ئیدیۆم: ڕۆژباش کلکە تەور (Goddag
yxskaft)
وەرگێڕانی ئیدیۆم، کێشەیەکی سەربەخۆیە و کێشەکەش بە پێی جیاوازی
کەلەپووری گەلان، لە وەرگێڕاندا، ئاڵۆزتر و بەرینتر دەبێ. وەرگێڕانی دەقاودەقیش، قوڕەکە خەستتر
دەکا. تەماشای ئەم ئیدیۆم (ئایدیۆم)ە سویدییە بکە:
ڕۆژباش... کلکەتەور
من وای بە باش دەزانم... بکرێ بە "کەر لە کوێ کەوتووە و کورتان لە کوێ
دڕاوە" . یا: "من دەڵێم نێرە ئەو دەڵێ بیدۆشە". عارەبیش دەڵێن: "عرب
وين طمبورە وين؟!". عارەبەکان و سویدییەکان، دەزانن سەرچاوەی ئایدیۆمەکانیان لە
چییەوەن و چۆن پەیدا بوونە، بەڵام (بە هەرحاڵ) من نازانم کوردییەکە
لە کوێوە هاتووە.
لە سویدییەکەدا: کابرایەکی کەڕ، کلکە تەوری دروست دەکرد. زەلامێکی دیت، لە
دوورەوە بۆ لای دەهات. ئەمیش لە خەیاڵی خۆیدا گوتی: ئێستا دێت و دەڵێ: "ئەوە چی
دروست دەکەیت؟". منیش دەڵێم "کلکە تەور". ئەوجا دەڵێ: "کامە
ڕێگا دەچێتە شار؟" منیش دەڵێم: "ئەو ڕێیەی بە لای چەپدا".
کابرا گەیشت و گوتی: "ڕۆژباش". کەڕەکەش گوتی: "کلکە
تەور".
ئەوجا کابرا گوتی: "نەختێ لە خەت لاتدا،
مامە". ئەویش گوتی: "بە لای چەپدا".
ئەوەتا من، تەنانەت خۆم لە وشەی "ئیدیۆم"یش
لادا. قسە یا گوتەی پێشینان؟! زەربولمەسەل؟! قسەی نەستەق؟! پەندی پێشینان یا
پەند؟!
کۆکردنەوەی ئیدیۆم و دۆزینەوەی بنەچەیان، ئەرکە بە
سەر شانمانەوە، بە تایبەتی مامۆستایانی بواری زمانی کوردی لە زانکۆکاندا. باوباپیرانمان،
لەبەر نەبوونی دەرفەت نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن، بەڵام ئێمە، چارەکە سەدەیەکە، بۆرەدەرفەتێکمان بۆ
ئەو جۆرە کارانە هەیە... تا هەندێ لە گوندنشین و بەتەمەنمان ماوون (لە هەر ناوچەیەک و بە
جیا) با کۆ بکرێنەوە... ئێمە هەر لە لایەنی سیاسییەوە بەرانبەر نەوەکانی داهاتوو کەمتەرخەم
نین، بەڵکو لە زۆر بواردا بەرانبەریان، دەتوانم بڵێم: نەک هەر کەمتەرخەم، بەڵکو خیانەتکاریشین!! فرۆشتنی سامانی
بن و بانی زەوی خیانەت نییە؟ سەقەتکردنی زمان و نغرۆکردنی خوێندن، لە هەموو
ئاستەکاندا خیانەت نییە؟ ئەی ئەو شەهادە تەزویرانەی کە نەوەی داهاتوویان پێ
پەروەردە دەکرێ، خیانەت نەبن، چین؟!
"هاهوو... هاهوو.. بلوێر بۆ گالێدانە!!".
ئەم پەندە، دەقاودەق بۆ ئەم بابەتە و ئەم بارودۆخە دەگونجێ کە کوردی تێکەوتووە.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar