söndag 31 juli 2016

لە یادی بارزانییە ئەنفالکراوەکاندا



نازانم کێ گوتی: "مەڕ، بۆ ئەوەی گورگ نەیخوات، شوانەکەی دەیداتە قەساب تا سەری ببڕێ". ئێمەش، سەرکردە شوانەکانمان پارێزگاریمان لێ دەکەن، تا خۆیان یەک بە دوای یەکدا و هەندێ جاریش دەستە دەستە، یا بمانخۆن، یا بمانفرۆشن یا بماندەنە دەمی لافاوی ئەنفالەوە! ئێمەی کورد، هۆگری ئەو شوانە دڵنەرمانەی خۆمانین، چونکە پێمان دەڵێن جەماوەری شەرەفمەند و قارەمان!! ئەنفالی بارزانییەکان و ئەنفالەکانی تر و کیمیابارانی هەڵەبجە، بە دەستی بەعس ئەنجام دران بەڵام ڕێخۆشکەر حیزبە شوانەکانی خۆمان بوون و ئێستا بەعسییەکان بەرهەمەکەی دەخۆن نەک کەسوکار و میللەتەکەیان!
چاوەڕوان دەکرا خوێنی هەشت هەزار بارزانی و دووسەد هەزار ئەنفالکراو و ئەو هەموو قوربانیانەی کیمیاباران و هەڵفڕینی ڕووحی ئەو هەموو شەهیدە بەرەو ئاسمان، ببن بە وزەی خۆدەربازکردنی کورد لە کۆیلایەتی و شەکاندنەوەی ئاڵای سەرفرازی، کەچی هەموو ئەو خوێنانە و فرمێسکی کەسوکاریان، لەگەڵ نەوتی بن خاکەکەماندا، بوون بە دۆلار و ڕەوانەی دەرەوە کران، ئەوجا  بە سەر باڵای تیاترۆکاندا دابارین و بە سەر مێزی قوماردا هەڵڕژان!
سەرکردەکانمان، بۆ دابینکردنی مەرجی مانەوەی خۆیان و سەرمایەکانیان، لە دیداری بێگاناندا ئەو شەهیدانە دەکەن بە کراسەکەی عوسمان و لە هەڵسوکەوتیشدا، بکوژەکانیان خەڵات دەکەن و لە تیغی تۆڵەکردنەوە دەیانپارێزن و بەرەو هەندەران بەڕێیان دەکەن و تەنانەت لە دادگای دەوڵەتانیشدا بەرگرییان لێ دەکەن! ئەی وا نەبوو؟!
تۆ بڵێی لەم جیهانەدا میللەت هەبێ یا هەبوبێ سەرکردەی هێندە غەڕ و غەدداری هەبێ یا بووبێ؟! پۆڵ پۆتی کەمبۆدیا دەڵێیت؟! ئەو، خاکی نەفرۆشت! ئەو هیچی ئاودیو نەکرد! ئەو، لە دوژمنی میللەتەکەی خۆش نەبوو! ئەو، بە پێی ئایدۆلۆژیایەک خەڵکی کوشت کە باوەڕی پێی بوو. خۆزگە ئەمانەی ئێمەش وەک پۆڵ پۆتیان دەکرد نەک پتر!
ئێمە بیرمان کولە... نازانین مردنی سەدان هەزار کورد و مانەوەی سەرکردە و کادیرەکان چ دەگەیەنێ. نازانین بۆچی کەسی سیاسەتکار، کە دەستی لە پلەوپایە گیر دەبێ، ئیتر تا مردن وازی لێ ناهێنێ و بۆ کوڕاوکوڕیشی بە میرات دەمێنێتەوە. نازانین خەڵاتکردنی جاش و بەعسی و بەرزکردنەوەی پلەی فایلداران چ دەگەیەنن!. نازانین بۆچی سەددام حوسێن لە سەر ئەنفال دادگایی نەکرا... نازانین نا...
با دانی پێدا بنێین: ئێمە خۆمان ئەنفالچیی گیانی خۆمانین!! سەرکردەشمان یار و یاوەری ئەنفالچین دەنا قەت بووە میللەتێک لە سەر ڕەنگ بە شەڕ بدەن و ئەو خەڵکەش شەڕەکەیان بۆ بکەن و خۆیانیان بۆ بەکوشت بدەن؟! ئەی خۆئەنفالکردن چۆنە؟ توخوا گوێ لە پەشێو بگرن:
"من دەڤەرێک پێدەزانم
قەستەسەری هەر زەردێکە
زێڕی بەرزەعەیار نەبێ
من دەڤەرێک پێ دەزانم
دوژمنی هەموو سەوزێکە
دۆلار نەبێ".
بەداخەوە بۆ ئەو هەموو خوێنە بەفیڕۆچووەی بارزانییە ئەنفالکراوەکان و هەموو ئەنفالکراوەکانی تر... 

lördag 23 juli 2016

(ویکیلیکس)ی قوڕبەسەر! ئاگای لە هیچ نییە




ئەگەر کەمێ لە حیزبەکانمان و سەرکردەکانمان ڕامێنین، ئیدی چ پێویست بەوە ناکا دووی ویکیلیکس بکەوین تا ڕەفتاری سەرکردەکانی خۆمانمان پیشان بدات. حیزبێک، کە دەرفەتی بوو بۆ یەکەمین جار بگاتە شار و دەسەڵات بگرێتە دەستییەوە و یەکەم کاری ئاودیوکردن بووبێ، ئیدی چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێ کەللەی باپیرانیشمان، بە کەمێ پارە، بفرۆشێ. حیزبێک کە ڕازی بوو سەددام بە بێ ئەوەی لەسەر ئەنفال دادگایی بکرێ، ئیعدام بکرێ و نهێنییەکان بباتە ژێر گڵەوە، بەوەش ڕازی دەبێ جێ بۆ لەشکری ئیران و تووران لە سەر خاکەکەی خۆش بکا و لە دژی یەکتر و بزووتنەوەی پارچەکانی تری کوردستان هاوکاریان بێ. حیزبێک کە هەرچی لە وڵاتەکەیدا هەیە تاڵانی بکا و لە هەڕاجخانەکاندا بیفرۆشێ، ئەگەر قافڵەی تانکەر و پایپلاینی نەوتی تاڵانی هەبێ، بۆچی عاجباتییە؟! تا ڕقدانت دەگرێ ڕاقت لە پارتی بێ بەڵام شتە ناشرینەکانی یەکێتی جوان مەکە!! تا دەتوانی ڕقت لە یەکێتی بێ بەڵام کارە ناهەموارەکانی پارتی مکیاج مەکە! تا وا بیت، چاوەڕوانی ئاسوودەیی مەبە و باوکی (ویکیلیکس)یش عیلاجی ئەو شیرپەنجەیەت ناکات.
حیزبەکانمان گەڕانەوە شار و هەرچی کەرەسەی تاقیگای نەخۆشخانە و زانکۆکان هەیە، هەرچی شۆڤڵ و گەڵابە هەیە خستیانە پەراوێزی کەرەسەکانی بەربەستی بێخمەوە و تاڵانفرۆشیان کرد. ئیدی کە دەبینی حیزبێک ئەو وڵاتە تاڵان دەکا کە بە نیاز بوو ئازادی بکا و هەر بەرگریشی لێ بکەیت، ویکیلیکس چ کاریگەرییەکی لە سەرت دەبێ و چت بۆ دەکا؟!. کوا ویکیلیکسی کڵۆڵ هێندەی خۆمان شارەزای سەرکردەکانمانن؟ کوا ویکیلیکس بۆ ئەوە دەچێ هەر ئەندامێکی هەر حیزبێک کە زادی پیسی سەرکردایەتی لە دەم نا، ئیدی هەموو شتێ قەبووڵ دەکا تا دەستی لەو پلەوپایەیە بەرنەبێ؟! ویکیلیکس، کوا دەزانێ سەرکردەکانی کورد، بەردەوام مەستی ئەفیونی دەسەڵاتن و بە هۆی قوربانیدانی خەڵکەوە، ویژدانیان سواوە؟!
کە دەڵێن فڵانە کەسی فڵانە حیزب دەستی لەگەڵ میت یا ئیتتیلاعاتدا تێکەڵ کردووە و نەوتی بە تاڵانفرۆش پێ دەدا، خۆ هەر دەکاتەوە ئاودیوکردنەکەی جاران و فایلدارێتییەکەی گۆرین و هیچی تر. ئیتر بۆ دەبێ زانیارییەکانی ویکیلیکس وا ببینین کە هەنگمان لە کلۆرەداردا دۆزیبێتەوە و ویکیلیکس چ شتێکی تازەی پێ گوتووین؟! چما نازانین حیزبەکانمان هەر وەک حەرەسقەومییەکانی ١٩٦٣ و عارەبی حەویجە خەریکی تاڵانکردنی خەڵکی کوردستانن؟ ئەی ئەوە نییە چەند ساڵێکە بەرهەمی کشتوکاڵیی خەڵکیان بردووە و پارەکەی نادەن؟! ئەی ئەوە هەمان ڕەفتاری حەویجەییەکان نییە کە بە خوێن و ماڵی کورد گۆش دەکران؟! ئەی ڕسواکردنی بەرهەمی خۆماڵیمان بەرانبەر بەرهەمی تورکی و ئێرانی، هەمان (حصار)ەکەی گۆرین نییە کە بەعس لە سەر یەک کیلۆ چای، زەلامێکیان ئیعدام دەکرد؟!
هەی خۆمانی کڵۆڵ! دەیان ساڵ زوڕنا لە دژی بنەماڵە لێدرا و خەڵکی بۆ کوژرا، کەچی زوڕنا هەر وای کرد و ئاوازی گۆڕی و هەر ئەندامێکی سەرکردایەتی دەگریت، خۆی تۆڕێکی بنەماڵەیی دروست کرد و چووە ناو تۆڕە گەورەکەوە و بوو بە بەشێکی دەزگا موخابەراتییەکانی دەوروبەر!
خەڵکینە! ئێمە بە دەست حیزبەکانی خۆمانەوە داشی دامەین. بەڵام با بزانین کە سەرکردەکانیشمان بە دەستی موخابەراتی ئەم وڵات و ئەو وڵاتەوە داشی دامەن!! تەنها بیر لەوە بکەرەوە زەلام هەیە لە ساڵی ١٩٦٣وە خەریکی گفتوگۆیە و هەتا ئێستاش، نە هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست هێناوە، نە وازیشی هێناوە!!  نەفامی ئێمە وای کردووە ئەو کورسییانە بەلەزەت بن و ئەوەی پێی گەیشت، ئەگەر جاشێکیش بێ، لەزەتی لێ ببینێ! ویکیلیکس، خۆشی بکوژێ ناتوانێ ئەوە بزانێ کە تۆ خۆت دەیزانیت!
ئەرێ بەڕاست!! بیستووتانە یەک گەندەڵکار یا خیانەتکار یا ئاودیوکەر یا یەک فایلدار سزا درابێ؟! دە بۆ خۆت بڕۆ وێنە لەگەڵ ئەو دز و ئاودیوکەر و جەردانەدا بگرە و نازیان پێوە بکە! لە گیانت خۆش!





onsdag 13 juli 2016

یادی باوکم و چواردەی تەممووز



حەکیم كاکەوەیس

لە سەردەمی پاشا بچکۆلەکەی عیراقدا، کە نەنکم پێی وابوو سەیید و ئەولادی پێغەمبەرە، باوکم کۆمۆنست بوو و کاری بۆ ڕووخاندنی دەکرد. گرنگ نەبوو بۆچی بڕووخێ و کێ بێتە جێی، بەڵکو گرنگ ئەوە بوو بڕووخێ. ئەو پاشا منداڵە، بەر لەوەی ببێ بە پیاو، ببوو بە پیاوی ئیستیعمار.
پێش نیوەڕۆی ١٤ تەمموزی ١٩٥٨، باوکم بزەیەکی سەیری بە ڕوخسارەوە بوو و بە شێوەیەکی نائاسایی دڵی خۆش بوو. حکوومەتی پاشایەتی ڕووخا و باوکم سەرکەوت! خەڵکی کەرکووک هەڵڕژانە سەر شەقامەکان. منیش بە هۆی ئەو بزەیەوە، بزەم دەهاتێ: "ئەی لە خوا بەزیاد بێ! خۆ ئاخرییەکەی ڕووخا!". دڵم لای ئەو "سەیید"ە بەستەزمانەش بوو کە دەیانگوت کوژراوە. دوایی نەنکم دەیگوت: "تازە ئەم مەملەکەتە خێر لە خۆی نادینێ!". دەی جا وەرە ببە بە دوو لەتەوە! خۆشیی ڕووخاندن و ترسی خێرنەدیتن! دوایی دەرکەوت تیۆرییەکەی نەنکم، زۆر لە ماددەی دیالەکتیک و بنخان و بانخانی ئابووری و فەلسەفەی مارکس ڕاستتر بوو. خێر و خۆشیمان نەدی!



ئەوجا، ١٤ی تەممووزی ساڵی ١٩٥٩ لە کەرکووک بوو بە هەرا. پەتای شێتبوونی دەستەجەمعیی کۆمۆنستەکان و کاردانەوەی ترسی دەستەجەمعیی تورکمانەکان بڵاو بوونەوە!!. پەتڕاوەشاندنی کۆمۆنستەکان و خۆحەشاردانی تورکمان. کەکرکووک، کە زۆرینەی دانیشتوانی کورد بوون، دیارە زۆرینەی کۆمۆنستەکانیش کورد بوون، جگە لەو گوندییانەی، کە لەو ڕۆژەدا، بە شەنە و داسەوە هەڵڕژانە ناو شارەوە. لەبەر ئەوە، بوو بە شەڕی کورد و تورکمان. چایخانەیەکی تورکمانەکان تاڵان کرا و منیش گڵۆپێکی درێژم هەڵگرت و بردمەوە و لە ماڵەوە یاریم پێی دەکرد. کە باوکم بەوەی زانی، چاوی پەڕییە تەوقی سەری! "نابێ لوقمەی حەرام بێتە ماڵی ئێمەوە! تێگەیشتیت؟!". بەڵێ تێگەیشتم! هەزار تۆبە بە فلسێک! گڵۆپەکەی وردوخاش کرد... ئیدی لەوساوە، لە دزیکردن و ئاودیوکردن و تاڵانچێتی دوورم. ئەوە بۆ من وانەیەکی گرنگ بوو.
هەر ساڵی ١٩٥٩ و دوای چەند مانگێک لە هەراکەی کەرکووک کە بوو بە بەڵای تورکمانەکان و ئەو ڕقەیان لە توێی نانێکی گەرمدا بۆ کورد هەڵگرت و ئێستاش دەرخوادی دەدەن، کەریم قاسم بریندار کرا. ئیدی لە ماڵی ئێمەدا پرسە بوو. لە بیرمە: هەموو دەنگوباس و هەواڵێکم لە سیمای باوکمەوە دەخوێندەوە. سیمای ئەو: ئاژانسی هەواڵەکان بوو... هەواڵی خۆش و هی ناخۆش، هەر لەو سیمایەوە پێم دەگەیشتن!. دەنگی قاسمیشم لە بیرە بە زامداری، لە ڕادیۆوە قسەی دەکرد و دەیگوت: (عفا اللە عما سلف).
ساڵی (١٩٦٣)ی بەعسییەکان، "حەرەس قەومی" هاتن و جێی "مقاومة الشعبی"یان گرتەوە. پێشتر، مقاومەی شەعبی لە ڕێپێوانەکاندا، کە ئەوسا (مەسیرە)یان پێ دەگوت، بە یەک دەنگ هاواریان دەکرد: "سنمضي سنمضي الی ما نريد... وطن حر و شعب سعيد". دوای ئەوان، حەرەسقەومی هاتن و بە چەکی "پۆرسەعید"ەوە هاواریان دەکرد: "امة امة عربية وحدە وحدە حرية". مقاوەمە شەعبی بۆ من خۆش بوو و عەقڵم بەوەدا نەدەشکا، یا بەلامەوە گرنگ نەبوو بۆ تورکمانەکان چۆن بوو! بەڵام حەرەسقەومی، کە بۆ تورکمانەکان دەرفەت بوو و زۆریان تێیدا بەشدار بوون، بۆ من ترسناک بوو. دەی هەر وا دەبێ: "يوم لك و يوم عليك" و کەسیش بە قەرز ناترسێ.
بەعسییەکان، لە سەر هەراکەی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٩ باوکمیان دەستگیر کرد و نزیکەی ساڵێک لە ژوورەوە بووە، جگە لەوەی دواتر پەتپەتێی دنیای بەسەردا هات و نەحەسایەوە. دوو تورکمان لە سەری شایەد بوون، گوایە باوکم کەرکووکی کاوول کردووە. دوای گرتنەکەی، باپیرم چووبووە سەردانی و پێی گوتبوو: "کوڕم، زاهیری تۆ فەوتایت! نەکەی زەرەرت بۆ کەس هەبێ!". ئەویش گوتبووی: "کوڕی تۆ بم، بشمکوژن ناوی کەس نادەم!". باوکم، هەواڵی بۆ هاوڕێکانیشی نارد: "کەس خۆی تێکنەدا.. لەتوپەتم کەن، ناوی کەس نادەم!". دوایی لە دادگا بێتاوان دەرچوو. چەند دڵی بە ئازادبوون خۆش بوو، سەد ئەوەندە دڵی بەوە خۆش بوو کە دادوەر گوتبووی: "اکتب لقد کذب الشاهد!". وەک لە بیرم بێ، ناوی ئەو شایەدە "سەعدی" بوو.
تاوانی باوکم ئەوە بوو، کۆمۆنست بوو. ئا، دژی بۆرژواش بوو. ئەرێ ئێستا من دەزانم بۆرژوا چ دەعبایەکە تا ئەو زانیبێتی؟! بە خوا باوەڕ ناکەم! ئەگەر پزیشکەکان بۆرژوا بن، ئەوا چەندین جار بۆرژوا باوکمیان لە مردن ڕزگار کردووە. جا وەرە دژیشیان بە!
کاتێ ساڵی ١٩٦٩ عەزیز الحاجی قیادە مەرکەزی لە تەلەڤزیۆنەوە هەڵیدەڕشت، باوکم بەرەو شاخ ڕۆیی. داخەکەم! خۆی و هەموومانی بە فەتارەت دا و تووشی ژیانی کولەمەرگیی کردین و هەندێ لە هاوڕێ و بەرپرسەکانی، ئێستا، ئەگەر مابن، ملیۆنێر و ملیاردێرن و ئەگەر نا، بە لای کەمەوە نەوەکانیان باش دەلەوەڕێن. هەندێکیشان لە بەر قاپیی خواپێداواندا پاسەوانن! بە قەولی مەلا کرێکار: لێدە شەفیق!!
باوکم لە ١٤ی تەمموزی ٢٠٠٤دا کۆچی دوایی کرد... بەڵێ، کۆچکردنیشی لە ١٤ی تەممووزدا بوو. هەڵوێست و پەروەردە و بیرەوەرییەکانی بۆ من و خوشک و براکانم بەجێهێشت! ئەو دەمانەی لە کەرکووکەوە بۆ ڕانیە دوور خرابۆوە، لەوپەڕی نەبوونیدا، هانای بۆ هاوڕێ ملیۆنێر و ملیاردێرەکانی نەبرد. لە ڕانیە، پەنایەکی بە کرێ گرت و کەوتە تەنەکەچێتی. خوا هەقە ئەوانیش (هاوڕێکانی)، بە هیچ جۆرێ لێیان نەپرسییەوە و ئاوڕیان لێی نەدایەوە. باوکیشم، هەرگیز، هیچ گلەیی لێ نەدەکردن!
هەزار سڵاو لەو باوکەی کە خۆبەدەستەوەدان و پشوودان و دانیشتن و کۆڵدان و خیانەت لە قامووسیدا نەبوون. پێ دەچوو من و باكم بەرەیەکی نیشتیمانیمان پێکەوە کەردبێتەوە: ئەوی کۆمۆنست و منی نەتەوەیی، یەک خەممان هەبوو. دواقسەی کاریگەری باوکم کە ساڵی ١٩٩٣ بە منی گوت، ئەمە بوو: "کوڕم وەرە با خۆمان حیزبێک دامەزرێنین! ئێمە خیانەت ناکەین!".
نا، باوە گیان! ئێمە خیانەت لە خاک و نیشتیمانی خۆمان ناکەین! ئاسوودە بە!

تەممووزی ٢٠١٦

söndag 10 juli 2016

بنەچەی کورد جنۆکەیە



حەکیم کاکەوەیس



لە نیوەی دووەمی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا و دوای کوشتنی ئۆلۆف پاڵمەی کەسایەتی جیهانی و کەسی یەکەمی سۆسیالدیموکرات، سەروچاوێکی سیاسی، بە ناوی (ئینگڤەر کارلسۆن)ەوە، دەرکەوت. کارلسۆن، کە دواتر بوو بە سەرەکوەزیران، دەموچاوێکی درێژۆکەی هەبوو و لە هەڵبژاردندا، نەیارەکانی دەموچاویان لە سەر شێوەی بنەپێڵاو دروست کرد و چاویلکەیان بۆ دانا و پاژنەکەیان کرد بە چەنەگەی... ئەوجا بە شێوەیەکی بەرفرەوان بڵاویان کردەوە.

     
 زۆری نەبرد، هەرچی لایەنگری سۆسیالدیموکرات بوو، وێنەی بنەپێڵاوێکی بە بەرۆکی خۆیەوە هەڵواسی و چوونە ڕکابەریی هەڵبژاردنەوە. ئەو بنەپێڵاوە، لە بری ئەوەی بە چاکە بۆ نەیارانی سۆسیالدیموکرات بشکێتەوە، بە زەرەر بە سەریاندا شکایەوە و بۆ سۆسیالدیموکرات بوو بە دەستکەوت. ئەگەر سویدییەکان میللەتێکی ناهۆشیار بوونایە، لە سەر ئەو بنەپێڵاوە دەبوو بە کێشەیان و دوور نەبوو شەڕی ناوخۆی لێ بکەوێتەوە.

     




ئێمەی کوردیش، کە دەبینین نەیارانمان بانگاشەی ئەوە دەکەن کە ڕەچەڵەکمان بۆ جنۆکە دەگەڕێتەوە، تەواو بریندار دەبین. نابێ ئەو تەوژمەیان بۆ بەرژەوەندی خۆمان بشکێنینەوە و هیچ نەبێ ڕەوتێکی سیاسی یا ڕۆشنبیری یا هەردووکیان پێکەوە، لە سەر بنەمای جنۆکەبوونی کورد دامەزرێ؟!
خۆ تورکەکان، گوایە بنەچەیان بۆ دەڵەگورگێکی بۆری ناوەڕاستی ئاسیا دەگەڕێتەوە، نەک هەر شەرمیان پێ نایێ، بەڵکو شانازیشی پێوە دەکەن و ڕێکخراوی ڕەگەزپەرستانەی وەک (گورگەبۆر) و (ئەرگەنەکۆن)یشی لێ دادەتاشن و حیسابی ئەوە دەکەن کە گورگی بۆر، لە سەرکردایەتیکردندا بێهاوتایە!.


پێشنیاز دەکەم لە ئێستا بەدواوە، نیگاری جنۆکە بەرانبەر بە ڕەگەزپەرستانی داگیرکەر بەرز بکرێتەوە و لە هەموو بۆنەیەکدا بە ڕوویاندا بدرێتەوە!! ئەگەر نەختێ بە (کۆک لوکس کلان)ی ڕەگەزپەرستیی دژەڕەشیش بچی، کێشە نییە چونکە لە ڕووی بەرگرییەوەیە نەک هێرشبردن...

söndag 3 juli 2016

تەنها خوێندنەوەی مێژوو نا... لێکدانەوەی مێژووش




حەکیم کاکەوەیس
           

ئەبوو موسلیمی خوراسانی (١٠٠ – ١٣٧ کۆچی)


کاتی خۆی، کە زانیم موسوڵمانان بۆ سەر پێشاو و خۆپاککردنەوە ڕێنمایی کراوون، سەرسام بووم. چما موسوڵمان، بە بێ ڕێنماییکردن نازانن بچنە سەر پێشاو؟ ئەگەر خۆپاککردنەوە باس نەکرابێ، خۆیان پاک ناکەنەوە؟! ئایە لەو سەردەمەدا ئاودەست هەبووە تا پێی چەپ یا ڕاستیان یەکەم جار بهاوون؟! ئەی دەبێ پێش ئەو ڕێنماییانە چییان کردبێ؟! ئەی خۆ پشیلە ڕێنمایی نەکراوە. تۆ بڵێی، لەبەر ئەوەی بەرەکەتی ڕێنمایی بە ژاپۆنییەکان نەگەیشتووە، بە پاشەڵی پیسەوە خەریکی پیشەسازی بن! ئەی تۆ بڵێی ئەمە بۆ ئەوە هەڵنەبەسترابێ سووکایەتی بە مرۆڤی موسوڵمان، بە تایبەتی بە عارەب بکرێ! دواتر، کە بەقەدەر ئەوەی پێویستمە، لە سەرچاوە و باسەکان وردبوومەوە، گومانم نەما کە هەم هەڵبەستراوە، هەم سووکایەتی و تۆڵەسەندنەوەیە. شێوەی خۆپاککردنەوە، بە پێی هەندێ بۆچوون جۆرێکە، هیچ ئاژەڵێک بەو قێزەونییە خۆی پاک ناکاتەوە! یا ڕاستتر بڵێم، بە قەدەر ئەوەی خۆپیسکردنە، خۆپاککردنەوە نییە. ئەی ئەوە سووکایەتی نییە؟ میللەتێک، سەدان ساڵ ئەوە بابەتێکی باسوخواسی بێ، دیارە هەزاران ساڵی تریش هەر لە جێی خۆیدا دەمێنێ و یەک هەنگاو پێشناکەوێ.
بەمە، باسێکی تایبەتیم بیرکەوتەوە، کە منیش لە برایەکی خۆم ببووم بە موفتی: هەرزەکار بووم، (نیزام)ی برام منداڵ بوو و خەریک بوو فێری نوێژ دەبوو. ڕێی پێ گرتم و گوتی: "کاکە دەستنوێژ فێر بوومە، بەڵام نازانم لە تاراتدا چی بڵێم". منیش هەر بە دەم ڕێوە گوتم: "بڵێ نیەتمە دەڕێم!". ئیدی نە من دەنگ و نە ئەو دەنگ. تمەز، ساڵانی ساڵ، کاکە نیزام هەر چووبێتە سەر پێشاو، ئەو نیەتەی لێ هێناوە! بە دووری نازانم ئێستاش لە چوونە ئاودەستدا، بیری بکەوێتەوە!
هەندێ پرسیار و ڕوونکردنەوە دەخەمە بەر دەستی ئەوانەی کە خەریکن گێڕانەوەکانی بوخاری و موسلیم لە ئاستی قورئان تێپەڕێنن و خەریکە (تیلاوە)ی دەکەن و ئەوەشی دژیان بێ، تەکفیری دەکەن: نهێنی لەوەدا چییە ئیبن حەنبەل و بوخاری و موسلیم و ترمزی و ئیبن ماجە و بەیهەقی و زۆری تر، کە لە بواری حەدیس و سوننەتدا، بڕبڕەپشتی سوننەکانن، هەموویان فارسن و لە هەمان سەردەمدا هاتوونەتە دنیاوە، کەچی فارسەکان، خۆیان پەیڕەوییان لێ ناکەن؟! هەست ناکەن ئەوانە هەزاران مینیان بۆ عارەب چاندبێ و هەر دەمە و دەیانیان بە عارەب و ئەوانەدا بتەقێنەوە کە لەسەر ئەو ڕێبازەن؟! ئاگاتان لەوە نییە چۆن بە هۆی فەتوای وەحشیگەرانەی زانای عارەبەوە ڕیسوا(١) دەبن؟! من پێم وایە عارەب خراپ بە تەڵەی فارسەکانەوە بوونە بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو دواوە، بەرەو بنی تاریکایی پاشکەوتن دەچن و هەرگیز شتێ، نە بۆ خۆیان زیاد دەکەن، نە بۆ مرۆڤایەتی. فارسەکانیش بوونەتە خاوەنی وزەی ئەتۆم و ئەگەر لە خۆیانی تێکنەدەن، سەفەری سەر ئەستێرەکانیش دەکەن. ئەمەش تۆڵەی ئەو هەموو زوڵم  و سووکایەتییانە نییە کە لە سەرەتای ئیسلامەوە و لە هەر دەرفەتێکی بۆیان هەڵکەوتبێ، بە فارسەکانیان کردووە؟! ئاخر میللەتی زندووش هەر وەک بەشەری زندوو هەستی هەیە و غەدری لە بیر ناچێتەوە!!
ئەگەر منیش ئەو دەمە زانابوایەم و چ دەسەڵاتم نەبوایە، لە تۆڵەی ئەو هەموو ژنە تاڵانکراو و ئەو هەموو کوڕە سەربڕاوانە، کەمتەرخەمیم لە دژیان نەدەکرد...  ئاخر برینی ئەوەندە بەسوێ چۆن لە بیر دەچێتەوە؟ تۆ بڵێی ئەوەی بە دەستی داعش بە سەر ئێزیدییەکاندا هات، هی لەبیرچوونەوە بێ؟! ئەی ئەوەی لە مێژوویاندا، بە ئیرادەی تورک و دەستی کوردی سەر بەو ڕێبازە بەسەریاندا هاتووە، هی ئەوە نییە نەفرەت لە کوردبوونی خۆیان بکەن؟! سەیرە.. مەلای ئەم سەردەمەی کورد، سڵاوکردن لە ئێزیدیەکان بە ناجائیز دادەنێ و ئەمەش ڕێخۆشکردنە بۆ لەناوبردنیان! پشت بە حەدیس دەبەستن و دەڵێن: خەڵک لەگەڵ هاودەمی خۆیدا حەشر دەکرێ! سەرچاوەی ئەو حەدیسەش موسلیم و بوخارییە کە مەبەستی سەرکی ئەم باسەن. 
جگە لە ڕووداوە کارەساتئامێزەکانی سەرەتای ئیسلام، کە هەر ١٥٠ ساڵێ بوو بە سەر فارسەکاندا هاتبوون، تەماشای ئەم ڕووداوانەش بکەن: ئەبو موسلمی خوراسانی، کە لە دژی ئەمەوییەکان ڕاپەڕی و ساڵی (١٣٢)ی کۆچی ڕووخاندی، هەموو فارسەکان و موالییەکانی بەدواوە بوون چونکە پێیان وا بوو لە ڕەچەڵەکی یەزدگوردە و بۆنی زەردەشتایەتی لێ دەهات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە سۆزیان بۆ قەومایەتی و ئاینەکەیان هەر هەبووە. ساڵی ١٣٧ی کۆچی، لە تەمەنی ٣٧ ساڵیدا، بە پیلانی ئەبو جەعفەری مەنسوور(٢) بە غەدر، لەبەر ئەوە کوژرا نەک تەماحی بچێتە دەسەڵات!! ئەو کوشتنە بووە هۆی شۆڕش و ڕاپەڕینی خەڵکی سەر بە ئەبوو موسلیم و ئەگەرچی تێکشکان، بەڵام لە بیرەوەرییاندا مایەوە. هێشتا ئەو برینانە ساڕێژ نەببوونەوە، ساڵی ١٩٤ی کۆچی، بوخاری لەدایک بووە کە دەکاتە (٥٧) ساڵ دوای کوشتنی ئەبوو موسلیم. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمەی کورد بیرمان کۆڵە، بەڵام ئێستا لەم ڕۆژەدا، کەسمان هەیە کوشتنی شێخ سەعید و قازی محەمەدی بیر چووبێ، تا بوخاری، ئەبوو موسلیمی بیر چووبێ؟! جووەکان، ئەو "فەرهوود"ەیان بیر چۆتەوە کە ساڵی ١٩٤٢ لە بەغدا بە سەریاندا هات؟! ئەی دەبێ ئەوەیان بیر بچێ کە نازییەکان پێیان کردن؟! چل ساڵ پتر بە سەر هەرەسی ساڵی ١٩٧٥دا تێپەڕیوە، ئاخۆ برینەکەی ساڕێژ بۆتەوە؟! ئیتر بوخاری و موسلیم و ئەوانی تر، چۆن ئەو هەموو کارەساتانەیان بیرچۆتەوە کە بە دەستی عارەب بە سەر قەومەکەیاندا هاتووە؟!
١٢ ساڵ دوای لەدایکبوونی بوخاری، واتە ٢٠٦ی کۆچی، موسلیم و ٢٠٩ی کۆچی ترمزی لەدایک بوون. ئەمانە، بوون بە بڕبڕەپشتی ڕێبازی سوننە.  ئیدی مەگەر بەرد نەتوانێ لێکدانەوە بۆ ئەو ڕووداوانە بکا... بەو شێوەیە، هەموو ئەو زانا ناودار و کاریگەرانە، لەو سەردەمەدا هاتوونەتە دنیاوە و جگە لە قەومایەتی، هێشتا کاریگەریی ئایینی زەردەشتییان لەسەر هەبووە، هۆکارەکەش ئەو هەموو زوڵم و سووکایەتییە بووە کە پێیان کرابوو. عارەبەکانیش لە زانستی ئیسلامدا کۆڵەوار بوون و تەقەی سەریان دەهات، چونکە هەر خەریکی شەڕ و تاڵانکاری و ژنڕفاندن بوون. ئەو ئیمامانە، دەرگای عەقڵیان لە عارەب داخست و هەر لەو سەروبەندەدا، موعتەزیلەی (ئەهلی عەقڵ و لێکدانەوە) پەیدابوون بەڵام بە چەکی بیری ئەو ئیمامانە قڕ کران.
ئاخر هێنانەوەی حەدیس گوایە پەیامبەر فەرمانی بە کوشتنی قومقمۆک داوە، پێڕابواردن و یاریکردن نییە بە عەقڵیان؟! ئەوە داخستنی دەرگای عەقڵ نییە؟! بیری لێ بکەوە هەر موسوڵمانە و بۆ بەدەستهێنانی بەهەشت دەست بداتە دار بۆ ڕاوە قومقمۆک! چ بەزمێکە بەو خەڵکەی دەکەن!
ئەحمەد سوبحی مەنسوور(٣)  دەڵێ: "ئەگەر عارەب بە پێی تێگەیشتن و بۆچوونی سەردەمی جاهیلی غەزایان کردبا، کارەکەیان تەنها دەبوو بە کوفری ڕەفتار. بەڵام کاتێ بە ناوی ئیسلامەوە کردیان، بوو بە کوفری ڕەفتار و باوەڕ"... واتە عارەب، بەو زوڵمانەی کە دەیانکرد، کوفریان بڵاو کردەوە نەک باوەڕ. ئەوان بە ڕەفتاری خۆیان وشەی ئیسلامیان کرد بە شتێکی تۆقێنەر کە کوشتن و تاڵان و دەستدرێژی و سووکایەتی لە سێبەریدا ئەنجام دەدران. ئەوەش تەواو بۆچوونێکی عارەبییە و چۆن بە کوێر دەڵێن "بەسیر"، ئاوهاش ئیسلام "شەڕ" دەگەیەنێ! هەروەها دەڵێ: "ئایەتی قورئان هەیە ئاین بە ڕەهایی ئازاد دەکا"، کەچی بزانە بە پێی ڕێبازی ئەو زانا فارسانە، هەر لەم سەردەمەدا، چی بە ئێزیدییەکان و دیانەکان کرا!! ئەمە عیبرەتکردنی عارەب نییە کە کوردیش تێوەی گلاوە؟!
لە بیرمان نەچێ موغە زەردەشتییەکانی ئەو سەردەمە، هێشتا برەویان هەبوو و ئەگەرچی چووبوونە ناو ئیسلامیشەوە، بەڵام قەومایەتی خۆیان دەکرد و لە ئەنجامدا ئەو لوغمانەیان چاند کە ئێستاش بە عارەب و هاوسەفەرەکانیاندا دەتەقێنەوە و ئەنجام بزووتنەوەی "شعوبی" بوو کە زۆر لە زاناکانی گرتەوە و تەنانەت هەندێ عارەبیش چوونە ڕیزەکانیانەوە. ئەوەی بە لای منەوە گرنگە ئەوەیە، پێمان وا نەبێ میللەتانی تریش وەک ئێمەی کورد ساویلکە و دڵساف بن و لە تاوانکارانی ئەنفال خۆش بن!.. ئێمە، لە هەموو شتێ خۆش دەبین کە دوژمنەکانمان بەسەرمانیدا دێنن، بەڵام لە برای خۆمان خۆش نابین! میللەتانی تری دنیا وا نین... ئێستا تەماشای ئاشوورییەکان بکە بزانە هەڵوێستی زۆربەیان بەرانبەر بە کور چۆنە! سەرچاوەی هەموو ڕقەکەیان بۆ ئەو ڕۆژە دەگەڕێتەوە کە مادەکان نەینەوایان داگیر کرد، بەڵام ئێمە گوێ بەوە نادین پێشتر ئاشوورییەکان چییان بە کورد، یا بە میدییەکان کردبوو. ئیدی هەزار چاکەیان لەگەڵدا بکەی داد نادا. ڕەنگە هەندێ کەس پێکەنینیان بەم بۆچوونە بێ، چونکە لە ناخی خۆیانەوە دەڕوانن: کاتێ بەعس ژنە کوردی ئەتک دەکرد، ئێمەش دەمانتوانی ببین بە جاش!! ئیدی ئەوە ئەوپەڕێتی!
کورد لە خۆخڵەتاندندا یەکەمی دنیایە. پوشکەیەک هەر دەدۆزێتەوە خۆی پێ لە ئەرکی کوردبوون دەرباز بکا: هەموومان موسوڵمانین و هەموو شتێ دەکەین بە قوربانی پێڵاوی ئیمامی عومەر!. چینی کرێکارانی جیهان قەومایەتی ناهێڵێ و هەموو میللەتان یەکسانن!. باوی قەومایەتی و دەوڵەتی قەومی نەماوە!. کورد فەلسەفەی نییە... هیچی نییە! هەموو ئەمانە و زۆری تر، خۆدزینەوەن لەو بارە قورسەی کە پێی دەڵێن سەرفرازی یا سەربەخۆیی!... ئەگەر داگیرکەرانی نیشتیمانی ئێمە دەرگای هۆشی خۆیان دانەخستبا، دەمێ بوو کورد توابۆوە... بەڵام بەختی ئێمە لەوەدایە کە ئەوان دەرگایان لە سەر عەقڵ داخستووە! ئەوەتا تورک پێیان خۆشە تورکیا کاوول بێ، بەڵام کورد بە هیچ نەگا.
دەستم دامێنتان ئاگادار بن ئەوەندەی تر کورد بە قوڕدا مەبەن! خوا، دینی نە بۆ قەسابییە نە ئامێری جوانکاریی دەستی بەربووکەکان و تاسولووسدانی حۆری! دین، بەر لە هەموو شتێ پەیوەندی ڕووحی نێوان خوا و بەندەکانیەتی، ئەوجا بەڕێوەبردنی ژیان و دوای ئەوەش توێشەبەرەی قیامەت! هیوادارم زانا ئاینییەکان، وانەیەک لە لای (حاجی قادری کۆیی)ش بخوێنن! با ئەوەش بڵێم ئەو بزووتنەوە ئیسلامییانەی ئەم دواییە، ئەگەرچی هەندێ گەنجی بێهیوایان بە لای خۆیاندا ڕاکێشاوە، بەڵام زۆریشیان لە دین دوور خستۆتەوە. خەڵک هەیە، بە توندی بە فەرزەکانەوە وابەستە بوو، کەچی ئێستا، خۆی بە دەستخەڕۆ دەزانێ و وازی لە هەمووی هێناوە. ئەو توندڕەوانە، ئەگەر دژی گەندەڵیش بن، جۆرێکن، هەست بکەی هەر گەندەڵییەکە باشتر یا ئەهوەنتر بێ.



(١)    لە کاتێکدا خەریکە مرۆ دەگاتە خێرایی ڕەها، زانا عارەبەکان، یەکێکیان دەڵێ گۆشتی ژنەکەی خۆت بخۆ و یەکێکی تر فەتوا دەدا لە هەندێ بارودۆخدا، بۆ موسوڵمان جائیزە لەگەڵ دایکی خۆیدا جووت بێ، جگە لە باسی شێوازی سەربڕین و ملپەڕاندن و سەبیکردن...

(٢)    چ باوەڕێک وا دەکات ئەبوو جەعفەری مەنسوور، کە ئەو غەدرەی کردووە، بە ڕاست بزانیت و تۆمەت بخەیتە پاڵ ئەبوو موسلیم. با ئەوەش بڵێین کە ئەبوو موسلیم بە کورد ناسراوە و ناوی براوە. بەڵام وەک هەموو سەردەمەکان کورد غەدری لێ کراوە و مێژووی دزراوە.

(٣)   احمد صبحي منصور: مامۆستای ئەزهەر بووە و لە هەشتاکانی سەدەی پێشوودا لە سەر ئەوەی باوەڕی بە گێڕانەوەکان و سوننەتەکان نەبووە و هەر قورئانی بە سەرچاوە ناسیوە، لە سەر کار لابراوە.