lördag 10 oktober 2015

میرە کوردە خۆخۆرەکان


دەی میرە کوردە خۆخۆرەکان! دەی ناوی شەیتانی بوغرایی لێ بێنن و تێکبەربن! دەی چاوی یەکتر هەڵکۆڵن و ملی یەکتر بشکێنن! دەی دیسان پەنا بۆ عوسمانی و سەفەوی بەرنەوە! دیسان پێ بە کەللەسەری یەکتر و خەڵکدا بنێن! دەی پارە بخەنە قوڕگی موسەیلەمە فەتوادەرەکانەوە تا خوێنی هەموو ئەوانە حەڵاڵ بکەن کە کۆشی سۆزانیانەتان هەڵدەماڵن!
دەمێکە چەکەکانتان بەرانبەر منداڵی کورد کڕ و بێدەنگن! بیانخەنەوە کار و منداڵی کەمهۆش و کۆیلەسیفەتی ئەم نەتەوە قۆڵبڕاو و هەڵخڕاوە بکوژن و بە خوێنیان مەست بن! دەی میللەتفرۆشان سەرتاپای نیشتیمانە فرۆشراوەکەمان خەڵتانی خوێن بکەن! کاتی هاتووە کچانی کورد بکەنە دیاری و پێشکەشی ئاغا پێخاوسە وەحشییەکانی خۆتانیان بکەن! دەی کاتی ئەوە هاتووە میللەتەکەتان لەگەڵ خۆتاندا ڕاکێشنەوە ناو زەلکاوی خوێنڕێژی و خیانەتکاری و کۆیلایەتییەوە. دەی ئەو چڵە وشکە بسووتێنن کە لە کەرایەتی سەددامەوە سەری دەرکرد و خەتی ٣٦ی لێ کەوتەوە و کورد خۆی پێ گرتەوە! باجی جارانی عوسمانی و سەفەوی لە سەر کورد کۆیلە و ڕۆن و هەنگوین و دانەوێڵە بوو و باجی ئێستایان لە سەرمان نەوت و چارەنووسمانە! ئەوەی ئێوەی لە شاخ ناسیبێ و نەزانێ دەبێ هەر ئەوە بن کە هەن، پێویستە سەردانی پزشکی دەروونی بکات. ئەوەی ئاودیوکردن و جاشپەروەری و فایلداری ئێوەی دیبێ و کرداری ئێستای ئێوەی پێ سەیر بێ، با دەمی خۆی دابخات و پارەی خۆی وەرگرێ و چاو شۆڕ بکات! ئەمانە ڕزگارکەر بوون؟ ئەمانە جێی ئومێد بوون؟
هەتا پارتایەتی و یەکێتیایەتی و ئیسلامەتی و چینایەتی و فەلسەفەی قەڵەمفرۆشەکانمان لە پێش کوردبوونەوە بن، ئەم نەتەوەیە هەر خوێنی لەبەر دەڕوا و ناکەوێتە سەر سکەی سەرفرازی و هەرچی بکا، وەک بەردەکەی سیزیف لە دەستی دەخزێ و بە سەریدا گلۆر دەبێتەوە!
نەفامی خەڵک و قوماربازیی سەرانی کورد، داک و بابی هەموو کارەساتەکانن... خەڵکینە بەئاگا بێنەوە و دەستتان نەچێتە خوێنی تەکتر! ئەمانە هاوشێوەی یەکن نەک پێچەوانە! هەر یەکە لەمانە، هۆکاری مانەوە و بەردەوامی ئەوی ترە، دەنا هەر یەکەیان بە پارەی ملیاردێرە ساختەکارە قۆڵبڕەکانی خۆی، دەتوانی هومێدێک بخاتە دڵی ئەو خەڵکە بێمعاش و بێ ئومێدەوە!

fredag 25 september 2015

من و خۆم... سیزیف و بەردەکەی




پێش دەوروبەری دوو مانگ، دیوانە شیعری (من و خۆم)ی حەمە کاکەڕەشم پێ گەیشت و خوێندمەوە، بەڵام بە هۆی نەساغی و خەیاڵپەرتییەوە، نە توانیم بە باشی لێی تێبگەم، نە توانیم هیچی لە بارەوە بڵێم. ئێستا بۆ جاری دووم، بە تەندروستییەکی نەختێ باشترەوە خوێندمەوە و دەبینم، (من ) و (خۆم)ەکەی کاکە حەمە، لە لایەکەوە هەموو مرۆڤێک دەگرێتەوە و لە لایەکی ترەوە، وەک بەردەکەی سیزیف حوکمە و بە سەر بەشەردا دراوە و ئەوەش سزایەکە و لە تۆڵەی ئەو هۆشەی بە مرۆ دراوە، بە سەریدا سەپاوە. بەڵام سیزیف و بەردەکە، هەر یەکە و شوێنی خۆی دیارە، کەچی نازانین من و خۆمەکەی کاکە حەمە، کامیان سیزیفە و کامیان بە کۆڵی ئەوی ترەوە بەردەکەیە. من وای دەبینم نەختێ لە سیزیف لایداوە و بەردەوام و لە یەک کاتدا، بۆ یەکتر، هەم سیزیفن هەم بەردەکە.
ئەگەر لە ڕووی دەروونییەوە تەماشای (من و خۆم)ەکەی کاکە حەمە بکەین، (منی دامێن) و (منی باڵا) بە نەختێ جیاوازییەوە خۆ دەردەخەن، چونکە ئەو دوو منە، لە سەر چاکەکاری و خراپەکاری – بە پێی نەریتی کۆمەڵایەتی ناسازێن بەڵام لای کاکە حەمە، ناسازان بە یەکەوەی بەستونەتەوە و هەر بوونیان بەخۆی کێشە دەنێتەوە! ئەم دەڵێ سیر و ئەو دەڵێ پیاز و ململانێیەکی ئەزەلییان بەرانبەر بە یەک بەرپا کردووە و چەند بە تەمەندا هەڵکشاوە، ململانێکە چڕتر بۆتەوە و پێم وابێ دەبێ لە ئەنجامدا سەری یەک بخۆن!
ئەو من و خۆمە، هەر یەکێکیان بۆ ئەوی تر نەبۆتە بەردەکەی سیزیف، بەڵکو هەردووکیان لە یەکتر بوونەتە بەردەکەی سیزیف و حوکمە دەبێ سەری بخات تا لە لووتکەوە، دیسان بۆ ئەوە گلۆر بێتەوە تا جارێکی تر سەری بخاتەوە.
ئەو ململانێیە ئەزەلییە، بەڵگەی بوونیانە لە یەک یەکەی سەربەخۆدا و بوونە بە ڕۆژ و شەوی یەک ئەستێرە و پێکەوە بە دەوری خۆردا دەخولێنەوە:
 "من شەووم
خۆم ڕۆژە
بە پێچەوانەی سروشتەوە
ئێمە شەو و ڕۆژێکین پێکەوە هەڵدێین و ئاوا دەبین".

ئەو دوو منە، کە کاکە حەمە ناوی ناوون من و خۆم، وەک یان و ینگ لفانەن و هەر یەکەیان هەوێنی ئەوی تر یا ناوکی ئەوی تر... نا، تۆ بڵێ تۆوی ئەوی تری تێدایە و دەبێ بە هەڵگری پەیامی یەکگرتنەوە و مەگەر مەرگ لێکیان بکا. هەر یەکەشیان بە بێ بوونی تۆوی ئەوی تریان ڕۆح دەرناکا و ناژێ. واتە پەیوەندییەکەیان پەیوەندییەکی ناچاری و چارەنووسسازە و لە هەمان کاتیشدا سەرەخۆرەی یەکترن.


یان و یینگ

لە دەستی خۆمدا نییە هەر ڕێیەک دەگرم، هەر دەبێ بچێتەوە بانە و لەم شیعرە و لەم دیوانە شیعرەی کاکە حەمەشدا، بە دوای ڕێیەکدا گەڕام بمباتەوە بانە، بەڵام تەنها لە توێی ڕستە و وشەکان و بۆچوونە فەلسەفییەکاندا ڕێگای خۆمم دۆزییەوە. کە تاوتوێی شیعرەکە دەکەم، من و خۆمم لێ دەبێ بە باش و جاش. جاش بە بەد ناوی ڕۆیشتتوە و باشیش بە باش، ئەگەرچی هەر یەکەیان و ماکی ئەوی تریانی لە خۆیدا هەڵگرتووە و لە مێژووی نوێدا، وا بووە جێی یەکتریشیان گرتۆتەوە. بەڵام بە وردبوونەوە لە هەردووکیان دەبینین بە بێ یەک نابن. بوونی باش جاشی پێویستە و جاشیس، ئاشکرایە بە بێ باش، لە کار دەکەوێ و کەڵکی نامێنێ و ئەگەر باش نەبێ کەس جاش ڕاناگرێ! کە ئاوەڕێک لە باشەکە دەدەینەوە، دەبینین ئەوەندەی جاشەکە قەرزارە و هی ئاوڕلێدانەوە و شیکردنەوەیە. کۆکردنەوەشیان، دەقاودەق دەبێتە شتێ کە پێی دەڵێین "کورد"، وەک بە کۆکردنەوەی (من) و (خۆم)ەکەی من و تۆ و کاکە حەمە، ئەنجام من و تۆ و کاکە حەمەیە بە هەموو چاکە و خراپەمانەوە.
گوتم ئەگەر باش نەبێ کەس جاش ڕاناگرێ بەڵام ئەگەر باشەکە هەر بۆ ئەوە هەبێ جاش هەبێ، دەبین بە چی؟ لێزانێک بیەوێ هەموو کورد تووشی خۆخواردن و بەدکاری بێ ببێ بە جاش، دەبێ بیر لە هەبوونی باش لە کورددا بکاتەوە. ئەمەش هەر دەبێتە ملمانێ ئەزەلییەکە و سیزیف و کاکە حەمە و کوردی گرتۆتەوە! جاش و باش، وەک سیزیف و بەردەکەی و وەک من و خۆمەکەی کاکە حەمە، گرنگی یەکتر بەرز و نزم دەکەنەوە، ئەوەش بۆ بەردەوام بوون لە سەر ڕەوشێک، کە سروشت پێی دەوێ یا لە بەرژەوەندی گەمەکارێکی ناو سروشتە.
ئەوەی جێی سەرنجە، من و خۆم لە دیوانەکەدا، لە سەردەمی منداڵیدا زۆر تەبان و پێکەوە یاری دەکەن و سەرقاڵن، بەڵام لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا ناتەبایی دەکەوێتە نێوانیانەوە. کەوابێ ناتەبایی بەرهەمی پەرەسەندنی هۆشە و لەگەڵ غەریزە و بۆماوەکاندا دەکەوێتە ململانێوە. ئەگەر کاکە حەمە ئەم شیعرەی لە تەمەنی پیربووندا بنووسیبا، ڕەنگە بمانزانیبا کە من و خۆم لە پیریدا ئاشت دەبنەوە و بیرەوەی و یادگاری خۆیان بۆ یەکتر دەخوێننەوە. بۆ سەردەمی منداڵی دەڵێ:
"بیرم دێ من و خۆم دەڕژاینە یارییەکانەوە
من وەک سێوێکی سوور بریسکەم دەهات
خۆم وەک هەنارێکی دەم بە پێکەنین هەر دەنکێکی ڕەنگێکی لێ دەڕژا
نە من دڵم هات چاوی دەنکێک هەناری خۆم کوێر بکەم
نە خۆم ڕەنگێکی منی بریندار کرد".
ئەگەرچی کاکە حەمە باسی پیربوون دەکا، بەڵام پیربوونەکەی خەیاڵییە نەک ڕاستی، بۆیە ئاشتبوونەوە لە ئارادا نییە.
هیوادارم کاکە حەمە تەمەنی درێژ بێ تا لە پیریشدا باسێکی من و خۆیەکەی بۆ خوێنەر لە دیوانێکی تردا بکا و ئێمەش بەو ئەنجامە بگەین کە ئەو دوو ناتەباییە بە پیری تەبا دەبن.
لای یۆنانییەکان، ئەندرۆجینەکان کە لە فەلسەفەی یۆناندا جێی ئادەم و حەوای دینە ئاسمانییەکان دەگرنەوە، دوو کەسن بە یەک جەستەوە... یەک نێر و یەک مێ. کە توانای نێر و مێ لە یەک جەستەدا یەکیان گرت، ئیدی هێند بەهێز بوون بەرەنگاری خواوەند بوونەوە بۆیە خواوەندیش بە شمشێرێک دوولەتی کردن و لێکی دابڕین... بە حیساب، ئەو دوو نیوەیە بۆ هەمیشە بە دوای یەکدا دەگەڕێن و یەکتر نادۆزنەوە. بەڵام (من و خۆم)ەکەی کاکە حەمە، پێکەوەن و خواوەند لێکیان دانابڕێ و هەر بە یەکیشەوە سەردەنێنەوە.
دەمەوێ خۆزگە بخوازم کە یان و یینگ یا نیشانەی ئەندرۆجینەکان یا سیزیف و بەردەکەی یا یەکێکیان، بە بەرگی دیوانەکەوە بوایە چونکە بەڵای منەوە دەقاودەق لە چوارچێوەی ئەوانەدا ڕەنگڕێژ کراوە.


ئەندرۆجینەکان



måndag 17 augusti 2015

عەبادی دەستی خۆی وەشاند


ئەگەر هەستم بە عیراقیببوونی خۆم کردبا، بە دڵنیاییەوە شانازیم بە سەرەکوەزیرانی ئێستای عیراقەوە دەکرد. هەموو ئەو بەرپرس و پلەدارانەی گسک دان کە وەک نەخشی دەسکی خەنجەر، هەر بۆ جوانی داندرابوون و جوانیش نەبوون و وەک دابەستەش، جگە لە لووشدانی سامانی عیراق، کاری تریان نەبوو. شەلم کوێرم ناپارێزم، تێیان کەوت و نە شیعەی پرسی نە سوننە و نە کورد: کێ بێکەڵک و جێگر و ڕێگر و پارەخۆر و بەدمەست بوو، ڕایماڵی و ئەو ناڕەزاییانەی شەقامی بەغدا و کەربەلا و بەسرایان گرتبۆوە، ئاڕاستەیان گۆڕا و بۆی بوون بە لایەنگر و دروشمی خەڵکی بەغدا بوو بە (دەنگ بە سۆزانییەکان دەدەین چونکە کوڕانی سۆزانیمان تاقی کردنەوە). ئیتر ئەوە بەغداییە و داهێنان دەکات!
ئەگەر یەک تۆزقاڵ هەستم بە عیراقیبوونی خۆم کردبا، بە عەبادیم دەگوت: دەستی بەرەکەتت بگەیەنە ئەو شتە سەرسوڕهێنەرەی ناومان لێ ناوە هەرێم و لەوێش گسکەکەت بخەرە کار چونکە ئێمە، لە خەنجەرەکەدا، تەنها نەخشی مشتووەکەیمان هەیە! بەڵام تۆ بڵێی ئەوەی عەبادی دەستی پێ کردووە، بۆی بچێتە سەر؟! ئەو زەبەلاحانەی لە دوای ڕووخانی بەعسەوە بوون بە ملیاردێر و خاوەنی لەشکر، ڕێ دەدەن شۆڕشە سپییەکەی عەبادی سەر بگرێ؟! ڕەنگە ئەوە ئێران و مەرجەعی شیعە بڕیاری لە سەر بدەن ئەگەرچی سەرنەکەوتنی عەبادی کارەساتێک دەخولقێنێ، سەگ خاوەنی خۆی ناناسێتەوە و سەرکەوتنیشی، کە سەرکەوتنی بەغدایە، لە هەموو بارێکدا بۆ کورد تراسناکە!
سستەمێک، هێندەی داهاتی دەوڵەتێکی وەک ئەردەن، یا شتێ کەمتر، تەنها لە حیمایەی بەرپرسان سەرف بکات و تیایدا، کەس باوەڕی بە کەس نەبێ، هەر بۆ گسکدان باشە و عەبادی ئەو کارەی ئەنجام دا و خەریکە دزەکان بۆ ڕاکردن دەکەونە خۆ بۆ ئەوەی بگەنە پەناکەندێک و وەک کەمتار، ئەو پارچەیەی بەریان کەوتووە، بیخۆن! ئەگەر عەبادی شکست نەهێنێ، کارێکی کردووە بە هیچ یەکێ لەو نەدیوبدییانە ناکرێ کە پێیان خۆشە وێنەی سفرەکانیان بگیرێ و بە خەڵکی پیشان بدەن چۆن دەلەوەڕێن!
خەتای کەس نییە من هەست بە عیراقیبوونی خۆم ناکەم... کەلەپووری عارەبی عیراق وەهایە، کە بەر کەلەپووری کورد دەکەوێ ئاگری لێ دەبێتەوە و نە چەپایەتی ئەو پروشکانەی لەناوبرد نە ئاین شتێکی ئەوتۆی پێ کرا و نە مرۆڤایەتیش برینێکی تیمار کرد. ئێمە دەنگی ناڕەزایی و هاوارمان لە دەست سستەمی بەعس حەوت ئاسمانی بڕی، کەچی بەعس بە پێوانە لەگەڵ داعشدا، بەرەکەتی خوا بوو! ڕنگیشە دەسەڵاتی ڕەهای کەسێکی وەک مالکی، زۆر لە داعشیش سووتێنەرتر بێ. ئەوە عارەبی عیراقە کە ئەو کەلەپوورەی هەیە و ژیانی بیابان بۆی دروست کردوون و وەک دین لێیان بۆتە بار، بۆیە بە هیچ جۆرێ هەست بە عیراقیبوونی خۆم ناکەم ئەگەرچی کوردبوون بارێکی زۆر قورسیشە! لەگەڵ ئەوەشدا، خەڵکی کوردستان، ئەوەندە لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات بێزارن. ئەگەر گسکە پیرۆزەکەی عەبادی بگاتە کوردستانیش، خەڵک پێشوازی لێ دەکەن و تەنانەت داعشیش ئەوەندە دڕندە و کێوی نەبوایە کورد بەو شێوەیەی ئێستا بەرەنگاری نەدەبووەوە... ئەوانە، بەر لە هەموو شتێک دەستدرێژییان کردە سەر ژنی کورد، لە کاتێکدا کارەساتە مێژووییەکان وایان کردووە، ژن لە لای خەڵکی کوردستان لە خاک عەزیزتر و پیرۆزتر بێ ئەگەرچی تێژاڵخوێنەکانمان زۆر هەوڵی ئەوە دەدەن ژنی کورد لەو گەورەیی و پیرۆزییە بخەن.
لە کۆتاییدا دەڵێم: بەرپرسە باڵاکانی کوردستان بە هۆی چاوچنۆکییەوە، گۆڕ تەنها بۆ خۆیان هەڵناکەنن، بەڵکو سەرجەمی کورد ناچار دەکەن لە دەست زوڵمیان، پەنا بۆ بێگانە بەرن، ئەگەرچی داگیرکەریش بێ!

tisdag 11 augusti 2015

کەس بە قەدەر هەندێ مەلا دوژمنی ئیسلام نییە



من لەگەڵ خوای خۆمدا سوڵحابووم. پێش نووستنم، هانام بۆی دەبرد. کە هەڵدەستام، پەنام بۆی دەبرد. بە منداڵی مەڕم دەبردە شەواژۆ و "قل اعوذ برب الفلق"م  بۆ خۆم و مەڕەکان دەکردە قەڵغان. باوکم بە قەڵەمبڕێک و ئایەتێک دەمی گورگی بۆ دەبەستم و ئیتر دڵنیا دەبووم، بەڵام چاودێریشم دەکرد. کە دەچوومە سەفەر، یەک جار لە دڵەوە و بە دەنگی بەرز دەمگوت: "خوایە بە تەمای تۆ!". ئیتر چاو و هزرم لە ڕێیەکە دەبوون. هەموو تەمەنم لە کاتی تاقیکردنەوەدا، ناوی خوام دەهێنا، بەڵام ئەرکم بۆ خۆشم دەهێشتەوە و بە باشی ئەنجامم دەدان. لە دزی و خیانەت و غەدر و خوێنڕشتن و خۆفرۆشی و قومار دوور بووم و هەر هەڵەیەکم کردبێ دۆزەخ لە دەرووونمدا بەرپا بووە و هەزار تۆبەم بە دوایدا کردووە. شوکری خوام دکرد کە لە کۆمەڵگەیەکی موسوڵمان و لە دایک و باوکێکی موسوڵمان کەوتوومەتەوە و موسوڵمانم، بەڵام بیریشم لەوە دەکردەوە ئەوەی لە دایک و باوکێکی ئێزدی بکەوێتەوە و بەو باوەڕە گۆش کرابێ، ناتوانێ وەک من لە دین بڕوانێ. ئەو کەسە، چ تاوانێکی هەیە کە بە باوەڕێکی تر گۆش کراوە؟ باوەڕم نەدەکرد خوا، کە بە ویستی خۆی ئاوهای خولقاندووە، بە ویستی خۆشی سزای بدا. جوولەکە و دیان و بووزیش بە هەمان شێوە. چ بکەن لە موسوڵمان بەرنەبوونەتەوە؟ ئەو توندڕەوانەی ئێستا سەر دەبڕن و ژنی ئێزدی دەکەنە کۆیلە، یا ئەو مەلا کوردانەی کە کورد و دەزگاکانی دەکەنە قوربانی تاکە نەعلێکی عومەر، ئەگەر کوڕی ژن و پیاوێکی ئێزدی بوایەن، ئەوپەڕەکەی دەبوون بە قەووال و بە شان و شەوکەتی مەلەک تاوس و گۆزەکەیدا هەڵیاندەدا! چاوپۆشیم لە هەموو شتێ کردبوو کە عارەب، بە ناوی غەزاوە بە کوردیان کردبوو! خۆ هیچ نەبێ عومەری کوڕی عەبدولعەزیز لە مێژووی عارەبدا هەیە و کۆیلایەتی لە سەر کورد لابرد...
بەڵام کۆیلایەتی لە کۆڵمان نابێتەوە.. بەرگری لە کۆیلایەتی خۆمان دەکەین و هەر کەسێکمان بەو کۆیلایەتییە ڕازی نەبێ، بە ناوی خواوە، بە دەستی خۆمان دەیکوژین و پێمان وایە بەهەشت مسۆگەر دەکەین. گرنگی بەهەشتیش، لە حوور و غیلماندایە!!
مامۆستا مەلا کرێکار دەڵێ: "هەر کەسێ بە کردەوە دژی ئیسلام بوو، بە تەورێ ملی بپەڕێنە!" منیش دەڵێم: ئەی دادگا؟ ئەی شایەد؟ ئەی بەڵگە و دژەبەڵگە؟ ئەی "البينة علی من ادعی واليمين علی من انكر"؟ هەر وا، ملی بپەڕێنە و تەواو؟! خۆ بێویژدان زۆرن سەری نەیاری خۆیان بپەڕێنن و بڵێن: کفری کرد! بەو قسەیە بێ، هەر کەسە و یاسا لە دەستی خۆیدا دەبێ و کەی بیەوێ سەران دەپەڕێنێ. ئای مامۆستا... لە پێناوی شتێکدا کە خۆت بە هەقی دەزانیت، بوویتە بە چ بوونەوەرێکی بێویژدان!
مامۆستا مەلا عەبدولسەمەد دەڵێ: "کابرایەکی کوێر ژنەکەی خۆی لە سەر ئەوە کوشت جنێوی بە پێغەمبەر دابوو و پێغەمبەریش فەرمووبووی، خوێنی ئەو ژنە بە هەدەر چووە. هەر کەسێ جنێو بە پێغەمبەری خوا بدا دەبێ بکوژرێ و تۆبەش دادی نادات". باشە ئەو کوێرە شایەدی هەبوو؟ کێ دەڵێ لە سەر شتێکی تر نەیکوشتووە؟ من دەڵێم ڕقی لێی بووە و بۆ ئەوەی تاوانبار نەکرێ ئەو حەکایەتەی ڕستووە؟! ئیتر هەر کەسێ بیەوێ ژنەکەی خۆی لەکۆڵ بکاتەوە، با بیکوژێ و سبەینێ بچێتە لای مامۆستا عەبدولسەمەد و بڵێ: ژنەکەی خۆمم کوشت چونکە جنێوی بە پێغەمبەری نازدار دا. مامۆستاش، دەستخۆشی لێ دەکا.
چۆن نیشتیمانەکەمان بە دەست حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە وێران بووە و خەڵکەکە دابڕ و دۆبڕی تێکەوتووە، ئاوهاش دینەکەمان بە دەست ئەو بابەتە خەڵک و مەلایانەوە خۆرە لێیداوە. هەر دەستە و گرووپێک خۆی بە ڕاست دەزانێ و غەیری خۆشی بە گومڕا لە قەڵەم دەدا. ئەی من چی بکەم، خوایە؟! دەبێ چاوەڕوان بم کام بەرە یا کام دەستە دوای ئەوانی تر دەبڕێتەوە و بە بۆچوونی خۆی بۆ دۆزەخیان دەنێرێ و دەسەڵات دەگرێتە دەست، ئەوجا دەست بەرز بکەمەوە و بڵێم: لایەنگری ڕیشە پانەکەی جەنابتانم!
بە قەولی عەلی وەردی، لە وڵاتی خۆیدا کار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی دەکا و لە دەوڵەتی کافران دەبێ بە پەنابەر!. بۆ ئەو لوقمە نانەی دەستی کافران شوکرانەبژێریش نییە... ئەمەیە شەقاوەی موفلیس! کێ دەرەقەتی دێ؟! کەسێ نە لۆژیکی هەبێ و نە هەق و ناهەق لێک جیا بکاتەوە، هیچی لەگەڵدا ناکرێ.
ژنی باڵاپۆشیش بۆتە کێشەیەکی تر. کێیە ئەوەی بن ئەو تۆپە قوماشە؟ ئەو هەموومان دەبینێ و یەکەیەکە دەمانناسێ بەڵام ئێمە کەسمان، نە دەیناسین نە دەزانین چ کارەیە. ئەو شتەی بن ئەو تۆپە قوماشە ڕەشە، بێ ناسنامە و ناو و کەسایەتییە. ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەی پێم وابێ ژنە، تەمام بۆی بچێ و نەزانم خوشکی خۆم یا کچی خۆمە! ڕێژەی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان و گێچەڵکردن بە ژنان، لە میسر و سعوودییەی باڵاپۆشدا لە بەرزترین ئاستدایە و لە سویدی ڕووتوقووتدا، کەمترینە! ژنکوشتنیش بە هەمان شێوە.
با ئەوەشمان لە بیر نەچێ: ژنە موالی، وەک پیاو، لە ناوکەوە تا ئەژنۆی عەورەتە و ئیمامی عومەر قەبووڵی نەکردووە حیجابپۆش بن و تەنانت لە سەر ئەوەی حیجابیان کردووە، بە دار لێشیداوون! کە کچەکانی یەزدگورد هەڕاج کران، ئیمامی عومەر داوای لێ کردن حیجاب لە ڕوخساریان لادەن. مەلاکانمان، هاواری دنیاش بکەن دادیان نادا و هەر موالین و ژنی کوردیش لە سای خەلافەتدا، لە ناوکەوە تا ئەژنۆیان عەورەتە! ناکا بڵێن نا، کورد موالی نییە! بە خوا قوڕی دنیاش بە سەردا بکەین، لە چاوی عارەبدا هەر موالین و ژن و کچ و ماڵمان حەڵاڵیانن. بیستم هەندێ لەو عارەبانەی لە هەولێر پەنابەرن، بە ئیمامەتی کورد لە نوێژدا ڕازی نابن. دەستیان خۆش بێ! ئاخر موالی بۆی نییە ئیمام بێ و ڕێی نادرێ لە غەزاشدا سوارە بێ. هەر دەبێ بە پێ تێیتەقێنێ و بچێتە ڕاوی هاوڕەگەزی خۆی و ژنەکان، بۆ نیکاحکردن، بۆ مەولاکانیان ڕاو بکەن.
بە پێی ئەو شەرعەی عارەب باوەڕی پێی هەیە، کورد موالییە و موالیش یاسای تایبەتییان بە سەردا دەسەپێ. من پێم خۆشە بەر لە سەپاندنی دەسەڵاتی داعش یا هاوشێوەی داعش لە کوردستاندا، ڕەچاوی یاساکانیان بکەین و ژنەکانمان، لە ناوکەوە تا ئەژنۆیان عەورەت بێ، تا خاوەنە ڕەسەنەکانی ئیسلاام، بیانبینن و بە دڵی خۆیان هەڵیانبژێرن. مامۆستای موالی... دەڵێی چی؟
مەلایەکی تر شوێنپێی (ابن السعود العمادي) هەڵگرتووە. ئەو، فەتوای قڕکردنی ئێزدییەکانی داوە و ئەمیش فەتوا دەدا: برادەرایەتییان جائیز نییە و بە برازانینیان جائیز نییە و سڵاولێکردنیان جائیز نییە! ئەمە، ڕێخۆشکردن نییە بۆ قڕکردنیان؟ ئەمە لایەنگری نییە لە ڕەفتارەکانی داعش کە بەرانبەر بە ئێزدییەکان کردیان؟ ڕاستە من بۆ تقووسی ئاینی ناچمە لالش و لە سەر ئاینی ئەوان نیم، بەڵام خودا ئاگادارە دۆستایەتی و برایەتی ئەوانم پێ ڕەواترە لە برایەتی لەگەڵ مەلایەکدا کە زمانی بۆ فیتنەیی بگەڕێ. خۆ هیچ نەبێ دڵم بە (لکم دینکم ولي دین) خۆشە. چی بکەن خودا وەک ئێزدی خەلقی کەدوون؟ تۆ بڵێی خوا لەو کارەدا هەڵەی کردبێ؟!
نەمبیستووە مەلایەک لە سەر مینبەر باسی ئایەتێکی وەک (وَقَالَ فِرْعَوْنُ يَا أَيُّهَا الْمَلَأُ مَا عَلِمْتُ لَكُمْ مِنْ إِلَٰهٍ غَيْرِي فَأَوْقِدْ لِي يَا هَامَانُ عَلَى الطِّينِ فَاجْعَلْ لِي صَرْحًا لَعَلِّي أَطَّلِعُ إِلَىٰ إِلَٰهِ مُوسَىٰ وَإِنِّي لَأَظُنُّهُ مِنَ الْكَاذِبِينَ) بکات چونکە لێکدانەوەی ئەو  ئایەتە عەقڵی فرەوانی دەوێ و ڕێی تێدەچێ شێوەی دروستکردنی ئەهرامەکانی میسر ئاشکرا بکات کە زانست بە دەستییەوە داماوە و هەر ڕۆژە و بە جۆرێ لێکی دەدەنەوە. ئەوان حەکایەتی داتاشراو و هەڵبەستراویان پێ خۆشە تا ئاستی بیرکردنەوەی خەڵک ئەو سنوورە نەبڕێ کە بەرژەوەندی خۆیان لە پشتیەوەیەتی. لێکدانەوەی من بۆ ئەو ئایەتە، وەک (کاک ئیسماعیل عوسمان)ی هاوڕێشم بۆی دەچوو، ئەوەیە کە ئەو بەردانە (لە دوو تۆنەوە تیایاندا هەیە تا دوانزە تۆن) سەرنەخراوون، بەڵکو لە جێی خۆیاندا لە قاڵب دراوون و سوور کراونەتەوە... ئەمە تەنها لێکدانەوەیەکە. بەڵام ئایە پێش سەردەمی مووسا ئەو ئەهرامانە دروست نەکرابوون؟!
هیوادارم مەلاکانمان بە خۆیاندا بچنەوە و بیرێ لە چارەنووسی ئەو میللەتە کڵۆڵ و کۆیلە و موالییە بکەنەوە کە بە خۆیان و حیزبەکانی ترەوە سەریان ژەنیوەتە خوێنی. ئەوان کلیلی بەهەشت و (صك الغفران)یان لا نییە بەهەشت لە سەر خەڵک تاپۆ بکەن. ئەوان، بەرانبەر بە حیکمەتەکانی خوا، زۆر لەوە کڵۆڵترن تێیانبگەن! ئەوان باوەڕیان لە سەر بنەمای (سمعنا واطعنا) هەڵچنیوە و بیرکردنەوەیان لە خۆیان قەدەغە کردووە... ئەوجا من بەوان دەڵێم: خوا هیدایەتتان بدا... بڕۆن گوێ لە فەرموودەکانی مامۆستا عەبدوڕەحمان سدیق بگرن و بەس ئیسلام ناشرین بکەن!

torsdag 6 augusti 2015

درۆیەکیش بۆ دز



پتر لە دوو هەزار ڕۆشنبیر و هونەرکار و مامۆستای زانکۆ، بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی کاک مەسعوود بارزانی ناوی خۆیان تۆمار کردووە و بەوەش یاسا و دەستووریان بەلا ناوە. دیارە ئەو کەسانە لە گۆشەنیگای خۆیانەوە ڕوانیویانە و ناکرێ تەنها لێکدانەوەی نەرێنی بۆ هەڵوێستیان بکرێ، جگە لەوەی دەنگۆی ئەوەش پەیدا بووە کە هەندێ لەو کەسانە، بە جۆرێ لە جۆرەکان فێڵیان لێ کراوە. لەو باوەڕەدام ئەو کەسانە ئاوها بیریان کردۆتەوە:
یەک. ئەگەر مەسعوود بارزانی سەرۆک نەبێ، کێ دەبێ بە سەرۆک؟ هەر لە دوو حیزبەکە سەرۆک هەڵنابژێردرێ؟ باشە کامە ئەندامی سەرکردایەتی ئەو دوو حیزبە بێفایل و بێسەرمایەیە، یا خاوەن کۆمپانیا نییە و کامەیان بەرانبەر ئاودیوکردن و تەعریبکردنی کوردستان هەڵوێستی بووە؟ ئەو دوو حیزبە، وەک حیزب بەرهەمهێنی گەندەڵی بن، هەر کەسێ سەرۆک بێ هیچ ناگۆڕێ و باری سەر شانی خەڵکی دەرەوەی حیزبەکان سووک نابێ. جگە لەوەش، بە کورتی و بە کوردی، هەر ئەو سەرۆک بێ لە شەڕی ناوخۆ و کوردکوژی باشترە!
دوو. ئەگەر وا دانێین پاکترین کورد کە بە دڵی هەژارانی کوردستان بێ، بوو بە سەرۆک. ئەی سەرچاوەی دارایی و سامانی کوردستان و هێزی سەربازی هەر لای ئەو دوو حیزبە نین؟ خۆ هەر کەسێ سەرۆک بێ دەبێ بۆ دابینکردنی پێداویستی خەڵکی کوردستان لە دەرگای سەرانی ئەو دوو حیزبە ملیاردێرە بدا و بە ئیزنی ئەوان ڕەفتار بکات. خۆ ناشێ وا بزانین خۆیان لە لەشکر و سامانەکەیان ڕووت دەکەنەوە و هەمووی دەدەنە دەست کەسێکی هەڵبژێردراو. کەوابێ هەرکەسێکی تر هەڵبژێردرێ، مادام یاسا لە ئارادا نییە، نەک هیچ ناگۆڕێ، بگرە کێشەکان قووڵتر دەبنەوە.
سێ.کاک مەسعوود بارزانی دەستی داوەتە کارێک بە بیست ساڵ کۆتایی نەهات... نە سەربەخۆیی بەدەست هات و نە کارەبا دابین کرا. لە سەر ئەوەشەوە، لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئەودا کوردستان تەعریب کرا، بەردەوامیش خۆکوشتن و کۆچکردنی گەنجان لە زیادبووندان. چ دەبێ دوو ساڵی تریش بچنە سەر ئەو بیست ساڵە تا مەودای جێبەجێکردنی پرۆژەکانی پێ بدرێ؟... پرۆژەی تەعریب ناڵێم، پرۆژەی سەربەخۆیی دەڵێم.
ئەوەی لەو لستەیەدا جێی سەرنجی منە، شتێکی ترە. دیارە لستەی ئەو ناوانە لە لایەن دەزگاکانی پارتییەوە ڕێکخراوە و ناوەکان بە دڵی ئەوان ڕیزبەند کراوون و باوەڕ ناکەم حەسەن عەلەوی یەکەم کەس بووبێ ئیمزای کردبێ یا خاوەنی پرۆژەکە بێ. ئەگەر بە کەمزانینی ئەو کەسانە نەبێ کە ناویان تۆمار کراوە، بۆچی دەبێ یەکەم ناو و سەرجەلەی هەموویان حەسەن عەلەوی بێ، با لایەنگری بارزانی و کوردیش بێ؟ نەدەبوو ناوی دکتۆر عیززەدین یا کاکە حەمەی مەلا کەریم یا دکتۆر کەمال مەزهەر یا هەر کوردێکی تر یەکەم و سەرجەلە بێ؟! دەبوو، بە لای کەمەوە، چەند کەسێک لەوانەی ناویان لەو لستەیەدایە، دوای بینی سەرجەلەی ناوەکان داوای لابردنی ناوی خۆیان بکردایە، بەڵام دیارە ئەو بەڕێزانەی ناویان تۆمار کراوە – لەگەڵ ڕێزمدا بۆیان -  لەگەڵ ئەو بچووککردنەوەیەدا ڕاهاتووون و ڕەنگە بە ئاسایی بزانن. ئەوان، داوای مانەوەی کاک مەسعوود دەکەن وەک سەرۆک ئەوجا ئاوها بە دوای ناوی حەسەن عەلەویدا ڕیز کراوون، ئەی دەبێ لای دامودەزگاکانی ئەو حیزبە کوردی نالایەنگر یا بێلایەن لە چ پلەو ئاست و بەهایەکدا بێ؟ من لایەنگر بم یا دژ، ئازادیم دەوێ و سەرگەورەیی ئەم بێگانە و ئەو بێگانەیە بەسە و با کۆتایی بێ!
ئەو زاتانەی ناویان تۆمار کراوە، دەبوو لەگەڵ داوای مانەوەی کاک مەسعووددا وەک سەرۆک، داوای ئەوەشیان بکردایە کە سەرۆک، سەرۆکی کوردستان بێ و واز لە سەرۆکایەتی پارتی بهێنێ تا هیچ نەبێ کوردی دەرەوەی پارتی هەست بکەن سەرۆکێکیان هەیە و خەمیان لێ دەخوات... بەڵام تا ئێستا، بازنەیەکی پۆڵاینی بە دەورەدا دروست کراوە و لە حیزبەکەی نەبێ، لە هەموو کورد دابڕاوە و بە باسکردنیش باسی ئەو کارەساتانە ناکات کە بە سەر هەژاری کورددا دێن.
چەند جارمان گوێ لێ بووە بە کوردی ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژاڤا گوتراوە مێوان، کە بە لای منەوە ئاماژەیەکی ترسناکە، کەچی کوردی ئەو بەشانەش ناویان تۆمار کراوە و داوای درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی کاک مەسعوود دەکەن.
هیوادارم ئەو بەڕێزانەی لە دژی ئەو لستەیە دەدوێن، نەبنە لستەیەکی تری بەرانبەر... با کەموکورتییەکان وەک هەن ببینین. کێشەی حیزبەکانی باشوور ئەوە نییە کێ سەرۆک بێ بەڵکو ئەوەیە بوونەتە کارگەی بەرهەمهێنانی گەندەڵی و گەندەڵیش سەرتاپای گرتوونەتەوە! پێویستە داوایان لێ بکرێ (ئینقیلاب) بە سەر خۆیاندا بکەن تا ببنەوە یا ببن بە کوردستانی. 


onsdag 15 juli 2015

ڕەنج سەنگاوی دونگی مەڕەکانی هێنایەوە


ساڵی ١٩٦٣، لیوای چواری فیرقەی کەرکووکی سوپای عیراق، لە نزیکی گوندەکەمان (حەساری گەورە) بارەگای خستبوو. بەرپرسی لیواکە (عەقید خەلیل)ێکی موسڵاویی نوسخەیەکی تری زەعیم سدیقی بەری سلێمانی بوو. کە دڵدارییە بێئاکامەکەی نێوان شۆڕشی کورد و بەعسییەکانی ئەو ساڵە هەرەسی هێنا، لەشکرەکەی عەقید خەلیلیش، کە ئەو زستانە لەوێ خۆی مەڵاس دابوو و چاوەڕوانی فەرمانی هێرش بوو، وەخۆ کەوت و کەوتە تاڵانکردن و سووتاندنی ئەو گوندانەی دەوروبەر و یەکەم جار لە گوندەکەی ئێمەوە دەستی پێ کرد: لەگەڵ عارەبی حەویجەدا کەوتە تاڵانکردنی گوندەکەمان. یەکێ لە دەستکەوتەکانیان مێگەلە مەرێکی ماڵی باپیرم بوو کە گسکی لێ درا و عارەبی حەویجە بردیان و عەقید خەلیل بەشی خۆی لێ گل دایەوە.
بەڵێ هەموو کەس خەمبار بوو بەڵام مامم (خالید)، کە ئێستا لە ژیاندایە و لە کەرکووک دەژێ، لە هەموو کەس خەمبارتر بوو. ئەو چووە جێی سەربازگەکە و پاش ماوەیەک بە یەک گونیە دونگی مەڕەوە گەڕایەوە. کە گەیشتەوە، گونیەکەی دا بە عەرددا و گوتی: ئەوە دونگی مەڕی خۆمانە و لێمان حەرام نییە!
گۆشتی مەڕەکانیان خواردبوو و دونگەکانیان فڕەدابوو... ئەوجا وەرە بە دیار ئەو دونگانەوە خەفەت بخۆ! دەی خوا هەڵی نەگرێ، وەک هەڵی نەگرت!
من ڕێزم بۆ سەرمایەداری ئاسایی کورد هەیە کە بە بەقاڵی و پیشەی دەستی و دوکاندارییەوە دەست پێ دەکا و دەوڵەمەند دەبێ... ڕێزم بۆ کەسانی وەک (لاش ماگنوس ئێریکسۆن) هەیە کە یەکەم جار لە شوێنێکی ١٣ مەتری دوجا کارگەیەکی دانا و ئیدی پەرەی سەند تا بوو بەوەی توانای دەوڵەتێکی هەبێ، یا (ئینگڤەر کامپراد) کە لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە، بە قەڵەمفرۆشی دەستی پێ کرد و لە ئەنجامدا بوو بە خاوەنی ئەو (ئیکیا IKEA)یەی لە هەموو ئەوروپا و زۆر وڵاتانی جیهان لق و بەرژەوەندی هەیە و لە هەر شارێکی سویدیش لقێکی هەیە. بەڵام ڕێزگرتن و گێڕانەوەی ئیعتیبار بۆ دزان، ڕازیبوونە بە  گێڕانەوەی دونگەکان. یا وەک کورد دەڵێ: موویەکە لە بەراز!
لەو هەموو تاڵانی و ڕاوڕووت و ئاودیوکردن و فایلداری و دزی و کوشتن و بڕینەوە هاتە سەر ئەوەی لە بری خووێنی شەهیدان و ئاگری دڵی کەسوکاریان دەوری ١٧ ملیۆن دۆلاریان لێ ببچڕنەو! هەمان دونگی مەڕەکانە و خوا نەیبڕێ!
من دەستخۆشی لە کاک ڕەنج سەنگاوی دەکەم و هەست دەکەم ناخی دەکوڵێ، بەڵام با بە پاککردنەوەی لاپەڕەی پیسی بازرگانانی خوێن، چ هی ئەملا و چ هی ئەولا، لوقمە نانێک بۆ شەهیدان پەیدا نەکات، بەڵکو هەوڵ بدا دەستی دزەکان بۆ مێژوو ئاشکرا بکات و باسی مووچەی ئاسایی پێشمەرگە و شەهیدانە و خانەنشینی وەک ئەرکی سروشتی حکوومەت بەرانبەر بە گیانبەخشینی پێشمەرگە بکات و هۆکاری خۆکوشتنی پێشمەرگە لەقاو بدات!
ئەوەی بە کاک ڕەنجی دەڵێم، بە کەناڵی ڕووداویشی دەڵێم: بەڵێ کارێکی باشتان کرد بەڵام لەوە باشتر ئەوە بوو سەرچاوەی ئەو سامانانەیان پێ ئاشکرا بکەن! خۆ من دەزانم کار لە کار ترازاوە و دزان شکۆیان نییە تا شەرم بیانگرێ، بەڵام توخوا کارێ مەکەن منداڵی شەهیدان چاوەخواری ئەو سەرمایەدارە چاوچنۆکە ناڕەوایانە بن وەک ئێمە بۆ دەستکەوتنەوەی دونگی مەڕە تاڵانکراوەکانمان چاوەخواری لیوای چوار و عەقید خەلیل بووین!!


söndag 5 juli 2015

کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم


سەرم لەو خەڵکە سوڕماوە! تەنها دینەمۆی ڕق و ململانێی حیزبایەتی بەڕێوەیان دەبەن. پارتی، بە هەر نرخێک بێ دەیەوێ کاک مەسعوود سەرۆکی هەرێمەکەیان بێ، حیزبەکانی تریش بە ئامان و زەمان بە بێ بەرانبەر، بەوە ڕازی نابن. من پێم باشە لێیگەڕێن ئەو ئەرکانەی لە سەر شانین ئەنجامیان بدات و بە نیوەچڵی جێیان نەهێڵێ! ئاخر نە کوردستانی کردووە بە وڵاتێکی سەربەخۆ و نە ماددە دوابڕاوەکەی ١٤٠ی بە بەغدای جێبەجێ کردووە و نە نەداری و هەژاریی خەڵکی چارەسەر کردووە و نە دز و گەندەڵ و فایلدارەکانی سزا داوون! واز لە وێرانبوونی بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا و زمانی کوردیش بێنە! ئەگەر ئێستا دەست هەڵگرێ و بکشێتەوە، سبەی پێی دەڵێن ئەرکەکانی جێبەجێ نەکرد و خۆی دەوڵەمەند کرد و وڵاتێکی بەو هەموو قەیرانەوە ڕادەستی خەڵکانی تر کرد!
دەبینم حیزبایەتی چۆتە قاڵبی عەشرەتبازییەوە و زەلامی ئەم عەشرەت، ناتوانێ دانی خێر بە هیچ شتێکی ئەو عەشەرەتی تردا بنێ و بڵێ: خوا هەقە ئەو کارەی چاکە! وەنەبێ تەنها یەکێ لە حیزبەکان وا بێ و ئەوانی تر وا نەبن. هەموویان، دەڵێی لە یەک مێینە کەوتوونەتەوە، یا وەک لە سلێمانی دەڵێن: یەکتریان بە دەم داناوە! هۆکاری ئەو هەموو قڕەوبڕە و ململانێیانەش تەنها یەک شتە: نەبوونی هەستی نەتەوەیی! واتە حیسابنەکردن و نەخوێندنەوەی بەرژەوەندی کورد و نیشتیمانی کورد! هەموو سەرکردەکان، چەند بە ئاسانی شەڕ لە دژی یەکتر بەرپا دەکەن و بە دەم شانازییەوە کوڕی خەڵکی دەکوژن و بە کوشت دەدەن، ئاوهاش بە ئاسانی ئامێز بە دڕندەترین دوژمنی کورددا دەکەن و وەک دۆستی کورد لە قەڵەمی دەدەن! دیارە سیاسەت وایە و ئەو خەڵکە لێی نازانن!
لە لایەکی تریشەوە، وەک بڵێی کاک مەسعوود بارزانی، ئەگەر لە پارتی دوور بکەوێتەوە، ئیتر کەسی نامێنێ و بێپشتوپەنا دەمێنێ! ئاخر ئەگەر جەنابت سەرۆکی کوردیت، دە کارێکی وا بکە خەڵکی دەرەوەی پارتیش هەست بکەن سەرۆکیانیت! ئەوەی بۆ هەوادارانی پارتی دەیکەیت بۆ دژە پارتییەکانیش بیکە! کەسی ناپارتی هەست بەوە ناکات سەرۆکێک هەیە لە کاتی لێقەوماندا پەنای بۆ دەبات یا لەو گەرداوەی کوردی تێکەوتووە فریای دەکەوێ... ئەوجا ئەو ئەرکانەی کە لە سەر شانی سەرۆکن و چاوەڕوانی جێبەجێکردنن، بنمیچێکی زەمەنییان نییە؟. کاتێ جەنابت بووی بە سەرۆک، کوڕێکی من منداڵ بوو و ئێستا وا ڕدێنی سپی کردووە بەڵام نە کوردستان بوو بە دەوڵەت و نە ماددەی قوماری ١٤٠ وەک دومبەڵە تەقییەوە! مردنیش لە ڕێی هەموومانە... چۆن بەو هەموو ئەرکە جێبەجێ نەکراوانەوە لە حزووری خوادا دەوەستیت؟
مایەی سەروەرییە مرۆڤی کورد ئەو شەرەفەی بەر بکەوێ کە پشکی لە سەربەخۆیی کوردستاندا هەبێ... ئەی ئەگەر بوو بە لەمپەر لە بەردەم ئەو سەربەخۆییەدا چی پێ دەبڕێ و چی پێ دەگوترێ؟! کابرایەکی عارەب، لە بیرم نییە کێیە، گوتوویەتی: جیاوازی ئێمە و ڕۆژاوا ئەوەیە ئەوان هاوکاری ناسەرکەوتووی خۆیان دەکەن تا سەرکەوتوو بێ و ئێمە هەوڵی تێکشکاندنی سەرکەوتووی خۆمان دەدەین! لە بواری ڕزگاریخوازیدا کێ سەرکەوت تا وەک ڕۆژاواییەکان پشتی بگرین؟! کەس!
لای ئیسلامییەکانیش، گرنگ حۆرییە جا کێ سەرۆک دەبێ یا نابێ، قیر بە فەقیر! بەڵام تۆ بڵێی خوا تەنها چاوی لەوە بێ کڕنۆشی بۆ بەرن و هیچی تر!! ئەی ڕەفتار و ئەتوار و ئەخلاق و نیشتمان؟ ئەی خیانەت لە خاک و نەتەوە؟! هەموو مەسەلەکە، دین و خواپەرستی و کوردایەتی و هەرچی هەیە و نییە لای هەندێ لەوانە تەنها حور و غیلمانە! دەی سا خوا جەزای ئەو بێموبالەتییەتان بەرانبەر کورد بەوە بداتەوە، لە بری ٧٢ حوور، ٧٢ پیاوی ڕەشپێستی واتان بە نسیب بکات، چی ناشێ پێتان بکەن! یەکێ دەڵێ دەبێ پشتی سەرۆک بگرین ئەگەر ناهەقیش بکا، یەکێ دەڵێ ناتوانم بە داعش بڵێم لادەر! یەکێ دەڵێ جیماع لەگەڵ ژنی مردوودا جایزە و یاکێ دەڵێ خوارنی گۆشتی ژن و نوێژنەکەر جائیزە! ئەوانە لە نێوان خۆشیاندا حەفتا تیرەن و ئێمەی ئوممیش نازانین کامیان ڕاستە! چار نییە هەر دەبێ بڵێین ئامین!
من پێشنیازێک دەخەمە بەر دەمی کاک مەسعوود بارزانی: یا دەست لە سەرۆکایەتی (هەرێم) هەڵگرێ یا واز لە سەرۆکایەتی پارتی بێنێ. ئەگەر هیچ کام لەو دووە نەکات، لایەنگری لە دەرەوەی پارتیدا نابێ یا کەم دەبێ. خۆ هەموو دنیاش پارتی نییە! هیوادارم گرەویشی لە سەر ئەوە نەکردبێ خەڵکی دەرەکی پشتی دەگرن، چونکە هەزار گۆزە و دیزەمان لەو ڕێیەدا بە شکاندن داوە و هیچیشمان بە هیچ نەبوو!
ئەوەتا دوادەستکەوتمان وەزارەتی ناوخۆی عیراق ڕایگەیاندووە: "ئاوەرەکان، بە یەکجاری لە هەرێم و کەرکووک نیشتەجێ بکرێن". ئیتر نازانم سەرۆک چۆن بەو چارەسەرە، کە لە ڕاستیدا نەک هەر تەعریبی کەرکووک، بەڵکو تەعریبی هەموو کوردستانە، ڕازییە و بەرانبەر بە مێژوو چ وەڵامێکی هەیە! ئەی ئەگەر هەر لە بنەڕەتدا پارتی شۆڕشی نەکردایە باشتر نەبوو؟!
لە کاک مەسعوود بگەڕێن با وەڵامی مێژوو بداتەوە! خەریکە کوردستان کوردی تێدا نەمێنێ و ئەوەی ماویشە بێزارە، کەچی دەوڵەتیش هەر دروست نەبوو و کەرکووکیش نەگەڕایەوە!