torsdag 29 december 2016

خۆشویستنی نیشتیمان بە مەرج



مەسعوود محەمەد
ئەم سەرنجەی دوایی بە سەر جیهانێکی ناشرین و ئاشکرای ناخی ناخەوەی مرۆڤدا دەکرێتەوە بێ ئەوەی ئاگای لێی بێ، خاوێنترین هەستی پۆخڵ دەکا و پێشی وایە پتر بە جیهانی نموونەیی و وشەوە بەند دەبێ چونکە چاوەڕوان دەکرێ لە پێکگەیشتنی "خۆشویستنی نیشتیمان"ی دوو وڵاتی هاوسێی سەر یەک هێڵی جیاکەرەوەی هاوبەشدا، بەرەکەتی ئەرز و ئاسمان و خۆشی و شادیی ئاشتەوایی و تەبایی و برایەتی بە سەر میللەتی هەردوو لادا ببارێ، بەو پێیەی هەردوولا، دوو کۆمەڵە مرۆڤن و چاویان لەبەر ڕۆشنایی خەرمانەی "خۆشویستنی نیشتیمان"دا کراوەتەوە و هەقە خەڵکی سەر بە بنەچە و باوەڕی جیاواز، خۆشویستنی وڵات وەک خۆشویستنی خێزان و ماڵ و حاڵ و دروشمەکانیان مایەی پیرۆزڕاگرتن بێ و ئەگەر لە پێکەوەژیان و دراوسێتیدا ئەو حیسابانە نەکرین، ئیدی چ حیسابێکیان بۆ ناکرێ و هیچ وڵاتێک ئەگەر خۆشویستنی نیشتیمان تیایدا وەک بەهایەکی شارستانەتی بۆ وڵاتان گشتگیر نەبێ، هیوای نامێنێ بێبەڵا بێ. ئەوەش بەڵگەنەویستە و پێویستی بە لێوردبوونەوە نییە و ئەگەر تۆ خەریکی تیژکردنی چەقۆ بیت بۆ سەربڕینی نیشتیمانێکی دراوسێ، دڵنیابە لە هەر چوار لای نیشتیمانەکەتەوە چەقۆ بۆ سەربڕینی خۆت و نیشتیمانەکەت لە دەرفەتدا، تیژ دەکرێ و لەوەشدا مافی بۆماوەییان هەیە چونکە خۆت بە کاولکردنی ماڵی خەڵکەوە سەرقاڵیت. من ئەوە دەڵێم و دڵنیام ئەگەر بە پێوەری جیهانی سێیەمی دوای سەتەم نیشتیمانپەروەر بیت، لە پشتگوێخستنی مافی خەڵکی تردا نقومیت و هەموو مافەکان بە خۆت دەدەیت و هەموو لۆمەکانیش دەخەیتە سەر غەیری خۆت.
نیشتیمانپەروەرە ڕاپەڕیوەکان و شۆڕشگێڕەکانی دنیا بە گشتی و جیهانی سێیەم بە تایبەتی، کاتێ وەفا و لایەنگری دەکەنە بیانووی گردەبڕی بێ دەمەتەقێ، تا نیشتیمانپەروەری نەیار هەڵگێڕنەوە بۆ ناپاکی و لاملی و گومڕایی و تاوانکاری وەها، کە تاوانباری بە بڕیاری پێشوەختەی مرۆکوژی بە ئیعدام حوکمدراو شایستەیەتی، ئاهەنگی کوێرکردنی ویژدان و کورتبینی و خۆلادان لە وەفای پەتی بۆ نیشتیمانی دایک دەگێڕن و لەمەشدا چ جیاوازییان لەگەڵ بتپەرستێک یا مەڕپەرستێکدا نییە کە لە دەرەوەی هەموو عەقڵ و لۆژیکێک، ڕۆحی بە پەرستنی خوای خۆیەوە سەرقاڵ دەبێ. لەم بوارەدا جۆرەها شەیدابوونی وەک هاربوون و خۆ بەقوربانکردن دیاری دەکەین مەگەر بە دەگمەن دەنا لەو هەقپەرستییانەدا بەدی ناکەین کە گومان هەڵناگرن چونکە هەقی بێگەرد کە بەرنامەکەی ڕوونە و لەگەڵ تەبیعەتدا یارە، پێویستی بە هێنانەوەی بیانوو و جوانکاری و ڕاهێنانی دەرون نییە بۆ دواکەوتنی تا جوانکاری بۆ بکرێ و غەیری خۆی بشێوێندرێ و ناڕاست لە ڕاست زیاتر پێویستی بە بیانوو و بەڵگەی داهێندراو هەیە و ڕەگداکوتانیشی لە هۆشی تاریکدا لە ڕێی ئەوانەوە کە بڵاوی دەکەنەوە، قووڵتر ڕۆدەچێ و لە بری ئەوەی درزی گومانی لە سەر داخەن، باوەڕی تر خیانەتبار دەکەن. ئەوجا ئەو عەقڵانەی بە ناڕاستی پاراو بوونە، لە قەبووڵکردنی ناڕاستیی ساکار و باسی هەڵبەستراوی شیریندا ملکەچترن. بزانە نەزان چەند بە ئاسانی مەسەلەی حووت لە خۆرگیران و مانگیراندا قەبووڵ دەکا، ئەگەر لەگەڵ تێگەیشتنی فەلەکناسی و زانستی ئەستێران و جێگیربوونی خۆر و سووڕانەوەی زەوی و مانگ و تاکۆتایی ئەو سەرهێشانەدا بەراوردی بکەین کە سەریان لێ گێژ دەبێ... باسەکەش بەردەوامی هەیە.
ڕۆژنامەی (العراق  ١٧-٦-١٩٩٥)
وەرگێڕانی: حەکیم کاکەوەیس

Inga kommentarer:

Skicka en kommentar