måndag 24 juni 2013

ئێمە و ئاین...


ئێمە و ئاین...
حەکیم کاکەوەیس

جەنابی، هەر بە ڕێکەوت لە دایک و باوکێکی موسوڵمان کەوتۆتەوە. یەکێکی تر، ئەویش هەر بە ڕێکەوت لە دایک و باوکێکی ئێزیدی کەوتۆتەوە. ئەوی ترمان، بە ڕێکەوت لە ڕەچەڵەکی ئەهلی هەقە. کامەمان بەو شێوەیە ئاینمان لە ناخدا نییە و کامەمان بە هەڵبژاردنی خۆمان ئاینمان قەبووڵ بووە؟!
زارێک بێنە و لە بری ژمارەکان، لە یەکەوە تا شەش، ناوی ئاینەکانی لە سەر تۆمار بکە. لە بری یەک بیکە بە ئیسلام. لە بری دوو بنووسە جوو، لە بری سێ بیکە بە ئێزدی، لە بری چوار بنووسە دیان، لە بری پێنج با بوودی بێ و شەشیش بکە بە لادین، ئەوجا زارەکەت هەڵدە و بزانە چیت بۆ دێ!

 





مەسەلەی کوردبوونیش هەمان بەزمە: زارێکی تر هەڵگرەوە و لە بری یەک بنووسە کورد و لە بری دوو بنووسە عارەب یا جوو و سێ بکە بە فارس و چوار بە تورک و پێنج بە قیپت و شەش بە شتێکی تر و هەڵیدا: بە ڕێکەوت زاری ئێمە یەکی هێنا و لە ئاینیشتا هەر یەک. کەواتە هەپی یەک دەکاتە کوردی موسوڵمان، کە زۆرینەمانین...

ئێمە ئاوها کوردبوون و ئاینمان بە ملەوە بوونە. کە بە ملیشمانەوە بوون، ئیتر لێمان نەبوونەتەوە. من وای دەبینم ئەگەر نیوەی کورد، واتە ٢٥ ملیۆن بۆ نەهێشتنی ئیسلام لە ناو کورددا بە کوشت بدەین، ئیسلام لە کورد و کورد لە ئیسلام نابێتەوە و ئەگەر ئەو ٢٥ ملیۆنەش بۆ سڕینەوەی کورد بە کوشت بچن، کوردبوونمان لە مل نابێتەوە. خۆ ئەگەر بە پێی بەرنامەیەکی دیاریکراو ئەو ٢٥ ملیۆنە بۆ چارەنووسی کورد بکرێنە قوربانی، بەشی ئەوە دەکەن حەوت جار دەوڵەتی کوردستانیان پێ دامەزرێ. ململانێکردنی دین بێ ئەنجامە و لەوسەرەوە بە دەستی بەتاڵ دێینەوە، وەک ململانێی قەومایەتی بێ ئەنجامە. چبکەین چارەنووسمان ئاوهایە کورد بین و موسوڵمان بین!
ئەوەی میللەتانی دیکە دەیکەن ئێمە نایکەین. ئەوان، دینەکە دەکەنە پاڵپشتی قەومایەتی و قەومایەتیش دەکەنە سەنگەری دین. کەچی ئێمە، هەوڵی لەناوبردنی کورد بە ئیسلام دەدەین و هەوڵی لەناوبردنی ئیسلامیش بە کوردبوونمان دەدەین و لە هەردوو ڕووکەوە زەرەرمەندین و لە هەردوو گەمەکەدا دۆڕاوین. ئاخر نابی بە کورد دەبی بەچی؟! ئەی موسوڵمان نەبێ کام ئاین تۆی قەبووڵە؟! بە ئاینەکەمانەوە ئەو بەزمەمان پێ دەکرێ کە کراوە، ئەی ئەگەر ئاینێکی ترمان هەبێ چیمان پێ دەکرێ؟! تۆ بڵێی بە دەردی ئاشوورییەکان نەچین؟!
من وای دەبینم کورد وەک میللەتانی دی دەتوانێ سوود لە ئاین ببینێ و خزمەتی خۆی و خاکی خۆی و ئامانجی خۆی پێ بکا. مەلایەکی شیعە گوتی: "فارسەکان ڕقیان لە عومەری کوڕی خەتابە چونکە لە سەردەمی ئەودا عارەب زەلیلیان کردن و ئافرەتیان لێ تاڵان کردن و تاجی پاشایان کوتکوت کرد و لە ناو خۆیاندا دابەشیان کرد". ئەی ئەوەی بە فارس کرا بە کورد نەکرا؟ بەڵێ کرا بەڵام ئێمە ئەو شانازییە نەتەوەییەمان نەبووە کە فارسەکان هەیانبووە بۆیە کە بووشین بە موسوڵمان مەزەبێکمان هەڵبژارد کە بۆ ناعارەب سووکایەتی تێدایە!
زەلیلبوونی کورد چ شانازییەکی بۆ دین تێدا نییە وەک زەلیلبوونی ئاین چ شانازی بۆ کورد تێدا نییە. ئێمەی کورد بە پێوانە لەگەڵ میللەتاندا، هەم لە ڕووی نەتەوەییەوە دۆڕاوین هەم لە ڕووی ئاینییەوە!
هاوڕێیەک، بە شێوەیەکی زۆر جوان باسی ئەو کارەساتانە دەکا کە لە کاتی غەزاکاندا بە سەر کورددا هاتوون، بەڵام لە هەمان کاتدا لایەنەکەی تری کەسایەتی کورد، کە دینە، بریندار دەکا. لە کوێ خوا خوای عارەب بووە و هی کورد نەبووە؟ خوا، ئەگەر باوەڕمان پێی هەبێ خوای هەموو میللەتانە و ئەگەر باوەڕیشمان پێی نەبێ خوای کەس نییە! حەدیسە کێویلکەیەکی کوردەواری هەیە دەڵێ: لە خوایان پرسی ئەگەر دوو کەس زۆران بگرن لەگەڵ کامەیانی؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ: لەگەڵ ئەوەم کە دەیباتەوە. ئێمەی کورد کەی بردوومانەتەوە تا خوا لەگەڵماندا بێ؟!
هیوادارم هەموومان لە هەندێ ڕووەوە بە خۆماندا بچینەوە و بە توێکڵی خەڵکی ناوکی خۆمان دانەپۆشین چونکە خۆمان هەم ناوکمان هەیە هەم توێکڵ.
کورد شایەدی ئەوەیە کە پاشای کۆرە، یا گەورە، قەسابخانەی بۆ ئێزدییەکان بەرپا کرد و ئێزدی هەر دوای نەبڕایەوە و هەر مایەوە، بەڵام وایان لێ هات هەندێکیان لە کوردبوونی خۆیان بەگومان بن و هەندێکیان هاشای لێ بکەن. پاشای ڕەواندز چاکی کرد؟!
 ئیتر ئەوە ڕێکەوت و چارەنووسە و بە پێی هەڵدانی ئەو زارەی کە باسم کرد، ئێزدییەکان ئێزدین و من موسوڵمانم. کە من نەتوانم ئیسلام لە ملی خۆم بکەمەوە چۆن زات بکەم باوەڕی ئاینی خەڵکی تر بە جۆرێ ڕەت بکەمەوە بمەوێ نەبێ؟!

لەو باوەڕەدام بەم باسە هەم خەڵکی دینپەروەر لەخۆم دەڕەنجێنم هەم هەندێ لە کوردپەروەرەکان. ئەمەش چارەنووسی منە کە باوەڕم بە بەڵگەی عەقڵی بێ نەک نەقڵی! بەڵام نایشارمەوە بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد بە لای منەوە لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکەوەیە. ئەگەر خودا کورد لە کۆیلایەتی دەرباز بکا بە مەرجی دۆزەخنشینکردنی من و مەحروومبوونم لە بەهەشت، من ڕازیم، وەک لەم دنیایەدا چاوم لەو بەهەشتە نییە کە بە دۆلار دەوری تەندراوە.

Inga kommentarer:

Skicka en kommentar