lördag 27 juli 2013

خەم

خەمی ئەو بۆ من و خەمی خۆشم هەر بۆ خۆم

ئەو ناونیشانەی سەرەوە دەکاتە ئەوەی کە من باری خۆم بە کۆڵمەوەیە و باری ئەویش لە خۆم بار دەکەم. بەڵام من، ئەگەر خێر بە ناوچەوانمەوە بوایە جارێ باری خۆمم دەگەیاند، هیچ نەبێ بۆ ئەوەی بە بێ بار، فریای بارەکەی ئەوانیش بکەوم!!... بارێکی میسری ئەوەندە قورس، دەوڵەتێک کە ڕەگی دەگاتەوە سەر فیرعەونەکان، پێی بار ناکرێ، دەخەمە سەر پشتی خۆم! خۆ من، لە بەرەبابەوە لە چارەم نووسراوە باربەر بم!! بەڵام لە کاتێکی وەک ئێستادا، لە ئاستی تاکەکەسی و جاوەجاو بەولاوە چیمان بۆ میسر پێ دەکرێ کە خۆمان کلکمان بە تەڵەی ماددەی ١٤٠ و دەسەڵاتێکەوە بووە، ئەوەی لە بیری نەبێ چارەنووسی نەحسمانە؟!
من دەزانم ئەوەی لە میسر ڕوودەدا کارەساتە. ناهەقییەکە و ملی خەڵکی میسری گرتووە. منیش دەزانم زۆرینەی خەڵکی میسر دەنگیان بە ئیخوانییەکان داوە و عەسکەری میسری بە ئینقیلابێک، ئیتر بە ویستی ئەمەریکا بووبێ یا ئیسرائیل یا هەر شەیتانێکی تر، پرۆسەی دیموکراتییان تێکدا و ودۆخی میسریان وەها شێواندووە کەس ناتوانێ پێشبینی ئەنجامەکانی بکا. بەڵام ئەو ڕووداوانەی میسر، خەوتن و نانخواردن و قاوەی بەیانیان و جگەرەکێشان، نە بە تۆ تەرک دەکەن نە بە من. خەمەکانی خۆشم لەبیر نابەنەوە... واتە خەم هەر بە کۆڵی خۆمەوەیە و ئەگەر لە ڕۆژاوای کوردستان بوومەلەرزەش ڕوو بدات و ژێروژوور بین، میسرییەکان لە بەر خاتری کورد دەستبەرداری کێشەی خۆیان نابن و ناپەرژێنە سەر ئەوەی بە هاوارمانەوە بێن. ئەو ڕووداوانەی میسر، ئەو شەڕەشم بیر نابەنەوە کە دژی میللەتەکەم، بە ناوی ئیسلامەوە بەرپا کراوە و هەر دەڵێی تازە قەعقاع دەستی داوەتە شمشێر و بۆ سەپاندنی ئیسلام بە سەر کورددا بە (اسلم تسلم)ەوە هاتووە و هەتا ئێستا کورد، نە بۆتە موسوڵمان و نە ڕۆژێ لە ڕۆژان شەرەفی عارەبی لە قودس کڕیوەتەوە و نە یەکەم بینای گوندەکانمان مزکەوتە! ئەو موجاهیدانە، فەلەستینیان ڕزگار کرد و جوویان فڕە دایە دەریاوە و چۆکیان بە ئەمەریکا دادا و دیسان لە تەنگەی تاریقی کوڕی زیاد بەرەو ئەوروپا پەڕینەوە و کێشەی نێوان ڕافزی و سوننە عەلاج کرا... هیچ نەماوە ئەوە نەبێ کورد ببێتە موسوڵمان! من نازانم موسوڵمان بوون چۆنە و چۆن کورد، کە خۆی موسوڵمانە، ببێتەوە بە موسوڵمان!! تۆ بڵێی وەک ژن مارەبەجەحەش دەکرێ، ئاین بە جەحەشیش بە کورد نەکرێ؟!
ئەی خوایە میللەتی بێ دەوڵەت چەند ناشرینە و چەند سووکە! جووەکان، هەتا دەوڵەتیان نەبوو، لە ئەوروپا، لەگەڵ مشکدا وەک سەرچاوەی تاعوون تەماشا دەکران و بۆ نەهێشتنی تاعوونیش، دەبوو جوولەکە و مشک قڕ بکرێن! قەرەجەکانی ئەوروپا، زەرەریان بۆ کەس نەبوو کەچی نازییەکان کەوتنە قڕکردنیان و ئێستاش ڕوو لە هەر بازاڕێک دەکەن، چەندین جووتە چاو چاودێرییان دەکەن نەک شتێک بدزن! قەرەجاکان هەتا ئێستاش وەک خۆیان ماونەتەوە، بەڵام جووەکان کە بوون بە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان، ڕێزی خۆیان بەدەست هێنایەوە و خۆیان چارەسەری زۆر پەتا بۆ سەرجەمی بەشەرییەت دەدۆزنەوە و بڕیاریش دەدەن ئەم جیهانە چۆن هەڵسوڕێ و لە میسر کێ دەسەڵاتی هەبێ! ئێمەی کوردیش وەک قەرەجەکانی ئەوروپا و وەک جووەکانی سەدە ناوینەکان، بە سەر ئەم گۆی زەمینەوە بەڵاین! من باوەڕی تەواوم هەیە ئەگەر کوردێک، ببێتە سەرۆکی ڕیکخراوە ئیسلامییەکانی هەموو دنیاش، وەک چۆن کەریم خانی زەند خۆی پێ بچووک بوو و ناوی پاشای لە خۆی نەنا، ئەویش ئاوها خۆی پێ سووک دەبێ و ناوی سەرۆک لە خۆی نانێ! کە تۆ کوردیت، چەقی ڕۆحت موالییە... موالییە بۆ عارەب و موسوڵمانان و بۆ کۆمۆنیزم و بۆ عەولەمە و زاناکانی دنیا... موالییە بۆ هەر شتێکی ناکورد. تۆی کورد بوونتت نییە ئیتر چی بۆ میسر دەکەیت؟! لوورەی گورگی سەر گردەکانی گەرمیان چەند قودس ڕزگار دەکا و چەند کێشەی میسر چارەسەر دەکا، لوورەی کوردیش، جا موسوڵمان بێ یا چینچی یا فەیلەسووف، هەر ئەوەندە!! من بڕیارم داوە بۆ میللەتی خۆم نەبێ، بۆ هیچ کەسێ نالوورێنم، بە تایبەتی کە دیتم ئەنفال کراین و لە بیابانەوە یەک لوورە چییە نەمانبیست! حەفتا ساڵیش بۆ دەوڵەتی سەیر و سەمەرەی دنیا، کە کەس نەیدەزانی لە کوێی نەخسيکانن، بە بێ هوودە لووراندمان و ئەوەی بۆمان مایەوە، تەراویلکەی بوونی خۆمان بوو و هیچی دی. من نازانم جیاوازی نێوان ئەو کوردە موسوڵمانەی کە ئێستا ڕۆژاوای کوردستانی لەبیر نییە و ماددەی ١٤٠ نایبزوێنێ و شیوەن بۆ میسر دەگێڕێ، چ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو کۆمۆنستە کوردەدا هەیە کە خۆی لە بۆردومانی فڕۆکەی سۆڤیەتی دەشاردەوە و بۆ لایەنگری لە ڤێتنام و لە دژی ئەمەریکا ئیمزای کۆ دەکردەوە! هەر حۆرییەکان؟!

خوا ڕاستی فەرمووە: "إن اللە لايغير ما بقوم حتی يغيروا ما بانفسهم" ئایە هەرە هەرە دیندارە موسوڵمانە تۆخەکانمان ڕەچاوی ئەو ئایەتەیان کردووە؟! نا وەڵڵا... ناوەڵڵا... 

Inga kommentarer:

Skicka en kommentar