حەکیم کاکەوەیس
حیزبەکانی
باشووری کوردستان، بە ئاریەلی ڕادیۆ دەچن... قەفقەف دەچنە ناو یەکەوە: ئەگەر گۆڕان ڕاونێی،
دەچێتە ناو هەناوی یەکێتییەوە. یەکێتی هەڵبڕە، خۆی بە هەناوی جەلالیدا دەکا. جەلالی
هەڵبڕە، دەچێتەوە ناو پارتی... ئەی ئەگەر پارتی هەڵبڕی کێوە دەچێ؟. پێم وایە خۆی بە
ئامێزی "حیزبی دیموکرات"دا دەکا و ئەگەر ئەویش لێی بقەومێ، دەچێتە
ئامێزی باقرۆفەوە. کەواتە ئەو هەرایەی حەفتا ساڵە لە کوردستان بەرپا بووە،
بنەماکەی باقرۆفە!!. نە باقرۆف ماوە و نە ستالین و نە سۆڤیەت، کەچی ئەمانە تازە
دەمی تیغی خەبات دەمەزەرد دەکەنەوە!.
پارتی دیموکرات
لە بەرەژانی ململانێی چەپایەتی و نەتەوایەتی سەرەتای چلەکانی سەدەی پێشتر، بە
چاولێکەری حیزبی دیموکرات کەوتۆتەوە. ئەو، ژێکافی وەلانابوو و ئەمیش
"هیوا". ململانێی ڕۆشنبیرانی ئەو دەمە و کەرتبوونیان لە نێوان ستالینیزم
و نەتەوایەتیدا، پارتی دیموکراتی دروست کرد. ئەگەر ئەمڕۆ پارتیش، کە وەک
"یارانی ئەشکەوت" لێی خەوتووە، لە خەو هەستێنین، ئەی چی لەوانە بکەین کە
لە پارتی بەربوونەتەوە و وەک ئۆدیب بابی خۆیان کوشتووە؟!.
حەفتا ساڵە ئەم
حیزبانە قۆڵی ئەم میللەتە دەبڕن. بە دار و بەردیاندا دا بۆ ئەوەی بەسرا و ئەسفەهان
بکەنە دیموکراسی و ئەوجا بچن داوای مافی کوردیان لێ بکەن!.
لە کاتێکدا، دوو
حیزبی نەتەوەپەروەری ئازادیخواز، یەکێ لە باشوور بە ناوی "هیوا"وە و
ئەوی دی لە ڕۆژهەڵات بە ناوی "ژێکاف – ژ ک"ەوە لە مەیدانی خەباتدا بوون
و ئامانجیان دامەزراندنی دەوڵەت بوو و پیاوێکی نیشتیمانپەروەری وەک ڕفیق حیلمی
سەرکردەی یەکەمیان بوو و دووەمیش هەر بە
سەرکردەی خۆی دەزانی، بە تەکلیفی باقرۆف، یەکەمیان هەڵوەشاندەوە و حیزبی دیموکرات
دروست بوو. ئەوەی بە هۆی هەستی نەتەوایەتییەوە لەگەڵ ئەو ڕەوتەشدا نەڕۆیی، هەزار
تۆمەتیان بۆ هەڵبەست، نموونەش "زەبیحی"یە کە لە هەردوو دیوی کوردستان
جێی نەبووەوە تا بەعس لە تیزابدا تواندییەوە. یەکێ لەوانەی ڕقی لەو شەهیدە بوو،
نووری شاویس بوو. باسی کار و ئەنجامی کارەکانی ئەم پیاوە بکەین؟. نا، پێویست ناکا
و هەر ئەوە بەسە بڵێین: وەک زۆر سیاسەتمەداری تر، بۆ نەوەکانیشی پیشەی سیاسەتی جێهێشت. چۆن حیزبی دیموکرات
ژێکاف بنێژێ و پارتی دیموکرات هیوا نەنێژێ؟.
ئێرە جێی
لێکدانەوەی ئەو ڕووداوانە نییە بەڵام جێی ئەوەیە بڵێم: ئەو حیزبانە، هەتا ئێستا،
جگە لە بەیانی ١١ی ئازار کە دەستکەوتی مەلا مستەفا بوو نەک پارتی، هیچ
دەستکەوتێکیان نەبووە چونکە بناغەکەیان سەقەتە. تۆ وەرە سیی ملیۆن عیراقی و هەشتا
ملیۆن ئێرانی بکە بە دیموکراتی و ئەوسا بڕۆ لە بەر دەرگایان بکەوە و بڵێ: "ئەرێ
کاتی ئەوە نییە حوکمی زاتیمان بدەنێ؟!". کارەسات ئەوەیە ئەندام و لایەنگرانی
ئەو حیزبانە، لە پێناوی ئەو ئامانجەدا خۆیان بە کوشت بدەن و جەرگی دایک و باوکی
خۆیان بسووتێنن!.
ئێستا کاتی
ئەوەیە نەتەوەکەمان، بە تایبەتی لە باشوور و ڕۆژهەڵات لە خەو ڕابێ. ئێمە هەرچییەک
بین، چەپ بین یا ڕاست، هاومەزەبیان بین یا نا، هەتا کورد بین وەک دوژمن تەماشامان
دەکەن. دین، دیموکراسی دەخاتە ژێر پێوە و ئەوەی پێی وابێ لە کۆمەڵگەی عیراقدا
دیموکراسی پەیدا دەبێ، پیس خەوتووە!. کاتی ئەوە هاتووە بەو حیزبانە بڵێین: لاکەوون
ئێوە ستۆک بوون... وەک پیرەپیاوێک ستۆک بوونە، کە لە ئایفۆن و کۆمپیوتەر نازانێ،
داوای هاوکاری لە نەوەکەی دەکا. ئەوەی پێ شەرم نییە بەڵام پێی شەرمە بڵێ سەر لە
سیاسەتی ئەم سەردەمە دەرناکەم و با نەوەکەم ئەو ئەرکە بخاتە سەر شانی خۆی!... تۆ،
ئەی سەرکردە! تۆ کە دەبینی منداڵی خەڵکی دەرگای خوێندنی لێ داخراوە و منداڵی خۆت
لە باشترین خوێندنگەی دنیادا دەخوێنێ، چۆن دەتوانی سەرکردە بیت؟!. کە زۆرینەی
میللەتەکەت برسی بن چۆن دەکرێ سەرکردە بیت؟. ئەی نازانی هۆی ڕووخانی عەبباسییەکان
خڕکردنەوەی زێڕ و پارە بوو؟ ئەی نازانی زۆری تریش بەو دەردە چوون؟ برسیکردنی خەڵک بۆ تۆ لاوازییە نەک هێز!
ئاغایەک یا
مەلایەک یا شێخێک لەم حیزبانە باشتر کاری پێ دەکرێ چونکە ئەوانە پێیان عەیبە
ڕەعیەتەکەیان برسی بێ یا سووکایەتی پێ بکرێ. بە هەموو حیزبەکانی ئەمڕۆ، ئەوەندەی شێخ مەحموودیان
نەکردووە کە (حیزب)ی نەبوو. بە هەموواین ئەوەندەی مەلا مستەفایان نەکردووە کە هیچ
حیسابی بۆ حیزب نەدەکرد و یەکێ لە قسەکانی ئەوەیە: سەرۆکی.... بم، سەرۆکی ئەم
حیزبە نەم!.
یەک تکام لەم
پیرە سەقەتانەی بواری سیاسەت هەیە: حیزبەکانتان هەڵوەشێننەوە و لاکەوون!. خۆتان و ئەولادە سەقەتەکانتان، دەست لە سیاسەت هەڵگرن. وا نەکەن، ئەمڕۆ یا سبەی لەو
ڕاپرسییەی کردووتانە، ژیوان دەبنەوە و ئەوەش ئەوپەڕی شەرمەزارییە و لە ئەشبەتاڵ
ئاشبەتاڵترە و با ئەو کەتنەش ئەنجام نەدەن!.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar