onsdag 10 september 2014

بە بۆنەی دامەزراندنی حکوومەتە حیزەکەی بەغداوە


ڕەحمەت لە بابی جاش... باشە؟!!
کێ بیستوویەتی ئەڵمانیا یا سوید یا نەرویج جاشی هەبێ؟! جاش لای ئەو میللەتانەی ژێردەستە و زەلیل نین چ واتایەکی هەیە؟! هیچ! ئەی جاش بۆ لە کورد بۆتە مۆتەکە و عیزرائیل و بۆ ئەوەندە لە ناخماندا ناشرینە؟! ئەی فایلدار بۆچی هەێندە بەد و بەدئەتوار و بەدڕەفتار و بەدفەساڵ بێ و هەر حیزبێک پەنای بدا پێیەوە ڕیسوا بێ؟! ئەی ئەنفالچی بەستەزمان و جاشی قوڕبەسەر کەی قۆڵی خەڵکیان بڕیوە و باسی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە و سەرفرازییان کردۆتە چەشەی سەر فاق و تەڵە و کوردیان پێوە کردووە؟!
جاش، ئەگەر وڵاتی سەربەخۆیان هەبێ بۆ دەبن بە جاش؟! خەباتگێڕەکان وڵاتی سەربەخۆیان دەوێ تا ئێمە گلەیی لە جاش بکەین و بڵێین ئەوانە لە بەردەم سەربەخۆییدا ڕێگرن؟! جاش ویستوویەتی بژێ و لە بەغدا وەزیری هەبێ؟! ئەی سەرکردەی کورد چییان ویستووە؟! هەر کورسییەکانی بەغدایان نەویستووە؟!
ئەوە شۆڕشگێڕە گێڕەکان بوون لە لایەک باسی سەرفرازییان بۆ دەکردین و لە لایەک دەست و داوێنیان لەگەڵ موخابەراتی ئەم داگیرکەر و ئەو داگیرکەر تێکەڵ بوو و لە لایەک دەستیان ڕادەوەشاند و دەیانقیژاند: کوردستان ئازاد دەکەین لە خوێنمژین! هەر ئەوان بوون بە دەم بەزین و ڕاکردنەوە دەیانشیڕاند: "نابەزین و نابەزین!" و کوردیان بۆ ئەنفالچی جێدەهێشت!
جاش خیانەتی نەکردووە! جاش ئەگەر خیانەتیشی کردبێ، خیانەتی لە خیانەتکاران کردووە بەڵام کەس گوێی پێ نەدەدان. ئەوەی خیانەتی کردووە ئەوەیە کە بە ناوی ئازادییەوە کوردی بردەوە بن دەستی بەغدا و زنجیری کۆیلایەتی لە ملی کرد. ئەوە خیانەتی کردووە کە کەرکووکی خستۆتە سەر مێزی قوماری (١٤٠). جاش ئەوەی کرد؟ جاش هیچی ئاودیو کرد؟! جاش بۆ ماچکردنی سەددام ڕیزیان بەست؟!
جاش باش دەزانن جاشن بەڵام سەرجەمی بەرپرسانی کورد جاشایەتی
خۆیان بە پاشایەتی دەزانن و بە ئازادی بە کوردی دەفرۆشنەوە.
ئاخر زەلام هەیە لە (مفاوەزات)کردندا پیروخەڕۆ بوو و پەنجا ساڵە بەغدای کردۆتە کەرەڕێ و هەموو جارێکیش هەر دۆڕاندوویەتی و وازیش ناهێنێ. ئەمە جاشە یا جاش جاشە؟! دوای پەنجا ساڵ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، تازە بە تازە بەرەو دواوەمان دەبەن! توخوا جاش کاری وا قەبووڵ دەکا؟!
بژی جاش... باشە؟!

١٠/٩/٢٠١٤



Inga kommentarer:

Skicka en kommentar