onsdag 3 december 2014

کورد و ئیسلام و بیری ئیخوان لە کوردستان

 
(وتووێژێک لەگەڵ حەکیم کاکەوەیس)
 
بەشی یەکەم                                   ئا: م.ئەحمەدی
 
پرسیار: بەڕێزتان لەمەڕ ئیسلام و كورد و هەندی رای تایبەتان هەیە. بۆ وێنە باسی ئەوە دەكەن كە كورد تەنیا نەتەوەیەكە كە روو راستانە خزمەتی ئیسلامی كردووە و بۆ بەرژەوەندیی خۆی سودی لە ئیسلام وەرنەگرتووە. كەچی عارەب ئیسلام بۆ بەرژەوەندیی خۆی بە كار دێنێ. شیعە بە هەمان شێوە كەڵكی لێ وەردەگرێ. ئەم روانگەیە بەرهەمی چ جۆرە خوێندنەوە و تێگەیشتنێكە بۆ پێوەندیی نێوان كورد و ئیسلام؟
حەكیم كاكەوەیس: خوێندنەوەی مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێ. مێژووی خۆمان ئەوە دەڵێ. سەلاحەددینی ئەیوبی کورد بوو و دیتوانی کارێ بکا ئێستاش کورد حەساوە بوایە، بەڵام نەیکرد. پیاوانی ئاین لەو مەسەلەیەدا بیانووی ئەوە دەهێننەوە کە ئەو سەردەمە هەستی نەتەوایەتی نەبوو. بەڵام ئەم بیانووە ڕاست نییە و ناڕاستی ئەوەش بەشی ئەوە دەکا گلەیی لە سەلاحەددین بکەین. هەستی قەومایەتی هەبووە، بەڵام ئەگەر ئێستا ئەو هەستە لە ناو کورددا نەبێ، گلەییی چی لە سەلاحەددین بکەین؟! ئەگەر ئێستا سەرکردەی کورد هەستی نەتەوایەتی نەبێ سەلاحەددین چۆن هەیبووبێ؟ بەڵام قەومەکانی تر هەستی نەتەوایەتییان بووە. عومەری کوڕی خەتتاب کە بە دادپەروەری بەناوبانگە و پتر لە پێنج سەد ساڵ پێش سەلاحەددین بووە، ئەوپەڕی قەومی بووە. ئەوە کورد بووە کە هەستی نەتەوایەتی نەبووە و ئێستاش، بە داخەوە نییەتی!
هەر ئەوە بەسە بڵێین عومەر ژنە دیلە عارەبە ناموسوڵمانەکانی ئازاد دەکرد و دەیوت: فیهن عز العرب! بەڵام ژنی ناعارەبی موسوڵمانی ئازاد نەدەکرد. هەر ئەوە بەسە کە حەسەن عەلەوی باسی دەکا و عومەر یەکەم عەشرەتی عارەبی لە بەسرا نیشتجێ کرد و لەوەوە عێراق بوو بە خاکی عارەب. ئەدی ئەبو لوئلوئە قەومی نەبووە کە عومەری لە تۆڵەی ژنە ئێرانی کوشت؟ نەخێر، ئەوە تەنیا کورد بوو ئەو هەستەی نەبوو و ئێستاش هەر کوردە ئەو هەستەی نییە دەنا چ نهێنییەک لەوەدایە دوای یەکەم جەنگی جیهانی، چەندین دەوڵەت دروست بوون و خاکی کەس دابەش نەکرا هی کورد نەبێ؟! کورد خۆی هی دابەشکردن بوو دەنا دەبوو ئەوەی ئێستا پێی دەڵێن تورکیا دابەش کرابا، چونکە قەومێکی دۆڕاوی جەنگ بوون. ئێمە مێژوو دەنووسین و دەخوێنینەوە بەڵام لێکدانەوە و شیکردنەوەی مێژووییمان نییە. مامۆستا کەمال مەزهەر باسی شێخ مەحموود و حەمە سلێمان دەکا، بەڵام لەبەر ئەوەی شیکردنەوەی بۆ هەڵوێستی حەمە سلێمان نییە، لێی پاشگەز دەبێتەوە! حەمەی سلێمان، خیانەتی کرد بەڵام کەس نازانێ بۆ چی کردی؟! کێشەی عەشرەتی بوو یا چی؟
پرسیار: لە شوێنێكدا دەێژی "لە ئیسلامدا باوەڕدار لە یەك كونەوە دوو جار پێوە نادرێ... كورد قەت سودی لەمە وەرنەگرتووە". ئەمە بۆ چ دەگەڕێتەوە؟
حەكیم كاكەوەیس: ئەوە فەرموودەیەکی بەرزی پەیامبەری ئیسلامە. ئەی ئەگەر ئێمە موسوڵمانین بۆچی سوودمان لەو فەرموودەیە وەرنەگرتووە؟! هەر ئەمە بەسە بۆ ئەوەی بڵێین چی لە زەرەری خۆمانە وەریدەگرین و چی لە قازانجی خۆمانە وەلای دەنێین. ئەگەر پەیڕەوی ئەو حەدیسەمان بکردایە، لە یەک جار زیاتر گفتوگۆمان لەگەڵ بەعسدا نەدەکرد! لە یەک جار زیاتر تورکیا دەستی نەدەبڕین!
پرسیار: كورد بە چ شێوەیەك دەتوانی ئیسلامی بە قازانجی مافە رەواكانی بە كار بێنێ؟
حەكیم كاكەوەیس: ئیسلام، دەقی هەیە لە سوودی کورددا بێ و ڕێمان بدا داوای مافی ڕەوای خۆمان بکەین. بەڵام کە لایەنە ئیسلامییەکان ئەو دەقانە بەکار ناهێنن، ئیتر من دەستیان لێ دەشۆم و هیوام پێیان نامێنێ. نەک هەر ئەوە، وەک بۆمبێکی چێندراوی سعوودیە لێیان دەڕوانم و دەشزانم سعوودییە کێ دەیبزوێنێ و هاوکاری کێیە. ئێ ئاخر کاک مەلا، کە دەق هەیە پشتم بگرێ، بۆچی لێمی دەشاریتەوە؟! ئەم کاک مەلایانە، دەق دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی گەنجی کورد بۆ غەزا لە دژی کوردی ڕۆژاوا هان بدەن بەڵام لە ئاستی ئەو دەقانەدا کوێرن کە مافی چارەنووس بە کورد دەدا. بە ڕاستی کارێکیان کردووە جێی گومان بن و هیوادارم ژیانی شێخ مەعشووق خەزنەوی بخوێننەوە تا بزانن موسوڵمانی ڕاست چۆنە.
پرسیار: بەڕێزتان زۆر جار باسی ئەوە دەكەن كە "مەلاكانی كورد كار بۆ ئەوە دەكەن لە رێگەی دینەوە كورد موالی و بچووكی عارەب بێ و بیانووشی بۆ دێننەوە". ئەمە بۆ چی ئەگەڕێتەوە؟
حەكیم كاكەوەیس: لە ڕاستیدا، ئیسلام وەک دینێک بە سەردەمێکی زۆر چارەنووسسازدا تێدەپەڕێ و مەلاکان خستویانەتە بوارێکەوە، مەترسی پاشەکشە و تێکشکانی لە سەر بێ. ئیسلام ئاینێکی تەڵقینییە... مەلا قسە دەکا و خەڵک دەڵێن ئامین. مەلایەکی گەورە و زانای وەک قەرەزاوی، ئەگەر ویژدانی خۆی بفرۆشێ، دەتوانێ ئاینەکە تەفروتونا بکا. فەتوای جیهادی نیکاح و پشتگیری کوردکوژەکانی سووریا وایان کردووە خەڵکێکی زۆر دژی ئیسلام بوەستنەوە. ئەو کارەساتانەی کە داعش دەیخولقێنێ، وای کردووە کە خەڵکێکی زۆر دژی ئەم جۆرە لە ئیسلام بوەستنەوە ... جا تۆ بۆ خۆت هەر بڵێ "خوا دەیپارێزێ". ئەو کارە سووکانەی جیهادییەکان دژی کورد دەیکەن، تەنیا ڕۆحی کۆیلە دەستەمۆ دەکەن.
پرسیار: دەكرێ بێژین ئیسلامی وەك دینێك بە نیسبەت كوردە رۆڵی داگیركەری گێڕاوە؟
حەكیم كاكەوەیس: نا، بە هیچ جۆرێ ڕۆڵی داگیرکەری نەگێڕاوە، بەڵام خۆمان کردوومانەتە کەرەسەی کۆیلایەتی و ژێردەستەیی خۆمان. من دڵنیام لە سەرەتای هاتنی لەشکری عارەبدا بۆ کوردستان زوڵمی زۆر کراوە و ئەوانەی بە شمشێرەوە بە دیار سەرمانەوە دەوەستان و دەیانقیژاند: اسلم تسلم! خۆیان تازە لە شەوەزەنگی بتپەرستییەوە هاتوونەتە دەرێ و هیچیان لە ئیسلام نەزانیوە و هێندەی کوردیش خواپەرست نەبوونە... خۆ ئاشکرایە قورئان لە سەردەمی عوسماندا کۆ کرایەوە و کورد لە سەردەمی عومەردا، کە پێش سەردەمی عوسمان بوو، کرا بە موسوڵمان. واتە ئیسلام وەک ئاینێک هێشتا جێگیر نەببوو هاتنە سەرمان و کەوتنە کوشتنی خەڵک و تاڵانوبڕۆ و تاڵانکردنی ئافرەتی کورد. کێشەکە لەوەدایە کوردی وابەستە بە ئیسلامەوە ناتوانێ بیر لەوە بکاتەوە کە ئەو سەربازانەی هاتنە کوردستان، سەرباز بوون... کاریان کوشتن و بڕین و تاڵانکردن بوو. کێشە ئەوەیە ئەو سەربازانەیان بە لاوە پیرۆز و پاکژ و بێ هەڵەن. ئەوە ئیسلام نییە ئەوەی بە سەر کورددا سەپاندووە، بەڵکە کورد خۆیەتی وای داناوە. عومەری کوڕی خەتاب گلەیی لە خالیدی کوڕی وەلید دەکا و بە ژنباز و پیاوکوژ ناوی دەبا، بەڵام کورد زاتی ئەوە ناکا قسەکانی عومەریش بڵێتەوە!
ئەگەر ئیسلام بە هەق بزانین پێویستە هەقگۆ و ڕاستگۆ بین. هەندێ لە ئیسلامییەکان وای بۆ دەچن کە کورد بە ئارەزووی خۆی بۆتە موسوڵمان. بەڵام بیر لەوە ناکەنەوە عارەب خۆیان بە چ شەڕەشەقێ بوون بە موسەڵمان! بیر لەوە ناکەنەوە کە موحەمەد، دروودی خوای لێ بێ، چەند شەڕی لە دژی خزمەکانی خۆی کرد تا سەرکەوتنی بە دەست هێنا! چ عەقڵێک قەبووڵ دەکا مامی بتپەرستی پێغەمبەر دژی ئیسلام بێ، بەڵام میرێکی کورد کە خوای ناسیوە و ئاگری پێ پیرۆز بووە، لە شاخەکانی کوردستان بە کەیفی خۆی بووبێتە موسوڵمان؟!
بە باوەڕی من، ئیسلام چەکێکە و لەو گۆڕە کەوتووە و هەر کەسێ پێویستی بێ دەستی دەداتێ. هەموو میللەتان، عارەب و فارس تورک، کە نزیکمانن، دەستیان دایە ئەو چەکە و سوودیان لێ بینی، کەچی کور یا دەستی بۆی نەبردووە، یا بۆ ئەوەی هەڵگرتووە خۆی پێ بکوژێ. با لە بیرمان نەچێ کورد بۆ باوەڕی ئیسلام چۆن بووە و چۆنە، بۆ مارکسیش هەمان شێوە بوو... ئێستاش بۆ نیچە و فیختە و برێخت هەمان شتە. دەبێ دەستی تەسلیمبوون بەرز بکەینەوە و بڵێن: هەڵە لە ئیسلام نییە، بەڵکو لە خۆمانە! کە باسی خەتەنەکردنی کچ لە قورئاندا نییە، بۆچی لە ئەفریقیاوە، بە سەر سکەی ئیسلامدا خۆمان هێناومانە؟! کێ پێی گوتین ئەوە بکەین؟!
پرسیار: هەندێ لایەن لە كوردستان باوەڕیان بە حكومەتی ئیسلامی هەیە. واتە تێكەڵ كردنی دین و سیاسەت. ئایا ئەمە مەترسی نییە بۆ سەر داهاتووی كورد؟
حەكیم كاكەوەیس: ئەگەر شێخ مەعشووق خەزنەوییەک هەبێ حوکمی هەموو کوردستان بە ناوی ئیسلامەوە بکا، من ڕازیم چونکە ئەو شەهیدە گەورەیە کوردستانی بوو. بەڵام پیاوی سعوودیە یا تورکیا یا ئێران، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ کوردێک کە پیاوی ئیسرائیل یا ئەمەریکا بێ یا پیاوی سۆڤیەتی جاران بووبێ. مەسەلەکە ئەوەیە: تۆ کوردستانیت یان نا؟! دەتەوێ نەتەوەکەت کە پەنجا ملیۆن مرۆڤی زیندووە، ئازاد بێ یان نا! جیاوازی لە نێوان کۆمۆنستێک و ئیسلامییەکدا نابینم ئەویان کورد بخاتە پەراوێزیی دەوڵەتێکی ئیشتراکییەوە و ئەمیان بیخاتە پەراوێزی سوڵتان ئۆردوغانەوە. بەڵام چۆن حیزبێکی مەسیحی مافی سیاسەتکردنی هەیە، ئەگەر کوردی ئیسلامی کوردستانی بێ، مافی کاری سیاسی هەیە. کێشەکە ئیسلامیبوون نییە بەڵکو گرێدانی کوردە بە دەوڵەتێکی وەک سعوودییەوە لە کاتێکدا لە هەموو مێژوودا نەمانبیست سعوودییە یەک هەڵوێستی ئەرێنی بەرانبەر کورد هەبووبێ.
پرسیار: لە دوو ـ سێ ساڵی رابردوودا وڵاتانی عەربی تووشی گۆڕانكاری هاتن. لەم رووەشەوە بیری "اخوان المسلمین" بەشێوەیەكی بەرچاو هاتەكایە و دەوری بینی و ئێستاش دەور دەبینێ. ئەم گۆڕانكارییانە چۆن دەبینی؟
 حەكیم كاكەوەیس: هەموو جیهان لە گۆڕانکاریدایە. ئەمەریکا دەیەوێ جەمسەرێک، بۆ نەفرەتکردن، بەرانبەری هەبێ و ئەوەشی لە ئیسلامی توندڕەودا دۆزییەوە و دەکرێ بڵێم، بە هاوکاری سعوودییە، هەر بە خولقاندن خولقاندی. ئەمەریکا نەیارێکی ئابووری بەهێزی لە ڕۆژهەڵاتی باشووری ئاسیاش لێ پەیدا بووە. سەرجەمی گۆی زەوی، دەڵێی لە بەرەژاندایە بۆ لەدایکبوونی دەوڵەتی نوێ و زیندووبوونەوەی قەومی مەیلەومردوو و مردنی قەومی تری تا ئێستا بەهێز و زیندوو. ئێستا لە میسر و لە هەموو باکووری ئەفریقیا دیاردەی دژە عارەب، لە قاڵبی قیپتی و ئەمازیغی پەیدا بووە و دیانەوێ عارەبایەتی بگەڕێننەوە نیوەدوورگەی عارەبی. پێم وایە سایکس پیکۆیەکی تر، بە شێوەیەکی تر بەڕێوەیە. ئەمجارەیان دنیا چۆن دابەش دەکرێ؟ دیارە لە بەرژەوەندیی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەبێ. سیاسەتمەدارێکی ئەمەریکی گوتوویەتی: دەبێ میسرییەکان لە ئیسرائیل بپاڕێنەوە تا بچن حوکمیان بکەن... چۆن کاتی خۆی لە میسر دەرکران، ئێستا دەبێ بگەڕێنەوە!
کاتێ قەززافی ڕووخا، مرۆ تێگەیشت ئەو میللەتە، هەر پێویستی بە کەسێکی وەک قەززافی دەبێ تا ڕێی پیشان بدا و ئاڕاستەی دیاری بکا. ئەو میللەتە ناتوانێ خۆی بە ئاسایی بەڕێوەبەرێ. میسریش بە هەمان شێوە. ڕاستە دوای لابردنی حوسنی موبارەک، ئیخوانییەکان زۆرینەی دەنگیان هێنا، بەڵام ئەوەی لە ماوەی ئەو ساڵەدا کردیان کاری کردەیی نەبوو! ئەگەر ئیخوان لە هەموو شوێنێ ئاوها وڵات بە ڕێوە بەرێ، بەڕێوەی نەبا باشترە!
من پێم وایە پیلانێکی گەورە لە ئیسلام وەک ئاین لە ئارادایە... بیهێنە پێش چاوی خۆت، سێ کەس گوللەباران بکەن لە سەر ئەوەی نوێژ نازانن. دیارە ئەو سێ کەسە موسوڵمان نەبوون دەنا دەیانزانی نوێژی بەیانی سێ ڕکات و چوار نییە. هەر وا بە خوێنساردی کوژران! ئەی ئەو (تەساموح)ەی باسیان دەکرد چی لێ هات؟ ئەی چۆن هەتا ئێستا کوردی ئێزدی و ئەهلی هەق لە ناو کورددا ماوون؟!
پرسیار: پێت وایە بیری "اخوان المسلمین" بتوانێ سەردەمێكی نوێ دەست پێ بكا و دەسەڵات لە ناوچەكەدا بگرێتەوە دەستەوە؟
حەكیم كاكەوەیس: باوەڕ دەکەم قەتارەکە جێی هێشتبن. دۆستی هەرە نزیکی ئیخوان تورکیایە بەڵام ئاگایان لەوە نییە کورد ببێ بە ئەسحابەش لای تورک بێکەڵکە! لە هیچ حیزبێکی دینی و نادینیدا تورک قەبووڵ ناکا کورد لەگەڵیدا یەکسان بێ. کوردی ئیخوانیش لەگەڵیاندا یەکسان نییە. ئەگەر ئیخوانی کورد بتوانن دڵی تورکیامان بۆ نەرم بکەن، من دەستخۆشییان لێ دەکەم. بەڵام لێشاوی نەوت و دۆلار دڵیان نەرم نەکا بە دوو بیسمیللاش دڵیان نەرم نابێ. ئیخوانی عارەبیش هەر وا... سەیرە! هیچ قەومێک وەک کورد بە هۆی بیروباوەڕەوە دەست لە مافی (هەندێ جار) ناڕەوای خۆشی هەڵناگرێ!! ئەوان دەستبەرداری داگیرکاری و زۆرداری خۆیان نابن کەچی ئێمە ئازادی خۆمان دەکەینە قوربانیان، هەر لەبەر ئەوەی ئیخوانین!
===  بەشی دووەم
پرسیار: لە كوردستانیش لایەنگری بیری "اخوان المسلمین" هەیە. ئەم لایەنگریە چۆن دەبینی. پێت وایە لایەنگرانی ئیخوان ئەوەندەی بۆ ئیخوان المسلمین دڵسۆز بن، ئەوەندەش بۆ نەتەوەكەیان دڵسۆز بن؟
حەكیم كاكەوەیس: ئەگەر ئەو دڵسۆزییەی بۆ ئیخوان هەیانە بۆ کورد هەیانبوایە، ئێستا کورد لە بارێکی تردا دەبوو. ئیسلامی بەرگری لە میللەتی خۆی بکا و کۆمۆنست بەرگری لێ بکا و دیموکرت بیکا، کەواتە کێشەمان نییە. بەڵا هەموو ئەوانە میللەتی خۆیان خستۆتە پەراوێزی بەرژەوەندیی میللەتانی ترەوە و کە لە نێوان خۆیاندا گفتوگۆ دەکەن یا ڕێکەوتن مۆر دەکەن، بە ڕاستی، وەک نوێنەرانی تورکیا و ئێران و سعوودیە ... دادەنیشن و قسە دەکەن نەک وەک خەمخۆرانی کورد. ئا لەم بارودۆخەدا هەست و بیری نەتەوایەتی لە هەوا پێویستترن بەڵام دیسان لە لایەن حیزبەکانەوە، یا گرنگی پێ نادرێ یا پیلانیشی لێ دەکرێ و وەک  تلیاک قاچاخ دەکرێ!
پرسیار: ئایا بیری "اخوان المسلمین" لە كوردستان رۆڵی داگیركەر دەبینێ یان نا؟
حەكیم كاكەوەیس: بە داخەوە دەڵێم، ئیخوانی کورد، هەتا ئێستا پیشانیان نەداوە کوردبوون دەخەنە پێشەوە و یەکەم ئەرکیان سەرفرازی کوردە. ئەوان دەیانەوێ ئیمام بن و ئیمامەتی لە بەندیخانەشدا دەکرێ و لە ناو کۆیلەستانیشدا دەکرێ. پێ دەچێ بە لایانەوە گرنگ نەبێ کورد ژێردەستە بێ یا ئازاد... گرنگ ئەوەیە کورد مەئمووم و گوێڕایەڵ بێ. خۆ کۆمۆنستەکانیش هەر ئەوەیان دەویست: گرنگ نەبوو کورد سەرفراز بێ، بەڵکو گرنگ ئەوە بوو تابعی ئیمامی مۆسکۆ بێ!!
ئیخوانی میسر یا تورکیا یا هەر شوێنێکی تر وڵاتی سەربەخۆی خۆیان هەیە و هەرچی دەکەن لە ناو سنووری وڵاتی خۆیاندا ئازادن، بەڵام کورد خاوەنی وڵات نییە تا ئیخوانی ئیداری و بەڕێوەبردنی هەبێ. بەڵام ئەوەش وا ناکا کردەوەی حیزبەکانی تر لە بیر بکەین.
پرسیار: کاتێک کە لە میسر محەمەد مورسی لابرا و کۆمەڵێک خۆپێشاندان کرا و رووداوی خوێناوی لێ کەوەتوە، لە كوردستان ئیسلامییەكان فرمێسكی تیمساحی بۆ ئیخوانەکانی میسر دەڕشت و خۆپێشاندانیان وەرێ خست و وێنەی مورسیان بەرز کردەوە. ئەمانە چۆن ئەبینی؟
حەكیم كاكەوەیس: ئیسلامییەکان، کاتێ چوار پەنجەیان بەرز دەکردەوە، خورپەیەکم بە دڵدا هات! تۆ بڵێی مەبەستیان چوار پارچە بێ! بەڵام دەرکەوت ئەوە شتێکی ترە... ئەوە ڕابیعەی عەدەوییەیە! ئێمە لە کوردستانێکی داگیرکراوەوە چیمان بۆ مورسی پێ دەکرێ تا قوڕی بۆ بپێوین؟ مورسی چی بۆ کورد کردووە تا پێمان خۆش بێ لە دەسەڵاتدا بێ؟ خۆ تورکیا ئۆردوغانێکی وەک مورسیی هەیە، بەڵام دەستی بە خوێنی کورد سوورە. ئیسلامییەکانی کوردستان ئێستا لەم کاتەدا، ئەوەندەی میسرین کوردستانی نین، ڕێک وەک ئەو کوردە چەپانەی کە  ئەوەندەی فەلەستینی بوون کورد نەبوون و هیچیشیان بۆ فەلەستین پێ نەدەکرا. کە مورسییان لابرد، من هەموو خەیاڵم لای ئەو کچە کوردانە بوو کە بەرەنگاری نوسرە دەبوونەوە... بیرم لای دەروازە داخراوەکەی سنوور بوو. ئاواتم دەخواست لایەنە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان بۆ ئامانجێکی دیاریکراو پێک بێن. حیزبە ئیسلامییەکانیش بیریان لای مورسیی بوو... کراسەکەی عوسمانیان بیر کەوتەوە و کوردیان لە بیر نەما چی بە سەر دێ. جگە لە هەموو ئەوانە، سەدان ساڵ عوسمانلی بە ناوی ئیسلامەوە حوکمی کرد و ئێمە ژێردەستەیان بووین! چیمان کرد؟! جاروبارێ نەفەرێکی کورد دەبوو بە موفتی دەوڵەتەکە بەڵام فەتوای بۆ قڕکردنی ئێزدییەکان دەدا و بەرانبەر کەنیزە و ژنە تاڵانکراوەکانی ئورووپا فززەیان نەدەکرد!
پرسیار: ئایا لە كوردستان هێزە سیكۆلارەكان بەو شێوەی كە پێویستە توانیویانە كار بۆ لاواز كردنی بیرۆكەی ئیسلامی سیاسی بكەن؟ كەموكۆڕییەكانی ئەو لایەنانە لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسلامی سیاسی دا لە چی دایە؟
حەكیم كاكەوەیس: بە پێچەوانەوە، ئەوان هۆکارن بۆ گەشەکردنی حیزبی ئیسلامی... ئەوان خۆیان چەقی کێشەکانن! ئەگەر حیزبە ئیسلامییەکان پەیوەندیی ژێراوژێر یا ئاشکراشیان لەگەڵ داگیرکەراندا هەبێ، هەر بە قەدەر حیزبە سیکولارەکان نیانە! گومان دەکرێ لایەنی ئیسلامی هەبێ گەنجی کورد هەڵخڕێنێ و بۆ غەزا بیاننێرێتە سووریا. بەڵام عیلمانییەکان چییان کردووە؟! من باسی خەڵکی باشووری کوردستان ناکەم کە بۆ ڕۆژاواییەکان بە خەمن، بەڵکو باسی دەسەڵات دەکەم. ڕەفتاری حیزبە سیکۆلارەکان وا دەکا خەڵک زیاتر پەنا بۆ ئیسلامییەکان بەرن... ئەو گەندەڵی و ناهەقییەی لە کوردستان دەکرێ، وا دەکا ئەو خەڵکە پەنا بۆ هەموو لایەنێ بەرن بەڵام لەوان ڕزگاریان بێ... نازانم ئەو حیزبانە کەی لەوە تێدەگەن کە خەڵکی کوردستان لە دەست بەعس پەنای بۆ هەموو شتێک دەبرد؟! بەڵێ، ئێستاش لە دەست زوڵم پەنا بۆ هەموو لایەک دەبا... من لەم قسەیەم مەبەستم ڕووشاندن نییە، بەڵکو مەبەستم ئاگادارکردنەوەیە.
پرسیار: پێت وانییە كە باشتر وایە ئێمە لە بنەڕەوەتەوە، واتە لە پەروەردەوە كار بۆ لاواز كردنی ئیسلامی سیاسی بكەین. بە واتایەكی دیكە لە رێگای سیستمێكی پەروەردەیی سیكۆلاری بەهێزەوە بەرەوڕووی ئیسلامی سیاسی ببینەوە؟
حەكیم كاكەوەیس: بە باوەڕی من بوونی حیزبی ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا کێشە نییە و نابێ ئێمە بیر لەوە بکەینەوە بەربەست لە بەردەم ئیسلامی سیاسیدا دانێین. باوەڕی دینی بوارێکە و خەڵکێکی زۆر لە خۆ دەگرێ و مافی دەربڕینی بۆچوونی خۆیان هەیە. بۆچی لە ئورووپا مەسیحی سیاسی هەیە و وڵات بەڕێوە دەبەن و هیچ کێشەیەکیش دروست نەبووە؟ کام حیزبی کوردستان لە حیزبە ئیسلامییەکان کوردستانیتر و نەتەوەییتر و نیشتیمانپەروەرترە؟! ئەی کامەیان ئازادیخوازترە؟ چ کاتێ حیزبی عەلمانی کوردستان ئاڵای سەربەخۆیی بەرز کردووەتەوە و ئیسلامییەکان بەربەست بوونە؟! لە ڕاستیدا، کێشەی من ئەوە نییە بنەما فکرییە ئایدۆلۆژییەکە چییە بەڵکو ئەوەیە لە باسی سەربەخۆیی کوردستاندا چ هەڵوێستێکی هەیە. گرنگ جۆری حیزبە سیاسییەکەیە کە چۆن کار دەکا و ئامانجی چییە. بە لای منەوە حیزبی ئیسلامی کوردستانی، ئەگەر وەکو من و تۆ لە خەمی ئازادی کوردستاندا نەبێ، پێویستە قەدەغە بکرێ! حیزبی کۆمۆنستیش بە هەمان شێوە... ئەگەر بمانەوێ سستەمی دیموکراسی پەیڕەو بکەین، پێویستە مەودای هەموو کەس بدرێ ڕا و بۆچوونی خۆی دەربڕێ. بەڵام حیزبایەتییەک لە بەرژەوەندیی لایەنی دەرەکی بێ یا خەمی ئازادی نیشتمانەکەمانی نەبێ، ئەوە دەچێتە خانەی جاسووسی و خیانەتکارییەوە، جا ئیسلامی بێ یا نائیسلامی و حیزبی وا لە هەر وڵاتێکی دنیادا بێ یاسا سنووری بۆ دادەنێ و بیانووی بیروباوەڕیش چ دادی نادا. بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا ئەوەی یاسا دادەنێ خۆی یاساشکێنە و خۆی پێویستی بە ڕاستکردنەوە هەیە.
ئیسلام لە ئێمە غەریب نییە و لە بەرژەوەندیی کوردیشدا نییە بەرەیەکی تری شەڕ بەرەوڕووی دین بکاتەوە.. نازانم بۆچی ئیسلام لە زۆر کەس بووەتە بڤە!! ئیسلام تورکیایەکی بۆ تورک دروست کرد کە یەک بستی هی خۆیان نەبوو. ئیسلام ئێرانێکی گەورەوگرانی لە ژێردەستەیی عارەب پاراست و کردی بە خاوەنی وزەی ئەتۆم! ئەی ئیسلام بۆچی لە کورد بووە بەڵا؟! نا باوەڕ ناکەم ئیسلام بیەوێ کورد کۆیلە بێ. ئەوە خۆمانین ئیسلاممان کردووەتە کەرەسەی کۆیلایەتی خۆمان. چما تەنیا ئیسلاممان بۆ کۆیلەبوونی خۆمان بەکار هێناوە؟! کۆمۆنیزممان بۆ کۆیلایەتی بەکار نەهێنا؟ تەنانەت ئەو حیزبانەش کە ئێستا لە کوردستاندا دەسەڵاتیان هەیە، یەکەم حیزبن لە مێژووی کورددا کە دانیان بە دەوڵەتی عێراقدا نابێ و خۆیان وەک عێراقی خستبێتە ڕوو!. خۆ ئەوان ئیسلامی نەبوون!
کورد دەڵێ: تەشیڕێس تەشیڕێس بێ، بە کلکی کەریش بێ دەیڕێسێ! ئێمەش ئەگەر خۆمان میللەتێکی ئازادیخواز بین، ئیسلامی بین یا کۆمۆنست یا دیموکرات، ناکرێ لە ئامانجی سەربەخۆیی بێینە خوارێ. خۆ ئیسلام پڕە لە ڕێنمایی بۆ ئازادیمان. کۆمۆنیزمیش پڕە... سۆسیالیزمیش پڕە... بەڵام سوودمان لە هیچیان نەدیوە. ئێمە دەبین بە ئیسلامی نەک ئازادیخواز! دەبین بە کۆمۆنست نەک ئازادیخواز! دەبین بە دیموکرات نەک ئازادیخواز! دەبین و دەبین بە هەموو شتێک ئازادیخواز نەبێ! ئیتر ئەم ئایدۆلۆژیا یا ئەوی تر بڵێ چی؟! جگە لە هەموو ئەوانە، وەک لە جێی تریشدا گوتوومە، بە چ مەسرەف و هێزێ دەتوانین باوەڕی ئیسلامی لە ناو کورددا نەهێڵێن؟! ئەوەی بۆ نەهێشتنی ئیسلام لە ناو کورددا سەرفی دەکەین، حەوت جار بەشی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان دەکا بە پارچەی پێنجەمیشەوە و ئیسلامیش بنەبڕ نابێ! چۆن لە دەوڵەتە ڕۆژاواییەکان خەڵک هەن خۆیان بۆ کەنیسە تەرخان کردووە و ڕێزیشیان لێ دەگیرێ، با کوردیش هەبێ خۆی بۆ مزگەوت تەرخان بکا و ڕێزێشی لێ بگیرێ. بەڵام حیزبە بە ناو عەلمانییەکان کەی باسی سەربەخۆییان کردووە و ئەوان بەربەست بووبن؟! کەی پەیوەندیی ئەوان بە تورکیا و ئێران و بەغداوە لە پەیوەندیی حیزبەکانی تر زیاتر بووە؟! ئەگەر هەموو خەتاکان بخەینە سەر ئیسلامییەکان، لە ڕاستیدا نەخۆشییەکانی خۆمان نادۆزینەوە! ئەگەرچی شێخی نەمر هەڵەشی هەبووە، بەڵام خۆزگە بە هەموو حیزبە عەلمانی و عیلمانی و ئیسلامییەکان نیوەی ئەو ئازادیخواز دەبوون!
پرسیار: وەك دوا پرسیار داهاتووی ئیسلامی سیاسی لە كوردستان و ناوچەكە چۆن دەبینی؟
حەكیم كاكەوەیس: من پێم وایە پیلانێکی یەکجار گەورە لە دژی ئاینی ئیسلام بە گشتی لە ئارادایە و جێبەجێکەرانی ئەو پیلانەش لە ناوخۆی موسوڵماناندا، لە ناو حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکان و مزگەوتەکان دایە، بە تایبەتی لە ناو سەلەفییەکاندان. فەتوای وەها سەیر و مەترسیدار لەم سەردەمەدا دەدرێ، مرۆ لە خۆڕا دەکەوێتە گومانەوە! تۆ بڵێی شتی وەها لە ئیسلامدا هەبێ؟! شەڕکردنی گەنجی کورد لە دژی لێقەوماوانی کوردی ڕۆژاوا لە ئیسلامەتیدا جێی نابینمەوە، چوونە ریزەکانی داعش و شەڕکردن لە دژی پێشمەرگە لە ئیسلامدا جێی نابێتەوە... ڕاوەستانی ئیسلامییەکان وەک بەردی ڕەق بەرانبەر هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە جیهاندا ڕوودەدەن لە بەرژەوەندیی ئیسلامدا نییە. دەزانین ئەمریکا، لە دوای داتەپینی یەکێتی سۆڤیەت بە دوای نێچیرێکدا دەگەڕا بیخاتە سەنگەری بەرانبەر تا هەم جێی کۆمۆنیزمی بۆ بگرێتەوە و هەم بیانووی دەستێوەردانی بە دەستەوە بدا. ئیسلامییەکانیش، بە تایبەتی سەلەفی، بە ویستی خۆیان و بە ئانقەست ئەو جێیەیان پڕ کردەوە و بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی ئەمریکا دایە. گەنجی خوێنگەرمی موسوڵمان ئاگایان لەو گەمە و لەو قومارە نییە و ساکارانە پێوە دەبن... یەکێ لە واشنگتۆن گەمەیان پێ دەکا و یەکێ لە سعوودییە و قەتەر داش بە داشیان پێ دەکا. ئەمریکا خۆی هاوکارییان دەکا و خۆشی بە تیرۆرست ناویان دەبا و هەر لە عێراقدا، چەندین جار خەڵکیان بە تاوانی تیرۆرەوە گرت و دوای ماوەیەک ئازادیان کردن... خۆ لەوانە کوردیش هەبوو کە دەستگیر کرا و دوایی ئازاد کرا.
حیزبە ئیسلامییەکان خەریکە کۆمەڵگەی کوردی دەکەنە دوو بڕەوە: بڕێکی خۆیان و ئەوی تر دژی خۆیان... کارەساتیش ئەوەیە خۆیان بە ناوی خواوە قسە دەکەن و دەسەڵاتیان هەبێ دەرەوەی خۆیان بە مورتەد لە قەڵەم دەدەن. بەڵام با جارێ کێشەی ناوخۆیان چارەسەر بکەن ئەوجا بچنە سەروکۆکڵی دەرەوەی خۆیان. کەسێکی ئاینپەروەر، بە داخەوە ناوەکەیم لە بیر نەماوە، لە فەیسبووکدا باسی ئەوە دەکا کۆمەڵێ لە پیاوانی ئاین، دوای بەربانگ چوونەتە مزگەوت بۆ نوێژ، کەچی هەر دەستەیە و بە جیا نوێژی دابەستووە! پیاو نازانێ گوێ لە کام دەستەی ناو ئیسلام بگرێ!! مەزەبەکانمان لێ بەڵا بوون حیزب و ڕێکخراویشیان هاتە سەر!
باوەڕ دەکەم کۆمەڵگەی کوردی کاردانەوەیەکی خراپی بەرانبەر ئەم شێوازە ئیسلامییە هەبێ. خۆ سەلەفییەکان هەر بە جارێ ناخۆشیان کردووە. خۆیان سەر بە سعوودییەن و سعوودییەش لە سێبەری ئەمریکادا دەژێ و ماوە. کەچی خەڵکی ناموسوڵمان دەکوژن. خۆ ئەگەر ڕەوتێکی توندڕەوی مەسیحی بەرانبەر بە موسوڵمان پەیدا بێ، لە ٢٤ سەعاتدا خاکمان دەبێژن!
من دڵنیام کلکی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناو حیزبە ئیسلامییەکانی ناوچەکەدا، بە تایبەتی لە ناو سەلەفییەکاندا تۆز دەکا، بەڵام باوەڕ ناکەم گەنجی بێ ئاگا کە خۆی دەتەقێنێتەوە ئاگای لە گەمەکان بێ. هەر لە کۆنەوە یەک مەلایان بە لای خۆیاندا ڕاکێشابێ، ئیتر حەساونەتەوە و یاری خۆیان بە دڵی خۆیان ئەنجامداوە.
 
 
 
پرسیار: رات لەسەر داعش چییە؟ ئەو کارانەی کە داعش دەیکا چ کاریگەرییەکی هەیە لەسەر روانگەی خەڵکی کورد بەرانبەر بە ئیسلام؟ بۆ داعش هێرشی بۆ سەر کورد هێنا؟
حەكیم كاكەوەیس: وا دەزانم دەوڵەتی ئیسلامی، کە بە داعش ناوی دەرچووە، عەقڵێکی دەرەکی بەڕێوەی دەبا و بە باشی لە دەروونی مرۆڤ تێدەگەن و دەیترسێنن و هەنگاوی بە پەلەی چاوەڕواننەکراو دەنێن، ئەگەرچی مەرجی بەردەوامبوونیشی زۆر لاوازە و ئەوەشی کە دەیکەن، ئامانجە نەک ڕێبازێک بەرەو شتێکی تر. ناوچەیەکی فرەوانیان داگیر کرد و چاوەڕوانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتە زلهێزەکان نەبوون ئاخۆ چ دەڵێن یا چ ناڵێن. ئەمانیش وەک القاعیدە، کە ڕۆژاوا لە دژی سۆڤیەت پشتی گرت و دوایی بە خۆیەوە دا، ئامانی نییە و بەو کەسەشەوە دەدا کە پشتی دەگرێ. ڕۆژاواییەکان باش لەمە حاڵین.
 

fredag 21 november 2014

وا دەکەن بە ناچاری ڕاسست بیت


وا دەکەن بە ناچاری ڕاسست بیت!
شڕەقەڵەمی عارەبی شۆڤیەنی و پەراوێزەکانی کۆمەڵگەی عارەبی، هەرچی بە کورد بڵێن و چی بەرانبەر بکەن، بایی ئەوەمان بۆ دەمێنێتەوە بڵێین: "عارەبیش وەکو کورد، چاکیان تێدایە و خراپیان تێدایە و با تێکەڵیان نەکەین". نەخێر من ڕاسست نیم و هیچ بوارێکی ژیانم ڕێگەم نادات ڕاسست بم بەڵام هەموو ئەو بوارانەش ڕێم نادەن خۆم بخەڵەتێنم و میللەتی سەردەستە، کە کارگەی سەربازی کوردکوژییە و کەرەسەی داگیرکاری نیشتیمانی منە، بە برا لە قەڵەم بدەم و ئەملاو ئەولام لێ بگرێ و بێخەم پشتی لێ بکەمەوە، لە کاتێکدا سەرجەمی ژیانم و چارەنووسم بەو خۆخەڵەتاندنەی سەرانی کوردەوە سووتاوە و ئێستاش خوێن لە برینی بیرەورریم دادەچۆڕێ! لەوەش گەڕێ هەر ڕژێمێک حوکمی عیراقی لە دەستدا بووبێ لە کوردکوشتن و تەعریبکردنی کوردستاندا کەمتەرخەمی نەکردووە و کوردیش بە زاراوەی "ڕژێمی بەغدا" خۆی بەنج کردووە و عارەبی لە تاوانان بێبەری کردووە و وەک جووجەڵە چۆتەوە بن باڵی برایەتی عارەب!
بەڵام کە کار گەیشتە ئەوەی شاعیری ناودار و پێشکەوتنخواز و چەپڕەو و تەڕەماشێکی وەک سەعدی یوسف بە کوردستان بڵێ "قردستان - مەیموونستان" ئیتر سەلماندوویەتی ماسییەکە لە سەرەوە بۆگەن بووە و کەڵکی پێداچوونەوە و تیمارکاری و پینەدۆزی ئەو برایەتییە، مەگەر هەر لای ئەوانە مابێ کە قردستانیان بە سەردا دەسەپێ! ئەوانەش چەند لە سەر ئەو ئاوازە نەشازە کۆنە سوورتر دەبن سووکتر دەبن تا دەگەنە دووڕێیانێک یا دەبێ بە ڕاست و چەپدا لە میللەتی خۆیان بکوژن و ببن بە سەگی پاسەوانی بیرە نەوتەکان و لە کوردبوون بشۆرێنەوە، یا دەبێ دەست لەو ڕستن و خەڕەکە پیسە بێبنەمایە هەڵگرن، کە هەر بەو جۆڵایانە دەکەن کە لە بۆش، بەرگی پاشا ڕووتەکەی (ئەندرسن)یان لە چیرۆکی (کراسە نوێیەکەی قەیسەر)دا دەدووری.
لە ڕاستیدا، چۆن من لە ترسی ئەو پێشکەوتنخوازانەی شەو و ڕۆژ شیڕەی دژە نەتەوەییان دێ و بە هەموو بۆنەیەکەوە و بە بێ بۆنە، نەتەوایەتی بە باڵای هەرچی دز و خائین و خۆفرۆش و سەقەتکەری زمانی کوردی هەیە دەبڕن و دەدوورن و ناپرنگێنەوە، تا ئێستا نەموێراوە عارەب وەک دوژمن ببینم، چونکە پێم وابووە لە بەرانبەردا، کەسانی وەک "سەعدی یوسف"یش زات ناکەن دوژمنایەتی کورد وەک میللەت بکەن، بەڵام ئێستا ئەو شاعیرە ناودار و لووتکەیەی عارەب، کە خوا دەزانێ چەندی سەفتە دۆلاری کوردی پێ دراوە، کوردستانی بە قردستان ناو بردووە، دەرفەت دەدا کوردیش لە بری "عرب" بنووسێ "جرب" و کاتێکیش ئەو دەڵێ هەڵەی چاپ بووە، کوردیش بڵێ هەڵەی چاپ بووە، ئەگەرچی مرۆڤێک قەدری خۆی و خەڵکیش بزانێ، هێشتا بە لایەوە ئاسان نییە زاراوەی وا لە دژی جەستەی ئەو ماسییە بڵێ کە سەرەکەی سەعدی یوسفە و بۆگەن بووە!
نازانم چۆن سەرانی کورد تا ئێستا ئەو حیکمەتەی عارەبیان ڕەچاو نەکردووە کە موتەنەبی گوتویەتی: إذا انت اکرمت الکريم ملکتە و إذا انت اکرمت اللئيم تمردا. واتە ئەگەر چاکە لەگەڵ وجاخزادەدا بکەیت دەیکەیتە هی خۆت، بەڵام لەگەڵ ناکەسیدا بکەیت لێت یاخی دەبێ!


lördag 8 november 2014

هەولێمانی... یا فەلسەفەی یان و ینگ

 
کورد جۆن چارەسەر بۆ کێشەکانی خۆی دەدۆزێتەوە؟ چۆن لە ڕەخنە دەڕوانێ؟ تۆ یا من یا هەر کەسێک کە بیر لە بەرژەوەندی باڵای کورد دەکاتەوە، کاتێ لە کادرێکی یەکێتی درپرسێ: "ئێوە فڵانە هەڵەتان هەیە!"، بەڵێن نادات چارەسەری بکات و ناڵێ هەڵە نییە، بەڵکو یەکسەر دەڵێ: "ئەی پارتی فڵانە هەڵەی گەورەی نییە؟". کە دەڵییت سەرۆکایەتی کۆماری عیراق بۆ کورد بێ یا نەبێ دەردی کورد چارەسەر ناکات، لە وەڵامدا دەڵێن: ئەی ئەوە نییە فڵان وەزیر و فڵان جێگری سەرەکوەزیرانیش لە پارتییە؟ خۆشبەختانە لەم ڕۆژانەدا پەرلەمانتارێکی یەکێتی ڕاستگۆیانە گوتبووی: هەندێ لەو هۆکارانەی کە وایان کرد ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێ، ململانێی حیزبی نێوان پارتی و یەکێتی بووە. ئەم ڕستگۆییەش سەرەتایەکی باشە.
ئێستا بە پارتیش بڵێ: "ئێوە شەنگالتان بە گورگانخوار دا"، دەڵێن: "ئەی یەکێتیش جەلەولای بە گورگانخوارد نەدا؟". ئیتر تەواو، کێشەی شەنگال لە لای پارتی چارەسەر بوو! ئەو وەڵامە شەنگال دەرباز ناکات.. ئەو وەڵامە یەک کچە ئێزیدی لە چنگی داعش دەرناکات. ئەو وەڵامە نەختێ ئازارشکێنە و هیچی تر! لە ڕاستیدا، ئەوە نە وەڵامە و نە چارەسەر. ئەوە قسەکەی کاک ئیبراهیمی هاوڕێمە: بێشەرەفی کەس بۆ هیچ کەسێکی تر شەرەفمەندی نییە!
بەڵام کاتێ باسی ئەو گفتوگۆیە ناوەختە ئابڕووبەرە دەکرێت کە ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ بەعسدا کرا و بە ماچەکانی بەغدا ناوی دەرکرد، چونکە هەردوولا پێکەوە بۆی چوون و بەشدار بوون، زمان لە دەمیاندا ناگەڕێ، مەگەر بڵێن: بەرژەوەندی کورد لەو کاتەدا وای دەخواست! (کە قەت وای نەدەخواست). یا دەڵێن: "دیارە حیکمەتێکی تێدایە و ئێمە نایزانین". کاتێ دەڵێین: "ئێوە گەندەڵکار و دزن و پڕن لە فایلی خیانەت، هیچ وەڵامێکت دەست ناکەوێ، بەڵکو دەڵێن: ئەی ئەوان خیانەتیان نەکردووە؟ ئەی تەحسین شاوەیس چی بوو؟! واتە دەبێ ئێمە باسی هیچ نەکەین ئەو داشبەداشە بێمەعنایانە نەبێ... ئەمان چی دەکەن و ئەوان چی دەکەن تا دەگەینە ئەوەی بڵێین: ئەمان ئەوەندە هەزار ئۆتۆمبیلیان دا بە داعش، ئەوانیش ئەوەندە تۆن چەکیان گەیاندە دەستی داعش، داعشیش مەکینەیەکە پێشمەرگەی هەردوو لا دەهاڕێ و کچی هەر کوردێکی دەست بکەوێ دەیکاتە جارییە، پێشمەرگە و ئەو کچانەش کچ و کوڕی ئەوانەن کە لە سەرکردایەتییەکانەوە دوورن و چ جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵیاندا نییە، بەڵکو کوڕ و کچی من و تۆن. (یین و یانگ) لە فەلسەفەی چینییەکاندا جمکێکن، یەکتری تەاو دەکەن... شەو و ڕۆژن. خێر و شەڕن، بەڵام بە بێ یەکتر نابن. هەر دەڵێی پارتی و یەکێتین. ئەمیان ڕۆحی ئەویانە و ئەویان ڕۆحی ئەمیانە!
ئەوە هەڵەی حیزبەکانە و با بزانین هەڵەی جەماوەری کوردستان چییە. هەڵەی لایەنگرانی ئەو دووحیزبە لە کوێدایە؟ ئەو هەڵە و کارە نابەجێیانەی ئەو دوو حیزبە ئەنجامیان داوون، لە ناو هەر میللەتێک بوایە، ئێستا ئەو دوو حیزبە شوێنەواریشیان نەمابوو. بەڵام کورد، ئەوەندەی بە چڕی یەکێتییە (واتە دژەپارتییە)، ئەوەندە کورد نییە، بۆیە دەبێ یەکێتی هەر بمێنێ... ئەوەندەی بە چڕی پارتییە (واتە دژە یەکێتییە)، ئەوەندە کورد نییە، بۆیە دەبێ پارتیش هەر بمێنێ. کە کار دێتە سەر بیر و باوەڕیش، کورد ئەوەندەی موسوڵمانە ئەوەندە کورد نییە و بەرانبەر ئەوەش، کاتێ لە ئیسلام تووڕە دەبێ، ئەوەندەی دژەئیسلامە ئەوەندە کورد نییە و هەر کەسەش بۆ خۆی یەک بوخچە بەڵگەی هەیە و دڵی خۆی پێ خۆش دەکا و بە دەنگی بەرز دەڵێ: من ڕاست دەکەم، هەرگیزیش ڕاستی نەکردووە!
بەرگریکردن لە هەڵەی حیزب لە لایەن لایەنگرانی خۆیەوە، هەمان ئەو دەروێشییەیە کە بۆ شێخەکان دەکرا تا ئەوەی شێخ دەڵێ من نەفڕیووم، دەروێشەکەی دەڵێ: شێخ (...)ی خوارد، من بە چاوی خۆم دیتم فڕی! ئەم وردبوونەوانە بەرەو ئەوەمان دەبەن کە کورد لە بەردەم دووڕێیانێکدایە: یا فەوتان و لەناوچوون، یا وشیاربوونەوە لەو دەرمانە سڕکەرەی کە پێی دەڵێن حیزبایەتی... حیزبایەتی وەک ئامانج نەک وەک کەرەسەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانج. ئەگەر ورد بینەوە دەزانین بۆچی شێوازی کار و ئاستی دڵسۆزی باشوور، لەگەڵ ڕۆژاوا و باکووری کوردستاندا بەراورد ناکرێن. هەر بۆ نموونە: ساڵح موسلیم چی هەیە و خزمێکی دووری کاک مەسعوود یا مام جەلال چی هەیە؟ ئەو چۆن دەژێ و ئەمان چۆن دەژێن؟!
سەرمایەی سەرکردەی هیچ حیزبێک یا هیچ میللەتێک پارە نییە، بەڵکو ئاستی دڵسۆزییە بۆ خاک و نەتەوە. ئەگەر وا نەبێ، ئەمڕۆ بێ یا سبەی، ئەو حیزبە دەبێ بە مافیا و جگە لە بەرژەوەندی (ڕابەری گەورە) هیچ شتێکی تر، نە خاک نە نەتەوە لە ئاردا نامێنێ! سەرباری ئەو هەموو بەڵایە، هەندێ لە نووسەران کە خەریکی چەواشەکارین، ئەو دوو لایەنە بە ناسیۆنالست بە خەڵکی کوردستان دەناسێنن.. دزێک، ڕێگرێک، پیاوکوژێک، فایلدارێک یا ڕێگرێک، مادام لە گەڵ ڕەوتی فکری و فەلسەفی خۆی هاوتەریب نییە، هەر دەبێ ناسیۆنالست بێ، ئەوەش بۆ ئەوەی کورد دوای هەموو شتێک ئەوجا کوردبوونی خۆی بیر بکەوێتەوە! ڕەنگە ڕاست بکەن، بەڵام بۆچوونەکانیان لە کۆمەڵگەی ئەڵمان یا نەرویج نەختێ بە ڕاست دەگەڕێ، نەک لە کۆمەڵگەیەکدا، خاکی داگیر و دابەش کراوە و زمانیشی بڕاوە.
لە باسی ئاڵووێری بازرگانی نێوان داعش و هەندێ لە سەرکردەکان، بە تایبەتی بازرگانی چەک بە نەوت، بە پێی هەندێ سەرچاوە بێ، ژمارەی ئەو کەرکووکییانە زۆرە کە لە هەردوو حیزبەکەدا باڵادەستن. ئەمە دەردی دەردانە! وەرە هەم کەرکووکی بیت و هەم ئەو خیانەتە گەورەیە لە نیشتیمان و پێشمەرگە بکەیت! تاوانی ئاوها لە چ شوێنێکی جیهاندا، کوردستانی لێ دەرچێ، بە خیانەتی هەرە مەزن حیساب ناکرێ! دەڵێن قەیسەری ژاپۆن کە بۆ ئیمزاکردنی دۆڕاندنی دووەم شەڕی دنیا چوو، پێدەکەنی. پێیان گوت: وڵاتەکەت دۆڕاوە و تۆ پێدەکەنیت! گوتی لە خۆشی ئەوە پێدەکەنم ئەو هەموو شەڕە کرا و ئەو هەموو کوشتارەمان لێ کرا، کەچی یەک خیانەتکار لە وڵاتەکەماندا نەبوو! سبەینێ کورد بشبێ بە خاوەن وڵاتی سەربەخۆ، هەر دەبێ بە هۆی ئەو هەموو خیانەتەوە کە ئەنجام دراوون، هەمیشە سەرمان خوار بێ! خیانەتی ئێمە لە ئاستێکی زۆر باڵاوە ئەنجام دەدرێ و هیچ پاساوێکی نییە! دەبێ نەوەکانی داهاتوو مەرد بن و مۆزەخانەیەکی گەورە بۆ خیانەتی باوباپیرانی خۆیان بکەنەوە و لە هەموو بۆنەکاندا بۆ نەفرەتکردن سەردانی بکەن.
بەڵێ دەردی کورد زۆر گرانە، بەڵام من ئەو هیوایەم هەیە کاتی وەئاگاهاتنەوەی خەڵکی کوردستان زۆری نەمابێ. ئەو ڕۆژەش کە بە ئاگادێنەوە، ڕۆژی کۆڕەوی سیاسەتمەداران دەبێ، ئەگەر بەختیان بێنێ و فریا بکەوون! بە هەرحاڵ، نە عودەی و قوسەی فریای خۆدەربازکردن کەوتن، نە باوکیان. جا نازانم ئەو هەزاران عودەی و قوسەیەی کوردستان چەندیان فریای خۆیان دەکەوون.. ئاخر هەر لە گوندێک و گەڕەکێکدا چەند چارەیەکی بەدی وەک ئەوان، لە سێبەری سەرکردەکاندا هەڵتۆقیوون! ئازیزێک بۆی گێڕامەوە: بەچکە بەرپرسێک لە (هەولێمانی.. هەولێر و سلێمانی) کۆشکەکەی ٣٠٠ دەفتەری تێچووە و مەیموونێک و باغەوانێکی ڕاگرتووە. باغەوانەکەی، کە بەچکە هەژارێکی ناحیزبی کوردە، لە کارێکدا بە قسەی نەکردبوو و ئەویش بە سەریدا قیژاندبووی: "ئەگەر هەر ئێستا لە بەر چاووم وەل نەبیت، بە بەر چاوی عالەمەوە وەک ئەو مەیموونە بە زنجیر دەتبەستمەوە!".. بیبەستەوە، کاکە بیبەستەوە! هەموومان مەیموونی خۆتانین و مەمنوونیشین... عودەیمان لێ نابڕێ بەڵام ئەم جارە عودەی ملشکاو لە خۆمانە!
سەرنج:
١. (هەولێمانی) لە ڕووی حیزبحیزبێنەوە کۆکراوەی هەولێر و سلێمانییە
یین و یانگ Yin and Yang ٢.



tisdag 21 oktober 2014

تەعریب هەر تەعریبە، چ عارەبی زۆردار بیکات، چ کوردی خائین



هیوادارم بەر لە خوێندنەوەی ئەم نووسینەی من، ئەم بابەتە بخوێننەوە:
http://www.xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=13896&Jor=1

هەندێ جار بیر لەوە دەکەمەوە ئەگەر ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەیکات فەرمان و کاری خوا بێ و خوا وای بوێ کە ئەوان دەیکەن، ئەی کاری شەیتان چییە و چۆنی دەوێ؟ ئەگەر کوشتنی بێتاوانان و زیناکردن و منداڵکوشتن و بازرگانیکردن بە ژنی کوردەوە و داگیرکردنی خاک و شار و گوندی خەڵکی، فەرمانی خوا بن، خۆ شەیتان، لەبەر ئەوەی پێچەوانەی کار و ویستی خوای دەوێ، دەستبەتاڵ و بێکار دەمێنێتەوە و ئەو داماوە دەبێ پەنا بۆ چاکەکاری ببا تا هەم لە دەستبەتاڵی دەرباز بێ، هەم بیسەلمێنێ دژی خوا و کردارەکانێتی... جا وەرە مرۆڤیش لە ترسی داعش نەوێرێ پەنا بۆ خوا بەرێ!
کە ئەو گوتارەی خەندانم خوێندەوە، هەمان بۆچوونم بەرانبەر جووتە حیزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان لە لا دروست بوو: ئەگەر ئەمانە ئازادیخواز بن ئەی کاری بەعس و داعش و دوژمنانی تری کورد و داگیرکەران چییە؟! بەعس، بەردەوام هەوڵی دەدا کەرکووک تەعریب بکا بەڵام بەو دڕندەییەی خۆیەوە نەیتوانی ئەوەندەی ئەم کۆترە کوردانەی یەکێتی و پارتی تەعریبی بکا؟! ئەی بۆ بەعس و داعش و ڕەگەزپەرستان و دوژمنانی تری کورد چی ماوەتەوە بیکەن؟ ئەو کڵۆڵانە، هەر ئەوەیان بۆ ماوەتەوە بکەونە سەر باری کوردایەتی و نەختێ بەرگری لە کەرامەتمان بکەن!
ئەوەی خەندان لەو بابەتەدا باسی کردووە، ئاگادارکردنەوەیەکی ترسناکە بۆ سەرانی پارتی و یەکێتی چونکە زۆری نەماوە جامی کورد پڕ بێ، ئەگەر پڕیش بێ، بەرپرسە باڵاکانی ئەو دوو حیزبە بەخیلی بە حاڵی سەددام دەبەن کە کونەکەمتیارێک هەبوو ماوەیەک پەنای بدا!
ڕاستییەکەی، هەستی نیشتیمانپەروەری و نەتەوەویستی، نەک هەر لای سەرانی ئەو حیزبانە نییە بەڵکو لە لای ئەندامە دامێنەکانیشیان بێ شوێنەوارە دەنا دەبوو لە ئاستێکدا بن لە کاتی تاوانی وادا بە سەرکردەکانیان بڵێن: "بووەستن! بەسە!". کێشەکە ئەوەیە پارتی هەر لە بنەڕەتەوە بە دەستی خەڵکی تر دروست بووە و یەکەم حیزبی باشوورە کە دانی بە دەوڵەتی داگیرکەری عیراقدا ناوە و یەکێتیش کە لە هەناوی ئەو حیزبە وەک کاردانەوە بەربۆتەوە، لەو عیراقیترە. خۆزگە کاردانەوەی عیراقچێتییەکەی پارتی، یەکێتیی دروست بکردایە نەک پلە و پایە و دەسەڵات و پاوانخوازی. من وەک کوردێک داوا لە کەسە هەرە باڵاکانی ئەو حیزبانە دەکەم ئەگەر بیر لە چارەنووسی خۆشیان ناکەنەوە، نەختێ بیر لە هەڵوێستەکانیان بکەنەوە و کارێ بکەن ببنەوە بە جێگرەوەی حیزبی هیوا کە سەریان خوارد نەک ببن بە جێگرەوەی بەعس کە کەرکووکی تەعریب کرد و کوردی ئەنفال کرد... با کارە ناتەواوەکانی بەعس تەواو نەکەن!
ئەوەی ئەمانە دەیکەن لووتکەی خیانەتە، جا بازرگانی بێ لەگەڵ داعشدا یا خاکفرۆشی بێ بە عارەب.. خیانەتە لە ڕابردووی خۆیان کە بە هۆی خوێنی شەهیدانەوە نەختێ سوور دەچێتەوە. خیانەت لە میللەتەکەیان کە قوربانی نەماوە نەیدا... خیانەت لە باوکی خۆیان... خیانەت لە وەچە دوای وەچەی کورد تا ئەوانەی هێشتا نەهاتوونەتە دنیاوە... کچانمان خزانە بەندیخانەوە و کوڕانمان لە خوێنی خۆیان گەوزان و باوکانمان حەسانەوەیان نەدی و خۆمان بە دەم چاوەڕوانی زندووبوونەوەی مردووەوە پیر و خەڕۆ بووین! دزی و تاڵانی و ئاودیوکردن و بە گورگانخواردکردنی کورد نەما نەیکەن، هیچ نەما تەعریبکنردنی کەرکووک نەبێ؟! تەعریب لە لایەن کورد خۆیەوە، گەورەترین خیانەت نەبێ چییە؟! خۆ دەبێ بپرسین جگە لەو دوو حیزبەی دەسەڵات کێ ئەم جۆرە خیانەتەی پێ دەکرێ؟
لە ناو ئەو کارەساتەدا، هەم دەستودامێنی نەجمەدین کەریم دەکەووم کە ئەم پیلانە گڵاوە پەک بخا، هەم داوا لە هەر کوردێکی کەرکووک دەکەم ڕێگری بکەن لەو خیانەتە هەرە گەورەیە! ئێمە چاوەڕوان نەبووین بەرپرسانی پارتی و یەکێتی خاکی کەرکووک بە عارەب بفرۆشن. ئەگەر ئەوە بە کاسبی دەزانن، خۆ کاسبی لەوەش بەپیتتر هەیە بیکەن! با نامووسی خۆیان بفرۆشن، نەک خاکی کوردستان، کە نامووسی نەتەوەیەکە!
ڕەنگە کادری تێر و پارەخۆری ئەملا یا ئەولا هەبێ بڵێ: ئەو حیزبانە وا لە سەنگەردا شەهید دەدەن بۆ پارێزگاریکردن لە کەرکووک. منیش هەر ئەوە دەڵێم ئەوانەی لە سەنگەردان، کەسی منن... ئەوان دەکوژرێن و بەرپرسەکان لە پشتیانەوە بەڕە لە بن پایان دەردەکەن و خاکەکەیان دەفرۆشن. جگە لەوەش، ئەوانەی شەهید دەبن، بە خوێی ئاشیش ناگەنەوە بەرپرسەکان... جا با ئەو قسانە بۆ خۆیان بکەن!!

onsdag 15 oktober 2014

چەند بزانین، هەر کەم دەزانین


با کەس بە هۆی ئاستی ڕۆشنبیری تەمەن و تاقیکارییەکانی خۆیەوە، لە خۆی بایی نەبێ. چەند بزانین، هەر کەم دەزانین، یا هیچ نازانین. ئەوەی دەرچووی قوتابخانەی حیزبەکانی باشووریش بێ، بۆ سەرفرازی کورد گۆچانی پێ دەوێ تا ڕێی خۆی پێ بدۆزێتەوە.
هەزاران جار لە دەست ویژدانی مردووی جیهان بەرانبەر بەو غەدرانەی کە لە کورد کراوون، هاوارمان کردووە و ناڕەزاییمان دەربڕیوە و سەرسوڕمانی خۆمان دەربڕیوە. دنیا لە ئاستی ئەنفالکردنی کورد کەڕوکاس بوو. لە ئاستی شەهیدکردنی شارێکدا بێدەنگ بوو. کۆڕەوی ١٩٩١ کارێکی وای نەکرد جیهان بشڵەژێ. ئەوەی کۆڕەو کردی، دانانی پەرژینێک بوو لە بەردەم سوپا هارەکەی بەعس بۆ پارێزگاریکردن لە هەبوونمان وەک کۆمەڵێ مرۆڤ. ئێمە لێقەوماو بووین چونکە گیانی بەرگریمان سفر بوو. شەنگالیش یەکێ بوو لەو بابەتە کارەساتانەی بە سەر کورددا هات... تەنانەت بازرگانیش بە کچی کوردەوە کرا، بەڵام هەژانی جیهان بایی ئەوە نەبوو کە پێویست بێ. دیسان کۆمەڵێ خەڵکی بەستەزمان بووین و نەمانتوانی بەرگری بکەین.
کەچی کوبانێ، بێ ئەوەی داگیر بکرێ یا وەک شەنگالی بە سەر بێ یا وەک هەڵەبجە بخنکێ، دنیای هەژاند. بەرانبەر کوبانێ، جیهان نە کەڕە و نە کاسە و نە ویژدانیشی مردووە. بۆ بەرگریکردن لە کوبانێ هەموو جیهان هاتۆتە دەنگ و (ئەفرۆدیتە)[1]کانی کوبانێ، چاوی جیهانیان کردەوە... هەتا ئێستا و لە هەموو ئاستەکاندا هەر هاوارمان کردووە: فریامان بکەون خوراین!! هاوارە لە برساندا مردین!! بەڵام لە کوبانێ کەس ئەو هاوارەی نەکرد.. خەڵکی قارەمانی ئەو شارە بوون بە دیواری بەرد و داعش سەری خۆی پێیدا دەکێشا. داعش خۆشیان بە قارەمانێتی کوبانێ سەرسام بوون و گوتیان: ئێوە چین؟! ئێوە نە بە کەڵکی دۆستایەتی دێن نە دوژمنایەتی! کابوول، کە نەمبیستووە ڕۆژێ لە ڕۆژان، لە سەر کورد بەدەنگ هاتبێ، بۆ کوبانێ بەدەنگ هات و ئاڵای کوردستانیان بەرز کردەوە و هەزاران کەس هاواریان کرد: کوبانێ تەنها نییە! کوبانێ وای لێ هاتووە ئۆبامای ئەمەریکاش ناتوانێ لێی بێدەنگ بێ.
ئەمازۆنەکانی یۆنان

دیارە ئەوەی خەڵک دەکا بە دۆستمان ئەوەیە بۆ خۆمان هەبین. شێرە ژن و کوڕە ئازاکانی کوبانێ بەرگری دەکەن و سەرنجی جیهان ڕادەکێشن. هاوسەری ساڵح موسلیمی سەرکردە، خەریکی خشڵ و باقوبریق نییە و نازناوی دایکی شەهیدی بە دەست هێناوە و لەگەڵ ژنانی هاوتەمەنی خۆیدا پێداویستی شەڕوانان ئامادە دەکا... ئەو (ئافرۆدیتە) کوردانە، بە خاک خۆیان ئارایشت دەکەن و بە دەم ئازاری برینکارییەوە گۆرانی بۆ کوبانێ و کورد دەڵێن! سەرنجی جیهانی سەرمایەداری، بە ڕووتبوونەوە و خۆبادانی ژنان ڕاناکێشرێ و خۆیان لەوەیان کەم نییە، بەڵام ژنی کورد داستانی (مەمکبڕاو)[2]ەکانی یۆنانی کۆن زندوو دەکەنەوە و سەرنجی دنیا ڕادەکێشن... سۆزی خەڵکی دنیا بۆ قارەمانان دەبزوێ نەک بۆ ڕاکردوو و هاواربەدەمێک، لە لایەکەوە داوای چەک بکا و لە لایەکەوە لەگەڵ داعشدا خەریکی بازرگانی بێ... بازرگانی نەوت و ئۆتۆمبیل... تەنانەت بازرگانی ئەو چەک و کەرەسانەش کە بۆ هاوکاری کورد دێن!!
با دانی پێدا بنێین، ئێمە نزیکەی حەفتا ساڵە لە خشتە دەبرێین و بەخۆمان نەزانیوە... نازانین بۆچی (هیوا) و (ژێ کاف)، کە ئامانجیان سەربەخۆیی کوردستان بوو، لە گۆڕ نران و (حیزب و پارت)ی دیموکرات، بە ڕێنوێنی دەسەڵاتی ستالین لە جێیاندا هکەڵتۆقین و بۆ یەکەم جار دانمان بە دەسەڵاتی داگیرکەردا نا و هەرچییەکیش لەو دووە کەوتەوە، بۆ یەکپارچەیی عیراق و ئێران، کوچک لە ئاگر گەرمتر بوو. ڕۆژاوا و باکوور نەکەوتنە ژێر کاریگەری ئەو جادووەوە و ئێستا جیاوازییەکان ئاشکران.
ئەگەر خۆمان گیانی بەرگریمان نەبێ و هەر خەریکی ڕاکردن و هاوارکردن بین، کەس نامانبیستێ، بەڵام ئەگەر کوبانێ ڕێبەرمان بێ، هەموو جیهان دۆستمانە... تەنانەت دانیشتوانی کابوولیش...




[1] ئافرۆدیتە: لە داستانە یۆنانییەکاندا ئەو بوونەوەرە بووە کە هەم نێر بووە هەم مێ. بە خواوەندی زاوزێ ناسراوە و ڕەنگە وشەی ئافرەت لەو ناوەوە هاتبێ یا ئەو وشەیە لە ئافرتەوە سەرچاوەی گرتبێ.
[2] مەمکبڕاوەکان یا ئامازۆنەکانی یۆنان، ئەو ژنانە بوون کە مەمکی ڕاستی خۆیان دەبڕی یا دەیانسووتاند بۆ ئەوەی لە تیرەندازیدا لێیان نەبێتە بەربەست. زۆرترین شەڕی ئەمانە لە دژی فارسەکان بوو.

fredag 10 oktober 2014

سەرمایەکەتان سووکتان دەکا


سەرمایەکەتان، چونکە دزێتییە، سووکتان دەکا
لەو وێنەیە ڕامێنە، کە بە بێ ئیزن، لە دیوارەکەی کاک حەمەڕەشید هەرەسم کردۆتەوە. منداڵێک لە تەمەنی گوڵدا، بە جووتێ نەعلەوە، لە سەنگەردایە... دەستم بڕوا، پارەی هەرچی سەرکردە و وەزیر و گزیر و دەهۆڵژەنەکان و ئەندامانی پەرلەمان هەیە، دەیدەم بە جووتێ کاڵەی گورجوگۆڵ و دەیکەمە پێی ئەو منداڵە کە تازە لە لانەی شێرانەوە سەری دەرهێناوە و بەرگری لە کەرامەتێک دەکا کە هێشتا نازانێ چییە!
ئەمڕۆ پارەی سەرمایەدارە دزەکان و سیاسییە قاچاخچییەکان، بۆتە باڵۆنێک و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خاوەنی خۆی سووک دەکا تا وای لێ دەکا پێی لە زەوی دەبڕێ.
پارە بۆ پێڵاوی ئەو منداڵە نەبێ بە کەڵکی چی دێ؟! کە بیر لە پارەی دزەکان دەکەمەوە، خەنجەری ئەو کابرایەم بیر دەکەوێتەوە کە بۆ ڕۆژی تەنگانە هەڵیگرتبوو... لەوەش تەنگانەتر!!
سەرمایەکەتان باڵۆنە و ڕۆژ بە ڕۆژ سووکتان دەکا.. ئەوەتا وای لێ کردن لە ئاستی کچە تاڵانکراوەکاندا چاو داخەن و هەڕەشەش بکەن کە نابێ کەس باسی کچەفرۆشراوەکانی سەردەمی بەعس بکا! ئەوەتا پارە وای لێ کردوون  بازرگانی نەوت لەگەڵ داعشیشدا بکەن! ڕسوایی لەوەش زیاتر؟! ئەو منداڵە بە جووتێ نەعلەوە بەرەنگاری داعش دەبێتەوە کەچی ئێوە بە پێڵاوی هەزار دۆلارییەوە بازرگانی لەگەڵ هەمان داعشدا دەکەن!! ئەرێ کاتی ئەوە نەهاتووە سەنگەری خۆتان لە سەنگەری ئەوانە جیا بکەنەوە کە بە پێخواسی و چەکی سووکەوە بەرەنگاری تانکە ئەمەریکییەکانی دەستی داعش دەبنەوە؟ ئێوە و ئەوان کوا لە یەک خوێن و ڕەگ و ڕەگەز و بنەچەن؟! منداڵی ئەو خەڵکە بە پێخواسی بەرەنگاری داعش دەبنەوە و منداڵی ئێوە لەگەڵ ئەستێرە نازدارە باڵدارەکانی ڕۆژاوادا دەیگوزەرێنن!! کاتی ئەوە هاتووە گۆڕتان گومکەن و لە کۆڵی ئەو میللەتە ببنەوە! بڕۆن تا چیتان دزیوە بیخۆن!! کورد بە پێخواسیش کۆڵ نادات..
 بیل گەیتس، کە خاوەنی مایکۆرۆسفتە و یەکێکە لە دەوڵيمەندە هەرە گەورەکانی دنیا، پتر لە نیوەی سەرمایەکەی لە کاری خێرخوازی سەرف دەکا و منداڵەکانی لە قوتابخانەی ئاسایی دەخوێنن و تەنانەت مۆبایلەکانیشیان لە بابەتە هەرزانەکانە، شێت نەبووە. ئەو دەیەوێ منداڵەکانی مرۆڤی ئاسایی بن. کەچی ئێوە منداڵەکانیشتان لە میللەتەکەیان دابڕیوە و سبەنێ داری زۆرداریتان لە دەست دەرچێ، نازانن وەک بەشەر بژێن. ئێوە دڵسۆزی منداڵی خۆشتان نین چجای ئەو منداڵە چەکدارە جەنگاوەرە پێخاوسە! سەیرە... هیچ کارێک ناکەن لە بەرژەوەندی ئەم خاک و میللەتەدا بێ!... دەزانم ڕۆژێ دێ کاڵەک بە ئەژنۆ دەشکێنن بەڵام داخەکەم (باج)ی ئەوەش دەبێ کورد بیدا.

onsdag 8 oktober 2014

ئەمڕۆ: شایەدیمانی من تفێکە و بە ڕووی دڕندەکاندا ڕۆی دەکەم


عارەب بە هیچ شتێک لێمان ڕازی نابن... دڵیان بە کوشتنیشمان ئاو ناخواتەوە. چییان دەوێ؟!
چواردە سەدە بەر لە ئێستا، بە شمشێرەوە هاتن. کوشتیان و بردیان و تاڵانیان کرد تا هیچ دەرفەت نەما و هەندێکمان بووین بە موسوڵمان و هەندێکمان لە سەر دینی خۆمان ماینەوە و باجمان دا. (باج)یش جۆرێ سەرانە بوو بەو حیسابەی کاتێ دەستدرێژی دەکرێتە سەرمان، بەرگریمان لێ دەکەن! خۆ هەر خۆشیان دەستدرێژییان دەکرد! دوای ماوەیەک بۆیان دەرکەوت باجدان لە موسوڵمانبوون بۆ ئەوان باشترە و خێری زۆرترە... گوتیان: "نا، ئێوە موالین و ببن بە موسوڵمان یا نەبن، هەر دەبێ باج بدەن!".
بە درێژایی سەردەمی ئەمەوییەکان، ئەو چەند ساڵەی دەسەڵاتی عومەری کوڕی عەبدولعەزیزی لێ دەرچێ، کورد بەو حیسابەی موالییە، هەم موسوڵمان بووە هەم باجیشی داوە. باجدانی کورد، لە سەردەمی عەبباسیشدا بەردەوام بوو. ئیبن خەلدوون حیسابێکی کردووە: ئەو باجەی لە سەردەمی عەبباسییەکاندا لە کورد سەندراوە (دیارە باسی ئەو ناوچانەی کردووە کە کوردستانن) لە سەرجەمی باجی هەموو ناوچەکانی تر زیاتر بووە.
موسوڵمانبوونی ئەو دەمە هەر ئەوە بوو شایەدیمان بێنیت. شەهادەدان کە ئەڵڵا تاکە خوایە و موحەممەد پەیامبەرێتی. ئیتر تەواو... دەمایەوە ئەوەی وردە وردە فێری ڕێوڕەسمی ئاینەکە بیت.
ئێستا دیسان هاتوونەتەوە... ئەمجارە چییان دەوێ؟! ئەم جارە دەبێ شتێکی تر بۆ شایەدیمان زیاد بکەین: ئەبوو بەکری بەغدایی... خەلیفەی موسوڵمانانە! هەی تڕحێو!
پێناچێ ئەم جارە بە گوێیان بکرێ و ئەوانیش بەوە ڕازی نابن سێیەکی شایەدیمانەکەمان کەم بێ. کەوابێ کورد کافرە و وەک جاری جاران سەر و ماڵ و نامووسی حەڵاڵە! ئەی ١٤٠٠ ساڵە کورد چی دەکا؟ ئەی سەلاحەددین جاشایەتی بۆ کردن و کرێگرتەیان بوو؟ ئەی ئەو هەموو نوێژ و تەعات و خواناسی و حەج و غەزایەی کردمان فشە دەرچوون؟ 
نەخێر هەرچی بکەین عارەبمان لێ ڕازی نابن. ڕازیش بن، وەک ڕازیبوونی گرگ دەبێ لە مەڕ. دەرفەتیان بۆ کورد نەهێشتۆتەوە و یەک فەرمان و یەک ئامانجیان هەیە: "یا دەتخۆم یا دەتخۆم! یا هەر دەبێ بتخۆم". بەڵام بوونەوەر هەیە لە بەردەم ئەو هەڵبژاردنەدا بێدەنگ بێ؟. نا، نییە. پێم وا بێ ئەمجارە بۆ ئەوە هاتوون کاتی خۆی چییان بە زەبری شمشێر بە سەردا داوین، لێمان بسێننەوە!
من ناڵێم با کورد دەستبەرداری ئەو دینە بێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەڵێم کەس بۆی نییە ئەو نامەعقووڵییە بکا کورد و کوردستان بکاتە قوربانی دینێک شایەدیمانی گۆڕاوە!! من هەرگیز شایەدی نادەم کە ئەبوو بەکری خوار بەغدا لە سۆزانییەکان شەرەفمەندتر بێ! هەرگیز شایەدی نادەم ئەبوو قەحپەی خوار بەغدا نوێنەری ئیسلام بێ. ئەگەر لێم قەبووڵ ناکرێ، فەرموون چییان پێ داوین بیبەنەوە و منیش ئەو داوایە لە خوا دەکەم کە عومەری کوڕی خەتتاب لە خوای کرد: خوایە چیای ئاگر بخەیتە نێوانمانەوە و نە دەستیان پێمان بگا نە دەستمان پێیان باگا.
ئەمە چ بەڵایەکە تووشی کورد بووە؟! ئەمە چ خوایەکە ئیرادەی کەوتۆتە دەستی ئەو دڕندانەوە و لە بری ئەو، بڕیار دەدەن و فەرمان دەردەکەن و جێبەجێی دەکەن... کۆمەڵێ شێت لە نەخۆشخانە ڕایانکردووە و دەیانەوێ دنیا بەڕێوەبەرن. ئەمە تا کوێ بڕ دەکا؟!
بە داخەوەم هەرچی جوان بوو وەها ناشرینیان کرد، بە هەزار جەلالەددین و حەللاج و خەییام و ئیبنولعەرەبی و ڕابیعەی عەدەوی جوان نابێتەوە... هیچ ڕێیەکیان نەهێشتۆتەوە ئەوە نەبێ بڵێین: ئەگەر ئیسلام ئەوەیە کە ئێوە بانگاشەی بۆ دەکەن، فەرموون چۆنتان هێنا، ئاوها بیبەنەوە... بێدینی لەو دیندارییە باشترە! ئەگەر ئەوە ئیسلامەتی بێ، ئیسلام هەزار داری بە ڕۆحی بەعسدا داوە و هەمووشمان بەعس دەناسین! ئەگەر خراپەکاری و کوشتن و بڕین و فیتنەیی و زۆرگێکردنی منداڵ کار و فەرمانی خوا بن، ئەی کاری ئیبلیس چییە؟!
قەعقاع، چی بە جەلەولا کرد، ئەم دارودەستەیەی ئەمڕۆ خراپتری پێ دەکەن. ئەمانە، هەمان کارەسات بە سەر کوبانێدا دێنن... هەر گوند و شارێکی کوردستان بکەوێتە بەر دەستیان لە شەنگال کەمتری پێ ناکەن. ڕازیبوون بە تاڵانکردنی ژن و منداڵ، ئیسلامەتی نییە... گەووووادییە! ئەمڕۆ شایەدیمانی من تفێکە و بە ڕووی ئەو دڕندانەدا ڕۆی دەکەم کە کێریان ئیمان و ئیمامیانە و چاویان لە شێرەکچ و شێرەژنی کورد بڕیوە! هەست دەکەم بە بێ ئەو تفە، نە خوا لێم ڕازییە و نە دینم بێ کەلێنە و نە مرۆڤایەتیم بێخەوشە!

söndag 5 oktober 2014

پەیامەکەی هاوڕێ یوسف


به ياميك بو ماموستا  Hakeem Kakaways
بةريزو خوشةويست ماموستا حكيم سلاويكى كه رم له نيشتيمانيكى زامدار و شه لال له خو ينه وه. باش ئه زانم خه مه كانت زورن به لام كي خه مه كانت به هه ند وه رده كري و كوى له ناله ى بر له سوزت ده كريت . كورد و وتويه تى له باش ترى خه بشه ى برى . ماموستا كيان بو ده بى هيشتا !! بيت وابيت ئه و حه ساره ى جا رانه كه شاد ره وا نان و مير خاسان حاجى حه بيب و مامه شيخ ره و ف و خاله خو رشيد و مامه عه بدولاى كاكه وه يس و ئه وانى تر خه م خورو هه توانى برينه كانى بوون . ئه ي له بيرته بيش سالى 2003 له خه و ن و ئه ند يشه ماندا جه ندين نه خشه ى جوا ن و ره نكينمان ده كيشا بو ئاوه دان كردنه وه و كلاوى ده ركر دنى (ببوره ئه كه ر ده سته وا زه كه كه مى نا ريكه ) زيدى خو مان و ئازيزانمان . له يادمه هه ولمان ده دا له سه ر نه خشه كان زورترين شوين بو كارو كرده وه جاكه كانى باوو بابيرانمان جى بكه ين ....... هه رزور باشم له ياده كه به نيا ز بوى له سه ر يه كيك له نه خشه كان به يكه ريكى بر به بالا بو شه هيد حوسين مام كاكه لى دروست بكه يت تاكو نه وه كانى ئيستا مان جاوى لى بكه ن و وه ك سومبوليك بو خه بات و قوربانيه كانمان لى بروانن و بى ئه مه كي و نمه ك حه رامى برا عه ره به جاو ره شه كا نمانيان له ياد نه جى . خو باش ده زانم حزبايه تى ته سك ته سكتر له خه ونه كانيان ته نكى به بروزه بيروزه كه ت هه لجنى ونه ى هيشت له خه ونه وه ببيت به را ستى , ئه ى نه فره ت له خه ونه كانيان. دلنيام زوريش ئه كه ر خه ونه كه ت ببوايه به راستى جاريكى تر نه حه ساره كه ت ده بو به كومى خوين نه كفنه كه ى كاكه محه مه د ئال ده بو نه جه ركى داده به ر زين ده سو تاو نه جاوى كاكه زه روان فرميسكى لى ده رزاو نه دله بجكوله كه ى كه ردى لى ده نيشت نه خه ونه كانى ئيمه ش به تال ده بووه , به لام سه د ئاخ و داخ بو هه ناسه ى سارد مان . ماموستاكيان له ياد ته دلنيام هه تا هه تايه له يادت ناجيت ! كه به نيازبوين له سه ر يه كيك له نه خشه كان بو كارو كرده وه جاكه كانى باوو بابيرانمان و بيره وه ريه تال و شيرينيه كانى مندالي و تافي لاويتيمان بكه ينه وه كه جى خه ونه كه يان لى به تال كر دينه وه و نه خشه كه يان لى هه لوه شاندينه وه و ريزىك كوله يان نايه بن ده ستو بيمانه وه بى ئه وه ى عه كيدىك, مير خاسيك , بياو جاكيك به هه والمانه وه بيت. به ريزم ئه ى ئه مه كاره سات و خانه خه رابون نه بيت ئه بى جى ديكه بى . ئه ى ده زانى براى بجوكت واته به نده به نيازى جى بوم له سه ر يه كيك له نه خشه كان بى نه خشينم؟ توو جوانيكه ى كاكه محه مه د بو زانينى ئه و خه ونه م كاتيك كه به خيركه را يته وه بو زيده زامدارو شه لال له خوينه كه ت باش سه ره خو شيت له كاكه عو سمانى دل بريندارو لانه لىشيواو سه ر دانيكى مالى مام حاجى به هاوه دين بكه و برسيارى خه و نه كه م له و بكه .........نانابه شيمان بو مه وه بو ئه و مه به سته مه جو ئه كه ر بو سيله ى ره حم ده جيت شتيكى تره جونكه ئه تر سم به هوى نه خو شيكه يه وه خه ونه كه مى له بير جوبيته وه بويه خوم بوتى به يان ده كه م ............ئه زانى به نيازى جى بوم ؟ به نياز بوم مزكه وتيك له خشت و قورو دار دروست بكه م كه حه سا ريكى كه وره و سه كويه كى به رين بو نويزى ها وينان و زوريك و تاته شوريك بو مردو شوشتن و بلند كويه ك بو بانكبيزى تيدا جى بكه م . كه س نه زانى تو ده زانى ئه م جيكاو شوينانه ى دروستيانم كردوه وينه ى جيان له سه ر ده نه خشينم له حه وشه كه ى وينه ى ريزيك دار تو ى به زن زراف ده كيشم له سه ر سه كوكه ى وينه ى سي ريز له بروادارانى ساده و ساكار له سوفى و بياو جاك و ريش سبيانى ئاوايى ده كيشم كه مامه شيخ ره وف بيش نويزيان ده كات .............ئه ى ئه زانى له سه ر تاته شوره كه وينه ى جه سته ى شه كه تى كامه شه هيد ده نه خشينم ؟ دلنيام هه ريه كيك هه لده بزيريت خوبيش نيازى همو شه هيده كانم بو ناكه يت جونكه ئه زانى له حه وشه ى مزكه وته كه ش جيكاى هه مويان نا بيته وه , بويه به كويم دا ده جر بيني و ده ليى ده ستت نه له رزيو دودل مه به وينه ى جه سته ى شه لال له خوينى شه هيد حوسين مام كاكه لى بكيشه . مامو ستاى ئازيز ئه ى بلند كو يه كه وينه ى كيى له سه ر بكيشم مام محه د يا مام فه تاح خدر يا مام خورشيد ؟ دلنيام ده نك و سه داى هه ر سيكيانت له كوى ماوه و تام و جيزى سه دا يانت كردوه ..........كويم ليته بيم ده ليى وينه يه كى ساده ى مام فه تاح خدر بكيشه جونكه هه م ده نك و ئاوازه كه ى ناسك و دلكيربو هه م بو خوشى بياويكى خاكى و روح سوك و باوه ر داريكى بي غه ل و غه ش بو و .ئائا فه رمايشته كه تم به سند كرد وينه يه كى ئه و بياوه روح سوكه ده كيشم كه هه ردو ده سته كانى له بنى كوى ى ناوه و له تاريك و ليلى به يا نيدا مزده ى هه لهاتنى روزيكى نو به كو يجكه ى خه لكى ئا وا يدا ده دا . 
ماموستاى به ريز راسبيريه كم بو جه نابت هه به جونكه خوت ده زانى من هاتو جوى مزكه وت نا كه م بو به ر زه وه ندى كه سي و تايبه تى خوم به لام هه ركاتى به ر زه وه ندى كشتى خواستبيتى سه رم بيوه نه بوه بوخزمه ت كردنى مزكه وت , ره نكه جه نابت دزه مز كه وتى من به شيوه يه كى تر ليك بده يته وه , تو ئازادى جونى ليك ده ده يته وه , به لام نهينيه كه ى لا ى خو مه بابوتى به يان كه م , ئه شى كاتى مز كه وته قوره كه م دروست كرد هه ستت به هه ندى كه مو كورى كردبيت كه له يادى من نه ماوه , تاقه شتى كه به ئه نقه ست وينه م نه كيشا جوكه كه ى مز كه وته كه بو كه ده رزايه جوكه ئاوه كه ى بشت مزكه وته كه وه كه به كولانه كه دا شور ده بوه خوارى .جابو نالى ى ئه مه ج نهينيه كى تيدايه ؟ ئاى له و نهينيه ى كه ئيستاش ئا زارى ده رو نم ده دات و به هويه وه سل له هه مو مزكه و تيك ده كه مه وه .ديمه نى جه رك برو هه ناسه برو كينى ئه و خوينه ئاله ى شه هيد مامه م حوسين بو و كه به جوكه كه ى بشت مزكه وته كه دا ئه جوه خوارى, بومنى مندال و خوشه ويستى مامه حو سين ئه و ديمه نه بو هه تا هه تا يه له بيش جاو لاناجي و هه ركيز له بير نا جيته وه. ليم ببوره زور ئازارى دلتم داو سه رتم يه شاند , دريز دادريم كرد خه ريكه راسبيريكه م له بير جيت جا بو ئه وه ى له بيرم نه جى تو جوانيه كه ى كاكه محه مه د كاتى سه رت به مز كه وته كه دا كرد ئه و نا وكه خورمايانه كوبكه ره وه كه باوه ر داران له كاتى به ر بانكدا خوردويانه نه بادا له بن دار تووه كان بر وينه وه وه ك ئه و ووشه نا موو دوبارانه ى كه له ميز ساله له ناومزكه وته كا ندا ده وترينه وه و كويمان لى را هاتوه بى ئه وه ى زور به مان له مانايان تيكه يشتبيتين, وه بالم به كه ر دنت با له به زنى درى ئه و دار خورمايانه ش رانه يه ين !!!!!!
ته مه ن دريز بيت بو خزمه ت به ................
هيوا دارم هه موو ئاواته كانت بينه دى 
جيدى حه سره ت نه كيشى

وەڵامێک بۆ هاوڕێ یوسف حەساری.
عەزیزم هاوڕێ یوسف. کە دەستم بە خوێندنەوەی پەیامەکەت کرد، بارودۆخم ئاسایی بوو. کە نەختێکی ترم خوێندەوە، هەستم بۆ تۆزانەوەی نووکی لووتم و هەردوو چاووم کرد، بە دەم خوێندنەوەوە، تا دەهات چاووم تەڕ و تەڕتر دەبوون. لە کۆتاییشدا بوونە دوو دڵۆپ و لە بەردەمم بەربوونەوە. 
هەستام. جگەرەیەکم داگیرساند و لە سەر پشت کەوتم. حەساری جاران و کەسە نەمرەکانمان بە بەر چاوومدا دەهاتن دەچوون. ئیمامەکەیان، حوسێن کاکەلی بوو. 
نامەکەی تۆ و ئەم وەڵامەی منیش تایبەتین بەڵام دەکەونە بەر دەستی هاوڕێ و دۆستانی هەردووکمان. با ئەوانیش بزانن من بۆچی ویستوومە پەیکەر بۆ حوسێن کاکەلی، لە حەسار بکرێ. حوسێن کاکەلی، یەکەم کەسی حەسار بوو کە بە دەستی عارەب لە شەستەکاندا شەهید بوو. بکوژەکەی، عارەبی جبوور بوون... ڕەنگە باوکی مەشعان جبووری (جگەرگۆشە بەنازەکەی کورد) کوشتبێتی. حوسێن کاکەلی، لە ڕێ بوو بەرەو لای پێشمەرگە تا هەواڵی ناوچەکەیان بۆ بەرێ و عارەب کوشتی. من ویستم پەیکەریی بۆ بکرێ بەڵام خەمخۆرێکی وەک جەنابت نەبێ کەس وەڵامی نەبوو.
چاوەکەم. حەسار بە تەنها دەیتوانی ببێ بە حکوومەتێکی سەربەخۆ و بە ئیرادەی ئەو پیاوانەی ناووت هێناوون، خۆی بەڕێوە ببات بەڵام حیزبە نادڵسۆز و نانیشتیمانی و نادیموکراتی و ناکوردستانییەکانمان، نەک خەونی من، خەونی هەموو کوردیان نایە چاڵ! ئێستا چاوەچاومانە لە خۆرئاواوە خۆرمان لێ هەڵبێ. دەبێ هەڵبێ؟!
بۆ برینەکەی حەسار، کززەم لێ هەستا. برینی حەسار، لە دڵی مندایە بەڵام باوەڕ ناکەم کۆڵم پێ بدا... ئەگەر بڵێم ئەو برینە سوورترم دەکا، زۆرم نەگوتووە. هیوادارم خەڵکی حەسار بە ئاگا هاتبێتنەوە... هیوادارم باش بزانن کەفالەتکردنی عارەب، کەفالەتی گورگە لە مەڕخواردن. با کەس بەمە بۆ ڕەگەزپەرستانم نەباتەوە چونکە لەو چەندین خێزانە عارەبەی حەسار یەک کەسیان کوردکوژ بێ بەسە بۆ ئەوەی بسڵەمێینەوە. خۆ من زۆرم هاوار کرد: کورە مەردی خوا بن، ئەمانە پێمانەوە دەدەن!! ئەوەتا پێیانەوە داین!! من لەوە دەترسم لە داهاتوویەکی نزیکدا لەوەش خراپتر بە حەسار بکەن!! 
تاتە خانەگوڵ هەمیشە تووڕەیە. ئەی نازانم بۆ لەوانە تووڕە نابێ کە کەفالەتی عارەب دەکەن و دەیانهێنن و پەنایان دەدەن!
بە قوربانی خەمەکانی تۆ و خەمی دایک و باوکی ئەو منداڵە شەهیدە بم. من هاوبەشی خەمی حەسار نەبم، لە بنەڕەتەوە نیم!

هەر بژیت هاوڕێ یوسف گیان.