نازانم کێ گوتی:
"مەڕ، بۆ ئەوەی گورگ نەیخوات، شوانەکەی دەیداتە قەساب تا سەری ببڕێ".
ئێمەش، سەرکردە شوانەکانمان پارێزگاریمان لێ دەکەن، تا خۆیان یەک بە دوای یەکدا و
هەندێ جاریش دەستە دەستە، یا بمانخۆن، یا بمانفرۆشن یا بماندەنە دەمی لافاوی
ئەنفالەوە! ئێمەی کورد، هۆگری ئەو شوانە دڵنەرمانەی خۆمانین، چونکە پێمان دەڵێن
جەماوەری شەرەفمەند و قارەمان!! ئەنفالی بارزانییەکان و ئەنفالەکانی تر و
کیمیابارانی هەڵەبجە، بە دەستی بەعس ئەنجام دران بەڵام ڕێخۆشکەر حیزبە شوانەکانی خۆمان
بوون و ئێستا بەعسییەکان بەرهەمەکەی دەخۆن نەک کەسوکار و میللەتەکەیان!
چاوەڕوان دەکرا
خوێنی هەشت هەزار بارزانی و دووسەد هەزار ئەنفالکراو و ئەو هەموو قوربانیانەی
کیمیاباران و هەڵفڕینی ڕووحی ئەو هەموو شەهیدە بەرەو ئاسمان، ببن بە وزەی
خۆدەربازکردنی کورد لە کۆیلایەتی و شەکاندنەوەی ئاڵای سەرفرازی، کەچی هەموو ئەو
خوێنانە و فرمێسکی کەسوکاریان، لەگەڵ نەوتی بن خاکەکەماندا، بوون بە دۆلار و
ڕەوانەی دەرەوە کران، ئەوجا بە سەر باڵای
تیاترۆکاندا دابارین و بە سەر مێزی قوماردا هەڵڕژان!
سەرکردەکانمان، بۆ
دابینکردنی مەرجی مانەوەی خۆیان و سەرمایەکانیان، لە دیداری بێگاناندا ئەو شەهیدانە
دەکەن بە کراسەکەی عوسمان و لە هەڵسوکەوتیشدا، بکوژەکانیان خەڵات دەکەن و لە تیغی
تۆڵەکردنەوە دەیانپارێزن و بەرەو هەندەران بەڕێیان دەکەن و تەنانەت لە دادگای دەوڵەتانیشدا
بەرگرییان لێ دەکەن! ئەی وا نەبوو؟!
تۆ بڵێی لەم
جیهانەدا میللەت هەبێ یا هەبوبێ سەرکردەی هێندە غەڕ و غەدداری هەبێ یا بووبێ؟! پۆڵ
پۆتی کەمبۆدیا دەڵێیت؟! ئەو، خاکی نەفرۆشت! ئەو هیچی ئاودیو نەکرد! ئەو، لە دوژمنی
میللەتەکەی خۆش نەبوو! ئەو، بە پێی ئایدۆلۆژیایەک خەڵکی کوشت کە باوەڕی پێی بوو.
خۆزگە ئەمانەی ئێمەش وەک پۆڵ پۆتیان دەکرد نەک پتر!
ئێمە بیرمان
کولە... نازانین مردنی سەدان هەزار کورد و مانەوەی سەرکردە و کادیرەکان چ
دەگەیەنێ. نازانین بۆچی کەسی سیاسەتکار، کە دەستی لە پلەوپایە گیر دەبێ، ئیتر تا
مردن وازی لێ ناهێنێ و بۆ کوڕاوکوڕیشی بە میرات دەمێنێتەوە. نازانین خەڵاتکردنی
جاش و بەعسی و بەرزکردنەوەی پلەی فایلداران چ دەگەیەنن!. نازانین بۆچی سەددام
حوسێن لە سەر ئەنفال دادگایی نەکرا... نازانین نا...
با دانی پێدا
بنێین: ئێمە خۆمان ئەنفالچیی گیانی خۆمانین!! سەرکردەشمان یار و یاوەری ئەنفالچین
دەنا قەت بووە میللەتێک لە سەر ڕەنگ بە شەڕ بدەن و ئەو خەڵکەش شەڕەکەیان بۆ بکەن و خۆیانیان بۆ بەکوشت بدەن؟!
ئەی خۆئەنفالکردن چۆنە؟ توخوا گوێ لە پەشێو بگرن:
"من
دەڤەرێک پێدەزانم
قەستەسەری هەر
زەردێکە
زێڕی بەرزەعەیار
نەبێ
من دەڤەرێک پێ
دەزانم
دوژمنی هەموو
سەوزێکە
دۆلار نەبێ".
بەداخەوە بۆ ئەو
هەموو خوێنە بەفیڕۆچووەی بارزانییە ئەنفالکراوەکان و هەموو ئەنفالکراوەکانی تر...
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar