fredag 29 september 2017

سەرکردە بتپەرستەکان


حەکیم کاکەوەیس

بتپەرستەکان، بە دەستی خۆیان بتیان دروست دەکرد. ئەوجا بۆی دەکەوتنە سەر چۆک و لێی دەپاڕانەوە شفایان بدا و ڕزقیان زۆر بکا و لە نەخۆشی و مردن و جادوو بیانپارێزێ و بە سەر دوژمندا سەرکەوتوویان بکا.
بەرپرسانی کوردیش، عیراقێکی ڕووخاو و داتەپیوی وێران و بێلەشکر و دامودەزگایان دروست کردەوە و لەشکر و یاسا و دەستووریان بۆ دانا و ناوچەی سەوزیان بۆ پاراستن و لە بن قورسایی بەندی حەوتەمی بەڵێننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریانهێنا، ئەوجا چوونە خزمەتی و داوای مافی ڕەوای میللەتیان لێی کرد: تکایە مافە ڕەواکانمان بچەسپێنن... تکایە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکەن!.
بەڵام عیراق خۆی گرتبۆوە و لە دەست دەرچووبوو. بتەکان چەند بە دەنگی بتپەرستانەوە چوون و دەردی تیمار کردن، عیراقە دروستکراوەکەی دەستی ئێمەش هەر ئەوەندە بە دەنگی کوردەوە هات و دەردی چارەسەر کرد!. نەک هەر بە دەنگیەوە نەهات، بەڵکو هەڕەشەی قڕکردنیشمان دەکا... ئێمە نەماندەزانی ئەوەی خاکی خەڵکی تر داگیر بکا، ئامادەیە بشیکوژێ. چاکمان نەکرد!.
کە بتپەرستان سوودیان لە بتەکان نەبینی، وازیان لێ هێنان و ڕێیەکی تریان هەڵبژارد. پێ دەچێ سەرانی کوردیش ئیمانیان هێنابێ کە بەغدای بت، بە بێ خوێنی کورد هەڵناکا و هەر دەبێ منداڵی خۆمانی بۆ سەربڕین، بۆیە لە ئانجامدا لەو هەڵە کوشندەیە بەئاگا هاتنەوە و دەنگی کوردیان بۆ سەربەخۆیی بە دەست هێنا. ئێستا چی لەو دەنگانە دەکەن؟. ئەوە پرسیارە چارنووسسازەکەیە!. ئایە دەیکەن بە کەرەسەی دەربڕینی نیەتپاکی و پاڕانەوە و ژیوان دەبنەوە یا پشتی پێ دەبەستن و لە سەری بەردەوام دەبن؟!. 

måndag 25 september 2017

پەیکەری پێشمەرگە



حەکیم کاکەوەیس

لە زۆر وڵاتدا پەیکەری کەسایەتییە باڵاکانم دیوە، دەستێکیان بەرزکردۆتەوە و پەنجەی ئاماژەیان بەرەو جێیەک درێژ کردووە. کە ورد دەبیتەوە، ئەو وڵاتە لەو ئاڕاستەیەوە پێوەی دراوە. پەیکەری پاشای سوید (کارڵی دوانزەیەم)، کە ساڵی ١٧١٨ لە شەڕی دانیمارکدا کوژراوە، لە ناوەڕاستی ستۆکهۆڵم داندراوە و پەنجەی ئاماژەی بەرەو ڕۆژهەڵات درێژ کردووە، کە دەکاتە مۆسکۆ. ئەو سەردەمە و دوای ئەو سەردەمە بە ماوەیەکی زۆر، مۆسکۆ دوژمنی سوید بووە و پەیکەرەکە، ئێستاش لە جێی خۆیدایە و ئاماژە بۆ مۆسکۆ دەکات.
پەیکەری پێشمەرگە کە لە دەروازەی کەرکووک، ڕوو لە هەولێر دانراوە، هیچ واتایەکی نییە و هیچ لێکدانەوەیەکی بۆ نەکراوە. ئەو پەیکەرە، هەر دەبوو ڕووی لە حەویجە بێ. یا هیچ نەبێ، ڕووی لە باشوور بێ تا لەگەڵ دیتنیدا، بزانین مەترسی لە کوێوە دێ.

بە بۆچوونی من، دەبێ جێی ئەو پەیکەرە بگۆڕێ. ڕەنگە لەم کاتەدا، باشترین جێ بۆ ئەو پەیکەرە، فلکەی خانی (ئیخوان) بێ بە مەرجێ ڕووی لە باشوور بێ. جگە لەو پەیکەرە، هەقە لە باشووری کەرکووک پەیکەرێکی "شێخ ڕەزا" – بە خۆی و کەرەسەکەیەوە، ڕووەو باشوور دابندرێ.
تۆ بڵێی جەنابی پارێزگاری کەرکووک لێکدانەوەی بۆ جێی ئەو پەیکەرە نەکردبێ!!

torsdag 21 september 2017

شەترەنجی کورد

حەکیم کاکەوەیس
شیکردنەوەی بارودۆخی ئەمڕۆی باشووری کوردستان، بە گەمەی شەترەنج دەچێ. ڕەنگە لە سێ لاوە هەڕەشە لە سەر مەلیک هەبێ و من یەک هەڕەشەیان ببینم. ڕەنگە ئەو سەربازەی هیچ حیسابی بۆ ناکەم، گەورەترین هەڕەشە بێ. کە من یەک هەڕەشە دەبینم، ڕەنگە تۆ، نەک دوو یا سێ هەڕەشە ببینیت، بەڵکو هەڕەشەش لە سەر مەلیکی بەرانبەر دروست بکەیت. لەبەر ئەوە، مەرج نییە ئەوەی من دەیڵێم وا بێ. من هەر لەوە دڵنیام کە سەربەخۆیی بۆ کورد مافێکی ڕەوایە، بەڵام نازانم چۆن ئەو مافە بەدەست دێ. شەڕ؟ گفتوگۆ؟ چاوەڕوانی ڕەحمی خوا؟ چاوەڕوانی ویژدانی نێودەوڵەتی؟ بەرپاکردنی شەڕی پاککرنەوەی کەرکووک؟ یا چی؟. ئەدی کورد خۆی، بۆ بەدەستهێنانی ماف ئامادەیە؟
نە لایەنگری هیچ حیزبێکم نە لە هیچیاندا ئەندامم، نە پێم گرنگە کێ لەو هەڕەشانەی لە سەر کورد هەن، ئاگادارمان دەکاتەوە. من نەک خۆم، باوکیشم تەمەنی خۆی بە ئاوارەیی و هەژاری و بەندکردن و دوورخستنەوە بە سەر بردووە. بەس نەبێ؟!. هەتا کەی داشی دامەی ئەم سەرکردە و ئەو سەرکردە بین کە هەمیشە لە ئێمە قەڵەوتر و تەندروستتر و دەوڵەمەندترن؟. هەتا کەی دایک منداڵ پەروەردە بکا و بینێرێتە گۆرەمەی ئاشی شەڕێکەوە، ئەنجامی شکست بێ؟
بۆ ٢٥ی ئەیلوول و دەنگدان زۆری نەماوە. قەولە لە کەرکووک دەنگدان بکرێ بەڵام: کوردی کەرکووکی، چۆن لە سەردەمی سەددامدا دوور خراونەتەوە، بواری ئەوەیان نەبووە بگەڕێنەوە. عارەبی دە هەزاری، کە لە سەردەمی بەعسدا هاتبوونە کەرکووک، نەک هەر نەڕۆیشتن، بگرە بەو پارەیەی کە وەریانگرت، هەندێ خزم و کەسیشیان هێنایە کەرکووک!. سەرانی کورد، پارەیەکی وایان بە عارەبەکان دا، باشتر ڕەگ داکوتن... بە عارەب بیست ملیۆن دیناریان دا و بەو کوردی ئاوارەش دە ملیۆن. دەکرێ بڵێین: سەرانی کورد دەستیان لە تەعریبی کەرکووکدا هەبوو. واتە کەرکووکیان تەعریب کرد ئەوجا ڕاپرسی دەکەن!. ئێستا ئەگەر دەنگدان بکرێ گومانم هەیە زۆرینە کورد بێ یا لایەنگری سەربەخۆیی بێ... ئەم تەپوتۆزەی بەرپا کراوە، ڕەنگە بۆ ئەوە بێ کورد دەست لە کەرکووک و ناوچەکانی ناو گەرووی ١٤٠ هەڵگرێ. ماوەتەوە ئەوەی ئەو تورکمان و عارەبانەی لە کەرکووکن و دژی سەربەخۆیی کوردستانن، خوا کەریان بکا و دەنگ نەدەن. ئەم دەنگدانە، لە بەرژەوەندی بەغدا، ماددەی ١٤٠ جێبەجێ دەکات.
خەڵکی ناوچەکانی تری ئەوەی پێی دەڵێن "هەرێم" دەزانن کەرکووک و دووز و شوێنەکانی تر تەعریب کراوون بەڵام ئەو هەستەی من هەمە، ئەوان نیانە. وەک ئەوەیە من دەستم سووتابێ و براکەم پێی دەزانێ بەڵام ئەو ئازارەی لە مندا هەیە، ئەو هەستی پێ ناکا. هەر بۆ نموونە: تەنانەت "ملازم موحسین"ی دوژمنیش کە لە سلێمانی بوو، لە ملازمەکانی کەرکووک دڕتر و دڕندەتر کراوە!. ئەی بۆ باسی ئەوە لە ئارادا نییە کە هەر گەڕەکێکی کەرکووک، دوو سێ ملازم ماکەری لێ بوون؟. تەنها لە ڕەحیماوە، زێدانە گەڕ و خالید عارەب هەبوون کە هەر یەکە و ملازم موحسینێ بوو و وەک سەگ بەرببووە گیانی خەڵک.
من خەڵکی کەرکووکم و ئازارەکە لە مندایە. من دەزانم کە کەرکووک عارەبی لێ دادەچۆڕێ. من دەزانم تەنانەت کوردیش چەند دڵشکاو و ڕەنجەڕۆن!. من دەزانم حیزبایەتی بەزمێکی بۆ کەرکووک ناوەتەوە، ئیتر دار و ئاسن پێکەوە لحیم نابن!.
بە قسەی بەرپرسەکان، لە سەدا هەشتای فەرمانبەر و کارمەندانی کەرکووک، کورد نین. کە سەرانی کورد ئەوە قەبووڵ بکەن، منی بێکار و تۆی هەژار چ باوەڕێکمان پێیان هەبێ!. ئێستاش وەک سەردەمی بەعس لە فەرمانگەکاندا سووکایەتی بە کورد دەکرێ. ئاوها لە کەرکووک دەنگ دێنن؟
من پێم وایە هەموو هەوڵەکان، بە هەوڵی کورد و ناکوردەوە، بۆ ئەوەیە بە پێی یاسا کەرکووک لە حیسابی کورد دەربچێ و کەسیش گلەیی لە سەرکردەکان نەکا. هەندێ لەو دەنگانەش کە لە دەرەوەڕا دەڵێن ڕاپرسی دوا بخەن، مەبەستیانە کەرکووک نەدۆڕێنن!. ئەگەر خۆمان بڕیاری دۆڕاندنی کەرکووکمان نەداوە، بۆچی کورد خۆی ئەوەی نەکرد کە پێی دەکرا و کەرکووکییەکانی هەولێر و سلێمانی بۆچی نەگەڕانەوە شوێنی خۆیان؟. بۆچی عارەب، لە بری ئەوەی لە کەرکووک کەم ببنەوە، زیادیان کرد؟ ئێمەی کورد مەلائیکەتین و کەس دەرناکەین!!. دە بیخۆ دەردت بێ!!.
ئەوەی من دەیبینم: ئەمە دوا وەرەقەی دەستی سەرکردایەتی کوردە و ئەگەر بە باشی گەمە نەکەن، نەک هەر کەرکووک، زاخۆ و پێنجوێنیش دەدۆڕێنن و سەری خۆشیان دەخۆن و چییان کۆ کردۆتەوە، لە لووتیان دێتەوە. خوا لەو پرۆسە خێرایەی دەگەڕێ، پەنامان بدا.
٢١ی ئەیلوول ٢٠١٧

söndag 17 september 2017

هەستی ناسکی کورد بەرانبەر بە پیاوچاکان


شێخ مزهر عاسی کە شێخی ئالعوبید و نیشتەجێی حەویجە بوو، بەر لە مردنی وەسێتی کردبوو لە حەویجە نەینێژن چونکە ئەو خاکە هی ئەوان نییە و داگیرکراوە. لەبەر ئەوە، لە دیوەکەی تری حەمرین نێژراوە و وەک باسیش دەکرێ، هەتا ئێستا گۆڕەکەی بە تەنهایە و کەسی تری لێ نەنێژراوە جگە لەوەی لەو دواییانەدا، داعش مەرقەدەکەی تەقاندۆتەوە. بەڵام من لە باوباپیرانی خۆمم بیستووە (کە مەڕدار بوون)، کاتێ مەڕەکانیان تووشی ماندووبوونیان دەکردن، دواعایان لێ دەکردن و دەیانگوت: "هەی بەر تاڵانی عەلبوعوبێد) بکەوون...

خەبەری ناشتنی ئەو شێخە بۆ کورد، دەبێتە هۆی ئەوەی شێخ و ئەولادی شێخ و نەوەکانی شێخ و ئەملاوئەولای شێخ خۆشەویست و جێی ڕێز بن، بەڵام ئەو دوعایەی باوباپیرانی من جێی هیچ ناگرێ. کەسیش بیر لەوە ناکاتەوە ئەوانەی دوای ئەو چییان بە کورد کردووە و ئێستاش چی دەکەن. ئەو شێخە تاقانەیە، بە لای منەوە پیاوێکی مەرد و لەخواترس بووە بەڵام نوتفەی خاوێنی نەبووە بۆیە هەرچییەکی لێ کەوتۆتەوە، بە ماڵ و خوێنی کورد گۆش کراوە. جا حیساب بۆ ئەو تاقانە خاوێنە بکەین یا بۆ ئەو لافاوە عارەبەی حەویجە کە پێشمەرگەی دیلی دەستی داعشیان بەردباران دەکرد و لەو ڕۆژەوە لەو خاکەی کوردستان پەنایان دراوە، لە خراپە زیاتر هیچیان بۆ کورد نەبووە... لە کاتی شەڕدا تاڵانچی بوونە و لە کاتی ئاساییدا، هەر بۆ گیانی کورد، ئەمن و سیخوڕ و ئەفسەر و بەندیوان و جەللاد بوونە!.
بە باوەڕی من، کاتێ عارەبی بەغدا باسی دەرکردنی کوردی بەغدا و شوێنەکانی تر دەکەن، دەبێ کوردیش دەرکردنی عارەبی حەویجە بکاتە پرۆژە و کاری بۆ بکات. خۆ بەغدا پێشتریش کاری پاکسازی خۆی کردووە و مەمالیک و بەرمەکییەکان و جوولەکەیان قڕ کردووە و لە سەردەمی بەعسیشدا، کوردی فەیلیی ئەنفال کرد... ئەمجارەش هەمان کار لە بەغدا ئەنجام دەدرێ.
حەویجە، بووە بە سنگەکەی مەلای مەشهوور و بە ماڵی کوردەوە داکوتراوە.
سەرنج: ١. ئەو وێنەیە بە شێخ مزهر دەزانم، بەڵام زۆر لێی دڵیا نیم. ئەو شێخە، وێنەیەکی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانیدا هەیە بەڵام چەند گەڕام دەستم نەکەوت.  ٢. هیوادارم ئەگەر وێنەکەی ئەو شێخە هەو نەبوو، کەسێ وێنەیەکی تری دابنێ و ئەگەر ئەوەی لەگەڵ بارزیدایە هەبێ، باشترە!.

söndag 3 september 2017

سڵاو لە سلێمانی و خەڵک و خاکی


بەرانبەر حیزبەکان و شێوازی حیزبایەتی لە باشووری کوردستاندا، کە بووە بە مافیاگەرایی، منیش وەک زۆرینەی کورد، دڵم پڕە لە زوخاو و خەم و پەژارە و بێزاری... منیش لە ڕەفتاری ئاودیوکردن و شەڕی ناوخۆ و لووشدانی نەوت و فڕکان فڕکان و تەراتێنی لەشکری داگیرکەران، لە ناخەوە بێزارم و خۆم بە دەستخەڕۆ دەزانم. منیش خاوەنی شەهیدی غەدرلێکراو و قوربانیی بیابان و بەندیخانەم. منیش ماندووی سەفەری پێشمەرگایەتی و تەسلیمبوونەوەی هەرەس و ڕێکخستنی نهێنی و فیراری و ئاوارەییم و لە بەرانبەردا، هەر چاوەچاوی بەرهەمێک بووم و نەبوو. بەڵام کە دەرفەتی ئەوە هاتە پێشەوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان بڵێم "بەڵێ"، چۆن بڵێم "نەخێر"؟. نەخێر واتە چی؟!. نەخێر بۆ سەربەخۆیی، واتە "بەڵێ" بۆ بندەستی و کوردیش باجی زۆری بندەستەیی داوە. ئەگەر "بەڵێ" ڕادەستکردنی نیشتمانەکەمان بێ بە خەڵکی بێکەڵک و دەستپیس، "نەخێر" ڕادەستکردنێتی بە قەساب و ئەنفالچی و فەرهوودچی، کە لە سێبەریاندا، هەمیشە ملی ئێمە و چەقۆی ئەوان بووە. ئەی لەگەڵ بێشکچیدا نەماندەگوت: "خراپترین دەسەڵاتی خۆماڵی لە باشترین دەسەڵاتی بێگانە باشترە"؟!. کەواتە ئەم "نەخێر"ە لە کوێوە سەری هەڵداوە؟!.
سلێمانی، کە هەمیشە پێشڕەوی تێکۆشان و خەبات بووە، دەشێ ئێستا پێشڕەوایەتی "نەخێر" بکات؟!. کێ باوەڕ دەکا لە سلێمانی، لە شارەکەی مەلیک مەحموود و پیرەمێرد و بێکەس و خولە پیزە وعەولە سیسە و شێرکۆ بێکەس و لە جیێزرگەی حیزبی هیوا و کاژیک و پاسۆکی نەتەوەیی و هەزاران و هەزاران شەهیدی شۆڕش و ڕاپەڕین و یاخیبوون و بەگژدداچوونەوەدا، نەک هەر دەنگ هەبێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بڵێ "نەخێر"، بەڵکو پێشڕەوایەتی بەرەی "نەخێر"یش بکا و گۆرانیشی بۆ بڵێ؟!. کێ باوەڕ دەکا دیسانەوە سلێمانی شیعر بۆ "وەفدی کوردستان میللەتفرۆشان" بڵێتەوە؟!. ئەو کوڕ و کچانەی سلێمانی کە بە گژ بەعس و قەنارەی بەعسدا دەچوونەوە، بۆ "نەخێر"ی ئەمڕۆ کەرامەتیان کەوتە بەر دەستی داگیرکەر؟!.
جێی سەرسوڕمانە ئەو شارە جوانەی کە تیایدا "سنگی کچان قەڵغان بوو لە هەڵمەتا"، بۆ سەربەخۆیی بڵێ "نەخێر"!... ئەو شارەی هەمیشە یەک "بەڵێ" بووە بۆ سەربەخۆیی، نابێ بە هیچ هۆیەکەوە "بەڵێ" بۆ دەسەڵاتی بێگانەیەک بکا کە سەت ساڵە تاقی دەکاتەوە و سەت ساڵە زوخاو بە گەرووماندا دەکا.
ئەگەر دەروونی مرۆ تووشی نەخۆشی نەبووبێ، بەخۆداچوونەوە زەحمەت نییە بە تایبەتی لە هەڵوێستی چارەنووسسازدا. هیوادارم نەخۆشییەکان، کە هۆکار و سەرچاوەیان شیرپەنجەی نێر و مێی دووبەرەکییە، بە هەتوانی سەرفرازی ساڕێژ بێتەوە!.
"نەخێر"ی سلێمانی، قوڕپێوانی هەموو کوردستانە و ناکرێ سلێمانی ئەو قوڕە بگرێتەوە!. سڵاو لە سلێمانی و خەڵک و خاکی...