söndag 3 juli 2016

تەنها خوێندنەوەی مێژوو نا... لێکدانەوەی مێژووش




حەکیم کاکەوەیس
           

ئەبوو موسلیمی خوراسانی (١٠٠ – ١٣٧ کۆچی)


کاتی خۆی، کە زانیم موسوڵمانان بۆ سەر پێشاو و خۆپاککردنەوە ڕێنمایی کراوون، سەرسام بووم. چما موسوڵمان، بە بێ ڕێنماییکردن نازانن بچنە سەر پێشاو؟ ئەگەر خۆپاککردنەوە باس نەکرابێ، خۆیان پاک ناکەنەوە؟! ئایە لەو سەردەمەدا ئاودەست هەبووە تا پێی چەپ یا ڕاستیان یەکەم جار بهاوون؟! ئەی دەبێ پێش ئەو ڕێنماییانە چییان کردبێ؟! ئەی خۆ پشیلە ڕێنمایی نەکراوە. تۆ بڵێی، لەبەر ئەوەی بەرەکەتی ڕێنمایی بە ژاپۆنییەکان نەگەیشتووە، بە پاشەڵی پیسەوە خەریکی پیشەسازی بن! ئەی تۆ بڵێی ئەمە بۆ ئەوە هەڵنەبەسترابێ سووکایەتی بە مرۆڤی موسوڵمان، بە تایبەتی بە عارەب بکرێ! دواتر، کە بەقەدەر ئەوەی پێویستمە، لە سەرچاوە و باسەکان وردبوومەوە، گومانم نەما کە هەم هەڵبەستراوە، هەم سووکایەتی و تۆڵەسەندنەوەیە. شێوەی خۆپاککردنەوە، بە پێی هەندێ بۆچوون جۆرێکە، هیچ ئاژەڵێک بەو قێزەونییە خۆی پاک ناکاتەوە! یا ڕاستتر بڵێم، بە قەدەر ئەوەی خۆپیسکردنە، خۆپاککردنەوە نییە. ئەی ئەوە سووکایەتی نییە؟ میللەتێک، سەدان ساڵ ئەوە بابەتێکی باسوخواسی بێ، دیارە هەزاران ساڵی تریش هەر لە جێی خۆیدا دەمێنێ و یەک هەنگاو پێشناکەوێ.
بەمە، باسێکی تایبەتیم بیرکەوتەوە، کە منیش لە برایەکی خۆم ببووم بە موفتی: هەرزەکار بووم، (نیزام)ی برام منداڵ بوو و خەریک بوو فێری نوێژ دەبوو. ڕێی پێ گرتم و گوتی: "کاکە دەستنوێژ فێر بوومە، بەڵام نازانم لە تاراتدا چی بڵێم". منیش هەر بە دەم ڕێوە گوتم: "بڵێ نیەتمە دەڕێم!". ئیدی نە من دەنگ و نە ئەو دەنگ. تمەز، ساڵانی ساڵ، کاکە نیزام هەر چووبێتە سەر پێشاو، ئەو نیەتەی لێ هێناوە! بە دووری نازانم ئێستاش لە چوونە ئاودەستدا، بیری بکەوێتەوە!
هەندێ پرسیار و ڕوونکردنەوە دەخەمە بەر دەستی ئەوانەی کە خەریکن گێڕانەوەکانی بوخاری و موسلیم لە ئاستی قورئان تێپەڕێنن و خەریکە (تیلاوە)ی دەکەن و ئەوەشی دژیان بێ، تەکفیری دەکەن: نهێنی لەوەدا چییە ئیبن حەنبەل و بوخاری و موسلیم و ترمزی و ئیبن ماجە و بەیهەقی و زۆری تر، کە لە بواری حەدیس و سوننەتدا، بڕبڕەپشتی سوننەکانن، هەموویان فارسن و لە هەمان سەردەمدا هاتوونەتە دنیاوە، کەچی فارسەکان، خۆیان پەیڕەوییان لێ ناکەن؟! هەست ناکەن ئەوانە هەزاران مینیان بۆ عارەب چاندبێ و هەر دەمە و دەیانیان بە عارەب و ئەوانەدا بتەقێنەوە کە لەسەر ئەو ڕێبازەن؟! ئاگاتان لەوە نییە چۆن بە هۆی فەتوای وەحشیگەرانەی زانای عارەبەوە ڕیسوا(١) دەبن؟! من پێم وایە عارەب خراپ بە تەڵەی فارسەکانەوە بوونە بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو دواوە، بەرەو بنی تاریکایی پاشکەوتن دەچن و هەرگیز شتێ، نە بۆ خۆیان زیاد دەکەن، نە بۆ مرۆڤایەتی. فارسەکانیش بوونەتە خاوەنی وزەی ئەتۆم و ئەگەر لە خۆیانی تێکنەدەن، سەفەری سەر ئەستێرەکانیش دەکەن. ئەمەش تۆڵەی ئەو هەموو زوڵم  و سووکایەتییانە نییە کە لە سەرەتای ئیسلامەوە و لە هەر دەرفەتێکی بۆیان هەڵکەوتبێ، بە فارسەکانیان کردووە؟! ئاخر میللەتی زندووش هەر وەک بەشەری زندوو هەستی هەیە و غەدری لە بیر ناچێتەوە!!
ئەگەر منیش ئەو دەمە زانابوایەم و چ دەسەڵاتم نەبوایە، لە تۆڵەی ئەو هەموو ژنە تاڵانکراو و ئەو هەموو کوڕە سەربڕاوانە، کەمتەرخەمیم لە دژیان نەدەکرد...  ئاخر برینی ئەوەندە بەسوێ چۆن لە بیر دەچێتەوە؟ تۆ بڵێی ئەوەی بە دەستی داعش بە سەر ئێزیدییەکاندا هات، هی لەبیرچوونەوە بێ؟! ئەی ئەوەی لە مێژوویاندا، بە ئیرادەی تورک و دەستی کوردی سەر بەو ڕێبازە بەسەریاندا هاتووە، هی ئەوە نییە نەفرەت لە کوردبوونی خۆیان بکەن؟! سەیرە.. مەلای ئەم سەردەمەی کورد، سڵاوکردن لە ئێزیدیەکان بە ناجائیز دادەنێ و ئەمەش ڕێخۆشکردنە بۆ لەناوبردنیان! پشت بە حەدیس دەبەستن و دەڵێن: خەڵک لەگەڵ هاودەمی خۆیدا حەشر دەکرێ! سەرچاوەی ئەو حەدیسەش موسلیم و بوخارییە کە مەبەستی سەرکی ئەم باسەن. 
جگە لە ڕووداوە کارەساتئامێزەکانی سەرەتای ئیسلام، کە هەر ١٥٠ ساڵێ بوو بە سەر فارسەکاندا هاتبوون، تەماشای ئەم ڕووداوانەش بکەن: ئەبو موسلمی خوراسانی، کە لە دژی ئەمەوییەکان ڕاپەڕی و ساڵی (١٣٢)ی کۆچی ڕووخاندی، هەموو فارسەکان و موالییەکانی بەدواوە بوون چونکە پێیان وا بوو لە ڕەچەڵەکی یەزدگوردە و بۆنی زەردەشتایەتی لێ دەهات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە سۆزیان بۆ قەومایەتی و ئاینەکەیان هەر هەبووە. ساڵی ١٣٧ی کۆچی، لە تەمەنی ٣٧ ساڵیدا، بە پیلانی ئەبو جەعفەری مەنسوور(٢) بە غەدر، لەبەر ئەوە کوژرا نەک تەماحی بچێتە دەسەڵات!! ئەو کوشتنە بووە هۆی شۆڕش و ڕاپەڕینی خەڵکی سەر بە ئەبوو موسلیم و ئەگەرچی تێکشکان، بەڵام لە بیرەوەرییاندا مایەوە. هێشتا ئەو برینانە ساڕێژ نەببوونەوە، ساڵی ١٩٤ی کۆچی، بوخاری لەدایک بووە کە دەکاتە (٥٧) ساڵ دوای کوشتنی ئەبوو موسلیم. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمەی کورد بیرمان کۆڵە، بەڵام ئێستا لەم ڕۆژەدا، کەسمان هەیە کوشتنی شێخ سەعید و قازی محەمەدی بیر چووبێ، تا بوخاری، ئەبوو موسلیمی بیر چووبێ؟! جووەکان، ئەو "فەرهوود"ەیان بیر چۆتەوە کە ساڵی ١٩٤٢ لە بەغدا بە سەریاندا هات؟! ئەی دەبێ ئەوەیان بیر بچێ کە نازییەکان پێیان کردن؟! چل ساڵ پتر بە سەر هەرەسی ساڵی ١٩٧٥دا تێپەڕیوە، ئاخۆ برینەکەی ساڕێژ بۆتەوە؟! ئیتر بوخاری و موسلیم و ئەوانی تر، چۆن ئەو هەموو کارەساتانەیان بیرچۆتەوە کە بە دەستی عارەب بە سەر قەومەکەیاندا هاتووە؟!
١٢ ساڵ دوای لەدایکبوونی بوخاری، واتە ٢٠٦ی کۆچی، موسلیم و ٢٠٩ی کۆچی ترمزی لەدایک بوون. ئەمانە، بوون بە بڕبڕەپشتی ڕێبازی سوننە.  ئیدی مەگەر بەرد نەتوانێ لێکدانەوە بۆ ئەو ڕووداوانە بکا... بەو شێوەیە، هەموو ئەو زانا ناودار و کاریگەرانە، لەو سەردەمەدا هاتوونەتە دنیاوە و جگە لە قەومایەتی، هێشتا کاریگەریی ئایینی زەردەشتییان لەسەر هەبووە، هۆکارەکەش ئەو هەموو زوڵم و سووکایەتییە بووە کە پێیان کرابوو. عارەبەکانیش لە زانستی ئیسلامدا کۆڵەوار بوون و تەقەی سەریان دەهات، چونکە هەر خەریکی شەڕ و تاڵانکاری و ژنڕفاندن بوون. ئەو ئیمامانە، دەرگای عەقڵیان لە عارەب داخست و هەر لەو سەروبەندەدا، موعتەزیلەی (ئەهلی عەقڵ و لێکدانەوە) پەیدابوون بەڵام بە چەکی بیری ئەو ئیمامانە قڕ کران.
ئاخر هێنانەوەی حەدیس گوایە پەیامبەر فەرمانی بە کوشتنی قومقمۆک داوە، پێڕابواردن و یاریکردن نییە بە عەقڵیان؟! ئەوە داخستنی دەرگای عەقڵ نییە؟! بیری لێ بکەوە هەر موسوڵمانە و بۆ بەدەستهێنانی بەهەشت دەست بداتە دار بۆ ڕاوە قومقمۆک! چ بەزمێکە بەو خەڵکەی دەکەن!
ئەحمەد سوبحی مەنسوور(٣)  دەڵێ: "ئەگەر عارەب بە پێی تێگەیشتن و بۆچوونی سەردەمی جاهیلی غەزایان کردبا، کارەکەیان تەنها دەبوو بە کوفری ڕەفتار. بەڵام کاتێ بە ناوی ئیسلامەوە کردیان، بوو بە کوفری ڕەفتار و باوەڕ"... واتە عارەب، بەو زوڵمانەی کە دەیانکرد، کوفریان بڵاو کردەوە نەک باوەڕ. ئەوان بە ڕەفتاری خۆیان وشەی ئیسلامیان کرد بە شتێکی تۆقێنەر کە کوشتن و تاڵان و دەستدرێژی و سووکایەتی لە سێبەریدا ئەنجام دەدران. ئەوەش تەواو بۆچوونێکی عارەبییە و چۆن بە کوێر دەڵێن "بەسیر"، ئاوهاش ئیسلام "شەڕ" دەگەیەنێ! هەروەها دەڵێ: "ئایەتی قورئان هەیە ئاین بە ڕەهایی ئازاد دەکا"، کەچی بزانە بە پێی ڕێبازی ئەو زانا فارسانە، هەر لەم سەردەمەدا، چی بە ئێزیدییەکان و دیانەکان کرا!! ئەمە عیبرەتکردنی عارەب نییە کە کوردیش تێوەی گلاوە؟!
لە بیرمان نەچێ موغە زەردەشتییەکانی ئەو سەردەمە، هێشتا برەویان هەبوو و ئەگەرچی چووبوونە ناو ئیسلامیشەوە، بەڵام قەومایەتی خۆیان دەکرد و لە ئەنجامدا ئەو لوغمانەیان چاند کە ئێستاش بە عارەب و هاوسەفەرەکانیاندا دەتەقێنەوە و ئەنجام بزووتنەوەی "شعوبی" بوو کە زۆر لە زاناکانی گرتەوە و تەنانەت هەندێ عارەبیش چوونە ڕیزەکانیانەوە. ئەوەی بە لای منەوە گرنگە ئەوەیە، پێمان وا نەبێ میللەتانی تریش وەک ئێمەی کورد ساویلکە و دڵساف بن و لە تاوانکارانی ئەنفال خۆش بن!.. ئێمە، لە هەموو شتێ خۆش دەبین کە دوژمنەکانمان بەسەرمانیدا دێنن، بەڵام لە برای خۆمان خۆش نابین! میللەتانی تری دنیا وا نین... ئێستا تەماشای ئاشوورییەکان بکە بزانە هەڵوێستی زۆربەیان بەرانبەر بە کور چۆنە! سەرچاوەی هەموو ڕقەکەیان بۆ ئەو ڕۆژە دەگەڕێتەوە کە مادەکان نەینەوایان داگیر کرد، بەڵام ئێمە گوێ بەوە نادین پێشتر ئاشوورییەکان چییان بە کورد، یا بە میدییەکان کردبوو. ئیدی هەزار چاکەیان لەگەڵدا بکەی داد نادا. ڕەنگە هەندێ کەس پێکەنینیان بەم بۆچوونە بێ، چونکە لە ناخی خۆیانەوە دەڕوانن: کاتێ بەعس ژنە کوردی ئەتک دەکرد، ئێمەش دەمانتوانی ببین بە جاش!! ئیدی ئەوە ئەوپەڕێتی!
کورد لە خۆخڵەتاندندا یەکەمی دنیایە. پوشکەیەک هەر دەدۆزێتەوە خۆی پێ لە ئەرکی کوردبوون دەرباز بکا: هەموومان موسوڵمانین و هەموو شتێ دەکەین بە قوربانی پێڵاوی ئیمامی عومەر!. چینی کرێکارانی جیهان قەومایەتی ناهێڵێ و هەموو میللەتان یەکسانن!. باوی قەومایەتی و دەوڵەتی قەومی نەماوە!. کورد فەلسەفەی نییە... هیچی نییە! هەموو ئەمانە و زۆری تر، خۆدزینەوەن لەو بارە قورسەی کە پێی دەڵێن سەرفرازی یا سەربەخۆیی!... ئەگەر داگیرکەرانی نیشتیمانی ئێمە دەرگای هۆشی خۆیان دانەخستبا، دەمێ بوو کورد توابۆوە... بەڵام بەختی ئێمە لەوەدایە کە ئەوان دەرگایان لە سەر عەقڵ داخستووە! ئەوەتا تورک پێیان خۆشە تورکیا کاوول بێ، بەڵام کورد بە هیچ نەگا.
دەستم دامێنتان ئاگادار بن ئەوەندەی تر کورد بە قوڕدا مەبەن! خوا، دینی نە بۆ قەسابییە نە ئامێری جوانکاریی دەستی بەربووکەکان و تاسولووسدانی حۆری! دین، بەر لە هەموو شتێ پەیوەندی ڕووحی نێوان خوا و بەندەکانیەتی، ئەوجا بەڕێوەبردنی ژیان و دوای ئەوەش توێشەبەرەی قیامەت! هیوادارم زانا ئاینییەکان، وانەیەک لە لای (حاجی قادری کۆیی)ش بخوێنن! با ئەوەش بڵێم ئەو بزووتنەوە ئیسلامییانەی ئەم دواییە، ئەگەرچی هەندێ گەنجی بێهیوایان بە لای خۆیاندا ڕاکێشاوە، بەڵام زۆریشیان لە دین دوور خستۆتەوە. خەڵک هەیە، بە توندی بە فەرزەکانەوە وابەستە بوو، کەچی ئێستا، خۆی بە دەستخەڕۆ دەزانێ و وازی لە هەمووی هێناوە. ئەو توندڕەوانە، ئەگەر دژی گەندەڵیش بن، جۆرێکن، هەست بکەی هەر گەندەڵییەکە باشتر یا ئەهوەنتر بێ.



(١)    لە کاتێکدا خەریکە مرۆ دەگاتە خێرایی ڕەها، زانا عارەبەکان، یەکێکیان دەڵێ گۆشتی ژنەکەی خۆت بخۆ و یەکێکی تر فەتوا دەدا لە هەندێ بارودۆخدا، بۆ موسوڵمان جائیزە لەگەڵ دایکی خۆیدا جووت بێ، جگە لە باسی شێوازی سەربڕین و ملپەڕاندن و سەبیکردن...

(٢)    چ باوەڕێک وا دەکات ئەبوو جەعفەری مەنسوور، کە ئەو غەدرەی کردووە، بە ڕاست بزانیت و تۆمەت بخەیتە پاڵ ئەبوو موسلیم. با ئەوەش بڵێین کە ئەبوو موسلیم بە کورد ناسراوە و ناوی براوە. بەڵام وەک هەموو سەردەمەکان کورد غەدری لێ کراوە و مێژووی دزراوە.

(٣)   احمد صبحي منصور: مامۆستای ئەزهەر بووە و لە هەشتاکانی سەدەی پێشوودا لە سەر ئەوەی باوەڕی بە گێڕانەوەکان و سوننەتەکان نەبووە و هەر قورئانی بە سەرچاوە ناسیوە، لە سەر کار لابراوە.

Inga kommentarer:

Skicka en kommentar