torsdag 27 april 2017

برینی تۆمەتی وا چەند بەسوێیە



ئازیزان... (٣٦) ساڵ پێش ئێستا، لە زاخۆ سەرباز بووم و لە هەموو شەڕ و هەرایەکەوە دوور بووم. مانگانەکەم، ٣٢٠ دینار بوو کە ئەوسا، هەزار دۆلار زیاتری دەکرد. ڕۆژێکیان، نایبزابتێکی شیعە پێی گوتم: "دەبێ ببیت بە بەعسی!". بەر لەوەی وەڵامی بدەمەوە، ناخم بڕیاری ڕاکردنی دا. هەمووی یەک حەفتە زیاتری نەبرد، بە ژن و منداڵەوە ڕام کرد و بەو هیوایەی ئەمڕۆ نا سبەینێ بەعس بڕڕووخێ، چوومە ئەو گوندانە و ماوەی دوو ساڵ بە کوێرەوەری ژیام. پاڵەییم کرد و بە قەولی پشیلە مڵومۆکەرەکەی بەر قاپیی بەرپرسان، قاچاخچێتیم کرد تا منداڵەکانم برسی نەبن. هەر ئەو کاتانە، باوکم و بەشێک لە خێزانەکەمان، بە هۆی برایەکی ترمەوە، کە پێشمەرگە بوو، لە سنووری سعوودییە دەستبەسەر بوون... برای شیرەخۆرە و خوشکی سێزدە ساڵانم لە بەردەستی بەعس بوون.
لە گفتوگۆی یەکێتی و بەعسدا، کە ساڵی ١٩٨٣ دەستی پێ کرد، هەرچی فیرار هەبوو بەرەو شارەکان شۆڕ بوونەوە. بە هۆی ئەو گفتوگۆیەوە، باوکم ئازاد کرابوو... هاتە سەردانم و پێی گوتم: "پێت ناڵێم تەسلیم بەرەوە، بەڵام فڵان مامۆستا و فیسارە محامی و فڵانە کەس تەسلیم بوونەتەوە و وا لە سەر کاری خۆیانن. دەڵێی چی؟".
گوتم: "باوە گیان!. تەسلیمبوونەوە بۆ من نابێ!".
ئیدی کە خواحافیزیمان لە یەکتر کرد، ئەو بەرەو سەر جادەکە داگەڕا و منیش بەرەو ئێران کەوتمە ڕێ. ئیدی دەرد و سەرهێشە نەما بە سەر خۆم و ژن و منداڵەکانمدا نەیێ. ئێستاش، ئەو ناحەزەی پێی شک دێ یەک دینار لە دەسەڵاتی کوردستان وەردەگرم و نایڵێ، دیارە یەک دینار ناهێنێ... کەچی لەو بەینەدا کە خەمی خۆم بۆ ئەو ناهەقییە دەربڕی کە بە سەر فەرهاد پیرباڵدا هات، جوامێرێک بۆی نووسیبووم: "خیانەت لە دەمارتدایە حەکیم!".
ئەوەی زۆر شانازی پێوە دەکەم، لە کاتێکدا کە لە بەغدا فەرمانبەر بووم و ڕۆژ نەبوو کوردی دژەبەعس ملی بە قەنارەوە نەکرێ، لە ڕیزەکانی پاسۆکدا کارم دەکرد... خەڵکی سەر بەو حیزبە، هەرچی بووبن، بەڵام هەتا ئێستاش نەبووە یەک کەسیان خیانەتی لە نەتەوە و نیشتیمانی خۆی کردبێ و منیش یەکێ بووم و یەکێکم لەوان.
برینی بەسوێی ئەو قسەیە وای لێ کردم، ئیتر نەختێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابڕێم و پەیوەندیم کەمتر بێ. ڕەنگە جاروبارێ لە بلوگەکەی خۆم (kakaways.blogspot.se)  بابەتێکی وەک ئەمە بڵاو بکەمەوە.
هەموو ئازیزان... بەو "جوامێر"ەشەوە، سەرفراز بن.

lördag 22 april 2017

ئاڵای کوردستان ئاڵای حیزب نییە


حەکیم کاکەوەیس

"یەکێ نووسیبووی: کوا باوی ئاڵا ماوە؟ عەیب ناکەن؟
هاوڕێیەکیشی بۆی نووسیبوو: سوور و سپی و سەوز و زەرد هەر شایەنی هەڵکردنە.
هەر ئەو یەکە نووسیبووی: گڵۆپە!
ئەوی تر بۆی سەندۆتەوە: بەڵێ هی دیسکۆ".
باوی ئاڵا نەماوە؟!. دە بڕۆ سووکایەت بە ئاڵای تورک بکە بزانە چت پێ دەکەن؟. نا، تورک نا، چونکە ڕەگەزی خۆیان بە باڵا دەزانن و ڕێی تێدەچێ بشتکوژن. کام وڵات پێشکەوتوو و پێشکەوتنخوازە، سووکایەتی بە ئاڵاکەی بکە، بزانە چت پێ دەڵێن!. باوەڕ ناکەم فریای خوێندنەوەی مانێفیستی پێشکەوتنخوازیی خۆت بکەوی، دەتکەن بە پۆڕی خوراو!.
ئەوە کورد و باسی ئاڵا. با بزانین سویدییەکان چۆن باسی ئاڵاکەی خۆیان دەکەن: "ئاڵای سوید، هی هەموو ئەو کەسانەیە کە لە سوید دەژین، بەڵام خەڵکی دەرەکی بۆیان هەیە ئاڵای خۆشیان بەرز بکەنەوە بە مەرجێ، بە یەک دارعەلەمەوە نەبن. کاتێ ئاڵای سوید کۆن دەبێ یا دەدڕێ یا کاڵ دەبێتەوە، نابێ بە سووکایەتییەوە فڕە بدرێ یا بۆ مەبەستی تر بەکار بهێندرێ، بەڵکو پێویستە بە شێوەیەکی گونجاو لەناو ببرێ... بۆ ئەوەی لە ئاڵایی بکەوێ، شینەکەی لە زەردەکەی جیا دەکرێتەوە، ئەوسا بە شێوەیەکی گونجاو فڕە دەدرێ. ئەمە لە سوید، جۆرێکە لە ئەخلاق و خەڵکەکەش پێڕەوی لێ دەکەن.
لە سوید، لە سەر سووتاندنی ئاڵای سوید یا هەر ئاڵایەکی تر سزا نییە، بەڵام بە لایانەوە ئەو کارە، کارێکی نائەخلاقی و خراپە. ئاڵای سوید، بۆ یەکەم جار ساڵی ١٥٢٣، کە سوید لە یەکێتی لەگەڵ دانیمارکدا دەرباز بوو و گوستاڤ ڤاسا بوو بە پاشا، بەرز کرایەوە و ئیدی هەموو ساڵێ لەو رۆژەدا (٦ی حوزەیران) ئاهەنگ بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵا دەگێڕن!.

هەتا ئێستا لە هیچ سویدییەکم نەبیستووە و لە هیچ نووسینێکیشدا نەمخوێندۆتەوە سووکایەتی بەو ئاڵایە بکرێ... هەمیشە بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانن و زۆر لە ماڵە سویدییەکان، ئاڵای وڵاتی خۆیان، لە باڵکۆنەکانیانەوە یا لە ناو باخچەکانیاندا بەرز دەکەنەوە. خۆ ئەوانیش لە شێوی ئاڵاکەدا کێشەیان هەیە و خەڵکی سوید هەیە دەڵێ: کە دەوڵەت پەیوەندیی بە دینەوە نییە، ئیتر ئەو خاچە چییە بە ئاڵاکەوە؟!. لەگەڵ ئەوەشدا بێڕێزی پێ ناکەن.
ئەی بۆچی گەنجی کورد بەو چاوە سووکەوە تەماشای ئاڵای کوردستان بکا و هیچ بە لایەوە گرنگ نەبێ و هیچ پیرۆزییەکیشی نەبێ؟. من ئەم هۆیانە دەبینم:
١ . حیزبەکانمان، کە خۆیان کردووە بە خاوەنی ئاڵاکە، نە کوردستانیان ئازاد کردووە و نە حوکمێکی دادپەروەرانە لەسایەیدا بەڕێوە دەبەن!. جگە لەوەش، لە سێبەری ئەو ئاڵا پیرۆزەدا، دزی و جەردەیی نەماوە نەیکەن و لە هەمووشی گرنگتر، نانی خەڵکی کوردستان دەبڕن.
٢ .هەر حیزبەکان، هەتا ماوەیەکی زۆر دوای ڕاپەڕین، لە هیچ مەودایەکدا گەنجانی کوردیان بە گیانی نەتەوەپەروەری و نیشتیمان دۆستییەوە پەروەردە نەکردووە، بەڵکو سەرکردە، خۆی نەتەوە و خۆی نیشتیمان و خۆی ئاڵا بووە. هەر سەرکردەیەکیش بگری، بە تایبەتی لە دوای ١٩٧٥ەوە، چەند لایەنگری هەبووە، ئەوەندە و بگرە زیاتریش ناحەز و نەیاری هەبووە و ڕۆژ بە ڕۆژ یەکڕیزی خەڵکی کوردستانیان وێران کردووە.
٣ .هەموو لە بیرمانە کە تاکە حیزبێکی نەتەوەیی سەردەمی شاخ "پاسۆک" بوو کە ئاڵای کوردستانی لە سەر کەلاوەی بارەگاکەی بەرز دەکردەوە، بەڵام حیزبەکانی تر، وەک بابەتی نوکتە و پێکەنین تەماشایان دەکرد. ئیتر چۆن لاوانی کورد باوەڕ بکەن کە هەمان ئەو حیزبانە، ئێستا ئاڵاهەڵگر بن؟!. تۆ وەرە شۆڕشگێڕ بیت و خۆت بەکوشت بدەیت، بەڵام ئاڵای نیشتیمانەکەت بکەیت بە کەرەسەی پێکەنین!. کەوابێ لەو شاخانە چ دەکەیت و بۆ چ مەبەستێکی دەکەیت؟!.
ڕاستە، نەدەبوو لاوی کورد بەو چاوە سووکەوە تەماشای ئاڵای نیشتیمانی خۆی بکا، بەڵام حیزبەکان لەو پەروەردە سەقەتەدا بەرپرسیارن. پێویستە دەسەڵاتی کوردستان، بە بێ ناوهێنانی حیزب و سەرکردە، باسی ئاڵا بکەن نەک بیکەن بە ڕیکلامی حیزبی و ململانێی ڕاگەیاندن و لە ئەنجامیشدا، هەر ئاڵا بکەنە کەرەسەیەک بۆ مانەوەی کورد بە ژێردەستەیی.
ئەوەی ئەمڕۆ بۆ سەرانی کورد هەڵکەوتووە، دەرفەتێکی دەگمەنە و ئەگەر بە جوانی نەیقۆزنەوە، ئەو میللەت و نیشتیمانە، هەتا سەت ساڵی تریش بە دیلێتی و داگیرکراوی دەهێڵنەوە و نەوەکانی داهاتوو لێیان خۆش نابن!. چ سەمەرەیەکە ئەو دەرفەتە وەکو چەکی بانک ورد بکەنەوە و بیکەن بە پارە و کۆشک و مۆڵ، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کاتێ باریان خوار دەبێ، هەرچییان هەیە، دەستی بە سەردا دەگیرێ و نیشتیمانیش، وەک جاری جاران بە داگیرکراوەیی دەمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا دەڵێم: هیوادارم سەرانی کورد بەئاگا بێنەوە و ئەو دەرفەتە مێژووییە دەگمەنە، بۆ کەڵەکەکردنی سەروەت و سامان لە دەستی خۆیان نەدەن!. با نەوەکانی داهاتوو بڵێن: لە سەردەمی یەکێتی و پارتیدا و لە سەر دەستی ئەوان کوردستان سەروەریی خۆی بە دەست هێنا... 
تۆ بڵێی ئەو شەرەفە گەورەیە لە دەستی خۆیان بدەن؟!... تۆ بڵێی ئەو شەرەفە گەورەیە لە دەستی خۆیان نەدەن؟!. 

måndag 3 april 2017

ئەم دەرفەتە چارەنووسسازە


براکەم.. خوشکەکەم!. چەندت دەوێ ڕقت لە پارتی بێ! هەوڵ بدە تەفروتونای بکەی. مێژووی پارتی تاوتوێ بکە و ئەوەی جوانی بێ پێوەی مەهێڵە و گومان بخەرە سەر ڕۆژی دامەزراندنیشی. منیش تا ئەو شوێنەی بە ڕاستی دەزانم، شانت دەگرم. بەڵام بێیت و لە داخی ئەوەی پارتی زیاتر باسی ئاڵا و سەربەخۆیی دەکا، ڕق لە ئاڵا و سەربەخۆیی هەڵگریت، نااا... مافی خۆتە بڵێی پارتی مەسەلەی ئاڵا و نیشتیمان دەکاتە کەرەسەی پەردەپۆشکردنی بازرگانی، بەڵام مافی ئەوەت نییە تۆش  بە بیانووی ململانێکردنی پارتییەوە سووکایەتی بە ئاڵا و نیشتیمان بکەیت. خۆ وا دەبینین بە زۆری زۆرداری، نەتەوایەتی و خەمی ئاڵا و ڕاگەیاندنی دەوڵەتت کردووە بە موڵکی پارتی و ئەوەش ئەوپەڕی پاکانەیە کە بۆی دەکەیت!. پارتی دوژمنی وای هەبێ دۆستی بۆچییە؟!.
براکەم... خوشکەکەم!. هیچ موسوڵمانێک دەستبەرداری ڕوکنەکانی ئیسلام نابێ لەبەر ئەوەی ناحەزێکی جێبەجێیان دەکا... هیچ موسوڵمانێک بە هۆی نوێژکردنی نەیارەکەیەوە دەستبەرداری نوێژ نابێ... ئەی تۆ بۆچی دەستبەرداری بەها نەتەوەییەکانی خۆت دەبیت هەر لەبەر ئەوەی پارتی (ئەگەر بە ڕواڵەتیش بێ) پێیانەوە سەرقاڵە؟!. دەتەوێ پارتی، وەک لایەنێکی نەیار شەرمەزار بکەیت؟... باشە بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵا و سەربەخۆیی کوردستان، لە پارتی جددیتر بە و پەلەترت بێ!. پارتی دەڵێ سبەینێ ئاڵای سەرفرازی بەرز دەکەینەوە، تۆ بڵێ: نا... ئەمڕۆ، پێش خۆرئاوابوون بەرزی دەکەینەوە!. ئێستا کە وەفدی پارتی و یەکێتی، دوای ئەو کەتنەی پەرلەمانی عیراق لە دژی کورد کردی، دەچنە بەغدا، ناڕەزایی لەو چوونە دەربڕە!... من ناڕەزایەتی دەردەبڕم و دەڵێم: کورد بە خۆتانەوە سووک مەکەن!.
من دەزانم دەوڵەمەندبوونی بێمەعنای سەرانی پارتی (بە حیساب، سەرانی حیزبەکانی تر دەرۆزە دەکەرن و دەوڵەمەند نین!!)، هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەو نەهامەتییانەی بە سەر دانیشتوانی کوردستاندا دێن: نانبڕین و ناعەدالەتی و حیزبحیزبێنە... دەبێ ئەوانە ویستی سەرفرازیی نەتەوەیی گەرمتر بکەن. دەتەوێ دادگاییان بکەیت؟!. هەتا کوردستان نەبێ بە دەوڵەتێکی ڕێزلێگیراو و من و تۆ پشتیان بەرنەدەین، ناتوانیت هیچیان لەگەڵدا بکەیت!.
تا ڕادەیەکی زۆر هیوام بە کادیرانی ناو یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان هەبوو بجمێن و کارێ بکەن هاوکێشەکان ڕێکبخەن، بەڵام بە داخەوە ئەوانیش ئەوەندە دەستخەڕۆ کران، ورەیان بەردا: ئاخر قەت بووە کەسێ لە لایەکەوە جێگری سکرتێری حیزبەکەی خۆی بێ و لە لایەکی ترەوە جێگری سەرۆکی پارتی بێ و لەو نێوانەشدا ببێ بە ملیاردێر و بۆی بەسەر بچێ؟!.
ڕقبوونەوە لە پارتی وای کردووە قەڵەم بەدەستی کورد دژی هەرچییەکی سەر بە کوردە بوەستێتەوە: دژایەتیکردنی پارتی لەوەدا دەدۆزێتەوە دژایەتی نەتەوایەتی بکا و باس بگاتە ئەوەی بڵێ: ئەو پارچە پەڕۆیە ئەوە ناهێنێ پێکەوەژیانی پێ  تێکبدرێ!...  کام پێکەوە ژیان؟!... ئەو پێکەوەژیانەی کوردی کرد بە کۆیلە و قوربانیی بەردەوامی بەردەستی ڕەگەزپەرستان؟. خۆ هەر بەسەرهاتی خۆم و بنەماڵەکەم بەشی ئەوە دەکا ئەو پێکەوەژیانە ڕەت بکەمەوە!. ئەوە پێکەوەژیانە یا کۆیلایەتی؟!

   
من نیشتیمانی خۆمم بە هۆی هیچ حیزبێکەوە خۆشناوێ... من بە هۆی هیچ حیزبێکەوە بەرگری لە نەتەوەکەی خۆم ناکەم... بەرگری لە نەتەوەکەم دەکەم، چونکە ورچی (پاندا)ش ئەوەندەی کورد هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە نییە!. هۆکارەکەی حیزبەکانە؟!. دەی فەرموون با حیزبێکی لەوان دڵسۆزتر، کە یەک گەندەڵکار و دزی تێدا نەبێ، دامەزرێنین!... بە سووککردنی ئاڵا و نەتەوایەتی و کوردایەتی، باری ئەو حیزبانە خوار نابێ!.
هیوادارم لەوە سووکتر تەماشای نەتەوەکەمان نەکەین کە دوژمنان و داگیرکەران سەیری دەکەن. ئارەزووی ئازادی و سەربەخۆیی، بەرەو گەشەکردن چووە و با بەهۆی ڕق و کینە و ئایدۆلۆژیای خەیاڵییەوە ڕەگ و ڕیشەی هەڵنەکێشین.
ئاڵا، هی نیشتیمانێکە نەک هی حیزبێک. نیشتیمان هی میللەتێکە نەک هی حیزبێک!. هەتا کوردستان سەربەخۆ نەبێ، ئەو حیزبانە جگە لە کۆمپانیای بازرگانی، نابن بە هیچی تر. لە سەرووی هەموو ئەوانەشەوە، هەرگیز بارودۆخی جیهانی وەک ئێستا لەبار نەبووە!. دەی سا کوردینە هیممەتێ!. با جگە لە چارەنووسی نەتەوەکەمان، خۆمان بە هیچی ترەوە سەرقاڵ نەکەین.

söndag 26 mars 2017

کورد هەر زمانی مابوو، ئەوەش دەبڕن


لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولەوە تا ڕاپەڕین، ماوەیەک شەڕ بوو و تاوێ گفتوگۆ و جاروبارێکیش هەرەس!. کورد، سەدان هەزار شەهیدی دا و هەزاران گوندی کوردستان وێران کران و نیوەی کوردستانیش بە دەم شۆڕش و گفتوگۆوە، تەعریب کرا. دەرد نەما بە سەر کورددا نەیێی و ژەهر نەما دەرخواردی نەدرێ... بەڵام هەمیشە یەکێ لە داوا سەرەکییەکانی کورد ئەوە بووە کورد بە زمانی خۆی بخوێنێ.
ئێستا، بە خێرێ حکوومەتمان هەیە. دوو سێ ئەفەندی دانیشتن و بڕیاریان بۆ داین:
با نومرەی زمانی کوردی حیساب نەکرێ!!. 

هەر دەڵێی لە هەڵکەندنی بیرێکدا عومرێک دەوانمان داوە و دوای ماندووبوونێکی زۆر و بەسەرچوونی تەمەن، لە بری ئەوەی بە ئاوی زوڵاڵ بگەین، سەرمان لە بیرێکی ئاودەستەوە دەرهێناوە!!.
یاخوا ئەندازیارەکەمان کوێر بێ!. 

ڕۆژەڕەشی هەرەسی ١٩٧٥

söndag 19 mars 2017

بەعس... بەعس!... کفندز دەرچوو


ئەگەر ئێستاش مۆتەکەی بەعس سواری سەرم بێ و ناخم خەفە بکا، سەیر نییە. (بەعس)، بوونەوەرێکی هاری عارەبی بوو بە هەموو خەسڵەتەکانی مێژوو و هەموو کەرەسەیەکی مەرگەوە!. هەر خۆی لێی دەوەشایەوە قەومێک قڕ بکا و میللەتێک ئەنفال بکا و ژەهر بە سەر شار و گونددا دابارێنێ!. بەعس، ڕووی نازییەکانی سپی کرد...
بەعس دڕندەیەکی هێند ترسناک بوو، لە هیچ داستان و فیلم و چیرۆکێکدا، لە وێنەی بەرجەستە نەکراوە و ئەگەر ئەلفرێد هیشکۆک دوو تەمەنی تر ژیابا، خەیاڵی ئەوەی نەدەبوو شتێکی وا بکاتە بابەت..
بەعس، واتە لە شیرینی خەودا پۆستاڵێک بەر قەبرغەت بکەوێ: گوووم!.
بەعس، واتە ناچارکردنت بۆ شایەدیدان لە سەر جگەرگۆشەی خۆت و ناردنی بۆ قەنارە!. بەعس، واتا ناچارکردنت بە سپی بڵێی ڕەش و بە ڕەش بڵێی سپی... بەعس واتا، بە قەولی جۆرج ئۆروێل، دوو کۆی دوو دەکاتە هەر شتێ، چوار نەبێ... واتە، لە کاتێکدا ژان لوولت دەدا و خەم دەتسووتێنێ، تۆش لە حەوتی نیساندا ئاهەنگ بگێڕیت!.
بەعس... شەیتان بە قوتابی وەرناگرێ و هیتلەر و ستالین و پۆڵپۆت لە وانەکانی بەعسدا سفر دێنن!.
بمبوورن ئەگەر بڵێم: هەزار ساڵ عارەب و بیابان بە دەم ژانەوە تلانەوە و لە ئەنجامدا، بەعسیان لێ کەوتەوە! بەعس واتە مێژووی سەربڕینی قەومێکی هەمەج!.
بەڵام... بەڵام درەنگ... زۆر درەنگ، دوای ئەوەی تەمەن و ژیانمان کرد بە گەرووی خەیاڵ و ئاواتی مەستییەوە، بۆمان دەرکەوت بەعس کفندزێکی بەستەزمان بوو!.
ئێمەی کورد، نەک هەر چارەنووسی سیاسیمان، بوونیشمان وەک میللەت لە مەترسیدایە و لە زمانەکەمانەوە دەست بە توانەوەمان کراوە...

torsdag 16 mars 2017

لە یادی هەڵەبجەدا


هەموو ساڵێ بە خەم و پەژارە و ڕەشپۆشی و فرمێسکەوە یادی هەڵەبجەمان کردۆتەوە و تروسکایی هیوامان بەوە بووە بەرپرسەکان ڕاچەنن و شتێکیان بیربێتەوە. بەڵام لە بری بەئاگاهاتنەوە، ئەمانیش بە خۆراکی ژەهراوی و دەرمانی کارگەی دوژمن، نەک هەر هەڵەبجە، بگرە هەموو کوردستانیان ژەهراوی کرد... ئەوانەیش کە شین بۆ هەڵەبجە دەگێڕن، ژەهراوی کراوون!. با ئەمساڵ بە جۆرێکی دی یادی هەڵەبجە بکەینەوە... با بێ ئەشک و شیوەنگێڕان، ڕقی خۆمان لە بەعسەوە بگوازینەوە سەر سەرکردەکانی خۆمان... خەریکی چین ئەمانە؟!. کڵاشیان دڕیوە؟! لە بری هەر تاکە کڵاشێک سەری چەند کورد دەخۆن؟!. لە بری هەر تاکە پێڵاوێ چەند تانکەرە نەوتیان گەرەکە و چەند لۆری دەرمانی ژەهر دێنن؟!. بەعس، هەڵەبجەی ژەهرباران کرد، بەڵام ئەمانە، سەرجەمی کوردستانیان ژەهراوی کرد و داهاتووی کوردستانیشیان ئەنفال کرد... خەمی هەڵەبجە، بە خەمخۆرانی نیشتیمان و نەتەوەیەک هەڵدەگیرێ نەک بە بازرگانی خوێنی شەهید و فرمێسکی دایکی شەهید.
بۆ ئەوەی (١٦ی ٣)ی هەڵەبجە لە هیچ کوێی کوردستان دووبارە نەبێتەوە و ورچی خەوتووی سەرکردەکان بەخەبەر نەیێن و غەزەبمان لێ نەگرن، با:
·       هەر یەکە لە بەرپرسەکان، بە لای کەمەوە بیرەنەوتێکی هەبێ!.
·       هەر یەکە لە پیاوانی بەرپرسەکان، بە لای کەمەوە تانکەرێکی هەبێ!.
·  هەر یەکە لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکان، نەخۆشخانەیەک و کارگەیەکی دەرمانی هەبێ!.
· بۆ دابینکردنی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەکانیان، هەر بەرماوەخۆرێکی بەرپرسەکان، کۆمپانیایەکی هاوردەکردنی خۆراکی ژەهراوی و دەرمانی ساختەی هەبێ!.
·  ئەو ساختەکارەی ڕۆژێ لە ڕۆژان بەرگری لە پرۆلیتار کردووە، ببێ بە ملیۆنێر و ملیاردێر!.
·    ئەوەی ڕۆژێ لە ڕۆژان تەقەیەکی بەرەو ڕووی شۆڕش کردووە، تا نەفخی سوور ببێ بە ڕێنیشاندەری هەموومان!.
·       باوک و دایکی شەهید، لە سێبەری ماڵی بەرپرسەکاندا بکەون و بەرماوە بخۆن!.
·      ئەوەی ڕۆژێ لە ڕۆژان لە دەزگاکانی بەعسدا کاسەلێس بووە، کاسەکەی بلێسینەوە!.
· پەیکەرێک بۆ (تاریق ڕەمەزان) و فڕۆکەکەی، لە هەڵەبجە ساز بکرێ و لە جێی ئەستێرەکەی ئاڵای تورکیادا، کە لە هەڵبجە دروست کراوە، دابندرێ!.
·     ئەوەی ڕۆژێ لە ڕۆژان لایەنگری کاک یا مام بووە، با کۆشکێکی لە سوید و یەکێکی لە ئەزمیری تورکیا هەبێ و چاوێکیشی لە ئیسپانیا بێ!.
·   سەفتە دۆلار بکەن بە قوڕگی ئەو (شاعیر)انەوە کە جاران (قصيد‌ە)یان بۆ هەڵەبجە دەنووسی تا زمانیان نەگەڕێ و ئەو زمانەیان، بۆ هەمیشە لە گۆ بکەوێ!
·    لە کۆتاییدا: جێگری مام بکەن بە جێگری کاک و جێگری کاک بکەن بە وەکیلی مام، بەڵام دەستوپێکان وا تێکبەردەن، تا دنیا دنیایە ڕێکنەکەوون و ناوچەی یەکتر بە خۆراک و دەرمان، ژەهراوی بکەن!.
ڕۆحی قوربانیانی هەڵەبجە، بە بەختەوەریی سەرکردەکانمان بەختەوەرن!.




måndag 13 mars 2017

نە زمانی کورد پیس بکەن، نە دەستکاری "بەردە سپییەکە"ی کورد بکەن!


حەکیم کاکەوەیس

لە دوای لکاندنی باشووری کوردستان بە عیراقەوە، کورد چەکدارە و یەکێ لە داوا هەرە سەرەکی و بەردەوام و ڕەواکانی "شۆڕش" ئەوە بووە زمانی کوردی ڕەسمی بێ و بخوێندرێ. بۆ ئەو داوایە، هەزاران شەهید دران و هەزاران ماڵ کاوول کران و هەزاران دایک جەرگیان سووتا. کەچی کە کورد خۆی دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا گرتە دەست، سووکوباریک زمانەکەی خۆی ڕسوا کرد. ئێستا بەرپرسانی کورد داوا دەکەن حیساب بۆ نومرەی زمانی کوردی نەکرێ!. ئەوەی دەسەڵاتی خۆماڵی بە کوردی دەکا، هەرگیز بەعس پێی نەکردووە. لە سەردەمی بەعسدا و بە دەم بەیانی ١١ی ئازارەوە، زمانی کوردی لە ڕێی کۆڕی زانیاری کوردەوە وەها پەرەی سەند و جێگیر بوو، بە ٢٥ ساڵی حوکمڕانی نەخوێندەوارانە و هەرزەکارانە و دزی خۆماڵی، ئەوجا تێکچوو!. ئەرێ ئەگەر زمانەکەمان ئەوەندە بێبایەخە، ئەو هەموو شەهیدەمان بۆ دا؟! ئەوجا: چ میللەتێکی ئەم جیهانە ئەوەندە زمانی خۆی بە لاوە سووکە؟!. ئەگەر "کوردی" ئەوەندە بێبایەخە، ئیدی "مەجمعی زمان" و یەکێتیی نووسەران و کۆڕی شاعیران و ڕۆژنامە و گۆڤار کەناڵی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆی کوردی و کۆلێژ و ئەدەب و بەزم و سەرهێشەکانی تر چین و بە کەڵکی چی دێن؟. ئەرێ گوتم: "ئەوەی دەسەڵاتی خۆماڵی بە کوردی کرد، بەعس پێی نەکردووە"؟!. با بزانین وایە:
بەعس، هەڵەبجەی ژەهرباران کرد... دەسەڵاتی خۆماڵیش، بە خۆراکی ژەهراوی و دەرمانی ساختە، شار بە شار و دێ بە دێ و ماڵ بە ماڵ و تاک بە تاکی کوردی ژەهراوی کردووە. نەخۆشیی شیرپەنجە و جەڵتەی دڵ و مێشک، وەک پەتا بە ناو خەڵکی کوردستاندا بڵاو بوونەتەوە، بەڵام دوای ژەهربارانی هەڵەبجە، شتی وا، یا نەبوو یا دەگمەن بوو. سەرانی کورد کوردستانیان ژەهراوی کرد یا بەعس؟!.
هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نەبووم سەرانی کورد بە بەعس بەراورد بکرێن، بەڵام ئێستا وایان لێ هاتووە بڵێم: بەعس پژمیوە و ئەمانەی لێ کەوتنەوە!. ئەمانە، کارێکیان کرد، لە هیچ لاوە ئاسۆی ڕووناکی دیار نەبێ، بەڵام لە سێبەری بەعسدا، هەمیشە چاومان لە ئاسۆ بوو خۆری سەرفرازی لێوە هەڵبێ...
ئێستا، لە ناو قەسابخانەی زمانی دایکدا باسی دەوڵەتی کوردستان دەکرێ و دەترسم کە بووین بە دەوڵەت، دوای ماوەیەک ئەو میللەتە بەس بزانێ بباڕێنێ و بنەڕێنێ و هیچی بۆ دەربڕین نەمێنێ. ئەوجا بڵێین: "خۆزگە دەوڵەتمان نەدەبوو!".
بەڵام: ئەگەر ڕەفتاری دەسەڵاتی خۆماڵی هەمان ڕەفتاری بەعس بێ، دیارە چارەنووسیشیان هەر هەمان چارەنووس دەبێ... نایانبینی چۆن هەستی ئەو خەڵکە دەپێوون تا بزانن بۆ هەر کارێ چ کاردانەوەیەکیان هەیە؟!. دوا پێوانەکارییان، سووکایەتی بوو بە "پەشێو"ی لووتکە، لە زێدی خۆی و لە سەر گۆڕی بابی خۆی!.
عارەب "بەردە ڕەشەکە"یان هەیە و کوردیش "پیاوە سپییەکە"... پەشێو، ڕابەری نیشتیمانپەروەری و هەڵوێستە و نابێ لەگەڵ کۆنە بەعسی و کۆنەجاەش و هەمیشە خیانەتکاردا باس بکرێ. پەشێو هاودەمی حاجی قادر و ئەحمەدی خانییە و لە هەمان سەرچاوە گۆش کراوە و پاراو بووە...
دەست لە "بەردە سپییەکە"ی کورد هەڵگرن دەنا ژێر و ژوور دەبن!.