حەکیم كاکەوەیس
لە سەردەمی پاشا بچکۆلەکەی عیراقدا، کە نەنکم پێی وابوو
سەیید و ئەولادی پێغەمبەرە، باوکم کۆمۆنست بوو و کاری بۆ ڕووخاندنی دەکرد. گرنگ
نەبوو بۆچی بڕووخێ و کێ بێتە جێی، بەڵکو گرنگ ئەوە بوو بڕووخێ. ئەو پاشا منداڵە،
بەر لەوەی ببێ بە پیاو، ببوو بە پیاوی ئیستیعمار.
پێش نیوەڕۆی ١٤ تەمموزی ١٩٥٨، باوکم بزەیەکی سەیری بە
ڕوخسارەوە بوو و بە شێوەیەکی نائاسایی دڵی خۆش بوو. حکوومەتی پاشایەتی ڕووخا و
باوکم سەرکەوت! خەڵکی کەرکووک هەڵڕژانە سەر شەقامەکان. منیش بە هۆی ئەو بزەیەوە، بزەم
دەهاتێ: "ئەی لە خوا بەزیاد بێ! خۆ ئاخرییەکەی ڕووخا!". دڵم لای ئەو
"سەیید"ە بەستەزمانەش بوو کە دەیانگوت کوژراوە. دوایی نەنکم دەیگوت:
"تازە ئەم مەملەکەتە خێر لە خۆی نادینێ!". دەی جا وەرە ببە بە دوو
لەتەوە! خۆشیی ڕووخاندن و ترسی خێرنەدیتن! دوایی دەرکەوت تیۆرییەکەی نەنکم، زۆر لە
ماددەی دیالەکتیک و بنخان و بانخانی ئابووری و فەلسەفەی مارکس ڕاستتر بوو. خێر و
خۆشیمان نەدی!
ئەوجا، ١٤ی تەممووزی ساڵی ١٩٥٩ لە کەرکووک بوو بە هەرا. پەتای
شێتبوونی دەستەجەمعیی کۆمۆنستەکان و کاردانەوەی ترسی دەستەجەمعیی تورکمانەکان بڵاو
بوونەوە!!. پەتڕاوەشاندنی کۆمۆنستەکان و خۆحەشاردانی تورکمان. کەکرکووک، کە
زۆرینەی دانیشتوانی کورد بوون، دیارە زۆرینەی کۆمۆنستەکانیش کورد بوون، جگە لەو
گوندییانەی، کە لەو ڕۆژەدا، بە شەنە و داسەوە هەڵڕژانە ناو شارەوە. لەبەر ئەوە،
بوو بە شەڕی کورد و تورکمان. چایخانەیەکی تورکمانەکان تاڵان کرا و منیش گڵۆپێکی
درێژم هەڵگرت و بردمەوە و لە ماڵەوە یاریم پێی دەکرد. کە باوکم بەوەی زانی، چاوی
پەڕییە تەوقی سەری! "نابێ لوقمەی حەرام بێتە ماڵی ئێمەوە! تێگەیشتیت؟!".
بەڵێ تێگەیشتم! هەزار تۆبە بە فلسێک! گڵۆپەکەی وردوخاش کرد... ئیدی لەوساوە، لە
دزیکردن و ئاودیوکردن و تاڵانچێتی دوورم. ئەوە بۆ من وانەیەکی گرنگ بوو.
هەر ساڵی ١٩٥٩ و دوای چەند مانگێک لە هەراکەی کەرکووک کە
بوو بە بەڵای تورکمانەکان و ئەو ڕقەیان لە توێی نانێکی گەرمدا بۆ کورد هەڵگرت و
ئێستاش دەرخوادی دەدەن، کەریم قاسم بریندار کرا. ئیدی لە ماڵی ئێمەدا پرسە بوو. لە
بیرمە: هەموو دەنگوباس و هەواڵێکم لە سیمای باوکمەوە دەخوێندەوە. سیمای ئەو:
ئاژانسی هەواڵەکان بوو... هەواڵی خۆش و هی ناخۆش، هەر لەو سیمایەوە پێم دەگەیشتن!.
دەنگی قاسمیشم لە بیرە بە زامداری، لە ڕادیۆوە قسەی دەکرد و دەیگوت: (عفا اللە عما
سلف).
ساڵی (١٩٦٣)ی بەعسییەکان، "حەرەس قەومی" هاتن
و جێی "مقاومة الشعبی"یان گرتەوە. پێشتر، مقاومەی شەعبی لە ڕێپێوانەکاندا،
کە ئەوسا (مەسیرە)یان پێ دەگوت، بە یەک دەنگ هاواریان دەکرد: "سنمضي سنمضي
الی ما نريد... وطن حر و شعب سعيد". دوای ئەوان، حەرەسقەومی هاتن و بە چەکی
"پۆرسەعید"ەوە هاواریان دەکرد: "امة امة عربية وحدە وحدە
حرية". مقاوەمە شەعبی بۆ من خۆش بوو و عەقڵم بەوەدا نەدەشکا، یا بەلامەوە
گرنگ نەبوو بۆ تورکمانەکان چۆن بوو! بەڵام حەرەسقەومی، کە بۆ تورکمانەکان دەرفەت
بوو و زۆریان تێیدا بەشدار بوون، بۆ من ترسناک بوو. دەی هەر وا دەبێ: "يوم لك
و يوم عليك" و کەسیش بە قەرز ناترسێ.
بەعسییەکان، لە سەر هەراکەی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٩ باوکمیان دەستگیر
کرد و نزیکەی ساڵێک لە ژوورەوە بووە، جگە لەوەی دواتر پەتپەتێی دنیای بەسەردا هات
و نەحەسایەوە. دوو تورکمان لە سەری شایەد بوون، گوایە باوکم کەرکووکی کاوول
کردووە. دوای گرتنەکەی، باپیرم چووبووە سەردانی و پێی گوتبوو: "کوڕم، زاهیری
تۆ فەوتایت! نەکەی زەرەرت بۆ کەس هەبێ!". ئەویش گوتبووی: "کوڕی تۆ بم،
بشمکوژن ناوی کەس نادەم!". باوکم، هەواڵی بۆ هاوڕێکانیشی نارد: "کەس خۆی
تێکنەدا.. لەتوپەتم کەن، ناوی کەس نادەم!". دوایی لە دادگا بێتاوان دەرچوو.
چەند دڵی بە ئازادبوون خۆش بوو، سەد ئەوەندە دڵی بەوە خۆش بوو کە دادوەر گوتبووی:
"اکتب لقد کذب الشاهد!". وەک لە بیرم بێ، ناوی ئەو شایەدە
"سەعدی" بوو.
تاوانی باوکم ئەوە بوو، کۆمۆنست بوو. ئا، دژی بۆرژواش
بوو. ئەرێ ئێستا من دەزانم بۆرژوا چ دەعبایەکە تا ئەو زانیبێتی؟! بە خوا باوەڕ
ناکەم! ئەگەر پزیشکەکان بۆرژوا بن، ئەوا چەندین جار بۆرژوا باوکمیان لە مردن ڕزگار
کردووە. جا وەرە دژیشیان بە!
کاتێ ساڵی ١٩٦٩ عەزیز الحاجی قیادە مەرکەزی لە تەلەڤزیۆنەوە
هەڵیدەڕشت، باوکم بەرەو شاخ ڕۆیی. داخەکەم! خۆی و هەموومانی بە فەتارەت دا و تووشی
ژیانی کولەمەرگیی کردین و هەندێ لە هاوڕێ و بەرپرسەکانی، ئێستا، ئەگەر مابن،
ملیۆنێر و ملیاردێرن و ئەگەر نا، بە لای کەمەوە نەوەکانیان باش دەلەوەڕێن.
هەندێکیشان لە بەر قاپیی خواپێداواندا پاسەوانن! بە قەولی مەلا کرێکار: لێدە
شەفیق!!
باوکم لە ١٤ی تەمموزی ٢٠٠٤دا کۆچی دوایی کرد... بەڵێ، کۆچکردنیشی
لە ١٤ی تەممووزدا بوو. هەڵوێست و پەروەردە و بیرەوەرییەکانی بۆ من و خوشک و
براکانم بەجێهێشت! ئەو دەمانەی لە کەرکووکەوە بۆ ڕانیە دوور خرابۆوە، لەوپەڕی
نەبوونیدا، هانای بۆ هاوڕێ ملیۆنێر و ملیاردێرەکانی نەبرد. لە ڕانیە، پەنایەکی بە
کرێ گرت و کەوتە تەنەکەچێتی. خوا هەقە ئەوانیش (هاوڕێکانی)، بە هیچ جۆرێ لێیان
نەپرسییەوە و ئاوڕیان لێی نەدایەوە. باوکیشم، هەرگیز، هیچ گلەیی لێ نەدەکردن!
هەزار سڵاو لەو باوکەی کە خۆبەدەستەوەدان و پشوودان و
دانیشتن و کۆڵدان و خیانەت لە قامووسیدا نەبوون. پێ دەچوو من و باكم بەرەیەکی
نیشتیمانیمان پێکەوە کەردبێتەوە: ئەوی کۆمۆنست و منی نەتەوەیی، یەک خەممان هەبوو. دواقسەی
کاریگەری باوکم کە ساڵی ١٩٩٣ بە منی گوت، ئەمە بوو: "کوڕم وەرە با خۆمان
حیزبێک دامەزرێنین! ئێمە خیانەت ناکەین!".
نا، باوە گیان! ئێمە خیانەت لە خاک و نیشتیمانی خۆمان
ناکەین! ئاسوودە بە!
تەممووزی ٢٠١٦
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar