ئەگەر کەمێ لە حیزبەکانمان و سەرکردەکانمان ڕامێنین،
ئیدی چ پێویست بەوە ناکا دووی ویکیلیکس بکەوین تا ڕەفتاری سەرکردەکانی خۆمانمان
پیشان بدات. حیزبێک، کە دەرفەتی بوو بۆ یەکەمین جار بگاتە شار و دەسەڵات بگرێتە
دەستییەوە و یەکەم کاری ئاودیوکردن بووبێ، ئیدی چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێ کەللەی
باپیرانیشمان، بە کەمێ پارە، بفرۆشێ. حیزبێک کە ڕازی بوو سەددام بە بێ ئەوەی لەسەر
ئەنفال دادگایی بکرێ، ئیعدام بکرێ و نهێنییەکان بباتە ژێر گڵەوە، بەوەش ڕازی دەبێ
جێ بۆ لەشکری ئیران و تووران لە سەر خاکەکەی خۆش بکا و لە دژی یەکتر و بزووتنەوەی
پارچەکانی تری کوردستان هاوکاریان بێ. حیزبێک کە هەرچی لە وڵاتەکەیدا هەیە تاڵانی بکا
و لە هەڕاجخانەکاندا بیفرۆشێ، ئەگەر قافڵەی تانکەر و پایپلاینی نەوتی تاڵانی هەبێ،
بۆچی عاجباتییە؟! تا ڕقدانت دەگرێ ڕاقت لە پارتی بێ بەڵام شتە ناشرینەکانی یەکێتی
جوان مەکە!! تا دەتوانی ڕقت لە یەکێتی بێ بەڵام کارە ناهەموارەکانی پارتی مکیاج
مەکە! تا وا بیت، چاوەڕوانی ئاسوودەیی مەبە و باوکی (ویکیلیکس)یش عیلاجی ئەو
شیرپەنجەیەت ناکات.
حیزبەکانمان گەڕانەوە شار و هەرچی کەرەسەی تاقیگای
نەخۆشخانە و زانکۆکان هەیە، هەرچی شۆڤڵ و گەڵابە هەیە خستیانە پەراوێزی کەرەسەکانی
بەربەستی بێخمەوە و تاڵانفرۆشیان کرد. ئیدی کە دەبینی حیزبێک ئەو وڵاتە تاڵان دەکا
کە بە نیاز بوو ئازادی بکا و هەر بەرگریشی لێ بکەیت، ویکیلیکس چ کاریگەرییەکی لە
سەرت دەبێ و چت بۆ دەکا؟!. کوا ویکیلیکسی کڵۆڵ هێندەی خۆمان شارەزای سەرکردەکانمانن؟
کوا ویکیلیکس بۆ ئەوە دەچێ هەر ئەندامێکی هەر حیزبێک کە زادی پیسی سەرکردایەتی لە
دەم نا، ئیدی هەموو شتێ قەبووڵ دەکا تا دەستی لەو پلەوپایەیە بەرنەبێ؟! ویکیلیکس،
کوا دەزانێ سەرکردەکانی کورد، بەردەوام مەستی ئەفیونی دەسەڵاتن و بە هۆی
قوربانیدانی خەڵکەوە، ویژدانیان سواوە؟!
کە دەڵێن فڵانە کەسی فڵانە حیزب دەستی لەگەڵ میت یا
ئیتتیلاعاتدا تێکەڵ کردووە و نەوتی بە تاڵانفرۆش پێ دەدا، خۆ هەر دەکاتەوە
ئاودیوکردنەکەی جاران و فایلدارێتییەکەی گۆرین و هیچی تر. ئیتر بۆ دەبێ
زانیارییەکانی ویکیلیکس وا ببینین کە هەنگمان لە کلۆرەداردا دۆزیبێتەوە و ویکیلیکس
چ شتێکی تازەی پێ گوتووین؟! چما نازانین حیزبەکانمان هەر وەک حەرەسقەومییەکانی
١٩٦٣ و عارەبی حەویجە خەریکی تاڵانکردنی خەڵکی کوردستانن؟ ئەی ئەوە نییە چەند
ساڵێکە بەرهەمی کشتوکاڵیی خەڵکیان بردووە و پارەکەی نادەن؟! ئەی ئەوە هەمان
ڕەفتاری حەویجەییەکان نییە کە بە خوێن و ماڵی کورد گۆش دەکران؟! ئەی ڕسواکردنی
بەرهەمی خۆماڵیمان بەرانبەر بەرهەمی تورکی و ئێرانی، هەمان (حصار)ەکەی گۆرین نییە
کە بەعس لە سەر یەک کیلۆ چای، زەلامێکیان ئیعدام دەکرد؟!
هەی خۆمانی کڵۆڵ! دەیان ساڵ زوڕنا لە دژی بنەماڵە لێدرا
و خەڵکی بۆ کوژرا، کەچی زوڕنا هەر وای کرد و ئاوازی گۆڕی و هەر ئەندامێکی
سەرکردایەتی دەگریت، خۆی تۆڕێکی بنەماڵەیی دروست کرد و چووە ناو تۆڕە گەورەکەوە و
بوو بە بەشێکی دەزگا موخابەراتییەکانی دەوروبەر!
خەڵکینە! ئێمە بە دەست حیزبەکانی خۆمانەوە داشی دامەین.
بەڵام با بزانین کە سەرکردەکانیشمان بە دەستی موخابەراتی ئەم وڵات و ئەو وڵاتەوە
داشی دامەن!! تەنها بیر لەوە بکەرەوە زەلام هەیە لە ساڵی ١٩٦٣وە خەریکی گفتوگۆیە و
هەتا ئێستاش، نە هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست هێناوە، نە وازیشی هێناوە!! نەفامی ئێمە وای کردووە ئەو کورسییانە بەلەزەت
بن و ئەوەی پێی گەیشت، ئەگەر جاشێکیش بێ، لەزەتی لێ ببینێ! ویکیلیکس، خۆشی بکوژێ
ناتوانێ ئەوە بزانێ کە تۆ خۆت دەیزانیت!
ئەرێ بەڕاست!! بیستووتانە یەک گەندەڵکار یا خیانەتکار یا
ئاودیوکەر یا یەک فایلدار سزا درابێ؟! دە بۆ خۆت بڕۆ وێنە لەگەڵ ئەو دز و ئاودیوکەر
و جەردانەدا بگرە و نازیان پێوە بکە! لە گیانت خۆش!
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar