کابرایەکی عارەبی سووریا
نووسیبووی: "دەبێ ڕۆشنبیرانی کورد ئەوە بزانن، هەر سەرۆکێکی سووری دژی کورد
نەبێ، ناتوانێ لە سەر دەسەڵات بەردەوام بێ، بەڵام ئەگەر دژی کورد بێ، هەموو عارەب پشتگیری
لێ دەکەن".
عارەب حەزیان بە
داگیرکارییە و ئەو سەرۆکە مەودایان دەدا خاكی کورد داگیر بکەن. عارەب حەزیان بە
فەرهوودە و ئەو سەرۆکە مەودایان دەدا کورد فەرهوود بکەن. داگیرکاری و فەرهوود، لە
پێش ئیسلامەوە بەشی سەرەکی خەسڵەتی عارەب یا بیاباننشینن و تەنانەت ئەنفال، لە پێش
ئیسلامیشدا هەبووە و ئێستاش، لەبەر ئەوەی خەسڵەتی ڕەسەنی خۆیانە، بە ئاسانی
ئەنجامی دەدەن و شارستانەتیش یەک تۆزقاڵ کاریگەری لە سەریان نەبووە.
ئێمەی کورد خۆمان لە ناو
تاقیگای شۆڤیەنییەکانداین و خاكمان داگیر دەکرێ و فەرهوود و ئەنفال دەکرێین، کەچی
هێندەی ئەو عارەبەی لێ نازانین. ئەو عارەبە ئەوەندە مرۆدۆستانە دوواوە، ڕێزی خۆی
بە سەر دوژمنی خۆشیدا دەسەپێنێ. وردبوونەوە لە بۆچوونەکەی، بۆ کورد دەبێتە بنەمای تیۆرییەک،
تەنها چەپە کڵۆڵەکان و ئیسلامییە عاشقە حۆرییەکان ناتوانن لە ڕووی زانستییەوە
بیسەلمێنن چونکە نایانەوێ لە جەوهەرەکەی حاڵی بن!. باوەڕی ئایدۆلۆژی، هەندێ جار
پێویستی بە خۆگێلکردن و خۆنەفامکردن هەیە و دەبێ بە سەر هەندێ ڕاستیدا باز بدەیت.
دەیان و سەدان ساڵە و نەوە
دوای نەوە بە بەر گوێی عارەبدا دەدرێ کە کورد دڕندەن و جنۆکەن و نابێ لێیان نزیک
بکەونەوە. ئەوجا بە پێی بۆچوونی مارکس یا حەدیسێک دەیکەیت بە برا! لە بەرانبەریشدا،
کورد، نەوە دوای نەوە و سەدان ساڵە وەها تێدەگەیەندرێ کە عارەب "ئەولادی
پێغەمبەر"ن و سەیدن و ئەو تفەی ڕۆی دەکەنە ناو دەممانەوە مفەڕک و تەبەڕوکە و
دەبێ لە بری ئەو چاکەیە دەستیان ماچ بکەین. ئەوجا لافاوی مارکسیزم هات و لە سەر
کاغەز یەکسانی کردین و بوو بە لایەنگری حەدیسە داتاشراوەکان و هۆشی سەرئاوکەوتووی
کوردی ڕاماڵی.
قسەی ئەو عارەبە
مرۆڤدۆستە، بە لای منەوە، هیچ نەبێ ئەو پووشکەیەیە کە کوردی نقومبووی ناو خوێنی
خۆی، دەستی پێوە بگرێ و بگاتە ئەو ئەنجامەی کە نەک هەر عارەب، تورکەکانیش، بگرە
هەموو میللەتانی دەوروبەر، هەمان شێوەن. ئەگەر ئۆردوگان لە ناخەوە دژی کورد
نەبوایە و کوردکوژێکی وەک مستەفا کەمال نەبوایە، دەمێ بوو تورکە ڕەگپەرستەکان کوودەتایان
بە سەردا کردبوو و تورکیایان لە شێتایەتیەکانی دەرباز کردبوو، وەک (تورکوت ئوزال)ی
نەختێ ئاشتیخوازیان لەناوبرد! ئوزال، زۆر حەزی بە شەڕی کورد نەبوو بۆیە تێدا چوو.
