onsdag 29 juni 2016

یەکەمین هەناری ئەڵمان



حەکیم کاکەوەیس

خەیاڵی بەختیار عەلی بە پیت و بەرەکەتە. کەس ناتوانێ هاشا لەوە بکا. بەڵام زمانەکەی، کە من بە لامەوە، بۆ خوێنەری کورد، ئەگەر لە ناوەڕۆک گرنگتر نەبێ، گرنگییەکەی کەمتر نییە، لە کوردییەکەدا بێزارکەرە. کە وەریشگێڕدراوەتە سەر زمانی ئەڵمانی، بە دڵنیاییەوە لەو کێشەیە دەرباز بووە، چونکە باوەڕ ناکرێ ئەڵمانەکان، بە بێ سانسۆری زمان، ڕێ بە چاپکردنی هیچ بەرهەمێک بدەن بچێتە ڕیزی ئەدەبەکەیانەوە. هەر لە ناوی کتێبەکەوە ئەوە دیارە کە ئەوان چ گرنگییەک بە زمان دەدەن، چونکە "دونیا"کەیان لە ناوی کتێبەکە لاداوە و کردوویانە بە "دواهەمین هەنار"... ئەرێ "دواهەمین هەنار" لە "دواهەمین هەناری دونیا" لەبارتر و جوانتر نییە؟! کە ناوە ئەڵمانییەکە دەخوێنیتەوە، چەندەها دنیات دێنە بەر چاو: دوا هەناری باخچەیەک... سەبەتەیەک، ماڵێک... دوکانێک و زۆری تر کە هەر یەکەیان دنیایەک دەگەیەنێ، بەڵام "دونیا"ی بەختیار عەلی، هەر بە تەنها یەک دونیایە. ئەوەیە تێڕوانینی فەلسەفی لای ئەڵمانەکان و باوەڕیش ناکەم ئەوە کاری وەرگێڕە کوردەکە بێ!
بە دڵنیاییەوە ئەو گرنگییەی ئەڵمانەکان بەو کتێبەیان داوە، کاریگەری لە سەر وڵاتانی تری ئەوروپاش دەبێ و بۆ زمانەکانی تریش وەریدەگێڕن. ئەمەش، دەروازەیەکی دەگمەنە لە ڕێی یا بە هۆی"دواهەمین هەنار"ی بەختیار عەلییەوە لە کورد و نووسینی کوردی دەکرێتەوە. ئەمەش وەک ڕۆڵی کچانی کۆبانێ، کاریگەری لە سەر پێناسەی کورد دەبێ و کورد لەوە دەردەچێ ژنکوژ و چەتە بێ... کورد کچی سەروەر و سەرکردەشی هەن... کورد بەختیار عەلی و دواهەمین هەناریشی هەن... کاتی خۆی، کتێبێکم بە ناوی "کوردە ژنناشرینەکان"ەوە خوێندەوە و ئێستا هەزاران "کوردە ژنئازاکان" بەڕێوەن. کاتی خۆی، کوردە دڕندەکان بڵاو ببۆوە و ئێستا کوردە زانا و ڕۆشنبیرەکان بڵاو دەبێتەوە... دەستخۆش کچانی کۆبانێ... دەستخۆش بەختیار عەلی... قەرزارتانین.
من وەک کوردێکی سەر بە نووسین و خوێندنەوە، هەست بە شانازی دەکەم کە بەختیار عەلی لە ئاسمانی ئەدەبی ئەڵمان درەوشاوەتەوە و هیواخوازم لە ئاسمانی هەموو ئەوروپا و جیهانیشدا درەوشانەوەی هەبێ.  ماوەتەوە ئەوەی ڕەخنەگرانی ئەڵمان، دوای نیشتنەوەی کەفوکوڵی خوێندنەوەکان، چ دەڵێن!. ئەگەر "دواهەمین هەنار" ئەوە بێ کە هەندێ لە ڕەخنەگرانی کورد بۆی دەچوون "ئەمە، لەوە وەرگیراوە و ئەوە، لەمە..."، چۆن بەرز بۆتەوە، ئاوهاش دەنیشێتەوە، دەنا لە شەقەی باڵی داوە و کائینات ناینشێنێتەوە!
لە ناخەوە پیرۆزبایی لە بەختیار عەلی دەکەم، بەڵام پێش ئەویش، پیرۆزبایی لە خۆم  دەکەم کە قەڵەمێکمان بەرەو بەرزایی ئەدەبی جیهانی هەنگاو دەنێ.

سەرنج: دوای چەند سەعاتێک لە دابەزاندنی بابەتەکە، نەختێکم لێی زیاد کرد.. بە داوای لێبوردنەوە.


måndag 27 juni 2016

ڕۆژباش... کلکەتەور

ئیدیۆم: ڕۆژباش کلکە تەور (Goddag yxskaft)

وەرگێڕانی ئیدیۆم، کێشەیەکی سەربەخۆیە و کێشەکەش بە پێی جیاوازی کەلەپووری گەلان، لە وەرگێڕاندا، ئاڵۆزتر و بەرینتر دەبێ. وەرگێڕانی دەقاودەقیش، قوڕەکە خەستتر دەکا. تەماشای ئەم ئیدیۆم (ئایدیۆم)ە سویدییە بکە:
ڕۆژباش... کلکەتەور
من وای بە باش دەزانم... بکرێ بە "کەر لە کوێ کەوتووە و کورتان لە کوێ دڕاوە" . یا: "من دەڵێم نێرە ئەو دەڵێ بیدۆشە". عارەبیش دەڵێن: "عرب وين طمبورە وين؟!". عارەبەکان و سویدییەکان، دەزانن سەرچاوەی ئایدیۆمەکانیان لە چییەوەن و چۆن پەیدا بوونە، بەڵام (بە هەرحاڵ) من نازانم کوردییەکە لە کوێوە هاتووە.
لە سویدییەکەدا: کابرایەکی کەڕ، کلکە تەوری دروست دەکرد. زەلامێکی دیت، لە دوورەوە بۆ لای دەهات. ئەمیش لە خەیاڵی خۆیدا گوتی: ئێستا دێت و دەڵێ: "ئەوە چی دروست دەکەیت؟". منیش دەڵێم "کلکە تەور". ئەوجا دەڵێ: "کامە ڕێگا دەچێتە شار؟" منیش دەڵێم: "ئەو ڕێیەی بە لای چەپدا".
کابرا گەیشت و گوتی: "ڕۆژباش". کەڕەکەش گوتی: "کلکە تەور".
ئەوجا کابرا گوتی: "نەختێ لە خەت لاتدا، مامە". ئەویش گوتی: "بە لای چەپدا".
ئەوەتا من، تەنانەت خۆم لە وشەی "ئیدیۆم"یش لادا. قسە یا گوتەی پێشینان؟! زەربولمەسەل؟! قسەی نەستەق؟! پەندی پێشینان یا پەند؟!
کۆکردنەوەی ئیدیۆم و دۆزینەوەی بنەچەیان، ئەرکە بە سەر شانمانەوە، بە تایبەتی مامۆستایانی بواری زمانی کوردی لە زانکۆکاندا. باوباپیرانمان، لەبەر نەبوونی دەرفەت نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن، بەڵام ئێمە، چارەکە سەدەیەکە، بۆرەدەرفەتێکمان بۆ ئەو جۆرە کارانە هەیە... تا هەندێ لە گوندنشین و بەتەمەنمان ماوون (لە هەر ناوچەیەک و بە جیا) با کۆ بکرێنەوە... ئێمە هەر لە لایەنی سیاسییەوە بەرانبەر نەوەکانی داهاتوو کەمتەرخەم نین، بەڵکو لە زۆر بواردا بەرانبەریان، دەتوانم بڵێم: نەک هەر کەمتەرخەم، بەڵکو خیانەتکاریشین!! فرۆشتنی سامانی بن و بانی زەوی خیانەت نییە؟ سەقەتکردنی زمان و نغرۆکردنی خوێندن، لە هەموو ئاستەکاندا خیانەت نییە؟ ئەی ئەو شەهادە تەزویرانەی کە نەوەی داهاتوویان پێ پەروەردە دەکرێ، خیانەت نەبن، چین؟!
"هاهوو... هاهوو.. بلوێر بۆ گالێدانە!!". ئەم پەندە، دەقاودەق بۆ ئەم بابەتە و ئەم بارودۆخە دەگونجێ کە کوردی تێکەوتووە.


torsdag 16 juni 2016

لە حزووری خوای گەورەدا



حەکیم کاکەوەیس

ئەی خوای گەورە... من بە هەموو هەستمەوە کۆیلایەتی تۆم قەبووڵ کرد و نەبووم بە کۆیلەی کەسی تر. سەرم بۆ نەوی کردی تا سەر بۆ کەس نەوی نەکەم. وای بۆ دەچووم، ئەگەر کڕنۆش بۆ تۆ نەبەم، بە زۆری زۆرداریش بێ، زۆردارێک دەدۆزمەوە تا کڕنۆشی بۆ بەرم. ئەوەم بە بەشێک لە سروشتی مرۆ دەزانی. لە دڵەوە... لە قووڵایی ڕووحمەوە کڕنۆشم بۆ بردی و کڕنۆشم بۆ کەسی تر نەبرد. لە کاتی هۆشیاریدا دەمپەرستیت و لە مەستیدا، دەستم بە دامێنتەوە دەگرت و دەگریام. من و ئیبلیس، بۆ خۆت نەبێ، کڕنۆشمان بۆ کەس نەبرد! نەفرەتت لە ئیبلیس کرد... نەفرەتت لە منیش کرد! ئەو مەلائیکەت و من بەشەر. ئیبلیست نەکرد بە کۆیلەی کەسی تر، بەڵام منت کرد بە کۆیلەی ئەو زۆردارانەی کە نەدەبووم بە کۆیلەیان. هەر لەبەر ئەوە ئەوانت کرد بە مەولام، کە خۆت بە زمانیان دواویت؟. ئەوە پەیداکردنی شەریک نییە بۆ خۆت؟! ئەوەی بە منت کرد، خۆ بە ئیبلیست نەکرد، خوایە! خۆ ئیبلیست نەکرد بە کۆیلەی عارەب و مەغۆل! ئەو مۆڵەتەی بە ئیبلیست دا، بە منت نەدا! بۆ ئەوەی منیش نەبم بە کۆیلەی کەسی تر، نابێ لەگەڵ ئیبلیسدا یەکسانم بکەیت؟! ئیبلیسبوون لە کۆیلەبوون خۆشترە، خوایە! نابێ مۆڵەت بە منیش بدەیت کێڵگەی خۆم بکێڵم؟! سەرم لەم نهێنییە دەرنەچوو. نەمزانی چ حیکمەتێک لەوەدایە تەوقی غەزەب لە گەردنی دڵسۆزترین بەندەی خۆت بئاڵێنیت و نەفرەتبارانی بکەیت! هەرچیت پێ بەخشیووم، دڵسۆزانە بەکارم هێنا، خوایە. چاو بۆ بینی جوانی. گوێ بۆ بیستنی شمشاڵ و دەف. بیرکردنەوەش، کە یەکێکە لەوانە، بۆ وردبوونەوە لە حیکمەتی خۆت و ئەو خەسڵەتانەی بە سروشتت بەخشیوە!
من بەندایەتی تۆم کرد، ئەی خوای گەورە، دە تۆش خوایەتی و بێشەریکایەتی خۆت بکە و شەریک بۆ خۆت لە بەندایەتیمدا قەبووڵ مەکە و مەمکە بە بەندەی کەسی تر! ئەی خوای گەورە... بەزەیی تۆ لەو فەرمانانەدایە کە سەری خەڵکی بپەڕێندرێ؟. گەورەییت لە سووتاندنی ژن و منداڵدایە؟ ئارەزووت لە بەردبارانکردن و دەستبڕین و جەڵدەلێدانە؟! ئەی نەدەکرا ئەوەی هەقی سووتانی لەسەرە نەتخولقاندبا یا لە بابێکی تر با؟ یا بەزەییت واتای پێچەوانەی هەیە؟! ئەگەر وابێ، بەهەشتەکەشت لەو بەهەشتە جیاوازە کە من تێیدەگەم. جۆگەی شیر و هەنگوین، وەک خڕەکەی حەسار وشک و برینگ بەردەڵانن؟! ئەگەر وابێ، حۆرییەکانیش، هەر یەکەیان چنگێ دڕکەزی لەناوگەڵیاندایە. بەزەیی تۆ عارەبییە کە بە کوێر دەڵێن بەسیر، خوایە؟! بەزەیی واتە غەزەب؟! تۆ خوای کێیت ئەی خوایە تەعریبکراوەکەم؟! من پێم وابوو هەموو زمانەکان دەزانیت. نەنکم وای دەگوت، بەڵام دەترسا یەئجووج و مەئجووج سەر لە کوردی دەرنەکەن. نەنکم، کە بۆ من سەرچاوەی خواناسی بوو، وای بیر دەکردەوە. نەنکیشم وەک ڕابیعە، ئەوەندە عاشقت بوو، دڵم لێی کرمێ ببوو و دەمگوت بەرانبەر باپیرم خیانەتکارە. کەچی پارێزگاریت لە قەحپەکانی بیابان کرد و زەلیل زەلیل، ئەوت خستە بەردەستی کوڕەکانیانەوە، تا بە کەیفی خۆیان تاڵانی بکەن و منداڵ و نەوەی بگرن و بکوژن! ئەو بەتەمای تۆ بوو بەرگری لە مەڕەکانی بکەیت و تۆش سەگێکت پێ بەخشی... عارەب هاتن و بە ئیرادەی تۆ و بە چەکی ڕووس، سەگەکەیان کوشت. تۆ و ڕووس و عارەب لە دژی کەوتنە بەرەیەکەوە، خوایە! هەر بە ئیرادە و ڕێنمایی خۆت مەڕەکانیان فەرهوود کرد! لە سەر ئەوەشەوە نەنکم شوکرانەبژێر بوو و بە دوای خەتایەکدا دەگەڕا، کەسێکمان ئەنجامی دابێ و شایستەی ئەو سزایە بین! هەرگیز بەلای ئەوەدا نەدەچوو بێخەتا بین! ئەوجا وەرە تاڵانیش بکرێیت و خۆشت وەک خەتاکار سەرزەنشت بکەیت!
ئەی خوای گەورە تۆ خوای عارەبیت؟! خوایە تۆش عەگالت لە سەرە؟! تۆش وەک بیاباننشین گەرمات دەبێ؟! ڕەنگە ئەو شوانەی کە لەگەڵ مووسادا دەحکەی بوو، تێرشیری نەکردبیت! ئەگەر شیرت دەوێ وەک شوانەکەی لەمەڕ مووسا دەبم بە شوان و کەپرێکت لە ڕەشەڕێحانێ بە دیار کانییەکی کوردستانەوە بۆ دەکەم و شیرت دەدەمێ و سەر و ڕیشت شانە دەکەم، خوایە! شوانەکە دەیگوت: خوا نایەوێ خوایەتی بکا... خوا نایەوێ ئاوێنەی تۆقاندن بێ! خوایە گەورەکەم، خوایەتی زەحمەت نییە؟! خوایەتی، دادپەروەری نەگەرەکە؟! دەڵێن ئەگەر خوا دادپەروەر بێ، ڕێوی لە برساندا دەمرێ و ئەوەش دەبێتە نادادپەروەری! خوایە گیان، ئەها بزانە چیت کردووە!
ئەی خوای گەورە! هەر کەسە و بەجۆرێ بیرت لێ دەکاتەوە و منیش بەو جۆرەی کە خۆت بۆت مەیسەر کردووم، بیرت لێ دەکەمەوە. من پێم وایە، ئەوەتا بە تەنیشتمەوەیت و لە سەری پەنجەکانم دەڕوانیت. لە هەمان کاتدا، بە دیار ئەو کچە ئێزیدییانەوەیت کە دەکڕدرێن و دەفرۆشرێن و دەسووتێندرێن و لە دڕندەکانیش دەڕوانیت.  عارەب دەڵێن: کەڵەگەتیت... باڵات شەست گەزە و پانایی ناوشانت حەوتە. هەر وەک ئادەمیت کە لە شێوەی خۆت دروستت کرد و بەشەریش لە شێوەی ئادەم... واتە شێوەت لە بەشەر دەچێ... لەو بەشەرە دەچێ کە عارەب پێیان جوانە، یا لێی دەترسن. ئەوان عاشقی شێخی خۆیانن و تۆ لە شێوەی شێخ دەبینن! عارەبێکی عابابەشان و عەگال بەسەر، لە سێبەری حوشترێکدا دانیشتووە! ئەوە تۆیت، خوایە؟! عارەب ڕۆستەمی زاڵیان بە لاوە مەترسیدار بوو. ڕەنگە لە خەیاڵی ئەواندا بە خۆت عەرش و شانوشەوکەت و مەلایەکەت و دەسەڵاتەوە، زۆر لە ڕۆستەم بچیت! ئەگەر ئاوها بیت، دیارە لە شوێنێکی دیاریکراودایت!! لە کوێی خوایە؟! من لادەرم یا ئەوەی قەبارەت بۆ دادەنێ، خوایە؟!
ئەی خوای گەورە! ئەوانەی تەعریبت دەکەن، گەمەت پێ دەکەن. حەرامت پێ حەڵاڵ دەکەن. تاوانت پێ ڕەوا دەکەن. ئەوانە دەتکەن بە بازیچەی دەستی عەقڵی منداڵانەیان کە ڕێنادەن گەشە بکا. ئەوان گوایە ئیزنیان لە خۆت خواستووە تا تاڵان بکەن و سەر ببڕن و منداڵ بسووتێنن. دەیانەوێ بە ئیزنی تۆ ئاڵۆشی ناوگەڵیان دامرکێنن!! ئەوان، لە هەردوو دنیادا، بە ئامێری نێرینەوە ئامادەن و لە مەیدانن. ئەوان دەڵێن: ئەوەی بە قسەی عارەب بکا، لە بەهەشتدا هەر دەپەڕێ و هەر دەپەڕێ! دەڵێن: ئێمەی بەهەشتی، لە حۆریی پاکیزە دەپەڕین و خوا دیسان پۆمان دەکاتەوە بە پاکیزە! خوایە کاری تۆ ئەوەیە؟! ئەوان پینەدۆزیی زێی حۆریت پێ دەکەن و غەزەب لە من دەگریت؟! ئەوان، بە سەر دراوسێی برسی و نەخۆشدا باز دەدەن و دێن وەک کەری گێرە، بە لای ڕاستدا، بە دەوری ماڵەکەتدا دەسووڕێنەوە تا لەوێ دنیا، بە حۆریی پینەکراو چاکەیان بدەیتەوە، خوایە! خۆ نەقڵی کوفر، کوفر نییە! ئاخر تاها حوسێن ئەو پینەدۆزییەی بیست بۆیە پەتی پساند و گوتی "هل كنت أعبد قوادا يلهو في عقول الاغبياء؟". خوایە لەو زیادەڕۆییە بمبەخشە... ئەوە تاها حوسێنە لە داخی بیاباننشینەکان وای گوتووە. ئەی من لە داخیان چ بڵێم؟!
خوایە یا دەستمان بگرە، یا دەست لە دەستمان بکەوە تا وەک بێباوەڕان خۆمان خەمی خۆمان بخۆین! نە بەردپەرست وەک ئێمەی بەسەردا هات نە مانگاپەرست! ئەوانەی بەرەڵات کردوون و بە ناوی تۆوە ڕەفتار دەکەن، هەراسانیان کردین، خوایە. سەدان ساڵە کچەکانمان زۆرگێ دەکەن! کوڕەکانمان گۆشاوگۆش سەردەبڕن! منداڵمان دەبرژێنن! خاکمان داگیر دەکەن! ئاوارە و دەربەدەرمان دەکەن! لە سەر هەمووشیەوە، وەک شەڕەسەگ، لە سەر باڵای ئەم ئەسحابە و ئەوی تر، لە سەر پۆشاکی ئەم عارەبەژن و ئەوی تر، لە سەر سامان و ژمارەی ژن و  لووسکەی ئەم خەلیفە و ئەوی تر، تێکمان بەردەدەن! ئەگەر ئەوانە لە سەر ڕێبازی تۆ بن، ملی خۆم بۆ کوێ بشکێنم و ئەگەر لە سەر ڕێبازی تۆش نین، ئەی خوا مەدەد! بۆچی ئەوانەی لە سەر ڕێبازەکەتن قڕەیان لێ بڕاوە و ئەو هەموو کارەساتانە شەرمەزار ناکەن کە بە سەرماندا دێن، خوایە؟! شاعیرێک، خەیاڵێکی بۆ هات و خستیە سەر کاغەز. لە بڵندگۆوە فەتوای کوشتنی درا. کوڕێک و کچێک، بە ئارەزووی خۆیان یەکتریان ماچ کرد، ئیتر لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە بوو بە هەرا، کەچی سەدان پاکیزەی کورد ئەتک کران و فرۆشران و ئەم دەست و ئەو دەستیان پێ کرا، کارەبا لە بڵندگۆکان بڕا و فززە نەما!! یا پاشەڵی بڵندگۆ و بانگدەرەکان چەور کران و قڕەبڕ بوون؟!!... نازانم، خوایە.
ئەی خوای گەورە! خۆ ئەوانەی بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیت سەران دەپەڕێنن و کچان ئەتک دەکەن، تۆبە ناکەن! کەوابێ من، ئەمجارەش وەک هەزار جاری تر، تۆبە لەو ڕێبازە دەکەم کە ئەوان پێیدا دەڕۆن! ئەوا لە ئاستی گەورەییتدا، لە دەست حەسرەتی خۆم و ئاگری دەروونم، پەنا بۆ خۆت دێنم و لەبەر ئەوەی عارەب خۆشەویستی خۆتن، بە زمانی وان، کە دنیات بۆیان کاول  کرد و دنیایان بۆ کاول کردی، کۆتایی بە قسەی خۆم دێنم: أقول قولي هذا وأعوذ باللە من نفسي و من شرها!... بەڵێ ئەی خوای گەورە، هەر من، بە تاڵانکراوی و دەربەدەری و تەنانەت بە کوژراویش، خەجاڵەت و خەتابارم!

torsdag 9 juni 2016

کچی کورد، ئەگەر برای خۆی دەست و پێی نەبەستێ، سەبی ناکرێ



پێدەچێ پیاوی کورد، دیارە لە پێش هەموویانەوە من، بە هۆی کاریگەری خەسڵەتی عارەبەوە کە بە سەریاندا سەپاوە، ماوەی سەدان ساڵە ژنیان نەناسیبێ. لەبەر ئەوەی بەردەوام هەڕەشەی سەبیکردن و تاڵانکردنیان لە سەر بووە، هەمیشە شاردراونەتەوە و داپۆشراوون و ترسێندراوون. بەڵام کچانی باکووری کوردستان و ڕۆژاواکەی، بە تایبەتی ڕۆژاوا، سەلماندیان ئەگەر براکانیان دەست و پێیان نەبەستن، لە کاتی پێویستدا پڵنگن نەک گوڵ یا پەپوولە! سەلماندیان چەند نەرمونیانن، ئەوەندەش توندوتیژن.
کچانی کورد لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستاندا کارێکی وایان کرد، هەرچیم لە بارەی ژنەوە گوتووە، چاک و خراپ، لێی پاشگەز ببمەوە، چونکە چاکەشم گوتبن، کەمم گوتووە. من کوا دەمزانی ڕووحی پەپوولەیەک بلاوێنم کە لێی دەوەشێتەوە بۆ بەرگریکردن لە لانەی خۆی پڵنگ بێ؟! با فێمەنستەکانیش پەشیمان ببنەوە! ئەوانە کە بە سەد فەرسەخ لە پێش پیاوەوەن، کوا هی یەکسانین؟! یا ئەوانەی تەفسیری ئایەت و حەدیسیش دەکەن، یا بە شەرحی خۆیاندا بچنەوە، یا لە شەرحکردن تۆبە بکەن! ئاخر دڕندەی داعش و جەندرمەی منداڵکوژ، بە فەرمانی کچان و لە سێرەی تفەنگی کچانی کوردەوە ڕەوانەی دۆزەخ دەکرێن! ئەو کچانە، وەک جارێ لە جاران گوتوومە، شەرەفی کورد نین، بەڵکو پارێزگاری لە شەرەفی کورد دەکەن. ئەوەی دەیەوێ شەرەفی کورد پارێزراو نەبێ، با بەرەنگاری ئەو پەپوولە پڵنگە چنگ بەخوێن و جەرگبڕاوانەی کوردان ببێتەوە!
ئەگەر کچی وا  لە مێژووی کورددا هەبوون، چۆن تاڵان کران و چۆن کران بە سەبایا و سەراری و جارییە؟! ئەوەی ئێستا ڕوودەدا دیاردەیەکی دەگمەنە یا تاکە جارە بوار بە کچان دەدرێ ڕۆڵی خۆیان ببینن؟ تۆ بڵێی مەمکبڕاوەکانی گریک، کە بوون بە داستان، ئەوەیان کردبێ کە کچانی کورد دەیکەن! کامە پیاوی کورد لە ئاستی گەورەیی ئەو کچانەدا هەست بە بچووکی خۆی ناکات و کامەیان بە هۆی ئەو کچانەوە، سەری شانازیی نەتەوەیی لە ئاسمان ناسوێ؟. سەرکردە سیاسییەکان، مەگەر لەوەدا باڵا بن کچانی کورد بکەن بە دەستمایە و لە قوماری گفتوگۆدا بیاندۆڕێنن!! بەڵام نا، ئەو کچانە بابەتێ نین بکرێن بە دەستمایە. ئەوانە، ئەوە نین جۆری مکیاج و عەتر و تەنوورەی کورتیان لێ بکرێ بە مەرجی دامەزراندن لە دامودەزگای خیانەتستاندا. ئەوان، بۆنی بارووت و ئاگریان لێ دێ. ئەوانە، بڕبڕەپشتی براکانیان و لە سێبەری گەورەییاندا، با گەورەپیاوان، بە ئاسوودەیی بنوون... ئەوانە نازانن خیانەت بکەن. ئەوانە دەردێ بە خوێنیاندا ناگەڕێ ناوی خیانەت بێ! ئەگەر گفتوگۆ لەگەڵ دوژمندا ئەوان بیکەن، ناکەونە هیچ چاڵێکەوە و بە تەڵەی بەڵێنەوە نابن. پیاوانی مەیدانی سیاسەت، شەرم نایانگرێ نیوەسەدەیەک زیاتر کاریان ئەوە بووە سەرکەوتنی جەنگاوەران و قوربانیدانیان لە سەر مێزی گفتوگۆ بدۆڕێنن!! کچەکانمان، هەر لە مەیدانی جەنگدا پڵنگی چنگ بەخوێن نین، لە گفتوگۆشدا بابەتێکن، بمرن برای خۆیان دەستخەڕۆ ناکەن!
جگە لە دڵسۆزی بۆ لانە و هێلانە، چ نهێنییەک لەوەدایە کە کچی کورد خیانەت لە نیشتیمان نەکا؟ ٥٠٠ هەزار جاش چەند کچیان تێدابوون؟ دەیان فایلی ڕەش، چەند کچیان تێدابوون؟ هەزاران جاسووس چەند کچیان تێدابوون؟! کاک بەکر شوانی ناوی لستێکی ٢٤ کوردی لە لایەنگرە سەرسەختەکانی ئۆردوگان تۆمار کردووە، چەندیان ئافرەتن؟ کەس بیری لەوە کردۆتەوە تزیپی لیڤنی، کە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بوو، چ  قوربانییەکی بۆ لانەکەی خۆی داوە، کە ئیسرائیل بوو؟! ئەمە چ عەشقێکە ئەو ژنە بۆ نیشتیمانی خۆی هەیەتی؟!
دەستم دامێنتان کچەکان!! با شەرەفی ئەوەم بەرکەوێ پێتان بڵێم "کچەکانم". دەستم دامێنتان ئاگادار بن... دوژمنتان زۆرە... دەستم دامێنتان هەندێ پیاو فێری مەردایەتی بکەن... ئەو قەڵەمدارانە فێری مەردایەتی بکەن، کە پاسەوانی بەر دەرگای جەردەکانن! ئاگادار بن!!... هەموو ژنێک شیری ئەو دایکەی لە دەم نەنراوە کە لە دەمێ ئێوە نراوە... لە دەوری باڵات گەڕێم، ئاگاداری گەمەی ئەو بازرگانانە بن کە نرخ لە سەر کچێنیتان دادەنێن!!

måndag 6 juni 2016

بنەمای ترسی من



کابرایەکی عارەبی سووریا نووسیبووی: "دەبێ ڕۆشنبیرانی کورد ئەوە بزانن، هەر سەرۆکێکی سووری دژی کورد نەبێ، ناتوانێ لە سەر دەسەڵات بەردەوام بێ، بەڵام ئەگەر دژی کورد بێ، هەموو عارەب پشتگیری لێ دەکەن".
عارەب حەزیان بە داگیرکارییە و ئەو سەرۆکە مەودایان دەدا خاكی کورد داگیر بکەن. عارەب حەزیان بە فەرهوودە و ئەو سەرۆکە مەودایان دەدا کورد فەرهوود بکەن. داگیرکاری و فەرهوود، لە پێش ئیسلامەوە بەشی سەرەکی خەسڵەتی عارەب یا بیاباننشینن و تەنانەت ئەنفال، لە پێش ئیسلامیشدا هەبووە و ئێستاش، لەبەر ئەوەی خەسڵەتی ڕەسەنی خۆیانە، بە ئاسانی ئەنجامی دەدەن و شارستانەتیش یەک تۆزقاڵ کاریگەری لە سەریان نەبووە.
ئێمەی کورد خۆمان لە ناو تاقیگای شۆڤیەنییەکانداین و خاكمان داگیر دەکرێ و فەرهوود و ئەنفال دەکرێین، کەچی هێندەی ئەو عارەبەی لێ نازانین. ئەو عارەبە ئەوەندە مرۆدۆستانە دوواوە، ڕێزی خۆی بە سەر دوژمنی خۆشیدا دەسەپێنێ. وردبوونەوە لە بۆچوونەکەی، بۆ کورد دەبێتە بنەمای تیۆرییەک، تەنها چەپە کڵۆڵەکان و ئیسلامییە عاشقە حۆرییەکان ناتوانن لە ڕووی زانستییەوە بیسەلمێنن چونکە نایانەوێ لە جەوهەرەکەی حاڵی بن!. باوەڕی ئایدۆلۆژی، هەندێ جار پێویستی بە خۆگێلکردن و خۆنەفامکردن هەیە و دەبێ بە سەر هەندێ ڕاستیدا باز بدەیت.
دەیان و سەدان ساڵە و نەوە دوای نەوە بە بەر گوێی عارەبدا دەدرێ کە کورد دڕندەن و جنۆکەن و نابێ لێیان نزیک بکەونەوە. ئەوجا بە پێی بۆچوونی مارکس یا حەدیسێک دەیکەیت بە برا! لە بەرانبەریشدا، کورد، نەوە دوای نەوە و سەدان ساڵە وەها تێدەگەیەندرێ کە عارەب "ئەولادی پێغەمبەر"ن و سەیدن و ئەو تفەی ڕۆی دەکەنە ناو دەممانەوە مفەڕک و تەبەڕوکە و دەبێ لە بری ئەو چاکەیە دەستیان ماچ بکەین. ئەوجا لافاوی مارکسیزم هات و لە سەر کاغەز یەکسانی کردین و بوو بە لایەنگری حەدیسە داتاشراوەکان و هۆشی سەرئاوکەوتووی کوردی ڕاماڵی.
قسەی ئەو عارەبە مرۆڤدۆستە، بە لای منەوە، هیچ نەبێ ئەو پووشکەیەیە کە کوردی نقومبووی ناو خوێنی خۆی، دەستی پێوە بگرێ و بگاتە ئەو ئەنجامەی کە نەک هەر عارەب، تورکەکانیش، بگرە هەموو میللەتانی دەوروبەر، هەمان شێوەن. ئەگەر ئۆردوگان لە ناخەوە دژی کورد نەبوایە و کوردکوژێکی وەک مستەفا کەمال نەبوایە، دەمێ بوو تورکە ڕەگپەرستەکان کوودەتایان بە سەردا کردبوو و تورکیایان لە شێتایەتیەکانی دەرباز کردبوو، وەک (تورکوت ئوزال)ی نەختێ ئاشتیخوازیان لەناوبرد! ئوزال، زۆر حەزی بە شەڕی کورد نەبوو بۆیە تێدا چوو. ئاخر سەرەکوەزیرانی تورک، تورکەکان لیی قەبووڵ ناکەن دژی کورد نەبێ و ناکرێ بە یەک دوویەکی وەک پەمووک و بێشکچی بخەڵەتێین و هەڵخزێین. ئەوەتا ئۆردوگان چونکە دژی کوردە، هەموو تورکەکان دەیانەوێ. کە ئەمە دەڵێم، ئەوە لەبەر چاو دەگرم کە میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین نەگەیشتوونەتە ئاستی یەکتر قەبووڵکردن، بە تایبەتی تورک. ئەگەر تەماشای بەغداش بکەین، دەبینین دوژمنی سەرسەختی کورد سەددام بوو بۆیە تەمەنی دەسەڵاتی ئەوەندە درێژ بوو: بڕۆن فەرهوود بکەن! بڕۆن خاک داگیر بکەن! ئەوانەش خۆراکی ڕووحیی بیاباننشینن! لەبەر ئەوە، نابێ چاوەڕوان بین کەسێ لە بەغدا حوکم بکا، لەگەڵ کورددا ڕاستگۆ بێ... بۆی نییە ڕاستگۆ بێ و بۆی نییە تەڵە بۆ کورد نەنێتەوە، دەنا نابێ لە دەسەڵاتدا بێ!
ئایە ئێمە لەوە تێگەیشتووین عارەب کوردی هەر بە ژێردەستەیی قەبووڵە؟! ئەی سەرانی کورد کەی ئەو ژێردەستەییەیان ڕەت کردۆتەوە؟! بۆ ئەوەی لە بندەستەیی بەغدا دەرچن، چوونەتە بن دەستی چەندین پایتەختی تر و هەر چوارپەلیان بە داوی موخابەراتی ئەم وڵات و ئەو وڵاتەوە بووە و بە بێ ئیزنی ئەوان مەودای خۆخوراندنیان نەماوە، جگە لەوەی ئێستا ملیان بە داوی گەندەڵییەکەوە بووە، چەند خۆیان ڕاپسکێنن داوەکە چاکتر شەتەک دەخوا. لای من مەسەلەکە مەسەلەی ڕەگەزپەرستێتی نییە چونکە بە ڕاستی میللەتێکی وامان نییە لە سەرەوەی میللەتانەوە بێ و ئاستی پێشکەوتنی ژاپۆنیانەی هەبێ تا شانازییەکی وا بکەین، خراپمان لە چاکی خەڵکی تر باشتر بێ! شانازی بە چییەوە بکەین؟!
ئێستا دەبینین ڕۆژاوای کوردستان خۆری سەرفرازی کوردی لێوە هەڵدێ، کەچی خواوەندایەتی کچانی ڕۆژاوای کوردستان و مەردایەتی کوڕانیان، خراونەتە بن چەتری بەرهەڵستکارانی سووریاوە تا کاریگەرییان کاڵ بێتەوە و تەنها کوردانە نەبێ نەک مەسەلەی کورد خۆی بسەپێنێ! جگە لەوەش، زوو زوو بە شانازییەوە دووپات دەکرێتەوە کە ئەوانە و پێشمەرگە لە بری هەموو جیهان شەڕ دەکەن!! بە زۆری زۆرداری دەیانکەن بە کرێگرتەی جیهان و کرێکەش لە سەر شێوەی چەک و پارە وەرگیراوە. بە هەرحاڵ، من ترسم هەیە و ترسەکەشم ئەوە نییە ئەم حیزبم پێ ڕاست بێ یا ئەوی تر، بەڵکو ترسی من بنەمای هەیە و ڕەگیشی لە مێژوودایە. ئەی مێژوو بە کەڵکی چی دێ؟!