قەززافی، ئەگەرچی بۆ میللەتی خۆی باش بوو و کەسی لە
لێبیا نەهێشت برسی و بێخانوو و بێپارە بێ، بەڵام هێواش – هێواش، سەرمایەی خۆشی لە
بانکەکانی ڕۆژاوا زیاد دەکرد. ئیدی پارە پاشەکەوتکراوەکەی ئەوەندە زۆر بوو، نەک
یەک وڵات، بگرە چەندین وڵاتی پێ بەڕێوە بچێ. ئەوجا بۆ خواردنی ئەو پارە زۆرە،
پیلانیان لێ کرد و ڕووخاندیان... پارەکەشی، دوای ئەوەی سەری خوارد، خورا.
سەرانی کوردیش بەو باوەڕەی بە ڕۆژاوا و داگیرکەرانیان
هەیە و بەو بێمنەتییەی بەرانبەر میللەتی خۆیان هەیانە، بە هەمان ئاڕاستەدا
دەڕۆن... ماوەتەوە ئەوەی سەرمایەکانیان ئەوەندە ببێ یەک دوو دەوڵەتی پێ بەڕێوە بچی
تا بۆ خواردنی، بە یەک ئاماژە سەریان بخۆن... و کەسیش بۆیان خەمبار نەبێ!.
(john perkins) لە مرۆکوژی
ئابووریدا دەڵێ: وڵاتێک وەها دەکەینە بن قەرزەوە، لە بنی دەرنەچێ. ئەوجا خۆمان
بڕیار دەدەین چۆن ئەو وڵاتە بەڕێوە بچێ و چارەنووسی بە کوێ بگا. کە نموونەش
دێنێتەوە، باسی موسەددەق و شای ئێران و سەددام... و زۆر کەس و شوێنی تر دەکا، کە
چۆن قەرز و پارە بوون بە هۆی ڕووخاندن خۆبەدەستەوەدانیان!. پێرکینس باسی ئەوەش
دەکا ئەوەی بە گوێی نەکردبن، ڕووخاندوویانە!.
تۆ بڵێی سەرانی کورد لەو مەستبوونە کوشندەیە بەئاگا
نەیەنەوە کە تێی کەوتوون؟!... لە ڕووی دڵسۆزیمەوە بۆ نیشتیمان و نەتەوەکەم، پێیان
دەڵێم: ئاگادار بن، نەک هەر پێشتان، بگرە هەموو دەوروبەریشتان هەڵدێرە، بەڵام
داڕمانتان، مەسەلەی کات و کەڵەکەبوونی پارەیە و هیچی تر!. هەر کاتێ کاتی هات و کەسێ
یا لایەنێکی کوردی گونجاو هەبێ، یا سامانەکەتان هەندێ دەردیان دەرمان بکا،
"ڕێکەوتننامەیەکی جەزائیر"تان بۆ ڕێکدەخەن و بە سەر ئەو میللەتەدا دەڕمێن!.
میللەتەکەشتان لێتان بێزارە و ئەوەش بەشی ئەوە دەکا بکرێ
بە بیانووی لاکەوتنتان. هەر کەسێ بکەوێتە بەر درووشمی "بڕووخێ دز!"ەوە،
یا لە نواندنی جەماوەیدا دەنگدەران، دەنگی خۆیان بخەنە ئاودەستەوە، دەست لە کار
دەکێشێتەوە. ئایە ئێوە وەها بە تۆڕی دوژمنی خۆتانەوە بوونە کە نەتوانن دەست لە کار
بکێشنەوە یا ئەوەی کۆتان کردۆتەوە، بەشی ئەوە ناکا لابدێن؟!. بە داخەوە مەترسیی
گەورە دەبینم لە ڕێی ئێوەوە بەرەوڕووی ئەم نەتەوە و نیشتیمانە دەبێتەوە!
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar