لە بیرتانە؟. ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٩١تان لە بیرە؟. هیوادارم بە وردیی بیر لە ڕۆژانی ڕووداوەکان
بکەنەوە و سەرپێیی، بە سەریاندا تێنەپەڕن:
ڕاپەڕین، ٥/٣/١٩٩١ بەرپابوو و دامودەزگاکانی
بەعس کەوتنە ژێر پێڵاوی جەماوەرەوە و ژنە کوردی دیل، لە بنزەمینی دەزگا ئەمنییەکان
هاتنە دەرەوە. حیزبەکان، لە شاخ بوون. شارەکان، بە کەرکووکیشەوە پاک کرانەوە... عارەبی
تەعریب کەرکووکیان چۆڵ کرد. سوپای عیراق، هەرچی لە کوردستان بوو، خۆی دا بە
دەستەوە.
دەمودەست حیزبەکان گەڕانەوە... ملیاردێرەکانی
ئەمڕۆ، بە گیرفانی بەتاڵ و پێڵاوی لاستیکەوە، گەڕانەوە. کورد بە هاتنەوەیان شاگەشکەبوو.
بەڵام بەرپرسەکان چییان کرد؟. یەکسەر کەوتنە تاڵانکردنی هەرچییەکی پارەی دەکرد.
ئامێری نەخۆشخانە و تاقیگەی بەشە زانستییەکانی زانکۆ و قوتابخانەکان و تەلی کارەبا
و ئاسن و بزمار و لۆری و گەڵابە و شۆڤڵ و... هەرچییەکی بەر دەستیان کەوت، بە
کەرەسەکانی بێخمەشەوە، تاڵان و ئاودیویان کرد. کورد، بە سەرسوڕمانەوە تەماشای
دەکردن!... دواتر لە هەڵبژاردندا دەنگیان پێ دان و لە شەڕی ناوخۆشدا، خۆیان لەسەر
بەکوشت دان.
دەی جا خەڵکانێک وڵاتی خۆیان تاڵان بکەن، ڕزگاری
دەکەن؟! تاڵانچی مەعاش دەدا؟! خەڵکانێک وڵاتی خۆیان تاڵان بکەن، پەیڕەوی لە یاسا
دەکەن؟! گوێ لە پۆلیسی هاتچۆ دەگرن ئاخۆ کەی بوەستن و کەی تێپەڕن؟!
ئەو ڕاوڕووتە، تا ١/٤/١٩٩١ بەردەوام بوو. واتە،
ماوەی ٢٦ ڕۆژ کێشەیان لێ کرد و تاڵانیان کرد. لەو ڕۆژەدا، گاردی کۆماری پەلاماری
کوردی دایەوە. ئەمجارەیان، سەرکردە تاڵانچییە مەیدانییەکان، لە بری ئەوەی بەرگری
لە شارەکان و خەڵکەکە بکەن، لە پێش خەڵکەکەوە قووچاندیان. بە دەم ڕاکردنیشەوە،
هەوڵیان دەدا وا بکەن کەس ڕەو نەکا. بەڵام کە خەڵکەکە عەنتەرەکانی خۆیان دیت چۆن
دەیقووچێنن، بە جارێ ورەیان ڕووخا و ئیدی بوو بەو کۆڕەوە ملیۆنییەی کە دنیای سڕ
کرد.
ئێ خەڵکانێک میللەتی خۆیان بە گورگانخوارد بدەن
و وڵاتەکە تاڵان بکەن، چۆن دەبن بە ڕزگارکەر؟! بە تەمای چی بین لەوانەی بەر لە ژن
و منداڵی شارەکان ڕایانکرد؟!
کۆڕەو، بەردەوام بوو و خەڵکی کوردستان ئاوارە
بوون تا ئەو ڕۆژەی ئەمەریکا، لە ٥/٤/١٩٩١دا خەتی ٣٦ی دژەفڕینی بە سەر بەعسدا
سەپاند. تا ئەو ڕۆژە، زۆر کەس چاوەڕوان بوون سەرکردەکان بچن دەستودامێنی بەعس
بکەوون تا ئەو ملیۆنە یا دوو ملیۆنە ژن و منداڵ و پەککەوتانە لە مەرگ دەرباز بکەن.
بەڵام نەیانکرد!.
کەچی دوای سەپادنی ناوچەی دژەفڕین، بە دە ڕۆژ،
واتە لە ١١/٤/١٩٩١دا، بە کۆمەڵ چوونە بوغدا. گوتمان: ڕەنگە ئەو لاوازییەی بەعس
بقۆزنەوە و داواکاری کوردیان بە سەردا بسەپێنن. بەو چوونەی سەرکردەکان بۆ بەغدا،
هەموو جیهان سڕ و سەرسام بوو. بۆچی لەو کاتەدا چوون کە دونیا دژی بەعس بوو و سۆزی
دنیا بەرەو لای کورد دەشکایەوە؟! دوایی خەڵکی کوردستان نەک هەر لە هەڵبژاردندا
دەنگی پێدان، لە کاتی تێکچوونیاندا، خۆسیان بۆ بەکوشت دان و ئێستاش کە نانبڕاو
کراوون، هەر شەڕیان لە سەر دەکەن!.
حیزبێک ئەوە کاری بێ، بە تەمان چی بۆ کورد بکا؟.
ڕزگاری دەکا؟. ئەمانە حیزبن یا کۆمپانیا و بانکی نەوت و خوێن؟! دە فەرموون بەرگرییان
لە بکەن و دەنگیان بدەنێ!.
لە مانگی ٤ی ٢٠٠٣ بەعس ڕووخا، دیسان ڕووداوەکان
گەرم بوون. ئەمجارەیان، حیزبە سیاسییەکان، کەوتنە پارێزگاریکردن لە بەعسی و جاش و
خۆفرۆشەکان و ئەم بەرەکەتە، عارەبەکانی کەرکووکیشی گرتەوە و وەک کوڕی بابی خۆیان،
گەڕانەوە کەرکووک و هەر یەکە و پێناسەی حیزبێکی خستە گیرفانی و کەس بۆ نەبوو لە
گەڵ کاڵتریان پێ بڵێ. هەر قسەشت بکردبا، دەیانگوت: تۆ ڕەگەزپەرستیت!!
باشە ئەوەی ببێتە هۆکاری تەعریبکردنی (دڵ) و (قودس)ی
کوردستان، بە تەمان چی بکات؟!.
ئێستاش هەموو دەبینن: ئەو دوو حیزبە بوونەتە
حیزبی پایپلاین و تاڵانکردن و نانبڕینی مامۆستا و تەنانەت چەکدارەکانی خۆشیان برسی
دەکەن. لە بەرانبەریشدا، تاکەتاکەی سەرکردەکان، لەوە دەرچوونە ملیۆنێر بن، بگرە
ملیاردێر و مەڵتی ملیاردێرن. چاوەڕێی هیچیان لێ دەکەیت؟! ئەگەر لە سەر پارەی نەوت
لە نێوان خۆیاندا بەشەڕ بێن، خۆتیان بۆ بەکوشت نادەیت؟!
ئێستا، کار لە سەر وێرانکردنی نەوەکانی داهاتووش
دەکەن. دەیانەوێ نەوەکانی داهاتوو یا نەخوێندەوار بن، یا بە شێوەیەک بخوێنن بۆ
هەموو فەرمانێ داگیرکەر دەست بە سینگەوە بگرن. بەرنامەی خوێندنی منداڵان. ڕاهێنانە
بۆ کۆیلایەتی و هیچی تر!!
دەی سا: لە گیانمان خۆش!!... لە گیانتان
خۆش!!... لە گیانی سەرکردەکانیش خۆش، خۆگێلکردن چ هونەرێکە، خوایە!!
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar