هەڵبژاردن یا خۆڵلەچاوکردن؟
حەکیم کاکەوەیس
هەر ئەوەندە دەزانین دەبێتە هەرا: خۆتان ئامادە بکەن هەڵبژاردنە! هەڵبژاردنی
پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم و دیوان یا دیوەخانی پارێزگاکانە و هەموو کەس ئازادە
خۆی بپاڵێوێ و بە هێڵەگدا تێپەڕێ!
ئیتر ماوەیەکی زۆر ئەو خەڵکە دەکەونە شەڕەپەڕۆ و خێسەکردن لە یەکتر و هەندێ
جار کارەساتیش دەقەومێ، بەڵام بەر لەوەی من و تۆ دەنگ بدەین، بڕیار دراوە ئەنجام
چۆن دەبێ و کێ دەباتەوە و کێ دەدۆڕێ. من خۆم خەڵکم دیوە گوتوویەتی: "کاکە
کوردایەتییە... من خۆم ١٩ جار دەنگم داوە!"
ئەگەر ئەو ١٩ جار دەنگی دابێ و یەکێکی تر ١٨ جار و ئەوی دی ١٧ جار، ئیدی
یەک تاکە دەنگی من یا تۆ جێی چی دەگرێتەوە؟! جگە لەوەش، ئەوا گریمان پارتی لە
هەڵبژاردندا دەنگی کەمی هێنا و نەیتوانی حکوومەت دامەزرێنێ. ئێ؟! ئەوجا لەشکرەکەی
و تۆپ و جبەخانەی دەداتە دەستی ئەو لایەنەوە کە لە هەڵبژاردندا دەباتەوە؟! ئەدی یەکێتی؟!
هیچ ناکا ئەو هەموو لەشکر و چەکە قورسانەی کە قەول بوو بەرانبەر (عەبدلئەمیر زەیدی)ی
هەولێرنشینی پێ بگرێ، ڕاست دەیداتە دەست کاکە حەمەی حاجی مەحموودەوە و دەڵێ کاکە
لەمڕۆوە یەکێتی بەرهەڵستکاری تۆیە؟
بە خوا مەگەر لە خەوندا...
جگە لەوەی پارتی و یەکێتی مێژوویەکیان هەیە و قوربانییەکی گەلێ زۆریان داوە
و هەموو ڕۆژێ بە چاومانیدا دەدەنەوە، ئێستا لە حیزب دەرچوونە و بوونەتە کۆمپانیای
نەوت. جا کێ بیستوویەتی کۆمپانیای نەوت دۆڕابێ؟ جارێ لە جاران لە عیراقدا ( Iraq
Petroleum Company - IPC کۆمپانیای نەوتی عیراق) کە بەریتانیای عوزما (مەزن) خاوەنی بوو ، لە ساڵی ١٩٥٨دا
نەختێ دۆڕاندی. بەڵام ئەو دۆڕاندنەی ئای پی سی کارێکی بە دەوڵەتی عیراق و خەڵکەکەی
کرد ئێستاش کە ئێستایە باجەکەی بە خوێن دەدا.
ئێمەی کورد ئامادەی باوەڕکردنین... ئەو دوو کۆمپانیایەی کوردستان کە قەولە
لە زگی ژێردەستەیی ڕزگارمان بکەن، ژمارەی شەهید و خەباتی دوور و درێژ بە چاوماندا
دەدەنەوە و ئێمەش ئەوەندە هۆشمان نییە حیزبێک لە ماوەی شەست ساڵدا کورد ڕزگار
نەکا، بەتەمایە ئێشەڵڵا کەی ڕزگاری بکا؟ ئەمە پارتی، یەکێتیش، ئەگەرچی خەباتی
پێشتریشیان لە سەر ماڵە، لە ماوەی نزیکەی چل ساڵدا کورد ڕزگار نەکا، دەبێ کەی
ڕزگاری بکا؟ نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێ کە سەرانی ئەو حیزبانە بە خوێنی کەسوکاری
ئێمە لە حیزبی ڕزگاریخوازەوە گۆڕان و بوون بە کۆمپانیای نەوت و کە بووشن بە
کۆمپانیا، ئەگەر هۆشمان هەبێ دەبێ دەستیان لێ بشۆین!
ئێستاش کە باسی هەڵبژاردن دەکرێ، مادام من دوو برام شەهیدی یەکێتین، لە بری
ئەوەی بە چاویاندا بدەمەوە و بڵێم کوا بەرهەمی خوێنی براکانم، دەبێ دەنگیان
بدەمێ!! هەی هەی!! یا مادام ڕۆژێ لە ڕۆژان چەکهەڵگری پارتی بوومە، دەبێ بە بێ سێ و
دوو دەنگ بە پارتی بدەم و نەڵێم کوا بەرهەمی ڕەنجی من و کوا کەرکووکەکەم و بۆچی
ویستتان عیراق لە بن باری بەندی حەوت دەرچێ؟
کۆمپانیای نەوت کەس دەرەقەتی نایێ و ئەوانەش کە بەرانبەریان دادەبەزنە
مەیدانی هەڵبژاردنەوە ئەنجامەکەی دەزانن و بۆ پشکی خۆیان لە کۆمپانیای نەوتدا
بەشداری لە گەمەکە دەکەن. ئاخر کۆمپانیایەک تورکیا و ئێران و ئەمەریکا پشتی بگرن بە
هەڵبژاردن لادەکەون؟ ئێمەی دەنگدەر هەر
ئەوەمان بۆ دەمێنێتەوە پەنجەی مۆر بە شانازییەوە بەرز بکەینەوە!! دەک هەموو مان
عافێتمان بێ!!
ئەمانە خۆڵ لە چاوی ئەو خەڵکە دەکەن و نەختێ
ناهەقیشیان ناگرم چونکە پارەی نەوت گەمە نییە!!
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar