söndag 23 juni 2013


کورتەچیرۆک

مەملەکەتی سەگەکان...

حەکیم کاکەوەیس

لەگەڵ دوو دڵۆپە فرمێسکی گەرمدا، پێشکەشە بە گیانی پاکی (لۆخە)ی برام...

پێش ئەو ڕۆژەی بچمە مەملەکەتی سەگەکانەوە، یا ئەوان ڕێم لێ بگرن، جاروبار لە خۆمم پرسیبوو: "ئەگەر مرۆ نەبێ سەگ دەبێ بە چی؟" هەمیشە وەڵامی خۆمم دەدایەوە کە ئادەمیزاد نەبێ سەگ دەبێ بە گورگ و گورگیش نەختێ لەوەی هەیە هێورتر دەبێ و لە ئەنجامدا لێک نزیک دەبنەوە! وەنەبێ هەر پرسیاری چارەنووسی سەگم لە خۆم کردبێ. باسی چارەنووسی مەڕ و بزن و کەر و مانگاشم کردووە... ئیدی ئەو گیاندارە ماڵییانەی بەرگەی ژیانێک دەگرن کە مرۆڤی تێدا نەبێ، سروشتیان دەگۆڕێ و بە پێی خۆگونجاندن دەمێنن. بەڵام ئەو ئێوارەیە زانیم سەگ، ئەگەر بشبن بە گورگ شەهامەتیان هەر دەمێنێ... سەگ کەسایەتی خۆیان هەیە... تەنانەت نەریتی خۆشیان هەیە. تاکە شتێک کە سەگ لێی بترسێ ئەوەیە کە سەری لێ دەرنەکا... لە دەنگی بڵندگۆی مزگەوت و تۆپی دوورهاوێژ و کۆپتەر و هەورەتریشقە دەترسن، چونکە نازانن سەرچاوەیان لە کوێوەیە.
تازە گوندەکان ئەنفال کرابوون، من ڕێم کەوتە گوندێکی وێرانکراو، کە جگە لە سەگ کەسی تێدا نەمابوو. ئارد و ساوەر و پێخەف و جلوبەرگی خەڵکەکەش، هەرچی تاڵانیش نەکرابوو، کەوتبووە بن خۆڵ و داروپەردووی خانووەکانەوە و دوورەدەست بوو. سەگەکان، برسی بوون و برسێتیش ڕەگی هاربوونی بە دەمەوەیە. کە منیشیان بینی، بۆ ئەوان تۆپەڵێ گۆشت بووم و بۆ خواردن بەکەڵکیان دەهاتم... نا، هەر ئەوە نا! ڕەنگە وایان لێکدابێتەوە من دەستدرێژیکەری سەر مەملەکەتەکەیانم. ڕەنگە منیان بە هۆکاری وێرانکردنی گوندەکەیان زانیبێ. ئەی منیش وەک ئەنفالچییەکان بەشەر نیم؟! بەڵام لە ئەنجامدا زانیم کە سەگ، بە برسێتیش کەرامەتی سەگبوون و یاسای دۆستایەتی خۆیان لە دەست نادەن و دڵسۆزانە ئامادەی هاودەمێتی مرۆڤن، بەڵام مرۆڤێک لە زمانیان بزانێ و مەملەکەتیان وێران نەکا.
ڕێیەکە، وەک پیتی (ر) بە لای گردۆلکەیەکدا سەرەوخوار لار دەبووەوە و یەکسەر دەگەیشتە یەکەم خانووی داتەپیوی گوندەکە، کە تەنها لادیوارێکی بە پێوە مابوو. کە من لە دیوارەکە نزیک بوومەوە، لە دوو لاوە، لە دامێنی گوندەکەوە سەگم بۆ هاتن. هەشت نۆ سەگ بوون... ڕەنگە زیاتریش بووبن. کە دەهاتن، هەندێ جار دەکەوتنە پەنا دیوار و کۆمەڵە خشتەکانەوە و لە چاو بزر دەبوون، هەندێ جاریش یەک بە دوای یەکدا دەردەکەوتن. بیرم بۆ ئەوە دەچوو هەم برسی بن هەم تووڕە بن... ئەمانە زەنگی جەنگیان لێدەدا و پێیان وابوو هەموو بەشەرێک ئەنفالچییە و ئەوەی ڕێی بکەوێتە گوندەکەیانەوە، کە مەملەکەتی خۆیان بوو، خانووەکان دەڕووخێنێ و خەڵکەکە دەکوژێ... منیش بۆ ئەوان ئەبفالچی بووم. یا هەر پێیان ناخۆش بوو چوومەتە گوندەکەیانەوە و هیچی تر. پێ دەچوو پێیان خۆش نەبێ سنووریان ببەزێنم و خۆم بە مەملەکەتەکەیاندا بکەم.
فریا کەوتم بەردێک هەڵگرم. بەڵام وەک ئەوەی پێشتریش ئەوە پیشەیان بووبێ، دەوریان گرتم. لە لای ڕاستەوە و لای چەپەوە و بەرەوڕوو. پشتم بە دیوارەکەوە بوو. نیوەبازنەیەکیان بە دەورمدا پێک هێنابوو و چرکە بە چرکە نیوەتیرەی نیوەبازنەکەیان کورت دەکردەوە. وای بۆ دەچووم بە تەما بن، کە چاک نزیک کەوتنەوە، پێکەوە پەلامارم بدەن.
"کە سەگت بۆ هاتن، لە جێی خۆت دانیشە!". ئەوە دەنگێک بوو لە  زاری باپیرمەوە، لەودیو بوونەوە، لە غەیبەوە هات. من منداڵ بووم و لە سەگ دەترسام. ئەویش ئەو تەمێیەی کردم. "لە جێی خۆت دانیشە! ئیتر وازت لێ دێنن" نەمکرد بپرسم: "ئەی ئەگەر سەگەکان ماڵیان لێ تێکچووبوو و کولانەیان ڕووخابوو و منیان بە سەبەبکار زانی؟! ئەی ئەگەر بە بێ پرس و بێ پاسپۆرت خۆم بە مەملەکەتیاندا کرد؟. بەڵام ئەو پرسیارانەم نەکردبوو. باپیرم، سەری لە سروشت و بوونەوەری ناو سروشت دەردەکرد. دەیزانی کەی باران دەبارێ و چۆن خۆی لە ناو بەفردا تەقەت دەکا و کەی دەچێتە ڕاو و چ خاکێک دومەڵان دێنێ و بیابانییەکان کەی تاڵان دەکەن و کەی دەپاڕێنەوە... دەیزانی بۆ خاکەلێوە چەندی ماوە یا کەنگێ پەڵە دەدا. ئەو خۆی بەشێک بوو لە سروشت... "مەترسە کوڕم! ئەگەر سەگت بۆ هاتن، لە جێی خۆت دانیشە! مەترسە چونکە سەگ بۆنی ترس بە دوژمنایەتی دەزانن! ئەوەی پەلامارت دەدا سەگ نییە، ترسی خۆتە!".
باشە! بە ئەسپایی بەردەکەم فڕەدایە بەردەمم. یەک بەرد چی بەو هەموو سەگە دەکا؟ دەمزانی ئەگەر بۆ بەردی دووەم داچەمێم، دێنە کۆڵم و یەکێکاین پشتەملم، یا ناقڕگەم بە دەمەوە دەکا و ڕەگی خوێنم دەبڕێ و یەکێ نەرمایی ڕانم دەگرێ و یەکێکی تریان، گوڵمەی پاشەڵم و بە یەک تەکان تەختی زەوییەکەم دەکەن. سەگ مەراقیانە نێوانە هەردوو ڕانی نێچیر بە دەمەوە بکەن و لەوێوە ڕەفیسکی بپسێنن. کەڵبەیان گڕ کردبۆوە و وەک گورگ چەقەی شەویلەیان دەهات. ئەوەندەی دەیانمڕاندەوە نەدەوەڕین. وردە وردە دەهاتنە پێشەوە و کەڵبەیان سپی دەچوونەوە. خوێن بەر چاوی گرتبوون. کەللەزلێکیان، دیار بوو زۆر خزمەت کرابوو، یەکەم هەڕەشە بوو لە سەرم. ئەمەیان لیکاو لە دەمی دەهات. خاڵێکی ڕەش بە دەوری چاوی چەپیەوە بوو و هەردوو گوێچکەی بڕابوون. ئەو کەللە زلە، پێ دەچوو فەرمانڕەوای مەملەکەتی سەگەکان بێ. دوو دەڵ، یەکێکیان گوانی شۆڕ ببوونەوە و پێدەچوو زۆر نەبێ تەرەکیبێ، لە پشتەوەی سەگە کەللەزلەکەوە بە کەڵبەی گڕ و چاوی هەڕەشە ئامێزەوە ئامادەی پەلاماردان بوون. ئەگەرچی خەیاڵم تەنها لای سەروکەللە و کەڵبەیان بوو، بەڵام لە ماوەی یەک چرکەدا، خەسڵەتیانم دەخوێندەوە.
"ئەگەر سەگت بۆ هاتن، لە جێی خۆت دانیشە". بەڵام نەمدەوێرا کتوپڕ دانیشم. چۆن دانیشم و خۆم بخەمە بەر بەزەیی ئەو هەموو کەڵبە تیژ و سپییانە؟! داشنەنیشم، مردن وەک سەگەکان دەوری تەنیوم. "دانیشە، کوڕم دانیشە! ڕەنگە میزیشت پێدا بکەن، بەڵام لەوە باشترە بتکوژن!"
دەبوو بزانم کەی بەرد دەوەشێنم و کەی دادەنیشم و قەبووڵ دەکەم سەگ پێمدا بمیزن. ئەو ساتە، ساتی دانیشتن بوو. خۆ مرۆ لەگەڵ هاوڕەگەزی خۆشیدا تووشی بارودۆخی وا دەبێ، کەچی گلەیی لە بیاباننشین دەکا گوایە دەستی بڕوا چی دەکا و دەستی نەڕوا چۆن دەکا. بێدەسەڵاتانە هەردوو باسکم شۆڕ کردنەوە و بە کزییەوە گوتم: "چیتان لێم دەوێ؟ ئێ خۆ منیش وەک ئێوە خانەوێرانم! خۆ منیش وەک ئێوە سەگێکی بێخاوەنم! ئێوە، خاوەنتان ئەنفال کراوە بەڵام من خاوەنم جێیهێشتووم! خاوەنم، منی هەواداوەتە بەردەمی ئێوە بۆ ئەوەی خۆی دەرباز بێ!" ئەوانەم بە دەنگێکی نەوی گوت. بەکاوەخۆ، بە دەم قسانەوە پشتم بە دیوارەکەدا دەخشاند... پێمدا دەخشاند و نەختێ ئەژنۆم دەنوشتاندەوە... بەردەوام بووم تا دانیشتم. لە سەرەتاوە، لە سەر چنچکان دانیشتم و دوایی کردم بە چوارمشقی. "ئێ! ئێستا چیتان لێم دەوێ؟ منیش وەک ئێوە لێقەوماوم! منیش وەک ئێوە کوردێکی بەجێماوم!... ناوەڵا هێندەی ئێوە کورد نیم، بەڵام کوردم!". ئەو قسانەم بە دەنگی نەوی دەکردن. هەستم کرد قسەکردنم کاریگەری خۆی هەیە. گەماڵە چاوڕەشەکە نەختێ نەرم بوو. جارێ شەویلەی دادەخست و جارێ کەڵبەی دەردەخست و مڕەمڕەکانیشی، تا دەهات کورتتر دەبوونەوە. من حەکایەتم بۆ دەکردن. سەرم مات کردبوو و جاروبار سەرم هەڵدەبڕی: "ئێ! ئێستا تەگبیرمان چییە؟ بۆ نایەن پشتی یەک بگرین؟ دەی با لە دژی بەعس پشتی یەک بگرین و لە کۆنەوە گوتوویانە برا لە پشت برا بێ مەگەر قەزا لای خوا بێ! من برای ئێوەم!" مڕەمڕی سەگەکان کەم بووەوە. یەکێکیان هەستا و نەختێ دوور کەوتەوە و دوو سێ جار لووراندی. ئەوە گوان شۆڕەکە بوو لووراندی. بە خەیاڵمدا هات ناوی "داکی منداڵان" بێ. هەر دەتگوت دەڵێ: "من ئەوەتام ها لەیرە! خەمتان نەبێ دێمەوە لاتان!". منیش وەک ئەوەی لەگەڵ دۆستێک یا کەسێکی خۆمدا قسە بکەم، بە سەگەکەم گوت: "واز بێنە با کەشف نەبین! خۆ منیش وەکوو تۆ بەچکەم هەیە و ناشلوورێنم". ئەوەم بە دەنگێکی بەرز گوت.
سەگ شەهامەتیان هەیە. ئەگەر لە زمانیان بزانیت، نەک هەر زەرەریان بۆت نابێ، بەڵکو بۆت دەبن بە پشتوپەنا. ئا، ئەوەم لە بیر چوو. باپیرم دەیگوت: "کە سەگت بۆ هاتن، چاو لە چاویان مەبڕە! هەوڵ بدە تەماشای چاویان نەکەیت. ئەگەر تەماشای چاویان بکەیت، وا دەزانن شەڕانیت و هەڕەشەیان لێ دەکەیت!" وای دەگوت. دەشیگوت: "هەوڵ بدە ددانت دەرنەخەیت، چونکە ئەوان لە دەرخستنی ددان و چاوزەقکردنەوە نیشانەی شەڕ دەخوێننەوە!". دیارە هەندێ مرۆڤیش خەسڵەتی سەگیان هەیە. تەماشای چاویان بکەیت تێکدەچن و دوور نییە چەقۆکەی باخەڵیان دەربێنن و بتدەنە بەر چەقۆ... چەقۆ، لە بری کەڵبە! سەگ و مرۆڤ، لە هەندێ ڕووەوە لە یەک دەچن. بەڵام سەگ سەر لە خیانەت دەرناکات. جیاوازییە گەورەکەیان ئەوەیە.
لە دانیشتن ماندوو ببووم بەڵام نەمدەزانی چۆن هەستم. نەمدەزانی ئەگەر هەستم سەگەکان کاردانەوەیان چۆن دەبێ! باپیرە سەگناسەکەم ئەو تەگبیرەی بۆ نەکردبووم. لە بری ئەوەی هەستم، شانم دادایەوە و پشتم لە دیوارەکە قایم کرد. هەوڵم دەدا تەماشای سەگەکان نەکەم، بەڵام بەردەوام قسەم دەکرد. دڵنیا بووم، ئەگەر بەردەوام قسە بکەم، ئاشنایەتی لەگەڵ دەنگمدا پەیدا دەکەن. هەرچۆنێ بوو، لە مەترسییە گەورەکە دەرچووبووم و تا ڕادەیەک دڵم خۆش بوو. بەر لەوەی تووشی سەگەکان بم، دڵم زۆر تەنگ بوو. بیرم لە حاڵی ئەو خەڵکە دەکردەوە کە بەر ئەنفال کەوتبوون. منداڵ و کچی جوان و کوڕی قۆز و پیرەژن و پیرەپیاو، هەموو چووبوون بە گەرووی ئەنفالدا. بیرم لە سەرگەردانی خۆم دەکردەوە. زۆرم بیر لە چارەنووسی خۆم نەدەکردەوە. گرنگ ئەوە بوو ئەو ساتەی تێیدا دەژیام، مەترسیم لە سەر نەبێ. بەڵام لە کاتی هەڵمەتی سەگەکاندا، هەموو خەمم گۆڕان و بوون بە ترس، کە ترسیش نەما، ئیتر دڵم خۆش بوو و دەشمزانی ئەو دڵخۆشییەم زۆر ناخایەنێ. ماووم. نەخوراووم. ئەها ئەوەتام پاڵم داوەتەوە! ئەوەتا بە زندوویی لە مەجلیسی دیوانی سەگەکاندا، وەک ئاغای سەگان، بەرەو ڕووی هەموویان دانیشتووم و چاویان لە زار و ڕەفتاری منە. کار وا بڕوات، من دەبم بە فەرماندەی ئەوان و سەگە چاوڕەشە گەللەزلەکەش دەکەم بە جێگری خۆم. چۆنە خیتابیان بۆ بدەم... ئەی سەگە دڕە وەفادارەکان...
هەناسەیەکی ئاسوودەییم هەڵکێشا. نەختێ تەماشای ئەملاوئەولای خۆمم کرد. لەبەر خۆمەوە، بایی ئەوەی سەگەکان گوێیان لێم بێ، گوتم: "تۆ بڵێی ئەم گوندە نانی تێدا نەبێ! ئەی پێخەف؟ ئەگەر ئێوە ڕێم نەدەن بڕۆم، ئەمشەو چۆنی بگوزەرێنین، ها؟! خۆ منیش وەک  ئێوە برسیمە و شەویش وەک ئێوە سەرمام دەبێ. تەگبیرمان چییە؟" خۆزگە وەڵامێکیان دەدامەوە. وەڵام نادەنەوە. گەورەیی سەگ لەوەدایە هەزاران ساڵە لەگەڵ مرۆڤدا دەژی و نەبوو بە مرۆڤ. مرۆ فێرە وەڕین بوو و بیەوێ دەشڵوورێنێ، بەڵام سەگ یەک وشە فێر نەبوو. ئەگەر سەگ لێویشی هەبا، ڕەنگە فێرە قسە نەبا. سەگ بە هۆی بێلێوییەوە، فیکەش لێنادا... باپیرم دەیگوت: "فیکە بە برای بێلێو مەکە!" سەگ برای بێلێوی مرۆڤە!
تا ڕادەیەک ترسم شکابوو و جاروبار تەماشای گەماڵە سەرزلەکەم دەکرد. چی دی نەیدەمڕاندەوە. تەنانەت دەمیشی دابچڕی و باوێشکێکی دا و زمانی کەوانەیەکی نیوەبازنەیی پێکهێنا. دەمی هێند گەورە بوو، جێی سەرمی تێدا دەبووەوە. ئیتر تەواو دڵنیا بووم. نا، ئەم سەگانە زەرەریان بۆم نابێ.
وەک ئەوەی فیلمی بەرەواژ بم و بە پێی پلان لە کۆتاییەوە بۆ سەرەتا لێبدرێمەوە، ڕاستبوومەوە و چوارمشقی دانیشتم. ئەوجا کەوتمە سەر چنچکان. پشتم بە دیوارەکەدا خشاند. بە کاوەخۆ پشتم پێیدا خشاند. وردە وردە ئەژنۆم ڕاست دەکردنەوە تا قیت بەرانبەر سەگەکان ڕاوەستام. لە ماوەی بەسەرچوونی فیلمە بەرەواژەکەدا، بەردەوام قسەم دەکرد. گوێم لە سێ مڕەمڕ بوو بەڵام ترسناک نەبوون و چ کەڵبەم پیشان نەدرا. گورج دانیشتمەوە. دیسان هەستامەوە. هیچ مڕەمڕ نەبوو. بە دەنگی بەرز پێکەنیم. هەندێ لە سەگەکان لمۆزیان خستبووە سەر دەستیان. سەرزلەکە، لە سەر زگ کەوتبوو و سەری قیت ڕاگرتبوو بەڵام جاروبار چاوی دەنووقاند. بە هۆی ئەو خاڵە ڕەشەی دەوری چاوی چەپیەوە، لە بەر چاوم بە مۆشی دایان دەچوو... خۆزگە هەزار (مۆشی)مان دەبوو! ئەم (مۆشی)یە مەملەکەتی خۆی جێ ناهێڵێ و مۆشییەکەی تر سەرباز و خەڵکەکەی خۆی جێنەدەهێشت.
بەرەو لای چەپ هەنگاوێکم نا و بە باوەڕبەخۆبوونەوە گوتم: "کوچ کوچ کوچ... وەرن دەی! کوچ کوچ کوچ جەرگەکانم وەرن دەی!".  ئاوڕم دایەوە. هەموو سەگەکان تەماشایان دەکردم، بەڵام دوودڵ بوون. تەماشایان دەکرم و ڕاست نەدەبوونەوە. دیسان بانگم کردن. چ نەبزوان، بەڵام یەک دوو مڕەمڕەیان کرد. لە چاویان بزر بووم. نەختێ ترسام دیسان بێنەوە سەرم. لە ترسان، لە شوێنە نادیارەکەمەوە بانگم کردن... بە دەنگی بەرز بانگم کردن. دەتگوت لێیان بێمنەتم و ئەوان کاریان بە منە. بانگم کرد: کوچ کوچ کوچ!..." کە ئاوڕی دواوەم دایەوە، سەگە چاوڕەشە سەرزلەکەم بە دواوە بوو. نەخێر، یەک یەک و دوو دوو، ئەوانی تریش هاتن. گەیشتنە نزیکم و کەوتنە کلکەلەقێ.
لای شانی چەپمەوە، دیواری حەوشەی ماڵێک ڕووخابوو و دەرگا چینکۆکەش تێکشکابوو و کەوتبووە بن خشتەکانەوە. بە سەر خشتەکاندا چوومە دیوی حەوشەوە. یەکێ لە سەگەکان، بە دوودڵییەوە مڕاندییەوە. بیرم بۆ ئەوە چوو کە ئەو سەگە نانی ئەو ماڵەی خواردبێ... یا سەگی ئەو ماڵە بێ. بەڵام هەڕەشەکەی بە ساردییەوە بوو. منیش کوچ کوچم لێ کردنەوە. سەگەکان، یەک یەک و دوو دوو بە دوامدا هاتن. سەگە سەر زلەکە، کە لە خەیاڵی خۆمدا بە سەگێکی خانەدانم دەزانی، پێشم کەوت و کەوتە هەڵکۆڵینی بنی هەندێ خشت. گوتم: "دە وا بڵێ ماڵوێران! ئێرە نانی لێیە! لێرە بژێو هەیە، بژێو!". ئەوەم گوت و دەستم بە سەری سەگەکەدا هێنا. هیچ کاردانەوەی نەبوو. لەولاترەوە، دیرەگێک، سەرێکی بە بان دیوارەکەوە بوو و سەرەکەی تری، لە بن خۆڵ و بەردەوە، لە سەر زەوی بوو. هەوڵم دا لای بەرم. جێی سەرم لە نێوان دیوارەکە و دیرەگەکەدا کردەوە و ڕوانیمە ژوورەوە: هەشت نۆ دیرەگی تر سەریان لە زەوی بوو. تاخمی چایە و نان و سینی و سەرین و لباد... هەر یەکە و چمکێکی یا نەختێکی دیار بوو. سینییەکە پڕ بوو لە خۆڵ و خاشاک. هەرچۆنێ بوو، خۆڵ و خاشاکی سەر دیرەگەکەم بە ئاسانی لادا و خۆم پێدا کرد. نان بەشی هەموومانی دەکرد. کە دەستم بۆ نانەکە برد، چوار پێنج مشک، هەر یەکە و بە لایەکدا دەرپەڕی. لە کەلەبەرەکەوە، نانم بۆ سەگەکان دەهاویشتە دەرەوە. نانەکان ڕەق بوون و زۆری ورد ببوو. سەگەکان نانەکانیان بە خرمەخرم دەخوارد. منیش کەوتمە خرمەخرمی نانخوارد. بەرماوەی مشکەکانمان دەخوارد... نا، من و سەگەکان پاشماوەی ئەنفالمان دەخوارد. من و سەگەکان، نانی ماڵێکمان دەخوارد بە گەرووی ئەنفالدا چووبوون. جێپەنجەی کەیبانۆی ماڵەکە بە هەندێ لە نانەکانەوە دیار بوون. جێپەنجەکان نەختێ زیاتر برژابوون. هەندێ نانم لەگەڵ خۆمدا دەرکردە دەرەوە و چوومە لای سەگەکان. هەر جارە و کەرتێکم دەدایە یەکێکیان و خۆشم بەردەوام دەمخوارد. سەگ نانی بدەیتێ لە بیرت ناکا. وەک مرۆڤ نییە کە چاکەت لەگەڵیدا کرد، پێتەوە بدا. نانم دەخوارد و بیرم لە پەنجەی کەیبانۆکە دەکردەوە: پەنجەی درێژ و باریک و بەخەنە... کچێکی شەرمنی باریکەلە و کەڵەگەت. چاوێکی لە تەنوورەکەیە و چاوێکی لە دەرگای حەوشەیە! ڕوخساری لە بەر هەڵاوی ئاگری تەنوورەکە، سوور هەڵگەڕاوە.
ترس نەما. برسێتی نەما. پشوویەکی باشم دا. خۆر، وردە وردە بەرەو ئاوابوون دادەکشا. هەستم بە ماندوێتی دەکرد و کە ترسم نەما، خەریک بوو خەو دامگرێ. نەختێ سووڕامەوە، شوێنێکم بەر چاو نەکەوت لەو خانووەی نانەکەیانم خوارد، بۆ حەسانەوە گونجاو تر بێ. خۆم پێدا کرد. هەرچۆنێ بێ جێیەکم بۆ خۆم کردەوە. جێیەکی پاشایانە. ڕایەخ و سەرین و جاجم. لێی ڕاکشام. زۆری نەبرد، یەکێ لە سەگەکان خۆی پێداکرد. نەخێر یەکێکی تر و یەکێ کی تر. هەموویان لە دەورم گرد بوونەوە. پێ دەچوو من تاکە پشت و پەنایان بم. منیش بە بێترس ڕاکشام.. یەکێ لە سەگەکان، سەری خستە سەر ڕانم. زۆری نەبرد، یەکێکی تریان سەری خستە سەر زگم. لە ئەنجامدا، دەوروبەرم بە سەگ تەندرا. ئەو سەگانەی دەیانویست لەتوپەتم بکەن، گەرمیان دەکردمەوە. بێباکانە دەستم بە سەریاندا دەهێنا و دەمدواندن. دەتگوت من تاکە بەشەری دنیام و لە من بەولاوە کەسیان دەست ناکەوێ بیکەن بە سەرکردەی خۆیان. نازانم کەی و چۆن خەوم لێ کەوت، بەڵام خەوێکی خۆش لەگەڵ سەگەکاندا، تا بەرەبەیان خەوتم.

*  *  *

لە گەڕانەوەدا، ڕێگام هەر بەو گوندەدا دەهاتەوە کە ببوو بە مەملەکەتی سەگ. ئەو ڕێیەی لە خوار دێیەکەشەوە دەهاتە گوندەکەوە، هەر وەکو ڕێیەکەی سەرەوە بە پێچ بوو، بەڵام بە سەر جۆگە ئاوێکدا و بە ناو هەندێ شۆڕەبیدا تێدەپەڕی و بە دەوری گردۆلگەیەکدا، بەرەو سەرەوە لار دەبووەوە. هێشتا زۆرم مابوو بگەم، گوێم لە حەپەی سەگەکان بوو. نەختێ ترس دایگرتم بەڵام دڵنیاییم زیاتر بوو. بە گورجی بەرەو پێشەوە هەنگاوم دەنا و بە سەر بەردەبازێکی گەورەدا، کە لە ناوەڕاستی جۆگەکە داندرابوو، بازم دا. سەگەکان بەرەو ڕووم دەهاتن بەڵام زۆر بەکاوەخۆ بوون. جاروبارێ دەحەپین و یەک دوو جاریش مڕاندیانەوە. ئیدی بە کلکلەقاندن ڕووی دۆستایەتییان دەردەخست. سەگ بە کلکیشی دەریدەخا دۆستتە یا دوژمن.
سەرنجم دا، سەگەکان لمۆزیان خوێناوی بوو. بەرەو لایان چووم و ئەوانیش کەوتنە کلکەلەقێ. هیچ نەوەڕین. دەڵێکیان هات و نەختێ خۆی لێم هەڵسوو. سەرم لەو خوێنە سوڕمابوو... وای بۆ دەچووم کەرێکی بەرەڵا یا مانگایەکیان کوشتبێ. ئەوە هەنگاوی یەکەمیان بوو بەرەو دڕندایەتی. بە دەم ڕێیەکەوە، لەگەڵمدا بەرەو ناو دێیە ڕووخاوەکە، بە پێچەکەدا سەرکەوتن. هێشتا نەگەیشتبوومە یەکەم خانووی ڕووخاوی خوار دێیەکە، زەلامێکی زگهەڵدڕاووم بینی، هەر لە دەم ڕێیەکە پاڵ کەوتبوو و دوو سەگیش سەریان تێ ژەنیبوو. وەک ئەوەی لە بیرم چووبێ ئەو سەگانە بوونەتە دڕندە، دەستم دایە بەردێک و بۆ دوو سەگەکەم هاویشت و بۆیان چووم. ئەوانیش زەلامەکەیان بەجێ هێشت و دوور کەوتنەوە. ڕێخەڵۆک و ناوزگی پیاوەکە هێشتا هەڵاوی لێ هەڵدەستا و هەندێکی هەڵڕژابووە ناوگەڵیەوە. پیاوێک بوو، تەمەنی لە دەوروبەری شەست ساڵیدا دەبوو... کەمێ زیاتر یا کەمتر.
لاملی هەڵبڕابوو و لە هەندێ شوێنی باسکی، ئێسکە سپییەکەی بە دەرەوە بوو. ویستم تەرمەکە دوور بخەمەوە. بەڵام لە هەرکوێی ڕادەمام دەتگوت مینێکە و هەر دەستم پێی بگا دەتەقێتەوە. تەماشای هەردوو دەستی خۆمم کرد: ئەم دوو دەستە، نە خاکەنازن نە قازمە و نە دەمی شۆڤڵ. چۆن گۆڕێکی بۆ هەڵکەنم؟ لە ناخی بێئاگاییەوە بڕیارم دا وازی لێ بێنم. سەگەکان ئەو زەلامەیان ڕووت کردبۆوە. ئەوەی بە بەریەوە مابوو پزووی شەرواڵەکەی بوو بە دەوری کەمەریەوە... سەرم لێ شێوا بوو... لە بەر خۆمەوە دەمگوت: ئەمە لە زمانی سەگی نەزانیوە! لە ترساندا چاوی زەق بوونەتەوە و سەگەکانیش بە هەڕەشەیان زانیوە. هاواری کردووە و ئەمانیش بە وەڕین تێگەیشتوون. ئەمە، نە خۆی سەگناس بووە، نە باپیرێکی سەگناسی هەبووە!
من بە دیار تەرمەکەوە سەرسام وەستابووم، سەگەکان کەوتنە نووزە نووز و هەموویان گوێقوڵاغ بوونەوە. دەمزانی سەگ گوێی سووکە و دەنگەکان لێک جیادەکاتەوە... دەنگێ دڵیان خۆش بکا، وەڕینێکی کورت دەوەڕن و کلک بادەدەن. دەنگێکیش مەترسی تێدا بێ، وایان لێ دەکا بقروسکێنن و نەختێ بە دەوری خۆیاندا بخولێنەوە، ئەوجا ڕێی دەربازبوون بگرنە بەر. ئەمانە دەیانقروسکاند. کتوپڕ، بەرەو ناو شیوەکە تێیانتەقاند. منیش، بێ ئەوەی هیچم بیستبێ، بەرەو ناو دێیەکە بە پەلە ڕۆیشتم و خۆم کرد بە یەکەم خانووی ڕووخاودا. نەختێ چاوم گێڕا. شتێکی وەک کولانە، یا کوندەڵانم بەرچاو کەوت کە لادیوارێکی بە سەردا ڕووخابوو. خۆم پێیدا کرد. کولانەی مریشک نەبوو... کولانەی سەگیش نەبوو. کولانەی مریشک، مەگەر بە یەک ساڵ دەنا بۆنی نابڕێ. بۆنی تایبەتی مریشک بەری نادا. من بیرم لەو جێیە دەکردەوە، گوڕەگوڕێک پەیدابوو... گوڕەگوڕەکە، تا دەهات ئاشکراتر دەبیسترا... کۆپتەر بوو و پێدەچوو گوندە ڕووخاوەکان بەسەر بکاتەوە. ڕەنگە بۆ ڕاوەمامر هاتبێ، ئەگەرچی سەگ مامریان نەهێشتبوو... لەو ماوەیەدا، سەگ ببوونەوە بە گۆشتخۆر و گەڕابوونەوە سەر خەسڵەتی دڕندەیی... ببوونەوە بە گورگی مەترسیدار. جاران، سەگ بە لەتەنانێک دادەکەوت. هەندێ ماڵی مەڕدار سەپکیان بۆ سەگەکانیان دەکرد. سەپک، هەر بە سەموونی سەربازی دەچوو... سەگ وایان لێ هاتبوو، دوور نەبوو تەڕەش بخۆن. نان و برنجی بەرماوە و تەماتەوبامیەشیان دەخوارد. ئێستا سەگی ئەو گوندە چۆڵانە ببوونەوە بە گۆشتخۆر... گۆشتی کاڵ. ئەو سەگانە، تامی گۆشتی کاڵ و خوێنی گەرمیان کردبوو و ئاسان نەبوو دەستبەرداری بن. چۆن دەبنەوە بە سەگەکانی جاران؟! چۆن جارێکی تر بە سەپک و بەرماوەی خاوەنیان دادەکەون؟! بۆنی خوێنی گەرم و گۆشتی کاڵ، غەریزەی هازاران ساڵی پێشتری لێ زندوو کردبوونەوە.
کۆپتەرەکە نزیک بووەوە. نەخێر، هاتە سەر گوندەکە، بەڵام لە منەوە دیار نەبوو. بە بیرمدا هات: نامبینن، بەڵام نەکا سەگیان بۆ دۆزینەوەی بەشەر هێنابێ و بێتە بەر کونەکە و ئاشکرام بکا. سەگ چ مەتەڵێکە! هەستم دەکرد، کۆپتەرەکە بە بان سەرمەوەیە، بەڵام جووڵەم لە خۆم بڕیبوو. ماوەی سیی چرکە دەبوو بە دیارمەوە بوو، بەڵام هەر چرکەیەکم لێ ببوو بە ساڵێک. سیی ساڵ بە دیار سەرمەوە بوو... دەنگێکی ناخۆش و بایەکی بەهێز و ترسێکی کوشندە! ئەمە ڕاوە بەشەرە... نا، ڕاوی منیان دەکرد. دوور نەبوو بمگرن و بمبەنە ئاسمان و لەوێوە تووڕم بدەنە خوارەوە. کە مرۆ بوو بە نێچیر ئیتر قەڵەمی دەستوپێی دەشکێ. لە بنی بنەوە خۆم تەقەت کردبوو و ناوی خوام دەهێنا و دەترسام ئەوانیش بۆ دۆزینەوەم ناوی خوا بێنن. نەمدەزانی لە ئەنجامدا خوا لەگەڵ مندا دەبێ یا ئەوان؟ گڕەگڕی باڵەکانی و هاژە و وژەی بایەکە و تەپوتۆز نەدەبڕانەوە. ناو کولانەکەش، کە پێم وابێ کۆنەکوندەڵان بوو، بۆنی خۆڵ و تۆزی پێ دەگەیشت. نازانم چی لەو گوندەدا مابوو وێرانی بکەن. ئەوەی مابوو ئەو کولانەیە و هەندێ لادیوار بوو و کولانەکەش کەوتبووە بن خشت و خۆڵەوە و لێیانەوە دیار نەبوو. هیچی تر بە پێوە نەمابوو. ئای چەندم پێ خۆش بوو بێمنەت لە کونەکە بچمە دەرێ و پێیان بڵێم: خۆتان ماندوو مەکەن، هیچ نەماوە وێرانی بکەن! پێم خۆش بوو پێیان بڵێم: تەماشای ئەو زەلامە زگدڕاوە بکەن، ئیتر دەزانن کەس لەم گوندە ناحەوێتەوە!
بەڵام ئەوانە هی ئەوە نەبوون ڕێنمایی بکرێن... خۆیان بە هەق و ڕاست و عاقڵ و زانا و لێهاتوو دەزانی و خۆیان لە سەرووی بەشەرەوە دەدیت و هەڵبژاردەی خوا بوون. کەڵکیان نەبوو. هەر ئەم دارودەستەیە، سەرۆکی زانکۆیەکیان بەند کردبوو و ئەشکەنجەیان دەدا. وەک وڵاغ خستبوویانە سەر چوارپەل و بۆینباغەکەیان بۆ کردبوو بە ڕێشمە و سواری پشتی دەبوون و هەتەهەتەیان لێی دەکرد. لە ماوەی دوو سێ مانگدا، شێتیان کرد، ئەوجا کوشتیان... دەیانویست ئاوها جەماوەرێک دروست بکەن جوولەکە بهاوێتە زەریاوە و فەلەستینێکی وەک خۆیان پێکبێنن، فەلەستینێک بەشەر تیایدا لە سەر چوارپەل بڕوا. خۆ هەموو کەس لە بواری زانستدا هەڵناکەوێ ببێ بە سەرۆکی زانکۆ، بەڵام هەموو ناکەسێک بۆی هەیە ببێ بە پیاوکوژ و بە کۆپتەرەوە ڕاوی مرۆ بکا. ئەمانە، ئەم فەلسەفەیەیان تفاندۆتە ناو دەمی بەرهەڵستکارانی خۆشیانەوە. بەرهەڵستکارەکانیشیان وەک ئەوانیان لێ هاتووە و بەهای بەرزیان گوللەیە. گرنگ ئەوەیە گوللەکانیان گۆشتی مرۆ بسمێ و چزە لە هەناوی هەستێنێ... وەک کەڵبەی سەگەکان، لە گۆشت و خوێن بچەقێ...
گڕەگڕ هەر نەدەبڕایەوە. دەتوانین یەک سەعات بە سەر شەست دەقیقەدا دابەش بکەین. دەتوانین یەک دەقیقە بە سەر شەست چرکەدا دابەش بکەین. دەتوانین چرکەش بە سەر شەست شتی تردا دابەش بکەین و ئەو شتەش بە سەر شەست شتی تری لەخۆی بچووکتردا دابەش بکەین، تا کات بێکۆتایی بێ و منیش لەو کونە دەرنەچم و چاوەڕوانی مەرگی خۆم بم. ئەو چرکانە بۆ وا درێژ دەبوونەوە؟! ئەم ڕۆحەی من بۆچی جەستەی جێنەدەهێشتم؟. ئەو سەگانە، بۆ وەک ئەو کابرا پزوولەبەرە زگدڕاوەیان لێ نەکردم؟ من باجی مانەوەم دەدا و باجەکەش زۆر گران بوو، زۆر. ئاخر ترسی مەرگ زۆر لە مەرگ ناخۆشترە!
لە ناو گوڕەگوڕ و وژەی بادا گوێم لە دەنگی بنیادەم دەبوو بەڵام نەمزانی چی دەگوت. نەمزانی بە چ زمانێک دەدوا. ئەو دەنگە بکوژی من بوو و لە مڕەمڕەی سەگەکان ترسناکتر بوو. ئەو فەرمانی مۆرکراوی کوشتنی منی پێ بوو، ئیتر هەرکێ دەبێ با ببێ! خۆ سەگەکانیش وەکو ئەو فەرمانی کوشتنی منیان پێ بوو بەڵام ئەوان بوون بە هاوڕێم... سەگ کەسایەتی خۆی هەیە و دەزانێ لەگەڵ کێدا ڕووبەڕووە، بەڵام ئەمانە نازانن.
لە ئەنجامدا کۆپتەرەکە دوور کەوتەوە. کتوپڕ، وەها دەنگی بڕا، دەتگوت کوژاوەتەوە. نا، من وام هەست دەکرد کتوپڕ بوو. کە دەوروبەرم کپ بوو، گوێم هەڵخست... دەترسام چەکداری دابەزاندبێ. من هەر لە کونەکە مامەوە. ماوەیەکی زۆر مامەوە و چینێ عارەقەم دەردابوو. ڕەنگە جواناوی مەرگ بووبێ نەک عارەقە. دنیا ئەوەندە کپ و خامۆش بوو، گوێم لە خوێنبەرەکانی ناو سەرم دەبوو.. وژژژ... وژژژ... وژژژ....
کتوپڕ گوێم لە حەپەی سەگ بوو. ئیتر هەستم بە ئاوەدانی کرد. گیانلەبەری ترم لەگەڵدابوون... ئەو گیاندارانە، کاتی خۆی بە سەپک دەژیان کەچی ئێستا بوونەتەوە بە گۆشتخۆر. گەماڵە سەرزلەکە، هاتە بەر کونەکە. هەر دەتگوت پێم دەڵێ: وەرە دەرەوە ڕۆیشتن! مڕەمڕەکەی وای دەگەیاند. نووکی لمۆزە ڕەشەکەی دەسووڕاند. دەتگوت تێمدەگەیەنێ کە بە بۆن شوێنەکەمی دۆزیوەتەوە. من کە دەرنەچووم، ئەویش سەرە زلەکەی و دەمولەوسە خوێناویەکەی لە سەر دەستی دانا و بەرانبەر کونەکە وەرکەوت. دە تۆ سەیری ئەو سەگە! هەر ئەمڕۆ زەلامێکی لەتوپەت کردووە و ویژدانیشی ئازاری نادا! هەر دەڵێی هیچ نەقەوماوە!! تۆ بڵێی بەشەری مرۆکوژیش وا نەبێ؟!
دوای ئەوەی دڵنیابووم کەس لەو ناوە نەماوە و ئەگەر هەبوایە ئەو سەگە نەدەهات، منیش بە زگەخشکێ، بەڵام پاشەوپاش هاتمە دەرێ و نەختێ خۆم تەکاند. چاوم لە چاوی سەگەکە بڕی و گوتم: "ها... سەلامەت بوون؟! ئا ئا سەلامەتن. خۆ تەقە نەکرا. ئەی پێم بڵێ بۆچی واتان لەو پیاوە کرد؟! جا هەر ئەوە مابوو ئەوەی لە دەستی ئەوان دەرباز دەبێ، ئێوە ورگی بدڕن! لە ئاسمان کۆپتەر و لە زەوی سەگ!".
ئەو سەگە مرۆخۆرانە، ببوون بە هۆی سوکنایی من. کۆپتەر بهاتبا، ئەوان زۆر لە پێش مندا هەستیان پێ دەکرد و ڕاستەوخۆ ئاگاداریان دەکردمەوە. لە ڕاستیدا، پاسەوانگەلێ بوون کە نەیاندەزانی خیانەت چییە. پارەی دنیا ڕەوشتی تێکنەدەدان. بەڵام هەر دەبوو جێیان بهێڵم و بڕۆم. بڕۆم بۆ ناو ئەو بەشەرانەی کە هەندێکیان بۆ دەربازبوونی خۆیان، نەک هەر هاوڕێی خۆیان، بەڵکو بابی خۆشیان بە دەستەوە دەدا. دەبوو بڕۆم بۆ ململانێی خیانەتکردن... نەیخۆم دەمخوا... نەیکوژم دەمکوژێ... نەیدەم بە دەستەوە، دەمدا بە دەستەوە... با بڕۆم... با بڕۆم بەرەو گڵاوبوون... من چۆن لە مەملکەتی سەگەکاندا، لەگەڵ (مۆشی)یەکی دڵسۆزدا هەڵدەکەم؟! من فێرم دەستخەڕۆ بکرێم..

Inga kommentarer:

Skicka en kommentar