حەکیم کاکەوەیس
دوای
ڕێکەوتننامەکەی ٦ی ئازاری جەزائیر بە چەند ڕۆژێک، سەردانی کاک "خەسرەو تۆفێق"م کرد.
دکتۆر کەمال مەزهەر و عەلی عەسکەری لەوێ دانیشتبوون... من هەندێ قسەم لەگەڵ کاک
خەسرەودا کرد و دەستم بە گریان کرد. دەگریام چونکە وەک گەنجێک باوەڕم نەدەکرد ئەو
کێوە بڕمێ کە پێمان دەگوت شۆڕش!. وەک ئەوەی هانا بۆ عەلی عەسکەری و دکتۆر کەمال
بەرەم، تەماشام کردن. بینیم، هەردووکیان دەگریان. مەڵێن چۆن قارەمانێکی وەک عەلی
عەسکەری و زانایەکی وەک دکتۆر کەمال گریاوون!. لەمسەری وڵاتەوە بۆ ئەوسەری، کەس قارەمان نەمابوو... کەس زانا نەبوو...
کە ١٦ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ئەو
پلەدارانەی پێشمەرگەم بینی دەگریان، ئەو ڕۆژە و ئەو چارەنووسەم بیر کەوتنەوە!. ئەو
سەردەمە، بەرپرسەکان باووک بوون و ئێستا کوڕەکانیان... قوربانییەکەش هەر خەڵکی
ڕەشوڕووتی وەکو ئەو کاتەی من!.
دەی نەوەی
نوێ!... نۆرەی ئێوەیە بۆ چارەنووسی خۆتان بگرین. یەکەم نیشانەی زەلیلیتان لەوەدا
دەرکەوت، پێشمەرگەیەک لە کەرکووک، شەپازلەی حەشدی دەخوارد و پێی دەگوترا: "ها
کاکا...". ئەوە بە منیش گوتراوە، بەڵام شەپازلەی لەگەڵدا نەبوو. ڕەحمەت لە
عەفلەق و حیزبەکەی کە کفنی کوردیان دزی!. یا دەبێ ئێوەش قووتی بدەنەوە، یا خۆتان ڕاپسکێنن.
بەڵام ئەم حەشدانە هی
دەوڵەتمەداری نین. چۆن تۆوی داعش هی شینبوون نەبوو، تۆوی ئەمانەش هەر وا دەبێ و
زۆر نابا لووتیان دەشکێ!. من ناڵێم جەنەراڵە هیچ نەخوێندووەکانی کورد یا جووجەڵە
نازدارەکانی بەرپرسان، کە لە سەر فووللایت گەنجی کوردیان دەکوشت، لووتیان دەشکێنن،
بەڵکو خۆیان، ڕەفتاریان هی باخچەی ئاژەڵانە و هەر دەبێ بچنەوە باخچەی ئاژەڵان!. ماوەتەوە ئەوەی
بە بەرپرسەکانی کورد بڵێین: بەس نییە؟!. ئەمە چەندەمین قوڕە بۆ ئەو میللەتەی
دەگرنەوە؟!. واز بێنن و چیتان کۆکردۆتەوە، بڕۆن لە پەنایەکی ئەم دنیا فرەوانەدا
بیخۆن، دەنا دەستی بە سەردا دەگیرێ!. بڕۆن یەک دوورگە بکڕن و بۆ خۆتان زاوزێی تێدا بکەن و وەک کوللـە زیاد بکەن!.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar