torsdag 16 juni 2016

لە حزووری خوای گەورەدا



حەکیم کاکەوەیس

ئەی خوای گەورە... من بە هەموو هەستمەوە کۆیلایەتی تۆم قەبووڵ کرد و نەبووم بە کۆیلەی کەسی تر. سەرم بۆ نەوی کردی تا سەر بۆ کەس نەوی نەکەم. وای بۆ دەچووم، ئەگەر کڕنۆش بۆ تۆ نەبەم، بە زۆری زۆرداریش بێ، زۆردارێک دەدۆزمەوە تا کڕنۆشی بۆ بەرم. ئەوەم بە بەشێک لە سروشتی مرۆ دەزانی. لە دڵەوە... لە قووڵایی ڕووحمەوە کڕنۆشم بۆ بردی و کڕنۆشم بۆ کەسی تر نەبرد. لە کاتی هۆشیاریدا دەمپەرستیت و لە مەستیدا، دەستم بە دامێنتەوە دەگرت و دەگریام. من و ئیبلیس، بۆ خۆت نەبێ، کڕنۆشمان بۆ کەس نەبرد! نەفرەتت لە ئیبلیس کرد... نەفرەتت لە منیش کرد! ئەو مەلائیکەت و من بەشەر. ئیبلیست نەکرد بە کۆیلەی کەسی تر، بەڵام منت کرد بە کۆیلەی ئەو زۆردارانەی کە نەدەبووم بە کۆیلەیان. هەر لەبەر ئەوە ئەوانت کرد بە مەولام، کە خۆت بە زمانیان دواویت؟. ئەوە پەیداکردنی شەریک نییە بۆ خۆت؟! ئەوەی بە منت کرد، خۆ بە ئیبلیست نەکرد، خوایە! خۆ ئیبلیست نەکرد بە کۆیلەی عارەب و مەغۆل! ئەو مۆڵەتەی بە ئیبلیست دا، بە منت نەدا! بۆ ئەوەی منیش نەبم بە کۆیلەی کەسی تر، نابێ لەگەڵ ئیبلیسدا یەکسانم بکەیت؟! ئیبلیسبوون لە کۆیلەبوون خۆشترە، خوایە! نابێ مۆڵەت بە منیش بدەیت کێڵگەی خۆم بکێڵم؟! سەرم لەم نهێنییە دەرنەچوو. نەمزانی چ حیکمەتێک لەوەدایە تەوقی غەزەب لە گەردنی دڵسۆزترین بەندەی خۆت بئاڵێنیت و نەفرەتبارانی بکەیت! هەرچیت پێ بەخشیووم، دڵسۆزانە بەکارم هێنا، خوایە. چاو بۆ بینی جوانی. گوێ بۆ بیستنی شمشاڵ و دەف. بیرکردنەوەش، کە یەکێکە لەوانە، بۆ وردبوونەوە لە حیکمەتی خۆت و ئەو خەسڵەتانەی بە سروشتت بەخشیوە!
من بەندایەتی تۆم کرد، ئەی خوای گەورە، دە تۆش خوایەتی و بێشەریکایەتی خۆت بکە و شەریک بۆ خۆت لە بەندایەتیمدا قەبووڵ مەکە و مەمکە بە بەندەی کەسی تر! ئەی خوای گەورە... بەزەیی تۆ لەو فەرمانانەدایە کە سەری خەڵکی بپەڕێندرێ؟. گەورەییت لە سووتاندنی ژن و منداڵدایە؟ ئارەزووت لە بەردبارانکردن و دەستبڕین و جەڵدەلێدانە؟! ئەی نەدەکرا ئەوەی هەقی سووتانی لەسەرە نەتخولقاندبا یا لە بابێکی تر با؟ یا بەزەییت واتای پێچەوانەی هەیە؟! ئەگەر وابێ، بەهەشتەکەشت لەو بەهەشتە جیاوازە کە من تێیدەگەم. جۆگەی شیر و هەنگوین، وەک خڕەکەی حەسار وشک و برینگ بەردەڵانن؟! ئەگەر وابێ، حۆرییەکانیش، هەر یەکەیان چنگێ دڕکەزی لەناوگەڵیاندایە. بەزەیی تۆ عارەبییە کە بە کوێر دەڵێن بەسیر، خوایە؟! بەزەیی واتە غەزەب؟! تۆ خوای کێیت ئەی خوایە تەعریبکراوەکەم؟! من پێم وابوو هەموو زمانەکان دەزانیت. نەنکم وای دەگوت، بەڵام دەترسا یەئجووج و مەئجووج سەر لە کوردی دەرنەکەن. نەنکم، کە بۆ من سەرچاوەی خواناسی بوو، وای بیر دەکردەوە. نەنکیشم وەک ڕابیعە، ئەوەندە عاشقت بوو، دڵم لێی کرمێ ببوو و دەمگوت بەرانبەر باپیرم خیانەتکارە. کەچی پارێزگاریت لە قەحپەکانی بیابان کرد و زەلیل زەلیل، ئەوت خستە بەردەستی کوڕەکانیانەوە، تا بە کەیفی خۆیان تاڵانی بکەن و منداڵ و نەوەی بگرن و بکوژن! ئەو بەتەمای تۆ بوو بەرگری لە مەڕەکانی بکەیت و تۆش سەگێکت پێ بەخشی... عارەب هاتن و بە ئیرادەی تۆ و بە چەکی ڕووس، سەگەکەیان کوشت. تۆ و ڕووس و عارەب لە دژی کەوتنە بەرەیەکەوە، خوایە! هەر بە ئیرادە و ڕێنمایی خۆت مەڕەکانیان فەرهوود کرد! لە سەر ئەوەشەوە نەنکم شوکرانەبژێر بوو و بە دوای خەتایەکدا دەگەڕا، کەسێکمان ئەنجامی دابێ و شایستەی ئەو سزایە بین! هەرگیز بەلای ئەوەدا نەدەچوو بێخەتا بین! ئەوجا وەرە تاڵانیش بکرێیت و خۆشت وەک خەتاکار سەرزەنشت بکەیت!
ئەی خوای گەورە تۆ خوای عارەبیت؟! خوایە تۆش عەگالت لە سەرە؟! تۆش وەک بیاباننشین گەرمات دەبێ؟! ڕەنگە ئەو شوانەی کە لەگەڵ مووسادا دەحکەی بوو، تێرشیری نەکردبیت! ئەگەر شیرت دەوێ وەک شوانەکەی لەمەڕ مووسا دەبم بە شوان و کەپرێکت لە ڕەشەڕێحانێ بە دیار کانییەکی کوردستانەوە بۆ دەکەم و شیرت دەدەمێ و سەر و ڕیشت شانە دەکەم، خوایە! شوانەکە دەیگوت: خوا نایەوێ خوایەتی بکا... خوا نایەوێ ئاوێنەی تۆقاندن بێ! خوایە گەورەکەم، خوایەتی زەحمەت نییە؟! خوایەتی، دادپەروەری نەگەرەکە؟! دەڵێن ئەگەر خوا دادپەروەر بێ، ڕێوی لە برساندا دەمرێ و ئەوەش دەبێتە نادادپەروەری! خوایە گیان، ئەها بزانە چیت کردووە!
ئەی خوای گەورە! هەر کەسە و بەجۆرێ بیرت لێ دەکاتەوە و منیش بەو جۆرەی کە خۆت بۆت مەیسەر کردووم، بیرت لێ دەکەمەوە. من پێم وایە، ئەوەتا بە تەنیشتمەوەیت و لە سەری پەنجەکانم دەڕوانیت. لە هەمان کاتدا، بە دیار ئەو کچە ئێزیدییانەوەیت کە دەکڕدرێن و دەفرۆشرێن و دەسووتێندرێن و لە دڕندەکانیش دەڕوانیت.  عارەب دەڵێن: کەڵەگەتیت... باڵات شەست گەزە و پانایی ناوشانت حەوتە. هەر وەک ئادەمیت کە لە شێوەی خۆت دروستت کرد و بەشەریش لە شێوەی ئادەم... واتە شێوەت لە بەشەر دەچێ... لەو بەشەرە دەچێ کە عارەب پێیان جوانە، یا لێی دەترسن. ئەوان عاشقی شێخی خۆیانن و تۆ لە شێوەی شێخ دەبینن! عارەبێکی عابابەشان و عەگال بەسەر، لە سێبەری حوشترێکدا دانیشتووە! ئەوە تۆیت، خوایە؟! عارەب ڕۆستەمی زاڵیان بە لاوە مەترسیدار بوو. ڕەنگە لە خەیاڵی ئەواندا بە خۆت عەرش و شانوشەوکەت و مەلایەکەت و دەسەڵاتەوە، زۆر لە ڕۆستەم بچیت! ئەگەر ئاوها بیت، دیارە لە شوێنێکی دیاریکراودایت!! لە کوێی خوایە؟! من لادەرم یا ئەوەی قەبارەت بۆ دادەنێ، خوایە؟!
ئەی خوای گەورە! ئەوانەی تەعریبت دەکەن، گەمەت پێ دەکەن. حەرامت پێ حەڵاڵ دەکەن. تاوانت پێ ڕەوا دەکەن. ئەوانە دەتکەن بە بازیچەی دەستی عەقڵی منداڵانەیان کە ڕێنادەن گەشە بکا. ئەوان گوایە ئیزنیان لە خۆت خواستووە تا تاڵان بکەن و سەر ببڕن و منداڵ بسووتێنن. دەیانەوێ بە ئیزنی تۆ ئاڵۆشی ناوگەڵیان دامرکێنن!! ئەوان، لە هەردوو دنیادا، بە ئامێری نێرینەوە ئامادەن و لە مەیدانن. ئەوان دەڵێن: ئەوەی بە قسەی عارەب بکا، لە بەهەشتدا هەر دەپەڕێ و هەر دەپەڕێ! دەڵێن: ئێمەی بەهەشتی، لە حۆریی پاکیزە دەپەڕین و خوا دیسان پۆمان دەکاتەوە بە پاکیزە! خوایە کاری تۆ ئەوەیە؟! ئەوان پینەدۆزیی زێی حۆریت پێ دەکەن و غەزەب لە من دەگریت؟! ئەوان، بە سەر دراوسێی برسی و نەخۆشدا باز دەدەن و دێن وەک کەری گێرە، بە لای ڕاستدا، بە دەوری ماڵەکەتدا دەسووڕێنەوە تا لەوێ دنیا، بە حۆریی پینەکراو چاکەیان بدەیتەوە، خوایە! خۆ نەقڵی کوفر، کوفر نییە! ئاخر تاها حوسێن ئەو پینەدۆزییەی بیست بۆیە پەتی پساند و گوتی "هل كنت أعبد قوادا يلهو في عقول الاغبياء؟". خوایە لەو زیادەڕۆییە بمبەخشە... ئەوە تاها حوسێنە لە داخی بیاباننشینەکان وای گوتووە. ئەی من لە داخیان چ بڵێم؟!
خوایە یا دەستمان بگرە، یا دەست لە دەستمان بکەوە تا وەک بێباوەڕان خۆمان خەمی خۆمان بخۆین! نە بەردپەرست وەک ئێمەی بەسەردا هات نە مانگاپەرست! ئەوانەی بەرەڵات کردوون و بە ناوی تۆوە ڕەفتار دەکەن، هەراسانیان کردین، خوایە. سەدان ساڵە کچەکانمان زۆرگێ دەکەن! کوڕەکانمان گۆشاوگۆش سەردەبڕن! منداڵمان دەبرژێنن! خاکمان داگیر دەکەن! ئاوارە و دەربەدەرمان دەکەن! لە سەر هەمووشیەوە، وەک شەڕەسەگ، لە سەر باڵای ئەم ئەسحابە و ئەوی تر، لە سەر پۆشاکی ئەم عارەبەژن و ئەوی تر، لە سەر سامان و ژمارەی ژن و  لووسکەی ئەم خەلیفە و ئەوی تر، تێکمان بەردەدەن! ئەگەر ئەوانە لە سەر ڕێبازی تۆ بن، ملی خۆم بۆ کوێ بشکێنم و ئەگەر لە سەر ڕێبازی تۆش نین، ئەی خوا مەدەد! بۆچی ئەوانەی لە سەر ڕێبازەکەتن قڕەیان لێ بڕاوە و ئەو هەموو کارەساتانە شەرمەزار ناکەن کە بە سەرماندا دێن، خوایە؟! شاعیرێک، خەیاڵێکی بۆ هات و خستیە سەر کاغەز. لە بڵندگۆوە فەتوای کوشتنی درا. کوڕێک و کچێک، بە ئارەزووی خۆیان یەکتریان ماچ کرد، ئیتر لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە بوو بە هەرا، کەچی سەدان پاکیزەی کورد ئەتک کران و فرۆشران و ئەم دەست و ئەو دەستیان پێ کرا، کارەبا لە بڵندگۆکان بڕا و فززە نەما!! یا پاشەڵی بڵندگۆ و بانگدەرەکان چەور کران و قڕەبڕ بوون؟!!... نازانم، خوایە.
ئەی خوای گەورە! خۆ ئەوانەی بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیت سەران دەپەڕێنن و کچان ئەتک دەکەن، تۆبە ناکەن! کەوابێ من، ئەمجارەش وەک هەزار جاری تر، تۆبە لەو ڕێبازە دەکەم کە ئەوان پێیدا دەڕۆن! ئەوا لە ئاستی گەورەییتدا، لە دەست حەسرەتی خۆم و ئاگری دەروونم، پەنا بۆ خۆت دێنم و لەبەر ئەوەی عارەب خۆشەویستی خۆتن، بە زمانی وان، کە دنیات بۆیان کاول  کرد و دنیایان بۆ کاول کردی، کۆتایی بە قسەی خۆم دێنم: أقول قولي هذا وأعوذ باللە من نفسي و من شرها!... بەڵێ ئەی خوای گەورە، هەر من، بە تاڵانکراوی و دەربەدەری و تەنانەت بە کوژراویش، خەجاڵەت و خەتابارم!

1 kommentar:

  1. ت كاك حه كيم به راستى من هه رجه مد وتبووم وه ركيرانى باش ته نها سه لمينه رى وه ركيريكى باشه و جى ديكه نا، به لام من زور زيتار بيرم له به ريزتان ده كرده وه وه ك له م شيوه ي ييستا پيى ده نوسيت له و كاته وه ى كتيبيكتانم بينى. كاك حه كيم جوان نييه كه نجيكى وه ك من به جوريك قسه بكات بي ريزى پيوه ديار بيت ريگه ش به خوم نادةم، وه لى هةست ده كه م بيريكى ناسيناليستى زور توخ زالت به سه ر تيروانينه كانتدا بو ئايين، روشنبيريكى وه ك تو پيويسته زر زوو له وه تيگه شتبيت له هيچ شوينيكدا نه قورئان و نه ئه و كه سه ش قورئانةكةى گه ياندووه قةت فةزلي عةرةبيكيان نةياوة بةسةر عةجةميكدا و بةلگة زوره... هيوادارم هيوادارم به بييه دهبى وه ري مه گرن بةلام كةميك بة سةرلةبةرى شيوازى نووسينةكةتتدا بچيتةوه... زور شتى تياية كة به من قبول ناكريت بةلاك لاى من ئةم بيركردنةوةيان لة هةموويان زةقتر و نالوجيكى ترة... هيواداريشم زياتر لةسةر وةرگيران بةردةوام بن گةر تةندروستيتان ريگر نةبيت... سةركةوتوو بن...

    SvaraRadera