عەسەبییەکانی تێدا ئەنجام دەدرێ. وا بیر لە مێشک بکەوە کە تۆڕی ئینتەرنێتە. هەموو جارێ کە کارێ ئەنجام دەدەین یا بیر دەکەینەوە یا هەست بە شتێ دەکەین، ئاماژەیەک بۆ ئەو بەشەی مێشک دەچێ کە ئەو جۆرە ئاماژانە لێکدەداتەوە. بۆ نموونە، ئەگەر لە گەمەی تێنسدا بیرۆکەیەک فێر بین، یا بیرۆکەیەک کە زوو زوو دووبارە بێتەوە یا کە هەستێک پەیدا دەبێ، هەموو جارێ لەگەڵ دووپاتبووەنەوەکەدا ئاماژەکەش بەهێزتر دەبێ. وا دانێ یەکەم جار بە پێی بیرۆکەیەک لە تێنسدا گەمە دەکەیت، پەیوەندی ئەو بیرۆکەیە بە مێشکتەوە، دەوری ٢ مێگابایتە لە چرکەیەکدا. بەڵام دوای ڕاهێنان بۆ ماوەی بیست ساڵ، دەبێتە ٢٠٠ مێگابایت لە چرکەیەکدا و ئەوەش دەبێتە هۆی وردپێوی و هەڵبژاردنی چرکەساتی لەبار. هەموو هەست و بیرۆکەکانمان بە هەمان شێوەیە. چەند زۆرتر لە جێی جیاواز دووبارەیان بکەینەوە، خێراتر و لە کاتی گونجاوتردا ئەنجام دەدرێن. بیر لەوە بکەوە، چەند جار لەبەر خۆمانەوە گوتوومانە "بەکەڵکی ئەوە نایەین" یا "بەشی ئەوە باش نین بۆ ئەوە بگونجێین". بەوە، چ کەرەسەیەک دەرخواردی مێشکمان دەدەین؟ ئیتر کە مێشک ئەو خشتەیە، لە کات و هەڵکەوتی دیاریکراودا دەناسێتەوە، بە خێرایی بروسکە، ئەوە دەگەیەنێ کە دەرخواردی دراوە (زۆربەی کاتیش دوور لە لایەنی ئاگاییمانەوەیە). کە دەمانەوێ بیرۆکەکان بگۆڕین، بەرانبەر ئەو هێزانە کار دەکەین و ئەوەش ئاسان نییە، بەڵام چار چییە؟
لە سەرەتای کتێبەکەوە، وا هست دەکەین بیرۆکەیەکمان لە سەر بابەتەکە هەیە، بەڵام دوایی دەپرسین بیرۆکەکە چییە یا تۆ بڵێی بیرۆکەکە هەر لە بنەڕەتەوە ڕاست بێ؟

ئەمڕۆ لە سوید چۆنە.
ئێستا ئەو نەخۆشییە، زۆرترین بایەخی لە لایەن حکوومەتەوە پێ دەدرێ. هەموو ساڵێ بە هۆی نەچوونە سەر کاری ئەو نەخۆشانەوە، حەفتا ملیارد کرۆن(*) لە سەر حکوومەت دەکەوێ. تەنها لە ماوەی دوو ساڵدا، ئەوانەی بە هۆی شڵەژان (قلق)ەوە بە نەخۆش نووسراوون، لە سەدا ٧٣ زیادیان کردووە. ئەوەی جێی مەترسییە ئەوەیە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو نەخۆشییە بەرەو گەنجان دادەبەزێ. جگە لەوەش، لێکۆڵینەوەکان پیشانی دەدەن کە ئەو نەخۆشییە لە دایک و باوکەوە دەگاتە منداڵانیش. زۆر کەس ئێستا بەوەی ڕوو دەدا دەڵێ "پەتا".
ئەگەر بارودۆخی خەڵکی لە مێژوودا، هەرگیز لە ئێستا باشتر نەبووبێ، ئەی چی وای کردووە لە ڕووی تەندروستی دەروونییەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر بین؟ ئەگەر بڵێین کارکردنی زۆر هۆکارە، هەڵەین. مەسەلەکە زۆر لەوە قووڵترە.
دەکرێ بۆ ئاسانکاری بڵێین: هەوڵەکانمان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئەرکانەی لە ئەستۆمانن، بەش ناکا و لەگەڵیاندا ڕێک نایەنەوە.
ئەگەرچی بەردەوام مێشک و جەستەمان پەرە دەسێنن بەڵام مێشکمان بۆ ئەوە دروست نەبووە بەرەو ڕووی ئەو هەموو ئاگادارکردنەوانە ببێتەوە کە لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا بەرەوڕوومان دەبنەوە. ئێمە بە بەردەوامی و بە شێوەی جێگیر بە دەوروبەر و جیهانەوە وابەستەین و بۆیان لەسەر پێین. زۆربەی کات هەموو شتێکمان لە تەلەفۆنەکانماندا کۆ کراونەتەوە. کۆمێنتێکی ڕەقی کۆمەڵایەتی دێ،  ئی مەیل درینگەی دێ، پەیامێک دەگا، هەواڵێکی تر لە ڕۆژنامەی هەواڵەکانەوە. ئاگادارییەکی دەستەجەمعی بە سەد کۆمێنتەوە. کۆمێنتێکی تری دەستەجەمعی و یەکێکیی تر و ئیتر بەو شێوەیە. تەکنەلۆژیای نوێ وای کردووە بە بەردەوامی بگۆڕێین و بە بەردەوامی لەگەڵ جیهاندا لە پەیوەندیدا بین و هەمیشە شتێکی تازە هەبێ لێی سەغڵەت بین و هەمیشەش یەکێ هەبێ خۆمانی لەگەڵدا بەراورد بکەین. تەنها پەنجا ساڵ پێش ئێستا، ئەو کێشانە لە سوید یەکجار کەم بوون. مرۆ دەیتوانی خۆی لەگەڵ ژمارەیەکی کەمی دەوروبەری خۆیدا بەراورد بکا و دۆستایەتی ژمارەیەکی کەمی دەوروبەری خۆی بکا و چەند ڕۆژنامەیەک بخوێنێتەوە.. هتد. هەڵبژاردن کەمتر و بەراوردکاری کەمتر بوو. ئەمڕۆ بە کرتەیەکی پەنجە، بە لای ڕاست یا چەپدا هاودەم هەڵدەبژێرین و هەڵبژاردن یەکجار زۆرە و بەراوردکاری بێکۆتاییە. ئێمەی مرۆڤ، لە پڕێکدا لە ڕێی میدیا کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕیکلام بۆ خۆمان دەکەین کە دەمانەوێ لە ڕواڵەتدا وەکو کێ بین: خەڵکانێک کە ژیانیان بێ کەموکورتییە و بەختەوەرن. کتوپڕیش هەزار لایەنگرمان لە کۆنتۆکانمان دەبێ و بەو شێوەیە خۆمان لەگەڵیاندا لە یەک بەرەدا دەبینین بێ ئەوەی هیچ کەسیش لەو لایەنگرانە بناسین و ئاگامان لەوەش نییە کە لە پێشبڕکێیەکدا بەشدارین، کەس تیایدا سەرکوتوو نابێ. ئەو بۆشاییەی ئێمەی مرۆڤ هەستی پێ دەکەین، بە "لایک" و "لاینگر" و شتی وا پڕ نابێتەوە... بە هەرحاڵ، لە مەودای پێشبینیکراودا پڕ نابێتەوە. دەبێ دایک یا باوکی بێ کەموکورتی بین، هاودەمی بێعەیب بین، کارمان هەبێ، لەگەڵ هاوڕێکانماندا کات بگوزەرێنین کە لە ڕاستیدا لەگەڵ خۆماندا دەیگوزەرێنین. خۆمان لەگەڵ خەڵکی تردا بەراورد دەکەین و هەموو جارێ کە دەبینین "سەرکەوتن"مان بەدەست هێناوە، یەکسەر دەچینە پێشبڕکێی بێ کۆتایی ترەوە، تا جەستە و ژیانمان بە ڕوونی پێمان دەڵێن کە زیاد لە پێویست ڕۆیشتووین.
ئەوەی لە جەستەدا ڕوودەدا، بە عادەت بە چوار ئاستدا تێدەپەڕێ. ئەوە شێوازی جەستەیە بۆ ئەوەی پەیوەندیی پێمانەوە هەبێ و خۆشی فێری ئارامگرتن بێ. ئەگەر گوێی پێ نەدەین، بەردەوام دەبێ تا کتوپڕ، بۆ ئەوەی فریای خۆی بکەوێ، دەکوژێتەوە. ئەوەیە کە پێی دەڵێن "پەککەوتن". هەنگاوی دوای ئەوە لەوە دەردەچێ چارەسەر بکرێ. بەڵام ئەو هەنگاوە، زۆر بەرینە و ئاماژەی زۆری تێدان بۆ ئەوەی خۆمان، لەو ماوەیەدا ئاگادار بینەوە.
ئاستی ١: ئێستا بۆ بەرگریکردن یا ڕاکردن ئامادەین. ئەدرنالین و نورئەدرنالین کە هۆرمۆنی شڵەژانن، وا دەکەن بۆ ئەنجامدان ئامادە بین. هەست بە شڵەژان دەکەین بەڵام لە دەرفەتدا ئارام دەبینەوە. لە ڕێی ڕاهێنانی جەستەییەوە وزەی کەڵەکە بووی جەستەمان لەناو دەبەین. ئیدی وا هەست دەکەین زۆربەی ئەرکەکانمان خۆشن و ئەوەش وا دەکا زیاتر و زیاتر ئەرک بخەینە سەر خۆمان.
ئاستی ٢: ئەم ئاستە، ئەدرنالین زیاتر دەکا و بەوەش کۆرتیزۆل بەرهەم دێ بۆ ئەوەی هەوکردنەوەی جەستە چارەسەر بکا. بەوەش ماسوولکەکان تێکدەشکێن و چەوری کۆ دەبێتەوە تا ئۆرگانەکانی ناوەوە پارێزراو بن. لەگەڵ ئەوەشدا ئارەزوومان بۆ چەوری و خۆراکی بێکەڵکی تر زیاتر دەبێ. ئەوەش شێوازی خۆلادانی جەستەیە لەو مەترسییانەی کە ڕێی تێ دەچێ تووشیان بێ. کۆرتیزۆل کارێکی وا دەکا "هۆرمۆنی بەختەوەری – ئەو هۆرمۆنەی وا دەکا بزە بکەین - وەرگێڕ" لە جەستەدا کەم بێ بۆ ئەوەی بێتاقەت بین و بۆ نموونە، ئارەزووی سێکسمان کەم بێ.
ئاستی ٣: ئیدی کۆرتیزۆل هێند بەرز دەبێ کە غوددەکان ناتوانن زیاتر بەرهەم بێنن. ئەوەش، وا لێکدەدرێتەوە کە ئازاری پشتمان هەیە بەڵام ئەوە زەنگی مەترسییە کە غوددەی کۆرتیزۆل بۆ جەستەی دەنێرێ. "غوددەی بەختەوەری" لە ژێر تەوژمدا دەگاتە بنەبان و ئەوەش وا دەکا هێند بێتاقەت بین، پێمان وابێ شتێ نییە ئەو بەهایەی هەبێ لە پێناویدا بژێین. ئیدی بیرمان کۆڵ دەبێ و سەغڵەت دەبین و لەوانەش خراپتر، بە باشی ناخەوین. لە کاتی قسەکردندا، بە ئاسانی هەڵدەچین و دەشڵەژێین. هەندێکی تر هەن لە خێزان و دۆستان دادەبڕێن و گوێ بە هیچ نادەن. ئا لەم ئاستەدا ماندوو دەبین. ئەوە شێوازی جەستەیە بۆ وەستاندنمان لە بەدکاری و ئەگەر لەوە زیاتر بڕۆین، لەناودەچین.
مەسەلە ئەوە نییە گوێ بە هیچ نەدەیت یا بەرەوپێش نەچیت. مەسەلەکە ئەوەیە بڕیار بدەیت چۆن لەم ساتەوەختە بە دواوە بژێیت.
ئەم کتێبە بۆ ئەوانەیە بە ئاگاییەوە هەڵبژاردنیان هەبێ و ڕێگەی تازە لە مێشکی خۆیاندا بدۆزنەوە و لە گۆشەنیگای جیاوازەوە بڕوانن و لە ناو بیرۆکەکاندا شتی نوێ هەڵبژێرن. ئەگەر هەڵبژاردنی ئارەزوومەندانەت هەبوایە، ئەو هەست و کردەوانەی ئێستات هەڵدەبژارد؟ کە  زیاتر دەچینە ناو کتێبەکەوە، پرسیاری هەڵبژاردنی ئازادانە لە خۆمان دەکەین. کتێبەکە بۆ ئەو کەسەیە کە پێی خۆشە بزانێ چۆن مێشکی خۆی بگۆڕێ و بەوەش هەستی چۆن دەبێ و چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ شتەکاندا دەکات و چۆن لە جیهانی مرۆڤەکانی دی دەڕوانێ. بە چاویلکە ڕەنگییەکانمان، جیهانمان بە هیوا و خەیاڵ و کارەکانی خۆمان و شساجوانی خەیاڵ و منداڵی خەیاڵ و ژیانی خەیاڵی خۆمان و زۆر شتی تری خەیاڵی خۆمان ڕەنگ کردووە. ئەگەر چاو لە داهاتوو نەبڕین، لە ڕابردوودا دەژێین و ئەو ڕەنگکراوەش وا دەکا ڕووداوی ڕابردە، تووشی ئازاری ویژدانمان بکا. ئەوەش وا دەکا کە بە دەگمەن لە ئێستادا بژێین، ئەگەرچی لەگەڵ دوودڵییەکانماندا لە بارەی پاشەڕۆژەوە و بە ئازاری ویژدانەوە لە ڕووداوی ڕابردوودا بەند کراوین و کەمێک بۆ پشووی ناو باخچەیەک دەمێنێ کە پێی دەڵێین "ئێستا". لەم کتێبەدا، ئەو ڕەنگە دەسڕینەوە و هەوڵ دەدەین بە بۆچوونی تازەو و جوان و سەرنجڕاکێشەوە لە جیهان بڕوانین.
هیوای بەختەوەری بۆ تۆ و بۆ خۆم دەخوازم.





(*)  بە پێی نرخی دراوەکانی ئێستا، هەشت ملیارد دۆلاری ئەمەریکایی زیاترە - وەرگێڕ

fredag 18 december 2015

بینای بەرز و بیرەنەوتی قووڵی بەرپرسەکان، ئاڵای سپین


 
کاتێ هیچ پسپۆرییەکمان نەبێ، نازناوی "ڕۆشنبیر" بۆ خۆمان دادەنێین و قسە لە هەموو شتێک دەکەین و حوکمیشە دەبێ گوێمان لێ بگیرێ. کە پسپۆرییەکیشمان دەبێ، وەک من کە (بە ناوە) لە بیرکاریدا هەمە و مەگەر بۆ لێکدانەوەی لۆژیکانە بەکەڵکم بێ، دەستبەرداری دەبین و دەچینە ناو لەشکری بێسەرەتا و کۆتایی ڕۆشنبیرانەوە، بێ ئەوەی پێناسەیەکی دیاریکراومان بۆ "ڕۆشنبیر" هەبێ. من لە لای خۆمەوە، دڵم بەم پێناسەیە ئاو دەخواتەوە و با خوێنەری ئەم بابەتەش پێناسەی تری بۆی هەبێ: "ڕۆشنبیر کەسێکە، لە هەر شتە و شتێ دەزانێ". ئەوەش هەر دەکاتەوە ئەوەی لە هیچ شتێکدا، بە تەواوەتی شارەزا نییە و دیارە منیش هەر وام. پێناسەش هەیە دەڵێ: لەو ڕۆژەوەی مرۆ فێر بووە کەرەسە بەکار بێنێ، ڕۆشنبیر بووە! واتەم پێش ئەوەی بزانێ نەقیزە بەکار بێنێ زانیویەتی چۆن و بە چی دروستی بکا و ئیتر بووە بە ڕۆشنبیر. چەندین جار و بار بۆ خۆجیاکردنەوە و بەرزبوونەوە، گوێم لێ بووە گوتوویانە: "ئێمەی ڕۆشنبیر...". بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بە بێ چارەسەر جێنەهێڵم، من بە خۆم دەڵێم خوێنەوار یا خوێنەر یا کەسێک کە بە دوای زانیاریدا دەگەڕێ و دەیگەیەنێ. ئەگەر ئەوە ڕۆشنبیر بێ لە پەراوێزیشدا بێ من هەووم، دەنا نەء! دیارە کە لە ناو ڕۆشنبیراندا هەڵکەوتووش هەیە کە خوێنەر هەمیشە بە دوای بابەتەکانیدا دەگەڕێ... ئەوە، دەبێ گرنگی بە لایەنێکی دیاریکراوی ڕووناکبیری دابێ دەنا وەک زۆرینەکە، دەست لە گونان درێژتر لێی دەردەچێ. ئەوەی دوێنێ بەڵگەی بۆ ڕاستیی کارەکانی ستالین یا هیتلەر دەهێنایەوە و ئێستا بە هەمان چاوقایمییەوە لافی دیموکراسی و کۆمەڵگەی مەدەنی لێدەدا، چاکترە (خوێنەر بیمرێنێ) کەچی لە ناو ئێمەدا، لە جاران باشتر گەشە دەکا.
هەست بە ناڕێکییەکی کوشندە لەو وشەیەدا، یا ئەو زاراوەیەدا دەکەم. هەر ئەو ناڕێکییە نەبیندراوەش بوو وای لە زۆرینەی "ڕۆشنبیر"ان کرد، ماوەی دەیان ساڵ سەرجەمی میللەتێک بە پڕوپووچەوە سەرقاڵ بکەن و وای لێ بکەن، لە هیچ هەنگاوێکدا بەر پای خۆی نەبینێ. هەموو پێناسەیەکیان بۆ کار کرد، پێناسەی ڕاستەقینەی "کار" نەبێ، کە لە خوێندنی فیزیادا جۆرێکە و لە بواری ئابووریی سەرمایەداریدا جۆرێکی ترە(*). دەیان ساڵ بە سۆسیالیزمی ستالینەوە سەرقاڵ بووین، سستەمەکەی ستالینیش ڕووخا و ڕەنجی ئێمەش بە با چوو. دەیان ساڵ بە چینی شەعبییەوە سەرقاڵ بووین، سستەمی چینیش گۆڕا و بوو بە سەرمایەداری. دەیان کتێب و نامیلکە و شیعرمان لە سەر چی گیڤارە نووسی، هەموو سەرکەوتنەکەی ئەویش شەهیدبوون بوو و چەوساوەکانی ئەمەریکای باشوور و جیهان وەکو خۆیان مانەوە. چەندین ساڵ سەرقاڵی سستەمی ئەلبانیا بووین، کەچی ئەو وڵاتەش، بە هۆی دواکەوتووییەوە، ناوی ئەسیوپیای ئەوروپای بە سەردا سەپا. قیبلەنومامان بەرەو کووباش وەردەسووڕا و ئەویشمان دی. بۆ جوانکردن و قەبووڵکردنی کۆیلایەتی، دەیان ساڵ دەهۆڵی برایەتی کورد و عارەبمان کوتا، کەچی ئەنجامی برایەتی، ئەنفال و کیمیا بارانی کورد و فرۆشتنی کچانمان بوو. بە بەژن و باڵای شۆڕشی ئەهوارەکان و موحسین حەکیمماندا هەڵدا، کەچی شیعەی برا، بەرانبەرمان، لە بەعس دڕتر دەرچوو. ئەو هەموو کەتنەمان کرد و دەمی خۆمان لستەوە، بێ ئەوەی کەس هەقوحیسابێکمان لەگەڵدا بکا و بڵێ: "کوێراییتان دابێ بۆ واتان لەو خەڵکە کرد و ئەو هەموو کات و ڕەنج و خوێنەتان بەفیڕۆ دا؟!". ئێستاش، هیچی وا نەماوە دەست بە کلکییەوە بگرین، فەلسەفەی ڕۆژاوا نەبێ کە خۆیان (ئەوروپییەکان) بە دەگمەن نەبێ بە لایدا ناچن و سەرچاوەکەی یۆنانە و باسەکانی، هەر بە قەدەر خدری زندە و کەوسواری یارسانان ڕاستە، با وەک بزنە و مەڕەی خۆمان، بەرهەمی هزری مرۆڤیش بێ. ئەو هەرایەی ڕۆشنبیران بە دەوری فەلسەفەدا بەرپایان کردووە، لە ئەوروپا مەگەر زۆر بە دەگمەن، دەنا کەس بە لایدا ناچێ. بەڵام با ئەوەی لێ دەرکەین کە ئەوروپاییەکان، ڕێنیسانسیان بەرپاکرد و کەنیسەیان لە کاروباری وڵاتدا پەکخست! ئێمە ئەوەیان ناکەین!... لەبەر ئەوەی ڕاستە و هی ئەوەیە دەقاودەق لاسایی بکرێتەوە، بڤەیە! نە شۆڕشی هەڵم لای ئێمە بابەتە و نە ڕێنیسانس و وەلانانی دەسەڵاتی مەلازادان.
"ڕۆشنبیر" چی لەو میللەتە دەوێ؟! ئەوەی دوێنێ ئەو بالۆرانەی سەرەوەی لێ دەدا، ئەمڕۆ بای داوەتەوە و بە هەمان نەفەسەوە (حوکمیشە گوێی لێ بگیرێ!)، بە بەژنوباڵای ئیمپریالیزمو سەرمایەداری و بیناسازی کوردستاندا هەڵدەدا و دەیەوێ ئەو بیناسازییەی سلێمانی و هەولێر و دهۆک لە کورد بکا بە دەستکەوت و بەڵگەی پێشکەوتن و سەرفرازی؟ ئەگەر من وای نەبینم چ دەبێ؟! ڕۆشنبیر نیم؟! دیسان بەزمەکەیە و تۆمەتباران دەکرێم: کۆنەپەرستی و نەتەوەپەرستی و هەزار ناتۆرەی ترم دەدرێنە پاڵ! چش!! من ڕۆشنبیر نیم!
من ئاڵایەکی سپی، ئاڵای خۆبەدەستەوەدان بە سەر هەر یەکێ لەو بینا بیست نهۆمییانەوە دەبینم، کە لەو شارانەدا بەرز کراونەتەوە، چونکە موڵکی کەسانێکن، بۆ سەلامەتی چارەنووسی ئەو بینایانە، بڕیاری بەدکارانە لە سەر چارەنووسی میللەتێک و نیشتیمانێک دەدەن. ئەو بینایانە بە بەرزی و بیرە نەوتی بەرپرسان بە قووڵی، ڕەمزی خۆبەدەستەوەدان و چارەڕەشی میللەتێکن و خوێنی ئەوانە بە هەدەر دەدەن کە پارێزگارییان لە نیشتیمان کرد یا دەکەن.
گۆڵدا ماییر، کە وەزیری کار بووە، لە یەک ژووردا ژیاوە و مەرجە هەرە قورس و گەورەکەی ئەوە بووە دەرگای سەربەخۆی بۆ دەرەو هەبێ. ئەو ژوورە، بەر بۆمبا کەوتبا یا نەکەوتبا، ئیسرائیل چ زەرەری دەکرد؟. گۆڵدا ماییر، دڵی بەوە خۆش بووە شەوان، لە سەربانەکەوە تەماشای "ئۆرشەلیم"ی کردووە، بەڵام دەبێ ئێمە دڵمان بەوە خۆش بێ کە کوڕی فڵان بەرپرس، لە زەماوەندەکەیدا ئەوەندە ملیۆن دۆلاری سەرف کردووە، یا ئەوەندەی لە قوماردا دۆڕاندووە... ئای ئای! ئەو دوو دیاردەیە هەمان ئامانجیان هەیە؟!
ئەو ژورەی گۆڵدا ماییر، ئاڵای سپیی لە سەر هەڵناکرێ، بەڵام هەوربڕە بەرزەکانی باشوور، ئاڵای خۆ بەدەستەوەدان، بە سەریانەوە دەشەکێتەوە و هەر وەک ئەو دەرمانەیە کە چاوی خەڵکی کوێر دەکرد!
"ڕۆشنبیران"ی کورد، کە لە چینایەتیدا ئەسپی خۆیان تاو دەدا و تەپوتۆزیان بەرپا دەکرد، ئێستا تۆبەیان کردووە!!  ئەو باسانەیان لە خوێنەری کورد نادیدە کردووە و هەندێ زاراوەی ناشرینی وەک زایۆنیزم و ئیستیعمار و بەڵێننامەی بلفۆر و شتی ئاوهایان وەک پەتا بەرەڵای ناو هۆشی کورد کردووە. ئەوەشیان هەر بۆ ئەوە کردووە، براگەورەیان لێ ڕازی بێ و لە پەراوێزی پەراوێزدا جێیان گەرم بێ.
بەڵام هەرگیز باسی ئەوەیان نەکرد کە زایۆنیزم، بزووتنەوەی کرێکاران و جوولەکە چەپڕەوەکانیشی لە خۆ دەگرت. باسی ئەوە نەدەکرا کە ئینگلیز، چەند دژی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بوو، ئەوەندەش دژی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو. باسی ئەوەیان بۆ نەدەکردین بەریتانیا دەنگی بۆ دامەزراندنی ئیسرائیل نەداوە، بەڵکو یەکێتی سۆڤیەت دووەم دەوڵەت بوو دەنگی پێ دا و یەکەم دەوڵەت بوو کە گۆڵدا ماییری وەک سەفیری ئیسرائیل لە مۆسکۆ وەرگرت.
جگە لە ئیرادەی جووەکانی ناو فەلەستین کە بەرەنگاری مەحاڵ بوونەوە، یەکەم کاریگەر بۆ دامەزراندنی ئیسرائیل، جووەکانی ئەمەریکا بوون و دووەمیش دەوڵەتە عارەبەکان بوون. جووەکانی ئەمەریکا، بە جۆرێ کۆمەکیان بۆ ئیسرائیل کۆ دەکردەوە، لە ساڵی ١٩٤٨دا، داوای بیست ملیۆن دۆلاریان لێ کرا، ئەوان پەنجایان کۆ کردەوە.  ئەوجا دەوڵەتە عارەبەکان، هێزی کار و بەشەریان بە لێشاو بۆ دەناردن. لە کاتێکدا هەموو جووەکانی فەلەستین، ٦٠٠ هەزار کەس یا شتێ زیاتر دەبوون، تەنها لە عیراقەوە، (١٢١) هەزار کەس ڕەوانەی ئیسرائیل کران و لەوێ دەستیان بە کارکردن و چەک هەڵگرتن کرد. بە هەمان شێوە، لە سووریا و میسر و ئەردەن و باکووری ئەفریقیا و یەمەنەوە... جووەکانی تورکیا و ئێران و دەوڵەتە عارەبییەکان، ژمارەی جووەکانی فەلەستینیان گەیاندە ئەوەی لە یەک ملیۆن تێپەڕێ. ئەوە خزمەتی ئیسرائیل بوو عارەب کردی یا دوژمنایەتی؟.
ئەو دەمەی ئیسرائیل لە دەمەدەمی دروستبووندا بوو، وزەی دارایی و بەشەریی جوو، لە هەموو جیهانەوە ڕووی لە فەلەستین بوو... بەڵام وزەی دارایی و بەشەریی ئەمڕۆی کورد، ڕووی لە دەرەوەیە و ئەوەی بەرەو دەرەوە داشناچۆڕێ، بە شێوەی ئاسۆیی و ستوونی بەرز دەکرێتەوە و هەموو وزەیەک بۆ دەرەوە دادەچۆڕێ چونکە سەرکردەیەکمان نییە بە خانوویەکی ئاسایی ڕازی بێ و بە ملیۆن دۆلار لە زەماوەندی کوڕەکەی یا کچەکەیدا خەرج نەکا. یەکەم شتێ جووەکان کردیان، ئاودێرێ و دارچاندن بوو و یەکەم شتێ ئێمە دەیکەین، لەناوبردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و لەوەڕگە و ئاودێرییە! لە کاتی گەیشتنی جووەکانی یەمەن و عیراقدا بۆ فەلەستین، وەزیرەکان پێشوازییان لێ دەکردن، بەڵام کورد، ئەگەر بەچکەی بەرپرسێک نەبێ، لە گەڕانەوەدا سووکایەتی پێ دەکرێ.
من دەزانم دواڕۆژی ئیسرائیلیش ڕوون نییە بەڵام کارێکی وایان کردووە، نەمانی ئەوان هاوکات بێ لەگەڵ نەمانی زندەوەرانی هەموو وڵاتانی دەوروبەر. ئەگەر ئەتۆمی عارەب لێی بدا، عارەبیش لەگەڵیدا دەسسوتێ. ئاگام لەوەش هەیە مۆسادی ئیسرائیلی، هەر بۆ ئاوڕێکی دۆستانەی تورکیا، ئۆجەلانی ڕادەستیان کرد. نەوەکانی داهاتوومان، مەگەر بەوە لێیان خۆش بن ببن بە پاڵپشت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی. دەزانم ئەو دەستەی دەیخەیتە ناو دەستی ئیسرائیلەوە، ئەگەر چارەسەر بێ بۆ جێی نووکە دەرزییەکی منداڵێکیان، پێیان بکرێ، دەیبڕنەوە و جێی نووکە دەرزییەکەی پێ چارەسەر دەکەن... ئەوان نازانن ناپاکی لە ئیسرائیل بکەن دەنا بەو پارانەی لە جووەکانی ئەمەرکاوە دەهات، ئەو ژنە، هیچ نەبوایە وەک بەرپرسەکانی ئێمە و وەک وەزیرێک، خانوویەکی دوو نهۆمی بۆ خۆی دروست دەکرد! جووەکان، پێنج هەزار دیلی میسرییان لە شەڕی ئۆکتۆبەردا، تەنها بەرانبەر یەک سەربازی دیلکراوی خۆیان، ئازاد کرد. ئەوان نرخی خۆیان بەرز ڕادەگرن!
کە دەوڵەتەکان داوای دواخستنی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیلیان لە جووەکان کرد، لە وەڵامدا گوتیان: "ئەرێ دوو هەزار ساڵ چاوەڕوانی بەس نییە؟!".  ڕۆشنبیرانی ئێمە (لە سیاسەتمەدارن هەر بگەڕێ) هەرگیز نەیانتوانیوە بە بەرپرس و سەرکردەەکان و شاسوار و شۆڕشگێڕ و مفاوەزاتچییە ملیاردێرەکانی خۆشمان بڵێن: "ئەرێ دوو هەزار و پێنجسەد ساڵ چاوەڕوانی بەس نییە؟! ئەرێ گفتوگۆ نەبڕایەوە؟!". لە ڕاستیدا، ڕۆشنبیرانی کورد، لە دەمێ زەمانەوە بە سەر ڕێچکەیەکی خیانەتکارانەدا دەڕۆن، جا پێی دەزانن یا نازانن، ئەوە نازانم و نەزانینیشیان بە قەدەر خیانەتکردن کارەساتە!



(*)  پێناسەی کار، لە فیزیادا: گواستنەوەی تەنێکە لە کاتێکی دیاریکراودا و بۆ مەودایەکی دیاریکراو. پێناسەی سەرمایەداریش بۆ کار: پڕکردنەوەی پێداویستی خەڵکە.

torsdag 10 december 2015

کورد منداڵێکە گەورە نابێ



کە ئاڵای کوردستان لە کۆشکی چانکای دەبینم، مووچڕکم پێدا دێ. کە سەرەکوەزیرانی تورکیا دەڵێ: "خۆزگە کوردیم دەزانی"، شاگەشکە دەبم. من بەشبەحاڵ، دەڵێی کوردستان بە سەربەخۆیی دەبینم.
بەڵام مێژووش بیرم دەخاتەوە:
کاتێ مستەفا کەمالی لادینی دژەمزگەوت و خوێندنی دینی،  جلی مەلایانەی لەبەر کرد و سەردانی زانا ئاینییە کوردەکانی کرد، سەڵاواتلێدانمان گوێی ئاسمانی کەڕ دەکرد! کاتێ ئەتاتورک بە کوردی گوت: "بە جلی کوردییەوە بچنە پەرلەمان"، گەشکەدار بووین و بە سەرکەوتنمان زانی. کاتێکیش کوردێکیان بۆ "عصبة الامم" نارد تا نوێنەری تورکیا بێ و تورکیا بە وڵاتی خۆی بزانێ، گوتمان: نەخێێێر، تەواو!! کورد و تورک بوون بە برا!
بەڵام خۆ سەددامیش بۆ فێربوونی کوردی، مامۆستای هەبوو... بە دەم ئەنفالکردنمانەوە، فێری کوردیش دەبوو!! سەددام، کە هیچ نەما پێمانی نەکا، لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا گوتیشی: ئەگەر کورد سەربەخۆییان دەوێ، با سەربەخۆ بن و بە قەدەر بابی ئێران، نەعلەت لە تورکیا.
دەبێ بە زمانی بەرخەوە بڵێین: ڕووی خۆشی گورگمان ناوێ، بەڵکو دەمانەوێ لێمان دوور بێ و هیچی تر!
ئەتاتورک، کە ئۆردوگان خۆی بە نەوەی دەزانێ، بەو نەختە مەسرەف و ڕووخۆشییە، ڕیسی کورد و کۆنگرەی سیڤەری کردەوە بە خوری و کوردی هیوابڕاو کرد. ئەی دەبێ بەو ئاڵایەی کوردستان، کە لە چانکای دانرا، چ ڕیسێکمان لێ بکرێتەوە بە خوری؟!... یا چ ڕیسێکام نەبێتەوە بە خوری؟! تۆ بڵێی گورگەبۆر تۆبەی لە گۆشتخواردن کردبێ!! ئەوە نییە ئێستاش تورکەکان، لە لایەکەوە ئاڵای کوردستان دادەنێن، لە لایەکیشەوە دەڵێن و دەنووسن: یا تورک بە یا گوێڕایەڵی تورک بە؟!! ئەوە هەمان دروشمەکەی عیسمەت ئینونو نییە کە دەیگوت: ئەگەر تورک نەبیت هەر ئەو مافەت هەیە خزمەکاری تورک بیت؟!
ئەو کاتە، مەلای کورد لایەنگری مستەفا پاشا بوون و لە دژی یۆنان، فەتوای غەزایان دەدا و کورد بە زەبری فەتوا و برایەتی دەکوژران. ئەمڕۆش زۆرمان لە بابەتی مامۆستا قەرەداغی هەن کە شانبەشانی قەرەزاوی، لایەنگر و پشتگری ئۆردەغانن.
داخەکەم!... کورد منداڵێکە، گەورە نابێ و نابێ!...