ئاخر سەرەکوەزیرانی تورک، تورکەکان لیی قەبووڵ ناکەن دژی کورد نەبێ و ناکرێ بە یەک
دوویەکی وەک پەمووک و بێشکچی بخەڵەتێین و هەڵخزێین. ئەوەتا ئۆردوگان چونکە دژی
کوردە، هەموو تورکەکان دەیانەوێ. کە ئەمە دەڵێم، ئەوە لەبەر چاو دەگرم کە
میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین نەگەیشتوونەتە ئاستی یەکتر قەبووڵکردن، بە تایبەتی تورک.
ئەگەر تەماشای بەغداش بکەین، دەبینین دوژمنی سەرسەختی کورد سەددام بوو بۆیە تەمەنی
دەسەڵاتی ئەوەندە درێژ بوو: بڕۆن فەرهوود بکەن! بڕۆن خاک داگیر بکەن! ئەوانەش خۆراکی
ڕووحیی بیاباننشینن! لەبەر ئەوە، نابێ چاوەڕوان بین کەسێ لە بەغدا حوکم بکا، لەگەڵ
کورددا ڕاستگۆ بێ... بۆی نییە ڕاستگۆ بێ و بۆی نییە تەڵە بۆ کورد نەنێتەوە، دەنا
نابێ لە دەسەڵاتدا بێ!
ئایە ئێمە لەوە
تێگەیشتووین عارەب کوردی هەر بە ژێردەستەیی قەبووڵە؟! ئەی سەرانی کورد کەی ئەو
ژێردەستەییەیان ڕەت کردۆتەوە؟! بۆ ئەوەی لە بندەستەیی بەغدا دەرچن، چوونەتە بن
دەستی چەندین پایتەختی تر و هەر چوارپەلیان بە داوی موخابەراتی ئەم وڵات و ئەو
وڵاتەوە بووە و بە بێ ئیزنی ئەوان مەودای خۆخوراندنیان نەماوە، جگە لەوەی ئێستا
ملیان بە داوی گەندەڵییەکەوە بووە، چەند خۆیان ڕاپسکێنن داوەکە چاکتر شەتەک دەخوا.
لای من مەسەلەکە مەسەلەی ڕەگەزپەرستێتی نییە چونکە بە ڕاستی میللەتێکی وامان نییە
لە سەرەوەی میللەتانەوە بێ و ئاستی پێشکەوتنی ژاپۆنیانەی هەبێ تا شانازییەکی وا
بکەین، خراپمان لە چاکی خەڵکی تر باشتر بێ! شانازی بە چییەوە بکەین؟!
ئێستا دەبینین ڕۆژاوای
کوردستان خۆری سەرفرازی کوردی لێوە هەڵدێ، کەچی خواوەندایەتی کچانی ڕۆژاوای
کوردستان و مەردایەتی کوڕانیان، خراونەتە بن چەتری بەرهەڵستکارانی سووریاوە تا
کاریگەرییان کاڵ بێتەوە و تەنها کوردانە نەبێ نەک مەسەلەی کورد خۆی بسەپێنێ! جگە لەوەش،
زوو زوو بە شانازییەوە دووپات دەکرێتەوە کە ئەوانە و پێشمەرگە لە بری هەموو جیهان
شەڕ دەکەن!! بە زۆری زۆرداری دەیانکەن بە کرێگرتەی جیهان و کرێکەش لە سەر شێوەی
چەک و پارە وەرگیراوە. بە هەرحاڵ، من ترسم هەیە و ترسەکەشم ئەوە نییە ئەم حیزبم پێ
ڕاست بێ یا ئەوی تر، بەڵکو ترسی من بنەمای هەیە و ڕەگیشی لە مێژوودایە. ئەی مێژوو
بە کەڵکی چی دێ؟!
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar