tisdag 31 oktober 2017

بژی شوان و سەگ و مێگەل


حەکیم کاکەوەیس
 ئێستا "هەرێم"، بەردەوام داوای گفتوگۆ دەکا و بەغدا دەڵێ: "نەخێر... سەرتان شۆڕتر بکەن!". دایک چاک و باووک چاک دڵمان بۆ گفتوگۆ تەقی!. هەر دەڵێ نا... ئەگەر ئێستا پێشمەرگە لەشکری عیراق و حەرەسقەومی تێکبشکێنێ و لە حەمرین ئاودیویان بکا، ئەوجا بەغدا داوای گفتوگۆ دەکا بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو دەستکەوتە، ئەگەر کورد بەدەستیشی بێنێ، لە سەر مێزی گفتوگۆ بە یەک هۆڕ دایدەنێ!. کەواتە ئەگەر کورد حەمرینیش بگرێ نابێ دڵمان پێی خۆش بێ چونکە بە دوو ماچومووچ دەستی لێ هەڵدەگرن!.
ئێستا کورد، ئەو لایەی وا بەرەنگاریی هێرشەکانی بەغدای دەکرد، پەیتا پەیتا داوای گفتوگۆ دەکا و بەغدا داوای هاتنەخوارەوەی زیاتر دەکا: ڕکووع... سجوود... دەستماچکردن... پێماچکردن... ڕادەستکردنی هەموو دەمارە ئابوورییەکان، بە کەرامەت و شەرەفەوە، بە چەکی قورس و "ماکەرسیتی"شەوە، تا دەبن بە خوڵامی بەغدا و خوار بەغدا...
سوودی نییە. دەسەڵاتدارانی بەغدا، هەتا لووتیان نەشکێ گفتوگۆ ناکەن. لە لووتشکانیش ترسیان نییە چونکە بە یەک گفتوگۆ چی لەدەست بدەن، وەریدەگرنەوە!. بەغدا کڵاویان دەناسێ و دەزانێ سەرانی کورد بێزوو بە گفتوگۆوە دەکەن.
سەرانی کورد بەسە!... دەریایەک خوێنتان بەفیڕۆ دا... بەسە! بیابان پڕ بوو لە ئێسکی کورد و سوور بوو بە خوێنی. ساڵ لە دوای ساڵ، جارێ هەنگاوێک ناچنە پێشەوە، دە هەنگاو بۆ دواوە دەچن!. سنووری کوردستان حەمرین بوو ئێوە کردتان بە قوشتەپە. ئەم شڕە دەسەڵاتە چ جۆرە شانازییەکە کە ناتوانن دەستی لێ هەڵگرن؟!. ئەمە چ سەروەرییەکە بۆ خۆتان و نەوەکانتان دەیکەنە توێشەبەرەی مێژوو؟!. ژمارەی شەهید بێ بەسە!... کات بێ، حەفتا ساڵ بەسە!. خڕکردنەوەی پارە بێ بەسە!. کۆشک و تەلار بێ بەسە!. ژمارەی گفتوگۆ بێ بەسە!. پتر لە چارەکە سەدەیەک دەسەڵاتیش بێ هەر بەسە!.
بەڵام بە ڕاستی لێی دەزانن. میللەتەکەمان یا مێگەلە، یا ڕەدووکەوتووی فەلسەفەی بان و بنی زەریای دوور لە کوردە. ئەگەر لاشکەوون، بە قوڕپێوان دەتانگێڕێنەوە و بۆ پەرستن داتاندەنێینەوە! ئاخر چۆن ئێوە بێ بەغدا ژان دەتانگرێ، ئێمەش بێ ئێوە ژان دەمانگرێ. هەتا قەڵەم عەقید بێ و نەخوێندەوار زەعیم بێ و شاعیر و نووسەر گەندەخۆر و سەگی سێبەرتان بن، ئێوە پێویستن!...
دەی سا خوا تەمەنتان ئەوەندەی تەمەنی نووح درێژ بکا!... تا ئەو ڕۆژەی مەڕی بەستەزمان دێتە زمان، هەر بژی شوان و سەگ و مێگەل!. 

fredag 27 oktober 2017

پارتی چەند دابێنێ، مەرجی بەغدا زیاتر دەبێ


حەکیم کاکەوەیس
کورد پەنجا ساڵ زیاترە لەگەڵ بەغدادا لە گفتوگۆدایە. سەرانی کورد ئەوەندەیان گفتوگۆ کردووە، لە هەر شوێنێکی تری دنیا بوونایە، دەبوونە پسپۆڕی بواری گفتگۆ!. هەموو جارێکیش، هەر ئەو کاتە گفتوگۆیان کردووە کە بەغدا پێویستی بووبێ و کورد کەم یا زۆر داشی سوار بووبێ. کاتێکیش کورد شەکەت بووبێ و پێویستی بە پشوو بووبێ، بەغدا لە جێی گفتوگۆ، توندتر دەستی وەشاندووە. کەچی پێ ناچێ سەرانی کورد ئێستاش بەوەیان زانیبێ!. لە هەموو مێژوودا و لە هەموو گفتوگۆیەکی نابەرانبەردا، لایەنی بەهێز مەرجی خۆی بە سەر لایەنی لاوازدا سەپاندووە، کورد نەبێ لەوپەڕی بەهێزیدا، بە بۆرەبەڵێنێ ڕازی بووە و هیچی لە سەر بەغدا نەکردۆتە ماڵ. یانزەی ئازاری ١٩٧٠ وابوو و گفتوگۆی ١٩٨٣ی یەکێتی وابوو و لە دەمی دامەزراندنەوەی حکوومەت و سوپای عیراقیشدا هەر وا بوو و مافەکانی کوردیان خستە تەنەکەیەکەوە و ناوی ماددەی ١٤٠یان لێ نا. ئێستا دەستی بەغدا، بۆ دەستوەشاندن کراوەیە و بۆ گفتوگۆ مەرجی خۆی دەسەپێنێ، جا دەبێ لە کاتی گفتوگۆدا چ زەلالەتێک بە کورد بکا و مافەکانی چەند کورت و بەرتەسک بکاتەوە!.
  

ئەمڕۆ یەکێتی لە پشوودایە و تەماشاکەرە، بەڵام پارتی لە هاوکێشەیەکی زۆر ئاڵۆزدا ژمارەیە. پارتی، چەند داوای گفتوگۆ دەکا، بەغدا توندتر دەست دادەگرێ و مەرجی زیاتر دەبێ. ئەگەر پارتی بۆ بەغدا بچەمێتەوە، بەغدا دەیەوێ زەلیلتری بکا و بیخاتە سەر چۆک. پارتی، وەک نیەتباشی، دیلی حەرەسقەومیی شیعە ئازاد دەکا، بەڵام بەغدا هیچ حیسابێکی بۆ ناکا. پارتی ڕیفرامدۆم سڕ دەکا و بەغداش دەیەوێ پێی قووت بداتەوە و پێی هەڵوەشێنێتەوە. بە دڵنیاییەوە ئەگەر هەولێر ڕیفراندۆم هەڵوەشێنێتەوە، داواکاریی بەغداش زیاتر دەبێ و ڕەنگە داوای دادگاییکردنی چەند کەسایەتییەکی پارتی بکا و بەوەش واز نەهێنێ تا دەستی کورد لە بنی هەمبانەکەوە دەردەچێ. ئەوە سروشتی ململانێیە و کورد لێی نەزانیوە!.
سەرشۆڕکردنی پارتی و داهێنانی بۆ بەغدا، بۆ یەکێتی سەروەری نین بەڵام ئایە یەکێتییەکان بەمە دەزانن؟ بەغدا هەر  گەمەی کردووە. ئەوەندە داواکارییەکانی پارتی کەم و بچووک دەکاتەوە، ئەگەر یەکێتیش پێی ڕازی بێ ئیفلاس دەکا. بە باوەڕی من، یەکێتی و پارتی گەیشتوونەتە بنبەست: بنبەست لەگەڵ بەغدادا و بنبەست لەگەڵ نیشتیمان و نەتەوەکەی خۆیاندا و فریای خۆیان نەکەوون، مەگەر تاران و ئەنکەرە هەناسەیان وەبەردا بێنێتەوە. ئەم دوو حیزبە، ئەوەندەی کۆمپانیان، حیزبی ڕزگاریخواز نین و ئەوەی لایەنگریشیانە، لەو کۆمپانیایانە دامەزراوون!. بازرگانیی هەردوو حیزب، ئابووریی ئێران و تورکیای تا ڕادەیەکی زۆر بەرز کردەوە. ئەوەندە باوەڕیان پتەو بوو، کادیر هەبوو دەیگوت: "ئەگەر تورکیا بە گوێی بارزانی نەکا، دابەش دەکرێ!". بەڵام ئەو بەهێزبوونەیان هەر لە دژی خۆیان بەکارهێنایەوە جگە لەوەی بە خۆراکی ژەهراوی ئەوەندەیان کورد کوشت، جەنگیش بوایە هەر ئەوەندەیان دەکوشت!.
ئاخۆ پارتی و یەکێتی بە خۆیاندا دەچنەوە؟!... باوەڕ ناکەم... بەڵام هیوادارم لایەنگرانیان، لە بری ئەوەی بۆ مردنی سەرکردەکان خۆیان لە قوڕ بنێن، لە پێناوی چارەنووسی نەتەوەکەیان بەخۆیاندا بچنەوە و بیر بکەنەوە تا بزانن کوردیان لە کوێوە گەیاندە کوێ.
کاتێ پێشمەرگە دەبینم بە ورەیەکی بەرزەوە شەڕ دەکەن و بۆ سەرکەوتن شاگەشکە دەبن، لەبەر خۆمەوە دەڵێم: وای جەرگەکانم... دەترسم هەرچی بکەن، سەرکردەکان لە قومارێکی گفتوگۆدا بۆتانی بدۆڕێنن!.
بەڵام لە لایەکی ترەوە، دەسەڵاتدارانی بەغدا ئەوەندە گەوجن و وەک کەڵەشێری زاڵ خۆیان فش دەکەنەوە، درەنگ یا زوو بە سەریاندا دەشکێتەوە و دەکەونە سەنگەرێکەوە، کەس بەخیلییان پێ نابا. بە هۆی سەرانی کوردەوە نا، بەڵکو بە هۆی گەوجایەتی خۆیانەوە، ئاسۆی کورد لەبەر چاووم ڕووناکە، بەڵام ترسی ئەوەشم هەیە ئەو دوو حیزبە، ئەو ئاسۆیەش لێڵ بکەن!.

måndag 23 oktober 2017

با بەراوردێک بکەین و پاشەڕۆژی خۆمان ببینین


ئەو زیانانەی لە جەنگی حوزەیرانی ١٩٦٧دا بەر ئیسرائیل کەوتن، بە لای هەرە زۆرەوە ٨٠٠ کوژراو و ٢٥٠٠ بریندار بوون. لە بەرانبەردا، زیانی عارەب، بە لای هەرە کەمەوە ١٥٠٠٠ کوژراو و ٤٠٠٠٠ بریندار بوو. لە ئەنجامدا، ئیسرائیل دەستی بە سەر بیابانی سینا و جۆلاندا گرت و لەشکری میسر و سووریا و عیراق و ئەردەنی تێکشکاند.
کورد لە شەڕی داعش و حەشددا کە دەوڵەتیش نین، دەوروبەری ٢٠٠٠ شەهیدی دا و نیوەی تەواوی خاکەکەشی دۆڕاند.
بۆ تێگەیشتن لەم هاوکێشە لابەلایە، پێویستە ژیاننامەی گۆڵدا مائیر (یا هەر بەرپرسێکی باڵای جوو) بخوێنینەوە و لەگەڵ ژیانی ئەندامێکی زۆر ساڵحانی مەکتەبی سیاسیی یەکێ لە حیزبەکاندا بەراوردی بکەین!. بەر لە دروستبوونی ئیسرائیل، گۆڵدا مائیر، دەرۆزەی بۆ ئیسرائیل دەکرد و لە مستەوتەنەکاندا جارێ مریشکی بەخێو دەکرد و جارێ سەرپەرشتی منداڵی دەکرد، بەڵام بەرپرسەکانی ئێمە شاخ و گردیان داگیر کرد و مۆڵ و بازاڕیان کڕی و پێشمەرگەیان کرد بە خزمەتکاری خۆیان و لە ناو باغەکانیاندا کردیانن بە باغەوان، جگە لەوەی یەکەم شاکاریان ئاودیوکردنی هەموو شتێکی بەکەڵکی کوردستان بوو.
کاتێ بیر لەوە دەکەمەوە کە کوژراوی جوولەکەکان لە سەرجەمی شەڕەکانیاندا لە دژی دەوڵەتە عارەبەکان، ناگاتە ژمارەی کوژراوی شەڕی ناوخۆی کورد، ئیتر پەردەیەکی ڕەش بەرچاووم دادەپۆشێ و کوێراییم دادێ. کە بیر لە (تزیپی لیڤنی)ی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەکەمەوە کە لە پێناوی ئیسرائیلدا جەستەی خۆی بەخشیوەتە سەرکردە عارەبەکان و شانازیشی دەکرد و لەگەڵ بەرپرسی کورددا بەراوردی دەکەم کە یەکەم کاریان دوای دابەزین لە شاخ، فرەژنی بوو و لە سەر ئەوەشەوە چاویان لە ژنەشەهید دەبڕی، ئیدی دەبێ قوڕی دنیا بە سەری خۆمدا بکەم!.
جوو، لە دەمی دروستبوونی دەوڵەتەکەیاندا، خۆیان ڕێیان لە بەرهەمی دەرەکی دەگرت تا نەیاتە وڵاتەکەیانەوە بۆ ئەوەی خۆیان بەرهەمیان هەبێ، کەچی یەکەم هاواری ئێمە بۆ دنیا ئەوەیە، ئەگەر دەروازەکانی سنوورمان لێ داخەن، لە برساندا دەمرین!!.
ئەم بەرپرسانە، نەک هەر هی ئەوە نین شانازییان پێوە بکرێ، بەڵکو هی ئەوەن دادگایی بکرێن... دڵنیاشم ڕۆژێ دێ دادگایی بکرێن!.
 هەتا نەتەوە و نیشتیمان لە بری سەرکردە و حیزب و پەڕۆ بۆ کورد نەبن بە بنەماکانی ئاین، هەر دەبێ ئەوە حاڵمان بێ و بەردەکەی سیزیفمان بە سەردا گلۆر بێتەوە!. کورد کەی لە خەوی غەفڵەت بەئاگا دێتەوە؟. 

lördag 21 oktober 2017

ئاریەلی ڕادیۆ

حەکیم کاکەوەیس
حیزبەکانی باشووری کوردستان، بە ئاریەلی ڕادیۆ دەچن... قەفقەف دەچنە ناو یەکەوە: ئەگەر گۆڕان ڕاونێی، دەچێتە ناو هەناوی یەکێتییەوە. یەکێتی هەڵبڕە، خۆی بە هەناوی جەلالیدا دەکا. جەلالی هەڵبڕە، دەچێتەوە ناو پارتی... ئەی ئەگەر پارتی هەڵبڕی کێوە دەچێ؟. پێم وایە خۆی بە ئامێزی "حیزبی دیموکرات"دا دەکا و ئەگەر ئەویش لێی بقەومێ، دەچێتە ئامێزی باقرۆفەوە. کەواتە ئەو هەرایەی حەفتا ساڵە لە کوردستان بەرپا بووە، بنەماکەی باقرۆفە!!. نە باقرۆف ماوە و نە ستالین و نە سۆڤیەت، کەچی ئەمانە تازە دەمی تیغی خەبات دەمەزەرد دەکەنەوە!.
پارتی دیموکرات لە بەرەژانی ململانێی چەپایەتی و نەتەوایەتی سەرەتای چلەکانی سەدەی پێشتر، بە چاولێکەری حیزبی دیموکرات کەوتۆتەوە. ئەو، ژێکافی وەلانابوو و ئەمیش "هیوا". ململانێی ڕۆشنبیرانی ئەو دەمە و کەرتبوونیان لە نێوان ستالینیزم و نەتەوایەتیدا، پارتی دیموکراتی دروست کرد. ئەگەر ئەمڕۆ پارتیش، کە وەک "یارانی ئەشکەوت" لێی خەوتووە، لە خەو هەستێنین، ئەی چی لەوانە بکەین کە لە پارتی بەربوونەتەوە و وەک ئۆدیب بابی خۆیان کوشتووە؟!.
حەفتا ساڵە ئەم حیزبانە قۆڵی ئەم میللەتە دەبڕن. بە دار و بەردیاندا دا بۆ ئەوەی بەسرا و ئەسفەهان بکەنە دیموکراسی و ئەوجا بچن داوای مافی کوردیان لێ بکەن!.
لە کاتێکدا، دوو حیزبی نەتەوەپەروەری ئازادیخواز، یەکێ لە باشوور بە ناوی "هیوا"وە و ئەوی دی لە ڕۆژهەڵات بە ناوی "ژێکاف – ژ ک"ەوە لە مەیدانی خەباتدا بوون و ئامانجیان دامەزراندنی دەوڵەت بوو و پیاوێکی نیشتیمانپەروەری وەک ڕفیق حیلمی سەرکردەی یەکەمیان  بوو و دووەمیش هەر بە سەرکردەی خۆی دەزانی، بە تەکلیفی باقرۆف، یەکەمیان هەڵوەشاندەوە و حیزبی دیموکرات دروست بوو. ئەوەی بە هۆی هەستی نەتەوایەتییەوە لەگەڵ ئەو ڕەوتەشدا نەڕۆیی، هەزار تۆمەتیان بۆ هەڵبەست، نموونەش "زەبیحی"یە کە لە هەردوو دیوی کوردستان جێی نەبووەوە تا بەعس لە تیزابدا تواندییەوە. یەکێ لەوانەی ڕقی لەو شەهیدە بوو، نووری شاویس بوو. باسی کار و ئەنجامی کارەکانی ئەم پیاوە بکەین؟. نا، پێویست ناکا و هەر ئەوە بەسە بڵێین: وەک زۆر سیاسەتمەداری تر، بۆ نەوەکانیشی پیشەی سیاسەتی جێهێشت. چۆن حیزبی دیموکرات ژێکاف بنێژێ و پارتی دیموکرات هیوا نەنێژێ؟.
ئێرە جێی لێکدانەوەی ئەو ڕووداوانە نییە بەڵام جێی ئەوەیە بڵێم: ئەو حیزبانە، هەتا ئێستا، جگە لە بەیانی ١١ی ئازار کە دەستکەوتی مەلا مستەفا بوو نەک پارتی، هیچ دەستکەوتێکیان نەبووە چونکە بناغەکەیان سەقەتە. تۆ وەرە سیی ملیۆن عیراقی و هەشتا ملیۆن ئێرانی بکە بە دیموکراتی و ئەوسا بڕۆ لە بەر دەرگایان بکەوە و بڵێ: "ئەرێ کاتی ئەوە نییە حوکمی زاتیمان بدەنێ؟!". کارەسات ئەوەیە ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبانە، لە پێناوی ئەو ئامانجەدا خۆیان بە کوشت بدەن و جەرگی دایک و باوکی خۆیان بسووتێنن!.
ئێستا کاتی ئەوەیە نەتەوەکەمان، بە تایبەتی لە باشوور و ڕۆژهەڵات لە خەو ڕابێ. ئێمە هەرچییەک بین، چەپ بین یا ڕاست، هاومەزەبیان بین یا نا، هەتا کورد بین وەک دوژمن تەماشامان دەکەن. دین، دیموکراسی دەخاتە ژێر پێوە و ئەوەی پێی وابێ لە کۆمەڵگەی عیراقدا دیموکراسی پەیدا دەبێ، پیس خەوتووە!. کاتی ئەوە هاتووە بەو حیزبانە بڵێین: لاکەوون ئێوە ستۆک بوون... وەک پیرەپیاوێک ستۆک بوونە، کە لە ئایفۆن و کۆمپیوتەر نازانێ، داوای هاوکاری لە نەوەکەی دەکا. ئەوەی پێ شەرم نییە بەڵام پێی شەرمە بڵێ سەر لە سیاسەتی ئەم سەردەمە دەرناکەم و با نەوەکەم ئەو ئەرکە بخاتە سەر شانی خۆی!... تۆ، ئەی سەرکردە! تۆ کە دەبینی منداڵی خەڵکی دەرگای خوێندنی لێ داخراوە و منداڵی خۆت لە باشترین خوێندنگەی دنیادا دەخوێنێ، چۆن دەتوانی سەرکردە بیت؟!. کە زۆرینەی میللەتەکەت برسی بن چۆن دەکرێ سەرکردە بیت؟. ئەی نازانی هۆی ڕووخانی عەبباسییەکان خڕکردنەوەی زێڕ و پارە بوو؟ ئەی نازانی زۆری تریش بەو دەردە چوون؟ برسیکردنی خەڵک بۆ تۆ لاوازییە نەک هێز!
ئاغایەک یا مەلایەک یا شێخێک لەم حیزبانە باشتر کاری پێ دەکرێ چونکە ئەوانە پێیان عەیبە ڕەعیەتەکەیان برسی بێ یا سووکایەتی پێ بکرێ. بە هەموو حیزبەکانی ئەمڕۆ، ئەوەندەی شێخ مەحموودیان نەکردووە کە (حیزب)ی نەبوو. بە هەموواین ئەوەندەی مەلا مستەفایان نەکردووە کە هیچ حیسابی بۆ حیزب نەدەکرد و یەکێ لە قسەکانی ئەوەیە: سەرۆکی.... بم، سەرۆکی ئەم حیزبە نەم!.
یەک تکام لەم پیرە سەقەتانەی بواری سیاسەت هەیە: حیزبەکانتان هەڵوەشێننەوە و لاکەوون!. خۆتان و ئەولادە سەقەتەکانتان، دەست لە سیاسەت هەڵگرن. وا نەکەن، ئەمڕۆ یا سبەی لەو ڕاپرسییەی کردووتانە، ژیوان دەبنەوە و ئەوەش ئەوپەڕی شەرمەزارییە و لە ئەشبەتاڵ ئاشبەتاڵترە و با ئەو کەتنەش ئەنجام نەدەن!.

onsdag 18 oktober 2017

تۆفان

عەبدوڵڵا پەشێو

تۆفان

دە دابەزە،
مایەسیریت هەڵتۆقیوە،
کورسیی بنت کرم و کەڕووی هەڵهێناوە... 
داگەڕێ لەو شانشینەی بە هەواوە 
وەکوو دوومەڵ، 
لەسەر دڵمان هەڵی داوە!
***
دە دابەزە!
تەماشا کە، 
چۆن کەمتیارە دەرپێدڕ و 
قاسەبڕ و 
بە گۆشتی خاک مڕەکانت تێم ئاڵاون؛
ببینە چۆن 
چنگ و کەڵبەی سیم و تەلبەند
بەژنی دەشت و 
                 شانی شاخ و 
                 دەمی دۆڵیان هەڵدڕیوە؛
دە بپرسە، 
گوڵەگەنم بۆ تۆراە،
کێ ساماڵی زەردەخەنەی هەڵبڕیوە!
دە دابەزە!
دە چاویلکەی ڕەش وەلانێ،
دەست لە ملی کورسی کەوە،
بۆڕی و تانکەر لە یاد بکە چاوقوچانێ!
دڕ بە ئاڵقەی زوڕناژەن و لێپۆکان دە،
دە لڤینێ، دە تەکانێ...
بەس گوێ هەڵخە بۆ ئەوانەی
چیا بە بای زگ تەخت دەکەن،
بۆق دەکەنە قارەمانێ.
زۆر نا، جارێک
کاروانی جامڕەشەکانت جێ بهێڵە و
پێی پیرۆزت لەسەر زەویی جلشڕ دانێ.
بە جادەیەکدا گوزەر کە تاسەی تیا بێ،
بادەرەوە بۆ گەڕەکێ، بۆ کۆڵانێ.
گوێ ڕادێرە بۆ وەڕینی موەللیدان،
بڕۆ سەیری قژڕنین و لەخۆدانێ.      
دە لڤینێ، 
دە تەکانێ...
زۆر نا، جارێک،
لەبەر دەمی کامیراکان
دێڕێک شیعر بورینگێنە، 
دەست درێژ کە بۆ داستانێ...
پێمەڕەیەک لە خاک گیر کە،
خشتێک لەسەر خشتێک دانێ.
دە دابەزە،
دە چاویلکەی ڕەش وەلانێ.
وا تۆفانێک بەڕێوەیە، چ تۆفانێ!
تۆفانی هەزارەزیلەی 
گەدەی برسی و 
مستەکۆڵەی ڕوو لە کورسی و
ڕووی وەک خەزەڵی خەزانە

تۆفانی کۆتەرەی دار و 
پەردووی زنج و
پەڕ و باڵی هەڵوەریوی ڕەوەزانە؛

تۆفانی کراسی ڕەش و
گرمەی هەرەسی بێدەنگی و  
قرمەی دەرگەی قەفەزانە؛

ئەو تۆفانەی من دەیبینم
گوێچکەی نییە بۆی بخوێنی،
لینگی نییە سندمی کەی،
قاسەی نییە تێی بئاخنی،
ملی نییە لە داری دەی!
چی لێ دەکەی؟
دە پێم بڵێ چی لێ دەکەی؟
تۆفانێکە و  هەر مل دەنێ:
دەمی نییە،
تا بە پارووی بەرماوەی خۆت قەپاتی کەی!
قوونی نییە،
تا بە کورسیی کاغەزینت خەڵاتی کەی!
دە دابەزە،
دە داگەڕێ، 
دە چاویلکەی ڕەش وەلانێ
وا تۆفانێک بەڕێوەیە، 
من دەیبینم، چ تۆفانێ!

٢٨/٩/٢٠١٣ هێلسنکی


tisdag 17 oktober 2017

با بچنە دوورگەیەک و زاوزێ بکەن


حەکیم کاکەوەیس
دوای ڕێکەوتننامەکەی ٦ی ئازاری جەزائیر بە چەند ڕۆژێک، سەردانی کاک "خەسرەو تۆفێق"م کرد. دکتۆر کەمال مەزهەر و عەلی عەسکەری لەوێ دانیشتبوون... من هەندێ قسەم لەگەڵ کاک خەسرەودا کرد و دەستم بە گریان کرد. دەگریام چونکە وەک گەنجێک باوەڕم نەدەکرد ئەو کێوە بڕمێ کە پێمان دەگوت شۆڕش!. وەک ئەوەی هانا بۆ عەلی عەسکەری و دکتۆر کەمال بەرەم، تەماشام کردن. بینیم، هەردووکیان دەگریان. مەڵێن چۆن قارەمانێکی وەک عەلی عەسکەری و زانایەکی وەک دکتۆر کەمال گریاوون!. لەمسەری وڵاتەوە بۆ ئەوسەری، کەس قارەمان نەمابوو... کەس زانا نەبوو...
کە ١٦ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ئەو پلەدارانەی پێشمەرگەم بینی دەگریان، ئەو ڕۆژە و ئەو چارەنووسەم بیر کەوتنەوە!. ئەو سەردەمە، بەرپرسەکان باووک بوون و ئێستا کوڕەکانیان... قوربانییەکەش هەر خەڵکی ڕەشوڕووتی وەکو ئەو کاتەی من!.
دەی نەوەی نوێ!... نۆرەی ئێوەیە بۆ چارەنووسی خۆتان بگرین. یەکەم نیشانەی زەلیلیتان لەوەدا دەرکەوت، پێشمەرگەیەک لە کەرکووک، شەپازلەی حەشدی دەخوارد و پێی دەگوترا: "ها کاکا...". ئەوە بە منیش گوتراوە، بەڵام شەپازلەی لەگەڵدا نەبوو. ڕەحمەت لە عەفلەق و حیزبەکەی کە کفنی کوردیان دزی!. یا دەبێ ئێوەش قووتی بدەنەوە، یا خۆتان ڕاپسکێنن.
بەڵام ئەم حەشدانە هی دەوڵەتمەداری نین. چۆن تۆوی داعش هی شینبوون نەبوو، تۆوی ئەمانەش هەر وا دەبێ و زۆر نابا لووتیان دەشکێ!. من ناڵێم جەنەراڵە هیچ نەخوێندووەکانی کورد یا جووجەڵە نازدارەکانی بەرپرسان، کە لە سەر فووللایت گەنجی کوردیان دەکوشت، لووتیان دەشکێنن، بەڵکو خۆیان، ڕەفتاریان هی باخچەی ئاژەڵانە و هەر دەبێ بچنەوە باخچەی ئاژەڵان!. ماوەتەوە ئەوەی بە بەرپرسەکانی کورد بڵێین: بەس نییە؟!. ئەمە چەندەمین قوڕە بۆ ئەو میللەتەی دەگرنەوە؟!. واز بێنن و چیتان کۆکردۆتەوە، بڕۆن لە پەنایەکی ئەم دنیا فرەوانەدا بیخۆن، دەنا دەستی بە سەردا دەگیرێ!. بڕۆن یەک دوورگە بکڕن و بۆ خۆتان زاوزێی تێدا بکەن و وەک کوللـە زیاد بکەن!.
 ١٩٧٥


١٦-١٠-٢٠١٧

onsdag 11 oktober 2017

دەڵێن کورد بە بادانەوەوە ماوە


حەکیم کاکەوەیس

تورکەکان بە بەکارهێنانی ئیسلام دەسەڵاتیان گرتە دەست و لە سێ کیشوەردا جێپێیان هەبوو. لە کاتی ڕووخانیشدا بایاندایەوە. کەمال ئەتاتورک عەلمانی نەبوو بەڵام بە هۆی بادانەوەوە، سەرنجی ڕووس و ئەوروپای ڕاکێشا و دەوڵەتە دۆڕاو و ڕووخاوەکەیان بۆ دروست کردەوە و بەشێکی گەورەی خاکی ئێمەشیان پێ بەخشی. ئێستاش ئۆردۆغان بەرەو ئیسلام بایداوەتەوە و سۆزی جیهانی ئیسلامیی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە ئەگەرچی نیگاری ئەتاتورک لە پشت سەریەتی. ئەمجارە دەیەوێ بەشێکی تری نیشتیمانی ئێمە بخاتە سەر وڵاتەکەی. ئەوانە، نە عەلمانین، نە ئیسلامی... ئەوانە تورکن تورک!. ئێمەش ئەوەندە پێشکەوتو و زاناین، وەک قومارچیی دۆڕاو ئازارمان بەوە سڕ دەبێ بڵێین: "باوی قەومایەتی و دەوڵەتی قەومی نەماوە و زەمان زەمانی عەولەمەیە"!!.
بادانەوە ها بە لای تورکەوە نەک کورد. ئەوان لێیان دەوەشێتەوە بە پێی پێویستیی خۆیان، لە گەرمەی دۆستایەتیدا جەنگت لە دژ ڕاگەیەنن یا لە گەرمەی جەنگدا، پەلەکێشی ناو برایەتیی دینیت بکەن!. ئەی ئێمەی کورد توانیومانە لە سەر یەک پلان بۆ چارەنووسی خۆمان کۆک بین؟. ئەی ئێستاش دەتوانین پشتی "ئەتاکورد"ێکی بێدین یا ئۆردۆغانێکی کوردی سەر بە ڕێبازی ئیسلام بگرین؟!. جا گرێی کۆنەقین ڕێ دەدا؟!.
ئەگەر کاک مەسعوود بارزانی لە سەر ئەو ڕێبازە بەردەوام بێ، پێویستە ئەگەر بەڕووی برژاویش بێ، لەگەڵ میللەتەکەی خۆیدا بیخوا. نە پارەی کەڵەکە کراوی دەوروبەرەکەی دادی دەدا نە نوکتەسازانی نزیکی و نە لەشکری خانەنشینکراوی ملیۆنخۆری پەرلەمان کە کاریان ئەوەیە پارەی ناوەوە ببەنە دەرەوە تا لە بنی دێنن و وشکی دەکەن. ئەگەر پەرلەمان ئەوە بێ کە ئێمە هەمانە، بوونی بەڵایە و جیهازێکی خوێنمژینە و زەرووئاسا وشکمان دەکا.
کاک مەسعوود لە هەرچی جاش و خۆفرۆشە خۆش بوو و پەنای دڕندەترین دوژمنی کوردی دا. ئەی ناکرێ هەنگاوێکی برایانە بەرەو لایەنەکانی تری کوردستان بنێ؟. نابێ دڵی بەرانبەر (گۆڕان) گەورە بێ؟ خۆ هەرچی بەرەی هەڵۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەیە شانیان گرتووە و ئیدی لەوە دەرچووە وەک سەرۆکی حیزب ڕەفتار بکات...
من لە دوای ساڵی (١٩٧٥)ەوە، کە دەکاتە ٤٢ ساڵ، لە پارتی نزیک نەبوومە بەڵام دینەمۆی لێکدانەوەم، نە ڕقە نە ئەوینە بۆ ئەم لایەن یا ئەو لایەن. ئێستا لە باشوورەکەی ئێمەدا، نە مام جەلال ماوە نە کاک نەوشیروان. هیوادارم کاک مەسعوود، بە پشتبەستن بە میللەتەکەی خۆی و هەڵۆ ئازاکانی لایەنەکانی تری باشوور، شاسواری ناو سواران بێ و لەو هەنگاوەی ناویەتی پاشگەز نەبێتەوە چونکە پاشگەزبوونەوە، خۆکوژییەکی شەخسی و نەتەوەیی و نیشتیمانییە و لەدەستدانی دەرفەتێکی مێژووییشە. ئەوەشمان لە بیر بێ کوردی بەشەکانی تری کوردستان و کوردی هەموو جیهان، قووڵایی ستراتیژیی باشوورە و درێغی ناکەن!

söndag 8 oktober 2017

یەکەم



عەبدوڵا پەشێو

دووەم و سێیەم و چەندەم...
وەک بیی بەر با شڵەژاون،
بە خیشەخیش،
بە خنەخن
لەوەی یەکەم ورووکاون.
هی یەکەمیش
ئەم پێی، ڕەگڕەگ، بە زاگرۆسا
ئەوی دیکەی دەماردەمار
بە تورووسا ڕۆچۆتە خوار.
خوا دەیناسێ،
خۆر دەیناسێ،
خاک دەیناسێ و گرتوویەتی.
نە با دەیخا،
نە ئاو دەیبا،
نە دەشسووتێ لە ئاگرا.
جوودی دەڵێ:
"کە کەشتیی نووح گیرسایەوە و
لووتکەی منی بۆ ڕاخرا،
ئەوەی یەکەم لە دایک بوو،
هەر لە داری کەشتیی نووحیش
بێشکەی مانی بۆ چێ کرا."
٧/٦/٢٠١٤