ناوچە داگیرکراوەکان
لە ململانێی دەسەڵات و
بەرهەڵستکاردا
ئەوانەی
لە کوردستاندا دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە، ئەوەندەی سەرقاڵی مانەوەی خۆیانن لە سەر
کورسیی دەسەڵات، هەزاریەکی ئەوە بیر لە چارەنووسی ئەو نیوەیەی باشووری کوردستان ناکەنەوە
کە خۆیان لە ڕێی ماددەی (١٤٠)ەوە گەیاندوویانەتە سەر مێزی قومارێکی دۆڕاو. ئەوانەش
کە بەرهەڵستکارن و دەیانەوێ دەسەڵات بە دەست بێنن، ئەوەندەی بیر لە بەدەستهێنانی
دەسەڵات دەکەنەوە، بیر لە چارەنووسی ئەو پارچەیەی نیشتیمانەکەمان ناکەنەوە. بەرهەڵستکار، کە
دەیەوێ دەسەڵاتی هەبێ، بۆ بەدەستهێنانی لایەنگر، جاروبارێ باسی ناوچە
داگیرکراوەکان و ماددەی ژەهراوی ١٤٠ دەکا، بەڵام من لە لای خۆمەوە دڵنیا نیم ئاخۆ
ئەگەر دەسەڵات بە دەست بێنێ، بە هەمان شێوە باسی دەکا یا ئەویش دەکەوێتە ماخولانی
هێشتنەوەی دەسەڵات بە دەست خۆیەوە و ئەوەی ئێستا دەسەڵاتی هەیە، دەکەوێتەوە
باسکردنی ناوچە داگیرکراوەکان!
ئەوەی
من لەم ململانێیەی ئەمڕۆی حیزبەکاندا دەیبینم، کێشەی کەرکووک و ناوچە
داگیرکراوەکان کەوتۆتە پەراوێزی هەموو پەراوێزەکانەوە و تەنانەت دانیشتوانی ئەو
ناوچانە، خۆشیان، لە بیریان نەماوە و ئەمیان بەیداغی سەوز هەڵدەدا و ئەویان
بەیداغی زەرد... تەنانەت لە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتیشدا، دزەململانێ و ناتەباییان
جاروبار دەردەکەوێ. بە ڕاستی جێی سەرسوڕمانە!
ئەوەی
من بە ڕوونیی دەیبینم، هیچ لایەنێ، نە دەسەڵاتدار و نە بەرهەڵستکار، ئەو کەرەسەیە
نییە دڵمان پێی خۆش بێ و چارەسەری کێشە نەتەوایەتییەکانمان بکات. ئەگەر وەک نموونە،
کێشەی کورد بورغوویەکی ژمارە دە بێ، ئەوا بەرهەڵستکار سپانەی ژمارە هەشتە و بۆ
بەستنەوەیی بورغووی ژمارە دە دەست نادا و دەسەڵاتیش ژمارە دوانزەیە و بۆ بەستنەوەی
بورغووی ژمارە دە نابێ، وەک کە نەبوو!! جا پێویستە لە سپانەیەک بگەڕێین کە بۆ
بورغووی ژمارە دەی چارەنووسمان بگونجێ! ئێوە لە ناو ئەو حیزبانەدا شکی دەبەن؟!
ئاشکرایە
لە نێوان پارەداری و دەسەڵاتداری لە لایەکەوە و سەرفرازی کوردستانیش لە لایەکەی
ترەوە، حیزبە دەسەڵاتدارەکان بە لای (لای) یەکەمدا دەشکێنەوە و کێشەی نەتەوایی و
نێشتیمانی کوردیش، چۆن لە قوڕ چەقیوە، هەر وا دەچەقێ و نالەقێ. ئاین و بەهەشتیش
بۆ حیزبە ئیسلامییەکان لە لایەک دابنێین و سەرفرازی نەتەوەیی کوردیش لە لایەکەی
تر، بە دڵنیاییەوە حیزبی ئیسلامی لای یەکەم هەڵدەبژێرێ و دیسان دەستخەڕۆ دەبین. بە
هەرحاڵ، هەرای دەسەڵات و بەرهەڵستکار بۆ هەریسەی نەوت و کورسی و دۆلارە نەک
چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی کورد و ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی باشووری
کوردستان.
ئاگام
لەوەش هەیە ڕێی تێ دەچێ حیزبی ئیسلامی لە ترسی عەزابی دواڕۆژ لە دزیکردندا دەستیان
کورت بێ، بەڵام کە هاتن کێشەی کوردێکی گەرمیانی داگیرکراو تێکەڵێ کێشەی عۆجەییەکی
ئیماندار بکەن و لە مزگەوتێکی کەرکووکدا، ئەگەر نەشیکەنە ئیمام، نوێژی بە شانەوە
بکەن، ئەوانیش نەک هەر چارەسەریان لە لا نییە، بگرە هەزار کوردی کەمدین و
ناموسوڵمان دەکەنە قوربانی ئەو عۆجەییە ئیماندارە و ئێمەش بۆ جاری هەزارەم دەستخەڕۆ دەبین!
ماوەتەوە
نەوەی نوێ و کوردپەروەرانمان کە بتوانن ئاسۆیەکی سەرفرازی جیا لەو ئاسۆیانە لە بەر
هۆشی خۆیان بکەنەوە. ئەو ئاسۆیە، یەکەم هەنگاو و بەسمەلەی، پێویستە ئەمە بێ: هەموو
دنیا و هەموو سامانی دنیا و هەموو شتێکی تر بە لایەک، چارەسەری کێشەی کورد بە
لایەک... کۆیلایەتی بیست و پێنج سەدە نەبڕێتەوە؟!
ئەوەی
کە دەبوو کورد بۆ سەرفرازی خۆی یەکەم جار تاقی بکاتەوە، ڕێبازی ڕزگاریخوازانەی نەتەوایەتییە،
کەچی هەتا ئێستاش، نەکەوتۆتە سەر ئەو ڕێبازە. ناحەزانی ئەو ڕێبازەش حیزبەکانی تری
کوردستان، بە پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی ترەوە، بە حیزبی نەتەوەیی لە قەڵەم
دەدەن تا ئەو بیر و ڕێبازە، ئەوەندەی دەکرێ و مەودا هەیە، سەر دەرنەکەن و چرۆ
نەکەن. ڕێبازی نەتەوەیی بەوە عەیبدار دەبێ بە باڵای ئەو حیزبانەی کوردستان ببڕدرێ
و کوردی نەتەوەیی هەرگیز ناتوانێ قەبووڵ بکا لە بەغدا هاوپشکێکی پەراوێزی
فەرمانڕەوایەتی بێ و بەرژەوەندی نەتەوەکەی ناکاتە قورابانی کورسییەکی پایتەختی
کوردکوشتن.
لە
کۆتاییدا داوای لێبوردن دەکەم کە ئەوەندە (من من) کەوتە نووسینەکەمەوە. ڕەنگە
بابەتەکە وای خواستبێ.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar