حەکیم کاکەوەیس
شیکردنەوەی بارودۆخی ئەمڕۆی باشووری کوردستان، بە گەمەی
شەترەنج دەچێ. ڕەنگە لە سێ لاوە هەڕەشە لە سەر مەلیک هەبێ و من یەک هەڕەشەیان
ببینم. ڕەنگە ئەو سەربازەی هیچ حیسابی بۆ ناکەم، گەورەترین هەڕەشە بێ. کە من یەک
هەڕەشە دەبینم، ڕەنگە تۆ، نەک دوو یا سێ هەڕەشە ببینیت، بەڵکو هەڕەشەش لە سەر
مەلیکی بەرانبەر دروست بکەیت. لەبەر ئەوە، مەرج نییە ئەوەی من دەیڵێم وا بێ. من
هەر لەوە دڵنیام کە سەربەخۆیی بۆ کورد مافێکی ڕەوایە، بەڵام نازانم چۆن ئەو مافە
بەدەست دێ. شەڕ؟ گفتوگۆ؟ چاوەڕوانی ڕەحمی خوا؟ چاوەڕوانی ویژدانی نێودەوڵەتی؟
بەرپاکردنی شەڕی پاککرنەوەی کەرکووک؟ یا چی؟. ئەدی کورد خۆی، بۆ بەدەستهێنانی ماف
ئامادەیە؟
نە لایەنگری هیچ حیزبێکم نە لە هیچیاندا ئەندامم، نە پێم
گرنگە کێ لەو هەڕەشانەی لە سەر کورد هەن، ئاگادارمان دەکاتەوە. من نەک خۆم،
باوکیشم تەمەنی خۆی بە ئاوارەیی و هەژاری و بەندکردن و دوورخستنەوە بە سەر بردووە.
بەس نەبێ؟!. هەتا کەی داشی دامەی ئەم سەرکردە و ئەو سەرکردە بین کە هەمیشە لە ئێمە
قەڵەوتر و تەندروستتر و دەوڵەمەندترن؟. هەتا کەی دایک منداڵ پەروەردە بکا و
بینێرێتە گۆرەمەی ئاشی شەڕێکەوە، ئەنجامی شکست بێ؟
بۆ ٢٥ی ئەیلوول و دەنگدان زۆری نەماوە. قەولە لە کەرکووک
دەنگدان بکرێ بەڵام: کوردی کەرکووکی، چۆن لە سەردەمی سەددامدا دوور خراونەتەوە،
بواری ئەوەیان نەبووە بگەڕێنەوە. عارەبی دە هەزاری، کە لە سەردەمی بەعسدا هاتبوونە
کەرکووک، نەک هەر نەڕۆیشتن، بگرە بەو پارەیەی کە وەریانگرت، هەندێ خزم و کەسیشیان
هێنایە کەرکووک!. سەرانی کورد، پارەیەکی وایان بە عارەبەکان دا، باشتر ڕەگ
داکوتن... بە عارەب بیست ملیۆن دیناریان دا و بەو کوردی ئاوارەش دە ملیۆن.
دەکرێ بڵێین: سەرانی کورد دەستیان لە تەعریبی کەرکووکدا هەبوو. واتە
کەرکووکیان تەعریب کرد ئەوجا ڕاپرسی دەکەن!. ئێستا ئەگەر دەنگدان بکرێ گومانم هەیە
زۆرینە کورد بێ یا لایەنگری سەربەخۆیی بێ... ئەم تەپوتۆزەی بەرپا کراوە، ڕەنگە بۆ
ئەوە بێ کورد دەست لە کەرکووک و ناوچەکانی ناو گەرووی ١٤٠ هەڵگرێ. ماوەتەوە ئەوەی
ئەو تورکمان و عارەبانەی لە کەرکووکن و دژی سەربەخۆیی کوردستانن، خوا کەریان بکا و
دەنگ نەدەن. ئەم دەنگدانە، لە بەرژەوەندی بەغدا، ماددەی ١٤٠ جێبەجێ دەکات.
خەڵکی ناوچەکانی تری ئەوەی پێی دەڵێن "هەرێم"
دەزانن کەرکووک و دووز و شوێنەکانی تر تەعریب کراوون بەڵام ئەو هەستەی من هەمە،
ئەوان نیانە. وەک ئەوەیە من دەستم سووتابێ و براکەم پێی دەزانێ بەڵام ئەو ئازارەی
لە مندا هەیە، ئەو هەستی پێ ناکا. هەر بۆ نموونە: تەنانەت "ملازم
موحسین"ی دوژمنیش کە لە سلێمانی بوو، لە ملازمەکانی کەرکووک دڕتر و دڕندەتر کراوە!. ئەی بۆ باسی ئەوە لە ئارادا نییە کە هەر گەڕەکێکی کەرکووک، دوو سێ ملازم
ماکەری لێ بوون؟. تەنها لە ڕەحیماوە، زێدانە گەڕ و خالید عارەب هەبوون کە هەر یەکە
و ملازم موحسینێ بوو و وەک سەگ بەرببووە گیانی خەڵک.
من خەڵکی کەرکووکم و ئازارەکە لە مندایە. من دەزانم کە کەرکووک
عارەبی لێ دادەچۆڕێ. من دەزانم تەنانەت کوردیش چەند دڵشکاو و ڕەنجەڕۆن!. من دەزانم
حیزبایەتی بەزمێکی بۆ کەرکووک ناوەتەوە، ئیتر دار و ئاسن پێکەوە لحیم نابن!.
بە قسەی بەرپرسەکان، لە سەدا هەشتای فەرمانبەر و
کارمەندانی کەرکووک، کورد نین. کە سەرانی کورد ئەوە قەبووڵ بکەن، منی بێکار و تۆی
هەژار چ باوەڕێکمان پێیان هەبێ!. ئێستاش وەک سەردەمی بەعس لە فەرمانگەکاندا
سووکایەتی بە کورد دەکرێ. ئاوها لە کەرکووک دەنگ دێنن؟
من پێم وایە هەموو هەوڵەکان، بە هەوڵی کورد و ناکوردەوە،
بۆ ئەوەیە بە پێی یاسا کەرکووک لە حیسابی کورد دەربچێ و کەسیش گلەیی لە سەرکردەکان
نەکا. هەندێ لەو دەنگانەش کە لە دەرەوەڕا دەڵێن ڕاپرسی دوا بخەن، مەبەستیانە
کەرکووک نەدۆڕێنن!. ئەگەر خۆمان بڕیاری دۆڕاندنی کەرکووکمان نەداوە، بۆچی کورد خۆی
ئەوەی نەکرد کە پێی دەکرا و کەرکووکییەکانی هەولێر و سلێمانی بۆچی نەگەڕانەوە
شوێنی خۆیان؟. بۆچی عارەب، لە بری ئەوەی لە کەرکووک کەم ببنەوە، زیادیان کرد؟
ئێمەی کورد مەلائیکەتین و کەس دەرناکەین!!. دە بیخۆ دەردت بێ!!.
ئەوەی من دەیبینم: ئەمە دوا وەرەقەی دەستی سەرکردایەتی
کوردە و ئەگەر بە باشی گەمە نەکەن، نەک هەر کەرکووک، زاخۆ و پێنجوێنیش دەدۆڕێنن و
سەری خۆشیان دەخۆن و چییان کۆ کردۆتەوە، لە لووتیان دێتەوە. خوا لەو پرۆسە خێرایەی دەگەڕێ، پەنامان بدا.
٢١ی ئەیلوول ٢٠١٧
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar