ئەگەر ڕەخنە لە پارتی دەگریت و پێوەرەکەت یەکێتییە،
ڕەخنە مەگرە!!. ئەگەر ڕەخنە لە یەکێتی دەگریت و پێوەرەکەت پارتییە، دیسان ڕەخنە مەگرە!!.
ڕەخنەی ئاوها، بەردەوامیی سەرەتانێکە، تەمەنی ٥٢ ساڵە!. ئاخر سەرەتان هەیە بە ٥٢
ساڵ نەخۆشەکەی نەکوشتبێ؟!
شەڕی پێشتری ئەو دوو دەزگایە، شەڕی ناوچەی دەسەڵات بوو،
بەڵام ئێستا دوو کۆمپانیان و لە سەر نەوت و داهاتی نەوت شەڕیانە. ئیتر کە خۆت سەر بە یەکێ لەو
کۆمپانیایانە بیت، ڕەخنە لە چی و لە کێ دەگریت؟!.
ئەوجا: ئەگەر لە دژی یەکێتی خۆپیشاندان دەکەیت، لە
هەولێر مەیکە!. بڕۆ لە سلێمانی بیکە!. ئەگەر لە دژی پارتیش خۆپیشاندان دەکەیت، لە سلێمانی
مەیکە! بڕۆ لە هەولێر خۆت پیشان بدە!!. ئەوەی نانی تۆ لە سلێمانی دەبڕێ، یەکێتییە
و ئەوەی لە هەولێر نانت دبڕێ، پارتییە!. دامەی سیاسی دەکەیت؟!. بە بەردی هەمەڕەنگەوە دامە
ناکرێ. بە جۆرێ دامە بکە، داشی خۆت و بەرانبەرەکەت بناسیتەوە، دەنا هەرچی دەکەیت، لە بەرژەوەندی ئەوەدایە کە خۆت لە دژی پیشان دەدەیت!!.
کە خۆپیشاندان بەو شێوەیە دەکیت، لات سەیر نەبێ بێپشت بیت...
ئاوها، خۆپیشاندان بۆ خۆت ناکەیت، بەڵکو بۆ ئەندامێکی سەرکردایەتی حیزبەکەی خۆتی دەکەیت، کە خاوەنی پشکە نەوتە و دوای دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانی تۆ، نەختێ پشکەکەی زیاد دەکا!!. تۆش، هەر دەست بە گیرفانتدا بکە و ٢٥٠ دیناری پیشان بدە!.
ئەو بابەتە ناڕەزایی و خۆپیشانە، هەر خەڕەکەکەی ٥٢ ساڵ پێش ئێستایە و هەمان بەر و هەمان دڕک و هەمان خوێناو بەرهەمێتی.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar