torsdag 29 september 2016

بەرەی سەرتاشان و بەرەی سەرتاشراوان


کە وێنەی ئەو کوڕە کوردە سەرتاشراوەم بینی، دڵم هێشا و لە ناخەوە ڕاچەنیم... ئەوە کارەساتە!. بەڵام لەوەش کارەساتتر ئەوەیە بۆ یەکەم جار گەیشتم بەوەی لەبەر خۆمەوە بڵێم: "خۆزگە بە سەردەمی بەعس!". ئا ئەمەیانە کارەسات!. ئەوە منم گەیشتم بەو ئەنجامە؟!. منێک، کە بەعس هەموو تەمەنی لێ زەوت کردم و ژیانی تەفروتونا کردم و کەسوکارمی ئاوارەی بیابان کرد و برای شیرەخۆرەم کە ئازاد کرا، لەبەر ئەوەی ئولفەتی بە بیابانەوە گرتبوو، دەگریا و دەیگوت: "با بچینەوە بۆ ماڵ خۆمان!"، دەڵێم: "خۆزگە بە سەردەمی بەعس!". ئەوەیە کارەسات!.
دوای ئەنفال و کیمیاباران و کاولکردنی هەموو نیشتیمانەکەم و فرۆشتنی کچانی گەرمیان، ئەوە کارەساتە بگەم بەوەی بڵێم: "خۆزگە بە سەردەمی بەعس!... ئەگەر لە دژی بەعس نەبووینایە، بەعس پەپوولە بوو!".
بەعس، زۆر شوێنی نیشتمانی ئێمەی کیمیاباران کرد، بەڵام دەسەڵاتی زۆڵەکی خۆماڵی، ماڵبەماڵی کوردستان و یەک بە یەکی خەڵکی دەرەوەی بازنە تەسکەکەی خۆی، لە ڕێی دەرمانی ژەهر و خۆراکی ژەهراوییەوە کیمیاباران دەکا و کارێکی کردووە، شیرپەنجە و شەکرە و نەخۆشیی گورچیلە و نەخۆشییە دەروونییەکان... وەک پەتای هەڵامەت بڵاو ببنەوە!... جیاوازی ئەو دوو ژەهربارانە چییە؟!. کارەسات ئەمەیانە!.
کە گوێم لە مامۆستایەک دەبێ هاوار دەکا: "عەببادی ئێمە عیراقین! لە برسا مردین" و دەزانم ئەو مامۆستایە لە من کوردتر و دڵسۆزترە، سەرتاشینە... ئابڕووچوونە... ئەتککردنە... بەڵام بەر لەوەی بۆ خەڵک یا بۆ ئەو مامۆستایە یا بۆ کاکە هێمنی بنەسڵاوە ئەتککردن بێ، بۆ دەسەڵات سەرتاشین و ئەتککردنە!. ڕەفتاری ئەم حیزبانە وا دەکا ڕووی دەمم لە کۆنە جاش و کۆنەجاسووس و خۆفرۆشە دێرینەکان و تەنانەت فایلدارەکانیش بکەم و بڵێم: "هەتا زووە لێیان دوور کەونەوە، دەنا گڵاو دەبن!. دوور کەونەوە با پاکیزەییتان لەدەست نەدەن!!".

کاکە هێمن خەمت نەبێ، هەر تۆ نیت!. میللەتێک، کە خۆزگە بۆ سەردەمی بەعس بخوازێ و بیەوێ ببێتەوە بە عیراقی، یا هانا بۆ جاش و خۆفرۆشان بەرێ، سەر و برۆی هەموویان تاشراوە و ئاوێنە دراوەتە دەستیانەوە!. کورد میللەتێکە، شایستەی ئەوەیە پێی بگوترێ: سەرتاشراو و ئەتککراوەکان...
با ئەوەشم لە بیر نەچێ: (س)، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی حیزبەکەت، لە (ص)ی سەرکردەی حیزبەکەی بەرانبەرت، نە کەمتری دزیوە و نە کەمتری هەیە و نە تاوانی کەمتری ئەنجام داوە و نە پلەی خیانەتی کەمترە و نە نەشارەزای سەرتاشینە!!. ئەوانە، هەموویان سەرتاشن!!... حیزبی سەرتاشانی کوردن و لە بەرانبەر سەرتاشراوەکاندا، لە یەک بەرەدان!

måndag 26 september 2016

خۆپیشاندان لە جێی نابەجێدا



ئەگەر ڕەخنە لە پارتی دەگریت و پێوەرەکەت یەکێتییە، ڕەخنە مەگرە!!. ئەگەر ڕەخنە لە یەکێتی دەگریت و پێوەرەکەت پارتییە، دیسان ڕەخنە مەگرە!!. ڕەخنەی ئاوها، بەردەوامیی سەرەتانێکە، تەمەنی ٥٢ ساڵە!. ئاخر سەرەتان هەیە بە ٥٢ ساڵ نەخۆشەکەی نەکوشتبێ؟!
شەڕی پێشتری ئەو دوو دەزگایە، شەڕی ناوچەی دەسەڵات بوو، بەڵام ئێستا دوو کۆمپانیان و لە سەر نەوت و داهاتی نەوت شەڕیانە. ئیتر کە خۆت سەر بە یەکێ لەو کۆمپانیایانە بیت، ڕەخنە لە چی و لە کێ دەگریت؟!.

ئەوجا: ئەگەر لە دژی یەکێتی خۆپیشاندان دەکەیت، لە هەولێر مەیکە!. بڕۆ لە سلێمانی بیکە!. ئەگەر لە دژی پارتیش خۆپیشاندان دەکەیت، لە سلێمانی مەیکە! بڕۆ لە هەولێر خۆت پیشان بدە!!. ئەوەی نانی تۆ لە سلێمانی دەبڕێ، یەکێتییە و ئەوەی لە هەولێر نانت دبڕێ، پارتییە!. دامەی سیاسی دەکەیت؟!. بە بەردی هەمەڕەنگەوە دامە ناکرێ. بە جۆرێ دامە بکە، داشی خۆت و بەرانبەرەکەت بناسیتەوە، دەنا هەرچی دەکەیت، لە بەرژەوەندی ئەوەدایە کە خۆت لە دژی پیشان دەدەیت!!.
کە خۆپیشاندان بەو شێوەیە دەکیت، لات سەیر نەبێ بێپشت بیت... ئاوها، خۆپیشاندان بۆ خۆت ناکەیت، بەڵکو بۆ ئەندامێکی سەرکردایەتی حیزبەکەی خۆتی دەکەیت، کە خاوەنی پشکە نەوتە و دوای دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانی تۆ، نەختێ پشکەکەی زیاد دەکا!!. تۆش، هەر دەست بە گیرفانتدا بکە و ٢٥٠ دیناری پیشان بدە!.
ئەو بابەتە ناڕەزایی و خۆپیشانە، هەر خەڕەکەکەی ٥٢ ساڵ پێش ئێستایە و هەمان بەر و هەمان دڕک و هەمان خوێناو بەرهەمێتی.


onsdag 21 september 2016

کەس گلەیی لە حزبە دەسەڵاتدارەکان نەکات



لە بیرتانە؟. ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٩١تان لە بیرە؟.  هیوادارم بە وردیی بیر لە ڕۆژانی ڕووداوەکان بکەنەوە و سەرپێیی، بە سەریاندا تێنەپەڕن:
ڕاپەڕین، ٥/٣/١٩٩١ بەرپابوو و دامودەزگاکانی بەعس کەوتنە ژێر پێڵاوی جەماوەرەوە و ژنە کوردی دیل، لە بنزەمینی دەزگا ئەمنییەکان هاتنە دەرەوە. حیزبەکان، لە شاخ بوون. شارەکان، بە کەرکووکیشەوە پاک کرانەوە... عارەبی تەعریب کەرکووکیان چۆڵ کرد. سوپای عیراق، هەرچی لە کوردستان بوو، خۆی دا بە دەستەوە.
دەمودەست حیزبەکان گەڕانەوە... ملیاردێرەکانی ئەمڕۆ، بە گیرفانی بەتاڵ و پێڵاوی لاستیکەوە، گەڕانەوە. کورد بە هاتنەوەیان شاگەشکەبوو. بەڵام بەرپرسەکان چییان کرد؟. یەکسەر کەوتنە تاڵانکردنی هەرچییەکی پارەی دەکرد. ئامێری نەخۆشخانە و تاقیگەی بەشە زانستییەکانی زانکۆ و قوتابخانەکان و تەلی کارەبا و ئاسن و بزمار و لۆری و گەڵابە و شۆڤڵ و... هەرچییەکی بەر دەستیان کەوت، بە کەرەسەکانی بێخمەشەوە، تاڵان و ئاودیویان کرد. کورد، بە سەرسوڕمانەوە تەماشای دەکردن!... دواتر لە هەڵبژاردندا دەنگیان پێ دان و لە شەڕی ناوخۆشدا، خۆیان لەسەر بەکوشت دان.
دەی جا خەڵکانێک وڵاتی خۆیان تاڵان بکەن، ڕزگاری دەکەن؟! تاڵانچی مەعاش دەدا؟! خەڵکانێک وڵاتی خۆیان تاڵان بکەن، پەیڕەوی لە یاسا دەکەن؟! گوێ لە پۆلیسی هاتچۆ دەگرن ئاخۆ کەی بوەستن و کەی تێپەڕن؟!
ئەو ڕاوڕووتە، تا ١/٤/١٩٩١ بەردەوام بوو. واتە، ماوەی ٢٦ ڕۆژ کێشەیان لێ کرد و تاڵانیان کرد. لەو ڕۆژەدا، گاردی کۆماری پەلاماری کوردی دایەوە. ئەمجارەیان، سەرکردە تاڵانچییە مەیدانییەکان، لە بری ئەوەی بەرگری لە شارەکان و خەڵکەکە بکەن، لە پێش خەڵکەکەوە قووچاندیان. بە دەم ڕاکردنیشەوە، هەوڵیان دەدا وا بکەن کەس ڕەو نەکا. بەڵام کە خەڵکەکە عەنتەرەکانی خۆیان دیت چۆن دەیقووچێنن، بە جارێ ورەیان ڕووخا و ئیدی بوو بەو کۆڕەوە ملیۆنییەی کە دنیای سڕ کرد.
ئێ خەڵکانێک میللەتی خۆیان بە گورگانخوارد بدەن و وڵاتەکە تاڵان بکەن، چۆن دەبن بە ڕزگارکەر؟! بە تەمای چی بین لەوانەی بەر لە ژن و منداڵی شارەکان ڕایانکرد؟!



کۆڕەو، بەردەوام بوو و خەڵکی کوردستان ئاوارە بوون تا ئەو ڕۆژەی ئەمەریکا، لە ٥/٤/١٩٩١دا خەتی ٣٦ی دژەفڕینی بە سەر بەعسدا سەپاند. تا ئەو ڕۆژە، زۆر کەس چاوەڕوان بوون سەرکردەکان بچن دەستودامێنی بەعس بکەوون تا ئەو ملیۆنە یا دوو ملیۆنە ژن و منداڵ و پەککەوتانە لە مەرگ دەرباز بکەن. بەڵام نەیانکرد!.
کەچی دوای سەپادنی ناوچەی دژەفڕین، بە دە ڕۆژ، واتە لە ١١/٤/١٩٩١دا، بە کۆمەڵ چوونە بوغدا. گوتمان: ڕەنگە ئەو لاوازییەی بەعس بقۆزنەوە و داواکاری کوردیان بە سەردا بسەپێنن. بەو چوونەی سەرکردەکان بۆ بەغدا، هەموو جیهان سڕ و سەرسام بوو. بۆچی لەو کاتەدا چوون کە دونیا دژی بەعس بوو و سۆزی دنیا بەرەو لای کورد دەشکایەوە؟! دوایی خەڵکی کوردستان نەک هەر لە هەڵبژاردندا دەنگی پێدان، لە کاتی تێکچوونیاندا، خۆسیان بۆ بەکوشت دان و ئێستاش کە نانبڕاو کراوون، هەر شەڕیان لە سەر دەکەن!.
حیزبێک ئەوە کاری بێ، بە تەمان چی بۆ کورد بکا؟. ڕزگاری دەکا؟. ئەمانە حیزبن یا کۆمپانیا و بانکی نەوت و خوێن؟! دە فەرموون بەرگرییان لە بکەن و دەنگیان بدەنێ!.
لە مانگی ٤ی ٢٠٠٣ بەعس ڕووخا، دیسان ڕووداوەکان گەرم بوون. ئەمجارەیان، حیزبە سیاسییەکان، کەوتنە پارێزگاریکردن لە بەعسی و جاش و خۆفرۆشەکان و ئەم بەرەکەتە، عارەبەکانی کەرکووکیشی گرتەوە و وەک کوڕی بابی خۆیان، گەڕانەوە کەرکووک و هەر یەکە و پێناسەی حیزبێکی خستە گیرفانی و کەس بۆ نەبوو لە گەڵ کاڵتریان پێ بڵێ. هەر قسەشت بکردبا، دەیانگوت: تۆ ڕەگەزپەرستیت!!
باشە ئەوەی ببێتە هۆکاری تەعریبکردنی (دڵ) و (قودس)ی کوردستان، بە تەمان چی بکات؟!.
ئێستاش هەموو دەبینن: ئەو دوو حیزبە بوونەتە حیزبی پایپلاین و تاڵانکردن و نانبڕینی مامۆستا و تەنانەت چەکدارەکانی خۆشیان برسی دەکەن. لە بەرانبەریشدا، تاکەتاکەی سەرکردەکان، لەوە دەرچوونە ملیۆنێر بن، بگرە ملیاردێر و مەڵتی ملیاردێرن. چاوەڕێی هیچیان لێ دەکەیت؟! ئەگەر لە سەر پارەی نەوت لە نێوان خۆیاندا بەشەڕ بێن، خۆتیان بۆ بەکوشت نادەیت؟!
ئێستا، کار لە سەر وێرانکردنی نەوەکانی داهاتووش دەکەن. دەیانەوێ نەوەکانی داهاتوو یا نەخوێندەوار بن، یا بە شێوەیەک بخوێنن بۆ هەموو فەرمانێ داگیرکەر دەست بە سینگەوە بگرن. بەرنامەی خوێندنی منداڵان. ڕاهێنانە بۆ کۆیلایەتی و هیچی تر!!
دەی سا: لە گیانمان خۆش!!... لە گیانتان خۆش!!... لە گیانی سەرکردەکانیش خۆش، خۆگێلکردن چ هونەرێکە، خوایە!!

fredag 9 september 2016

ڕێکەوتننامە، لەگەڵ ئیبلیسدا


کەس خۆی نەشێوێنێ. ئەوەی هەیە، چارەنووسە و هەر ئەوەیە!. گرێبەندی نەوت لەگەڵ تورکیادا، بۆ ماوەی پەنجا ساڵە و بە لای کەمەوە لەو ماوەیەدا، بەشێکین لە تورکیا. کەواتە تا ئەو پەنجا ساڵە تەواو دەبێ، تورکیا، وەک چاوی خۆی پارێزگاریمان لێ دەکا و بەردەوامیش، وەک دوژمنی بابەکوشتە، خۆراک و پۆشاک و دەرمانی ژەهراویمان بۆ دەنێرێ... لە هەمان کاتدا، ڕێ نادا کەس بەردێک بگرێتە ماڵە کاولە مینابەندەکەی (هەرێم)!!. تورکیا، تاڵانی وای لە کوێ دەست دەکەوێ؟!

ئەگەر خۆمان لەدار بدەین، ئەوەی هەیە هەر دەمێنێ. دوای ئەو پەنجا ساڵەش، کوردستان قرپۆک دەبێ و هەناوی خاکەکەی بۆش دەبێ و کورد بە گشتی، شێت و کوێر و کەڕ و لاڵ دەبن... هەندێ ورگن و ناوگەڵ چڵێس، لەگەڵ هەندێ هەیکەلە ئێسکی چاودەرپۆقیودا، بە سەر ئەم خاکەدا وەک بەدمەست ململانێی یەکتر دەکەن و لە ئەنجامدا داڕزاوەکان، تڵۆتڵۆ لەناودەچن. لە بەرانبەریشدا، تورکیا هەڵدەئاوسێ و بەهێز دەبێ و ڕاست و چەپی دنیا پشتی دەگرن... لە بەر خاتری تورکیا، ئێمە و دنیا، کوردی باکوور بە تیرۆرست دەناسین و لە کوردبوون دایاندەبڕین و ئەوپەڕەکەی، دەیانکەین بە بەشە مێیەکەی کورد!. بە هۆی ڕێکەوتننامەی نەوتەوە، باکور غەرقی خوێن دەبێ و هێندەی تورکیاش، ململانێی ڕۆژاوای کوردستان دەکەین.. ئاخر ئێمە لەگەڵ ئیبلیسندا ڕێکەوتننامەمان هەیە و دەبێ هاوسەنگەری بین.


ئیبلیس پلانەکەی داڕشتووە: دەبێ وەک زەڕنەقووتە دەم داپچڕین و بزیقێنین. قەدەغەیە بەرهەمی خۆماڵیمان هەبێ چونکە ڕێکەوتننامەکان ڕێ نادەن. پێویستە بەرهەمی ژەهراویی تورکیا و ئێران بکەین بە پەین. ئێمە و حەیوان، بێ ئەوەی بزانین چۆن دەکرێ، خۆراک دەکەین بە پەین. پێویستە ئەو پارە نیوەچڵەی نەوت کە وەریدەگرین، لە ڕێی نەخۆشەکانمانەوە، بە تایبەتی شیرپەنجە، بینێرینەوە بۆ تورکیا. لە بڕی دەرمانی ژەهراوی و خوێندنگای سەقەت و خۆراکی ژەهراوی، بیدەینەوە بە خۆیان. لە بیرمان نەچێ کە قومارچییەکانیش بەشێکی پارەکەیان بۆ دەبەنەوە.
مێگەلێکین، دەباڕێنین و نابێ بباڕێنین!! یەکێتی و پارتی دۆستی یەک بن یا دوژمن، هەر دەبێ وەک خۆیان بمێنن. یەکێتی سەری بهێشێ، ئێران جەرگی دێشێ. پارتی سەری بهێشێ، تورکیا کۆسی دەکەوێ. پارتی بەوەوە سەرقاڵمان دەکا کە یەکێتی پیاوی ئێرانە. یەکێتی بەوەوە سەرقاڵمان دەکا کە پارتی پیاوی تورکیایە! کاتێ باسی کورد و ئاشتەواییش دەکەن، بۆ باڕەبڕکردنە و هیچی تر. نە کورد لە حیسابدایە و نە کوردستان! هەرچی هەبوو، شۆڕش و شەهید و دڵسۆزی و خیانەت، تەڵەی ڕاوچی بوو. هەموومان، بە ڕاست و چەپەوە، وەک هەنگ کارمان کرد و ئەنجام بوو بە گرێبەندی نەوتی پەنجا ساڵە. کردمان بە دەمی ئیبلیسەوە. پێویستە واتای شەهید و جاش و باش، لە قامووسی دوای پەنجا ساڵی تردا بگۆڕین: پێشمەرگە، واتە نەفام. جاش، واتە لێزان و مانەوەش بۆ لێزانە. خیانەت، واتە سیاسەت...
ئاخر ئێمە ڕێکەوتنمان لەگەڵ ئیبلیسدا مۆر کردووە و دەبێ پێوەرەکان بگۆڕین. پێویستە نەفرەت لەو ڕۆژە بکەین کە کەسێک گوتی: "حي علی شۆڕش!". ڕەحمەت لە بابی ئاشبەتاڵ و هەزار خۆزگە بەو ڕۆژە... ئاخر ئیبلیس، خەریکی گرێبەندی نەوتە، نەوت!!. "وما ادراك ما نەوت!!".
ئەوەشم لە خەیاڵە کە "داعش" لە تورکیادا دەستبەکار بن و ڕەنگە ئەوەش پلان و پیلان و ڕێکەوتننامە هەڵوەشێنێتەوە. دەستبەکاربوونی "داعش"یش لە تورکیا، پێم وابێ مەسەلەی کاتە!

söndag 4 september 2016

قەڵەمی سووک


شەفیق کومالی (شفيق الكمالي)، کە دوو جار لە سەردەمی بەعسدا بوو بە وەزیر، شاعیرێکی بێئەدەبی بەعسی بوو. ئەم شیعرەی بۆ سەددام نووسیوە:
"لولاك ما نزل المطر
لولاك مانبت الشجر
لولاك – يا صدام – ما خلق البشر".
واتە: تۆ نەبیت، باران نابارێ
تۆ نابیت، دار شین نابێ
تۆ نەبیت – ئەی سەددام – مرۆ خەلق نابێ".
وەک باس دەکرێ، ئەو شیعرە دوای ڕەخنەیەک نووسراوە کە لە سەددامی گرتووە. کەمالی گوتبووی: "کەسێ دژی بەعس بێ، پێویست ناکا کەسوکاری ئازار بدرێن". ئیدی سەددام غەزەبی لێ هەڵدەگرێ. کەمالی، کە بەو غەزەبە دازانێ، لە ترساندا ئەو شیعرە دەنووسێ. کەچی دادی نادات. خرایە بەندیخانەوە و دوای دەرچوونی، بە ماوەیەکی کەم، مرد. قسە هەیە دەرزیی ژەهریان لێ دابێ.
قەڵەمی سووک ئاوهایە! دکتاتۆریش، هەرچی بۆ بکەیت هەر ئەوەیە!.