کە وێنەی ئەو کوڕە کوردە سەرتاشراوەم بینی، دڵم هێشا و لە
ناخەوە ڕاچەنیم... ئەوە کارەساتە!. بەڵام لەوەش کارەساتتر ئەوەیە بۆ یەکەم جار
گەیشتم بەوەی لەبەر خۆمەوە بڵێم: "خۆزگە بە سەردەمی بەعس!". ئا ئەمەیانە
کارەسات!. ئەوە منم گەیشتم بەو ئەنجامە؟!. منێک، کە بەعس هەموو تەمەنی لێ زەوت
کردم و ژیانی تەفروتونا کردم و کەسوکارمی ئاوارەی بیابان کرد و برای شیرەخۆرەم کە
ئازاد کرا، لەبەر ئەوەی ئولفەتی بە بیابانەوە گرتبوو، دەگریا و دەیگوت: "با
بچینەوە بۆ ماڵ خۆمان!"، دەڵێم: "خۆزگە بە سەردەمی بەعس!". ئەوەیە کارەسات!.
دوای ئەنفال و کیمیاباران و کاولکردنی هەموو نیشتیمانەکەم و
فرۆشتنی کچانی گەرمیان، ئەوە کارەساتە بگەم بەوەی بڵێم: "خۆزگە بە سەردەمی بەعس!...
ئەگەر لە دژی بەعس نەبووینایە، بەعس پەپوولە بوو!".
بەعس، زۆر شوێنی نیشتمانی ئێمەی کیمیاباران کرد، بەڵام دەسەڵاتی
زۆڵەکی خۆماڵی، ماڵبەماڵی کوردستان و یەک بە یەکی خەڵکی دەرەوەی بازنە تەسکەکەی خۆی، لە ڕێی دەرمانی ژەهر و خۆراکی ژەهراوییەوە
کیمیاباران دەکا و کارێکی کردووە، شیرپەنجە و شەکرە و نەخۆشیی گورچیلە و نەخۆشییە
دەروونییەکان... وەک پەتای هەڵامەت بڵاو ببنەوە!... جیاوازی ئەو دوو ژەهربارانە
چییە؟!. کارەسات ئەمەیانە!.
کە گوێم لە مامۆستایەک دەبێ هاوار دەکا: "عەببادی ئێمە
عیراقین! لە برسا مردین" و دەزانم ئەو مامۆستایە لە من کوردتر و دڵسۆزترە،
سەرتاشینە... ئابڕووچوونە... ئەتککردنە... بەڵام بەر لەوەی بۆ خەڵک یا بۆ ئەو
مامۆستایە یا بۆ کاکە هێمنی بنەسڵاوە ئەتککردن بێ، بۆ دەسەڵات سەرتاشین و ئەتککردنە!.
ڕەفتاری ئەم حیزبانە وا دەکا ڕووی دەمم لە کۆنە جاش و کۆنەجاسووس و خۆفرۆشە دێرینەکان
و تەنانەت فایلدارەکانیش بکەم و بڵێم: "هەتا زووە لێیان دوور کەونەوە، دەنا گڵاو
دەبن!. دوور کەونەوە با پاکیزەییتان لەدەست نەدەن!!".
کاکە هێمن خەمت نەبێ، هەر تۆ نیت!. میللەتێک، کە خۆزگە بۆ
سەردەمی بەعس بخوازێ و بیەوێ ببێتەوە بە عیراقی، یا هانا بۆ جاش و خۆفرۆشان بەرێ، سەر
و برۆی هەموویان تاشراوە و ئاوێنە دراوەتە دەستیانەوە!. کورد میللەتێکە، شایستەی
ئەوەیە پێی بگوترێ: سەرتاشراو و ئەتککراوەکان...
با ئەوەشم لە بیر نەچێ: (س)، کە یەکێکە لە
سەرکردەکانی حیزبەکەت، لە (ص)ی سەرکردەی حیزبەکەی بەرانبەرت، نە کەمتری دزیوە و نە
کەمتری هەیە و نە تاوانی کەمتری ئەنجام داوە و نە پلەی خیانەتی کەمترە و نە نەشارەزای سەرتاشینە!!. ئەوانە،
هەموویان سەرتاشن!!... حیزبی سەرتاشانی کوردن و لە بەرانبەر سەرتاشراوەکاندا، لە
یەک بەرەدان!
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar