söndag 25 december 2016

ناودارترین و گرنگترین داوەموو


مەسعوود محەمەد
حەکیم کاکەوەیس لە عارەبییەوە کردوویەتی بە کوردی
بەهەرحاڵ، زۆرینەی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەی لێیاندەوەشێتەوە بەردەوامی بە ژیان بدەن، بە پێی سروشتی خۆیان و بێ ئەوەی کەس داوای لێ کردبن، لە سەر ئاڵووێر و پەیوەندی و گۆڕینەوەی بەرژەوەندی بەردەوامن و تەنانەت چاوی تیژ بە ڕوونی دەبینێ کە بەهێزترین پاڵنەر بۆ پێشکەوتنی شارستانەتی، بیر و داهێنان یا کار و بنیاتنان نەبووە، بەڵکو چڕوپڕیی پەیوەندییە مرۆییەکانی شارەکان بووە کەتیایاندا هەزاران هەزار بنیادەم بە لای یەکەوەن و سەردانی یەکتر دەکەن و ئاڵووێر لەگەڵ یەکتردا دەکەن و شارەزایی دەگۆڕنەوە و جۆرەها پێداویستی ژیان بەرهەم دێنن، کە هیچیان لە گونددا جێی پەیدابوون نادۆزێتەوە و تەنانەت شارە لە یەکتر دابڕاوەکانیش بەو شارانەڕا ناگەن کە کەوتوونەتە سەرەڕێی بە یەکتر گەیشتن. تەنانەت قوتابخانەیەک کە پەنجا خوێندکاری تێدابێ لە هەموو ڕوویەکەوە، دەکەوێتە دواوەی ئەو قوتابخانەیەوە کە سەدان خوێندکاری تێدان و هەر دەڵێی "شارستانەتی" وەک پەتا بە ناو جەنجاڵیدا بڵاو دەبێتەوە. باسمان لە سەر ئەمڕۆیە و بە سەر پاشەڕۆژدا بڕیارێکی وا مەدە سوودت لە بارودۆخی باو وەرگرتبێ چونکە ڕێی تێدەچێ پێشکەوتنی زانست و تەکنیک و نهێنییەکانی فیزیا و فەلەک و بایۆلۆژی و سایکۆلۆژی و (لۆژی)یەکانی تر، وا بکەن لە ماڵێکی یا چەند ماڵێکی ئارامی دراوسێ لە بۆشاییەکانی ئاسمانی دوای هەزار ساڵ، زەین ڕوون بێ و مێشک چالاک بێ.. لەم سەردەمەی ئێمەدا، بە قەدەر خودی شارستانەتی، پێویستە پەیوەندی لە هەموو شوێنێک هەبێ و ئەی خێراکردنی هاتوچۆ هەر بۆ ئەوە نییە خێرایی پەیوەندی کە پێداویستیی سەردەمە، دوو بەرانبەر بێتەوە؟ ئاسایشی مرۆڤ لە تەوەر و ئاسمان و لە بنی زەریا و شاری گەورەدا، لە سەر مانەوەی چینی ئۆزۆن وەستاوە و پێویست ناکا سەرمان بە کێشەی جەنگ و برسێتی و نەخۆشی.. و شتی لەو بابەتانەوە بهێشێنین، چونکە هەموو ئەوانە بە گەورەبوونی کونی ئۆزۆن دەبن بە خەیاڵ و دوای پینەکردنەوەشی ، ئەوجا دەبن بە شتێ بیری لێ بکرێتەوە. هەڕەشەی ئەتۆمیش ئەگەر مەترسییەکەی زیاتر نەبێ، هەمان ئاماژە دەکا. هەموومان بە بازنەیەکی داخراوی پێداویستیی پەیوەندی و داوە مووەکەی معاویە دەورە دراوین. ئیدی بە چاوی داخراو و گوێچکەی گیراوەوە ئەنجامگیری بکە کە هەر مرۆڤێکی هۆشی بەو ڕاستییەدا نەشکێ پێکهاتەکەی ناتەواوە و هەر کەسێکیش خۆی لێ گێل بکا بە بڕیاری پێشوەختەوە تاوانبارە، خۆ ئەگەر خۆگێلکردن بوو بە بەرەنگاربوونەوە یا هەوڵی کەمکردنەوەی مەترسییەکان، ئیدی بەرانبەر خۆی و ماڵەکەی و نیشتیمانەکەی و سەرجەمی مرۆڤایەتی دەبێ بە خیانەتکار و بیانووی گوێنەدانی بە لەناوچوونی گشتی نامێنێ چونکە مەترسی بارودۆخی لەو بابەتە ئەوەندە نەگبەتییە بەشی ئەوە بکا ئەرک بخاتە ئەستۆی هەموو مرۆڤێک ئەوەش وەک هاتنی مانگی ڕەمەزان و فەتوادان بۆ هاتنی و ڕۆژووگرتنی هەموو دانیشتوانی شار، جگە لە یەک کەس کە دەڵێ گوایە نەیبیستووە ئەوەش بە پێی شەرع گوناحبار دەبێ. ڕاستییەکەی، بەرپرسیارەتی مرۆ لە بارەی بەرژەوەندی گشتییەوە کە لە ئەستۆیدایە، لە بەرژەوەندی تایبەتی جێگیرترە، وەک نموونە دەڵێم ئەگەر خاشاکت لە ماڵەکەی خۆتدا پشتگوێ خست بە پێی یاسا سزا نادرێیت بەڵام ئەگەر فڕەت دایە سەر شەقام، سزا دەدرێیت و ئەگەر دراوسێکەت لە سەر ئەوە شکاتت لێ بکا کە حەوشەکەت کردۆتە زبڵدان و زیانت پێ گەیاندووە، سزا دەدرێیت. ئەوە و شتی تری وەک ئەوە داوەمووی پەیوەندی و وابەستەبوونن و دەبێ لە ڕووی بەرژەوەندی تایبەتییەوە گرنگییان پێ بدرێ، چونکە هەموو تاکێکی کۆمەڵگە بە هۆی پشتگوێخستنی خەڵکی ترەوە دەکەوێتە بەردەم ئازاردان و زەرەر، لە کاتێکدا خۆشی لە دیدی خەڵکی  ترەوە یەکێکە (لەوانەی تر) و هەمووان لە بەرژەوەندی و زەرەر، بە بێ جیاوازی یەکسانن... قسەش قسەی لە دوایە...
ڕۆژنامەی (العراق)  ١١-١١-١٩٩٥

Inga kommentarer:

Skicka en kommentar