حەکیم کاکەوەیس
خەیاڵی بەختیار عەلی بە پیت و بەرەکەتە. کەس ناتوانێ هاشا لەوە بکا. بەڵام زمانەکەی،
کە من بە لامەوە، بۆ خوێنەری کورد، ئەگەر لە ناوەڕۆک گرنگتر نەبێ، گرنگییەکەی کەمتر نییە، لە
کوردییەکەدا بێزارکەرە. کە وەریشگێڕدراوەتە سەر زمانی ئەڵمانی، بە دڵنیاییەوە لەو
کێشەیە دەرباز بووە، چونکە باوەڕ ناکرێ ئەڵمانەکان، بە بێ سانسۆری زمان، ڕێ بە چاپکردنی
هیچ بەرهەمێک بدەن بچێتە ڕیزی ئەدەبەکەیانەوە. هەر لە ناوی کتێبەکەوە ئەوە دیارە کە ئەوان چ گرنگییەک بە زمان دەدەن، چونکە "دونیا"کەیان لە ناوی کتێبەکە لاداوە و کردوویانە بە "دواهەمین هەنار"... ئەرێ "دواهەمین هەنار" لە "دواهەمین هەناری دونیا" لەبارتر و جوانتر نییە؟! کە ناوە ئەڵمانییەکە دەخوێنیتەوە، چەندەها دنیات دێنە بەر چاو: دوا هەناری
باخچەیەک... سەبەتەیەک، ماڵێک... دوکانێک و زۆری تر کە هەر یەکەیان دنیایەک دەگەیەنێ،
بەڵام "دونیا"ی بەختیار عەلی، هەر بە تەنها یەک دونیایە. ئەوەیە تێڕوانینی
فەلسەفی لای ئەڵمانەکان و باوەڕیش ناکەم ئەوە کاری وەرگێڕە کوردەکە بێ!
بە دڵنیاییەوە ئەو گرنگییەی ئەڵمانەکان بەو کتێبەیان داوە، کاریگەری لە سەر
وڵاتانی تری ئەوروپاش دەبێ و بۆ زمانەکانی تریش وەریدەگێڕن. ئەمەش، دەروازەیەکی
دەگمەنە لە ڕێی یا بە هۆی"دواهەمین هەنار"ی بەختیار عەلییەوە لە کورد
و نووسینی کوردی دەکرێتەوە. ئەمەش وەک ڕۆڵی کچانی کۆبانێ، کاریگەری لە سەر پێناسەی
کورد دەبێ و کورد لەوە دەردەچێ ژنکوژ و چەتە بێ... کورد کچی سەروەر و سەرکردەشی
هەن... کورد بەختیار عەلی و دواهەمین هەناریشی هەن... کاتی خۆی، کتێبێکم بە ناوی
"کوردە ژنناشرینەکان"ەوە خوێندەوە و ئێستا هەزاران "کوردە
ژنئازاکان" بەڕێوەن. کاتی خۆی، کوردە دڕندەکان بڵاو ببۆوە و ئێستا کوردە زانا
و ڕۆشنبیرەکان بڵاو دەبێتەوە... دەستخۆش کچانی کۆبانێ... دەستخۆش بەختیار عەلی... قەرزارتانین.
من وەک کوردێکی سەر بە نووسین و خوێندنەوە، هەست بە شانازی دەکەم کە
بەختیار عەلی لە ئاسمانی ئەدەبی ئەڵمان درەوشاوەتەوە و هیواخوازم لە ئاسمانی هەموو
ئەوروپا و جیهانیشدا درەوشانەوەی هەبێ. ماوەتەوە
ئەوەی ڕەخنەگرانی ئەڵمان، دوای نیشتنەوەی کەفوکوڵی خوێندنەوەکان، چ دەڵێن!. ئەگەر "دواهەمین
هەنار" ئەوە بێ کە هەندێ لە ڕەخنەگرانی کورد بۆی دەچوون "ئەمە، لەوە
وەرگیراوە و ئەوە، لەمە..."، چۆن بەرز بۆتەوە، ئاوهاش دەنیشێتەوە، دەنا لە
شەقەی باڵی داوە و کائینات ناینشێنێتەوە!
لە ناخەوە پیرۆزبایی لە بەختیار عەلی دەکەم، بەڵام پێش ئەویش، پیرۆزبایی لە
خۆم دەکەم کە قەڵەمێکمان بەرەو بەرزایی ئەدەبی جیهانی هەنگاو دەنێ.
سەرنج: دوای چەند سەعاتێک لە دابەزاندنی بابەتەکە، نەختێکم لێی زیاد کرد.. بە داوای لێبوردنەوە.
سەرنج: دوای چەند سەعاتێک لە دابەزاندنی بابەتەکە، نەختێکم لێی زیاد کرد.. بە داوای لێبوردنەوە.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar